"an independent online kurdish website

لەم سەردەمەدا، لە زیـرەکی و رەوشـت باشی و لە هەڵسوکەوتی دروسـتی کۆمەڵایەتی منـداڵان، وەکو نموونە، ئاماژە بە بلـیمەتی و زیرەکی منداڵانی ژاپـۆن دەکرێ.

نیهـێنی و هـۆێ سەرەکیش لە پشتی ئەم راستییەوە، بۆ پەروەردەکـردنێکی دروست و رێنـمایی و ئاراستەکـرنێکی راسـت و بـوونی پەیـڕۆ و پـرۆگرامێکی تۆکمەی پەروەردەیی نوێ و بۆ سستەمێکی  سەرکەوتووی فـێرکردنی منـداڵانی ژاپـۆن دەگەڕێتەوە.

فێرکردن لە زمانی ژاپـۆنیـدا، لە دوو پیت پێکهاتـووە (كیو – ئیكۆ) واتاكانیشیان ئەمانە دەگەیەنن (كیـو) واتە چاولێکـردن لە کاری کەسانی تر، ئەمەش بنەمای فـێرکرنە. پیتی (ئیكـۆ) بە واتا پـەروەردەی منـداڵ. ئەم دوو پیـتە، گوزارشتن لە بنـەما و لە گەوهـەری پـرۆسەی فـێرکردن لە ژاپـۆنـدا.

ژاپۆنییەکان پەروەردەی منداڵان، لەگەڵ پێگەیانـدنی رووەک و درەختدا بەراورد دەکەن. وەکو چۆن رووەک پێویستی بە خواردن و ئاودان و پەرچکردن و خزمەتکردن هەیە بۆ ئەوەی بـڕسكێ و پێـبگات و بەربـدات.. پـەروەردەکرنی منـداڵانیش هەر بەم شێوەیەیە.

ژاپـۆنییەکان لە فـێرکردنی منداڵەکانیان، تەنیا پشت بە قوتابخـانە و بەو زانیارییانە نابەستن کە لە پەرتووکەکانی خوێندنی قوتابخانەدا هەن. بەڵکو فـێری زانیاری گشتی و چەمکەکان و هەڵسوکەوت و رەفتاری پەسەنـدی کۆمەڵایەتی و رەوشتی جوان و رێز و خۆشەویستی و هـاوکاری و ماڵـداری و کارکردن لە کارگـەکان و داهـێنانیان دەکەن. بۆ ئەوەی زیـرەکبن و بتوانن گەشە بە بەهـرەکانیان بکەن و پێشبکەون. تا ببن بە مرۆڤی سوودبەخش بۆ خۆیان و بۆ کومەڵگاکەیان. ئامانجی سەرەکی ژاپـۆن لە پەروەردەکردن و فێرکردنی منداڵەکانیان، ئەوەیە کە لە هەموو بوارەکانی ژیانـدا فـێرببن و دانـەمێنن.

ژاپـۆن لە پەروەردەکردن و فـێرکردنی منداڵەکانیانـدا، پەیڕەوی پرۆگرامێکی فـێرکردنی تەوای بەیەکەوە بەستراو دەکەن. پشت بە ستراتیژیایەکی پەروەردەیی بەهـێز دەبەستن. منداڵانی ژاپـۆن لە هەموو بوارەکاندا، لە میانەی بیـنـین و بەشـداریکردنی کرداری و بە تاقـیکردنەوەی زانیاری و بە یـارییەوە، زانستی گشتی فـێردەبن و وەريان دەگرن، زیاتر لەو زانیارییانەی کە بە وشکی و تەڵـقـین و تـووتی ئاسایی و راڤـەکـردن  فـێریان دەبن. لە ژاپـۆندا، مامۆستاکان بە شێـوازێکی گـشتی و هەمیشەیی، لە قوتابییەکانیان دەگەڕێن و وا فـێریانـدەکەن وا رایانـدەهـێنن، کە پـشت بە تواناکـانی خۆیان ببەستن و بـیر و هـۆشی خۆیان بەکاربهـێنن، پێکەوە و بە هـاوڕایی ئەو گـرفـت و کێشانەی دێنە رێیان چارەسەریان بکەن. ئەمەش دەبێتە هۆی پێگەیاندنی نەوەیەکی متمانە بەخۆی دانەماو.

شێوازی فـێرکردن و راهـێنانی منداڵان لە ژاپـۆندا، بە تەواوی جیاوازە لەگەڵ شـێوازی فێرکرنی منداڵان لە وڵاتانی تری جیهانـدا. ژاپۆنییەکان منداڵەکانیان وا پەروەردە دەکەن و رایانـدەهێنن و فـێریان دەکەن، کە ببن بە خاوەنی ئەقـڵيیەتێکی داهـێنانەی هاوچەرخ. هەردەم بیر لە داهـێنان و نوێخوازی بکەنەوە. کە ئەمڕۆیـان باشتر و پێشکەوتووتربێ لە دوێنـێـیان، سبەینێـشیان لە ئەمڕۆیـان، باشتر و پێشکەوتـووتـربێت.

لە ژاپۆندا، شتێکی تر نییە کە لە فـێرکردن و پەروەردەکردنی منداڵەکانیان گرنگتر بێت. ئەم دەستوورەشیان وایکـردووە، کە گەلی ژاپـۆن، جیاوازبێ لەگەڵ گەلانی تری هـەبێ.

گەلی ژاپـۆن بەوە ناسراوە، کە گەلێکی رێکوپـێکـن و لە هەموو بوارەکانـدا، چالاکـن و کارکردنیان خۆشدەوێ و هـاوکاری یەکتری دەکەن و هـۆگری تاقـیکردنەوە و داهێنان و نوێخوازین و هەرگیز کات بە فيـڕۆنادەن، رێـز لە مرۆڤ و یاسا دەگرن، ژینگەپـارێزن، نیشتمانەکەشیان زۆر خۆشدەوێ. ئەمانە و چەندین خەسڵەتی تر لە ژاپـۆنییەکانـدا هەن.

ئەم خەسڵەتە جوان و ئەرێنییانەیان و پێشکەوتنیان لە هەموو بوارەکاندا، وایکـردوون، کە گەلێ کەس جەخـت لەسەر ئەوە بکەنەوە، کە ژاپـۆن ئەستـێرەیەکی تـرە، نەک ئەم ئەستـێرەیەی کە ئێـمە لەسەریـدا دەژیـن.

ژاپـۆنییەکان دەستووری پەروەردە و فـێرکردنیان، بە شکـۆیـەکی گەورەی نیـشـتمانی وڵاتەکەیان دەزانن. پەیـڕە و پـرۆگرامەکانی فـێرکرن و پەروەردەکردنیان بە شێوازێکی شارستانی داڕشتوون و بە کرداریش پەیڕەوی دەکەن و بەکاری دەهێنن. مامۆستاکانیان بە تازەتـرین رێبـازی فـێرکردن و وانە وتنەوە، قوتابییەکانیان فـێردەکەن. هەر ئەمەشە وایکردووە، کە قوتابیانی ژاپۆن لەچاو قوتابیانی وڵاتانی تری جیهان، ئاستێکی زانیاری باڵاتریان هەبێ.. دەستووری فێرکردن و خۆێندنیشیان بە پێی قـۆناغەکان بەم جۆرەیە:

١ـ قوتبخانەی سەرەتایی (٦) ساڵه‌، له‌ پۆلی یه‌كه‌مه‌وه‌ تا پۆلی شه‌شه‌مە.

٢ـ قوتابخانەی ناوەنـدی (٣) ساڵە، لە پۆلی حەوتەوە بۆ پۆلی نۆیـەمە.

٣ـ قوتابخانە ئامادەیی (٣) ساڵه‌، لە پۆلی دەیەمەوە بۆ پۆلی دوانـزەیەمە.

٤ـ خوێندنیش لە زانکـۆکانـدا (٤) ساڵه‌.

منـداڵ لە تەمەنی (٦) ساڵانـدا دەچێ بۆ قـوتابخـانە. رێـژەی منـداڵانی تۆمارکـراو لە قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی (١٠٠%) واتە هێچ نەخوێندەوارێک لە ژاپۆندا نییە.

خوێندن تا تەمەنی (١٥) ساڵان، واتا تا تەواکردنی پـۆلی سێیەمی ناوەندی بە ناچارییە.

لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییشەوە تا تەواوکـردنی پـۆلی سێیەمی ناوەنـدی نادەرچـوون (مانه‌وه‌) نییە و هەموو قوتابییەکان ئەوانەی ئاست نزمیش بن، دەردەچەن و نامێننەوە.

قـۆناغی قوتابخانەی ئامادەیی بە ناچاری نییە.. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، رێـژەی قوتابیانی تۆمارکـراو لە قوتابخـانە ئامادەییەکانی ژاپـۆنـدا، لە (٩٨%) زیاتـرە.

ماوەی خـوێنـدن لە کاژێـڕی (٨) ی به‌یانیـیه‌وه‌ بۆ کاژێـڕی (٤) ی دوای نیـوەڕۆیە.

لە قوتابخانەدا، مامۆستاکان و قوتابییەکان، هەمـان خـواردن پێکەوە دەخـۆن.

هەموو ساڵێکیش خوێندن لە مانگی گوڵان “ئەپـریل” دەستپێدەکات. رۆژی کردنەوەی قوتابخانە. لە ماڵان و لە قوتابخانەدا، لای ژاپۆنییەکان وەکو رۆژی جـەژنە وایە.

قوتابیان ژاپـۆن سوودێکی زۆر لە تەکـنەلـۆژیای تـازە وەردەگرن، لە زۆربـەی قوتابخانەکانەکانیاندا تـۆڕی ئینتەرنێت هـەیە سوودێکی زۆری لێوەردەگـرن.  

سێ ساڵی یەکەمی قوتابخانەی سەرەتایی، لە پێـناوی تاقـیکردنەوەی توانای زانستی قوتـابی دایە. پێـداگرتنە لەسەر چانـدنی رەوشتی باش، رەفـتاری دروست، دڵسۆزی، ژینگەپارێزی، کاری خۆبەخـشی. تا لە داهـاتوودا ببن بە بەشێک لە کەسایەتی منداڵ.

ژاپـۆنییەکان نەریتـێکـیشیان هـەیە، کە بەڕێـوەبەرەکانی فەرمانگاکان و قوتابخانەکان، کە بۆ یەکەمین جار فەرمانبەرێکی تـازە، یا مامۆستایەکی تـازە، لە فەرمانگـاکەیـان یا قوتابخانەکەیانـدا دادەمەزرێـن، بەڕێـوەبەر دەچـێت بە پیرییەوە و لە بەردەم دەرگـای فەرمانگـاکەی یا قوتابخانەکەیـدا، بەڕێوەبەرەکە پێڵاوەکـانی ئەو فەرمانبەرە یا ئـەو مامۆستا تازەیە دەسڕێتەوە، تا خاکـێتی خـۆی پێشان بدات و نەفـسی خۆی بشکـێنـێت.

 قوتابیانی ژاپـۆن سەربەستی تەواویان هـەیە، پشت بە تواناکانی خۆیان دەبەستن، بە زۆری بە پێ یا بە پاسکـیل دەچـن بۆ قـوتابخـانە و دەگەڕێنەوە بۆ ماڵـەوە.

 لە قوتابخانەکانی ژاپۆنـدا، مامۆستاکان ئەرکی ماڵەوە بە قوتابیان نادەن.. هەموو ئەرک و راهـێنانێک لەناو پـۆلـدا جـێبەجـێیان دەکەن. هـەر چـوار قـوتابی دەکـرێن گـروپێک و پێکەوە و بە هـاوڕایی ئەرک و راهـێنانەکان جێبەجێ دەکەن. قوتابیان تەوەری سەرەکی وانەکانـن نەک مامۆستاکان.. لە هەر پۆلێکـیشدا بیـست بۆ بیـست وپێـنج قوتـابی هەیە.

مامۆستای رابەری پۆل، ساڵی دوو سێ جار سەردانی خـێزانی هەر قـوتابییەک دەکا، بۆ دروستکـردنی پـردی پەیـوەنـدی و هـاوکاری لە نێـوان مـاڵ و قوتابخـانەدا. بـۆ زانیـنی بارودۆخـی خـێزانی قوتابییەکـانیان.

لە ژاپـۆندا، مامۆستا، پایـە و پێگـەیەکی بەرزی لەناو کۆمەڵـدا هەیە و رێـزێکی تایبەتی لێدەگـرن. ژیـان و گوزەرانی زۆ خۆشە و مووچەیەکی بەرز وەردەگـرێ. هەمووشیان لە دەرچـوانی زانکـۆکـانن. لە هەفـتەیەکـێشدا تەنیا (١٨) وانە دەڵـێنەوە، توانای وتنەوەی هەموو وانەکانیشیان هـەیە. جگە لەو وانانە نەبێـت کە پێویستییان بە مامۆستای پسپۆر هـەیە. وەکو وانـەی: کـاری دەسـتی، ماڵـداری، وەرزش و راهـێنانی جەستەیی.

دە هـۆکاری پێـشکەوتنی ژاپـۆن:

١ـ لە ژاپـۆندا، لە پۆلی یەکەم تا پۆلی شەشەم وانەیەک دەخوێنن بە ناوی (رێگا به‌ره‌و ره‌وشت) قوتابیان لەم وانەیەدا، فـێری رەوشت و هەڵسوکەوت لەگەڵ خەڵکـیدا دەبن.

٢ـ لە ژاپـۆندا تا تەواکردنی پۆلی سێیەمی ناوەندی مانەوە (ناده‌رچوون) نییه. چونکە ئامانجیان پەروەرەکردن و چانـدنی چەمکەکان و بنیادنانی کەسایەتی قوتابییە، نەک بە تەنیا پەروەردە و فـێرکرنیان.

٣ـ ژاپـۆنییەکان سەرەڕای ئەوەی کە دەوڵەمەنترین گـەلی جیهـانن، لە ماڵەکانیانـدا، خـزمەتکار و پەروەردەکاری منداڵانیان نییە. دایکان و باوکان بەرپـرسن لە مـاڵ و ماڵـداری و لە گۆشکردن و پەروەردەکردنی منداڵەکانیان.

٤ـ منداڵانی ژاپـۆن، رۆژانە بۆ ماوەی پانزە خولەک لەگەڵ مامۆستاکانیاندا، پۆلەکانیان و قوتابخـانەکانیان و تەوالێتەکانیان پاک دەکەنەوە.. ئەمەش بووە بە هـۆی پێگەیانـدی نەوەیەکی ژاپـۆنی خاکی و بە تەنگی پاک و خاوێنـییەوە دێـن.

٥ـ  منداڵان فـرشەی دان شوشتن لەگەڵ خۆیان بۆ قوتابخانە دەبەن لە دوای نانخـواردن لە قوتابخانەدا، پاک دانەکانیان دەشۆرن. فـێری ئەوە دەبن هەر لە منداڵییەوە پارێزگاری لە تەنـدروستی خۆیان بکەن.

٦ـ بەڕێوەبەری قوتابخانە، بە نیو کاژێـڕ بەر لە قوتابییەکان هەمان ئەو خواردنە دەخوا کە لە قوتابخانەدا بۆ قوتابییەکان و مامۆستایان ئامادە دەکـرێ. تا لە پاکی تەنـدروستی و لە دروستی خواردنەکە دڵنـیابێ.. چونکە قوتابییەکانیان بە داهـاتووی ژاپـۆن دەزانـن، پێویستە کە پارێـزگارییان لێبکەن.

٧ـ لە ژاپـۆندا، کرێکاری پاکردنەوە بە (ئه‌نـدازیـاری ته‌نـدروسـتی) ی ناوی دەبەن. مووچـەیەکی بەرز وەردەگـرێ، مانگانە (٥٠٠٠) بو (٨٠٠٠٠) دۆلاری ئەمریکی وەردەگرێ. پێش ئەوەی دایبـمەزرێنن، بە زارەکی و بە نووسین تاقـی دەکەنەوە.

٨ـ لە ژاپۆن، لەناو شەمەندەفەرەکان و چێشتخانەکان و پاسەکان و شوێنە داخراوەکاندا، بەکارهـێنانی موبایـل (ته‌له‌فـۆن کردن) و وەڵامدانەوە، قـه‌ده‌غـه‌یه‌. بە لایانەوە بێـدەنگی وشەی (ره‌وشـت) دەگەیەنێ.

٩ـ گەر لە ژاپـۆنـدا بچـیت بۆ چـێشتخانەیەک یا کافـتریایەک یا مێزگـردێکی نانخـووارن، هەر کەسێک لە پێـویستی خـۆی زیاتر خواردن ناکڕێ یا تێناکا.. چەندی پـێبخورێت لەوە ناکڕێت، هیچ کەسێکیش خـواردن لەناو قاپەکەیـدا بەجـێناهـێڵێ.

١٠ـ لە ژاپـۆندا، تێکڕای کاتی دواکەوتنی شەمەنـدەفەرەکان لە لە ماوەی ساڵـێکـدا تەنیا (٧) چـركه‌یه‌. چـونکە گەلـێکن نـرخ و گـرنگی کـات دەزانـن، زۆر بە وردی بە تەنـگی چـرکەکان و خولەکەکـانەوە دێـن.

رەزا شوان

 ٢٠/ یۆلـیۆ/ ٢٠٢٠‌

* بۆ نـووسینی ئەم بابـەتە، سـوودم لە چەنـد سایتێکی ئینیەرنێت وەرگـرتووە. 

   

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی