"an independent online kurdish website

ڕۆژی ٢٥ی خەرمانانی ١٣٩٩ی هەتاوی بەرامبەر بە ١٥ی سپتامبری ٢٠٢٠ی زایینی لە واشنگتۆن و بە حزووری دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و بەحرەین، ڕێککەوتننامەی ئاساییکردن و بەفەرمیکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ کرد.

دیارە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی لەمێژساڵە بەکردەوە واقعییەتی بوونی وڵاتی ئیسرائیلیان سەلماندووە و بە ئاشکرا و بە نهێنی لە بوارەکانی ئابووری و ئەمنییەتی پەیوەندیی غەیرەڕەسمییان لەگەڵی بەرقەرار کردووە.

میسر و ئیسرائیل لە ٢٦ی مارسی ساڵی ١٩٧٩ی زایینی و ئۆردۆن و ئیسرائیل لە ٢٦ی ئوکتوبری ساڵی ١٩٩٤ی زایینی ڕێککەوتننامەی ئاشتییان لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ کردووە و یەکتریان بە ڕەسمی ناسیوە.

کاتی خۆی میسر بەهۆی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل تەنانەت لە یەکیەتیی عەرەب دەرهاوێژرا.

گرنگیی ڕێککەوتننامەی ئیمارات و بەحرەین لەگەڵ ئیسرائیل، بەتایبەتی کاتەکەیەتی کە نەک هەر پەیوەندییەکانی دنیای عەرەب و ئیسرائیل، بەڵکوو دەکرێ بوترێ دۆخی ناوچەکەی، خستووەتە قۆناغێکی نوێوە.

کەشوهەوای سیاسیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست گۆڕاوە و ڕەوتەکە بەرەوپێش دەچێ و دۆخەکە بە زەحمەت بۆ پێش ١٥ی سپتامبری ٢٠٢٠ی زایینی بگەڕیتەوە.

تایبەتمەندی یان “موئەلفە”کانی ئەو قۆناغە نوێیەی ناوچە بە کورتی بریتین لە:   

١) ئیسلامی سیاسی، “جهادی گری” و ڕادیکالیزم لە پاشەکشە دان و ڕەوتەکە سەرەتای لاوازبوون و بێ کاریگەریبوونیان پیشان دەدات.

٢) تێگەیشتن و عەقڵییەتێکی نوێ لە ئاستی وڵاتانی عەرەبی سەری هەڵداوە. وڵاتانی عەرەبی ماڵاواییان کردووە لەو ئیدە و بیروبۆچوونە کە ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیلی گرێ دەدا بە کشانەوەی ئیسرائیل بۆ پشت سنوورەکانی پێش شەڕی ٦ ڕۆژەی ١٩٦٧ و دامەزراندنی وڵاتی سەربەخۆی فەلەستینی.

٣) پرسی فەلەستین، بە ئاشکرا، لە ئەولەوییەتی یەکەمی وڵاتانی عەرەبی کەوتووە و جێگەی خۆی داوە بە بەرژەوەندیی یەک بە یەکی وڵاتەکان (سیاسی، ئابووری، ئەمنییەتی و نیزامی).

٤) ئیدئۆلوژی و سیاسەتی ناوچەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران تووشی شکستی گەورە هاتووە. سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دواهەناسەکانی خۆی دەکێشێ.

٥) سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا: دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆی وڵاتان بەمەبەستی ناسەقامگیرکردنیان، هەڵایساندن و درێژەپێدان بە شەڕی مەزهەبی لەنێوان شیعە و سوننەدا، پشتیوانی لە تێرۆریزم، ڕێکخستنی گرووپگەلی چەکدار لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەدا بە مەبەستی خۆشکردنی ئاگری شەڕە نیابەتییەکان و …، بەهۆکاری سەرەکیی نزیکبوونەوە و ڕێککەوتنی یەک لە دوای یەکی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل و لە پەراوێزکەوتنی پرسی فەلەستین ئەژمار دەکرێ.

کۆماری ئیسلامی بەکردەوە بووەتە مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی وڵاتانی ناوچە، بە عەرەب و ئیسرائیلەوە.

٦) لە پەنا کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دۆڕاوی سەرەکیی ئەو قۆناغە، لانیکەم هەتا ئێستا، فەلەستینییەکانن. پرسی فەلەستین لە ئاڵوگۆڕەکانی ئەو دواییانەدا ئەوپەڕی لە پەراوێزدا و بە تەعاروفات، دەور دەگێڕێ.

لە پەیوەندی لەگەڵ فەلەستیندا، کۆمەڵێک هۆکار پرسی فەلەستینیان لە ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەدا خستە پەراوێزەوە. بەڵام، لە ڕاگەیەنەرە گشتییەکانی وڵاتانی ناوچە و ڕۆژئاواییدا بە دەگمەن چاوت بە وتار، لێکدانەوە یان ڕاپۆرتێک دەکەوێ کە ئاماژە بە سیاسەت و هەڵسوکەوتی خودی فەلەستینییەکان وەک هۆکارێکی سەرەکیی تەریککەوتنەوە و دابەزینی پرسی فەلەستین لە ئەجندای نێودەوڵەتیدا نەکات و ڕێکخراوەکانی فەلەستینی بە بەرپرسیارێکی سەرەکیی دۆخی تراژیکیی گەلی لێقەوماوی فەلەستین دانەنرێن.

ڕێکخراوە فەلەستینییەکان بەهۆی دووبەرەکی، شەڕی دەسەڵات و بەرژەوەندیی گرووپی و ململانەی نەبڕاوەی بێ ئاکام و پڕکارەسات بۆ گەلی بێبەشی فەلەستین، جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی فەلەستینی لە ئاستی ناوچە و لە بیروڕای گشتیی جیهانیدا لە ئێعتبار و ڕەوایی و ئەولەوییەت خست.

سەرەڕای یارمەتیی ماڵیی بەرچاو و بەربەرینی وڵاتانی دەوڵەمەندی عەرەبی و یەکیەتیی ئۆرووپا و ئەمریکا، خەڵکی فەلەستین لە غەزە و ڕامەڵڵا و … لەوپەڕی هەژاری و بێبەشیدا دەژین.

سیاسەتی ڕێکخراوە فەلەستینییەکان خاک و کۆمەڵگای فەلەستینی دابەش کرد و خەڵکەکەی تووشی شەڕ و دووبەرەکی کردن کە پەیوەندیی بە ماف و بەرژەوەندیی ئەوانەوە نییە و خەڵکی فەلەستین بووەتە قوربانیی سەرەکیی وەزعەکە.

کێشە و پڕشوبڵاوی، یەکگرتوویی و ئاشتیی کۆمەڵگای فەلەستینی شێواند و ئاکامەکانی وەزعەکە نەک هەر وڵاتانی عەرەبی و ئۆرووپایی، بەڵکوو خەڵکی فەلەستینیشی بێزار و ماندوو کرد.

ئاخر کام مەنتق ئەوەی دەسەلمێنێ کە لەلایەکەوە خەبات بۆ وڵاتێکی سەربەخۆ بکەی، بەڵام لەلایەکی دیکەوە ئەوەی هەشتە بەدەستی خۆت دابەشی بکەی و هێز و وزەی نەتەوەکەی خۆت لەپێناو دەسەڵاتخوازیی ئەم و ئەو ڕێکخراوەدا، بەفیڕۆ بدەی؟!  لە ساڵی ٢٠٠٧ی زایینی و دوای شەڕێکی خوێناویی نێوخۆیی، ناوچەی ئوتونومی فەلەستینی بە سەر دوو حکوومەتدا دابەش کراوە: حکوومەتی ڕێکخراوی ڕزگاریدەری فەلەستین – فەتح لە ڕۆژئاوای چۆمی ئۆردۆن و  حکوومەتی “حماس” لە لێوارەی غەزە!

هەروەها، دووبەرەکی و بەرژەوەندییخوازیی ڕێکخراوەیی، پێی کۆماری ئیسلامیی بۆ نێو جووڵانەوەی فەلەستینییەکان کردەوە: کۆماری ئیسلامی بەشێوەی سیستماتیک درز و دووبەرەکییەکانی نێوان “فەتح و حەماسـ”ـی قووڵتر کردەوە، شەڕی خۆی لەگەڵ ئیسرائیلی کرد بە شەڕی فەلەستینییەکان  و هەتا پێیکرا بۆ شێواندن و بێئێعتبارکردنی پرسی فەلەستین هەوڵی دا و ئاژاوەی ناوە.

دەخالەتەکانی کۆماری ئیسلامی بیانووی دا بە دەست دەوڵەتی ئیسرائیل بە ئاسانی هێرش بکاتە سەر فەلەستینییەکان، بەشێک لە خاکەکەیان بە ئیسرائیلەوە بلکێنێ و پرسی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی لەبیر بەرێتەوە.

حیزب و ڕێکخراوەکانی گەلانی بندەست دەبێ ئەو ڕاستییە بسەلمێنن کە ڕەوایی و بەرحەقبوونی پرسی سیاسیی نەتەوەیەکی ژێرستەم و خەباتە ڕزگاریخوازانەکەی، بەهیچ جۆر سیاسەت و هەڵسوکەوتی ناشیاو و نابەرپرسانەی هێزەکانی نێو جووڵانەوەکە پاساو ناکا و ڕەوایی بە دووبەرەکی و کێشەی دەسەڵات و بەرژەوەندیی گرووپەکان لەسەر حیسابی گەلە چەوساوەکە نادات.

گەلێک، هەرچەندی چەوساو و بێبەش و قوربانیی سەرکوت و تێڕۆر و هەڵاواردنیش بێ، ئەگەر بۆخۆی، بەتایبەتی ڕێکخراوە سیاسییەکانی، خەمی خۆی نەخوا و بەزەیی بەخۆیدا نەیە، نابێ چاوەڕوان بێ کە خەڵکی دیکە خەمی بخۆن و داکۆکی لێ بکەن و بەرژەوەندیی خۆیانی بۆ  بخەنە مەترسییەوە.

یەکیەتی و یەکگرتن و یەکگوتاری موعجیزە ناکا و وەک دەڵێن “ڕێژیمیشی پێناڕووخێ”. بەڵام دووبەرەکیی نەبڕاوە لەسەر پرسگەلی لاوەکی و وردەبەرژەوەندیی کاتی و پڕشوبڵاویی یەکنەگرتوویی، هێز و وزەی جووڵانەوە دابەش دەکا و بەفیڕۆی دەبا، یارمەتی بە پلان و پیلانی دوژمن دەدات، لە ئاستی نێوخۆیی و ناوچەیی و دەرەکیدا زیانی قەرەبوونەکراو بە خەباتی ڕەوای گەلی ژێرستەم دەگەیەنێ و ئێعتبار و پرستیژ و مەشروعییەتی دەخاتە ژێر پرسیار.

بێجگە لەوانە، یەکیەتی و تەبایی و هاوخەباتی، گەورەترین و کاریگەرترین چەکی گەلی بندەستە لە خەبات دژی دیکتاتۆریدا. یەکگرتوویی و هاوپەیوەندیی نەتەوەی چەوساوە “کابوسـ”ـی ڕێژیمی چەوسێنەرە. لەبەرئەوەی دیکتاتۆر هیچ چەکێکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەکی یەکیەتی و یەکگرتوویی نییە. بۆیە دەسەڵاتی حاکم بۆ دووبەرەکینانەوە و شێواندنی ڕیزەکانی جووڵانەوەی ڕزگاریخواز هیچ  هەوڵ و هەزینەیەکی بەلاوە زۆر نییە!

چارەنووسی فەلەستینییەکان دەرسێکی گرنگ و بەنرخە، حەقە کورد لێی فێر بێ. بەتایبەتی جێگەی ئاماژەیە کە ئێستا و دوای دابەزینی گرنگیی فەلەستین لە ئاستی ناوچە و جهانیشدا، بەو حاڵەش دۆخی سیاسیی فەلەستینییەکان لە دۆخی کورد باشترە: فەلەستینییەکان لەسەر خاکی خۆیانن، لەئاستی نێودەوڵەتیدا مافی دامەزراندنی وڵاتی سەربەخۆیان بۆ سەلمێندراوە، ئەندامی چاوەدێرن لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا و وڵاتانی عەرەبی یارمەتییان دەدەن و بەقسەش بێ، پشتیوانیی سیاسی لە دۆزەکەیان دەکەن.

پەیامەکە ڕوونە: هێزە سیاسییەکانی کورد، بۆ ئەوەی گەلەکەیان تووشی چارەنووسێکی دڵتەزێن تر لە چارەنووسی فەلەستینییەکان نەیەت دەبێ وەخۆ کەون، بە سیاسەتەکانی ڕابردوویاندا بچنەوە، بەرپرسایەتیی دۆخەکەی خۆیان بە ئەستۆوە بگرن، لە جیاتی ئەم و ئەو تاوانبارکردن، نێو ماڵی خۆیان ڕێک بخەن، ستراتیژییەکی نوێی واقعبینانە بۆ جووڵانەوەکەیان دابڕێژن و بە خەباتی هاوبەش و هێزی یەکگرتوویان بۆ ماف و ئازادیی گەلەکەمان تێبکۆشن.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی