"an independent online kurdish website

چونکە نە بە خزمەتی گەیشتم، نە بە خزمەتم گەیشت، نە سڵاوێکی لێکردم، نە سڵاوێکم لێکرد، نە سەرە ڕێم پێگرت، نە ھاتە سەر ڕێگام، نە سکاڵایەکم خستە بەردەمی،

 نە داوای سکاڵایەکی لێکردم. لەو برنج و فاسۆڵیایەشم نەخوارد، کە ھەندێک پێیانوابوو لە مێرگەپان دەخورێت! تەنانەت ئەو کە ھاتە سلێمانی، من چووم بۆ قەشقۆڵی. ئەزانن بۆ؟

بە مێژوو: ھەزاران ساڵە، ئەزموونەکانی مێژوو دەستیان خستووەتە سەر ئەو برینەی، کە بۆ ھەمیشە کورد لە ڕووداوە سیاسییەکاندا، لە دواوە و شکستخوارد و دۆڕاو بووە! تەنانەت ئەوەی سوودی لەو پەراوێزخستن و شکستخواردن و دۆڕانەکان وەرنەگرتووە و باجی لەسەر داوە، تەنیا کورد بووە! ھەر بۆیە بێ حیکمەت نییە، کە کورد لە سەدەی بیست و یەکی زایینیشدا، داگیرکراو و دابەشکراو و لێدراو و شکێنراوە! ھۆکەش ئەوەیە، کە نە خۆی ناسیووە، نە مێژووی وەک مێژوو خوێندۆتەوە، نە ھەوڵیشداوە لێی تێبگات! تەنانەت تەواوی مێژووی خۆیشی چەواشە کردووە! باشترین بەڵگەش کۆکنەبوونی تێکڕایی مێژوونوسانی کوردە، لەسەر تەنیا یەک ڕووداوی سەراپای مێژوو! ئەوە ھەر باسی تاکەکانی مەکە!

لێرەوە کاتێک ئەوە مێژووی کورد بووبێت، زۆر ئاساییە، کورد لە باشوری خاکەکەی، دوای ٢٩ ساڵ لە حکومڕانی کوردی، نەزانێت چی دەکات و دەیەوێت چی بکات و بۆ کوێ بڕوات؟ دواجار ئەو میللەتەی ئەو دەسەڵاتەی دروستکردبێت، ھەر ئەو سەرکردایەتییە لێ دەردەچێت، کە دوای ٢٩ ساڵ دەیبینین؟ ئاسایی تەمەنی ئەو حکومەتەش بگاتە (١٠٠) ساڵی تریش، شتێکی جیاوازتر لەوە ناکات، کە لە (٢٩) ساڵی ڕابردوودا کردوویەتی! ھەربۆیە دواجار لەو سەرکردایەتییە ئەوە دەردەچێت، کە بەرھەمی میللەتەکەیەتی! بەرھەمەکەشی ئەوەیە، کە ئەو میللەتەی ھۆکاری دروستکەری ئەو دەسەڵاتە کوردییە بوون، ئێستا گیرۆدەی ئەوانە بوون، کە خۆیان گەورەیان کردوون! تەنانەت دەستیان بەوانە ناگات، کە ڕۆژگاڕێک بەردەبازیان بوون، بۆیە دواجار بەناچاری، بە شانوباڵی ئەو کەسانەدا ھەڵدەدەن، کە نەیاری کورد و خاک و سامانەکەین!

ئەوانەی زۆر باش دەزانن، چەند ھێمن و زیرەکانە بێنە مەیدان و خۆیان دەربخەن! تەنانەت خۆیان بکەنە فریادڕەسی عێراق و کورد و سەرجەم پێکھاتەکانی! دواتریش بزانن، چۆن لێیان دەدەن؟ کێشەی گەورەش بۆ ئەو نەتەوە و خەڵکە و شانسی ئەو سەرکردە نەیارانەی کورد ئەوەیە، کە ھەر نیو سەدە جارێک، نەوەیە لە کورد دەردەکەێت، کە ئازار و نەھامەتی ئەو نەیارانەی خۆی نازانێت، کە چییان بە باپیر و باوکانیان کردووە، بۆیە ھەمان ھەڵەی ئەوان چەندان بارە دەکەنەوە!

دیارە لەکاتێکدا من ھیوادارم ھەڵە بم، بەڵام ئەگەر تەمەن و دەسەڵات بوار بدات، ئاسایی (مستەفا کازمی) کەمتر لە (سەدام حوسێن) بە کورد ناکات! بەڵگە سەرەتاییەکانیشی ئەوەن، کە وێنەگرەکەی کوردە و دوو کوردی دەسەڵاتدار لە بەغداد و ھەرێم لەپشت سەریەوەن، جگە لە چەندین کوردی دەستڕۆیشتووی تر! ئەوانەشی ئەم دێڕانەیان بەلاوە ھەڵەیە، با مێژووی دەرکەوتن و سەرکەوتنی (مستەفا کەمال ئەتاتورک، موحەممەد ڕەزاشای پەھلەوی، سەدام حوسێن) وەک (سێ) نمونەی مێژووی ھاوچەرخ، لەنێو ھەزاران ڕووداوی مێژووی نزیک بە کورد بخوێننەوە. ئەوسا دەزانن: مێژوو دەڵێت چی؟ ھەروەھا بەندەش ئەم دێڕانەی بۆ نووسیووە؟

دواجار ھەر ئەوەندە دەڵێم:

خودایا:

٭ کەی سەرکردەکانی کورد لە قەڵا و گردەکان دێنە خوار، تا ئازار و حەسرەت و نزای ھاوڵاتیانیان ببینن؟

٭ کەی کوردیش کۆتایی بە دروستکردنی گەورە بێبەرھەمەکانی دەھێنێت؟

٭ ئەی کەی واز لە پیاھەڵدانی بێبنەماش دەھێنێت و نەناس لەدوای نەناس گەورە دەکات و دەیانکاتە فریادڕەس؟

خودایا:

نەدەبوو منیش کورد نەبم، تا وەک (مینۆڕسکی، ڕێنیە مۆریس، ئیسماعیل بێشکچی،….تاد) خەمێکم لێ بخواردنایە؟ چونکە کورد وا ڕاھاتووە، قسە و دڵسۆزی ھاونەتەوەکانی وەرناگرێت، بەڵام بە گوێ نەیارەکانی دەکات و گوێش لەوانە دەگرێت، کە کورد نین؟

سەرچاوە: NRT

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی