"an independent online kurdish website

ڕەنگە دوای ڕووداوەکانی11ی ئەیلوولی 2001 لە ئەمەریکا بتوانین ئەوە بڵێین ، کە ھاوسەنگی لە سیاسی جیھاندا نەماو و ڕووداوەکان بە ئاڕاستەیەکی تری، زیاتر ڕووە و شەڕ و ناسەقامگیری و نائارامیدا ئاڕاستەیان گرت.

ڕووداوی تاساندن تا مردنی (جۆرج فلۆید)یش لە 25 گوڵانی 2020 دا، ڕووداوێکی تری گەورەی ھاوچەرخە، دەکرێ بە شۆڕشێک ناوزەد کرێ!. کە وەرچەرخانی لەمێژووی مرۆڤایەتیدا دروست کردووە و کۆمەڵێ پرسیاری ھەستیاری خستە مێژووی کۆلۆنیالیستی پڕ لە تاوان و ڕووتاندنەوە و سووتماککردنی نیشتمانەکان و بازرگانیکردن بە مرۆڤ و بە کۆیلەکردنی…

ئێمە ھەموو لەم دواییەدا گەواھی شاڵاوە نەبڕاوەکانی جیھانین، بۆسەر پەیکەر و سیمبۆڵ و مێژووی کۆلۆنیالیزم لە ئەمەریکا و ئەوروپا و لەسەر شانۆی ڕووداوەکان لە جیھان دا. ھەڵمەتی فراوانی شاڵاوەکە ھێندە بەرفراوان و توورەیی لە خۆ گرتووە، کار ھەر بەوەوە نەوەستا دەیانی وەک (کریسفۆر کۆلۆمبس و بسمارک) و زۆری تر بەشاڵاو بکەون، بەڵکو گەیشتە سەرئەوەی تێزە فەلسەفییەکانی( کانت)یش وەک دەقی ڕاسیستی تاوانبار بکرێن. ئەم ھەڵمەت و ڕووداوە بەردەوام ھەتا ئێستا داوای ڕاستکردنەوەی مێژوویی و تاوانبارکردنی بکەرەکانی دەکات و بانگەوازی سڕینەوەی شوێنەوارەکانی دەکەن. بەکورتی ھەناسەی تاساوی ج. فلۆید بووە کۆمەڵێ پرسیار و فڕێدرایە گۆمی پڕ لە خوێنی مێژووی کۆلۆنیالیزم و سیاسەتی ڕەگەزپەستی و یاسای ڕەگەزپەرستانی جیھانەوە.. ئەم ڕووداوە جوڵە و بزاڤی بێبڕانەوەی لای مێژوونووس و مێژووناسەکان، کۆمەڵناس و ئاکادیمی و رۆشنبیران و ڕۆژنامەوان و دەزگا زەبەلاحەکانی میدیای جیھانی دروست کردووە.

ڕەوەندێکی زۆری خەڵکی ڕەشپێست -کە بەھەق ڕۆژانە ھەستونەستیان بە ڕاسیزم بریندار دەکرێ- خۆشبەختانە ئیمڕۆ بەھێز و کاران لە ئەمەریکا و ئەوروپادا و ھاتوونەتە دەنگ و چالاکانە کار بۆ بەربەرەکانی ئەم ئاڕاستە سیاسییە ڕەگەزپەرستانە دەکەن و داوای سڕینەوەی دەکەن.

لەیەکەم ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکەی ئەمەریکای 2020 ی ئەمساڵدا باشتر کاریگەری بەدیارکەوت بە ھێنانی کاندیتی خانمە ڕەشپێست Kamala Harris ..

بە کورتی لەسەر ئەم باسە بە ھەزاران ھەزار بابەت نووسراوە و بینراوە و گوتراوە.. بۆیە لەوە زیاتر درێژەی نادەمێ..

ئەوەی بۆتە زادەی ئەم نووسینە، مێژووی کۆلۆنیالیزمە، کە وڵاتی کوردستانی کردۆتە قوربانی و بە ناوی کۆلۆنیالیزم و لەسایەیدا چەپەڵترین سیاسەت دژ بە نەتەوەی کورد و خاکی کوردستان پێڕەو کراوە، کە باڵاتر و دڕندانەتر و نامرۆڤانەترن لە ڕاسیسیزم .

ئەو کەسەی واقعی کورد بە وردی و قووڵی بخوێنێتەوە، زۆر بە ئاسایی و خێرایی بەسەر ئەو ڕاستییانەدا دەکەوێ. ئەوەی ھێز و تاکی «کۆلۆنیالیزم و فاشی و نازی و دیکتاتۆر و تۆتالیتارەکان » لە مێژووی مرۆڤایەتی بە ڕەشی و قێزەونانە تۆماریان کردووە، داگیرکەران لە کوردستان زیاتریان ئەنجام داوە. بەڕادەیەک ئێستا پرسی مانەوەی کورد لە بەرامبەر ئەم ھەڵمەت و شاڵاوەی قڕکردنیدا، بۆتە پەرجووی مێژوو!.

جا بۆیەکا ئەوەی لە ئێش و ئازارە بێوێنەکانی ژیانی کورد تێدەگات ، دەتوانێ دەیان کەیستی تاوان و جینۆسایدی تێدا ببینێتەوە. سیاسەتی ««کوشتن و بڕین و لەسێدارەدان و ڕاگوێزان و بۆمبارانکردن و ژەھرباران و ئەنفال و قەدەغەکردنی زمان و فەرھەنگ و دداننەنان بە بوون و ھەبوونی نەتەوەی کورد و ھەوڵەکانی تری سڕینەوە و شێواندنی شوناسی کوردبوون»» و جۆرەھا سیاسەتی تری چەپەڵی «سەربازی و ئابووری و ڕۆشنبیریی و سیاسی و نەتەوەیی» ، ھەموو ئەمانە دەچنە ئەستۆی ھێزە کۆلۆنیالیستەکانی پەیمانی (سایکس پیکۆ)یان لەسەر خوێن و جەستەی کورد مۆرکردووە و وا 100 ساڵی ڕەبەق بەسەر ئەو ڕێکەوتنامەدا تێدەپەڕیوە و ناوەڕۆک و ڕوخساری داڕزاوە و بۆتە پەڵەیەکی تۆخی شەرمەزاری مێژووی مرۆڤایەتی.
بەکورت و کرمانجی ئینگلیز و فەرەنسی لێی بەرپرسن.

چونکە ئەو ھێز و ئامڕاز و دەزگایەی بەم کارانە ھەڵساوە و جێبەجێکەری ئەم تاوانانە بووە، ھەرچوار داگیرکەرەکەی کوردستانە و لە نێویاندا ئەوەی ناوی دەوڵەتی «عێراق و سووریا»یە، کە دوو مانداتی ئینگلیز و فەرەنسان و ھەتا ئێستاش لە دوورەوە بە پرۆگرام و فەرمانی ھێزە کۆلۆنیالیستەکان بەڕێوەدەبرێن و لە ئاکامدا ئەوەی دروستکراوە و بەڕێوەبراوە، لەسەر لاشەی کورد ھەڵچنراوە و بکەرەکەشی بە خوێن و فرمێسکی کورد دەست و لمۆزی سوورە.

ئێوەی کۆلۆنیالیستی ستەمکار !کە لە پێناوێ بوتڵێ «نەوت و گاز» و بەرژەوەندییە ستراتیژی و کاتییەکانی خۆیان دا، ھەر بەتەنھا لەو تراژیدیایەی بەسەر کورددا ھات و دێت بێدەنگ و چاو نوقاو نەبوون و نین، بەڵکو زۆر نامرۆڤانە و بێشەرمانە بەردەوام پاڵپشت و ھاوکاری ماکی و مینۆکی داگیرکەرە ڕاستەوخۆکانتان کردووە و گەمەیەکی نامۆڕاڵی شەرمھێنتان بە چارەنووسی نەتەوە و نیشتمانی کورد کردووە.

ئیدی بەسە و ئێستاش درەنگ نییە ! کاتی ئەوە لەمێژە ھاتووە ئەم ھێز و لایەنە تاوانبارە، بەسەر بڕگە و مادەی ئەو ڕێکەوتنامانە و سنوورە دەستکردانەی کێشاویانە بچنەوە و سەرەتایەکی پڕشنگدارتر بنەخشێنن. ھەروەھا بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم ھەڵە مێژووییە و تێھێنانەوەی ئەم تاوانە نامرۆڤانە، تاکە وەڵامی ئەم ھەموو تاوان و گوناھانە تەنھا و تەنھا جوڵاندنی دۆزی «سەربەخۆیی کوردستان و پشتیوانیکردنی بەدەوڵەتبوونە» . چونکە ئەم ھەنگاو ، ھەم وەک پاداشت و قەرەبووکردنەوەیەک دێتە ھەژمارکردن و ھەمیش تاکە چارەسەی واقیعی و بەسوودە،بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانی میللەتانی ناوچەکە و جیھان.

ڕاستییەکیش کە دەبێ بوترێ ئەوەیە نەتەوەی کورد ھەرگیز دەستبەرداری مافەڕەواکانی نابێت کە لێی زەوتکراوە و تا ھەڵاتنی تیشکی زێڕینی ئازادی و سەربەخۆیی کۆڵنادات لە تێکۆشان . چونکە ئاوات و ئامانجی کوردیشە وەک نەتەوەیەک بێتە سەر شانۆی و ئاستی جیھانەوە و بە ڕۆڵ و نەخشی خۆی بەشداری لە خزمەت و بەرەوپێشبردنی مرۆڤایەتیدا بکات. کورد زۆر ھەوڵی داوە بە ھەر شێوە و شێوازێک بێت، لەگەڵ داگیرکەرانیدا چوارچێوەیەکی چارەسەر بە پێی قۆناغ و دەرفەتێک Real Politc ڕێگەی پێ بدات، ڕێککەوێت و کۆتایی بەم گرێ کوێرەی ناوچەکە بێت، لێ بەداخەوە ئەوان، ! ئەوانی داگیرکەری حازرخۆری چەوسێنەر، ھیچ ئامادەیی و ڕۆحی گفتوگۆیەکی کراوەیان نیشان نەداوە. بۆ ھەر گفتوگۆیەکی ئاشتی تەڵەیەکی سیاسییان ناوەتەوە و لەژێر پەردەی تاکتیکی گفتوگۆدا،تیرۆریان ئەنجام داوە. ١٩٧٢ لەگەڵ بەرامبەر بە بارزانی نەمر و ١٩٨٩ بەتیرۆرکردنی قاسملۆی گەورە. بەواتایەکی تر بۆ ھەر داخوازییەکی کورد بە ئاگر و ئاسن وەڵامیان داوەتەوە. مەخابن ئێوەی ھێزی کۆلۆنیالیست و پاشماوەی تری جیھان، بەرامبەر بەم کوشت و بڕینەی داگیرکەرانی کوردستان، تا ئێستا کەڕ و لاڵ و نابینا بوون!.. و واش پێدەچێ لەبەرخاتری مشتێ بەرژەوەندی ھەمیشەییتان لە دەڤەرەکەدا، درێژە بەم تاوانکارییەتان بدەن.

پرۆژە و ئامانجێکی لەم چەشنە، بۆ یەخەگیریی لەگەڵ دەسەڵاتدارە کۆلۆنیالیستەکان و بەسوود وەرگرتن لە ھەلومەرجی ڕەخساو، پێویستی بە نەخشە و میکانیزمێکی تۆکمە ھەیە. ھەروەھا کۆمیتەیەکی کارا و شارەزا و دڵسۆز لە کەسانی پارێزەر و یاساناس و یاسای نێودەوڵەتی مافی گەلان و پەیوەندییە نێودەوڵەتی و بوارە جیاکانی تردا و کەسانی خاوەن پێگەی ئاکادیمی و ڕۆشنبیریی و ئابووری و پێک بھێنرێ ، لەسەر ئاستی دەرەوەی کوردستان بەتایبەت لە بەریتانیا و فەرەنسا. بۆ ڕاپەڕاندنی ئەم کەیسە لای دامودەزگا فەرمی و سەرەکییەکان، ناوەندە ئەکادیمیاییەکان، ڕێکخرا و دامەزراوە مرۆڤدۆستەکان، پەرلەمان و دادگای ئەوروپا، فاتیکان و ئەنجومەنی ئاسایش و ناوەندەکانی تری بڕیاردەر و دۆستانی کورد بجوڵێین و بە ھەموو ھێزێکەوە لەدەرگایان بدەین….

کار و ئامانجەکەش دەکرێ لەسەر بنەمای پشتبەستن بە شۆڕش و داواکانی کورد بەتایبەت شۆڕشەکانی شێخ مەحمودی نەمر و ھەوڵ و تێکۆشانە دیبلۆماسییەکانی شەریف پاشای خەندان و لایەنە بەسوودەکانی بەند و ڕێکەوتنەکانی سیڤەر و ئەوانی دیکە و مێژووی تراژیدیای ژیانی کورد لەو ڕۆژەوە ھەتا ئێستا و دۆخی ھەنووکەیی کورد بەڕێوە بچێ.

کەیسەکە دەبێت دەوڵەمەند بێت بە ناوەڕۆک و داواکانی کورد ڕەپ و ڕاست ئامانجی ڕوون و ئاشکرا بێت… ڕەوەندی کوردیش بە ھەموو شێوازێک و لە تەواوی ھەنگاوەکاندا پاڵپشت بێت و کاری بۆ بکات… ھەڵمەتی گەورەی بۆ ساز بدات بە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی و چالاکی تری جۆراوجۆر و تەنانەت چەکی ھونەریشی بۆ بخرێتە کار، کۆنسێرت و ئاھەنگی گەورە ساز بدرێ..
حکومەتی ھەرێم و پەرلەمان! زۆر بەتایبەتی و کەسانی دڵسۆز و لێوەشاوەی نا حیزبی و بێلایەنەکان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات کاری بۆ بکەن و پشتیوانی پێویستی بۆ مسۆگەر بکەن . دیارە پێویستە ھێزێکی مادی گەورەش بخرێتە خزمەتییەوە.

بە کورتی: بە قورسایی دۆسییەی ئازار و ژان و ژیان و قوربانییەکانی کورد و کوردستانەوە، خۆ بگەیەنینە ھەموو ناوەندەکان بڕیار و سەر سەکۆی سیاسی جیھان بھەژێنین و ھەوڵ لەگەڵ ھەموو شوێنێ بدرێ و دۆست و لایەنگریی بێگانەی بۆ پەیدا بکرێ…

کارەکەش لە بنەڕەتدا زەحمەت نییە، تەنھا دڵسۆزی و لێزانین و توانا و توانای دارایی گەرەکە… ئەمانەش کەرەسەیەکن لەبەردەستدا ھەن.

ئەم میتۆدە جگە لە زرنگی و لێوەشاوەیی و شارەزایی و دڵسۆزی و سەرچاوەیەکی دارایی، چ ئەرکێکی تری نییە و یەک لە ملیۆنی ئەو ھەموو زیان و قوربانییانە ناگرێتەوە، کە تا ئێستا پێمان گەشتووە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی