"an independent online kurdish website

کورد وەک نەتەوەیەکی مافخواز لە نێو جەرگەی ڕۆژهەلاتی ناڤیندا، بە دڕێژای خەباتی سیاسی و نەتەوەیی خۆی کەوتۆتە بەر شاڵاوی زوڵم و ستەمی داگیرکەرانی کوردستان

 و زۆر جاریش بۆتە قوربانی بەرژەوەندی دەوڵەتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی. لە ڕەوتی بەردەوامی خەبات و بە پێی هەلومەرجی گشتی وڵات  و ناوچەی پڕ لە ئاڵۆز و شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و لە ژێر کاریگەری ئەو ئاڵوگۆرانەدا، خەبات و بەربەرەکانێی خەڵکی کورد بە گشتی و لە خۆرهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی بەرەو پێشچوون و پاشەکشە و هەڵکشان و داکشانی بە خۆیەوە بینیوە و هەندێ جار بەرەنگارییەکە کەمترهاتۆتە بەرچاو و بە تایبەتی لەم یەک ساڵەی دوایی‌دا و خەباتی چەکدارانەی ڕۆڵە ئازادیخوازەکانی نەتەوەکەمان بە دژی بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە دوای دەستپێکردنی بزاڤی نوێی خۆرهەڵات کە بە کۆدی ڕاسان دەستی پێکرد بەرتەسکتر بووتەوە. بەڵام ئەوە شتێکە کە لە ڕەوتی خەباتی مافخوازانەی هەر نەتەوەیەکی ئازادیخواز و مافخوازدا دێتە پێش .

ئەوەی لەو ماوەیەدا گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە ئامادەیی یان بڵێین پوتانسیەلی شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازانەی خەڵکی خۆڕهەڵاتی کوردستانە کە هەردەم پاڵپشتی سەرەکی خەباتی پێشمەرگە و بزاڤی کورد بووە . مەسەلەیەک هەیە دەڵێ: “زەبرێک پشتت نەشکێنێ، بەهێزترت دەکا”. ڕۆڵەکانی گەلی کورد کە بەرامبەر بە زەبروزەنگ و سەرکوتی ڕێژیم بە چۆک دا نەهاتوون، لە خەباتی خۆیان لە سەرکەوتن و پاشەکشەیان دەرسیان وەرگرتوەو ئەزموونیان وەسەریەک ناوە. خەڵکی مافخواز و ئەو پۆتانسیەلە شۆرشگێرەی خەڵکی کوردستان بۆ هەلومەرجی گونجاو هەموویان پێشمەرگەی بە جەرگ و سەربازی گیانبازی ڕێگای ڕزگاری و نیشتمانن. بێگومان خەڵکی شۆرشگێری کوردستان لە خەڵکی هەموو بەشەکانی دیکەی ئێران ڕێکخراوترن، ئامادەترن و ئەگەر هەلومەرجیان بۆ بڕەخسێ باشتر دەتوانن بەڕەی خۆیان لە ئاو دەربێنن و ئەرکی خۆیان لە پێناوی ڕزگاریی وڵاتەکەیان لە چنگی کۆنەپەرستان بەجێ بگەیەنن. لە خۆرهەڵاتی کوردستاندا ڕەوتێکی ڕادیکاڵ و نیشتمانپەروەر خەریکە شکڵ دەگرێت کە ئەگەر بێت و  پارتە سیاسی و نەتەوەییەکانی کوردستان بە یەکگرتووی و ڕوحێکی نیشتمانی و یەکگرتنخوازانە ئاڕاستە و ئۆرگانیزەیان بکات، هیوا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان و ڕزگاری نیشتمان خێراتر و نزیکتر دەبێت.

ئەگەر ئەمە ڕوو نەدات، پراکتیک، گوتار و بزوتنەوەی ساختە ئەم پۆتانسیەلە ڕادیکال و نیشتمانپەروەرەی ڕۆژهەڵات بەلاڕێدا دەبات.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی