"an independent online kurdish website

ناو و بانگەوازی کاک جەلیلم یەکەمجار کاتێ ژنەفت کە لە زیندانی شادا بوو و دەگوترا بە هۆی ئازایەتی و کۆڵنەدەرییەوە لەگەڵ نەمران عەزیزی یۆسفی و مامەغەنی بلووریان و

حوسەینی فرۆهەر لە زیندانی قەسری تارانەوە دووریان خستوونەتەوە و ناردوویاننە زیندانی ‘بورازجان’ لە باشووری ئێران، کە گەرمای ٤٠-٥٠ پلەیی هیچ، تەنانەت ئاوی خواردنەوەی ئاساییشی لێ دەست نەدەکەوت؛ بەڵام ئەوان هەموو، ئەو مەنفا-زیندانەیەیان بە سەربەرزییەوە تێپەڕاند و ملیان بۆ ڕوکنی دوو و ساواکی شا دانەنەواند. کتێبێکیشم بینی کە لە زینداندا لە فەرەنسییەوە تەرجەمەی کردبووە سەر فارسی وەک تاقە زمانی مۆڵەت پێدراوی ئێران.

درەنگتر، دوای ئازادبوونی لە زیندان، بەختی ئەوەم پەیدا کرد لە تاران چاوم پێی بکەوێت و هاتوچۆی ماڵیشیان بکەم. لە ساڵانی کۆتایی ڕژیمی شادا، کە زیندانییە سیاسییەکان یەک یەک ئازاد دەکران، جارێکیش بۆ بەخێرهێنانەوەی کاک عەزیزی یۆسفی، کە لە زیندان ئازاد کرابوو و لە ماڵی ئەو دابەزیبوو، هاوڕێ لەگەڵ دوو برادەری خۆشەویستم چوومە خزمەت هەردوولایان.

ساڵی ١٩٧٦ بوو، کە من خۆم لە زیندانی ئێڤینی تاران ئازاد کرام. بەپێی یاسای ئەودەم، کەسانێک کە بە قەراری دادگا حوکم درابێتن و کەوتبنە زیندانەوە، دوای ئازادبوون نەیاندەتوانی ئیش و کاری دەوڵەتی وەربگرن، منیش نەکرا بچمەوە سەر کاری مامۆستاییەکەم و چوومەوە بۆکان. چەند مانگێک بێکار بووم و لە دووکانی کاکمدا لەبەر دەستی ئەو کارم دەکرد، کە زۆریش لەگەڵم میهرەبان بوو و گەلێک خاتری دەگرتم. لە بۆکان ئیش و کارێکی سەربەخۆی وا دەست نەدەکەوت بەکەڵکی من بێت و شارەزای دووکانداری و کاری بازرگانیش نەبووم دەنا کەس وکارەکەم هەموویان دووکاندار و بازرگان بوون. بیرم لەوە دەکردەوە بەڵکوو بچمە شارەکانی عەجەمستان و لەوێ لە شەریکەیەک، شوێنێک دابمەزرێم.

ڕۆژێکیان کاکم گوتی لێرە نەبووی، کاک حەسەنی ئەییووبزادە (مامۆستا گۆرانی دواتر)، لە تارانەوە تەلەفونی کردووە و گوتوویەتی کاک جەلیلی گادانی دەڵێ با ئەنوەر بێتە تاران لای من، لێرە لە شەریکەی “انبارهای عمومی ایران” کە خۆم ئیشی تێدا دەکەم، دەتوانم دایبمەزرێنم. ئای، گوتم، چی لەوە چاتر! هەستام و چوومە تاران. کاک جەلیل پێشوازییەکی گەرمی لێکردم و گوتی لە لقەکانی شەریکەکە لە ئابادان و تەورێز و جوڵفا کامیانت پێخۆشە، هەر ئێستا حوکمەکەیت بۆ بنووسم و بتنێرم، بەڵام لە تاران شوێنمان نییە، گوتم تەورێز باشە لە کوردستان نزیکترە. هەر ئەو ڕۆژە حوکمی دامەزرانی بۆ نووسیم و ڕەوانەی تەورێزی کردم.

شەریکەکە، گەلێک گەورە و زەبەلاح بوو، سەرمایەکەی ١٦ بانک و شەریکەی ماڵیی پێکەوەیان نابوو و بە هەزاران کرێکار و عەمباردار و کادیری دیکەوە وەک کەرتی تایبەت، ئەرکی قۆنتەراتچی هەموو گومرکی ئێرانی بەڕێوەدەبرد. مودیرەکەی ناوی دوکتۆر بیهزادی، خەڵکی شاری ئاستارا و برای یەک لە ڕێبەرانی حزبی توودەی ئێران بوو، هەر بۆیەش بە گشتی هەندێک جار چاویان لە هەڵوێستی سیاسیی فەرمانبەرەکان دەقووچاند و بەسەر خۆیان نەدەهێنا کێ کێیە و چکارەیە، کاک جەلیلیش لە دەفتەری تارانیاندا ڕەئیسی ‘کارگزینی’ و بەرپرسی دامەزراندنی فەرمانبەر بوو.

هەرچۆنێک بێت، من ماوەی ٣ ساڵ زیاتر لەوێدا لەسەر ئیشەکە مامەوە و پلەم چووە سەرێ تا ئەوەی بووم بە مودیری ئیداریی لقی ئازەربایجان لە تەورێز و گەلێکم دەست دەڕۆیشت، مووچەیەکی باشیشم وەردەگرت. بەڵام هەر ئەوەندەی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٧٩ ی گەلانی ئێران سەرکەوت و ڕژیمی پەهلەوی ڕووخا، حکوومەتی کاتیی موهەندیس بازرگان مۆڵەتی هەموو زیندانییە سیاسییەکانی دا بگەرێنەوە سەر ئیش و کاری خۆیان. منیش دوو مانگێک دوای ڕاپەرین چوومەوە سەر کاری مامۆستاییەکەم و دوای یەک ڕۆژ کارکردن لە تاران، داوام کرد بمنێرنەوە بۆکان. سەردەمی شۆڕش بوو و ئاڵۆزی کەتبووە کوردستانەوە. ڕژیمی نگریسی مەلاکان سەرەتا بە شەڕی سنە و ئیعدامەکانی خەڵخاڵی دەستی بە دژایەتی گەلەکەمان کرد و وردە وردە هەموو ناوچەکانی دیکەشی لەشەڕ ئاڵاند. شەڕ و ئیعدام و وێرانییەک کە تەنانەت ئێستا ٣٠ ساڵ دوای چوونەدەرەوەی حزبە چەکدارەکان لە ئێرانیش، هەر بەسەر گەلەکەماندا سەپاوە و دڵنیام تا ڕۆژێکیش کە کۆماری ئیسلامی لە دەسەڵاتدا بێت، هەر درێژەی پەیدا دەکات و پاسدار و ئیتلاعاتی ئەگەر ڕۆڵەی کورد بە ناوی پێشمەرگە و ئەندامی حزبی چەکدارەوە نەکووژن، هیچ نەبێ وەک کۆڵبەر دەیانکووژن و وەک ‘زارا’ی مامۆستای زمانی کوردی لە زیندانیان توند دەکەن. ئیتر من لەو کارەی وا کاک جەلیل بە میهرەبانییەوە بۆی دۆزیبوومەوە و ژیانمی بە باشی پێ بەڕێوەدەبرا، هاتمە دەرەوە و بوومەوە مامۆستاکەی جاران! بەڵام ڕێز و پێزانیم بۆ ئەو و دڵە میهرەبانەکەی تا ئەمڕۆ هەرماوە و تا کۆتایی تەمەنیشم هەر دەمێنێت.    

هەروا هەفتەیەک پێش سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩شدا، کاتێ کە ڕێکخراوەی ‘چریکە فیدائیەکانی گەلی ئێران’ لە زانستگەی تەورێز کۆنفەرانسێکی گەورەی بە ناوی “هفتە همبستگی با خلق کرد” بەڕیوە دەبرد، لەگەڵ ڕێزدار دوکتۆر کەریمی سەلامی هەوڵی ئەوەمان دا خەڵکانێکی باش کۆبکەینەوە بۆ ئەوەی لە کۆنفەرانسەکەدا نوێنەرایەتی گەلی کورد بکەن و وتار بدەن. من چووم بۆ تاران و ڕاست چوومە ماڵی کاک جەلیل. دەست بەجێ بانگهێشتنەکەی لێ قەبووڵ کردم و هاتە تەورێز و تەنیا یەک ڕۆژ پێش سەرکەوتنی ڕاپەڕینەکە، وتارێکی بەڕێ وجێ و کاریگەری لەسەر پێشینەی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد پێشکەش بە سەدان خوێندکاری ئازەربایجانی ناو هۆڵەکە کرد. 

لە ساڵانی ژیانی کاک جەلیل لە باشووریش دووراودوور ئاگام لە کار و خەبات و هەڵوێستەکانی بوو و باوەکوو بۆ مەسەلەی کەرت بوونی حزبی دیموکرات و دوو جار جیابوونەوە لە بەژنی سەرەکیی حزب، لەگەڵیدا هاودەنگ نەبووم و ڕەخنەم لە ناوەرۆکی هەندێک لە بیرەوەری نووسینەکانیشی دەگرت، بەڵام کاک جەلیل بە دڵئاواییەوە جار وبارە هەر تەلەفونی بۆ دەکردم و تەنانەت نوسخەیەک لە کتێبی “با نەبێتە درۆی پاش مردوو”ی بە دیاری بۆ ناردم. دڵپاکی و گەورەیی ڕۆحی کاک جەلیل لەوانەش زیاتر و دەکرێ بگوترێ کەم وێنە بوو.

ڕێبازی نەتەوەیی کورد، کە ئەویش ڕێبوارێکی بە تاو وتینی بوو، سەرەڕای هەموو کەند و کۆسپ و بەرز و نزمێک، ڕۆژێک دەگاتە ئەنجامی خوازراوی گەل و “ئەوی ڕۆژی واڵا”، کە “شەنگەبێری دەشەکێنن ئاڵا” ، ڕێز لە ناو و یادی مامۆستا جەلیلی گادانی و هەموو گیان بەختکردووانی ئەو ڕێبازە دەگیرێت.

هیوایە ئەو ڕۆژە دوور نەبێت! 

٧/٨/٢٠٢٠

ئەم بابەتەم پێشتر لەسەر سایتی ڕۆژهەڵات-بۆکان بڵاو بۆتەوە.

****

  1. من خۆیشم دوو ڕۆژ پێشتر، وتاری کرانەوەی کۆنفەرانسەکەم سەبارەت بە گرنگایەتی هاوخەبات بوون لەگەڵ گەلی کورد و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران پێشکەش کردبوو.
  2. لە شیعرێکی کاک موسلیح شێخولئیسلامی (ڕێبوار) وەرگیراوە.

بابەتی پەیوەندی دار

جەلیل گادانی، ئەندامی  پێشووی رێبەریی حیزبی دێموکرات، بەهۆی کۆرۆناوە گیانی لەدەستدا.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی