"an independent online kurdish website"

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

 رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە کورستان

پارڵەمانتارانی کورد لە پارلەمانی وڵاتانی ئۆرووپایی

رێکحراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی

 پارێزەرانی کورد لە ئۆڕووپا

دەزگاکانی راگەیاند و میدیاکاران

چالاکوانانی سیاسی

 مرۆڤ دۆستەکان

بەرێزان لە رێگای ئەم نامایە دەمهەوێت سەرنجتان بۆ کەیسی سەدان بنەماڵەی کوردی رۆژهەڵات لە ئۆڕووپا رابکێشم کە داوای مافی پەنابەریی ئەو وڵاتانەیان کردووە ، بەڵام دوای ساڵانێک چاوەرانی، سەرەرای  پێ نەدانی مافی مانەوەیان لەو وڵاتانە، بەلکوو هەرەشەی دەرکردن، یان رادەست کردنەوەیان بە رێژیمی ئێرانیان لە سەرە. ئەو پەناحوازانە کە بە رێگایەکی سەخت و دژواردا گەیشوونەتە وڵاتانی ئۆڕووپایی، لە ناو ئەو پەناخوارانەدا پێشمەرگە و تێکۆشەری چەندین ساڵە و ئەندام و لایەنگری ناوخۆی حیزبەکانی رۆژهەلات و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان هەن کە هەر هەموویان لە ترسی گرتن و ئەشکەنجە و ئیعدام ناچار بوون وڵاتی خۆیان بەجێ بێلن.

ئەو چەند وێنەیە وەک نموونەی ئەو پەناخوازانە لە وڵاتی سوئێد، دانمارک و نوروێژ و یۆنان هێناومەتەوە، بەداخەوە پەناخوازێک بە ناوی مەسعود کەریمی  لە وڵاتی سویس لە چەند رۆژی رابردوودا لە سەر ئەو پرسە تووشی خۆکوژی بوو.

پێویستە ئەوەش بلێم کە تەنیا لە وڵاتی سوئێد هەتا ئێستا 55 کەیسی پەناخوازی رەدکراو لە بەردەستماندایە  کە ئەندام و لایەنگری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانن. ئەوە بێجگە لە ئەندام و لایەنگری حیزبەکانی دیکەش کە بێشک رێژەکە دەڕواتە سەرەوە.

بەڕێزان ڕەدکردنەوەی ئەو پەناخوازانە دەکرێ هۆکاری جۆراوجۆری هەبێ. بەڵام دەکرێ هەڵوێست و فیشاری رێژیمی ئێران بۆ سەر هێزە کوردییەکان و تیرۆری رێبەرانی حیزبی دێموکرات و دەیان تێکۆشەری دیکە لە دەرەوەی وڵات لەبەر چاو بگرین و ئەو رەدکردنەوەیە و وێڕای ئەوەش پێک هێنانی دڵەراوکێ و دەرکردن لە خانوو و برینی هاوکاریی مالی و هەرەشەی رادەست کردنەوەیان بە ئێرانی ئاخوندی، دۆخێکی ناخۆش و هیوایی بڕاویی  لە ناو ئەو پەناخوازانەدا پێک هێناوە کە کۆماری ئیسڵامی براوە و سوودمەندی ئەو کێشەیە دەبێت.

هەر بۆیە زۆر پێویستە هەموو لایەن و تاکێک کە بتوانێت لە باشتر کردنی دۆخی ئەو پەناحوازانەدا خۆی بەرپرس بزانێ و لەو رێگا مومکینە کە بۆی دەکرێ هاوکاریان بێت.

بەرێزان ئەو پەناحوازانە لە بارو دۆخێکی یەکجار زۆر خراپی رۆحی، ترس و دڵەراوکێ، خەمووکی، نەخۆشی شاراوە و بێ هیوابوون لە دوارۆژی حۆیان و بنەماڵەکانیان و باری خراپی مالی دا دەژین. هەر بۆیە ئەگەر رێگا چارەسەرییەکی گشتی بۆیان نەدزۆرێتەوە و هاوکاری نەکرێن، بەداخەوە شاهدی رووداوی نەخوازراو دڵتەزێن دەبین، ئەوکات هاوغەمی هیچ سوودێکی نابێت.

هەر بۆیە لەو پێوەندییەدا  هەم داوام ئەوەیە و هەمیش پێشنیار دەکەم کە  بۆ دیفاع و هاوکاری و رێنوێنی کۆی پەناخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان ، ناوەندێک لە کەسانی دڵسۆز و شارەزای کەسی پەنابەری لە دەرەوەی وڵات پێک بێنن.

بە هیوای پێک هێنانی ئەو ناوەندە.

لە گەڵ رێز

عەزیز مورادپەرەست . سوئێد

٣٠ ئاگۆستی ٢٠٢٠

نویترین هەواڵ و بابەت