"an independent online kurdish website

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/08/06، سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان بڵاویان کردووەتەوە: کە کاک “جەلیل گادانی، کە نزیک بە هەفتەیەک بوو لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدا بوو، ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆچی دوایی کرد”.

جەلیل حاجی ئەحمەدی (جەلیل گادانی)

– ساڵی 1934 لە شاری مەهاباد لەدایکبووە.

– خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە مهاباد تەواو کردووە.

-یەکەمین قوتابخانەی کوردی شەوانەی نهێنی لە ماڵی ئەوان لەساڵی 1944 دروستبووە.

– ساڵی 1948 بووەتە ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستان.

– لە ساڵی 1972 بەکالۆریۆسی لە زمانی فەرەنسی لە زانکۆی تاران وەرگرتووە.

– لە سەردەمی دەسەڵاتی محەممەد رەزا شادا ماوەی 13 ساڵ زیندانی بووە و لەزیندان سێ زمان فێربووەو چەند کتێبێکی وەرگێڕاوە.

-27ساڵە رۆژهەڵاتی کوردستانی جێهێشتووە.

– لە دوای رووخانی رژێمی شای ئێران رۆژهەڵاتی کوردستانی جێهێشتووە.

– لە ساڵی 1988 دوای کۆنگرەی  8 لە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران جوێ بۆوە بە هاوکاری موجاهدینی خەڵک، حدکا- رێبەرایەتی شۆرشگێریان پێک هێنا و بووە سکرتێری حدکا-رێبەرایەتیی شۆڕشگێڕ  و دوای کۆنگرەی 10ی حدکا و  لە ١٩ ی بەفرانباری ١٣٧٥(1996)  یەک گرتنی بنەماڵەی دێمۆکرات کرا و ئەو دوو دێمۆکراتیە کۆتایی هات.

– بەداخەوە  لە ساڵی  2006  دوای کۆنگرەی 13 جارێکی تر لەگەڵ لایەنگرانی مەلا عەبدوڵڵا حەسەنزادەدا و زۆربەی ئەندامانی سەرکردایەتی رێبەرایەتیی شۆرشگێڕدا  جیابووەوە و تا کۆچی دوایی کرد،  بەرپرسی کۆمیسیۆنی چاودێریی حیزبی دیموکراتی کوردستان  (هاوڕێیانی پێشوو) بوو.

***

ئێستا کە دەنگۆی یەکگرتنەوەی حیزبی دێمۆکڕات لە ئارا دایە بەداخەوە نەخۆشی کۆرۆنا ئیزنی نەدا کاک جەلیل جارێکی تر بێتەوە ریزی ئەندامانی حدکا .

وەک ماڵپەڕی پێشمەرگەکان سەرەخۆشی خۆمان لە بنەماڵە و کەس و کار و هاوبیرانی کاک جەلیل دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.

***

ڕاگەیەندراوی خەبەری

بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە ڕادەگەیەنین کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٦ی گەلاوێژ، کاک جەلیل گادانی، سیاسەتمەدار، کەسایەتیی دیاری سیاسیی کورد و تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی سیاسیی کورد، پاش حەوت دەیە تێکۆشانی سیاسی لەپێناو ڕزگاریی نەتەوەکەیدا کۆچی دوایی کرد.

کاک جەلیل گادانی ماوەی حەوتوویەک بوو بۆ چارەسەری نەخۆشیی کۆرۆنا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بوو، کە بەداخەوە ئەمڕۆ چووە ڕیزی کاروانی نەمرانەوە.

حیزبی دیموکراتی کوردستان

سکرتاریا

١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی

****

بەیاننامەی کۆمیتەی ناوەندی بە بۆنەی کۆچی دوایی نەمر جەلیل گادانی

هاونیشتمانە بەڕێزەکان!

خەڵکی دێموکڕات­پەروەری کوردستان!

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان!

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە ڕادەگەیەنێ لەکاتێکدا تێکۆشەرانی دێموکڕات خۆیان بۆ گرتنی یووبیلی ئەڵماس جێژنی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبەکەیان ئامادە دەکرد ئەمڕۆ بەیانی تێکۆشەری ناوداری کورد و ئەندامی بەوەجی حیزبی دێموکڕات کاک جەلیلی گادانی دوای نیزیک بە دوو حەوتوو ململانە دەگەڵ فایڕووسی کۆڕۆنا گیانی لەدەست دا.

لەدەستدانی کاک جەلیل نەک هەر بۆ حیزبی دێموکڕات، بەڵکوو بۆ هەموو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد خەسارەتێکی گەورەیە. ئەو لە یەکەمین تێکۆشەرانی حیزبەکەیەتی و تەمەنی تەنیا ١٣ ساڵ بوو کە لە دەورانە زێڕینەکەی کۆماری کوردستاندا تێکەڵ بە کاروانی پڕسەروەریی حیزبی دێموکڕات بوو و تا دواهەناسەی ژیانیشی غەمی گەورەی پێشکەوتنی حیزبەکەی و سەرکەوتنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەی بوو.

لە خەباتی دوورودرێژ و پڕهەوراز و نشێوی خۆی و حیزبەکەیدا جەلیلی گادانی هەموو شێوەکانی خەباتی گرتە پێش و هەموو نەهامەتییەکانی لەخۆی گرت. ئەو بێجگە لە دەورانێکی کورتی تێکۆشانی ئاشکرای حیزب، تەواوی تەمەنی خۆی لە خەباتی نهێنی و کار لە نێو جووتیاران و زەحمەتکێشانی کوردستان، زیندان و دوورخرانەوە و دەربەدەری و چەرمەسەریدا بەسەر برد. چوار جار گیرا و بە هەموویەوە نیزیک بە  پازدە ساڵ تەمەنی لە زیندانەکانی ڕێژیمی پاشایەتیدا بەسەر برد و بە دەیان جار لە ڕۆژانی خەباتی چەکدارانەدا شاهیدی بۆمباران و تۆپباران و هێرشی نیزامیی هێزە دژی گەلییەکانی کۆماری ئیسلامی بوو و زۆرجار لە سنووری مەرگ گەڕایەوە.

کاک جەلیلی نەمر لە حیزبەکەشیدا هەموو قۆناغەکانی بڕین. لە ئەندامەتیی شانەیەکی نهێنییەوە تا بەرپرسایەتیی ئۆرگانە جۆراوجۆرەکان لە هەموو مەیدانەکاندا بەلێوەشاوەیی کاری کرد و نموونەی مرۆڤێکی شێلگیر و پشوودرێژ و ماندوویی­نەناس بوو. بە دەیان ساڵ بوو بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکڕات و لە سەردەمی ڕێبەرایەتیی شۆرشگێڕدا دەوری ٧ ساڵ سکرتێری ئەو بەشە لە حیزبەکەی بوو.

کاک جەلیلی گادانی لە بواری کۆمەڵایەتیدا خاوەنی گەورەترین پلە و بەرینترین پێوەندیی کۆمەڵایەتی بوو. ئەو دەگەڵ چین و توێژەکانی کۆمەڵ: جووتیاران،کرێکاران، کارمەندان، بازاڕیان نووسەران و شاعیران و سیاسەتمەداران و… لە پێوەندیدا بوو و لەلای هەمووانیش ڕێز و جێگەوپێگەی تایبەتیی هەبوو. لە نێو حیزب و لە نێو کۆمەڵ لە غەمی هەموواندا بوو، بەپێی دەرەتان لە خۆشی و ناخۆشیی هەموواندا بەشدار بوو، بەشداری پرسەی هەمووان و لە بن سەری هەموو نەخۆشەکان بوو. سەرباری ئەوانە، یار و یاوەر و غەمخۆری هەموو ئەوانە بوو کە تووشی گیروگرفتێک دەبوون و لە یارمەتی ماددی و مەعنەوی بەو کەسانەی پێویستییان بە کۆمەک هەبووایە درێغیی نەدەکرد.

لەبەر هەمووی ئەو خەسڵەتانە، لەدەستچوونی کاک جەلیل کۆستی هەمووانە و هەموو بۆی بەپەرۆشن و یادی بەزیندوویی ڕادەگرن.

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەو بۆنە غەمناکەوە وێڕای  غەمناکبوون بە لەدەستدانی ئەو کەسایەتییە قەدرگرانە سەرەخۆشی گەرمی خۆی پێشکێشی هەموو ئەندامانی بنەماڵە بەڕێزەکەی، سەرجەم هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی، تێکڕای دۆست و هاواڵە بێ­ئەژمارەکانی، خەڵکی شارە قارەمانپەروەرەکە مەهاباد و سەرانسەری کوردستان دەکا و بۆهەمووان سێبووری و تەمەندرێژی و بۆ گیانی نەمری کاک جەلیل بەهەشتی بەری و باوەشی لێبووردەیی خوا داوا دەکا.

کۆمیتەی ناوەندی و هەموو تێکۆشەرانی دێموکڕات بۆ پاداشی کاک جەلیلی گادانییش وەک تەواوی ڕێبەران و تێکۆشەرانی لەدەستچوو، بە درێژەدانی ڕێگاکەیان و شەکاوەڕاگرتنی ئاڵای خەباتەکەیان دەزانێ و جارێکی دیکە دەگەڵ گیانی کاک جەلیل و هەموو شەهیدان پەیمان نوێ دەکاتەوە کە هەتاسەر درێژەدەری ڕێبازەکەیان بێ و لەو پێناوەدا لە هیچ فیداکارییەک درێغ نەکا.

هەر لێرەشدا ڕادەگەیەنین کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا سەرەخۆشی دانانرێ و دۆستان لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هاودەردیی خۆیان ڕادەگەیەنن.

سڵاو لە گیان و یادی گەورە تێکۆشەری دێموکڕات کاک جەلیلی گادانی.

نەمری بۆ یاد و ناوی خۆی و بەرقەراری بۆ ئامانجە پیرۆزەکانی.

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان

١٦\٥\١٣٩٩

(٦\٨\٢٠٢٠)

****

ڕاگەیەندراوی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی کۆچی دوایی تێکۆشەری دێرینی دێموکرات کاک جەلیل گادانی

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی بەرانبەر بە ٦ی ئاگوستی ٢٠٢٠ی زایینی تێکۆشەری ناسراو و دێرینی بزووتنەوەی کورد و هاوڕێی دەیان ساڵەی خەبات و خۆڕاگریی تێکۆشەرانی دێموکرات، پاش تووشبوون بە کۆڕۆنا و حەوتوویەک بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەم بەڵا هەمەگیرە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

کاک جەلیل گادانی یەکێک لەو تازە لاوانەی سەردەمی کۆماری کوردستان بوو کە هەر لەو کاتیەوە ئۆگری ئازادیی نەتەوەکەی و خەبات لەپێناو وەدیهاتنی ئازادی و مافە نەتەوایەتییەکانی کورد لە کوردستانی ئێران بوو.

لە پاش جوانەمەرگبوونی کۆمار لەو تێکۆشەرانە بوو کە بۆ ڕێکخستنەوەی ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شار و گوندەکان لە هەوڵ و تێکۆشانی بەردەوام دابوو لە ڕەوتی ئەو تێکۆشانەدا چەند جار دەستگیر و زیندانی کرا و هەر جارێک پاش ئازادبوون بۆ تێکۆشان و درێژەی خەبات تێهەڵدەچۆوە.

پاش ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزبی دێموکرات بۆ چەند ساڵ وەک یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و دەفتەری سیاسیی حیزب ماندوویی نەناسانە لە هەوڵ و تێکۆشان دابوو.

کاک جەلیل جیا لەوەی تێکۆشەرێکی سیاسی بوو، کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و خەڵکی بوو، لەدەستچوونی ئەم تێکۆشەرە بۆ هەموو لایەک جێگای پەرۆش و خەمبارییە.

ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆی بۆ لەدەستچوونی ئەم تێکۆشەرە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی گادانی و هەموو دۆست و ئاشنایان و هاوسەنگەرانی دەکات و هیوا دەخوازین کە ڕووحی ئەم تێکۆشەرە دێرینە بە وەدیهاتنی ئاوات و ئامانجەکانی شاد بێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی سیاسی

١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی

 ٦ی ئاگوستی ٢٠٢٠ی زایینی

https://www.facebook.com/Rudaw.net/videos/729047097875110

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی