"an independent online kurdish website"

بەشی یەکەم

دوای عەمەڵیاتی بەرەتیشک کە گەڕاینەوە سنوور و ماوەیەک لای هێز و مەڵبەند ماینەوە و ئێمە وەک تیمی تەشکیلاتی(محمد ساڵح قادری ، فەیسەل مەزیدی و من) دەبا بچێنەوە داخیل و خەریکی کار و ئەرکی خۆمان بین، 

چوونکی دوای هەر زەبرێکی هێزی پێشمەرگە لە دوژمن، زەمینەیەکی بەرفراوان دروست دەبوو بۆ کاری ڕێکخستن و لاوان زیاتر ڕوویان لە ڕێکخستنی حیزب دەکرد کە ئەوەش سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە : هێزی پێشمەرگە پێشەنگی خەبات، پارێزەری ناسنامەی نەتەوەیی و چەکی دەستی پێشمەرگەش دەستەبەری پاراستنی مافەکانی نەتەکەوەیەتی. بۆیە نەدەبا ئەو دەرفەتە لە کیس ڕێکخستنی حیزب بدەین و بە تایبەتیش تازە ٥٠ ڕۆژێک بوو ڕێىەری ناودارمان کاک دوکتۆر قاسملوو شەهید ببوو و بۆ خەڵك دەرکەوتبوو کە حیزب گرێدراو بە هیچ فەردێک نیە تەنانەت ئەگەر ئەو فەردە پێشەوای دامەزرێنەر و د. قاسملووی ڕێبەریش بێ.

بەرلەوەی بڕۆین لەگەل کاک سلێمان کەلەشی بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی سەڵماس باسمان کردبوو کە پێویستیمان بە هیندێک مەوادی تەقینەوە هەیە و بۆشمان باس کردبوو کە ئامانجمان چیە و کوێ یە؟.بەرپرسی کۆمیتەش لەگەل هێز باسی کردبوو ، ئەوە بوو بە حوکمی ئەوەی کە دەورەی تەقینەوەم لە ساڵی ٦٤ و لە فێرگەی حیزب بینیبوو و کاریشم لەو بەشە دا کردبوو ،بە منیان گوت تۆ وەرە ئەوشتانەی کە پێویستن لە نێو کەل و پەلی تەقینەوە دا هەڵگرە. چووم هیندێک چاشنی و ٢ مینی ضدی تانک و چەند پۆند تی ئێن تی و یەک بەستەی ١٥٠ میتریی سیم ، م هەڵگرت .
ڕۆژی ٢٧ی خەرمانانی ١٣٦٨ حەرەکەتمان کرد و واریدی ناوچەی سۆما بووین. جەریانی کڕینی فیشەک و هێنانی کەمین بۆ لە داوخستنمان بەردەوام باس دەکرد و بە دوای ئەوە دابووین کە بە ڕوونی سابتی بکەین کە ئەو کەسە دوولایەنە کار دەکا. بە دوای ئیسپاتی گومان دابووین . ئامانجێکمان دیاری کردبوو و دەمانەوێست هەم ئەو کەسە بۆ جارێکی دیکە تاقی بکەینەوە، هەم ئەگەر گومانی ئێمە هەڵە بووە ، مەعسوومیەتی ئەو کەسە بۆمان ڕوون بێتەوە، هەمیش مومکینە ئەو بەرنامەیەی ئێمە بتوانێ ئامانجی خۆی بپێکێ کە دیاریمان کردبوو.
ئێوارەی ڕۆژی دوایی چووینە لای ئەو کەسە و مەسەلەکەمان بۆ باس کرد و گوتمان تۆ پێویستە وەک ئەندامێکی حیزب مەئمووری جێ بە جێ کردنەی ئەو مینە بی و ئامانجیش ئەمەیە. ئەو زۆر بە گەرمی پێشوازیی کرد و گوتی وەک ئاوی خواردنەوە وایە لە دەستم دا. گوتمان باشە دوای سەعاتی ١٢ کە ئیدی حكوومەتی نیزامی یە و هاتووچووی ماشێن نیە، دەچین ئەو مینە دادەنێینەوە و تۆشمان لەگەل دەبێ.دانیشتین تا درەنگانێك و دوایە هەرچوارمان هەستاین و لە گوند وەدەرکەوتین. گوتی با کڵاشینکۆفەکەم بێنم، فەیسەڵ گوتی نە مەیهێنە ، ئەگەر هات و کەسێک تووشمان بوو و تۆی ناسی ، دەڵێین ئەو کەسە گومانمان لێێ هەیە و گرتوومانە. ئەوە بوو نەمان هێشت چەک بێنێ و چووین.بەڕاستیش تەواو نیگەرانی ئەو کەسە بووین.
شوێنی مینەکە و ڕاکێشانی سیم بۆ جێگایەک کە ئیمکانی خۆحەشاردان تا خستنە کاری یەکەم هەنگاو مان بوو. جێگایەکی باشمان دیاری کرد، شوێنی ڕاکێشانی سیم هەم زۆر بوو کە هەر وەک گوتم ١٥٠ میتر سیم بوو ، هەم سەخت بوو لە هەڵکەندن دا کە دەبا زیاتر لە یەک بست سیمەکە ببەینە خوار تا لە بەر پێی مەڕوماڵان دەرنەکەوێ. ئاخەری هاوین بوو و عەرزی ویشک چەند مانگ بارانی نەدیتبوو.خودی هەڵکەندنی جادەیەکی خیزکراوی چەندین ساڵە کە دەتوانم بڵێم لە ئاسفالت زۆر سەختتر بوو. جاری وابوو لە هەڵكەندن دا تووشی بەردێک دەبووین کە دەبا دەوری هەڵقەنین تا دەری بێنین. بە کورتی نیزیک ٤ سەعات خەریکی ئەو کارە بووین و ئەگەر بڵێم ئێستاش کە باسی دەکەم خۆ بە خۆ کەفی دەستم ئازاری دەبێ. دەستم لەبەر سەرنیزە و کولینگێکی بچووک کە بردبوومان بلۆقی کردبوو تا ١٠ رۆژ زیاتر ئازارم دەکێشا لە تاوی ژانی دەستم و ڕۆژانە دووبارە بریندار دەبووە. بە هەرحاڵ کارەکەمان بە هەموو سەختییەکانیەوە تەواو کرد و پێشمان گوت کە چۆن کاری پێ بکا و تەنانەت شووێنی باتریشمان بۆ چاک کرد کە هەر مابووە ١٢ باتریی گەورە بێنێ و بیخاتە ناوی بۆ خستنەکاری . کە تەواو بووین ئەومان برد تا بەردەرکی ماڵەکەی و ئێمەش درێژەمان دا لەگەل تاو هەڵاتن هەر ئەوندەمان پێکرا خۆمان لە نێو هیندێک بەردی نە هیندە گەورە دا بشارینەوە کە ئاویش نەبوو، ناوەڕاستی نیوەڕۆ بە ناچاری فەیسەڵ چوو ئاوی هێنا کە نیوەی ڕێگاکەی هەر لە سەر سینگ ڕۆی و هاتەوە.
ئێوارەی ئەو ڕۆژە سەردانێکی گوندی جووجەهی مان کرد و بەرنامەمان بوو بچین لە گوندی ئاغچەقەڵ لە ماڵی ئەندامێکی حیزب بمێنینەوە . لە جووجەهی هاتینە دەر یەک تاو باران باری و تەڕ بووین و هەواش ساردی کرد. هەم دوای ماوەیەکی زۆر کە باران نەباریبوو خۆڵێکی زۆر گۆڕابوو بە قوڕێکی خەست و هەم وێنجەی بەری دووهەم تەڕ ببوون کە تا ناو قەدمان ببووینە ئاو. گەیشتینەوە قەرار ئاغچەقەڵ سەعات نیزیک ١٢شەو بوو. سەگ وەڕێکی زۆر بوو و وەک ئەوەی کە ئەزموونمان هەبوو لە سەگ وەڕی نێو دێهات، بۆمان ڕوون بووە کە ئەو سەگانە بە کەسی نیزامی دەوەڕێن. لەو ناوچەیەش جگەلە لە پێشمەرگە و هێزەکانی ڕێژیم هیچ هێز و لایەنێکی دیکە نەبوو. کە دەشمان زانی پێشمەرگە لە ناوچە نین، بۆیە بۆمان ڕوون بووە کە پاسدار لە نێو دێ هەیە. پایەگای گوندی ئاغچەقەڵ نەمابوو و گوردانی تۆپخانە و ئامووزیشیی سوپای پاسداران کە هێزیکی زۆری لێ بوو لە هۆوەسین بوو کە بە پێیان ئەوپەرەکەی ٤٥ دەقە بوو.
چاومان لێکرد کە لەولای ئێمە کەسێک بە دەنگێکی بەرز گۆرانی دەڵێ و چرایەکی فانۆسیشی لای خۆی داناوە.لە گۆرانی گوتنی ئەو کەسەبەو دەنگە ەبرزە گومانمان کرد کە مومکینە ئاگاداری بوونی کەمین بێ و ئەو ەیانی من لێرەم وریام بن. کە چووینە پێش ناسیمان و کەسێکی بە تەمەن لە بەینی ٦٥ بۆ ٧٠ ساڵ. کە لێی نیزیک بووینەوە بە کوردی سڵاومان لێ کرد ئەو بە تورکیی ئازەری سڵاوی وەرگرتین! ئێمە ویستمان پرسیاری لێ بکەین، هەربە دەنگی بەرز قسەی دەکرد .ئەوە بوو چەند میتر لەولاتری ئەو دانیشتین و هەر سێکمان گومانمان لا نەما کە پاسدار لە نێو دێ هەیە و ئەو کابرایە دیتوونی و دڵنیایە کە ئێمەش هەر پاسدارین. کاتێک لە نیزیک پاسگای قەدیمی ژاندار مێریی زەمانی شا کە هەر سیم بە دەورییەوە مابووە کە ماوەی ٢ ساڵیش بنکەی تەشکیلاتی سۆمای حیزب بوو، دانیشتین تا بزانین وەزعەکە چیە، پۆلێک یان مێشەیەک داری میوە و سپی دار لە بەرانبەرمان بوو. محمد ساڵح و فەیسەڵ پشتیان لە گوند بوو لە دانیشتن دا و منیش لە بەرانبەریان دانیشتبووم و ڕووم لە گوند بوو. هەر ئەوندەم زانی لە نێو مێشە دارەکە دا نەفەرات دەرکەوتن و بەرەوروومان هاتن کە دیار بوو نیزامین. زوو گوتم ڕاکشێن نەفەرات هاتن. وێنجە بڵێند بوو و ڕاکشاین و نەفەراتیش لێمان نیزیک دەبوونەوە. ئەگەر هەڵەم نەکردبێ ١٣ کەس بە دوای یەک دا ڕیز ببوون ، بەڵام دەستیان لە گیرفانیان دابوو و سەری سەعاتی سیفر کەمینەکەیان چۆڵ کرد و بەرەو لای ڕێگای هۆوەسین چوون.
فاسیلەیان لەگەل ئێمە ٧ ، ٨ میتر نەدەبوو، بەڵام ئێمە لە نێو گیادا ڕاکشاین ئەوان ئێمەیان نەدەدیت. ئەگەر بمان ویستبایە لێیان دەین، دڵنیام کە ئەگەر تاق و لۆقیان لێ ڕزگاربووایە. چوونکی بە دوای یەک دا و بێ ڕەعایەتی فاسیلە ڕیز ببوون و دەستیان لە گیرفان و تفەنگیان لە مل دابوو. دیاریش بوو ئیدی زۆر ئەمین بوون کە هیچ خەتەرێک تەهدیدیان ناکا. ئەوان داگەڕانە خوار دێ و بە فیتوو یەکتریان ئاگادار دەکردەوە و لەوێ یەکیان گرت کە لێمانەو ەدیار بوون. سەگی گوندیش لێیان هاڵا بوون و دەرفەت بوو ئێمەش لەو شەڕسەە گە دوولایەنە دا واریدی ناو دێ بین. زۆر بە سەلیقە چووینەوە نێو دێ ، بەڵام دڵنیاش بووین کە کەمینی پاسدارەکان ڕۆیشتن بەڵام دەرفەتی چاک بوو بۆ ئێمە کە واریدی ناو دێ بین.
گەیشتینەوە نێو دێ و لە پەنجەرە ماڵێکمان دا و پرسی کێن؟ خۆمان مان پێ ناساند و دەرگای کردەوە وگوتی زوو وەرنە ژوور. کابرا چاوی زەق ببوونەوە و گوتی چۆن هاتن؟ بە کوێ داهاتن؟ چۆن گەیشتنەوە ئێرە؟ گوتمان بۆ؟ گوتی هەر لە سەعات ٨ی ئێوارێ هەتا ئێستا فەرماندەری گوردانی زەربەتیی هۆوەسین و هێزیکی زۆر تەواوی کووچە و کۆڵانی گوندیان گرتبوو و لە دەوربەری گوندیش کەمینیان دانابوو. خولاسە بە دەم قسەوە نان و چایەک مان خوارد و گوتمان لە دەرێ هەوا سارد و عەرز تەڕە، دەمانەوێ لە ماڵ بمێنینەوە. گوتی زۆر باشە و بردینەوە ماڵەکەی تری خۆیان و گوتی هەتا ئێوە هەڵنەستن ئێمە بانگتان ناکەین. درەنگانی ڕۆژ لە خەو هەستاین و حەوشەیان هەبوو و زۆر جێگایەکی ئەمین و باش بوو بۆ مانەوە. کە هەستاین خاوەن ماڵ و چەند کەسی تر چاوەڕێمان بوون و پێکەوە نان و چامان خوارد و چەند کەسی بنەماڵەیان کە ئەندامی چالاکی حیزب بوون هاتنە لامان و کۆبوونەوەیەکمان کرد. شەو کە تاریکی کرد دەرکەوتین و سەردانی چەند کەسی تریشمان کرد و بەرەو قووڵایی سۆما حەرەکەتمان کرد.

بەشی دووهەم
ڕۆژ کورت دەبوون و شەو درێژ و هەواش فێنکی دەکرد کە دەرفەت بوو بۆ جەولەی تەشکیلاتی لە ناوچەی سۆما کە ناوچەیەکی پتر دەشتایی و لە فاسڵی هاوین دا زۆر گەرمە. ماوەیەک لە ناوچە بووین و سەردانی زۆر گوند مان کرد، زۆر یەک لە ئەندامان و دۆستانی حیزبیمان بەسەرکردەوە .
ڕۆژێكیان لە ماڵێک بووین کە بنەماڵەیەکی لە کۆنەوە حیزبی بوون. دایک و باوک و بووکەکانیان لەماڵ بوون و کوڕەکانیان هیچیان لە ماڵ نەبوون. گوتیان دوو کوڕمان سەربازە و ئەوانی دیکەش چوونەتە شار . بەڵام گوتیان یەکێک لەوانەی سەربازە قەرارە ئەمڕۆ بێتەوە مرەخەستی. ئێمەش ڕاست کارمان بەو کوڕە بوو کە ئەندامێکی چالاکی حیزب بوو. ئەو دەوربەری ١١ی بەیانی بوو هاتەوە و هەرکە زانیبووی ئێمە لە ژووێکی ماڵەکەیان دانیشتووین زۆر بە خۆشحاڵییەوە هاتە ژوور و دەمێکیش بوو یەکترمان نەدیتبوو دانیشتین وباسی زۆر شتمان کرد. بەتایبەتی ئەو سەرباز بوو لە شوێنێک کە ناوەندی دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بوو و زۆربەی بەرپرسانی دوژمنیش هەر لەوێ دەمانەوە و دژی گەلەکەمان پیلانیان دادەڕشت و هەر زانیارییەک لە سەر ئەو ناوەندە بۆ ئێمە وەک پێشمەرگە زۆر بایەغدار بوو.
دایک و باوکیش هاتنە ژوور و پێکەوە دانیشتبووین و خەریکی ترێ خواردن و قسان بووین. لە کونی کلیلی دەرگاڕا هەستم کرد کەسێک لە بەر دەرگایە و گوێدەداتە ئێمە. هەستام پەنجەرەیەکی بچووک بەڵام هیندێك بڵیند هەبوو و پەردەی لە بەربوو ، تەماشای حەوشەم کرد، دیتم کەسێک کە دیار بوو دەرەجەدارە بە یوونیفۆرمی نیزامی یەوە گوێ دەداتە ئەو ژوورەی کە ئێمە لێی دانیشتووین. گوێێ تەواو دابووە دەرگا. زوو بە نیشانی دەنگ مەکەن هاوڕێیانم ئاگادار کردەوە و پڕمدایە چەکەکەم وچوومە پشت دەرگا. گوتیان چ بوو؟ گوتم پاسدارێک ئەوە گوێدەداتە ئێمە. ئەو ماڵەش لە پەنا گوردانێکی سوپای پاسداران بوو بە بچووکترین ئیشارەی ئاشکرابوون لانی کەم ٢٠٠ کەسمان دەهاتە سەر. خاوەن ماڵ و ئەوانە شڵەژان و ئەو کوڕەیان کە لە لامان بوو، هەروەک من بە قەراغ پەردە ڕا تەماشای کرد و لە ئەژنۆی خۆی دا و گوتی: ئەوە …… برامە هاتۆتەوە!
کە دەرگایان کردەوە ئەویش حەپەسا. نەک لەوەی کەلە خۆی بترسێ، حەپەسا لەوەی کە بۆ ئەوانە چۆن لەم ژوورەن و وا عادی دەوری یەک کۆبوونەتەوە. ئەویش هەر بە هەڵکەوت و بێ داواکاریی خودی خۆی ، مرەخەستیان دابوویە ، بۆیە بنەماڵەیان ئاگادار نەبوون تا بڵێین ئەو کوڕەشمان دێتە مرەخەستی. خولاسە ئەویش هاتە ژوور و لە دوای تۆقە و یەکتر ماچ کردنمان، یەکەم قسەی ئەوەبوو داوای لێىۆردنی کرد کە بە لیباسی نیزامی یەوە هاتۆتەوە لامان وەک کادری حیزب و ئێمەش گوتمان زۆر ئاسایی یە و تۆ ئاگادار نەبووی کە ئێمە لێرەیین. ئەو گروهبان یەکەم بوو لە بەشی خۆیدا. کە کەوتینە قسان دیتمان کوڕێکی هەتا بڵێی خوێندەوار و ئەهلی موتالعە و دەریایەک زانیاریی لە لابوو. ئەویش ڕووی کردە برا و دایک و باوکی و گوتی: وادیارە هەمووتان هەر حیزبین و من بێگانە، جا منیش هەر لێرە ڕا دەبمە حیزبی. ئەویش داوای ئەندامەتیی کرد و ڕەمزەکەی ئێستاش لە بیرمە کە ناوی مەوریدێک لە پیشەکەی خۆی بوو و لە ناوهێنانی خۆم دەبوێرم ، چوونکی قەولی دا کە دوای تەواو کردنی دەرسەکەی، ئەگە رحیزب پێویستیی پێ بوو و داوای لێکرد بێتەوە ئەو شوێنەی کە دەبا کاری لێ کردبا(( من بۆیە ناوی پێشە و خوێندنەکەی ناڵێم لەبەر ئەوەی دەتوانێ هاوکار بێ بۆ کەشف کردن ئەو ماڵە)). بەڵێ ئەو مرۆڤە لێهاتوویە کە دوای ئەوەی ببووە ئەندامی حیزبیش لە پیشەکەی خۆی دا خوێندنی تەواو کردبوو و ببووە سەرمایەیەکی عەزیم بۆ کۆمەڵگاکەی کە بەداخەوە لە نەکاو تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە هات و لە تەمەنی لاویەتی دا ماڵئاوایی لە ژیان کرد و من ئەوکات لە تورکیە و لە دەورانی پەنابەری دابووم کە ئەو هەواڵەم بیست و کەوتمە بیری یەکەم جار کە بینیم.. یادی بەخێر!
ماوەیەک لە ناوچە ماینەوە و سەردانی زۆر جێگامان کرد و جەولەکەمان ڕۆژ لەگەل ڕۆژ باشتر دەبوو. ئاخەر ڕۆژەکانی خەرمانان هێز و مەڵبەند بەرەو تەڕگەوەڕ چووبوون و کاک سلێمان کەلەشی ، کاک بەهرام ئازادفەر، کاک ئەنوەر کۆهەنسال، کاک سەڵمان کووهی، کاک حاجی خەرەگۆشی و هاوڕێیەکی دیکە کەلە ناوخۆیە ، شەوێكیان بە سۆما دا تێدەپەڕن و دەچنە ئەنزەل کە دواتر زانیمان هەر لە نیزیک ئێمە ڕا دەرباس ببوون و پەیوەندیمان نەبوو تا ئاگاداری یەکتر بین. هەڵبەت کاک سلێمان کەلەشی وەک بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی سەڵماس دەبا ئاگادارمان بکاتەوە کە نەیکردبوو .
ئەوان هەر لە یەکەم ڕۆژ دا لە ئەنزەل بە پێی هاوئاهەنگیی پێشووتریان لەگەل تیمی تەشکیلاتیی ناوچەی ئەنزەل و کەناربەڕۆژ یەکیان گرتبووە کە هاوڕێیان: کاک عەسکەر عەلیزادە بەرپرسی ناوچە، کاک سادق باقری کادری ناوچە و کاک بێهرەنگ ئاغازادە کە سەرپەل بوو لە هێز ، بەڵام لەو مەئمووریەتە دا لەگەل تیمی تەشکیلاتی چووبوو. چوونکی کاک بێهرەنگ هەم کەسێکی ناسراو بوو لەو ناوچەیە، هەم خەڵک و ناوچەی زۆر باش دەناسی، بۆیە وەک پێویستی لەگەل تیم بوو بۆ ئەو مەئمووریەتە.

ئەگەر لەبیرم بێ ڕۆژی یەکەم یان دووهەمی ڕەزبەرکە هێز و مەڵبەندیش کەلە گەلی بەردەڕەش ڕا هاتبووتنەوە و یەکیان گرتبووە، لە نێوان گوندەکانی کوورەی سەروو، پیرگول و مێشک ژمارەیەک لە هێزەکانی تاقمی زەربەتیان خستبووە کەمین و زەبڕیکی باشیان لێدابوو و ژمارەیەک کوژراو وبرینداری دوژمن هەبوو و چەند قەبزە چەکێکیش دەستکەوتیان بوو.
دوای ئەو کەمینە وەک هێز سەردانی چەند گوندێکیان کردبووە و بەرنامەیەکیان دانابوو بۆ زەبر وەشاندن لە دوژمن. ئەوەبوو لە سەر جادەی ئۆرمیە سەڵماس کە لە واقیع دا ئۆرمیە تارانە کەمینێکیان دانابوو وهاوکات تیمێکیشیان ناردبووە نێو شارۆچکەی کارخانە قەندی ئەوکات و “نوشین شهر” ی ئێستا و ئەوان ئەرکیان سووتاندنی شیرکەتێکی گەورەی جیهادی سازەندەگیی سوپای پاسداران بوو کە دەیان دەزگا ماشێن، گریدێر، لۆدێر، بۆڵدۆزێر و ئالەتی دروست کردنی ڕێگاو بانی بۆ هێزەکانی دوژمن تێیدا بوو کە ئەگەر هەڵەم نەکردبێ ٨١ دەزگا بوون کە ئاگریان تێپبەردابوو.
لە سەر جادە کە سەدان ماشێنیان ڕاگرتبوو ، لە نێو موسافیرەکان دا ژمارەیەک نیزامی و مۆرەی ڕێژیمیان دەستگیر کردبوو، و هاوکات چەندین تانکێر نەوت و گازۆل و … هێزەکانی ڕێژیمیان دەست بەسەرداگرتبوو کە دوای کۆتایی عەمەڵیات هەموویانیان سووتاندبوو. بەڵام ئەوەی زەبرە قورسەکە بوو دە کەمین خستنی مەلا محمد حسنی بەرپرسی سیاسی عقیدتی لەشکری ٦٤ی ئۆرمیە بوو. ئاخوندێکی گەنج ، بەڵام ئەرکێکی حەساس و گەورە. کوژرانی ئەو ئاخوندە هەم دوژمنی تاساند، هەم دڵی خەڵکی خۆش کرد. ئەسیرەکان هەموویان ئازاد کرابوون و لەوێش ژمارەیەک ماشێن و تانکێری گەورەی سووتەمەنی ئاگریان تێ بەردرابوو کە دوای ساڵانێکی زۆر ئەوە یەکەمین جار بوو پێشمەرگە لەو شوێنە گرینگە عەمەڵیات بکا و دوژمن پێیوا نەبوو کە ئیمکانی وەها عەمەڵیاتێکی بەرین و لە ڕۆژی ڕووناک دا بۆ پێشمەرگەی دێمۆکرات لەوێ هەیە. بۆیە ئەگەر لە بیرم بێ چەندین مۆرەی بەرپرسی ناوچەی دوژمن لەلایەن خودی دام و دەزگاکانی ئەمنیەتی و نیزامیی خۆیانەوە بە کەمتەر خەم ناسێندران و لە شوێن و ئەرکی خۆیان نەقڵی شوێنی تر کران.
ئەو ڕۆژە تیمی ئێمە سەردانی گوندی کانی ڕەش مان کرد و خاوەن ماڵ کە لە دڵسۆزانی حیزب بوو، گوتی ئەم ئێوارەیە کەلە شار بوو(ئۆرمیە) لەگەڕانەوە دا لە ڕێگای نازی(نازلو) “بازرسی” ی کاتی دانرابوون و دەیانگوت ضد انقلاب لە سەر جادەی کارخانە قەند کەمینیان داناوە و شەڕ بوو. ئەو ڕۆژە هەر ئەوندەمان خەبەر پێ گەیشت و درێژەی مەئمووریەتمان دا.

بەشی سێهەم

هاوڕێیان کەلە عەمەڵیاتی سەرجادە و نێو شارۆچکەی کارخانەی قەند تەواو ببوون و لەگەل باقی هاوڕێیانیان کەلە گوندی کۆسە ئەحمەد دەبن و فیلمەکەش پێموانیە کەس لە ئێمە مابێ کە نەیبینی بێ ، یەک دەگرنەوە و شوێنی پاشەکشەیان دەبێتەوە گرمەنجەل و کەوشەنی گوندی قرنێسە. ئەوەیە دوژمن تەعقیب یان دەکا و بەرەبەیانی ڕۆژی ٥ی ڕەزبەری ١٣٦٨ شەڕ ڕوودەدات . لەو شەڕە دا کە هەرلە بەیانیەوە هەتا ئێوارێ ناوە ناوە پێشمەرگەکان و هێزەکانی دوژمن دەگەنە نیزیک یەک و شەڕ دێتە ئاراوە، ژمارەیەک لە ئەفرادی دوژمن دەکوژرێن و ماشێنێکی هەڵگری نەفەراتیش بەهۆی ئاگری پێشمەرگەکان لەڕێگا دەردەکەوێ و لەکار دەکەوێ.لەو شەڕەش دا بەداخەوە قارەمانی ناسراوی هێزی ئاگری، کاک حاجی خەرەگۆشی شەهید دەبێ و هاوڕێ کاک نوسرەت ئەحمێ زادە بە توندی بریندار دەبێ و کاک مستەفا حەسەن پووریش بە سووکی بریندار ببوو. ئێمە پەیوەندیی بێسیمیمان بە کۆمیتەی سەلماس و هێز و مەڵبەندەوە نەبوو. بەڵام هەر ڕۆژ ی دوای شەڕيکە زانیمان کە شەهیدێک مان هەیە و خەبەرمان وەرگرت ، بەڵام ناوی شەهیدەکەمان نەدەزانی.
ئەوەبوو دوای چەند ڕۆژێک مانەوە لە ناوچەی سۆما ڕوومان کردە ناوچەی شپیران. هەوا تەواو ساردی کردبوو. شەوێکیان دەچووینە گوندی کلۆران لە دەڤەری شپیران. دەوروبەری سەعات ١ی نیوەشەو بوو. نیزیک بووینەوە لە گوند و بە ڕێگای پیادەدا نەدەچووین، بەڵکوو ٥٠ میترێک دووری ڕێگاکە بە نێو کیفار و گیاوگۆل دا دەچووین. چوونکی ڕێگاکە هیندە کاروانی ئەسپ پێدا هاتبوو ئینسان هەتا ئەژنۆیان دەچووە نێو خۆڵەوە و شوێن پێ دیار بوون. شەو زۆر تاریک و هەوا سارد و کڕومات بوو. لەنەکاو کاروانێک کە دیار بوو لە لای سەرەوەڕا واتە لای سنوورەوە دەهاتن بۆ گوند، ژمارەیەکی زۆر ئەسپ و کاروانچییەکان گەیشتنەوە پەنامان.
دانیشتین و بە ئارامی یەکترمان حاڵی کرد کە دەرفەتێکی باشە دوای کاروان ئێمەش بڕۆینەوە و واریدی گوند بین. ئاخەر کاروان کە هات نیزیک بە ١٠ ئەسپ دەبوون و ٢ کەسیشی لەگەل بوو. هەردوو کەسەکەش بە پێیان دەهاتن و سواری ئەسپ نەببوون و قسەیان دەکرد. پایەگای سوپا لە نێو دێ بوو ، بەڵام دیار بوو کە وەک باقی کاربەدەستانی ڕێژیم ئەوانیش بەرتیل یان دەخوارد ، بۆیە کاروانچی لێی نەدەترسان و بە بێ ترس دەهاتنە نێو دێ.
کە ئەوانمان لێ نیزیک بوو، ئەو دەوروبەرەمان پڕ بوو لە کیفار و گوێنی و داری شیلان و شتی وا. کاک محمد ساڵح نەفەری ئەوەڵ بوو، من بەدوای ئەودا و کاک فەیسەڵیش بەدوای مندا دەهات کە فاسیلەمان لەگەل یەکتر ١٠ میتر دەبوو. عادەتەن هەرکات نەفەری ئەوەڵ دانیشتبا ، یان ڕاوەستابا، ئێمەش دەبوو هەرکەسە و لە جێی خۆی ڕاوەستێ یان دابنیشێ . کاک محمد ساڵح دانیشت و ئێمەش هەرکەوسە و لە جێگای خۆمان دانیشتین. فاسیلەی محمد ساڵح لەگەل کاروانچیەکانی ٢٠ میتر دەبوو. لەو تەپ و تۆز و تاریکایە دا یەکێک لەو دوو کەسە کە لە دەنگی ڕا دیاربوو زۆر گەنجە، گوتی: ئەو ڕەشایە چیە؟ کابرا گوتی چیە؟ قیفارە! گەنجەکە دیسان گوتی وەڵاهی وەک قیفار ناچێ! کابرا گوتی ئەرێ خێرە؟ هەرچی بێ لێی گەڕێ. ئەو کوڕە گوتی وەڵاهی ئەم دارەی بۆ فڕێ دەدەم بزانم چیە؟ کوڕە دارەکەی فڕێدا و من وام زانی محمد ساڵح هەر نەبێ تەکبیرێك دەکا، کەچی هەر جۆڵەشی نەکرد و دارەکە لە پەنا محمد ساڵح وە عەرزی کەوت! کورە کە دیتی ڕەشایەکە هیچ نەجۆڵایەوە، ڕۆ بووە بەرد و گوتی با بەردێکی تێگرم ! کابرای دیکە گوتی دەبەسە وازبێنە و ئەسپەکان دەنگ دە چیە بۆت بۆوە خەم و خەفەت!
کوڕە وازی هێنا و ڕۆیشتین کە تەماشامان کرد دارەکەی میترێک دەبوو و ئەستوور. داری تەڕیش بوو پێموایە وەزنی لە کیلۆیەک زیاتر بوو. خوداش دەزانێ من بوومایە جێی کاک محمد ساڵح لەگەل فڕێدانی دارەکە، خۆم ئاشکرا دەکرد و بۆی دەچووم. دڵنیاشم کاک فەیسەڵیش بوایە هەر وەک منی دەکرد، بەڵام کاک محمد ساڵح بەڕاستی تەحەموڵی بوو کە یەک جۆڵەشی نەکرد. ئەوان چوونە نێو دێ و ئێمەش بەدوایان دا خۆمان گەیاندە ئەو ماڵەی کە مەبەستمان بوو.
ڕۆژەکەی لە جێگایەک بووین و چەند کەسێکیش مان لەلا بوو. سەعات بوو بە ١٢.٣٠ نیوەڕۆ و کاتی بەرنامەکانی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران هات . ڕادیۆمان کردەوە و گوێمان دایە هەواڵەکان و پەیامێکی بەرپرسی کۆمیتە بۆ ئێمە لە ڕادیۆ بڵاو بووە کە دەرمان هێنا نووسیبووی: لە ماوەی یەک حەوتوو دا خۆتان بگەیەننە لای ئێمە . پەیامێکی خۆش نەبوو. چوونکی داماننابوو جارێ بڕۆینەوە قووڵایی ناوچە تا دەگەینە سەڵماس . بەڵما تازە دەبا بگەڕێینەوە.
ئێوارەکەی کە حەرەکەتمان کرد باران دەباری و مژ وتەمێکی سارد، ئەو شوێنانەی کە دەبا پێێدا بڕۆین هەمووی قوڕ کە ئینسان نەیدەتوانی لێی دەربچێ. بەڵام دەبا بڕۆین. دوای دوو ڕۆژ و ئەگەر لەبیرم بێ ١١ مانگی ڕەزبەر بوو کە لە کاتێک دا لە شاخی دووگوهی پشتی کۆران لە ناوچەی سۆما بەڕێگاوە بووین، بەفر دەباری ، لە پەنا بەردێک ڕاوەستاین و گوێمان دایە ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران کە خەبەری عەمەڵیاتی سەرجادە و کوژرانی مەلا محمد حەسەنی و بەداخەوە شەهید بوونی کاک حاجی خەرەگۆشی بڵاو بووە. خەبەرێکی زۆر تاڵ بوو ، چوونکی یەکێك لە باشترین پێشمەرگەکانی هێزی ئاگری مان لە دەست دابوو و خەمێکی تریشمان لێ زیاد بوو . دوای چەند ڕۆژێک گەیشتینەوە مەڵبەند کە مقەر لە شاخی قەرەغانی گەلی بەردەڕەش دانرابوو.
********************
بیرهێنانەوە

قەولم دابوو چارەنووسی مینەکەمان و ئەو کەسەی کە دوولایەنە کاری دەکرد بۆ خوێنەران ڕوون بکەمەوە. هەروەک باسم کردبوو مینەکەمان بە هەزار زەحمەت دانابوو و ئامانجەکەش دیاری کرابوو. هەر حەفتەیەک دوای دانانەوەی ، کەسەکە چووبوو مۆرەیەکی ڕێژیمی ئاگادار کردبووە و هاتبوون مینەکەیان هەڵگرتبوو. ئەوکەسەش ئیدی لای ئێمە تەواو ئاشکرابوو کە مۆرەی ڕێژیمە.
ساڵانی دواییش تا ئێمە لە ناوچە بوونایە ئەو یان نەدەهاتە گوندەکەی، یان زۆر بە کەمی و بە وریایییەوە دەهاتە گوند و ئێمەش ئەومان لە ژێڕ چاوەدێری دابوو و دە هەوڵ دابووین تا سەرەداوی پەیوەندییەکەی دەست بخەین، بۆیە خۆمان لێی بێ دەنگ کردبوو، وەک ئەوەی نەبای هاتبێ و نە بۆران. ئەوەبوو من چوومە هێز و ئەرکی نیزامیم وەرگرت و دواتریش نەقڵی کۆمیتەی بانە کرام، ئاگاداری دۆخی ئەو کەسە نەبووم و قەتیش لە هاوڕێیانی کۆمیتەم نەپرسی کە وەزعی ئەو کەسە چیە؟ تا سەرەنجام ڕووداوێکی سروشتی لە کۆل هەموولایەکی کردەوە.
تێبێنی:
خوێنەری هێژا، بەشی باس لە سەر عەمەڵیاتەکە و هێرشی دوژمن لە ڕۆژی دواییدا زۆر کەمم نووسیوە. هۆکارەکەش ئەوەیە کە خۆم لەوێ نەبووم و لەواقیع دا بیرەوەریی من نیە تا بە وردی بینووسم و ئەو ئەرکە بە هاوڕێیانی بەشداری ئەو جەولە و عەمەڵیاتە دەسپێرم.

کاووس عەزیزی. دانمارک

٢٤/٦/٢٠٢٠

نویترین هەواڵ و بابەت