"an independent online kurdish website

لەماوەی ڕابردوو لە لایان خەڵکی کوردستان بە تایبەتی کوردی دوو پارچەی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان،  بیر و بۆچونی زۆر لەسەر ڕێفڕاندۆمی کوردستان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووە و

 تێدا کۆمەڵێک لە چالاکانی نێوسۆشیال میدیا ڕێفڕاندۆمی کوردستانیان بەرز نرخاند و هێندێکیان ئەم ڕێفڕاندۆمەیان بە سەرەکیترین هۆکاری لەدەست دانی لە سەدا 51ی خاکی باشووری کوردستان پێناسە کرد.

لێرە خاڵێکی گرینگ کە لە بەرچاو نەگیردراوە، ویستی خەڵکی کوردستان *باشووری کوردستان* دایە کە لە ڕۆژیکی مێژوویدا داخوازی خۆی بە جیهان ڕاگەیاند و ئینتیزاری ئەوەیان بوو کە وڵاتانی نێودەوڵەتی و سەرجەم ڕێکخراوە جیهانیەکان ڕێز لەم ویستەیان بگرن.

بێ دەنگی وڵاتانی جیهانی بەنیسبەت خەڵکی کورد

زۆرینەی زۆری وڵاتانی ئەورووپی و ئامریکا دژایەیەتی ڕێفڕاندۆمی کوردستانیان کرد و داوای بەدواوە خستنی ڕێفڕاندۆمی کوردستانیان بە بیانوی تێک نەچوونی بارۆدۆخی ناوچەکەیان دەکرد و ڕۆڵی کورد لە شکست دانی گەورەتەرین ڕێکخراوەی تێرۆریستی لە دنیادا لەبەرچاو نەگرت و هەر هەموو دروشمە دێمۆکراتی، سۆسیالیستی، لیبڕالیستی و ئینسانییەکانیان وەلا ناو تەنانەت بە فەرمی چاوی خۆیان لە دژکردەوەکانی دوای ڕێفڕاندۆمی کوردستان بەست و گلۆپی سەوزیان بۆ هێرشی هەرسێ وڵاتی ئێران، عێراق و تورکیە  بۆ سەر هەولێر هەڵکرد.

بەڵام خۆڕاگری پێشمەرگە لە پردێ و تێکشکانی پاسدار، میتی تورکی و سوپای عێراقی وای لە فەڕانسە و ئیسرایل کرد کە بێنە سەر هێڵ و داوای ڕاوەستانی هێرش بۆ سەر کوردستان بکەن و گەر یارمەتییە سەربازییەکانی ئیسرایل و دیپلۆماسیەتی فەڕانسە نەبا  ئەوە تورک و فارسەکان قەوارەی هەرێمی کوردستانیان دەسڕییەوە

 داگیرکەرانی کوردستان

گەلی کورد کە بە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت لە سەدەی 21ی زایینیدا ناوبانگی دەرکردووە، بە بێ ڕەزامەندی کوردستانیان، یەکەم جار بۆ دوو پارچە و پاشان چەند پارچە دابەشیان کرد و لە نێو دەوڵەتە داگیرکەرە تازە دامەزراوەکاندا ببووە کەمینەو وەکوو قەومێکی بچووک پێناسەیان کرد و پاشان مێژوو، جوگرافیا و چاندێکی جەعلیان بۆی ساز کرد.

بە شێوەیک کە لە تورکیە بۆ ماوەی هەشتاد ساڵ بوونی کوردیان ئینکار دەکرد و بە تورکی کێوی ناویان دەبرد،  لە حاڵێکدا کە خودی تورک گەورەترین کۆچەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

کورد بە هۆی نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی کە تاقە ڕێگای پاراستنیەتی، توشی گەورەترین کارەساتەکانی سەدەی ڕابردوو ببوو بە شێوەیەک کە تورکەکان تا ئێستا بە پێ ئامارە نافەرمییەکان نزیکەی نیو میلیۆن کوردیان کووشتووە و چوار میلیون کوردیان ئاوارەی شارە تورکەکان کردووە هەروەها لە ئێراندا کورد بە ئێرانی پێناسەکراوە و بە بەشێک لە قەرەچە فارسەکان چاوی لێدەکەن، لە حاڵێکدا کورد هیچ کات وەکوو ئەوان کۆچەر نەبووە و بە پێچەوانە خاوەنی مێژوویکی زۆر کۆنتر لە فارسەکانە بەڵام لەسەر سایەی وڵاتی بەریتانیا سیستمی دەوڵەت نەتەوەی ئێرانی  پارسی جەعلی دامەزراو هەوڵی تواندنەوەی گەلی کوردیان بە ئێرانی بوون داو هەتا ئێستا ئەم پڕۆسەیە بەردەوامە

نەتەوەی فارس لە یەکەم ساتەکانی بە دەسەڵات گەیشتنی لە ئەم وڵاتە نوێیە،کە ناوی ئێرانی بەفەرمی لە ساڵی 1306ی کۆچی لەسەر نرا، سیستیمی شۆڤێنیستی خۆی لە قاڵبی هۆڤیەتی ئێرانی کە لە ئەساس زمان، مێژوو و ئەقڵیەتی هەمان هۆڤیەتی فارسە ،بە پشتیوانی بەریتانیا دامەرزاند و بوونی کورد بۆ ئەم سیستمە بە دوژمن دەزانێت، چۆن مێژووی جەعلی فارس زۆر بەهاسانی بە هۆی مێژووی ڕاستەقینەی کورد دەکەوێتە ژێر پرسیار و ئەم مێژووە جەعلیە دەکەوێتە دەرەو بۆیە، هەوڵی سڕینەوەی کوردی داوە و تا ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەم هەوڵە بەردەوامە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەلی کورد تووشی نەهامەتی، کوشتن و بڕین دەکەن.

لەم سیتمە گرینگ نیە کە شای فارس دەسەڵات دار بێت یان شێخی فارس، چۆن سیستمەکە بە شێوەیک دامەزراوە کە تێیدا دەبێت نەتەوە غەیرە فارسەکان وەکوو کورد، بەلوچ و عەرەب لە سەر هۆڤیەتی ئێرانی لە نێو فارسدا بتوێننەوە.

بۆیە قەت جیاوازێک لە نێوان هیچ لایەن و جەریانێکی فارسدا بە نیسبەت گەلی کورد بوونی نیە و بگرە گەر دەسەڵات بگات بە دەستی ئۆپۆزێسئونی دەرەوەی ئێران لە کۆماری ئیسلامی خراپترمان بەسەر دێنێت.

بۆ ئیسباتی ئەم ڕاستییە تەنیا بڕوانن بە ئەم ئۆپۆزێسیۆنە فارسانە کە لە کاتی ڕێفڕاندۆمی کوردستان چۆن وەکوو فاشیستەکان دژایەتی ڕیفڕاندۆمیان دەکرد کە هیچ پەیوەندیکی بە ئێران و ئەوان نەبوو بەڵام دیتمان چۆن لە دوای 16ی ئۆکتۆبێر ستایشی گەورەترین تێرۆریستی ئێرانی واتە قاسم سولەیمانیان دەکرد.

لە ئەگەری ئەنجام نەدانی ڕێفڕاندۆم ئایا سەدا 51ی خاکی کورد لەدەست دەچوو؟

لە وڵامی ئەم پرسیارە با بزانین جان بۆڵتۆن چی ئەیژێت: بۆڵتۆن گوتی کە قاسم سولەیمانی پلانی هێرش کردنە سەر کوردستانی بەدەستەوە بوو بۆیە گەر ڕێفڕاندۆمیش نەکرابا ئەوە ئێرانییەکان بە پاڵپشتی تورکیە هێرشیان دەکردە سەر کوردستان و هەوڵی سڕینەوەی قەوارەی سیاسی کوردستانیان دەدا.

کەواتە ئەم ڕستەیە بە جوانی دەری دەخات کە ڕفڕاندۆم بیانوو نەبوو بۆ هێرش کردنە سەر کوردستان بەڵکو ئەوە دەسکەوتێکی مێژووییە کە وەکوو بەڵگە لەدەستی کورد دایە کە گەر هەلێکی بۆ ڕەخسا کەڵکی لێو بگرێت.

هۆکاری سەر نەگرتنی ڕێفڕاندۆم

١ ناکۆکی لایەنەسیاسیەکانی کوردستان و حیزبی بیرکردنەوەیان لە جیاتی نەتەوەی بیرکردنەوە

٢ وڵاتانی داگیر کەری کوردستان بەتایبەتی ئێران

٣ وڵاتانی جیهانی کە تەنیا بە چاوی قازانج دەڕواننە کورد و کوردستان

٤ ژێئۆپۆلۆتیکی ناوچەکە

چەکەسانێک دژی ڕیفڕاندۆمی کوردستان بوون

زۆرینەی زۆری ئەو کەسانە کە دژی ڕێفڕاندۆمی کوردستان بوون بریتین لە 

١ کۆمۆنیستەکانی کوردستان کە هۆکارەکەی بە جوانی ڕونە، یەک باوەڕیان بە دەوڵەت نەتەوە نییە وە هەروەها ئەو حیزبە سیاسیە کە ڕێفڕاندۆمی کوردستانی بە ڕێوە برد، بە حزبێکی ناسیوناڵیست و خۆیان بە دژە ناسیوناڵیست پێناسەدەکەن.

جوان دیارە کاتێک نەتەوە داگیرکەرەکانی  تورک، فارس و عەرەب سوکایەتیان بە کورد و کوردستان دەکرد، ئەوانیش بە هەمان شیوە سوکایەتیان بە ڕێفڕاندۆمی کوردستان دەکرد و نەتەوەیی بوونیان بە هۆکاری شکستی ڕێفڕاندۆمی کوردستان پێناسە دەکرد و مەحکومیان کرد.

یەکەم حیزبی کە خۆی بە چەپ دەزانێ کە ڕێفڕاندۆمی کوردستانی مەحکوم کرد ئەوە پەکەکە بوو کە بە تێکدەری ناوچەکە ناوی برد، ڕێک ئەو قسەی داگیرکەرەکانیان دووپات کردەوە.

٢ ئیسلامییەکان، لایەنە ئیسلامییەکانی کوردستان هەر کامەیان ملکەچی فارس یان تورکە داگیرکەرەکانن و بۆ تێک نەچوونی نێوانیان ڕێفڕاندۆمی کوردستانیان بە تێکدەری برایەتی نێوان گەلانی مووسڵمان پێناسە دەکردن، لە کاتێک برایانی مووسڵمانیان هەرکامەیان خاوەنی چەند دەوڵەتی سەر بەخۆی خۆیانن وەکوو فارس سێ دەوڵەت \ تورک، حەوت دەوڵەت و عەرەب ٢٢ دەوڵەتی سەربەخۆی هەیە.

ئەم حیزبە ئیسلامییە سیاسیانەی کوردستان نەک تەنیا لە کاتی ڕێفڕاندۆم بەڵکوو لەسەدەی نەوەدەکان و کاتی وەرگرتنی فیدڕاڵییەت لە ساڵی 2003ی زایینی بە هەمان شێوە دژی هەر چەشنە دەسەڵاتێکی سیاسی کوردستانی بوون.

ئاکام

لەوەی کە پێمان وا بێ بارزانی ڕابردویکی خراپی هەیە یان ئایدۆلۆژیاکەی لەگەڵ ئایدۆلۆژی ئێمە ناگونجێت نابێت ببێتە هۆکاری دژایەتی مافی گەلی کورد.

ئەو مافە چلۆن چەپەکان بۆ جەزایر و فەلستین لەبەر چاوی دەگرن، یان ئیسلامییەکان بۆ فەلستین و موسڵمانانی چین دەبێت بۆ نەتەوەی خۆیانیش بەکردەوە لەبەر چاوی بگرن نەک تەنیا لە قاڵبی دروشمدا

  گەر چەپی ئەوە مافی چارەی خۆنووسیە.

گەر موسڵمانی ئەوە مافی نەتەوەیەکی موسڵمانی

گەر ئینسانێکی لیبڕال و دێمۆکراتی، ئەوە لە پڕۆسەیەکی دێمۆکراتییانە گەلی کورد ویستی خۆی ڕاگەیاندووە.

تکایە بەرژەوەندی بیر و باوەڕ یان حیزبیەکانتان بۆ جارێکیش لەبەرچاو نەگرن و چاوتان لەخەڵکی کوردستان بێت کە چی ئەوێت، نەک دژایەتی ویستی خەڵکی کوردستان بە بیانووی ئابووری و ئایدۆلۆژیایەکانتان بن.

 هاوڕێ بەڕێزی خوێنەر، من لایەنگری بارزانی نیم و نە قەتیش شۆڕشی ٤٦/٤٧ و قیادەی موەقەت لەبیر ئەکەم تەنیا بە چاوێکی نەتەوەیانەدا دەڕوانمە ڕێفڕاندۆمی کوردستان

بژی کورد و بژی کوردستان

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی