"an independent online kurdish website

ڕێبەر سمکۆی شکاک لە ساڵی ١٩٣٠ بە پیلانی دەوڵەتی ڕەزا شا لە شاری شنۆ تێرۆر کرا.

کۆمەڵەی ژ کاف لە ١٩٤٢ لە شاری مەهاباد دامەزرا.

لە ١٦ی ئاگۆستی ١٩٤٥ ناوی کۆمەڵەی ژ کاف گۆڕدرا بە حیزبی دێموکراتی کوردستان.

کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد ، حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان ڕاست لە هەمان حەوزەی جۆغرافیایی کوردستان سەریان هەڵدا کە سمکۆی شکاک شۆرشی لێی هەڵگیرساندبوو.

داخوزییەکانی کۆمەڵەی ژ کاف تەقریبەن کۆپی یەک بوون لە داخوازییەکانی شۆڕشێ ژێر ڕێبەریی سمکۆی شکاک.

کە ناوی کۆمەڵە گۆڕدرا بە حیزبی دێموکرات و دۆخی سیاسیی کوردستان، ئێران و ناوچە و جیهانیش گۆڕانی بەسەرداهات، لە فۆرمۆلە کردنی داخوازەکانی حیزبی دێموکرات دا هیندێک ئاڵ گۆڕ کران و دروشمی سەربەخۆیی کە دروشمی شۆڕشی سمکۆ ی شکاک و کۆمەڵەی ژ کاف بوو  گۆڕدران بە شێوەیەکی بەرینی  خودموختاری کە ناوی خودموختاری بوو، بەڵام ناوەڕۆکی داخوازە فۆرمۆلەکراوەکانی حیزب فیدراڵی بوون.

ئەگەر چاو لە ڕاگەیاندنی حیزب لە دوای کۆمار و تا  سەرکەوتنی  ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ بکەین، دەبینین لە زۆر بۆنە و دەرفەت دا وتار و نووسراوە لە سەر کەسایەتیی شەهید سمکۆ، چۆنیەتیی تێرۆر کرانی و ڕۆڵی ئەو لە زیندوو هێشتنەوەی ڕووحی نەتەوایەتی دا کراوە و بە کوردییەکەی لە کەسایەتی و شۆڕشی سمکۆی شکاک خاوەنداریەتی کراوە.

لە دوای دەست پێکردنی خەباتی ئاشکرای حیزب و گەشەی بەرچاوی  ڕێزەکانی ئەو حیزبە خاوەنداریەتی لە ڕێبەری ناوداری کورد شەهید سمکۆ زیاتر لە میدیا و گوتاری حیزب دا ڕەنگ دەداتەوە کە لەم خاڵانەی خوارەوە دا خولاسەی دەکەمەوە:

یەکەم. تاهیر خان سمکۆ کوڕی شەهید سمکۆ ئەندامی کۆنگرەی  یەکەمی حیزبە و لە کۆماری کوردستان دا یەکێک لە فەرماندەرانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان (سوپای میللی) یە.

دووهەم . دوکتۆر قاسملوو لە تەواوی نووسراوەکانی دا بە کوردستان و کورد، چڵ ساڵ خەبات و وتارە دەنگی و بابەتەکانی لە ڕۆژنامە و بڵاو کراوەکانی حیزبی دا کە باسی سمکۆی کردووە ، جگەلە  لە یەک مەورید کە  ڕەخنە ی هەیە کە ئەویش کوشتنی مارشیمۆنە، باقی نووسراوەکانی لەوپەیوەندیە دا و لەسەر کەسایەتیی سمکۆ و شۆڕشی ژێر ڕێبەرایەتیەکەی زۆر بە پۆزەتیڤ باسی کردووە و زانستیانە شیکردۆتەوە. ئەوەش کە ڕەخنەی هەبووە لە کوشتنی مارشیمۆن هۆکاری هەیە. دوکتۆر قاسملوو لە وڵاتێکی ئاشتیخواز و دێمۆکراتیکی  ئۆرووپایی دوکتۆرای وەرگرتووە(چکوسلاواکی). ئەو وڵاتە مەسیحی یە و مارشیمۆنیش ڕێبەرێکی مەسیحی بوو، دونیای ئۆرووپایی دژی کوشتن لە سەر بیروباوەرە و تەنانەت ئاگاداری هەموو وردەکارییەکانی کوشتنی مارشیمۆن نیە و دوکتۆر قاسملووش خوێندکارێکە، خۆ ناکرێ لە تێزی دوکتۆراکەی دا  بنووسێ : دەستی سمکۆ خۆش کە مارشیمۆنی کوشت!

سێهەم . کاتێک خانمی  کارۆڵ لە دوکتۆر قاسملوو دەپرسێ چیت هەیە بۆ دوای مردنت، ئەو وڵام دەداتەوە کە بنووسن: کاتێك سمکۆ لە شنۆ شەهید کرا، چەند مانگ دواتر و چەند هەنگاو ئەولاتر ڕەحمان هاتۆتە دونیا! ئەوە نیشان دەدا کە دوکتۆر قاسملوو خۆی بە ڕێبواری ڕێبازێک دەزانێ کە سمکۆی شکاک ڕێىەرایەتی و پێشەنگایەتیی کردووە.

چوارەم . ڕێبەری بلیمەت دوکتۆر شەڕەفکەندی لە زنجیرە وتارێکی دا کە بۆ ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران و ڕۆژنامەی کوردستان ئۆرگانی فەرمیی حیزب نووسیوە، بێجگە لە بەرز نرخاندنی ڕێبەریی سمکۆی شکاک، لەقبی : باوکی ناسیۆنالیزمی کورد بە سمکۆی ڕێبەر دەدات و تەنانەت کوشتنی مارشیمۆن نەک بە ڕەخنە نازانێ، بگرە تەئیدی دەکا و  بە کوشتنی داگیرکەرێك دەزانێ. ئەو زنجیرە وتارەش بۆتە کتێبێک بە ناوی: تاریخچە جنبشهای ملی کورد ….  .

پێنجەم . حیزب کە ئەوکات ٢٠  یەکەی پێشمەرگەی بە ناوی ” هێز” هەبوو هیندێک لە هێزەکان بە ناوی شەهیدان و هیندێکیان بە ناوی شاخ و ناوچەکانی کوردستان ناودێڕ کرابوون.  سمکۆی شکاک لە شنۆ شەهید ببوو، بۆیە حیزب ناوی هێزی پێشمەرگەی خۆی لە شنۆ کردە: هێزی شەهید سمکۆ. ئەو هێزە یەکێک لە چالاکترین و  دیارترین هێزەکانی حیزب بوو.

شەشەم . دوکتۆر قاسملوو یەک جار سەردانی دەڤەری سۆما برادۆستی کرد(بەهاری ١٩٧٩ )  کە ئەویش ڕاستەوخۆ هاتە گوندی جۆهنی و بوو بە میوانی تاهیر خان کوری هەرە دیاری شەهید سمکۆ و داوای لێکرد هاوکاریی حیزب بکا.

حەوتەم . دوو کوڕی ڕێبەری شەهید  سمکۆی شکاک (مەرحوومانن: تاهیر خان و باباخان) ساڵانی هەشتاکانی  سەدەی ڕابردوو هێزێکی ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ کەسیی یان لە دەور بوو. حیزب ئەو هێزەی وەک هێزی بەرگریی میللیی شەهید سمکۆ قەبووڵ کرد و هەواڵەکانی عەمەڵیات و چالاکییەکانی  ئەو هێزەی لە ڕادیۆ دەنگی کوردستان بڵاو دەکردەوە و شەهیدانی ئەو هێزەش لە لیستی شەهیدانی حیزب دان.

هەشتەم . لە دوای هەشتاکان کە میدیای حیزب بەرینتر و چالاک تر بۆتەوە، بە دەیان و سەدان بابەت و لێکۆڵینەوە لە لایەن ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنکاران و تێکۆشەرانی حیزبەوە لە سەر سمکۆی شکاک نووسراون و ئارشیو کراون.

نۆیەم . لە دەرەوەی وڵات یەک کۆنفرانس لە سەر ١٠٠ ساڵەی  شۆڕشی ژێر ڕێبەریی سمکۆی شکاک گیراوە و بایەغی زۆریش بۆ ئەو کۆنفرانسە دانراوە، کۆنفرانسی پاییزی ساڵی ٢٠٠٧ لە زانکۆیەکی ئۆسلۆی پیتەختی وڵاتی نۆروێژ بوو کە تەلەویزیۆنی تیشک بە هاوکاریی دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزب لە پاریس و  کۆمیتەکانی حیزب لە ئیسکاندیناویا  پێکیان هێنا. بەشدارانی ئەو کۆنفڕانسە بەشی زۆری لە ئەندام و لایەنگران و کەسایەتییەکانی نێو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون کەلە چەندین وڵاتی ئۆرووپایی ڕا بەشدارییان کردبوو. کۆڕگێرانی ئەو کۆنفڕانسە یان ئەندامی ڕێبەری و کادری سەرووی  حیزب بوون، یان دۆستان و کەسایەتیە نیزیکەکانی حیزب کە بانگهێشت کرابوون تاکوو بابەت پێشکەش بکەن. هەڵبەت هەر میدیاکانی حیزبیش خەمیان لەو کۆنفڕانسە خوارد.

یازدەهەم . ساڵانە بە بۆنەی ساڵڕۆژی شەهید بوونی سمکۆی ڕێبەر لە میدیاکانی حیزب بەرنامەی تایبەت و بابەتی تایبەت هەیە.

دوازدەهەم . هەرئێستا تێکۆشەرێکی دیاری نێو ڕیزەکانی حیزب خەریکی لێکۆلینەوەیەکی بەڵگەنامەییە لە سەر ڕۆڵ و کەسایەتیی سمکۆی شەهید.

سێزدەهەم:  عەبدولای کوری تاهیرخان کاندیدی حیزب بوو بۆ یەکەم مەجلیسی دوای ڕووخانی ڕێژیمی پەهلەوی و دەنگی هێنا و دواتریش بۆ خوێندن هە رلە لایەن حیزبەوە نێردرایە فەرانسە.

                                   وتـــەی دوایــی

تکایە ئەم خولاسەیە بەراوەرد بکەن  لەگەل کوڵانەوە  و هەڵچونی ئەو لایەنانەی کە دوای نیزیک بە سەد ساڵ دەیانەوێ خۆیان بکەنە پارێزەر و بەرگری کاری ڕێىەری  ناوداری کورد سمکۆی شکاک و  کە ئەوکاتەیە بۆتان دەردەکەوێ حیزبی دێموکرات چەندە وەفادارە بە ڕێبازی سمکۆی شەهید و چ ڕێز و حورمەتێکی بۆ ئەو ڕێبەرە ناودارە هەیە. ئەو ڕێز و حورمەتەی کە پێویستە لە سەرکردەیەکی گەورەی وەک  شەهید سمایل ئاغای شکاک(سمکۆ)

         سڵاو لە گیانی پاکی  ڕێبەری ناودار (سمکۆی شکاک ) ی  شەهید

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی