"an independent online kurdish website

نووسەر: لەتیف مەمەد

لە ساڵی ١٨٤٢ زایینی ڕاپەڕینێکی‌تری[کوردان] لە باکووری کوردستان بە ڕێبەریی ئەمیر بەدرخان، ئەمیری بۆتان دژ بە کۆت‌و بەندی عوسمانییەکان سەری هەڵدا.

سەرهەڵداوەکان بۆ ماوەی چوار ساڵ خەباتێکی سەرکەوتووانەیان دژ بە [تورکە] چەوسێنەرەکان بەڕێوە برد. سپای تورکیا لە باشترین و لێوەشاوەترین یەکە شەرڤانەکانی سەر بە ناوچەکانی خارپوت، ئورڤا، ئامێد(دیاربەکر)، ئەرزروم، بەغدا و مووسڵ بە ڕێبەریی مارشال حافیزپاشا پێک هاتبوو. هێزە دژبەرەکان هاوسەنگ نەبوون و، لە ئاکامدا لە ٢٧ی جولای ١٨٤٧ بە ڕووخانی ئاخرین قەڵای کوردە خۆ ڕاگرەکان – قەڵای ئیروح (Eruh)، ڕاپەڕینەکە سەرکوت کرا و کۆتایی پێهات.

سوڵتانی عوسمانی عەبدول مەجیدی یەکەم بۆ گرینگی پێدانێکی تایبەتی بەم سەرکەوتنە و پیشاندانی ئەوەی دیسان پادشای “وڵاتە” سەرلەنوێ داگیرکراوەکەیە، فەرمانی لێدانی میدالیای سەرکەوتنی لەژێر ناوی”کوردستان”ی دەرکرد و  پاشان پێشکەشی تەواوی ئەو کەسانەی سپای تورکیای کرد کە لە سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی کورد بەشدار بوون.

سێ چەشنە میدالیای بە ناوی”کوردستان” بە‌ ڕیز لە زێڕ، زێو و برۆنز دارێژرا: وێرای وێناکردنی شکڵی کێوەکانی کوردستان لەسەر میدالیاکان، وشەی”کوردستان” و ڕێکەوتی[ساڵی] “١٢٦٣” بە پێی مێژووی هیجریی موسڵمانەکان لەسەرەوەی کێوەکان دا نووسرا. لە پشتی میدالیاکە مۆری ئیمپراتووریی عەبدول مەجید دەبیندرێ. ئەستووریی میدالیاکە ٢٩ میلی‌میترە.

ئەم میدالیایە پیشاندەری گرینگیدانی ستراتێژیکی عوسمانییەکان بە کوردستانە. گوتەیەکی مستەفا کەماڵ پاشا(ئاتاتورک) دامەزرێنەری کۆماری تورکیای هاوچەرخ هەیە کە دەبێژێ:” ئەوەی خاوەنی کوردستان بێ، خاوەنی ڕۆژئاوای باشووری ئاسیاشە”.

نووسەر: لەتیف مەمەد

وەرگێڕان لە ڕووسییەوە. د. کامران ئەمین‌ئاوە

سەرچاوە:

http://kurdist.ru/ Воинская медаль «Курдистан»

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی