"an independent online kurdish website

دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەمەڕ شەهیدکرانی ٣ ژینگەپارێز لە ئاگرتێبەردانەکانی دارستانەکانی ناوچەی پاوە، بۆ ڕای گشتی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە. لەو ڕاگەیەندراوەدا وێڕای سەرەخۆشی لە خەڵکی کوردستان، هاتووە کە ٢ کەس لەو ژینگەپارێزانە، ئەندامی نهێنیی حیزبی دێموکرات بوون.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی خەباتکار و نیشتمانپەروەری کوردستان!

ژینگەپارێزانی نیشتمان!

هەر وەک ئاگادارن ڕێژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی پیلانەکانی خۆی بۆ لەنێوبردنی ژینگە و دارستانەکانی کوردستان، هەروەک ساڵانی پێشوو و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە دەڤەری هەورامانی ڕەنگین، ئاگریان لە دارستانەکانی ناوچەی “مەرەخێڵ و بۆزین” لە دەوروبەری شاری باینگان سەر بە شارستانی پاوە بەرداوە، دیارە ئەم ئاگرتێبەردانانە هەر لە ناوەڕاستی وەرزی بەهار و بە گەرمبوونەوەی هەوا لە ناوچەکە دەستی پێکردبوو و بە شێوەیەکی سیستماتیک و پلان بۆ داڕێژراو لە مانگی جۆزەردان پەرەی سەند، لەو چوارچێوەشدا لە ڕۆژی هەینی ٢ی جوزەردان (٢٢/٠٦/٢٠٢٠ ز.) بە ئاگرتێبەردانی شاخەکانی دەوروبەری نەوسوود و شاخی “سەرکۆ” قۆناغێکی نوێی ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی کوردستان لە ناوچەی هەورامانیان دەست پێکرد و یەک حەوتوو دواتر بەکرێگیراوانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێران ئاگریان لە دارستانەکانی “مەرەخێڵ” بەردا کە دواتر بە تێکۆشان و ماندووبوونی دوو ڕۆژەی ژینگەپارێزانی ناوچەکە و بەتایبەت ” ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی ژیوای” لە شاری پاوە توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت، بەداخەوە لەو کارەساتەدا نزیکەی ٣٠٠ هێکتار لە دارستانەکانی ناوچەکە لە ئاگری سپای تاریکی لەنێو چوون.

هەر لە ڕۆژانی دواتر بەکرێگیراوانی سپای پاسداران لە درێژەی پیلانەکانیان و بە مەبەستی  بەسووتماک کردنی کوردستان و لە چوارچێوەی سیاسەتی “زەویی سووتاو”، ئەمجارە شەپۆلێکی بەرینتر لە ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی دەڤەرەکەیان گرتەبەر و جارێکی تر لە ڕۆژی شەممە ١٠ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، ئاگریان لە شاخەکانی دەوروبەری گوندی “نجار”، ١٣ی جۆزەردان (٠٢/٠٦/٢٠٢٠ ز.) لە شاخەکانی دەوروبەری گوندەکانی هەجیج و داریان، ٢١ی جۆزەردان (١٠/٠٦/٢٠٢٠ ز.) لە شاخەکانی هیروێ، پێنجشەممە ٢٩ی جۆزەردان (١٨/٠٦/٢٠٢٠ ز.) لە شاخی “دەرەنیشە”  و لە هەمان ڕۆژ لە شاخەکانی دەوروبەری گوندی “دشە”، لە ڕۆژی یەکشەممە ١ی پووشپەڕ (٢١/٠٦/٢٠٢٠ ز.) لە شاخی “سەردەرە”ی پاوە، لە ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی پووشپەڕ (٢٥/٠٦/٢٠٢٠ ز.) لە ناوچەی “دڕۆڵه” بەردا.

 دواجار ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی ٥ و ٦ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی (٢٦/٠٦/٢٠٢٠ ز.) سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێران، بە شێوەیەکی بەرین ئاگریان لە دارستانەکانی “ناوچەی پارێزراوی لانەوان، بۆزین و مەرەخێڵ” بەردا و لەگەڵ بیستنی هەواڵەکە، خەڵکی نیشتمانپەروەری ناوچەکە و ئەندامانی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی ژیوای بەزوویی خۆیان ڕێک خست و بەرەو ناوچەکە بەڕی کەوتن، هەرچەند کە جاری یەکەم و لە هەمان ڕۆژدا ژینگەپارێزانی ناوچەکە توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن بەڵام بەداخەوە جارێکی تر کاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، واتە ٧ی جۆزەردان، ئاگر لە ناوچەکە بەردەدرێتەوە.  دیارە هەر لە سەرەتای مانگی جۆزەردان تێکۆشەرانی سەنگەری ژینگەپارێزی و خەڵکی نیشتمانپەروەری ناوچەکە بە هەموو توانایان و بە شێوەیەکی بێوێنە توانیبوویان یەک بەیەکی ئەو ئاگرانەی کە لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێران لە ناوچەکە بەردرابوو کۆنترۆڵ بکەن و تا ڕادەیەکی زۆریش پیلانەکانی ڕێژیم لەو بوارەدا پووچەڵ بکەنەوە، هەر ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی کاربەدەستانی ڕێژیم و فەرماندەرانی سپای جەهل و نەزانی لە ناوچەکەدا و هەر بەم هۆیە لە ڕۆژی یەکشەممە سپای پاسداران بۆ زەربەلێدان لە بزووتنەوەی ژینگەپارێزیی کوردستان و بەمەبستی چاوترسێنکردنی خەڵک جارێکی تر سێناریۆی شەهیدکرانی شەهید “شەریف باجوەر” و هاوڕێیانی  ئەمجارە لە دەڤەرێکی تری کوردستان دووبارە کردەوە.

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبە خۆشەویستەکەمان!

بەداخەوە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات لەلایەن ئەندامانی نهێنیی حیزب لە ناوچەکە ئاگادار کرایەوە کە بە پیلانی ئەمجارەی بەکرێگیراوانی ڕێژیم و سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێران، دوو ئەندامی دڵسۆزی حیزب لە دەڤەری هەورامانی دەلال بە ناوەکانی “موختار خەندانی”  خەڵکی نەوسوود و  “یاسین کەریمی” خەڵکی شارەدێی شمشێر، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و  ڕۆڵەیەکی تری وەفادار بە ژینگە و خاکی کوردستان بە ناوی “بیلال  ئەمینی”  خەڵکی  ناوچەی ئێناخی، بە شێوەیەکی گوماناوی لەنێوان ئاگری دارستانەکانی ناوچەی مەرەخێڵ گیانی ئازیزیان بەختی نیشتمان و پاراستنی ژینگەی کوردستان کردووە.

بیستنی هەواڵی گیانلەدەستدانی دەستەیەکی تر لە ژینگەپارێزانی کوردستان و بەتایبەت شەهیدکرانی دوو ئەندامی دڵسۆزی حیزب لە ناوچەکە، جارێکی تر وەبیری پیلانی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی و شەهیدانی ژینگەپارێز لە مەریوان و بەتایبەت شەهیدکرانی ئەندامی تێکۆشەری حیزبەکەمان شەهید “شەریف باجوەر”ی خستینەوە و ئەمجارە دەستبەجێ لە ڕێگەی ڕێکخستنەکانمان لە نیوخۆی وڵات بەدواداچوونی وردمان بۆ ڕووداوەکە دەست پێکرد و بۆمان دەرکەوت کە:

١- سەڕەڕای ئەوەی ئاگرتێبەردانی یەکەمی دارستانەکانی مەرەخێڵ دواجار لە ڕۆژی شەممە ٧ی پووشپەڕ لەلایەن خەڵکی ناوچەکە و ئەندامانی ئەنجومەنی ژیوای بە تەواوەتی کۆنترۆڵ کرابوو، بەڵام سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە کاتژمێر ٧ی بەیانی جارێکی تر ئاگر لە ناوچەکە بەر دەدرێتەوە و دەستبەجێ ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی ژیوای تیمێک ڕەوانەی ناوچەکە دەکات، بەڵام بەهۆی پانتایی و شاخاوی بوونی ناوچەکە تیمی دووەم بە سەرپەرەشتیی شەهید “موختار خەندانی” ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ئەنجوومەنی ژینگەپارێزیی ژیوای، کاتژمێر ١١ی نیوەڕۆ ئامادە دەبن و بەرەو ناوچەکە بەڕێ دەکرێن.

٢- لە هەمان ڕۆژ و چەند کاتژمێر پێش شەهیدکرانی ژینگەپارێزان، شەبەکەی مۆبایلی ناوچەکە بە شێوەیەکی گوماناوی و پیلانداڕێژراو لەکار دەخرێت و تەنانەت هێزە تێرۆریستییەکانی سپای پاسداران “بێ سیمـ”ـی تیمەکانی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی “ژیوایـ”ـیان لێ وەردەگرنەوە و بەو شێوە بە تەواوەتی پەیوەندیی تیمەکان بەیەکەوە نامێنێت.

٣- لە کاتی ئاگرتێبەربوونەکە و لە کاتی ڕووداوەکەشدا، لە ناوچەکە چەندین جار دەنگی تەقینەوە بیستراوە.

٤- بەو پێیە کە دارەستانەکانی بۆزێن و مەرەخێڵ “ناوچەی پارێزراو”ن و لەلایەن هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێرانەوە بەتوندی لەژێر چاودێریدایە و خەڵکی ئاسایی ناتوانن بە ئاسانی هاتوچۆی ئەو ناوچە کە ئاگرەکەی لێ بەربووەتەوە بکەن، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئەم ڕووداوەش وەک پیلانی شەهیدانی ژینگە لە مەریوان، سێناریۆیەکی تری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە کوردستانە.

ئێمە وەک دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەڕەڕای بەداخبوونمان بۆ شەهیدبوونی سێ تێکۆشەر و لاوی قارەمانی ناوچەی هەورامان، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان دەکەین و ڕوو بە ڕای گشتی و هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان ڕادەگەیەنین و داواکارین بۆ ڕوونبوونەوەی زیاتری ئەو کارەساتە، گوشار بخەنە سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە ناردن و دیاریکردنی لێژنەیەکی بێ لایەن، ڕاستیی ئەو ڕووداوە بۆ ڕای گشتی دەربخەن، هاوکات خەڵکی کوردستان و ژینگەپارێزەرانی نیشتمان دڵنیا دەکەینەوە کە خوێنی شەهیدانمان بە فێڕۆ ناچێت و تا گەییشتن بە ئاوات و ئامانجی شەهیدەکانمان درێژەدەری ڕێگایان دەبین.

بەڵێن دەدەین بە شەهیدان کە درێژەدەری ڕێگایان بین.

نەمری بۆ گیانی پاکی تازەترین قوربانییانی دەستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای ڕێکخستنی گشتی

٩ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی

************

هەواڵی لەم بارەوە

هاوڕێ و هاوکارێکی دڵسۆزی دەزگای ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات لە ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی پاوەدا شەهید کرا

12:01 – 9 پووشپەڕ 2720

شەهیدی ژینگەپارێز کاک “موختار خەندانی”، ئەندامی بەوەجی حیزبی دێموکرات و هاوڕێ و هاوکارێکی دڵسۆز و کارامەی دەزگای ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی پاوەدا شەهید بوو.

شەهید “موختار خەندانی” لە ماوەی دەستپێکی بەرنامەکانی “تیشک تیڤیـ”ـدا، چەندین جار پارەی وەک یارمەتیی ماڵی بۆ بەڕێوەبەرانی “تیشک تیڤی” ناردووە و چالاکانە لەو بوارەدا یارمەتیدەر بووە.

هەروەها شەهید “موختار” یەکێک لە هاوکارە کارامەکانی بەرنامەکانی بەشی “هەورامیـ”ـی “تیشک تیڤی” بووە کە چالاکانە و لێبڕاوانە هاوکاریی کردووە.

ناوبراو لە ماوەی ئەندامیەتیی خۆیدا، ئەندامێکی لێوەشاوە و لێهاتوو، ژینگەپارێزێکی نەسرەوتوو، هاوڕێ و هاوکارێکی دڵسۆز و کارامەی “تیشک تیڤی” بوو و هەموو کاتێک خزمەتکردن بە گەل و نیشتمانەکەی بە شانازی دەزانی و بەوپەڕی گیانبازی و فیداکارییەوە هەموو ئەرکێکی بە باشترین شێوە بەڕێوە دەبرد.

شەهید “موختار خەندانی” لە ڕێکەوتی ٨ی پووشپەڕ، هاوڕێ لەگەڵ دوو ژینگەپارێزی دیکە بە ناوەکانی “یاسین کەریمی و بیلال ئەمینی”، لە کاتی ئاگرکوژاندنەوەی دارستانەکانی پاوەدا شەهید بوون.

سەرچاوە: کوردستان مێدیا

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی