"an independent online kurdish website"

 خوا ئەگەر بیهەوێی هێلانە بۆ بەندەی کوێر ساز دەکا

ئەگەر ئاوڕێک لـە ژیانی خـۆم دەدەمەوە و ڕابـردو وەبیر دێنمەوە دەبینم کە لـە منداڵیەوە دەگەڵ پێشهاتی تـاڵ و شـیرن گەورە بووم.

 سەرەڕای ئەوەش لە بیرم نایە بۆ جارێکیش سکاڵام لە ژیانی خۆم کردبێ. لـەتـەمـەنی شەش ساڵـیمەوە لـە شوێنی لـەدایـکبونـم دوور خراومەوە. ئەوەش پێوەندی بە بابمەوە هەیە. ئەو کە دەگەڵ کۆماری کوردستان کاری کردبـو. دوای سڕ کردنی کۆمـار دەکەوێـتە بـەر هەڕەشەو ناچار من و دایکم و خوشکێکم بەجێێ دێڵی و دەروا. ئەوە بـۆ خۆی بـاسێکی جیایە. بـاوكم لـە گونـدی شاوەلـەی لاجـان خۆی دەگرێتەوە. بەدزی ئەێمەشیان بردەلای . منیش لەتەمەنی (١٤) ساڵی بـە نـاچاری و بـەدزی و بـە شەو ڕامکرد بۆ فەقێیەتی . ئەگەر هەڵەم نەکردبێێ ساڵی(١٣٣٧) هەتاوی لە گوندی ئەندێزەی لاجان دەمخوێند. مەلای مودەڕێس خوا لێخۆشبو مامۆستا مەلا (عەبدوڵای شامخێ) ناسراو بە مەلا (عەوڵای مەلا تەهای ) بوو.(٢ ) موستەعیدی هەبوون بەناوەکانی مەڵا ( عەوڵای شێخ شەرەفی ) ناسراو بـە مەلا (عـەوڵای گەرگولی) و مەلا (بایزی مام کاک ئەڵلە) چەند ڕۆژێک مابوو بۆ ڕەمەزان. مەعمولەن فەقێی بـە زۆری دەچونـەوە ماڵی بابیان. من کە نەمدەتوانی بچمەوە ، دەبـوو بـمـێنمەوە. موستەعیدەکانیش بـڕیـاریاندا نەچنەوە بۆ ئەوەی حوجرەکە چۆل نەبێ. مامۆستای گەورەش ئەوەی پێخۆش بوو.

 ئەودەمی ئەو پادگانانەی گردکشانە و جەڵدیان و ئەوانەیان دروست دەکرد. گردکشانە و ئەندێزە لێک دوور نین. ئەو شیرکەتەی لەوێ کاری دەکرد دەهات لـە گردۆکەیەکی ئـەندێزێ کە کەوتـبوە پشتی مزگەوت و حوجەرە. گڵیان دەبرد بێکەنـە خشتە ( 10 ) کرێکار لەوێ گڵیان لە ماشێنێک دەکرد و دەیبرد بۆ شیرکەتەکە. ئەغڵەب ڕۆژان دەچومە لایان. ڕۆژێک ماشێنێک هات دوو کەسی لێدابەزیـن. یـەکیان ئـەمریکایی بـوو ئـەویتریان فارس. ئەمریکایی سەبـارەت بـەو کرێکارانـە و تـەپـۆڵـکەکـە و هــیتر پـرسیاری دەکرد فارسەکە وڵامی کرێکارەکانی بۆ وەردەگێڕا سەر  ئینگلیسی. یـەک بـە یەک پێیان داهات تا گەیشتە من، لە وڵام دا کوتم: فەقێم کرێکار نیم. کابرا کەوتە پرسیاران فەقێ چیە و چۆن دەخوێن و زۆریتر، کابراش لە منی دەپـرسی و وڵامەکەی بـۆ مـوهەنـدیس دەگێڕاوە. کابـرای فارس وادیار بوو زۆر لەو بارەوە ئاگادار بوو، لێشم پرسی تۆ یان کوردی یان لەکوردستان گەورە بوویە بـۆیە ئـەوەی دەزانی. وڵامی نەدامەوە و کوتی: لەوەی گەڕێ. من کە نیزیک بـە دوو ساڵ بوو نەچوبومەوە ماڵی خۆمان ئەوانیش نەیان دەزانی لە کوێم، جلو بـەرگەکەم زۆر کۆن بوون کەواو پاتۆڵەکەم ڕەنگی حەسڵی خۆی نەدەناسراوە. فارسەش فەقێی وەک خوێندکاری زانـکۆ نـاسانـدبـوو . کابرا پرسیی بـاشە ئـەوە کە خوێـندکارە ئـەو لـیباسانەی بـۆ وا کۆنـە؟! بـەکورتی کوتم: ئـێـمەی فەقێی جاری وایـە دوو ساڵ تا سێ ساڵ نـاچینەوە مـاڵی بابمان و داواش لە خەڵک نـاکەیـن، خوێندن بۆ کوڕی دیهاتی زۆر کەمە و ئەویش بەو جۆرەیە. کابـرا زۆری بە لاوە گرینگ بـوو، کوتی: بـزانە کارێ ناکا تا من کارێکی بدەمێ؟ کوتـم: پـێی بڵێ من کە هاتوم بۆ فەقێیەتی باوکم چاوەروانی ئەوەیە بە عیلم و زانستەوە بچمەوە نـەک پـوڵ و پـارە! سـوپـاسی دەکـەم. بـەڵام چـونـکـە ڕەمـەزانـێ دەرس ناخوێندرێ، ئەگەر مامۆستاکانم ئیزنم بدەن دەتوانم تا دوو سێ ڕۆژ پێش جێژنەی کارێ بکەم. مـوهەندیس کوتی: کارێش نـەکا چەندی پێویست بێ یارمەتی دەدەم. کوتم: دیـسان سوپاس، یارمەتیم ناوێ و کار دەکەم. بە هەر حاڵ قەرارمان دانـا دوای دوو ڕۆژی دیـکە وڵام بـدەمەوە. ئەوەش بۆیە بوو تا بزانم مامۆستاکانم ئیزنم دەدەن. مەسەلەکەم دەگەڵ مامۆستاکان بـاسکرد زۆریان پـێ باش بوو. شتەکەم بـۆ مـامـۆستای گەورەش بـاسکرد. ئـەو پـیـاوە گەورەیـە ئـەو زانـا ڕوناکبیرە مەزەنە ماچی کردم و فەرموی: ئۆخەی کورد کوڕی ئاواشی هەیـە. بـەو جۆرە لە هەوەڵی ڕەمەزانێوە تـا ڕۆژی (٢٧) دەچوومە شیرکەت و کلیلی عەمباری پاچ و پێمەڕانم پێی بوو . کرێکار دەهاتن تەحویـلـم دەدان و ئـێواران سەعاتێکی ڕۆژ دەما لـێـم وەردەگرتـنەوە ڕۆژانـە لـە بـن سێبەری دار و دیواران خەریکی قورعان خوێندن و دەرس و دەوران دەبوم. ئێوارێش بە ماشێنی دەیان بردمەوە. سەماوەرم تێداویشت و چام دێم دەکرد و دوای بانگێش دەچوم بـۆ ڕاتبەی فـەقێیان واتە نان و پێخۆر کۆ کردنەوە. پارشێوانیش سەڵامان دەکرد و ڕاتبەمان کۆ دەکردەوە. لێرەدا سوپاسی مامۆستا مەلا بایزی دەکەم کە کارو باری حوجرەی لە جیاتی من ئەنجام دەدا. هەرچەند کاری ئەو نەبوو.

ڕۆژی (٢٧) دەگەڵ موهەندیسی حیسابم کرد . مـانگێکی بـۆ نـوسیم ڕۆژانە لە قەراری (٥) تمەن ئەو دەم سەرعەمەلە (٢) ی وەردەگرت. موهەندیسیش (١٥٠) تمەنی دەسخۆشانە دامێ. جا وەرە فەقێی ڕوتە ببە بە خاوەنی (٣٠٠) تمەنی ئەودەمی! سبەینێ لەسەر ئیزنی مامۆستا چومە سەر جادەی و بچمە نەغەدەی و لیباسان بکڕم. ماشێنێک هات ڕایگرت موهەندیس بوو.کوتم دەچمە نەغەدەی کوتی: وەرە سواربە. دەگەڵ موهەندیس کە بەداخەوە ناوەکەم لەبیر نەماوە چومە نـەغەدەی. لـەوێ دوکانێکی نیشان دام کە دەفتەریان بو بـەکابرای دەفتەرداری کوت: ئەگەر ئەمنیش لێرە نەبوم هەر ماشێنێکمان لێرە بوو پێی بڵێی ئەو فەقێیەی بـەرەوە ئـەندێزێ. لـە دوکانی میرزا ڕەحـمانی مەعڕوفی کە دوکانی پارچە فرۆشی هەبوو سەرتـاپەخوار لـێباسی جوان و باشم کڕی. میرزا ڕەحمانی خەیـات هەبـوو ئـاشنای مـاڵێمان، بـەداخەوە ناسناوەکەیم لـەبیر نـەماوە لـە شەو و ڕۆژێکدا بـۆی دروم.

مەنـدیلی ژۆرژی سپیم کڕی و لە ماڵە سمایل مزگەری ڕەحمەتی کە مزڵی ماڵە مارف ئاغای شاوەلە بوو دەگەڵ زبێدی کچی و خوشکەکەی کە ناوەکەم لەبیر نەماوە یەک شەو پێچمان بادا. من لە پێچ بادان زۆر ئازا بووم ئەگەر بۆیان هەڵوەشاندبام بە چوار سەعات پێچێکم بادەدا. ئەوجار چومە حەمام جلوبەرگی نوێیم کردەبەر ئەوانی کۆنیشم لـە نـاو مەندیلە کۆنەکەم ناو چومە سەر چۆمی گادەر و تەحویلم دا. خۆشبەختانە بۆ چونەوە بۆ ماڵی خۆمان ڕیگەم پێدرا بوو. توشی ڕەحمانی ڕەحیمە شەلی بووم کە زۆر پێکەوە دۆست بوین، هەر چەند تەمەنی لە سەرەوەی من بوو ئەو ئاگاداری کردم کە دەتوانـم بـچمەوە و هەر ئـەویش مزگێنی دابوو بە بـابـم، کە ڕۆژی دوای جێژن دێتەوە. بـۆیـە کورد دەڵـێـن: ئـەگەر خوا بیهەوێ هێلانە بـۆ دەعبای کوێـر ساز دەکا. بەڵێ خوا ئەو دەرفەتەی بۆ ڕەخساندم و هـەبـونی مـرۆی بـاش و خێرومەنـدی لە ناو هەموو چین و توێژ و ئایین و ئیدەیەک پێسەلماندم .

 براتان مەلا ئیبڕاهیمی مەجید پور ٣ خەرمانانی ٢٧٢٠ کوردی

 ٢٤/ ٨ / ٢٠٢٠ زایینی

نویترین هەواڵ و بابەت