"an independent online kurdish website"

کە باس لە فاکتەرەکانی کێشەی ژن و بەتایبەتی کێشەی ژن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکرێ، زۆربەی هەرە زۆری نووسەر و ڕەخنەگران، لە سەد تا سێسەد ساڵ لەمەوبەر تێپەڕ نابن.

ئەوەی ئەوان باسی دەکەن، نەریتی کۆمەڵگا و ئایینە، ئەوە لە کاتێکدایە کە کێشەی ژن، کێشەیەکی مێژووییە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕاو و سازبوونی یەکەم کۆمەڵەکانی مرۆڤەکان و پێکەوە ژیان. ئەو کات کە پیاو دەچوو بۆ ڕاو و ژن لە ماڵەوە ئاگاداری لە منداڵ و ماڵ دەکرد. هۆکاری ئەم دابەشکاریە سرووشتیەش، بەهێزبوونی جەستەیی پیاو بوو. پیاو دەیتوانی ئاژەڵە دڕندەکان بکوژێ و تێشووی ماڵ و منداڵ بەرهەم بهێنی، ژن ئەم تواناییەی نەبوو و هەر بۆیەش مەحکووم بو بە مانەوەی لە ناو ماڵ، هەرچەند هەندێک نموونەی یەکجار کەم و بچووک هەن کە ژنی بەهێزیش لە ڕووی جەستەییەوە هەبووە و ئەم ئەرکەی بەجێ گەیاندووە. لەوانەیە یەکەمین ناڕەزایەتیەکانی ژنانیش لە هەمبەر بەرابەر نەبوونیان لە ڕووی مافەوە لەتەک پیاوان لێرەوە سەریهەڵدابێ و ئەمە هاندەری ژنان بووبێ بۆ ئەوەی کە خۆیان تاقی بکەنەوە و ئەم کۆتەی مانەوە لە ناو ماڵ بپسێنن، هەرچەند هەتا ئێستاش بۆ زۆربەی ژنان وا خۆشترە کە لەناو ماڵ بمێننەوە و خۆیان و جەستەیان ئازار نەدەن و پیاو نانیان بدات و لەم پێناوەشدا بەشێک لە ماف و ئازادیەکانیان لەدەست بدەن. ئازادی تێچووی هەیە و هەموو کەس ئامادە نیە تێچوویەکەی بدات، ئەم ڕێسایە بۆ ژنانیش ڕاستە و هۆکاری بەردەوامیی نابەرابەری، بەشێکی زۆری دەگەرێتەوە بۆ ئەم ئامادە نەبوون بۆ تێچوودانەی زۆرینەی ژنان کە وایکردووە موحتاجی پیاو بن و ژێردەستەی بمێننەوە و زۆر یاسای تاڵ و ناڕەوایان بەسەردا بسەپێندرێ.

دواتر کە کۆمەڵگا هێدی ونیان گەشەی مێژوویی خۆی دەست پێکردووە، شێوەی ژیانیش گۆڕدراوە، مرۆڤ لە ڕاوەوە ڕووی کردووەتە کشت وکاڵ. لێرەدا ژن هاتە ناو کارەوە و هاوشان لەگەڵ پیاو کاری کردووە. لێرەدا ژن نرخی زیاتر بووە و وەک هێزی کار چاوی لێکراوە، هەر بۆیەش لە هەمبەر مێرد کردنی یان دەبوو ژن بە ژن بکرێ کە بە واتای هێنانەوەی هێزێکی تری کار بووە یان دەبوو شیربایی و بەرخوێن وەربگیردرێ کە ڕێگایەک بووە بۆ هێنانەوە و قەرەبووی هێزی کاری لەدەستچوو.

دواتر کۆمەڵگاکان گەشەی زیاتر دەستێنن، ئەم گەشەیە لە ئورووپا زووتر و زیاتر بوو و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەشی زۆری تا ئێستاشی لەگەڵدا بێ نەکراوە، هەر بۆیەش بەرابەریخوازی لە ئورووپا سەریهەڵدا و ژن داوای مافی بەرانبەریان کرد. ژیانی پیشەیی و پێویستیی کەمتر بە هێزی جەستەیی و هەبووةی پەروەردە و تەکنەلۆژی وایکرد، ژن هەم ئەم دەرفەتەی بۆ برەخسێ و هەمیش ئەم مافەی بۆ خۆی ببینێ و ئەم تێڕادیتووییەی هەبێ کە داوای ئەم مافە بکات و تا ئاستێکی زۆریش سەرکەوتن. لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، کەم بوون یان نەبوونی پێشەسازی، لەدوابوونی سیستەمی پەروەردە و ….هتد، هۆکار بوون کە بزاڤی یەکسانیخوازیی ژنان نەگا بەم ئاقارەی کە دەبوو و دەبێ هەبێ.

لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و لە زۆرینەی بەشەکانی ئەم بەشە لە کوردستان، شێوازی ژیان لە ڕواڵەتدا گۆڕاوە بەڵام لە ڕاستیدا ئاستی ژیان هەر لە قۆناخ و سەردەمی ژیانی کشت و کاڵ دایە. بەڕێوەبردنی ژیان پێویستی بە هێزە، کۆڵبەری و کرێکاری و کورەخانە و …هتد، هەرچەند لە زۆریاندا ژن دەوری هەیە بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە نە هەموو ژن دەتوانن و نە هەموو ژن دەیانهەوێ لێرەدا دەور ببینن. لێرەدا دیسان ژن مەحکووم دەبێ بەوەی کە دۆخی ژیانی بەسەرداسەپاو قەبووڵ بکات و لە پێناو مانەوەیدا، لە ئازادیەکانی خۆش بێ و ژێردەستەیی لە پێناو مانەوەدا هەڵبژێرێ.

شێوازی ژیان و ئاستی ئابووریی وڵاتە داگیرکراوەکەمان و ناچار بوونی ژن بە خۆ یان ئازادی بەدەستەوەدان، بووە بە هۆکار کە دۆخەکە لە قازانجی پیاودا بشکێتەوە یانیش هێزێکی زۆرتر بدا بە پیاو لە هەمبەر ژندا و بە مافی بێ ئەملا و ئەولای خۆی بزانێ تا بەم شێوەیە لەگەڵ ژن بەرەوڕوو بێ. لەوانەیە هەموومان دەیان جار ئەم ڕستانەمان بیستبێ کە پیاوان دەڵێن، من شەو و ڕۆژ لە دەرەوە کار دکەم، کە هاتمەوە چاوەڕوانی پێڕاگەیشتن و ڕێزم.

ئەم دۆخە بەتەواوی بە دڵی ئایینە بەتایبەتی ئایینی ئیسلام کە هەم نێرسالارە و هەمیش بەپێچەوانی ئایینی کریستیان، هیچ ئیزن و ڕێگەی گۆڕانکاری نادات و هەمیش لە ناو ئیسلامیەکان تا ئێستا کەسێکی وەک مارتین لۆتێر کینگ هەڵنەکەوتووە. لێرەدا ئایینی ئیسلام کە بەردەوام هەوڵ دەدا کۆمەڵگایەکی لەدواوەی هەبێ و تەنیا لەم کۆمەڵگایەدایە کە دەتوانێ بوونی هەبێ، یاساکانی خۆی بەسەر ژندا دەسەپێنێ. دەرباز بوون لەم دۆخەش پێویستی بە تێچووی زۆرە کە هەندیسان، زۆرینەی ژنەکان ئامادە نین تا ئەم تێچوویە بدەن.

لە کۆمەڵگای کوردیدا هەن ئەو ژنانەی کە هەوڵیان داوە ئەم دەورە بگۆڕن. ئایشێ شان، مریەم خان و فەتانە وەلیدی و …. تێچوویەکەیان بە توندترین شێوە داوە. هەرچەند هەر بەم تێچوویە قورسانە ئێستا ژنی کورد و دۆخەکەی لەگەڵ زۆرینەی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین جیایە و تەنانەت لە خەباتی نەتەوەییدا دەوری سەرەکی وبەرچاو دەگێڕێ کە ئەمە بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان هەیە.

نویترین هەواڵ و بابەت