"an independent online kurdish website

“لوبنان دادەڕووخێت”.. ئەمە ئەو رستەیەیە کە پەیمانگای بەرگریی لە دیموکراتیەت کە پەیمانگایەکی ئەمریکییە، لوبنانی پێ ناو دەبات.

راپۆرتەکە هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی لوبنان بەر لە تەقینەوە گەورەکەی دوێنێی بەیرووت کردووە، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 100 کەس و برینداربوونی نزیکەی چوار هەزار کەسی دیکە.

لە ماوەی رابردوودا لوبنان دووچاری کۆمەڵێک تەنگژەی سیاسی و ئابووری قووڵ بووەوە، خۆپێشاندانی گەورەی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە و داڕووخانی بەهای لیرەی لوبنانی، پاشان بێدەسەڵاتیی حکومەت لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و کەڵەکەبوونی قەرزێکی زۆری سەر وڵاتەکە، ئابووریی ئەو وڵاتەیان خستە دۆخی داڕووخانی یەکجارییەوە.

راپۆرتە ئەمریکییەکە لە سایەی ئەو دۆخە زاڵەی لوبناندا لێکۆڵینەوەی کردووە و دەڵێت، گەورەترین هۆکار بۆ وێرانبوونی لوبنان  حیزبوڵڵا و ئێرانن، گەیشتووە بەو ئەنجامەی کە هەڵسەنگاندنە کۆتاییەکانی دۆخی لوبنان، ئاشکرایکردووە ئەو وڵاتە پێویستی بە 93 ملیار دۆلاری بەپەلە هەیە بۆ رزگاربوون لە دۆخی خراپی دارایی. بەدەستهێنانی ئەو پارەیەش ئەستەمە لە سایەی بوونی  حیزبوڵڵا و کۆنترۆڵکردنی بەشێکی زۆری دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدا، چونکە هەر هاریکارییەکی ئێستا بۆ لوبنان، لە بەرژەوەندیی حیزبوڵڵا دەشکێتەوە.

راپۆرتەکە بەر لە تەقینەوەکانی دوێنێ دەرچووە، ئەو تەقینەوانەی زیانی مەزنیان بە بەندەری بەیرووت – بەندەری سەرەکیی وڵاتەکە- گەیاندووە، لە کاتێکدا تەقینەوەکانی دوێنێ جیا لە زیاتر شێواندنی دۆخی ئابووری و سیاسی ئەو وڵاتە، تەنگژەیەکی گەورەی مرۆییش دروستدەکات.

راپۆرتی پەیمانگا ئەمریکییەکە دەڵێت، ناڕەزایەتییە گشتییە زەبەلاحەکانی ساڵی رابردوو، لەسەر شکستی حکومەت لە کۆکردنەوەی پاشماوەی ماڵان و پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، وەک مەشقێکی سەرەتایی وایە بۆ ئەو دۆخە خراپەی وڵاتەکە پێیدا گوزەر دەکات.

پەتای کۆرۆنا بووە هۆکاری لەناوبردنی پارەی هاتووی دەستیکارکەری لوبنانی لە دەرەوەی وڵاتەکەوە بۆ ناو لوبنان. لەگەڵ ئابووریی ئێستای لوبناندا کە بۆخۆی لە بێسەرەوبەرەییەکی زۆردا دەژی، حکومەت نەیتوانی بڕی 1.2 ملیار یۆرۆ وەک بەشێک لە قەرزەکانی سەری بداتەوە، کە دەبوو لە مانگی ئاداردا بیانداتەوە. بەمەش تەنیا ئەو سووەی تاوەکو مانگی حوزەیران چووەتە سەر قەرزەکە گەیشتە 1.5 ملیار یۆرۆ

سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە، هەوڵی چارەسەری گرفتی لوبنان دەدەن، بەڵام تائێستا هیچ ئەنجامێکیان بەدەستنەهێناوە.

 حیزبوڵڵا.. دەوڵەت لە نێو دەوڵەتدا

ئەوە شتێکی نوێ نییە کە  حیزبوڵڵای لوبنان، بە دەسەڵاتداری سەرەکی ئەو وڵاتە دادەنرێت. ئەو حیزبە کە لەسەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا دروستبووە، خۆی بە نوێنەری شیعەکانی لوبنان دادەنێت. ئێران پشتگیریکار و پارە دابینکاری سەرەکی حیزبەکەیە. لە ساڵانی دوای جەنگی ناوخۆیی ئەو وڵاتەدا،  حیزبوڵڵا دەستی خستە ناو هەموو کاروبارەکانی لوبنانەوە و بووە دەوڵەتی ناو دەوڵەت. راپۆرتە ئەمریکییەکە هەمان ئەو راستییانەی لەبارەی  حیزبوڵڵاوە دووپاتکردووەتەوە، ئەوەشی زیادکرووە کە پەلکێشانی ئەو حیزبە بۆ ناو هەموو دامەزراوە حکومییەکانی وڵات، لوبنانی دووچاری ئیفلیجبوونی تەواو کردووە.

وەزارەتی تەندروستیی حیزبوڵڵا

بەپێی راپۆرتە ئەمریکییەکە، ئەو حیزبە کۆنترۆڵی وەزارەتی تەندروستی لوبنانی کردووە. ئەو حیزبە هاوبەشی زۆرینەی هاوپەیمانیی ئێستای دەسەڵاتداری وڵاتە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، کەنەدا، بەریتانیا، جامیعەی عەرەبی، ئەنجوومەنی کەنداو و چەندین وڵاتی ئەمریکای لاتین، بە “گرووپێکی تیرۆریستی” ناویدەبەن.

راپۆرتەکە دەڵێت “هەوڵە نێودەوڵەتییەکان، ناتوانن حکومەتێک رزگار بکەن کە کۆمەڵەیەکی تیرۆریستی دەستی بەسەردا گرتووە، کە ئێران پشتگیری دەکات. ئێران سپۆنسەری تیرۆرە لە هەموو جیهاندا”. ئەوەش کێشەی سەرەکی بەردەم هاوکارییەکانە بۆ لوبنان.

پەیمانگاکە دەڵێ بەهۆی کۆنترۆڵی راستەوخۆی حیزبوڵڵا بۆ سیستمی دارایی لوبنان، کە خۆی “پڕی گەندەڵی و شووشتنەوەی پارە و بازرگانیی هۆشبەر و پارە پەیداکردنی نایاساییە”، زۆرینەی دامەزراوە داراییەکانی حکومەتی لوبنان، لەلایەن دادگاکانی ئەمریکاوە خراونەتە ژێر گومان و لێپێچینەوە و سزادانەوە. دادگاکانی ئەمریکا دەڵێن ئەو بانکانە خزمەتگوزاریی دارایی پێشکێشی  حیزبوڵڵا دەکەن. ئەوان ئاسانکاری دەکەن لە گواستنەوەی پارەکانی  حیزبوڵڵا بۆ عێراق لەپێناو پشتگیریکردنی کردەوەکانیدا لەو وڵاتە.

هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە: “کارەکانی  حیزبوڵڵا لە عێراقدا، بووەتە هۆکاری کوشتنی ئەمریکییەکان، ئەمەش پابەندیی راستەقینەمان بەسەردا دەسەپێنێت بۆ لێپێچینەوە و سنووردارکردنی ئەو چالاکییانە و هاوکات بڕی هەر هاوکارییەک بۆ لوبنان دەخاتە ژێر گومانەوە، چونکە پارەی وڵاتە کۆمەکبەخشەکان، دەچێتە ژێر دەستی  حیزبوڵڵاوە”.

داگیرکردنی زەوی

راپۆرتەکە تیشکی خستووەتە سەر رێگایەکی دیکەی ئیفلیجکردنی لوبنان لەلایەن  حیزبوڵڵاوە، ئەویش ئەوەیە کە ئەو حیزبە بەشێکی بەرچاوی خاکی لوبنانی لە دۆڵی بیقاع بەدەستەوەیە، لەگەڵ باشووری لوبنان و کەرتی بەیرووت کە ناسراوە بە ‘زاحیە’.

حیزبەکە کۆگایەکی گەورەی مووشەکیی هەیە کە لە هی هەر وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ گەورەترە. ئێران زیاتر لە 150 هەزار مووشەکی بە  حیزبوڵڵا بەخشیووە. لە ماوەی رابردوودا تەقەمەنی زیرەکی بەدەستهێناوە، کە دەتوانێ بەهۆیانەوە مووشەکەکانی ئاراستەی ناوچە سڤیل نشینەکانی ئیسرائیل بکات و وێرانیان بکات. ئەمە وایکرد ئیسرائیل بیر لە گورزی دەستپێشخەر بکاتەوە و بە ئاشکرا باسی بکات.

راپۆرتەکە هەروەها دەڵێت ئەو هەڕەشانەی  حیزبوڵڵا دەیکات، بۆ هەڵگیرساندنی جەنگێکی دیکەی وێرانکەر لە لوبناندا، بەگڵۆپێکی دیکەی سوور، بۆ وڵاتە پارەبەخشەکان دادەنرێت، چونکە ئەوان بیر لەوە دەکەنەوە بۆچی پارە بدەینە دەوڵەتێک کە دەکرێ لە هەر ساتێکدا بچێتە ناو جەنگێکەوە؟

چۆن پارەی کاش بدرێتە لوبنان؟

پرسیارێکی دیکە بەپێی راپۆرتە ئەمریکییەکە خۆی زەقدەکاتەوە، ئەویش ئەوەیە: ئەو بڕە پارە کاشە چەندە کە لوبنان پێویستی پێیەتی؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، پەیمانگاکە داوای لە جەیمس ریکاردزی پسپۆری ئابووری کردووە، وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە.

پسپۆرەکە کە راوێژ پێشکێشی حکومەت و بانکەکان دەکات کە دەیانەوێت خۆیان لە تەنگژەکانی مایەپوچبوون رزگار بکەن، دەڵێت بەیرووت پێویستی بە 67 ملیار دۆلار هەیە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە کەرتی بانکیی لوبنانیدا. ئەمە جیا لە 22 ملیار دۆلار زیان کە بەر بانکی ناوەندیی لوبنان کەوتووە. جگە لە زیان بەبڕی 4.2 ملیار دۆلار بەهۆی دواکەوتنی دانەوەی قەواڵەکانەوە.

بەشێوەیەکی گشتی کۆی پارەی پێویست بۆ رزگارکردنی ئابووریی لوبنان 93 ملیار دۆلارە. راپۆرتە ئامادەکراوەکە روونیدەکاتەوە کە کۆی پێویستی لوبنان بۆ 100 ملیار دۆلار، ژێرخانی گشتی و پێویستییە تایبەتییەکان ناگرێتەوە. لە کاتێکدا گەورەترین پلانی رزگارکردنی ئابووری، کە سندوقی  نێودەوڵەتیی دراو تائێستا ئەنجامیدابێت، 57 ملیار دۆلار بووە بۆ ئەرجەنتین لە ساڵی 2018دا.

ئەم کێوە قەرزە، چۆن لەسەر لوبنان کەڵەکە بوو؟

“پلان بۆ داڕێژراوە.. بانکەکانی لوبنان پارەی کاشیان بە دراوی بیانی لە لوبنانییەکانی ناو وڵات و دەرەوەی وڵات وەرگرتووە. لە نێویاندا ئەو پارەیەی  حیزبوڵڵا بەهۆی بازرگانی هۆشبەر و کاری دیکەی نایاساییەوە بەدەستیهێناوە”. راپۆرتە ئەمریکییەکە وا دەڵێت.

زیاتر روونیدەکاتەوە، ئەو بانکانە پارەکانیان بەناوی خۆیانەوە بۆ بانکی بی دی ئێڵ ناردووە، بی دی ئێڵ ئەو پارانەی لە خەرجییەکانی حکومەتدا بەکارهێناوە. لە کاتێکدا حکومەتی ئەو وڵاتە نەختینەی دراوی بیانی نییە و هیچ کاڵایەکی بەرچاویشی نییە کە رەوانەی دەرەوەی بکات تا بەهۆیەوە دراوی بیانی بۆ بگەڕێتەوە.

بانکی ناوەندیی لوبنان، تەنانەت لەگەڵ داڕووخانی تەواوی ئابووریی وڵاتیشدا، دڵنیایی دەداتە لوبنانییەکان کە پارەکانیان بە دراوی بیانی پارێزراوە، لە کاتێکدا بانکەکە ئەوەندە پارەی کاشی نەبوو، پارەی ئەو کەسانە بداتەوە کە داهاتەکانیان لە بانکدا هەڵگرتووە.

پەیمانگا ئەمریکییەکە دەڵێت، حکومەت دەیزانی چی روودەدات، سیاسییەکانیش رێخۆشکەری بەردەوامبوونی ئەو فرتوفێڵانە بوون، بۆیە دەبێ حکومەت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت.

زێڕ وەک سەرەتای رزگارکردن

راپۆرتەکە وەک ئەوەی ریکاردز سەرنجیداوە، دەڵێت لوبنان 286.6 تۆن زێڕی هەیە، ئەمە وا دەکات ئەو وڵاتە یەکێک لە خاوەن گەورەترین یەدەگەکانی زێڕ بێت لە جیهاندا. بەنرخی 1800 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، وا دەکات لوبنان توانای دەستخستنی 16.5 ملیار دۆلاری هەبێت، نەک 93 ملیار دۆلار. بەڵام ئەمە سەرەتایە و ئەگەر لەگەڵیدا چاکسازی لە کەرتە جیاوازەکاندا بکرێت، دەکرێ ئەنجام بەدەستەوە بدات.

راپۆرتەکە لە کۆتاییدا رەشبینانە دۆخەکە هەڵدەسەنگێنێت، ئەو دەڵێت ئێستا لوبنان لە کوێدایە؟ بەڕوونی دیارە لە ژێر چەپۆکی  حیزبوڵڵادایە و بەوەش “ئێران”، بەدەست گەندەڵی و کەموکورتی سیاسییەوە دەناڵێنێت. قەرزێکی زۆری لەسەرە و کۆرۆنا تەنگی پێهەڵچنیوە. ئەوە تەنیا پلانی رزگارکردن نییە وڵاتەکە رزگار دەکات، بەڵکو پێویستی بە چاکسازی گشتگیر هەیە لە بانکەکان و سیستمی سیاسیدا. هەروەها سەرکوتکردنی  حیزبوڵڵا و سەرچاوە داراییەکانی و پرۆسەکانی بەقاچاخبردنی سەر بە حیزبەکە. هەر کارێکی لەوە کەمتر، دەبێتە پارەدارکردنی تیرۆر و ئەوەش قبوڵکراو نییە بۆ وڵاتانی پارەبەخش.

سەرچاوە:  روداو

*****

ڤیدیۆ تەقینەوەکانی دوێنێی بەیروت 2020/08/04 کە 300 هەزار کەسی ئاوارە کرد و سەروی سەد کوژراو و 5000 برینداری لێ کەوتەوە.

ڤیدیۆ 1 

ڤیدیۆ 2 

بابەتی پەیوەندی دار

نەسروڵلا پێشتر هەڕەشەی تەقاندنەوەی کۆگاکانی ئەمۆنیۆمی لە ئیسرائیل کردبوو

ڤیدیۆ پێشمەرگەکان

رووداو دیجیتاڵ

 تەقینەوەی کۆگاکانی ماددەی کیمیایی ئەمۆنیۆم لە بەندەری بەیرووتی پایتەختی لوبنان ئێوارەی دوێنێ، هەڕەشەیەکی حەسەن نەسرولڵا، ئەمینداری گشتی حیزبوڵای لوبنانییان بە بیری لوبنانییەکان هێنایەوە، سەبارەت بە بۆردومانکردنی کۆگاکانی ئەمۆنیا لە شاری حەیفا لە ئیسرائیل.

 رۆژی 16ی شوباتی 2016، لە ساڵیادی کوژرانی چەند سەرکردەیەکی حیزبولڵای لوبنان، حەسەن نەسرولڵا، ئەمینداری گشتی حیزبولڵای لوبنانی لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا، بە ناونیشانی “بەرگرییەک شکستیپێناهێندرێ” رایگەیاندبوو “چەند مووشەکێک دەهاوێژین و لە کۆگاکانی ئەمۆنیۆمی ئیسرائیلی دەدەین لە حەیفا.

 نەسڕوڵڵا گوتبووی: “بۆمبێکی ئەتۆمی، بەو واتایەی چەند مووشەکێک لە لایەن ئێمەوە لەگەڵ کۆگاکانی ئەمۆنیا لە حەیفا، ئەنجامەکەی وەک ئەنجامی بۆمبێکی ئەتۆمی دەبێ، باشە، دەڵێ چەند مووشەکێک دەهاوێژرێن لەو کۆگایانە دەدەن، لە ناوچەیەک کە 800 هەزار کەس تێیدا نیشتەجێن، دەیان هەزار کەسیان لێدەکوژێت”.

 هەر دوای هەڕەشەی حەسەن نەسرولڵا بە ماوەیەکی کەم، ئیسرائیل خێرا کۆگاکانی ماددەی ئەمۆنیۆمی لە شاری حەیفا چۆڵکرد.

 ئێوارەی دوێنێ سێشەمە، دوو تەقینەوەی بەهێز، بەیرووتی پایتەختی لوبنانیان هەژاند. تەقینەوەکان یەک بە دوای یەکدا روویاندا و تەقینەوەی دووەم هێز و دەنگ و ئاگرێکی یەکجار گەورەی لێکەوتەوە و جیا لە وێرانکردنی تەواوی بەندەری بەیرووت، لە دووری دەیان کیلۆمەتر لە نێو بەیرووتدا، دواتر ئاشکرا بوو تەقینەوە بەهێزەکە بەهۆی کۆگایەکی نیتراتی ئەمۆنیۆم بووە.  کە بڕەکەی 2751 تۆن بووە و ماوەی شەش ساڵە، لە کۆگایەکی نزیک بەندەرەکەدا، بەبێ رەچاوکردنی مەرجەکانی پاراستن، لەوێدا هێڵراوەتەوە.

سەرچاوە:  روداو

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی