"an independent online kurdish website

ئەوەی ڕاستی بێت لە سەروبەندی کۆنگرەی ١٥ ی حیزب دابووین ، ویستم لە سەرهەرکام لەکۆنگرەکانی حیزب کەمێک زانیاری بڵاو بکەمەوە .

ئامانجی من نە نووسینی مێژوویی حیزبە و نە لە توانای من دایە و تەنانەت ڕەنگە ئەرکی منیش نەبێ ، بەڵام هەر ویستم هانی بەڕێزانێک بدەم کە بەڕاستی زانیاریان لە سەر کۆنگرە  و کۆنفرانسەکانی حیزبیان هەیەبکەونە بیری نووسینی مێژوو  ونەخشی کۆنگرەکانی حیزب  وبیاننووسنەوە.

هیوادارم کەس ئەو کورتە زانیاریانە بە کەم بایەغ کردنی مێژووی پڕشنگداری حیزب نەزانێ . مێژووی حیزب و گرینگیی  کۆنگرە  و کۆنفرانسەکانی حیزب زۆر لەوە پڕ بایەغتر و باس هەڵگرترن کە من بتوانم لە چەند دێر دا بەو زانیاریە کەمەی خۆمەوە بێنمە  بەر دیدی ئێوەی خوێنەری بەڕیز. بەڵام لانی کەم توانیومە ڕۆژ و مانگ و ساڵی کۆنگرە  و کۆنفرانسەکان بدۆزمەوە و بینانووسمەوە .

سەرچاوەشم تەنیا  وتەنیا ئەو کەمە ئارشیوەی ئەدەبیاتی حیزبە کە لە لام هەیە. هیچ یەک لەو زانیاریانە لە خۆمەوە نەمنووسیون و حەتمەن لانی کەم سەرچاوەیەکی نووسراوی حیزبم هەبووە بۆ نەقلی قەول کردن.

………………………

کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (ژ.ك) لە ٢٥ ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢١ ی هەتاوی لە باغێکی نیزیک  شاری مەهاباد  لە لایەن کۆمەڵێک لە ڕووناکبیرانی کوردەوە دامەزرا .

ئەو کۆمەڵەیە کە دوای حیزبی ئازادیی کوردستان پێک هاتبوو ، ڕێکخراوێکی نهێنیی میللی – مەزهەبی بوو کە ئامانجی سەرەکیی کوردستانێکی سەربەخۆ بوو .

ژ . ک زۆر زوو توانی پانتایی بدا بە خەباتەکەی هەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەم باشووری کوردستان . قازی محەممەد لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە نەبوو ، بەڵام دوای ماوەیەک دەبێتەوە ئەندامی کۆمەلە ودواتریش لەگەل ئەوەی کە ڕێبەری کۆمەڵە نەبووە ، بەڵام کەسی هەرە بەدەسەڵات و لە هەمان کات دا هەرە زانای نێو کۆمەڵە بووە . بۆیە دواتر جلەوی ڕێبەری کردنی ڕێکخراوەکە دەگرێتە دەست.

بەهۆی گۆڕانکاریی دوایی شەڕی دووهەمی جیهانی و شکستی فاشیزم  و  لاوازیی دەوڵەتی ناوەندیی ئێران ، پێشەوا قازی محەممەد بە زانایی خۆی دۆخەکە هەڵدەسەنگێنێ و هەست بەوە دەکا کە کورد پێویستی بە ڕێکخراوێکی دێمۆکراتیکی سەردەمی تر هەیە .

بۆیە بیر لە گۆڕینی ناو و قەوارەی ژ . ک بە حیزبی دێمۆکراتی کوردستان دەکاتەوە و بەرنامەیەکی هەشت مادەیی بۆ ئەو حیزبە ئامادە دەکەن .

لە ٢٥ ی گەلاوێژی ١٣٢٤ لە کۆبوونەوەیەکی بەرینی ژ . ک دا کە بەرهەمی باس و خواسێکی زۆر بوو ، کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد دەگۆڕن بە حیزبی دێمۆکراتی کوردستان .

ڕۆژنامەی کوردستان کە هەتا ئێستاش بەردەوامە وەک بیری حیزب دیاری دەکەن ، لۆگۆیەکی تایبەت بۆ حیزب دیاری دەکەن  و کار بۆ یەکەم کۆنگرەی  حیزب و لە هەمان کات دا ئامادەکاری بۆ ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان دەست پێدەکەن .

یەکەم کۆنگرەی حیزب لە پاییزی هەمانساڵ(١٣٢٤) دا لە شاری مەهاباد دەگیرێ و ڕێبەری  تازە هەلدەبژێردرێ . ئەو ڕێبەریەش قازی محەممەد وەک پێشەوای حیزب هەڵدەبژیرن .

بەرهەمی بیر  وبڕیارەکانی کۆنگرەی یەکەمی حیزب وەک یەکەمین ڕێکخراوی مۆدێڕنی کورد ، دەبێتەوە کار بۆ راگەیاندنی کۆماری کوردستان کە لە ٢ ی ڕێبەرندانی هەمانساڵ دا هاتە نێو مێژووی نەتەوەی کوردەوە .

کۆنگرەی یەکەمی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە نێوەڕاستی پائیزی ١٣٢٤ ( ١٩٤٥)  مەهاباد.

 یەکەم پێشەوای حیزب قازی محەممەد  .

بڕیای سەرەکی کۆنگرە : کار بۆ ئامادەکردنی زەمینەی راگەیاندنی کۆماری کوردستان .

………….

کۆنفرانسی یەکەم ١٣٣٤(١٩٥٥)

دوای تێک چوونی کۆماری کوردستان و دووبارە گەڕانەوەی دیکتاتۆڕیی حەمە ڕەزا شا بۆ کوردستان ، گیران و ئیعدام کردنی بەشێک لە ڕێبەرانی حیزب و لە سەرووی هەمووانەوە  پێشەوای حیزب ، پرش و بڵاوی کەوتە نێو حیزب و فەعالیەتێکی ئەوۆت نامێنێ .

ساڵی ١٣٢٦ کۆمەڵێک لە کادری گەنجی حیزب دەکەونە دووبارە زیندوو کردنەوەی تەشکیلاتی حیزب . ساڵی ١٣٢٧  کۆمیتەیەک  پێک دێ کە ئەو کۆمیتەی( کاک . کمیتە آذربایجان وکوردستان) حیزب دەکاتە بەشێک لە حیزبی توودەی ئێران کە ئەو کات حیزبێکی بە نفووز بوو لە سەرانسەری ئێران  .لەوکاتی ڕا ئیدی بڕیاری حیزب لە دەست توودەوە بوو .

ئەو وەزعە تا ساڵی ١٣٣٤ بەردەوام بوو ، کە لەو ساڵە دا بە ئیبتیکاری عەبدڕەحمان قاسملوو و کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی دەکەونە بیری قەتعی ڕابیتەی تەشکیلاتی لە گەل حیزبی توودە و وەدەست هێنانی سەربەخۆیی سیاسی و تەشکیلاتیی حیزب .

ئەوەیە کە لە ساڵی ١٣٣٤ یەکەم کۆنفڕانسی حیزب لە گوندی کەوتەری مەهاباد بە بەشداریی ژمارەیەکی کەم لە کادری حیزب پێک دێ .

لەو کۆنگرەیە دا قەتعی ڕابیتەی تەشکیلاتی لە گەل حیزبی توودە ،  دانانی کۆمیتەی بۆ ڕێبەری کردنی حیزب بە ناوی کۆمیتەی مەهاباد کە نەمر سەید  عەبدولا ئیسحاقی  بووە .

هەر چەند نە ناوی سکرتێر ، ڕێبەر یان پێشەوا بۆ کاک حەبدولا ئیسحاقی دیاری نەکراوە ، بەڵام عەمەلەن وەک کەسی یەکەمی حیزب بوو .

کۆنفرانسی یەکەم ، ١٣٣٤  کەوتەری مەهاباد

بڕیاری سەرەکی : قەتعی ڕابیتەی تەشکیلاتی لە گەل حیزبی توودە و دەستەبەر کردنی سەربەخۆیی براردانی حیزب وەک حیزبێکی سەربەخۆ .

تەئکید لە سەر ڕێبازی حیزب و کۆمار و پێشەای شەهید .

………

کۆنگرەی ٢ ، لە ساڵی ١٣٤٣ (١٩٦٤)

ئەم کۆنگرەیە یەکەمین کۆنگرەی دوای تێک چوونی کۆمار و دواتریش گەرانەوەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بۆ سەر ڕێبازی ئەسڵیی خۆی و قەتعی ڕابیتەی تەشکیلاتی لە گەل حیزبی توودەی ئێران بوو .

کۆنگرەی دوو لە گوندی ” سونێ  ” هەڵکەوتوو لە سنووری نێوان  سەردەشت  و قەڵادزێ یە کە دواتریش ساڵانێکی زۆر بنکە و بارەگای حیزبی لێبووە  ، بەڕێوە چووە .

بەشدارانی کۆنگرە جەمعێکی زۆر لە ئەندامان و کادرەکانی حیزب بوون کە هاوکات بووە لە گەل گەرماو گەرمی شۆڕشی ئەیلوول لە باشووری کوردستان .

لەو کۆنگرەیە دا بە بێ ئەوەی ئەساسنامەیەک بۆ حیزب پەسند بکەن ، ڕیبەری یەکی نوێ هەڵدەبژێرن  و ئەو ڕێبەریەش سەید عەبدولا ئیسحاقی وەک کەسی یەکەمی حیزب دیاری دەکەن  بەلام ، هەتا ئێستاش لە هیچ بەڵگەیەکی حیزبی دا نەهاتووە کە  بەڕێزیان سکرتێر ، ڕێبەر ، یان پێشەوای حیزب بووە ؟  تەنیا ئەوە گوتراوە و نووسراوە کە کاک عەبدولا ئیسحاقی بەرپرسی یەکەمی حیزب بووە ، کە دیارە ئەوەش ناڕوونی یەکە لە مێژووی حیزب دا.

بڕیارەکانی گرینگی کۆنگرە ئوانە بوون : حیزبی دێمۆکراتی کوردستان دەبێتەوە پاشکۆی پارتی دێمۆکراتی کوردستان   و سەربەخۆیی سیاسیی خۆی لە دەست دەدات . ناوی ئۆرگانی فەرمیی حیزب واتە ڕۆژنامەی کوردستان دەگۆردرێ بە ” دیسان بارزانی ” و بە فەرمی پشتیوانی لە بارزانی دەکەن و عەمەلەنیش دەبنە بەشێک لەو حیزبە  و بۆ جاری دووهەم حیزب سەربەخۆیی سیاسیی خۆی لە دەست دەدات.

………….

کۆنفڕانسی ٢ لە ساڵی ١٣٤٨(١٩٦٩)

دوای کۆنگرەی دوو ، هەر زوو کێشەیەک دەکەوێتەوەبەینی بەشیک لە ئەندامانی ڕێبەری و خودی کاک عەبدولا ئیسحاقی کە ئیدی بە ئەحمەد تۆفیق دەناسرا .

ئەو بەڕیزە پێی وابووە کە دەبێ بۆ هەموو کارێک ئیزن لە بارزانی وەربگیرێ و بەشی زۆری ڕیبەریش ئەو بیرەیان لا پەسند نیە  . بەتایبەتی کادرە خوێندەوارەکانی  نێوڕێبەریی حیزب  نەیان دەتوانی تەحەمولی ئەم وەزعە و بە نەوعێکیش هەڵس و کەوتی کەسی یەکەمی حیزب بکەن .

 بۆیەلە ساڵی ١٣٤٦ کۆمیتەیەک لەو ئەندامانەی ڕێبەری و کادرە دیارانەی حیزب کە موخالیفی بیر وبۆچوونەکانی کاک ئەحمەد تۆفیق ن، پێک دێ بەناوی ” کۆمیتەی ئینقلابیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان” . لە نێو ئەو کۆمیتەیە دا کەسی دیاری وەک موهەندیس ئیسماعیل شەریف زادە ، مەلا ئاوارە ، سولەیمان موعینی” فایەق” ، هاشم عقل طلاب ” قادر شەریف” سەدیق ئەنجیری ، سەننار مامەدی ، نەحۆ پاشۆ ” باپیر شکاک”  و زۆر کادری دیکە دەبیندرێن .

ئەوان لە رووی ناچاری یەوە کە هەم لە ژێر فیشاری سەردایەتیی باشووری کوردستان و هەم دەوڵەتی عێڕاق دان ، باشووری کوردستان بە جێ دێڵن و دەچنە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان . بەداخەوە لە ماوەی ١٨ مانگ خەباتی چەکداری دا بەشی هەرەزۆی ڕێبەریی بزووتنەوەی چەکداریی ٤٦  و ٤٧ یان  بەدەستی هێزەکانی ساهەنشاهی شەهید دەبن و یان لە لایەن سەرکردایەتیی باشوورەوە دەکوژرێن  ، یان بە زیندووی تەسلیمی حکوومەتی ئێران دەکەنەوە .

ئەوەیە کە دیسان حیزب توشی لاوازیەکی یەکجار زۆر دەبێ ، کادری ڕێبەری زۆر کەم دەبنەوە و پرش و بڵاوی و بێ ئیعتیمادی ڕوو دەکاتە تەشکیلاتی حیزب .

دوای ئەو وەزعە ساڵی ١٣٤٨ ئەو بەشە لە کادر و ئەندامانی حیزب کە مابوونەوە ، بۆ ئەوەی دووبارە سەروسامانێک بدەن بە حیزب ، کۆنفڕانسی دوو دەگرن و کۆمیتەیەکی ناوەندی پێک دێنن . بەڵام ئەوجارەیان کاک ئەحمەد تۆفیق ئەوانی قەبووڵ نیە و ئەوانیش بە هەمان شێوە . تا ساڵی  ١٣٤٩ ئەو وەزعە بەردەوام دەبێ .

گرینگترین کاری کۆنفرانسی دوو ، تەرمیمی کۆمیتەی ناوەندی و دووبارە زیندوو کردنەوەی حیزب بووە .

………..

کۆنفڕانسی ٣ لە  جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٠(١٩٧١) لە شاری بەغداد ی عێڕاق  .

ساڵی ١٣٤٩ دوکتۆر قاسملوو لە دەرەوەرا دەگەڕێتەوە عێڕاق و لە گەل ڕێبەریی حیزب پەیوەنید دەگرێ  و داوا دەکا کە پێویستە کار بۆ زیندوو کردنەوەی حیزب بکەین . ئەوەیە کە لە ماوەیەکی کورت دا کۆمیتەیەک بە ناوی ” کۆمیتەی ساخکەرەوەی حیزب ” پێک دێنن و ژمارەیەک لە کادرە بە ئەزموونەکانی حیزب تێیدا کار دەکەن .

هاوکات  بە پێشنیاری دوکتۆر قاسملوو ، خۆی و چەند کەس لە هاوڕێیانی مەئمووریەت وەردەگرن بۆ نووسینی بەرنامە و ئەساسنامەی حیزب .

لە ڕەشەمەی ١٣٤٩ ڕۆژنامەی کوردستان  دووبارە وەک ئۆرگانی فەرمیی حیزب دەست بە وەشان دەکا  کە تائێستاش بێ پسانەوە درێژەی هەیە .

هاوکات کاک ئەحمەد تۆفیق سەخت دژی گەڕانەوەی دوکتۆر قاسملوویە کە لە کۆنگرەی دوو دا بە ئیسراری خودی کاک ئەحمەد لە حیزب دەرکراوە .

لە ١٣٤٩ تا کۆنفرانسی ٣ ، دوکتۆر قامسلوو عەمەلەن وەک سکرتێر وابووە ، بەڵام لە کۆنگرە یان کۆنفرانسێک دا هەڵنەبژێراوە ، تەنیا وەک کەسێکی لێزانی بە ئەزموون ، نەخشی یەکەمی گێڕاوە .

کە دەگەنە کۆنفرانسی ٣ ، کاک ئەحمەد تۆفیق ئیدی واز دێنێ و حازر نیە کار بکا ، سەرەڕای  ئەوەی کە داوایان لێکردووە . بەداخەوە دواتر کاک ئەحمەد لە لایەن دەوڵەتی عێڕاقەوە دەگیرێ و بێ سەرەو شوێن دەکرێ کە هەتا ئێستاش لەو بارەوە زۆر بۆچوونی جۆراو جۆر هەیە .

گرینگتین بڕیار و دەستکەوتی کۆنفڕانسی ٣ :

یەکەمین بەرنامە و ئەساسنامەی حیزب پەسند دەکرێ  و لە تیراژێکی باش دا چاپ و بڵاو دەکرێتەوە .

قەتعی ڕابیتەی تەشکیلاتی لە گەل پارتی دێمۆکراتی کوردستان و گێڕانەوەی حیزب بۆ سەر ڕێبازی ئەسڵیی خۆی .

هەڵبژاردنی کۆمیتەی ناوەندی و دەفتەری سیاسی .

هەڵبژاردنی دوکتۆر قاسملوو بە سیفەتی سکرتێری گشتیی حیزب .

پەسند کردنی ئامانجی دواڕۆژی حیزب وەک : سۆسیالیزمی دادپەروەرانە .

……..

کۆنگرەی سێ ١٣٥٢( ١٩٧٣) لە کۆیە ، باشووری کوردستان

کۆنگرەی ٣  درێژەی کۆنفرانسی ٣ بوو کە ئەرکی سەرەکیی سازمان دان وڕێک خستنەوەی حیزب بوو .

ئەو کۆنگرەیە توانی هەر چی زیاتر ئەندامانی کۆنی حیزب لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە و تەشکیلاتی حیزب بەرفراوانتر بکات .

هەڵبژاردنی ڕێبەریی تازە و بۆ جاری دووهەم کاک دوکتۆر قاسملوو بە سکرتێری گشتیی حیزب .

 ئاڵ و گۆڕ لە ناوی حیزب دا کرا کە  ، وشەی ئێران لە ناوی حیزب زیاد بوو بەم شێوەیە: حیزبی دێمۆکراتی کوردستان (ئێران)

…………………….

کۆنگرەی ٤ لە ستادیۆمی وەرزیشیی شاری مەهاباد لە ٢٨ی ڕیبەندانی ١٣٥٨ ( مارتسی ١٩٨٠)

بەرە بەرە نیسانەکانی راپەڕینێکی گشتی لە ئێران دەردەکەون . ڕیبەری لیزانی حیزب دوکتۆر قاسملوو دەکەوێتەوە هەوڵی  پێک هێنانی هاودەنگی یەک لە نێو بزووتنەوەی کورد دا . ئاکامی ئەو هەولەش دەبێتەوە دانیشتنی چەند حیزبی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە بەیرووتی لوبنان بۆ پێک هێنانی بەرەیەکی کوردی ، بەڵام بە هۆی کارشکێنی هیندێک لە حیزبەکان ئەو هەولە سەر ناگرێ .

کە نیزیک دەبنەو ەلە ساڵی ٥٧ و ئیدی بزووتنەوەی گەلانی ئێران بەرینتر بووە ، کۆمیتەی ناوەندیی حیزب کۆمیتەیەک پێک دێنێ بە ناوی کۆمیتەی “زاگرۆس” تا بچێتەوە نیو خۆ و ئامادەکاری بۆ دوای رووخانی ڕێژیمی شا بکات . کۆمیتەکە پێش سەرکەوتنی ڕاپەرینی گەلانی ئێران واریدی ناوخۆی ئێران و کوردستان دەبی .

دوای ئینقلاب و لە ١١ ی ڕشمەی ١٣٥٧ ، بە پەیامێکی فەرمێی دوکتۆر قاسملوو بە متینگێکی سەد هەزاری کەسی دا لە ساری مەهاباد خەباتی ئاشکەرای حیزب ڕادەگەیەندرێ .

دوای ٣٤ ساڵ لە تەمەنی حیزب ، کۆنگرەی چوارەم یەکەمین کۆنگرەی ئاشکەرا بوو بە بەشداریی ٣١٠ نوێنەر لە سەرانسەری کوردستان و بە نوێنەرایەتیی ٣٠ هەزار ئەندام  کە لە شاری مەهاباد ، زادگاهی حیزب و  پایتەختی کۆماری کوردستان دەگیرا .

ڕاپەرینی گەلانی ئێران ساڵی ٥٧ سەرکەوتبوو ، بەشێکی زۆری کوردستان لە ژێر دەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دابوو و وتوێژ بۆ بەدەست هێنانی خودموختاری لە گەل حکوومەتی کۆماری ئیسلامی درێژەی هەبوو .

خەڵکێکی زۆر لە دەوری حیزب کۆ ببووە . پیلانی نەیارانی حیزب و بزووتنەوەی کورد لە ئارادا بوو . بۆیە کۆنگرەی ٤ زۆر گرینگ بوو .

کۆنگرەی ٤ تا ئێستا لە مێژوویی حیزب دا زۆرترین کاتی بردووە کە  وابزانین ١٢ ڕۆژی گرتووە .

ئاکامی کۆنگرەی ٤  بوو بە ڕێبەرییەک لە ئەندامانی کۆن و نوێی حیزب و گەشەیەکی  یەکجار زۆری حیزبی لێکەوتەوە . بەڵام هەر لە کۆنگرە و دوای کۆنگرە ، کۆمەڵێک گرفتی گەورە کەوتنە نێو ڕیزەکانی حیزب  و دواتر جیابوونەوەی تاقمی ٧ کەسی لێکەوەتە ، ئەویش بە پیلانیگێریی حیزبی توودە و بیری خۆ بەدەستەوەدەرانەی هیندێک لە  ئەندامانی ڕێبەری . لە دوای کۆنگرەی ٤ ئەو تاقمە کەوتنە پیلانگێڕی بە دژی ڕێبەریی هەڵبژێراوی کۆنگرە و بە تایبەتی کەسایەتیی بەرز و بێ وێنەی دوکتۆر قاسملوو ، کە حیزبی توودە دژایەتییەکی قووڵی لە گەل ئەو کەسایەتیە بەرزە هەبوو .

بەهاری ساڵی ١٣٥٩ تاقمی ٧ کەسی جیا بووە و بە ناوی ” حدکا. پەیرەوانی کۆنگرەی چوار” چوونە نیو ڕێزەکانی حیزبی توودە و  عەمەڵەن و وێڕایی هێزەکانی ڕێژیمی ئاخوندی و میوانێکی” بزۆز” واریدی شەر بە دژی حیزب و بزووتنەوەی کورد بوون . ئەو تاقمە دواتر خۆیان هەڵوەشاندەوە و بە فەرمی بوون بە بەشێک لە حیزبی توودە.

بڕیارەکان و ئاکامەکانی کۆنگرە :

ئاڵ و گۆڕ لە ناوی حیزب دا بەم شێوەیە :

حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران

گۆڕینی لۆگۆ حیزب کە هەتا ئێستاش بەردەوامە .

هەڵبژاردنی ڕێبەرایەتی  تازە و دووبارە کاک دوکتۆر قاسملوو وەک سکرتێری گشتیی حیزب .

تەئکید لە سەر خەباتی دژی ئیمپریالیستی ، درێژەدانی وتوێژی ئاشتیخوازانە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ئێران  لە گەل حکوومەتی ناوەندی .

بەرگری لە کوردستان ، لە هەمبەر هێرشی  دەوڵەتی ناوەندی  .

کار بۆ بەرەیەکی دێمۆکراتیکی دژی ئیمپریالیستی .

ناردنی نامەیەکی سەرئاوەڵای گرینگ بۆ سەرۆک کۆماری ویچاغی یە ئێران.

یەکێکی دیکە لە ئاکامی کار  وتێکۆشانی کۆنگرەی چواری حیزب ، کرانەوەی دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزب لە پاریس بە شێوەیەکی  فەرمی کە تا ئێستاش درێژەی هەیە .

دیاری کردنی ١٠ ی خاکەلێوە وەک ڕۆژی شەهیدانی کوردستان .

پێداگری لە سەر دوروشمی ستراتێژیی حیزب :

 دێمۆکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان

…….

کۆنگرەی پێنج (کۆنگرەی شەهیدان) لە ١٦ ی سەرماوەزی ١٣٦٠(١٩٨١) لە شێوەجۆی ناوچەی سەردەشت .

دوای کۆنگرەی ٤ و جیابوونەوەی تاقمی ٧ کەسی ، شەڕێکی قورس بە سەر خەڵکی کوردستان و حیزب دا سەپا.  چەندین ئەندامی ڕێبەری و فەرماندەری بەوەجی هێزی پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕ دا شەهید ببوون  ، بەشێکی زۆری کوردستان داگیر کرابوو ، هێرش بۆ سەر ناوچە ڕزگارکراوەکان بەردەوام بوو ، بەتایبەتی سەڕی جاددە بانە سەردەشت و پیرانشار سەردەشت ، هەموو شیمالی کوردستان بە جۆرێک کەوتبووە دەستی ڕێژیم و تاقمی ٧ کەسی و میوانی “بزۆز”  . لەو کاتی دا حیزب دەرگیری شەڕێک بوو لە گەل چەند لایەنی هاوپەیمان .

لەو کاتە د ابوو کە حیزب وەک باوەڕی قووڵی بە دێمۆکراسی و خۆ گونجاندن لە گەل ڕەوتی ڕووداوەکان ، کۆنگرەی پێنجەمی خۆی لە کات و ساتی دیاری کراوی ئەساسنامەیی دا بەڕێوە برد .

بڕیار وئاکامەکانی کۆنگرەی پێنج :

هەڵبژرادنی ڕێبەری و هەروها بۆ جاری چوارەم هەڵبژاردنی دوکتۆر قاسملوو وەک سکرتێری گشتی .

پەسند کردنی دوروشمی تاکتیکیی  خەبات بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی .

درێژە دان بە بەرگری لە ناوچە ڕزگار کراوەکانی کوردستان .

مەحکووم کردنی پیداگریی خومەینی بۆ درێژەی شەڕی ئێران و عێڕاق.

بەشداریی حیزب لە شوورای نیشتیمانیی بەرگری دا کە لە پاریس پێک هاتبوو و هەر ئەو ساڵە حیزب بوو بە ئەندامی شوورا .

………

کۆنگرەی شەش ( کۆنگرەی کار) ٢ ی ڕێبەندانی ١٣٦٢(١٩٨٤) لە گەڵالەی باشووری کوردستان .

دوای پێنج ساڵ دیسان حیزب یەکەمین کۆنگرەی خۆی لە باشووری کوردستان بەڕێوەبرد.

کۆنگرەی شەش لە کاتێک دا گیرا کە شەڕێکی قورس لە ئارادابوو .  نیزیک بە تەواوی ناوچەکانی کوردستان میلیتاریزە کرابوون ، خەباتی پێشمەرگە کەوتبووە قۆناغی پارتیزانی ، شەڕی ئێران وعێڕاق کێشرابوو بۆ سنوورەکانی کوردستان .

لەو دۆخە دا بوو کە حیزب دەبوایە کۆنگرەی خۆی لە کاتی دیاری کراو دا بگرێ . بۆیە نیزیک یەک ساڵ بەر لە کۆنگرە “کورتە باسێک لە سەر سۆسیالیزم ” لە لایەن کاک دوکتۆر قاسملووە نووسرابوو و لە نێو بەدەنەی حیزب دا بڵا وکرابووە تا ئامادەگی هەبێ بۆ کۆنگرە .

لە کاتێک دا کە بنکە و بارەگاکانی ڕێبەری وراگەیاندنی حیزب گواستبووە بۆ ئەو بەشە لە کوردستان ، کۆنگرە لە وادەی خۆیدا دەستی پێکرد .

بڕیار و ئاکامەکانی کۆنگرەی شەش :

سەرەڕایی موخالیفی زۆر ، توانرا لە کۆنگرە دا ئامانجی دواڕۆژی حیزب پەسند بکرێ کە” سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک ” بوو .

بەهێز کردن و بەرین کردنی خەباتی دیپڵۆماسی لە دونیای دەرەوە دا .

ڕێبەری حیزب هەڵبژێرایەوە و دوکتۆر قاسملوو بۆ جاری پێنجەم بە سکرتێری گشتیی حیزب هەڵبژێرا.

پیداگری لە سەر خەباتی پارتیزانی کرایەوە .

لە پلۆنۆمێکی دوای کۆنگرە دا ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانی دیاری کرد ( ٢٦ ی سەرماوە)

………

کۆنگرەی هەوت  لە٢٦ ی سەرماوەزی١٣٦٤(١٩٨٥) کانی مێو ، باشووری کوردستان .

کۆنگرەی هەوت لە کاتێک د اگیرا کە بەداخەوە حیزب هەم لە لایەک لە حاڵی شەڕێکی پارتیزانیی قورس بوو لە گەل ڕێژیم و هەم لە لایەکیش تووشی شەڕی ناوخۆ هاتبوو لە گەل کۆمەڵە . هەر وەها شوێنی بنکە و بارەگاکانی حیزب کەوتبوونەوە نێو بەرەی شەڕی ئیران و عێڕاق و ڕۆژانە بۆمباران دەکران . بەڵام حیزب سەرەڕایی هەموو خەتەراتێک کە هەبوو ، کۆنگرەی هەوتی بەڕێوە برد .

بڕیار و ئاکامەکانی کۆنگرەی هەوت :

سازماندەیی سەرلەنوێی هیزی پێشمەرگە  وئۆرگانەکانی حیزبی بۆ خەباتی پارتیزانی .

تەئیدی هەڵوێستی” دیفاع” لە شەڕ لە گەل کۆمەڵە ، کە لە هاوینی هەمانساڵ دا پلۆنۆمی کۆمیتەی ناوەندی لەو بارەوە بڕیاری دابوو .

تەئیدی هاتنە دەری حیزب لە شوورای نیشتیمانی بەرگری .

هەڵبژاردنی ڕێبەریی حیزب و دوکتۆر قاسملوو بۆ جاری شەشەم وەک سکرتێری گشتیی حیزب هەلبژێرایەوە .

ئەوەش زیاد بکەین کە دوای کۆنگرەی هەوت ، کار  وخەباتی حیزب کەوتە قۆناغێکی پڕ لە گەشە ی هەمەلایەنە .

………..

کۆنگرەی هەشت لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٦٦(١٩٨٨)  شاری سولەیمانی 

هەر چەند بەدەنەی حیزب ئاگاداری یەکی ئەوتۆی نەبوو لە باس و خواەکانی نێو کۆمیتەی ناوەندی ، بەڵام کۆنگرەی هەشت دیاربوو کە کێشە لە نێو ڕێبەرایەتیی حیزب دا هەیە  و تا ڕادەیەک جیناح بەندی یەکان دیار بوون .

ئەو ەبوو ئامادەگی کراو کۆنگرە نیزیک دەبووەوە ، دەرکەوت کە کاک دوکتۆر قاسملوو و کاک دوکتۆر شەڕەفکەندی بە هاوکاریی بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەری دە هەوڵی ئەوەدان کە لیستێک بدەن بۆ کۆمیتەی ناوەندی کە بە لیستی “فیکس” ناوی دەرکرد.

بەرلە کۆنگرە باسی ئەو لیستە لە لایەن مۆخالیفانی  شێوەی هەڵبژاردنی لیستی فیکس کێشرایە نێو کۆنفرانسەکان وسەف بەندییەکان ڕۆژ لە گەل ڕۆژ دەردەکەوتن .

کە کۆنگرە دەست پێدەکا   و کاردەگاتە شێوەی هەڵبژاردن ، باسەکان توندتر و جیناح بەندییەکان دیارتر دەبن .

سەرەنجام  دوای باس و جەدەلێکی زۆر ، ئەو شێوە هەڵبژاردنە دەکەوێتەوە دەنگدان لە کۆنگرە دا  کە ، ٩١ موافیق و ٩٠ موخالیف ، ئەوجار شیوەی هەڵبژاردن بە لیست پەسند دەکرێ .

موخالیفان  حازر نابن ناویان لەو لیستەیە دا بێ و خۆیان دەکشێننەوە . بەلام لە گەل شەرعیەت و هەموو بڕیارەکانی کۆنگرە موافییق دەبن .

لە کۆنگرەی هەشت دا بڕیارێکی جێی سرنج نەبوو  و تەنیا زۆرتر تەئکید لە سەر ڕێبازی حیزب و شێوەی خەباتەی کردبوو.

تەنیا دوو خاڵی گرینگ کە لە کۆنگرەی هەشت چوونە نێو بەرنامە و ئەساسنامەی  حیزب ، جیای دین لە دەوڵەت ، و  درێژ کردنی مەودای نیوان کۆنگرەکانی حیزب لە دوو سالەوە بۆ ٣ ساڵ .

 هەڵبژاردنی ڕێبەریەک کە تا ڕادەیەکی بەرچاو نوێ بوو ، زۆرینەی کادری دێرینی ڕیبەری لە کۆمیتەی ناوەندیی تازە دا نەبوون  و دوکتۆر قاسملوو بۆ جاری حەوتەم و بە داخەوە دواین جار بە سکرتێری گشتیی حیزب هەڵبژێردرایەوە .

دوو مانگ دوای کۆنگرەی هەشت ، هەر وەک چاوەروانیش دەکرا ، ئەو بەشە لە کادری پێشووی  ڕێبەری و ژمارەیەکی چەند سەد کەسی لە کادرو پێشمەرگە لە ١ ی خاکەلیوەی ساڵی ١٣٦٧ دا بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک جیابوونەوەی خۆیان راگەیاند  ولە ژێر ناوی : حدکا. ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێر دا  خۆیان پێناسە کرد کە بەداخەوە هەڵگرتنی ئەو ناو هێمایانە بوون ەب هۆی بڕیارێکی توندی ڕێبەرایەتیی حیزب کە شەڕی نێوخۆیی لێکەوتەوە .

ئەوەش زیاد بکەین کە ئەو هاوڕێیانە چ بەرلە جیابوونەوە و چ دوای جیابوونەوەکە ، پەنایان بۆ سازمانی موجاهیدین برد کە نەیارێکی سەرسەختی حیزب و دوکتۆر قاسملوو بە تایبەتی بوون .

……

کۆنگرەی نۆ (کۆنگرەی قاسملوو) لە ٣٠ ی سەرماوەزی ١٣٧٠(١٩٩١) گەلی بەدرانی بالەکایەتی .

هەر وەک باس کرا ، لە دوای کۆنگرەی هەشت جیابوونەوەیەک لە ڕیزەکانی حیزب دا ڕوویدا . بەلام ئەوە تەنیا ڕووداوی گرینگی نێوان کۆنگرەی هەشت و نۆ نەبوو بۆ حیزب و بزووتنەوەی کورد و ناوچەکە و بگرە جیهانیش .

شەڕی هەشت ساڵەی  ئێران و عێڕاق لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧ بە قەبوولی بڕیاری ٥٩٨ ی ڕێکخراوی نەتەوە یەک گرتووەکان و بە نۆشینی جامێک ژەهر لەلایەن خومەینی یەوە  ، ڕاوەستا و پڕۆسەی دانوستان بەرەو دەست پێکردن دەچوو . ئیحتیمالی سات و سەودا لە سەر بزووتنەوەی کورد لەو دوو بەشەی کوردستان ڕۆژ لە گەل ڕۆژ زیاد دەبوو . هیندەی پێ نەچوو خومەینی بە هەمان جامی ژەهر لە ١٤ی جۆرزەردانی ١٣٦٨ مرد کە جێگەرەکەی لە خۆی دیکتاتۆر تر و خوێن مژتر دیاری کرا. دوای چڵ ڕۆژ و لە ٢٢ ی پووشپەڕی هەمانساڵ ، ڕێبەری بلیمەتی حیزب و بزووتنەوەی کورد ، دوکتۆر عەبدورەحمانی قاسملوو لە سەر میزی وتوێژی لە گەل  بە ناو هەیئەتی کۆماری ئیسلامی،  لە لایەن خودی هەیئەتەکەوە تێرۆر کرا .  دوکتۆر سادقی شەڕەفکەدنی لە پاییزی هەمان ساڵی دا بە سکرتێری گشتی حیزب هەڵبژێردرایەوە و حیزب دوای شەهید بوونی کاک دوکتۆر قاسملوو بە ئیعترافی دۆست و دوژمن ، گوڕ وتینێکی بێ وێنەی بە خۆیەوە گرت.

کۆنفڕانسێک کە ڕێبەری شەهید کاری بۆ کردبوو لە پاریس بەڕێوە چوو لە سەر بە نێو نەتەوەیی کردنی مەسەلەی کورد .

هەر هەمان ڕەوتی دێمۆکراتیزاسیۆن کە دوکتۆر قاسملوو زۆر پێشتر چاوەڕوانیی دەکرد ، لە ئۆرووپای شەرقی دەستی پێکرد و ئاڵمان بەرەو یەک گرتن چوو ، چێک و سڵۆواک دابەش بە دوو دەوڵەت بوون ، چائۆسیسکۆی دیکتاتۆری ڕۆمانی لە گەل ژنەکەی ئیعدام کران و ……

بەهاری ساڵی ١٣٦٩ کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لە بڕیارێک دا یەک لایەنە شەڕی لە گەل کۆمەڵە ڕاگرت ، هەر چەند عەمەلەن شەڕ نەمابوو .   لە ١١ی گەلاوێژی ١٣٦٩ سەددام هێرشی کردە سەر وڵاتی کویت و داگیری کرد . وڵاتانی عەرەبی و  ڕۆژئاوای دە هەوڵی چارەسەری دا بوون کە سەددام بە کەلەشەقی خۆی ئەو وڵاتەی چۆل نەکرد  ونیشانەی وەشاندنی زەبری نیزامی لە سەددام و دەر کردنی لە کویت دەردەکەوتن . گەمارۆیەکی ئابووریی توند خرایە سەر ڕێژیمی بەعس .  لەو بەینە دا سەددام لە بریارێک دا واز هێنانی خۆی لە خاوەنداریەتی لە شط العرب عەمەلەن نیشانی دا کە موحتاجی ئێرانە . بۆیە ئەگەری موعاملە لە سەر کورد زۆرتر بوو  ، بۆیە کاک دوکتۆر شەڕەفکەدنی ناوی ئەو موعاملەیەی دانابوو ، ڕۆژی ڕەش .

ئەوە بوو شەڕ لە ٢٧ ی بەرانباری ٦٩ بە دژی سەددام دەستی پێکرد و تا  کۆتایی مانگی ڕێبەندان درێژەی هەبوو . سەددام شکستی خوارد و لەو فۆرسەتەش د ابەرەی کوردستانی توانیان راپەرینی کوردستانی باشوور  دەست پێ بکەن و بۆ ڕۆژی نەوۆرز کەرکووکیان رزگار کرد . دواتر کە دیسان سەددام خۆی سازمان دا  وهیرشی کرد ،  ئەوجار ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بریارێک دا هێڵی ٣٦ دەرەجەیان دیاری کرد و تا رادەیەک دڵنیایی هەبوو کە ئیدی ئەو موعاملەیە لە سەر کورد سەر نەگرێ .

ئەو رووداوانە بوون بە هۆی ئەوە کە حیزب کۆنگرەی نۆ لە کاتی خۆی دا نەگرێ . چوونکی ئەوکات زۆر یەک لەو ڕووداوانە جارێ روون نەبوون و هەڵوێستی ڕوون هیندێک بە زەحمەت بوو .

بەڵام لە نێو خودی حیزب دا بەداخەوە بوونی دوو جیناحی لانی کەم بۆ بەدەنەی حیزب هەستی پێ دەکرا . هەر چەند دڵنیایی یەک هەبوو لەوەی کە کاک دوکتۆر شەڕەفکەندی بە لێزانی خۆی دەتوانێ بە سەر هەر دوو جیناح دا زاڵ بێ و یەک گرتووی حیزب بپارێزێ کە هەر واش دەرچوو .

ئەوەبوو گەیشتینە پائیزی ساڵی ١٣٧٠ ، ئیدی وەزع هیندێک ڕوونتر بوو . بۆیە کار  وباری ئامادەکاری بۆ کۆنگرە دەستی پێکرد . هەر چەند ئیدی ڕێژیم بە تەواوی دەستی خستبووە نێو باشووری کوردستان وماشێنی تێرۆری بە دژی ئەندامان و کادر  وپێشمەرگەی حیزب خستبووە کار .

ئاکام و بڕیارەکانی کۆنگرەی نۆ :

زۆر ئاڵ و گۆڕ لە بەرنامە  وئەساسنامەی حیزب دا کران وەک : زیاد کردنی بەندێک لە بەرنامە دا کە تایبەت بوو بە لاوان ، لابردنی دروشمی  خەباتی دژی ئیمپریالیستی  .

بەڵام دیارترینی ئەو ئاڵ و گۆرانە هێنانە کایەی دوو تێبینی بوو کە هەتا ئێستاش لە ئەساسنامەی حیزب د اهەر درێژەیان هەیە  ، ئەویش ئەوەیە کە :  پاراستنی مافی کەمینە لە نێو ڕیبەری حیزب د ابە تایبەتی و دانی مافی ئەوەی بە کۆمیتەی ناوەندی کە بۆ کۆنگرە و کۆنفرانسەکانی حیزب ، بتوانێ تا نیوەی ئەندامانی ئەسڵیی خۆی ، لە کادر  وئەندامی حیزب بە مافی دەنگدانەوە بەشداری کۆنگرە بکات .

ڕێبەرایەتی هەڵبژێرایەوە کاک دوکتۆر شەڕەفکەدنی بۆ جاری دووهەم  و بەداخەوە ئاخیر جار وەک سکرتێری گشتیی حیزب هەڵبژێرایەوە .

……

کۆنگرەی دە (کۆنگرەی پەنجا ساڵ خەبات) ٢٣ ی خاکەلێوەی ١٣٧٤(١٩٩٥) هەولێر

شەش مانگ دوایی کۆنگرەی نۆ بەداخەوە ڕێبەری بە توانای حیزب کاک دوکتۆر شەڕەفکەدنی لە ٢٦ ی خەرمانانی ٧١ دا لە بێرڵینی ئاڵمان شەهید کرا بوو . لە بەهاری هەمانساڵیش دا یەکەمین هەڵبژاردنی گشتی لە باشووری کوردستان کرابوو و پارلەمان  وحکوومەتی هەرێم هەبوو . بەداخەوە راست مانگێک  لەدوای شەهید بوونی

 کاک دوکتۆر ، حکوومەی هەرێم و پارتی کرێکارانی کوردستان تووشی شەڕێکی ماڵوێران کەری ناوخۆ هاتبوون .

لە نێو حیزب دا بە شەهید بوونی کاک دوکتۆر شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی ، نەک نائۆمێدی ، بەڵام بە جۆرێک حەپەسان و شڵەژان دیار بوو . گەورەترین نیگەرانییەکانیش

لە بوونی پەتای دوو بەرەکی بوو . هەر وەک باسمان کرد لە پێش کۆنگرەی نۆ جیناح بەندی هەبوو ، بەڵام قورسایی سکرتێری گشتی توانیبووی یەکڕیزی حیزب باپرێزێ و ئیزن بە هیچ یەک لەو جیناحانە کارشکێنی بکا.

هەر وەک چاوەروانیش دەکرا لە یەکەمین پلۆنۆمی دوای شەهید بوونی کاک دوکتۆر شەڕەفکەندی دا نیشانەکانی قووڵ بوونەوەی کێشەکان دەرکەوتن .

لە کاتی هەڵبژاردنی سکرتێری گشتی دا کەسی یەکەمی هەر دوو جیناح( کاک مستەفا هیجری و مامۆستا عەبدولا حەسەن زادە) کاندیدی سکرتێری بوون کە کاک مستەفا هیجری بە سکرتێر هەڵبژێرایەوە .

ئەو هەڵبژاردنە نەک کۆتای ماجەرا کە بوو ، بگرە دەستپێکی ماجەرای قووڵ بوونەوەی  کێشە و جیناحبەندی یەکان بوو.

تا دەگەین بە کۆنگرەی دە کۆمەڵێک ڕووداوی گرینگ لە ناوجە ، کوردستان وبگرە جیهان ڕوویانداوە . رەوتی تێرۆرەکانی دژی تێکۆشەرانی دێمۆکرات لە باشوور بە دەست تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی یەوە بە ئاستی هەرە  زۆری خۆی گەیشتووە.

بە هۆی ڕووداوەکانی پەیوەندیدار ، کۆنگرەی دە بۆ ماوەی  نیزیک بە شەش مانگ دوا کەوت . بەڵام لە تەواوی ئەو ماوەیە دا هەردوو جیناح بەر بەرەکانیان دەکرد ، خۆیان بە هێزتر دەکردەوە . جیناحێک هێرش بۆ بە دەستەوە گرتنی دەسەڵاتی حیزب و جیناحەکەی تر بەرگری لە پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان لە حیزب . وەزع بەم شێوەیە دەچووە پێش  تا دەگەینە ، هاوینی ساڵی ١٣٧٢ بنکە و بارەگاکانی حیزب لە قەندیل دەهێننەوە خوار ( دیارە لە ژێر گوشاری خانەخوێ وە ) . بەهاری ساڵی ١٣٧٣ شەڕێکی قورس دەکەویتەوە نیوان هەر دوو حیزبی دەسەڵاتداری باشووری کوردستان و

هە رکامەیان بە جۆرێک موحتاجی  ولاتێکی داگیرکەری کوردستان دەبێ .  ئاخر ڕۆژەکانی ساڵی ١٣٧٣ رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران لە لایەن خانوخوێ و بە دەستووری ئێران دادەخرێ .

کە دەگەینە بەهاری ساڵی ١٣٧٤ ، کۆنفرانسەکانی پێش کۆنگرە تەواو بوون ، ئاکامی کۆنفرانسەکان دەریان دەخست کە لایەنی خوازیاری گرتنە دەستی جڵەوی دەسەڵاتی حیزب  لە کۆنگرە سەردەکەوێ .  ئەو لایەنە دوو دوروشمیان هەبوو : یەکگرتن لە گەل ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێڕ، و کەمڕەنگ کردنی خەباتی چەکداری کە دەیانگوت: خەباتی چەکداری باوی نەماوە  ، کە دیارە لە دوای کۆنگرە هەردوو دورشمەکەش جێ بەجێ کران .

بڕیار و ئاکامەکانی کۆنگرەی دە :

کرانەوەی دەرگای دیالۆگ بۆ یەک گرتنی هەردوو بەشی حیزب.

گۆڕینی سکرتیری گشتی لە کاک مستەفا هیجری یەوە بۆ مامۆستا عەبدولا حەسەنزادە .

کەمرەنگ کردن و لە نیهایەت دا ڕاگرتنی خەباتی چەکداری کە هەتا ئێستاش درێژەی هەیە .

ئاڵ وگۆڕ لە سازماندەیی هیز  وکۆمیتەکان دا بکڕی ، کە  کرا .

دیارە با ئەوەش زیادکەین کە سەرەرایی کێشە  وگرفتەکانیش دوای کۆنگرەی دە ، بە چەشنێک هاوکاری و هائاهەنگی لە نێو حیزب دابەدی دەکرا .

…………

کۆنگرەی یازدە(کۆنگرەی خەبات گێڕانی خۆڕاگر) ١ی بەفرانباری ١٣٧٦(١٩٩٧) کەرکووک

لە دوای کۆنگرەی دە ، هەوڵەکان بۆ یەک گرتنەوە ی هەر دوو بەشی حیزب دەستی پێکردەوە .  ڕادیۆ دەنگی کوردستان لەسەر رادیۆی راه کاگر  لە شاری کەرکووک دەستی بە کار کرد. باشووری کوردستان لە  لایەن هەردوو حیزبی دەرگیری دەسەڵات بە دەستەوە بە دوو بەشی زەردو سەوز دابەش کرا بوو . ڕمبازێنی اطلاعاتی ئێران لە باشوور بەردەوام و بگرە زیاتر ببوو.  حیزب دەبوایە تەوازونی نیوان ئەو دابەش بوونەی  باشووری پاراستبایە ، کە بە باشی پاراستبووی .

زۆر رووداو لەم بەینە دا هاتنە ئاراوە کە باسکردنیان زۆری دەوێ و خۆم لێی دەبوێرم و بۆ نووسەران و مێژوونووسان بە جێ دێڵم .

گەیشتینە بەهاری ساڵی ١٣٧٥ کە ئیدی دانیشتنەکان بۆ یەک گرتن زیادیان کردبوو ، هاتوو چوو گەرم بوو .   زۆربەی کۆمیتەکانی حیزب لە دەستەی بچووک دا کادر و پێشمەرگەیان ناردبووە ناوچە .   لە ٧ ی گەلاوێژی ١٣٧٥ ڕێژیم بە هاوکاریی خانەخوێی سەوزەوە هیرشیکی بەرینیان کردە سەر بنکەکانی حیزب لە شاری کۆیە و هەر لەو کاتیش دا لە ژێر گوشاری خانەخوێ دا ، حیزب ناچار بە ئیمزا کرانی دەقێک بوو کە داوای دەکرد  حیزب بە زووترین کات کادر وپێشمەرگەکانی خۆی لە ناوچە

 بگێڕێتەوە بنکەکانی و هیز نەنێرێتەوە ناوخۆی کوردستان .

لە پائیزی هەمانساڵ دا حیزب لە کۆنگرەی بیستەمی ئینتەرناسیۆنال سۆسیالیست وەک ئەندامی چاوەدێر وەرگیرا(١٩ ی خەرمانانی ١٣٧٥) . لە ١٩ ی بەفرانباری ١٣٧٥ یەک گرتنی بنەماڵەی دێمۆکرات کرا و ئەو دوو دێمۆکراتیە کۆتایی هات . بەڵام ئەویش کۆتایی هاتنی دوو بەشی و یەکتر تەحەمول کردن نەبوو و دواتریش بەردەوام بوو تا دیسان بوویە بە دوو .

دوای یەک گرتن ماوەیەک باش بوو ، پێکەو ەکار کردنێک هەبوو ، بەڵام زوو کۆتایی هات و دیسان کێشەکان دەستیان پێکرد . کە گەیشتینە کۆنگرەی یازدە ، لەوێش جیناح بەندی هەر درێژەی هەبوو.

بڕیار و ئاکامەکانی کۆنگرەی یازدە:

زیاد کردنی تێبینیەک لە ئەساسنامە کە ، هەر  سکرتێرێک مافی هەیە تەنیا دوو دەوری پشتی سەری یەک کاندیدی سکرتێری گشتیی حیزب بێ ، ئەو ەبڕیاری هەرە دیاری کۆنگرە بوو .

کۆمیتە ناوەندیەک هەڵبژێرا کە نیزیک بە تەواوی ئەندامنای ڕێبەریی پێشووی ڕیبەرایەتیی شۆڕشگێری تێدابوو ، مامۆستا عەبدولا حەسەن زادە بۆ جاری دووهەم وەک سکرتێری گشتی هەڵبژێرایەوە .

……..

لەبەر ئەوەی کە زۆر دریژ نەبێ و باسی کۆنگرەکانی دیکە هەر بە کورتی دەنووسینەوە.

چوونکی جیلی ئێستا خۆیان شاهیدن و زۆریشی لە سەر نووسراوە وگوتراوە.

کۆنگرەی دوازدە  ٤ ی سەرماوەزی١٣٧٩ (٢٠٠٠) کەرکووک

بڕیاری بەرجاوی کۆنگرە ، گۆڕینی مەودای نێوان کۆنگرەکان ، لە ٣ ساڵەوە بۆ ٤ ساڵ .

سکرتێری گشتی مامۆستا عەبدولا حەسەن زادە بۆ جاری سێهەم  .

……

کۆنگرەی سێزدە١٣ی پوشپەری ١٣٨٣(٢٠٠٤) کۆیە

گۆڕینی دوروشمی کۆنی حیزب لە خودموختاری یەوە بۆ فیدرالیزم .

پەسند کردنی ئاڵای کوردستان .

کاک مستەفا هیجری بە سکرتێری گشتیی حیزب هەڵبژێرایەوە .

……….

کۆنگرەی چواردە ( کۆنگرەی بەجەماوەریتر کردنی خەبات) ٢٠ ی خەرمانانی١٣٨٧(٢٠٠٨)

بریاری دیاری ئەو کۆنگرەیە ،هەڵگرتنی تێبێنیی دوو دەور سکرتێری بوو لە ئەساسنامەی حیزب .

گوروتین بەخشینی زیاتر بە خەباتی جەماوەری.

کاک مستەفا هیجری بۆ دەوری دووهەم وەک سکرتێری گشتی هەڵبژێرایەوە .

…….

کۆنگرەی ١٥ی حیزب لە ٨ی ڕەزبەری ١٣٩١ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٩ی سێپتامبری ٢٠١٢ لە  گوندی ئازادیی سەر بە شاری کۆیەی باشووری کوردستان بەڕێوە چوو.

دروشمی کۆنگرە: هەوڵدان لە پێنا ویەکڕیزیی حیزب دا بوو.

بڕیاری هەرە دیار ی ئەو کۆنگرەیە  تێکۆشان بەرەو یەکخستنی ڕیزەکانی حیزبی دێمۆکرات بوو. بڕیارەکە هەر لە سەر کاغەز مایەوە .

کاک مستەفا هیجری بۆ جاری سێهەم بوو بە سکرتێری گشتیی حیزب.

………………

کۆنگرەی ١٦ی حیزب لە ١ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٠ی فێوریەی ٢٠١٨ لە جێژنیکانی دەشتی بەرانەتیی هەولێر بەڕێوە چوو .

 کۆنگرە بە کۆنگرەی  ڕاسانی ڕۆژهەڵات ناودێر کرابوو.

هەیکەل و قەوارەی حیزب بە هێنانە ئارای گەڵاڵەیەک گۆردرا  .

کاک مستەفا هیجری بووبە لێپرسراوی گشتی

 سوپاس بۆ خوێنەران

بابەتی پەیوەندیدار

 

پێکهاتەی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەسندکراوی کۆنگرەی ١٦هەم  PDF

به‌رنامه‌ و پێڕه‌وی نێوخۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ، پەسەند کراوی کۆنگرەی شازدەهەم
کۆنگرەی ڕاسانی ڕۆژهەڵات

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی