"an independent online kurdish website"

 یەکێک لە دەستەواژەکانی وێرانکەر کە خۆی خزاندووەتە نێو ئەدەبیاتی هێندێک لە سیاسیەکانی کورد، بەکار هێنانی ووشەی “برا” تێکەڵ بە ناوی نەتەوەکانی داگیرکەری کوردستانە، وەک برا فارسەکان،…!

هەر چەند تێگەیشتنێکی سەرەتایی لە مەبەستی بەکارهێنانی ئەم شێوە تەعارۆفە بێ بنەمایە هەیە و بۆ دەستپێکردنی دان و ستان دەگەل لایەنی باڵادەست وەک تاکتیک باش و پێویستە، بەڵام ئەم شێوە سیاسەت کردنە یا باشتر بڵێین سیاسەتی تەعاروفی یە، کە بەرهەمی خەیاڵی کوردە، لە راستی دا بە هۆی خۆ بەکەم زانین و لە ڕووی ناچاری و لاوازی ئێمەیە و لە درێژخایەن دا دەبێتە هەڕەشە لە سەر زمان، کولتور و لە نەهایەت تواندنەوەی کورد لە ناو نەتەوەکانی دیکەدا !.

لەوانەیە کە بتوانین سادە لە سەر ئەم بابەتە تێ پەرین و بڵێین کە بەکارهێنانی ئەم دەستەواژانە زۆر ئاساین و هەموو کەس دەزانێت کە وا نیە! و بو دروست کردنی فەزایەکی ئارام و بو پێکەوەژیان دەگەڵ نەتەوەکانی دیکە ئەم ووشانە بەکار دەبردرێن، بەڵام ئایا هیچ یەک لەم نەتەوانە، ئێستاشی لەگەڵ بێت، بە کردەوە ئەو هەستەی منی کوردی هەیە و هیچ حیسابێکی بو نەتەوەیی کوردی کردووە ؟

گەلانی حاکم لە سەر کوردستان بو چەوساندنەوەی گەلی کورد، خۆی لە هیچ تەرح و پلانێک نابوێرێت. هەرچی سەروەت و سامانی کوردە لە لایان گەلانی حاکم داگیر کراوە. ئەوان بە هیچ شێوەیەک حازر نین کە شەراکەت دە گەڵ کوردێک بکەن کە هیچ سەروەت و سامانێک لە دەستی دا نەماوە! ئاخر لە سەر چ ئەساسێک یا خۆد چ پێویستیەک! دێن و برایەتی کورد دەکەن؟

بە خۆ چووکە کردن یان پیاوی چاک و ئارام بوون و …، نەتەنیا هیچ لە زێهنیەتەکەیان لە بەرانبەری کورد ناگۆڕدرێت، بەڵکو بەو سیاسەتە شەرمێونانە، خۆمان بێ نرختر دەکەین و لایەنی بەرامبەریش کە لە جەبهەی هێزەوە قسە دەکات، حازر نیە و حازریش نابێت کە بە ناوی ماف، تەنانەت لە سەر دەرسەدێکی کەمیش بوبێت، لە گەڵ کورد شەراکەتی ڕاستەقینە پێک بێنێت.

ئەگەر کورد سەربەخۆ بوایە و سەروەتی ژێر زەوی و سەر زەوییەکەی لە ئیختیاری خۆی دابا، ئەگەر کورد یەکگرتوو و بەهێز بوایە، ئەوکات خەڵکانی داگیرکەر لە ڕووی ناچارییەوە برایەتی کوردیان دەکرد! لە بەر ئەوەی کە زۆربەی ئەو سەروەت و داهاتەی کە هەیانە بەرهەمی ملک و ماڵی کوردە. تەنیا لە حالەتی یەکگرتوویی، دەوڵەمەندی و لە یەک وشە دا بەهێز بووندایە کە کورد دەتوانێت زۆر دۆستی زیرەک و سادق لە ئاستی جیهانی و ناوچەیی دا بو خۆی بدۆزێتەوە و چیدیکە لە هەمبەر نەتەوەکانی بالادەست لاواز نەبێت.

خەڵکی باڵا دەستی سەر بە حاکمیەتی داگیرکەری خاک و ماڵ و سەروەتی کورد و کوردستان، نیشانیان داوە کە سەرەکیترین دوژمنی نەتەوەی کوردن!. بەڵگە بو ئەم قسەیە لە شێوەی هەڵوێستەکانیان لە کاتی لێقەومان و کارەساتەکانیشدا دیارە!. ئایا تاکو ئێستا کەس بینیویە  یەک لەو نەتەوانە بو دیفاع لە مافی کورد ڕەخنە لە حکومەتەکەی خۆیان یان حکومەتەکانی دیکە گرتبێت و بو پاراستنی مافی کورد، ئەوانیان لە ژێر گوشار نابێت ؟

ئایا قەد بینیومانە کە ئەم نەتەوانەی کە حوکمی کوردستان دەکەن، ژینۆسایدەکانی کوردیان مەحکوم کردبێت؟ و دەیان نمونەی دیکە کە پێویست بە باس کردن ناکات.

ئەو نەتەوانە، نەک سەرکەوتنی کوردیان بە دڵ پێ ناخۆشە، بەڵکو بو لە ژێر ئاو کردنی سەری کورد، زانا و نەزانیان، خوێندەوار و نەخوێندەواریان، چ خاوەنی بیری سوننەتی بن یا بیری مۆدێرن، دیندار بن یا بێ دین، یەکگرتووانە لە موقابیل کورد دا دێنە سەر خەت و دەبنە یاریدەدەری سەرەکی دەسەڵاتداران و حکومەتەکانیان.

بە کەمێک تێفکرین لە سەر ئەم بابەتە دەیبینین کە بە بەستنەوەی خۆمان بە نەتەوەکانی بێگانە و باڵا دەست، نەوعێک سووکایەتی بە خۆمان دەکەین و پێداگری لە سەر زەعفەکانمان و لە نەهایەت دا قەبووڵ کردنی ژێر دەستی خۆمان دەکەین.

حەق وایە کە ئێمە وەکو کورد، ببین بە برای راستەقینەی یەکتر و ئیزن نەدەین سنوورەکانی دەستکردی کوردستان لە ڕادەی حەستی برایەتی کورد لە گەڵ یەکتر کەم بکاتەوە و بە کردەوە بە نەتەوەکانی داگیرکەر بسەلمێنین کە کوردەکان هەموویان برای یەکترن.

هەر چەند هەر تاکێکی کورد ئەوە دەزانێت کە پشت بەستن و باوەڕ بە بێگانە کردن، هەڵەیەکی کوشەندە و گەمژانەیە بەڵام بەداخەوە وا دیارە ئێستاش کەسانێک پەیدا دەبن یا بە دەست لە سەر سینگ دانان لە هەمبەر دەسەڵاتداران عادەتیان کردووە یانیش سیستەمی ئاسیمیلاسیۆن و پەروەردەیی ڕێژیم لەسەر تاکی کورد بو لێ ئەستاندنەوەی متمانە و بڕوا بە خۆبوون، لە سەریان شوێندانەر بوە!؟

وەک نمونەیەکی تاڵ، دەتوانین ئیشارە بە دەست کەوتیان لە زەعیف کردنی زمانی کوردی بکەین. دۆژمن توانیویەتی بە زۆر کەس لە کوردەکان ئیلقا بکات و پێی بیسەلمێنێت کە بە قسەکردن بە زمانی نەتەوەیی داگیرکەری حاکم، شارەزایی و کەسایەتیەکەی دەچێتە سەرێ و دەرگا داخراوەکان لە سەریان دەبنەوە و بە قسەکردن بە زمانی کوردی ئاستی کۆمەڵایەتی و شارەزایەتیەکەی دادەبەزێت و ناتوانێت کەسایەتییەک لە کۆمەڵگادا بو خۆی دروست بکات! راست لێرەیە کە دەڵێین، ئەگەر هات و تەعارۆفاتی سیاسەت وانانی کورد لە سەر دووپاتکردنەوەیی برایەتی نەتەوەکانی حاکم درێژە بکێشێت، ئەوە زێهنیەتی تاکی کورد زووتر و ئاسانتر بەرەو قەبووڵ کردنی زمان و فەرهەنگ و کولتوری بێگانە دەچێت و پڕۆسەی ئاسیمیلاسیۆن لە قیبالی کورد خێراتر دەکات! واتە ئێمە ناراستەوخۆ ئاو لە ئاسیاوی دۆژمن دەکەین!

کورد بوون و کوردایەتی دەبێ وەک دین و ئایین پەرەستش بکرێت!. ڕزگاری گەلی کورد لە ژێر دەستی ئەستەم دەبێت مەگەر دایکان و باوکانی کورد هەموو ڕۆژێ بانگی شانازی بەکورد بوون، بە گۆێی منداڵەکانیان دا بخوێنن و بە بیر و باوەڕێکی قورس و قایم بە یەکیەتی نەتەوەیی، وەک پێشمەرگەیەک پەروەردەیان بکەن.

سیاسەتوانان دەبێ واز لە سیاسەتی تەعارۆف کردن لە گەڵ دۆژمن و خۆ بە کەم زانین بهێنن و شوعاری دۆستایەتی گەلان پەیرەو بکەن و ببنە ئاڵاهەڵگری ڕاستەقینەی یەکگرتوویی و یەکیەتی نەتەوەیی کورد. تەنیا لەو کاتەدایە کە ئەوان دەتوانن هەم ئەرکی نەتەوییان بە جێ بگەیەنن و هەمیش ئاسۆی گەیشتن بە ئاواتەکان روونتر بکەن.

بەو هیوایە

نادر قودرەتی- نۆروێژ

31.08.2020

نویترین هەواڵ و بابەت