"an independent online kurdish website

گشتمان وەک مرۆڤی کورد، گیرۆدەی گرفتی پەروەردەیی و کولتوری و نەریتین. لەمەشا مامۆستامان، قوتابیمان، رێبەرانمان، سیاسەتوانانمان، بیرمەندانمان،

رۆشنبیرانمان، پیاوانی دینیمان، گەورە و بچوک و پیر و جەوانمان و…وەک یەک بەشی ئەو گرفتمان بە ھەندێ کەم یان زۆرەوە بەرکەفتگە.

جا لەبەر ئەمەیش، تا پەروەردە و کولتورمان گۆڕانی ئەرێنیی بەسەرا نەیێ، نە خەباتمان، نە حیزب و رێکخراوی ناو و قەوارە و دروشم مودێڕنمان، نە ھەوڵە یەکڕیزی خوازانەکانمان، نە سیاسەت و دیپلۆماسیمان، نە دیالۆگی ناوخۆییمان، نە بیاڤەکانی کۆمەڵایەتی و ئابوریمان، ھیچکامیان ھیچ گۆڕانێکیان بەسەرا نایێ.

ھەر لەبەر ئەوەسە کە رێبەران و مودیرانی پیر و جەوان، وەک یەک ، کە ئەگەنە پلە و پۆست و پێگەیەک، ھەوڵ ئەدەن بە ھەر نرخێ بوگە، تەنانەت بە نرخی ژێرپێ کردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوە و نیشتمانیش، بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بیپارێزن.

ھەر لە بەر ئەوەشە بەشێکی فرەی رێبەرانی حیزب و رێکخراوەکانمان لە چل ساڵ لەمەوبەرەوە لە جومگەکانی بڕیاردانی بزوتنەوەی کوردان و وەک گروپی ھاوبەرژەوەندی، یەکتری و بەرژەوەندییەکانی یەکتری ئەپارێزن و تەنیا بە گوشاری سەرسەختانە یان بە مردن ئەکرێ لە پلە و پۆست و پێگەکانیان دوور بخرێنەوە.

زۆرینەی ئەوانیش تەمەنێکە بانگەشەی دیمۆکراسی، ئازادیخوازی، شایستەسالاری و بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی ئەکەن، کەچی پێیانوایە ھیچکام لەمانە بێ ئەوان مانای نیە و لە کردەوەشا لە پشتەوەی ھەڵوو ئەمانەوە و لە سەر تەوەری بەرژەوەندیی کەسیی خۆیان ئەسووڕێنەوە.

بۆ چارەسەریی ئەم گرفتە، ئەشێ ھەر کاممان لە خۆمانەوە دەست پێ بکەین.

ئەمە تەنیا بڕوای من نیە، واقێعی گەشە و پێشکەوتنی کۆمەڵ و کۆمەڵگاس.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی