"an independent online kurdish website"

لەگەڵ هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK لە هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە، بوونی PKK لەنێو هەرێمی كوردستان و مەترسیی هێرشەکانی کۆماری تورکیا بۆ سەر کوردستان بوونەوە باسی نەک تەنیا میدیاکان، بەڵکو هەموو دانیشتووانی هەرێمی كوردستان.

هەرچەندە هەموو دڵمان گەرمە و کاریگەری عاتیفی ئەوەمان لەسەرە کە کەسانی سیڤیل بوونەتە قوربانی، بەڵام لەم نووسینەدا، من هەوڵدەدەم، تاوەكو بتوانم، بەدەر لە کاریگەری عاتیفی، خوێندنەوەیەکی واقیعیانە بۆ کۆی رووداو و هاوکێشەکان بکەم.

بەهەڵەدا دەچین، ئەگەر بەوشێوەیە لێکیبدەینەوە ئەم ئۆپەراسیۆنانەی تورکیا پێشهاتێکی هەنووکەیین و ئامانج لێیان تەنیا لێدانی PKK یە. راستییەکە ئەوەیە کە ئەم ئۆپەراسیۆنانە هەڵقەیەکی دیکەن لە سیاسەت و ستراتیژی دوورمەودای کۆماری تورکیا، کە لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی رابردووەوە داڕێژراون و تاوەكو ئەمڕۆ دەقاودەق پیادە دەکرێن و ئامانجیان لێدان و لەنێوبردن و بێ كاریگەركردنی نەتەوەی کوردە لە سەرتاپای رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. کاتێک بەتایبەتی باس لە هێرشەکانی ئێستا دەکەین، لەسەر بنەمای ئەو هەنگاوانەی تورکیا تاوەکو ئێستا ناویەتی لەگەڵ ئەو قسانەی لە بەرپرسانی تورکیا و میدیای بندەستی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە دەیبیستین، کە نییەتی ئۆپەراسیۆنەکان ئاشکرا دەکەن، دەکرێت ئامانجەکانی ئەم هێرشانە لەم خاڵانەدا کورتبکەینەوە:

  1. دابڕاندنی باکوور و باشووری کوردستان لە یەک بە دروستکردنی کەمەرەیەک بەدرێژایی سنووری نێوان عێراق و تورکیا.

  1. گوشارخستنە سەر دانیشتووانی رەسەنی نێوان ئەو کەمەرە کە لە کورد و کریستیان و كوردی ئێزدی پێکدێن، بۆ چۆڵکردنی زێدی باوباپیرانیان.

  1. هاوردەکردن و جێگیرکردنی عەرەبی سوننە و تورکمانی سووریا، لەو ناوچەیەدا.

  1. پڕچەککردنی ئەو دانیشتووانە هاوردانە و جێگیرکردنی چەکدارانی سووری رادیکال بۆ پاراستنیان، لەگەڵ هێشتنەوەی چەند بنکەیەکی سەربازیی تورکی بۆ راهێنان پێکردن و بەرگریکردن لەو چەکدارانە.

  1. نەهێشتنی شتێک بەناوی سەروەری هەرێمی کوردستان و کۆماری عێراق، لەگەڵ لێدانی قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان و تەحجیمکردنی.

  1. دروستکردنی کێشەی ئەمنی، بگرە شەڕ و پێکدادانیش لە ئایندەدا، بۆ هەرێمی کوردستان بە جێگیرکردنی چەکدارانی رادیکاڵی سووری لەنێو خاکەکەیدا.

وەک دەبینرێت، ئامانج تەنیا PKK نییە، بەڵکو ئامانج گەلی کوردە، بە گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە و قوتکردنەوەی عەرەبی سوننی و تورکمانی سووریا و دابەشکردنەوەی خاکی پارچە پارچەکراوی کوردستان و دابڕاندنی کوردی باکوور و باشوور لە یەک، لەگەڵ گوشارخستنە سەر قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان. PKK لەم ناوەندەدا بیانوویەکە کە کۆماری تورکیا بەکاریدەهێنێت بۆ ئەوەی لەژێر ناوی “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر”دا ئەو ئامانجە مەترسیدارانەی خۆی بێنێتە دی.

کۆماری تورکیا لەسەر بنەمای دەوڵەتی نەتەوەیی تورکی دروستبووە و دەستووری ئەو وڵاتە، بەئەمڕۆشەوە، هەموو دانیشتووانی نێو سنوورەکانی تورکیا بە تورک ناوزەد دەکات. کاتێک دەوڵەتێک لەسەر بناخەی ئەوە دروستدەبێ کە هەموو دانیشتووانەکەی تورک بن، هەبوونی هەر ناسنامەیەکی جیاواز بە “مەترسی” بۆ سەر مانەوەی ئەو دەوڵەتە هەژمار دەکرێت، بێگومان لەلایەن بنیادنەران و پارێزەرانی دەوڵەتەکەوە. هەر بۆیە هەوڵی ئەوە دەدەن، بە هەموو توانای خۆیان، ئەو ناسنامەیە لەنێوبەرن. هەر واشبوو. لە ساڵی 1923ەوە کۆماری تورکیا دەستیکرد بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی لەنێوبردنی کورد لەنێوخۆی سنوورەکانیدا، بە داڕشتنی ستراتیژێکی قوڵ و سیستەماتیک، کە خۆی دەبینییەوە لە قەدەخەکردنی زمانی کوردی، گۆڕینی ناوی شار و گوند و چیا و چۆڵەکانی باکووری کوردستان، راگواستنی کورد لە زێدی باووباپیری خۆیان و گۆڕینی دیموگرافیای ناوچە کوردستانییەکان، نووسینەوەی مێژووی فەرمی و هەڵکۆڵینی کورد لەنێویدا، رێکخستنی سیستم و بەرنامەی خوێندن بەشێوەیەک کە هەموو دانیشتوویەکی تورکیا لەسەر ئەوە رابهێنرێت کە ئەو تورکە و تورکبوون جێگەی شانازییە. هەر کاتێکیش دەنگی ناڕەزایی بەرامبەر بەم ستراتیژی پاکتاوکردن و لەناوبردنە بەرزببووایەتەوە، دەنگەکە دادەمرکێنرایەوە و ئەو کەسانەش کە دەنگیان هەڵبڕیبوو دادەپڵۆسێنران. لەسێدارەدانی شێخی پیران و سەید رەزا و كۆمەڵکوژییەكانی دێرسم، زیلان و ئاگری و هەموو ئەوانیدیکە، نموونەی ئەو داپڵۆساندنانەن. کۆماری تورکیا کە ئەمڕۆ دەڵێت “ئەوانە هەڵە بوون” و “پەشیمانین” و ئەردۆغان داوای لێبووردن لە خەڵکی دێرسم دەکات، ئەو رۆژ دەیگوت، “ئێمە هەموو دانیشتووانی تورکیا بە برای خۆمان دەزانین و کێشەمان لەگەڵ کەس نییە. ئێمە تەنیا مومارەسەی مافی رەوای خۆمان دەکەین لە بەرەنگاربوونەوەی یاخی و ئەشقییەکان”. بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە کۆماری تورکیا شەڕی کوردی دەکرد لەژێر ناوی بەرەنگاربوونەوەی “یاخی و ئەشقی”، هەر وەک ئەوەی ئەمڕۆ، کە لەژێر ناوی بەرەنگاربوونەوەی “تیرۆر”دا، دووبارە شەڕی کورد دەكرێت. هاوتەریب لەگەڵ ئەم سیاسەتەدا لە نێوخۆ، کۆماری تورکیا، هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، بەردەوام لە هاوئاهەنگیدا بووە لەگەڵ ئێران و عێراق و سووریا بۆ ئەوەی ئەوانیش بەهەمان شێوە، کورد لەنێوبەرن و نەهێڵن سەر بەرزکەنەوە، نەوەک دەنگی کورد لەو پارچانە بگاتە باکوور و “مەترسی” بۆ سەر کۆماری تورکیا دروستببێت کە لەسەر بنچینەی دەوڵەتی نەتەوەیی تورکی داڕێژراوە. ئەوە لەولاوە بووەستێت کە هەرسێک لەو دەوڵەتانەش لە دوێنێوە رازیبوون، بۆ ئەو هاوئاهەنگییە و هەر چواریان، ئەگەر لەسەر هیچ شتێکیش رێک نەکەوتبن لەسەر داپڵۆسین و لەنێوبردنی کورد هاودەنگ و هاوهەڵوێست بوون. ئەم هاوئاهەنگییە، لە دوای بەهاری عەرەبی و شەڕی نێوخۆی سووریا زۆر لە جاران، بەرەوپێشتر چوو و گەیشتە ئاستێک کە تورکیا رۆڵی رابەرایەتیکردنی جیهانی سوننی بگرێتە دەست و بە سوود وەرگرتن و وەرچەرخاندنی چەکدارانی سوپای ئازادی سووریا، میلیشیایەکی رادیکاڵی سوننیگەرانە بۆ خۆی دروست بکات و پەلبهاوێژێت بۆ نێو سووریا و لیبیا و وا ئەمڕۆش هەرێمی کوردستان. بە واتایەکی دیکە، ببێتە ڤێرژنی سوننی کۆماری ئیسلامی ئێران و “شۆڕش” هەناردە بکات.

لە بەرامبەردا، بێگومان شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی کورد لە تورکیا، کاریگەری خۆیان هەبووە لەسەر بەرەوپێشبردنی دۆزی کورد لە تورکیا و ناچارکردنی ئەو وڵاتە بۆ سازشکردن لەسەر سیاسەتی فەرمیی خۆی کە لەنێوبردن و دووژمنایەتیکردنی کوردە، بەڵام گەورەترین گورز کە بەر ئەم سیاسەت و ستراتیژەی کۆماری تورکیا کەوت ساڵی 1992 بوو کاتێک دوای راپەڕینەکەی بەهاری 1991 ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە باشوور، بنیادنران. لەبەرئەوەی، ئەوە یەکەم جاربوو قەوارەیەكی کوردی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروست ببێت، کورد ئەگەر بە دیفاکتۆش بێت، ببێتە خاوەنی ستاتوویەک، ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی چاوی کوردی باکووریش باشتر بکرێتەوە و بە دەنگێکی بەرزتر داوای مافی خۆیان بکەن. ئامانجی تورکیا لەنێوبردنی ئەم قەوارەیەی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام سێ هۆکاری سەرەکی هەبوون کە نەیتوانی بگاتە ئامانجەکەی:

  1. پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ دۆزی کورد لە عێراق، لەوکاتەدا، کە فەرەنسا رابەرایەتی دەکرد.

  1. کاریگەریی تورگوت ئۆزال، لەوکاتەدا، لەسەر سیاسەتی تورکیا، کە بۆ خۆی بە رەچەڵەک کورد بوو و بە شایەتی سەرکردەکانی هەرێمی كوردستانیش رۆڵی بینی لەوەی تورکیا کەمترین زیان لە قەوارەی هەرێمی كوردستان بدات.

  1. ئەو سیاسەتە ژیرانەیەی هەرێمی کوردستان دایڕشت بۆ رێکخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی هاوسێ و لەوچوارچێوەیەشدا لەگەڵ تورکیا.

لەسەر خاڵی سێیەم، پێویستە زیادتر بڕۆم و روونکردنەوە بدەم. کاتێک تۆ بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕبیت و بە شاخەوە خەباتی چەکداری بکەیت، دەتوانی شەڕی زیاتر لە دەوڵەتێک بکەیت، لە یەک کاتدا. لەبەرئەوەی ئەو خەباتەی تۆ خەباتی پارتیزانییە و بەرپرسیارییەتییەکانت سنووردارن و کەمتر خەمت هەیە. بەڵام کاتێک دابەزیت بۆ نێو شار و فۆرمێکی بەڕێوەبردنت پێکهێنا و بووی بە حکومەت، بەرپرسیارییەتییەکانت زیاد دەکەن و سنوورێکت دەبێ کە دەبێت بیپارێزیت، هەم خەڵکێکت دەبێت کە ناچاری ئەمنییەت و بژێوییان بۆ دابین بکەیت. هەرێمی کوردستان ئەم راستییانەی لەبەر چاو بوو، زۆر باشیش سیاسەت و ستراتیژی کۆماری تورکیای خوێندبووەوە کە بریتییە لە دووژمنایەتیکردن. هەر بۆیە، ستراتیژی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ تورکیا لەسەر بنەمای ئەوە داڕشت کە دووژمنێک (دەوڵەتێک کە سیاسەتی فەرمیی دووژمنایەتی کردنتە) وەرچەرخێنێت بۆ دۆست، یان هیچ نەبێ بتوانێت خۆی لە شەڕی ئەو دووژمنە بپارێزێت. ئەمەش بە مانای دانیشتن و دانوستاندن دێت لەگەڵ تورکیادا؛ دانوستاندنێک کە تۆ تێیدا لایەنە بێهێزەکەیت کە تازە لە دایکبوویت و هەزار و یەک کەموکورتی و کێشەی نێوخۆییت هەیە، بەرامبەرەکەشت دەوڵەتێکی بەهێزی خاوەن ئەزموونی دەوڵەتداریی 500 ساڵی و سوپایەکی گەورەیە و ئەندامی هاوپەیمانییەتی ناتۆیە. ئەگەر لە من بپرسن، هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەو ناهاوسەنگییەشدا، هێشتا باش کارتەکانی بەکارهێنا و کەمتری داوە لەوەی سەندوویەتی. میعمیاری ئەم سیاسەتە خودی سەرۆک مام جەلال و سەرۆک بارزانی بوون و هەرچەندە جاروبار گۆڕانکاری کاتی و بەند بە بارودۆخەوە، دروست بووبێتن تاوەكو ئەمڕۆش هەر پارتی دیموکراتی كوردستان و یەکێتی نیشتیمانی كوردستان درێژەپێدەری سیاسەتەکەن. دەبێ ئەوەش بڵێم کە هەر پارتێکی دیکە لە جێگەی ئەوان بووایە دەبووایە هەر ئەوەی بکردایە، راستتر وایە بڵێم، باشترین بژاردەی هەر ئەوەی دەبوو، پێگەی جیۆپۆلیتیکی کوردستان و واقعی سیاسەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رێگە بە لەوە زیادتر نادات. بۆ ئەوەی روونتر بێت؛ ئەگەر سبەی PKK بۆ خۆی لە باکووری کوردستان بتوانێ هەرێمێک کۆنترۆڵ بکات و حکومەتێک دابمەزرێنێت، هەر ناچار دەبێت لەگەڵ تورکیا دابنیشیت و دانوستاندن بکات و رازیبێ بەوەی چەند دەستێنێت، دوو هێندە بدات. لە نموونەی رۆژئاواشدا ئەوەمان بینی کە لە سەرەتای 2014 ەوە پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD چەند جار لەگەڵ تورکیا دانیشت و ناچاربوو هەوڵی دانوستاندن بدات. تەنانەت لەکاتی هێرشەکانی تورکیاش بۆ سەر سەرێکانی و گرێسپی، خودی جەنەرال مەزڵوم کۆبانێ لەڕێگەی دۆناڵد ترەمپەوە پەیامی بۆ ئەردۆغان نارد و ئامادەیی دەربڕی بۆ دانوستاندن. ئەمەش هیچ نەنگییەکی تێدا نییە، لەبەرئەوەی ئاشتی لەگەڵ ئەو کەسەدا دەکرێت کە شەڕت لەگەڵی هەیە، ئاشتی لەگەڵ دۆستدا ناکرێت، چونکە خۆی دۆستتە.

دووەم گورزی گەورە کە لە سیاسەت و ستراتیژی دژەکوردی تورکیا کەوت، دەستکردنی کورد بوو بە کاری سیاسی لەنێوخۆی تورکیادا، ئەویش بەو پرۆسەیەی بە چوونە نێو پەرلەمانی لەیلا زانا و هاوڕێیەکانی دەستی پێکرد و ئەمڕۆ گەیشتووەتە پارتی دیموکراتی گەلان HDP. ئەم رەوتە سیاسییە میانڕەوە، کە میتۆدە مەدەنییەکان بەکاردەهێنێت، پێش هەموو شتێک بووە هۆی ئەوەی دەنگی کوردی باکوور لەژێر یەک چەتردا کۆببێتەوە، کە لە یەکەم هەڵبژاردنی تورکیاوە لە 1946 دا تاوەكو دەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی ئەم رەوتە تەواو پەرتەوازە بوو و بەسەر پارتە تورکییەکاندا دابەش ببوو. دوای ئەوە توانی فەرهەنگی کورد بوون و ناسنامەی کوردی لای تاکی کورد لە باکوور زیندوو بکاتەوە. بێجگە لەوەش بە زمانی سیاسەت کۆمەڵگەی تورکی تێگەیاند کە بە راستی کێشەیەک هەیە لەو وڵاتەدا کە کێشەی کوردە و کورد خاوەنی دۆزێکە. ئەوەبوو لە ساڵانی 2011 بۆ 2015 بینیمان حکومەتی تورکیای هێنایە ژێر بار بۆ دانوستاندن لەگەڵ PKK.

دوایین گورزیش کە بەر سیاسەت و ستراتیژی فەرمیی دژەکوردی تورکیا کەوت خەباتی گەلی کوردبوو لە رۆژئاوا لەگەڵ درووستبوونی ئیدارەی خۆسەری. لەگەڵ ئەم پێشهاتەدا کورد لە پارچەیەکی دیکە ئازاد بوو و قەوارەیەكی سیاسیی دیکەی کوردی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروستبوو. ئەمەش ئەوەیە کە تورکیا لێی دەترسێ و بە مەترسی بۆ سەر مانەوەی خۆی دەیبینێت. زیاتر لەوە، ئەو قەوارە سیاسییە شەڕێکی گەورەی بەرامبەر بە تیرۆر بردەوە و سەرنجی جیهانی بۆ خۆی راکێشا و گەیشتە ئاستێک کە پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و فیدراسیۆنی رووسیا دروست بکات و جۆرێک لە رەوایەتی نێودەوڵەتی بۆ خۆی بستێنێت. ئیدارەی رۆژئاواش هەر لە سەرەتاوە هەوڵیدا ئەو سیاسەت و ستراتیژە لەگەڵ تورکیا پەیڕەو بکات کە هەرێمی کوردستان لە سەرەتای نەوەتەکانەوە پیادەی دەکات و لەگەڵ کۆماری تورکیا لەسەر مێزی دانوستاندن دانیشت. دووان لەو سێ فاکتەرەی ساڵی 1992 هاوکاریی هەرێمیان کرد بۆ ئەوەی بتوانێ لەو ستراتیژەیدا تاوەكو رادەیەک سەرکەوێت، بۆ رۆژئاواش هەر هەبوون؛ پشتگیری نێودەوڵەتی و خواست لە سەرکردەکانی رۆژئاوا بۆ پەیڕەوکردنی ئەو سیاسەتە، بەڵام سێیەمیان نەک هەر غایب بوو، بەڵکو پێچەوانەکەی راست بوو. لە ئەنقەرە لەجیاتی تورگوت ئۆزال، رەجەب تەییب ئەردۆغان لەسەر کورسی دەسەڵات دادەنیشت. ئەردۆغان لە سەرەتادا خۆی وەک باوکی پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی تورکیا و فراوانکردنی ئازادییەکان و چارەسەری کێشە بە گانگرینبووەکانی تورکیا دەرخست، بەڵام لە ناخیدا هەڵگری دەمارێکی نەژادپەرستی تورکی ئیسلامی بوو، ئەو تاكتیكەی بەكارهێنا بۆ ئەوەی بەتەواوی هەموو جومگەکانی دەسەڵات لە تورکیا بگرێتە دەست. مستەفا کەمال ئەتاتورکیش کە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم ماسکێکی پۆشی و پەیمانی بە کورد دا کۆمارەکەی کە بنیادی دەنێت دەوڵەتی هەردوو نەتەوەی کورد و تورک بێت، تاوەكو ئەوکاتەی دەسەڵاتی رەهای گرتە دەست و دواتر هەموو ئەوانەی لەسێدارەدا کە ئەو پەیمانەی پێدابوون. بە پێچەوانەی ئۆزالەوە، ئەردۆغان توركیا بەهەردوو دەست باوەشیکرد بە سیاسەتی لەنێوبردنی ئەو قەوارە کوردییەی لە رۆژئاوا دروستبوو. ئەم پێشهاتانەی دووایش کە کوردی رۆژئاوا دانوستاندنیان دەستپێکردووە و هەنگاو بەرەو یەکخستنی نێوماڵی کورد دەنێن لە رۆژئاوا، هێندەی دیکە حكومەتی توركیای توڕەکرد و ناچاری کرد تووڕەتر سیاسەتەکانی پەیڕەو بکات.

شەڕی کۆماری تورکیا، لە چوارچێوەی ستراتیژە دوورمەودا دژەکوردەکەی، ئەمڕۆ بەرامبەر بەم سیانەیە: هەرێمی کوردستان لە عێراق، پارتی دیموکراتی گەلان لە تورکیا و ئیدارەی خۆسەریی رۆژئاوا لە سووریا. لەو نێوەندەدا، PKK بیانوویەکە بەدەستی تورکیاوە، بۆ ئەوەی رەوایەتی بداتە هێرشەکانی و بیکاتە پەردەیەک بۆ شاردنەوەی ئەو نیازانەی هەیەتی، کە بریتین لە دابڕدنی کورد لەیەک لەگەڵ گۆڕینی دیموگرافیای کوردستان و پەلوپۆكردنی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی گەلان و ئیدارەی خۆسەریی رۆژئاوا. بە دووریشی مەزانن، هەر وەک چۆن لە نەوەتەکاندا، هاوشانی ئێران، لە هەرێمی كوردستان دەیکرد، ژێر بە ژێر هەوڵی هەڵگیرساندن و خۆشکردنی شەڕی نێوخۆ لەنێوان هێزە کوردییەکاندا بدات و کورد بە دەستی کورد بکوژێت و دواییش لە ئەنقەرە کۆیان بکاتەوە بۆ ئەوەی “ئاشت”یان بکاتەوە.

لەم ناوەندەدا، پێش هەموو شتێک پێویستە هەموو کورد زۆر باش ئەم راستییە ببینن و نیازی کۆماری تورکیا بخوێننەوە، هەڵنەخڵەتێن بەو مەکینەی پڕوپاگەندیەیەی کۆماری تورکیا کە لە لایەکەوە بە فەرمی بە زمانی تورکی دەیکات و لە لایەکی دیکەشەوە بە نهێنی بە کوردی بە گوێی هەموو دانیشتیوانی هەرێمی كوردستاند دەچرپێنێت. دوای ئەوە، پاراستنی یەکڕیزی کورد و بنیادنانی یەکێتی نیشتیمانی و نەتەوەیی گرنگترین هەنگاوە بۆی بنرێت. پێویستە لە بەرامبەر نەیارەکانماندا هەموو جیاوازییەکانی نێوان خۆمان وەلابنێین و یەکبگرین، ببینە یەک دەنگ و یەک رەنگ و یەک هەڵوێست. ئەمە مانای ئەوە نییە، لە نێوخۆدا فرەڕەنگی و دیموکراسییەتمان نەمێنێت، یان یەکێک بچێتە ژێر بار بۆ ئەویدیکە. پێویستە ئەو فرەڕەنگی و فرەدەنگی و ئەزموونی دیموکراسییەتەی لەنێوخۆ هەمانە برەوی پێبدەین و بواری ئازادییەکان فراوانتر بکەین، بەڵام کاتێک مەسەلە هاتە سەر مامەڵەکردن لەگەڵ نەیارەکانمان، هەموو یەک بگرین. دەوڵەتی ئیسرائیل جوانترین نموونەی ئەم ستراتیژەیە، کە باسیدەکەم. وڵاتێکی بچووک، کە لە نێوخۆی خۆدا دەیان پارتی سیاسیی تێدایە و تاوەكو دوا هەناسە کێبڕکێ دەکەن و لەسەر هیچ شتێک رێكناکەون، خاوەنی سیستمێکی سیاسی و حوکمڕانی تا بڵێی داینامیکن، بەڵام کاتێک مەسەلە دێتە سەر رووبەڕووبوونەوەی نەیارەکانیان، هەموو یەک دەنگ و یەک رەنگ و یەک هەڵوێستن. کورد پێویستە ئەم ستراتیژە پیادە بکات. لەو چوارچێوەیەشدا، هەموو پارت و لایەنە کوردییەکان، کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی قابیلی قبوڵن، لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەتییەکی نیشتیمانیی نەتەوەیی کوردستانیدا کۆببنەوە و تواناکانیان یەکخەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەیارەکانی کورد و قایلکردنیان بە دانوستاندن، جا ئەوکات، لەو یەکێتییەوە هێزمان دەستدەکەوێت بۆ ئەوەی لەو دانوستاندنانەدا زۆر بسەنین و کەم بدەین. لەو دوو هەنگاوەش گرنگتر ئەوەیە، کە ئیدی PKK دەست لە خەباتی چەکداری هەڵگرێت و بوارێک بکاتەوە بۆ کورد، بە هەرێمی كوردستان و HDP و رۆژئاواشەوە، تاوەكو بتوانن لە رێگەی سیاسەت و دیپلۆماسییەت و لۆبیکارییەوە هەوڵی بەدەستهێنانی مافە رەواکانی کورد بدەن، نەک بەهانە بداتە دەست نەیارانی کورد، بە بیانووی ئەوانەوە لە کورد بدەن. روونە کە ناتوانین ئەم شەڕە بە خەباتی چەکداری ببەینەوە. نیشتیمانێکی بە خاک دەورەدراو کە سنوورەکەی لەگەڵ چوار دەوڵەتی نەیاردایە، ناتوانێ بە کڵاشینکۆفەوە شەڕی ئەو چوار دەوڵەتە بکات و لێیان بەرێتەوە کە هەر چواریان خاوەنی سوپای زەبەلاح و میلیشیای تووندڕەوی لابەلان و پەیوەندی نێودەوڵەتی بەهێز و بەرژەوەندی ئابووری گەورەیان هەیە.

سەرچاوە:  روداو

نویترین هەواڵ و بابەت