"an independent online kurdish website

بێ دەنگی و نەبوونی گۆتاری نەتەوەیی سەبارەت بە وەرمێ و چەند شار و ناوچەیەکی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێگوومان دەرفەتی مەترسیەکە زۆر زیاتر لەوەی هەیە دەکات

و ناکرێ هەر بێ دەنگ و خۆمان لەو باسە گرینگەی ڕۆژ بپارێزین. ئەوە جاری یەکەم نیە تورکەکان بە هاوکاری و پشتیووانی حکوومەتی تاران هەوڵی شێواندن و سنوور بەزاندنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدەن و دواجار بە پیلانێکی لە پێشدا بەرنامە بۆ دانراوە هەوڵی گۆڕینی تابلۆی مێژووی بۆزی سینا لە ناوچەی مەرگەوەریان دەست پێکرد. بەڵام هاتنە مەیدانی چین و توێژە گەلیەکانی ورمێ و دەورووبەری و بەشداری ڕێکخراوەمەدەنیەکان، بۆ جارێکی تر تابلۆیەکەینا جێگیرکردەوە. ئەو شوێنەی تورکە دژە کورد هەوڵی دانانی تابڵۆیەکی نامۆیان دەست پێکردبوو، بێگوومان ڕاگەیاندنی شەڕە بە دژی خەڵکی کوردستان.

لێرەدا قسەیەك لەسەر ورمێ وەك  شارێکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندانیە، چوونکی ئەو شارە  لە قووڵەی خاکی کوردستاندا هەڵکەوتووە و بە ناوگۆڕینی تابڵۆیەك یان هێمایەك و چەند ناوی مێژووی ناکرێتە مڵك و خاکی تورکە دژ بە کورد و شوناسی سیاسی و نەتەوەی یان پێ ناگۆڕێت و ئەوەی ئەو گرۆپە بە هاوکاری دەسەڵاتی تاران دەیکات، بابەتێك نیە بە سادەی سەیربکرێ و لە بەرامبەریدا بێ هەڵوێست بین.

هەڵوێست و کۆدەنگی خەڵکی خۆڕاگرو تێکۆشەری ورمێ‌ و ناوچەی مەرگەوەڕ و دەورووبەری و ڕێکخراوەمەدنیەکان بەدژی گۆڕینی تابڵۆی “بۆزێ سینا” زۆر بوێرانە و شۆڕشگڕانە بەرامبەر بەو پیلان گێڕیەی ڕێژیمی تاران دەرکەوت و بە دڵنیایەوە کاریگەری گەورەی لە سەر وشیاری و کۆدەنگی نەتەوەی لە دەڤەرەدا بە دوایخۆیدا هێنا.

وێڕای پشتیوانی کردن لە هەنگاوی بوێرانە و نەتەوەیان و دەست خۆشی پێگووتن، ئەرکی هەرتاکێکی کوردە هاوپشتی یان بۆ ئەو بزووتنەوە جەماوەریە دەربڕن و ڕێگا بە تورکی فاشیست نەدرێت غەدری ترمان لێبکەن و بۆ جارێکی دیکە بەشەڕ غەدرێکی تری سیاسی و مێژوویمان لێ بکەن و خاك و دیمۆگرافیا نەتەوەی مان بخەنە سەر خۆیان.  ڕێژیمی دژی گەلی ئێران لە شاری نەغەدەش دەستی بەو پیلان گێریەکردوە و بەشێك لە لەوەرگەی گشتی خەڵکی دەڤەرەکانی بەناوی تورکە هاوردەکان کردوە و کراونەتە خاوەنی قەباڵەی مەڵك و دۆنمی زۆیان بە نێوکراوە. بێگوومان ئەو هەنگاوانە زۆر مەترسیدارن کە ڕێژیمی بە هێواشی بە دژی کورد و نەتەوەی بوونی خاکی کوردستان دەستی پێکردوە.

هاتنە مەیدانی ڕۆڵەکانی کورستان لە  دەڤەری ەرمێ دا بێگومان هەوڵە چەپەڵەکانی دژ بە کورد بە تەواوی تێک دەشکێن درێن و داگیرکەری فارس و توکی دژە کورد بە مەبەستە گڵاوە کانیان ناگەن و کوردستانی بوونی ئەو شارو ناوچانە بە چەند دانە زۆڵە تورکێك ناگۆڕێت.

دەسەڵاتی تاران کە سیاسەتێکی بەتەواوی دژ بە نەتەوەی کورد پەیڕەو دەکات، ئەوە بۆ جاری یەکەم و بەڵکو دواجاریش نابێت هەوڵی گۆڕینی ناوی شار و ناوچەکان دەدات و ئەوەی تا ئێرە کردویانە، بەدڵنیایەوە نیشاندانی دوژمنایەتی هاوبەشی تورك و فارسە بە دژی گەلی کورد و بزووتنەوەی سیاسی. بۆ داگیرکردنەوەی کوردستان و قەتڵوعامی خەڵکی کوردستان تورکەکان بە ڕێنوێنی “مەلا حەسەنی ” ڕۆڵی گەورەیان لە شەهید و بریندارکردنی خەڵکی مەدەنی و سوتاندن و وێرانکردنی گوند و ڕەز وباغ و لەوەرگەی هاووڵاتیانی کوردستاندا هەبووە. ناکرێت بە هیچ جۆرێك پشتمان بە تورك و فارس گەرم بکەین، هەر چۆنێك سیاسەت بکەین، دواجار ئەوان بەیەکەوە دژی داخوازیەکانی گەلی کورد و داگیرکردنی کوردستان یەك دەگرن، هەربۆیە با بەڕاشکاوی لەسەر سنوور و سەراوەردە جوگرافیەکان بدوێن و شەو ڕۆژ لەو پەیوەندیەدا بەرچاو ڕوونی  و وشیاری شیاو بخەینە بەرچاوی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. پێشەوای مەزن لە سەردەمی راگەیاندنی حکوومەتی کوردستاندا، سازشی لە سەر سنووری کوردستان نەکرد و لەوەش دوورتر بڕۆین، سمکۆی شکاك بەو پەڕی بوێری و مەردایەتیەوە بە فارس و تورکە کانی سەلماند کە ورمێ شارێکی بەتەواوی کوردستانیەوە هەر لەوکاتەشدا ڕێزی لە  سەرجەمی دانیشتوانەکەی دەگرێت و ئەو تورکانەش کە نی شتەجێی ئەوێن، هەموو مافێکیان پارێزراو دەبێت. کەوابوو بەڵگە سیاسی و میژوویەکانیش، نەسلی ئێمە ئەرکدار دەکەن، کە لەو بارەوە بێینە سەر خەت و ڕێگا نەدرێت ئەو سیاسەتە دەرفەتی گەشەکردنی بۆ بڕەخسێت بە دژی گەلە کەمان.

وەختی خۆی ڕێژیمی ئاخوندی ویستیان ناوی کرماشان بگۆڕن ، بەڵام بە هۆی یەك هەڵوێستی و هاوپشتی نەتەوەی شکەستیان بە نیازی چەپەڵی تاران هێنا و پیلانەکەیان بە زووی گۆڕکرا.

کاتی ئەوەی هاتووە هێزەکانی ئەو بەشەی کوردستان سەبارەت بەو مەترسیانەی کە لە سەر شوناسی نەتەوەی ورمێ و چەند شارێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەستیان پێدەکرێت، هەڵوێستی ڕوونیان هەبێ و ئەرکی پێشەنگی خەباتی سیاسی و نەتەوەی خۆیان بەڕێوە بەرن و خۆیان لێ بێ بەری نەکەن.

سیاسەتی شەرمێوانەی حیزبەکان لەو پەیوەندیەدا زیان بە هەڵکەوتووی و کوردستانی بوونی ئەو شار و دەڤەڕانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگەیەنێت کە ڕێژیمی ئاخوندی ئێران بە هاوبەشی لە گەڵ تورکەکان بە دژی شێواندن و تێکدانی دێمۆگرافیای بەشێکی گرینگی کوردستان دەستیان پێکردووە.

ئەگەر بە ڕاشکاوی سەبارەت بە هەڕێمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سیاسەتی خۆمان بخەینە ڕوو خزمەتێکی گەورە بە بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەی دەکەین و نابێت نیگەرانی ئەوەبین کە دۆخە کە بەرەو ئاڵۆزی بچێت، ئەگەر ئەمڕۆش خۆی لێ پشت ئاو بکەین، بێگوومان سوود بە بزووتنەوەی سیاسی نەگەیەنین و تورك و فارس زیاتر دەرفەتی پێشڕەویان بە رەو تێکدانی سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پێك دێت.

لە هەر شوێنێک کەمینە و پێک هاتەی تر لە شارێك یان چەند گوند و ناوچەدا بوویان هەبێت و بژین، هیچ بەو مانایە نیە کە ئەو شوێنە بەشێك نەبێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، بەڵکو گەلی کورد وێڕای ڕێزگرتن لەمافی کامینەکان، باشترین مۆدێلی پێکەوە هەڵکردن و پێکەوە ژیانی پێشکەش کردوە و بەتەواوی مافی ئەو پێك هاتەی سەلماندوە کە لە کوردستان نیشته جێن و دەژین.

خەریکە مەترسیەکان بە پشتیوانی و کارئاسانی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئاخوندی بۆ سەر ورمێ و ناوچە گرینگەکانی تری زیاتر پەرە دەستێنێ و لازمە زۆر شێلگیرانە لەو پەیوەندیەدا بێینە سەر خەت و بەرچاو ڕوونی شیاو لەو بارەوە بڵاو بکەینەوە.

هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە نێویشیاندا حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران کە خاوەنی پێگەو نفوزی سیاسی و جەماوەریە لەو هەرێمە گرینگ و ستڕاتیژیەی ڕژۆهەڵاتی کوردستاندا، لازمە لەو پەیواندیدا هەڵوێست بگرێت و چارەنووسی کۆمەڵێك شار و ناوچەی تر بە نادیاری نەهێڵینەوە.

قسە لەسەر کوردستانی بوون و هەڵکەوتووی سیاسی و جوگرافیای ورمێ ناکەین و ئەوەی بەلای منەوە زۆر گرینگە تیشکی بخڕێتەسەر لەو چەند ساڵەی ئاخیردا،گێچەڵ و پیلان گێڕیەکانی پشتی ئەو سەنارۆ نامۆ و دژ بە کوردن کە بەدیاریکراوی بە دژی شێواندنیی ورمێ و شارو ناچەکانی دەنرێن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.

ڕاستە لەو شارە کوردستانیەدا تورکەکان دەژین و  مێژووی کۆچکردنیان بە پیلانی داگیرکەرانی کوردستان زیاتر بۆ سەردەمی پێش  خەبات و تێکۆشانی سمکۆی شکاک دەگەڕێتەوە و لەو کاتەدا دەسەڵاتی تاران هەوڵیدا بەو ڕێگایەدا مەترسی لە سەر کوردستانی بوونی ورمێ و شارەکان تری کوردستان دروست بکات بۆ ئەو مەبەستەش زۆر جاران تورکەکانیان بە گژ کورددا کردوە و شەڕ ڕوویداوە و ئەوانیش کەمتریان لە فارس  بە دژی کورد جنایەت ئەنجام نەداوە .

بەداخەوە دەسەڵاتی شا و ئاخوندی دەرفەتی شیاویان بۆ ئازەریەکان ڕەخساندوە کە بە ئارەزوی دڵیان هێرش بکەنە سەر سەمبوول و هێما نەتەوەیەکانی گەلی کورد و لە زۆر شوێنی کوردستاندا دەرفەتی جێگیربوونیان بۆ ڕەخساندوون.

دیارترین هەنگاوی لەو چەشەنەی ڕێژیم و تورکە  شۆڤێنی و دژبە برایەتی و دۆستایەتی کورد و گەلی ئازەری بێگۆمان ڕۆڵی گەورەیان لە دانانی تابڵۆی ” بۆزێ سینا” دا گێڕا و بە نیەتی قووڵکردنەوە ناکۆکیەکانی ئەو دوو گەلە ئەو کارەیان ئەنجامداوە و دەنا خۆشیان ئەوە باش دەزانن کە نابێت لەوێ دەست کاری هێمانەتەوەیەکان بکرێت. وەك ئەوەی وایە ڕۆڵەکانی گەلی کورد بڕۆن بە بەرزایەکانی نزێك لە شاری تەورێز ناوی تابڵۆکان بۆ کوردی بگۆڕن، ئیدی کارێکی لەو چەشنە جگە لە گێچێڵ فرۆشی و ڕاگەیاندنی شەڕ ناکرێت ناوێکی تری لێ بنرێت.

محەممەد سلێمانی

19.07.2020

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی