"an independent online kurdish website"

لە دەم هەرای ژان و ژیندا

لە نێو ژینگەی بێ پەرژیندا

هەرەسی خەستی رەشەقوڕ

چەرمی چیاکانی داماڵی

رەزاگران و هارووژاو و شەڕانی و دڕ

وەکوو حەزیای سەرشێتی کوێر

خۆی لە باڵای ئاگری ئاڵاند

پشتی تاقەداری چەماند

شمشاڵی مامەی قوڕ دادا

تووڕە و تۆسن، بە تاوان فێر

گەردنی تەرەغەی بادا

درێشووکەی لە رۆحی بووندا

باڵای داربەڕۆکانی جوی

رێشووی ریشی چیای قرتاندن

پرچی ئاڵەکۆکی ڕنی

کانیاوەکانی خنکاندن

گەشی و جوانی، شار و لادێ و ئاوەدانی

لانەی مەلان، تەرت و تەلان

چی نزار هەبوو ڕایماڵی

زللەی لە سیمای گەردوون دا

وەکوو نەریتی ژوور و ژێر

بوتەقەپلۆنی ویژدان کوێر

لمبۆزی بۆ گوناح بردەوە

فەرمانی راگەیاندەوە

ئاوی بە خوێنێژ کردەوە

کلکیان لەنێو گەڵۆزیاندا

تاقمی تاوان

لەتم و لەوسی بەپۆزیاندا

سەرمەستی بادەی سەرکەوتن

گوناح لەسەر کۆڵ

لە غاری گوناحان دەرکەوتن

پەیامی قورقوشم و بارووت

بە شەپۆلی دەریای قوڕدا

بە لیخەی بێ تاواناندا

لە تابووتی سڕ و کڕدا

بە نێو پەڵە هەوری خەمدا

بە سەر چۆڵگەی ژانی چڕدا

بە نێو بارانی ماتەمدا

ئاوا پشکۆتووەتەوە زمانی

جوخەی مەرگ دەستی وەشان

پۆلێک پەپوولەی بێ تاوان هەڵپڕووکان

مردن لە دەم مردندا مرد

خوێنەکان لە خوێندا خنکان

داسی مەرگ درەوی کرد

شەوە گرەوی بردەوە

خێر و بێر و وەعدەی بوتان

بوونە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان

گێلە سیخوڕی کەڕ و کاس

بۆمبهاوێژی حۆلی بێ زمان

دڵ کوێر، بێ خێر، دۆڵپای پێخواس

بەڵێنییەکان بوونە ئاوردوو مووشەکان

مووشەک لە هەوا و لە زەوی

لە میحرابی نوێژگانەوە، بەرز و نەوی

لە سەکۆی با و بۆرانەوە

سنووری دەستکردیان بڕین

پیرۆزییەکانیان دادڕین

راکێتەکان گاڕان گاڕان

لوزەویان بەست

بێ بۆگە و بێ تانە و نێوان،

 رۆحی ئینسانەکانیان گەست

لە قۆرغەکەی خوار باواجی

لە پەنای پەیکەری حاجی

لای گوڵزاری حاجیلەکان

وەک تاقیگە بۆ یەکەمجار

رەوە حەزیای سەرشێت و هار

لە نێو چەند شەپۆل ئینساندا

لەمبۆزیان بە زەوی دادا

گاو و ماسییەکەیان راچلەکەند

بوونە بە تیشکی سووتێنەر

یەک لەدوای یەک تەقینەوە

 ئینسان کوژان، مێشکی منداڵانیان پژاند

ساتۆرەکانیان سووینەوە

لە خوای ویژدان رەوینەوە

وەک گەلحۆی لە گیان بێ خەبەر

خۆیان گێل کرد بۆیان چوەسەر

لەملا لەولا، لەمبەر لەوبەر

پیر و جەوان وەکوو کەوان

کووڕ و گوڕتر بوون و چەمان

لە بورجی هەرە بەرزەوە

بۆ کوشتارە بە هەرەوەز

قین هەستاو غەزری و دم وەڕەز

ئەو جەردانەی جاڕیان راهێشت

فەرمانی قەڵاچۆیان دا

وەکوو ئۆباڵ

دوو دەستیان لە ملی خۆیاندا

جانەوەر بوون جادووگەر بوون

بوونەوەری بە خوێن سەرمەست

هەموو رەماڵ و چاو بەست بوون

کورد کوژانی قەمە بە دەست

پاش هەڵدانی بالۆرەی شەڕ

بوونە مارشاڵی قسەی بە دەست

شەرعییەتی کۆڵی کرمۆڵ

پاش گۆڕینی چەندین حاڵەت

دوای هاویشتنی چەندین توێژ

بوو بە دیاردەی تازە بابەت

سڕە و گوڕە و سوڕە و تۆرە

ژەنگی مێژوو بووە بە خۆرە

پۆلێک ئەستێرەی گڕگرتوو

لە ناکاو سیس و بێ هەست بوون

مزگەوت و میحرابی رووخاو

پێشنوێژی لە سێدارەدراو

جێژوانی چۆڵ، گڕاوی ، کڵۆڵ

بەختی چەماو، پێخەفی قوڕ

گرشەی رنوو، خەوی ژێر چارۆکەی بەفر

لوورە لووری بای سەرگەردان

حەشارگەی تەپیو و وێران

زۆنگاوی سوور، قامیشەڵان

گژەبای سارد، بناری دوور

کاولە ئاشی ئاگردراو

ئاشەوانی تیرۆرکراو

تەرمی بێ گیانی سارد و سڕ

رنووی لە گوڕ، مەرگی لە پڕ

جوت بەرداشی پێکداچزاو

گێژ و خول و رێ ون کردن

پەنا بۆ کونەڕێوی بردن

بە گاگۆڵە، گا چنگڕنە

لە کۆڵ نانی درێژترین ئازار

قەبر و قەنارە و گیر و دار

گورگە خەوی ئەشکەوتی خەم

زریانی دڕ، پشوو لێ بڕ

بڕینی درێژترین چۆڵگەی ماتەم

مانگی ژێر مەندیلی تریفەی، خەرمانەی گیران رەشپووشی

ئازارە با و پڕشە بەفر و تەڕ و تووشی

کۆنە برینی شان و پیل و قاڵچە و پەنجە

دار و فەلاقە و ئەشکەنجە

وێکڕا قڕان، زەردەخەزانی دابڕان

هەموو دەستیان دایە دەست یەک

وەک تاقانە رۆڵەی رۆژگار

بە میرات بە ئێمە بڕان

خوێی دژە بۆگەن، بۆگەن بوو

ژان کەوتەوە سەر ژانی کۆن

برین کەوتە سەر برینی سووتوو

کەڵان لە تەلان هەڵدێران

چارەسەر چووە پشتی شێران

لینکی دەنگی 

مامۆستا حەسەن شیوە سەڵی

سەرچاوە: گۆڤاری تیشک

reklam Vimla

نویترین هەواڵ و بابەت