"an independent online kurdish website"

لـە دەسپێکی خۆپێشاندانـەکان بـۆ ڕوخانی شا ڕا دەست پـێدەکەم ، ئـەودەم هەموو گەلانی ئێران بـەکوردیشەوە چالاکانـە بـەشداریـان کردوو سەفـەکە یەکگرتوو پتەو بوو،

شای ڕاونا و دام و دەزگاکانی تێکەوە پێچا. دوای ئـەو سەرکەوتنە مەزنە کوردستانیش دەبوو خۆی ڕێک بخاو بە یەکگرتویی ئامانجی لە مێژینەی خۆی، بە تایبەت کە کۆماری کوردستانیشی بەخۆیەوە دیبوو وەدی بێنێ. مخابن لە پڕ کۆمەڵێک حیزبی ڕاست و چەپ دروست بوون کە دەتوانم بڵێم کەسی یەکەمی هەموو چەپەکان فارس بوون و ڕاستەکانیش، مەزهەبیەکان بوون . فارسەکان کوڕی ئـەو بـاوکانە بـوون کە هەرگیز دانیان بە بوونی کورد کە مافی دروست کردنی کیانی خۆی هەبێی دانەهێناوە. جگە لەوەش ڕۆڵەکانیان بە ژەکی دژەکورد فرچک درابـوون. ئـەوانـە بەدروشمی قەڵەو و قەبە، هەر یەکەیان کۆمەڵێک لاوی کوردی خوێندەوار و خاوەن ئـەنێڕژیـان لە خۆیان هاڵاندبوو کە ڕاست دەرسی دژایەتی کورد و مافەکانیان لە ژێر ناوی مارکسیسیتی و کمونیستی و مائۆیستیان بەو لاوانە دەکوت و کورد بونیان بە عەیب دادەنا و داواکانیان بە داوایەکی دواکەوتوانە و (بۆڕژوایانە) لە قەڵەم دەدا. ئایینیەکانیش هەریەکەیان دەستیان لە قٶڵی ئیمامێک کردبـوو، یەکیان کافـر دەکرد و یـەکیان بە موسوڵمان لەقەڵەم دەدا. یان باشتر بڵێم: تۆوی دژایەتی کورد دەگەڵ کوردیان چاندو وەبـەریان هـێنا ، دوایەش بۆخۆیان هەریەکەی بـەلایەک دا ڕۆیشتن چەندین ڕۆڵەی خوێندەوارو دڵگەرمیشیان دەگەڵ خۆ بردو کۆمەڵە بۆکوردستان بەجێما. سەیر ئەوەبـوو هەر هەموشیان لە پێش کۆماری ئیسلامیدا دوژمنی حیزبی دێمۆکڕات بون. بەهەر حاڵ یەکگرتویی دروست نەبوو هیچ،دژایەتیەکە گەیشتە حاندێک کە بەداخەوە شەڕی خـۆ بە خۆش دروست کراو ، ڕۆڵەی کورد بەدەستی کورد کوژرا .

لێرەدا دەڵێم : مەبەستی من ئەوە نیە لایەک خەتابار بکەم و لایەک بـێتاوان. لەزاتی خۆیدا شەڕی کورد دەگەڵ کورد شتێکی ناڕەوایە. دەمەوێێ بڵێم : بە لەبەرچاو گرتنی ئەو هەمو هەڵەو خەسارانە ، ئێستا دەبێی چێ و چۆن بکەین ئەوانە دوپات نەبنەوەو قەرەبـوی ڕابـردوش بکەینەوە ؟! ئـەوە هـەڵەیەکی مێژوویی ئەوەندە گەورە بوو کەدەکرێی ناوی خەتای لێبندرێ. جا ئەو خەتایە کێی کردی و بۆکرا دەبێ مێـژوو دیـاری بیکا نـەک من . لـە ڕاستیدا ئـەو سەڵاحیەتەش نادەم بەخۆم . باوەڕیشم وایە لە هەموو شۆڕشەکانی دنیا دا لەو جۆرە لێکدانانە قەڵماوە ، خەتاش کراوەو هیتر . شەری سیاسیش وەک شەری عەشیرەتی و تۆڵە ئەستانـدنەوە نیە ، بەڵکو وەک یاری فوتباڵ وایە لایەنەکان بەرەنگاری یەکتر دەبن و تێدە کۆشن بیبنەوە، بەڵام کە یاریەکە تەواو بـوو دەستەملانی یەک دەبن و ئاـکامەکەی چی بـوو قـبوڵی دەکەن. حیزبەکانیش لـە هێندێک لەداواکانیان دادەشکێین و لـە سەر چەنـد خاڵ ڕێک دەکەون و شەڕوشوڕ دەدرێنە مێژوو دۆستایەتی و هاوکاری جێگەیان دەگرنەوە.

هەڵایسانی ئەو شەڕو ئاژاوانە وایکرد دوژمـنی کورد کە کۆماری ئیسلامی بوو دەرفەتی بۆ بڕەخسێ دەزگای پڕوپاگەندەی بەدژی کورد لە ژێر ناوی دژە ئیسلام ، بەستراوە بە ئیمپڕیالیزم و کمونیزم و مـائـوییزم و ئیـزمەکانیتری وەڕێی خست و لە باری نیزامیشەوە فتوای جیهاد واتە قەڵو عامی بۆ کورد دەرکرد. زۆر کەسیش بە پێی باوەرو هەڵە تێگەیشتنی خۆی رەگەڵی کەوت، یان لەشۆڕشگێڕان دور کەوتنەوە، وەک چۆن ئێستاش ئەوڕەوتە بـەناوی ئیسڵاح تەڵەبی و مەدەنیەت لەئارادایە. ئەوە زیاتر لە ( ٤٠ ) ساڵ بەسەر ئەو وەزعەدا تێدەپەڕێێ ، ڕاستە لە باری بەرەو ڕووبونەوەی دوژمنو کار کردن لـە نـاو خۆی وڵات زۆر لـەکەمیـمـان داوە ، بـەڵام ئـەو وەدوا کەوتـنـەمـان ئەگەر سەرنجمان دابێ ،زانکۆیەکی ئـەوەندە پلە بەرزە کە دەرسی عەمەلی زۆر گرینگی بۆ ئێستاو دواڕۆژیش پێداوین ئەگەر بەڕاستی شۆڕشگێڕ بین و خەبـات بـۆ ڕزگاری نیشتمان و گەل بکەین دەبێ فـێـریان بـو بـین و بیان کەینە بەرنامەی کاری ئیستامان وەک: ( ١) بـاش تێبگەین لـەخۆمـان زیاتر دڵسۆزی ڕاستە قینەمان نیە . دیتمان و ئێستاش دەبینین غەیرەکان بۆ قازانج و بەرژەوەندی خۆیان دەگەڵمان دەبن و ئامانجێکیان هەیە هەرکات دەستیان کەوت مەسەلەی کوردیان بۆ مەتڕەح نیە و لێکمان دەکەن و بەجێمان دێڵن. ( ٢ ) کێشە ناوخۆییەکانمان چارەیـان بـەشەڕو لێکدان نـاکرێێ ، ئـەو شێوە بیرو کردەوانـە برینەکان دەکولـێننەوەو لێکمان دوور دەخاتەوەو لە گەیشتن بەئامانج ناهومێدمان دەکا. بۆ تێگەیشتن لەو مەبەستەش هەرێمی کوردستانمان لـەبـەر چاوە ، کە پاش ئـەو هەمـوو قوربـانـیـدانـەو لـە ڕزگار کردنی گەلانی عێڕاقیشدا نەخشی سەرەکی ئەوان گێڕایان، کەچی ئەو دەوڵەتە لەرزۆکانەی پێک دەهاتن و دێن، ئەو بەندو مادانەی بەقازانجی کوردن لەلایەن ڕای گشتی پەسند کراون و بـونـە قانـون ، هـەزار بـڕو بـیانـوی لێی دەبیننەوە و دروست دەیانەوێ بیگێڕنەوە سەر ئـۆتـۆنـۆمیەکەی سەردەمی سەردام و بـۆ شەڕی ناوخۆیان موستەشار و سەرۆک چاش و شتی وایان لێ دروست بکەنەوە. ئەو خەونو خەیاڵانەی عەڕەبەکان ، بەتایبەتی شیعەکان وپشتیوانە گەورەکەیان کۆماری ئیسلامی ئێران لە تێکدانی ئەو حکومەتەی هەرێم دا خۆی دەبیننەوەو لە دژایەتی و دووبەرەکی نـاوخۆی کوردەکان دا دەیدۆزرێـنـەوە. کۆماری ئیسلامیش پشتیوانی لە تێکدانی ئـەو هەرێمە دەکا چونـکە لـە بنەڕەتـڕا دژی کوردەو کیانی کوردیش لە هەر کوێێ بێی بە دوژمنی خۆی دەزانێ.

حکومەتی هەرێم بە دڵنیایەوە کەمو کوڕیو ناتەواوی زۆری هەیە کە بەشی هەرەزۆری بەڕای من لە ناکۆکی و ململانەی نـەرێنی نـاوخۆیـیـدا سەرچاوە دەگرێ . من وەک خۆم پێوەندیم دەگەڵ هیچ کام لەو حیزبانـەی باشور نیە لە خەمیشیان دانیم ، بەڵام وەک کورد دڵم بۆیان دەسوتی و هەناسەی ساردیان بۆ هەڵدەکێشم کە بە هاندانی دوژمنان دەیانەوێی بەرهەمی ئەو هەموو خوێن و خەباتە بشۆنەوە. برواشم وایە بە هەموو عەیب و عاریشەوە ، هەموو ئەو وڵاتانەی فارس و تورک وعەڕەب دەسڵاتیان بەسەریان دا هەیەو بەڕێوە بەریانن ، بەهەموویان بەقەدەر ئەو هەرێمەیـان ئـازادی و دێمۆکڕاسی لـێی نیە. جا ئێستا کە ئێمە لە نـاویـان دا دەژیـن، چاکە و خراپەکانیشیان دەبینین ودەشزانین مەترسیە گەورە کە ئەو ململانە نەرێنیەی ناوخۆیانە . داخوا نابێ بەسرنجەوە بیان کەینە سوژەو سەرمەشقی کاری داهاتـومـان ؟! مـەبـەستی ئەسڵی من ئەوەیە بڵێم : ئەوەندەی من بـزانـم ئەگەر ئەو ڕابـردوە ئیسڵاح نەکراوەی هەمانە ، ئەو برینە ساڕێژ نەبوەی کە بەجەستەی تێکۆشانەکانمانەوە دیارە چارەسەر نەکرێن ، سەرکەوتنیشمان جێگای ترسو گومانە. بۆ ئەحزابی کوردی ڕۆژ هەڵاتی کوردستان دەبێتە نـەخـۆشیەک بـۆ دواڕژی گەل و خەباتەکەمان ، لە کڕۆنا زۆر خراپترە .

ئەو ناکۆکیو ململانەی باشور دەگەڕێتەوە بۆ بەکار هێنانی ڕواڵەتی حیزبایەتی و ناوەرۆکی عەشیرەتی . ئێمەش کەدەزانین ئەوان بەو دەردەوە دەناڵێنن ، با بشزانین خۆشمان ئەو دەردەمان هەیە و پۆست و دەسڵاتیشی سەربـارە. بـۆیە ئەرکی وێژدانی ، ئینسانی ، ئەخلاقی ، شۆڕشگێڕی و….پێمان دەڵێن : با لەو هەمو ئـەزمونە تاڵانە دەرس وەرگرین دوژمنایەتی بکەینە دۆستایـەتی و هاوکاری ، ململانە بکەینە باس و ڕاوێژی سیاسی نەک دوژمنایەتی،ئامانجی گەل بکینە ئامانجی خۆمان و دینداری و کمونیستی بکەینە قوربانی ڕیگای ئازادی وڵاتو گەل و ئاوەدانی و هێمنایەتی. ئازادی بکەینە بەرهەمی خەباتمان و بەشی هەموو دانیشتوانی کوردستانی لێبدەین . بازاڕی دوژمنایەتی لە ژێر ناوی ئایین و ئیدە جیاوازەکان کۆ کەینەوەو یەک نیشتمان و یەک زمانو ئازادی و سەربەستی و ئاوەدانی بکەینە تەوەری ئـەسڵی و بـەرنـامەی کارمـان لـە کوردستانی ئازاد دا، بڕیار بدەینە دەستی گەلو چیان ویست ئەوەیان بـۆبکەیـن. خۆمان بەخزمەتکاری گەل بۆ ڕزگاری بزانین، نەک لافی سەرۆکو ڕێبەریان بەسەردا لێبدەین. ئێمە دەبێێ بـزانین ئـەو هەموو شەڕو دوژمنایەتی و پڕو پاگەندە ژاراویانە چ قازانجێکی بۆ گەل و حیزبەکان هەوبـوە ! جگە لـەوەی خوێنمان لە جەرگی دایک و باوکانی کوژراوەکانمان هێناوە ، باوەڕو موتمانە بەیەکمان لەدەست داوە ، شۆڕشەکەمان بۆ هێندێکان کردۆتە جیگای پرسیارو بۆ دوژمنیش کردمانە پێخۆری پڕوپاگەندە ، پێم بڵێن : لەوە زیاتر چیترمان وەدەست هێناوە ؟! داخوا لەو ڕووداوو بەسەرهاتە تاڵ و شومانە زیاتر چی هەیە خراپترو چی لێی فێر بوین ؟! ئێمە لەکۆرانی ئەو ڕوداوانە دابـوین ، ئەوانە لەسەر کەسەکان حیساب ناکرێن بڵێین یەک ماوەو یەک نەماوە ! مێژو هەموی سەبت کردون و کەس ناتوانێێ خۆی لێبشارێتەوە و کەڵاشی ئاشەوانی نیە لەسەر زگی خۆی لابەەرێو لە سەر زگی یەکیتری دانێی .

هیوام ئەوەیە هەتا درەنگ نەبوە لەتەکان بەبێی سەرنج وتێبینی یـەکبگرنـەوە، دوایەش حیزبەکان بە یەک بەرنامەو هێز خۆیان بۆ بەرەنگار بونەوەی هەر ڕوداوو پێشهاتێک ئامدە بکەن .بەسە ئـەو هەموو دانیشتنە بێی ئـاکامـانـە . سەربەخۆ بن، بڕیاری بوێرانە بـدەن ، ئەوە دەرمانی هەموو دەردەکانمانە. لەو هەل و مەرجە ناسکە دا وڵام دانەوەی داوای گەل ساڕیژ کەری هەموو برینەکان و قەرەبوو کردنی هەڵەکانە .

 براتان مەلا برایمی مەجیدپور ٩ خەرمانانی ٢٧٢٠ ی کوردی

 ٩ / ٩ / ٢٠٢٠ ی زایینی

نویترین هەواڵ و بابەت