"an independent online kurdish website

ئەم روانینە لە چینی شوانکارەمانەوە تا چینی خوێنەوار و مامۆستامانی گیرۆدە کردگە. ھەندێکمان تەسلیمی بوون، ھەندێکمان بەرەنگاری ئەبنەوە.

ئەوانەیش بەرەنگاری ئەبنەوە، زۆربەمان پەلەقاژەی خۆبەدەستەوەنەدان ئەکەین و بەرەنگاربوونەوەکەشمان بە رق، بێڕێزی، ھێرش و لێدانە، کەچی لە ناخیشەوە ھەست بە بچوکایەتی بەرامبەریان ئەکەن.

_روانینی یوتوپیایی(ئارمانشار) بۆ ئەوان، واتە ئەوان بە نەتەوەی باڵاتر زانین، ئەوان پێ ژیر و عاقڵ و پێشکەوتووتر بوون، ئەوان پێ بەکەسایەتی و شیک و جوان زانین،  موسیقا و زوان و ئەدەب و ھونەر و شار و دێ و جلوبەرگ و خواردن(فسنجوون!)یان پێ باشتر بوون. بەگشتی ئەوان بە ئایکۆن و ھێما و نیشانەی بەرتر، سەرتر و پێشتر لەخۆ زانین.

_روانینی دیستوپیایی(وێرانشار) یانێ لە دلاقەی وێرانە و کاولە و دواکەوتووییەوە روانینەخۆ، نەتەوەی خۆ، خەڵکی خۆ، شاری خۆ ، نیشتمان و کۆمەڵگای خۆ، کولتوری خۆ، ژیان و ژینگەی خۆ، زوان و ئەدەب و ھونەر و جلوبەرگ و خواردن و…ی خۆ.

ھۆکاری ئەم روانینەش ھەست بە بچوکایەتیی نەتەوەییە کە ئاڵمانییەکان پێی ئێژن”Gefühl der nationalen Minderwertigkeit” و لە رابردووی دوور و نزیکا بەسەریانا ھاتوە و کە بە دەسەڵاتی بەھێزیش گەییشتن، لە تۆڵەدا ئەو ھێزەیان کردە داینەمۆی کاولکاریی ئۆروپا.

لە زمانی ئینگلیسیش دا بە” Feeling of national inferiority” ناسراوە. ئەم ھەستە وا ئەکات کە تاکی نەتەوە سەرکوتکراو و ژێرچەپۆکەکان بەردەوام خوازراو و نەخوازراو ھەوڵ بدەن بۆ دەرباز بوون لە گرێی دەروونیی ھەستی خۆبەکەمزانی و خۆبەبچوک زانین و ھەستی دیستۆپیایی نەتەوەییان، پەنا ببەنە بەر ئامرازەکانی نەتەوەی یۆتوپیایی.

بۆ وێنە وەک تاکی کورد ھەوڵ بدەن بۆ خۆ بە پێشکەوتوو و باشوری وتەنی خۆ بە موسەققەف دانان، گوێ لە موسیقای عەرەبی، فارسی و تورکی گرتن، فیلمی عەرەبی و فارسی و تورکی بینین، جلوبەرگ و ناوماڵ و ژیان و کولتور و خواردنیان کردنە ھێما بۆ ژیانی خۆ و رۆژھەڵاتی وتەنی بۆ خۆ بە باکلاس دانان، ھەڵپەڕکێ کردن بە شێوەی رەقسی بەندەری و سەما بە گۆرانی فارسی و ھەوڵدان بۆ بە کوردیی فارسیانە قسە کردن! ئیدی ناچمە سەر رۆژئاوا و باکوور کە تا رادەیەکی زۆر لە کولتوری نەتەوەی چەوسێنەرا تواونەتەوە.

بەگشتی نەمگەرەکە نووسینەکەم درێژ بکەمەوە. کورتەی مەبەست و کاکڵی پەیام ئەوەسە کە وەک کوردێ پێویستە بە جێگەی ئەوەی ھێرش بکەینە سەر لایەنی دیکە، ئاوڕ لە خۆمان بدەینەوە و گرینگی بە خۆمان بەین. پێویستە بە قووڵی بڕۆینە ناو لایەنە ئەرێنییەکانی نەتەوەکەی خۆمان و بە پێوەرە باوەکانی ئەمڕۆ لێیان تێبگەین. ئەوجا ئەزانی زوان، موسیقا، ئەدەبیات، کولتور، شارستانییەت، ئەخلاق، کەسایەتی و…ی نەتەوەکەی ئێمە، ھیچ لە داگیرکەران و نەتەوەکانتر کەمتر نیە، بەڵکوو لەوان بەرزتر، بەنرختر و ریشەدارترە.

بەجێی ئەوەی ھێرش بکەینە سەر ئەوان، با خۆمان بناسین، فیری زمانی نەتەوەییمان بین، مناڵەکانمان فێری زمان و کولتوری خۆمان بکەین. بە خۆمان و مناڵەکانمان بێژین ئێمە گەرچی خاکمان داگیرکراوە و خۆمان ژێردەستەین، کەچی نەتەوەیەکی بەرز و بەڕێزین، خاوەن رابردووین، خاوەن زۆان و ئەدەب و کەسایەتین و رۆژێ دادێ وەک نەتەوە سەربەست و گەشەسەندووەکان دونیا ئەگەینە پلە و پێگەی جیھانی.

بە ھیوای سەربەستیی نەتەوە و نیشتمانەکەمان.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی