"an independent online kurdish website"

سەرەتا

ئەم ساڵ، (62) ساڵی ڕێک، بەسەر کۆدەتاکەی (عەبدولکەریم قاسم)دا تێپەڕدەبێ.

لە ئەم ماوە درێژەدا، دوای ئەوەی سیستەمی پاشایەتی نەما و سیستەمی كۆماريی جێیگرتەوە، گەلێ کارەسات و ڕووداوی گرنگ و پڕبایەخ، خۆش و ناخۆش، چ لە (کوردستان) و چ لە (عێراق) ڕوویانداوە. هەر یەکێکیشیان کارێکی زۆر گەورەیان، لە ڕەوشی نەتەوەیی، ڕامیاريی، ئابووريی، کۆمەڵایەتيی، کەلتووريی … هەردوو گەل و نیشتمان کردووە. ئەوەی پێوەنديی بە گەلی کورد و باشووری (کوردستان)ەوە هەیە، هەرە گرنگەکانیان ئەمانەن:

سیستەمی كۆماريی

 ڕۆژی (14. 7. 1958)، کۆدەتایەکی سەربازيی لە (عێراق) کرا، ڕژێمی پاشایەتی گۆڕکرا و ڕژێمی کۆماری دامەزرا. ئەمەش کارێکی زۆری لە باری نەتەوەیی و ڕامیاريی گەلەکەمان کرد. بۆ نموونە: گەر هەر بە ناویش بێ، لە دەستووری دەوڵەتدا، دان بە بوونی گەلی کورددا نرا و کۆمارەکەش، بە کۆمارێکی هاوبەشی نێوان کورد و عەرەب ناسرا. بەڵام وردەوردە، ناکۆکيی لە نێوان سەرکردەکانی کورد و دەوڵەتی (عێراق)دا درووستبوو. بۆیە ڕۆژی (11. 9. 1961)، شۆڕشی کورد بە سەرکردایەتی (بارزانيی) هەڵگیرسا.

ناکۆکيی نێوان دەسەڵاتدارانی (عێڕاق)

ڕۆژی (8. 2. 1963)، یەکەمین کۆدەتای (بەعس) کرا و دەسیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت. گرفتێکی گەورەی بۆ کورد ئەفراند. چونکە یەکەمین شاڵاوی پڕۆسەی بەعەرەبکردنی (کوردستان) دەسیپێکرد. ڕۆژی (9. 6. 1963)، گەورەترین ڕەشەکوژيی لە خەڵکی پارێزگەی (سولەیمانی) کرد. بەڵام زۆری نەخایاند و هەر دوای ماوەیە، ڕۆژی (8. 11. 1963)، کۆدەتای (عەبدولسەلام عارف) بەسەر (بەعس)دا کرا.

لە ماوەی فەرمانڕەوایی (عەبدولسەلام عارف)دا، ڕۆژی (13. 7. 1964)، دووبەرەکيی لەنێو سەرکردایەتی (پارتی)دا ڕوویدا و بەردی بناغەی جەنگی نێوخۆی داڕشت. بەڵام ڕۆژی (13. 4. 1966)، فڕۆکەکەی (عەبدولسەلام عارف) کەوتەخوارە و سووتا. ڕۆژی (17. 4. 1966)، لیوا (عەبدولڕەحمان عارف)ی برای جێیگرتەوە.

ڕۆژی (29. 6. 1966)، سەرۆک شالیارانی عێراق (عەبدولڕەحمان بەزاز)، ڕێککەتننامەیەکی بڵاوکردەوە هەردوو باڵەکەی (جەلاليی) و (مەلايی)، پشگیری خۆیان بۆ دەربڕی. لە ئەم ماوەیەدا، گفتوگۆ لە نێوان کورد و (بەغدا) دەسیپێکردەوە. دانیان بە جۆرێ لە یاسای ناناوەندێتیدا نا.

دووەمین کۆدەتای (بەعس)

ڕۆژی (17. 7. 1968)، دووەمین کۆدەتای (بەعس) دەسیپێکرد. جارێکی دیکە، جەنگ لە (کوردستان) هەڵگیرسایەوە. جەنگی نێوخۆێ کوردیش گەرمتربوو، باڵەکەی (جەلاليی) لەگەڵ هێزەکانی سوپای داگیرکەر، دژی شۆرش دەجەنگان. لە ئەنجامی جەنگەکەدا، شۆڕش سەرکەوت و (بەعس) ناچاربوو، ڕۆژی (11. 3. 1970)، دان بە مافی ئۆتۆنۆمیدا بنێ. بەڵام هەر لە سەرەتاوە دیاربوو، (بەعس) بۆ تاکتیک ئەم ڕێکەوتننامەیەی واژۆکردووە. چونکە جگە لە ئەوەی، پڕۆسەی بەعەرەبکردنی (کوردستان) بەردەوامبوو، هێندەشی پێ نەچوو، دەسەڵاتدارانی (بەعس) پیلانێکیان گێرا و ڕۆژی (29. 9. 1971) ویستیان، سەرۆک (بارزانيی) لەنێوبەرن. لەگەڵ ئەوەشدا، دوای (4) ساڵ خوێنڕشتن، هەردوو باڵەکەی (جەلاليی) و (مەلايی) یەکیانگرتەوە.

ڕۆژی (17. 7. 1973)، پارتی کۆمۆنیستی عیراق و بەعس بەرەی نیشتمانیی پێشکەوتووخوازیان کردەوە و دژی شۆڕشی کورد وەستانەوە.

ڕۆژی (11. 3. 1974)، جارێکی دیکە، جەنگ لە نیوان شۆڕشی کورد و بەعسدا نوێبوەوە.

ڕۆژی (24. 4. 1974) و (26)ی هەمان مانگ و ساڵێش، فڕۆکەکانی (بەعس)، هەردوو شارۆچکەی (قەڵادزێ) و (هەڵەبجە)یان بۆردوومانکرد، زیانێکی زۆریان بە خەڵک و هەردوو شارۆچکەکە گەیاند.

 ڕۆژی (6. 3. 1975)، ڕێککەوتننامەی (جەزایر) لە نیوان (سەددام حوسێن) و (حەمەرەزا شا)دا واژۆکرا و هەر دوای چەن ڕۆژێ، سەرکردایەتی شۆرش بڵاوەیان لێ کرد و شۆڕشەکەش هەرەسیهێنا.

شۆڕشی نوێ

ساڵی (1976)، شۆڕشی چەکداريی نوێی گەلەکەمان دەسیپێکردەوە.

ڕۆژی (22. 9. 1980)، یەکەمین جەنگی کەنداو، لە نێوان (عێراق) و (ئێران)دا بەرپابوو، (8) ساڵی خایاند و پڕیشکی ئەو ئاگرە سوورە، لە کوردیش بە دوور نەبوو.

ڕۆژی (16. 3. 1988)، شارۆچکەی (هەڵەبجە) کیمیابارانکرا و خەڵکێکی زۆر شەهیدبوون.

ڕۆژی (19. 3. 1988) شاڵاوی بەدناوی ئەنفالەکان دەسیپێکرد و ڕۆژی (5. 9.)ی هەمان ساڵ کۆتاییهات، بە هەمووی (8) ئەنفالی گەورە و گچکە کرا، بە جارێ سەر و ماڵی ئەنفالکراوەکان تێداچوون!

ڕۆژی (2. 8. 1990) سوپای (عێراق) پەلاماری (کوەیت)ی دا و داگیریکرد. لەبەرئەوە، هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی (ئەمێریکا)، خۆیان کۆکردەوە، ڕۆژی (17. 1. 1991)، دووەمین جەنگی کەنداویان ڕاگەیاند، سوپای (عێراق)یان تێکشکاند و ڕۆژی (27. 2. 1991). خۆیان بەدەسەوەدا. گرنگ ئەوەیە، سەرکردایەتی پارتەکانی (کوردستان)، کەڵکیان لە ئەو دوو هەلە مێژووییە گرنگەی هەردوو جەنگی کەنداو وەرنەگرت و هەر خەریکی یەکدی لەنێوبردن بوون.

ڕاپەڕین

ڕۆژی (5. 3. 1991)، ڕاپەڕینی جەماوەری گەلەکەمان دەسیپێکرد، لە ماوەیەکی کەمدا، هەموو شار و شارۆچکەکانی باشووری (کوردستان)یان، لە هێزەکانی دوژمنی داگیرکەر پاککردەوە. بەڵام بە داخەوە، ئەم ئازادیی و خۆشییە، زۆری پێ نەخایاند، ڕۆژی (31. 3. 1991)، کۆڕەوە یەک میلیۆنییە گەورەکەی خەڵکی بێچارەی کورد دەسیپێکرد. پاشان سەرانی پارتەکان، گفتوگۆیان لەگەڵ (بەعس) دەسپێکردەوە و خەڵکەکە بۆ شوێنی خۆیان گەڕانەوە.

ڕۆژی (5. 4. 1991)، یاسای ژمارە (688)ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرچوو، لە (8) خاڵ پێکهاتبوو. نێوچەیەکی دژەفڕینیان بۆ هەموو (عێراق) ڕاگەیاند، گەلی کوردیش کەڵکی لێ وەرگرت. تا فڕۆکەکانی دوژمنی داگیرکەری دەوڵەتی (عێراق) نەتوانن، بە ئاسمانی (کوردستان)دا بفڕن. ئەمەش خۆی لە خۆیدا، پشگیرییەکی گەورەی نێودەوڵەتی کورد بوو.

پەرلەمان و میريی هەرێم

ڕۆژی (19. 5. 1992)، یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی (کوردستان) کرا.

ڕۆژی (4. 10. 1992) یەکلایەنە، پەرلەمانی (کوردستان) سیستەمی فیدراڵی ڕاگەیاند.

ڕۆژی (1. 4. 1994)، ئاگری جەنگی نێوخۆ، لە نیوان هێزەکانی (پارتی) و (یەکێتی)دا هەڵگیرسا و (4) ساڵی خایاند.

ڕۆژی (31. 8. 1996)، لەسەر داوای (مەسعوود بارزانيی)، سوپای داگیرکەری (عیراق)، شاری (هەولێر)ی داگیرکرد. پاشان هێزەکانی (یەکێتيی) تێکشکان و پاشەکشەیانکرد. لە دواییشدا، (یەکێتيی) بە یارمەتی (ئێران)، شاری (سولەیمانيی) ڕزگارکرد، جەنگ لە نێوان هێزەکانی (یەکێتيی) و (پارتيی)دا، بە تەواوی گەرمبوو، تا (دێگەلە)یان سەندەوە و لە ئەوێدا وەستان. لە ئەنجامدا، جگە لە ئەوەی کوردێکی زۆر تێداچوون، دەسەڵاتی هەرێمیش دوولەتبوو، دوو دەسەڵات لە هەردوو شاری (سولەیمانيی) و (هەولیر) دامەزرا، تا ساڵی (2006) یەکیان نەگرتەوە.

سەردەمێکی نوێ

ڕۆژی (19. 3. 2003). جەنگ لە نیوان هێزەکانی هاوپەیمانان و (عێراق)دا دەسیپێکرد و ڕۆژی (9. 4. 2003)، دەوڵەتی (بەعس) ڕوخا و هێزەکانی هاوپەیمانان، هەموو (عێراق)یان داگیرکرد. پاشان یەکەمین ڕۆژی جێژنی قوربان (30. 12. 2006)، تاوانباری خوێنڕێژ (سەددام حوسێن)، بە سزای ڕەوای خۆی گەیشت و لەسێدارەدرا.

 ڕۆژی (25. 9. 2017) گشتپرسێکی گشتيی، لە باشووری (کوردستان) کرا، نزیکەی لە (98%) دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا، بەڵام تا ئێستە هیچ ئەنجامێکی نییە!

ڕۆژی (16. 10. 2017)، باڵێکی نێو (یەکێتيی)، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پاسدارانی (ئێران) و حەشدی شەعبی، نێوچەکانی (کەرکووک، خورماتوو، گوڵاڵە، داقووق، خانەقی، پردێ، مەخموور و شەنگال)یان، ڕادەسی هێزەکانی دەوڵەتی داگیرکەری (عێراق) کردەوە، زۆربەی دانیشتووانەکانیشیان دەربەدەربوون.

پەندی مێژوویی

دوای ئەوەی سیستەمی پاشایەتی نەما و سیستەمی كۆماريی جێیگرتەوە، ئەم ڕووداوە چاوەڕواننەكراوە، وەرچەرخانێكی مێژوویی گرنگ و گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی بوو. بەڵام بە شێوەیەكی باش، كەڵكی لێ وەرنەگیرا. چونكە هەر گرووپ و پارتێكی ڕامیاريی، بە گەز و جاوی خۆی كێشەكانیان دەپێوا، شتێ نەبوو، ناوی بەرژەوەنديی باڵای گەلان و دەوڵەتی تازەی كۆماری (عێراق) بێ. ڕەنگە گەر بڵێم: ئەوەتەی ئەو دەوڵەتە زۆڵەكە هەڵتۆقیوە و ئیمپریالیزمی (بریتانیا) دایمەزراندووە، هەرگیز ئاسایيش و هێمنيی بە خۆیەوە نەدیوە، بەرژەوەنديی گشتیش ڕەچاونەكراوە، هیچ لە ڕاستی لام نەداوە. لەبەرئەوەی لە كۆمەڵێ گرووپی ئیتنیك، ئایین و ئایینزای جیاواز پێكهاتووە، ئەم پێكهاتانە، چ لە نێوەوە و چ لە دەرەوەی دەوڵەتەكە، بە یەك دەنگ و بە یەك ڕەنگ، هەرگیز بۆ كێشە سەرەكییەكانی وڵاتەكە، خەباتیان نەكردووە و هەوڵیان نەداوە، بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و ئاشتیخوازانە، گرفتەكان لە ڕەگوڕیشەوە هەڵكێشن و چارەسەرێكی بنەبڕی بۆ بدۆزنەوە، بەڵكوو هەموو لایەنەکان، تەنیا هەر لە كڵاوڕۆژنەی بەرژەوەندییە تەسکەكانی خۆیانەوە، لە هەموو شتەكانیان ڕوانیوە. لە هەمان كاتیشدا، هیچیان سەریان بۆ ئەوانی دیكە دانەنەواندووە و هەمیشە هەر ویستوویانە، یەكدی بسڕنەوە. بۆیە ڕۆژبەڕۆژ تا هاتووە، كێشەی نەتەوەیی و ئایینزایی زیادیكردووە، هەروا بێ چارەسەركردنیش ماوەتەوە.

کۆتایی

لە کۆتاییشدا دەڵێم: لە ماوەی ئەم (62) ساڵەدا، گەلی کورد جگە لە کاولکردنی نیشتمانەکەی، ڕاونان و گرتن، ئازار و ئەشکەنجە، لەسێدارەدان و ڕەشەکوژيی، کیمیاباران و ئەنفالکردنی سەروماڵی خەڵک، ئایا ئەو کۆدەتا سەربازییەی ساڵی (1958) ڕوویدا، چ جۆرە کەڵکیکی بۆ کورد هەبوو؟!! ئایا پێویستیدەکرد، شۆڕشی (11. 9. 1961) بەرپابکرێ؟!! بۆیە دەڵێم: بریا هەر ڕژێمی پاشایەتی بووایە و ئەم هەموو کارەساتە گەورانە، بەرۆکی ڕۆڵەکانی کوردی نەگرتایە!

سەرچاوە: ئاوێنە

نویترین هەواڵ و بابەت