"an independent online kurdish website

مەلا مەختیار لە وتووێژ لە گەڵ روداو دا دەڵێ: نازانم کەی دەکوژرێم بۆیە کتێبی لەبری بیرەوەریم نووسی ، کتێبی ” لە بری بیرەوەری” مەلا بەختیار، هەرایەکی گەورەی ئیعلامی هەموو هەرێمی کوردستانی گرتەوە، دەیان بابەت لە سەر نووسراوە و هێرشی تووند کرایە سەر مەلا بەختیار و زۆربەی نووسینەکانیش لایەنگرانی کۆچ کردوو نەوشیروان مستەفا بوو.

کتێبی ” لە بری بیرەوەری” بۆ داگرتن ئێرە کلیک بکەن

نووسینێکی ئەردەڵان عەبدوڵڵا  وەرگیراو لە ماڵپەڕی ئاوێنە لەم بارەوە و لە خوارەوە وتووێژی کاک مەلا بەختیار لە گەڵ روداو دانراوە و کتێبەکەش کە لە دەیان شوێن بڵاو کراوەتەوە  لێرە ئێمەش دامان ناوە بۆ خوێندنەوە.

پەیڤێک لە بارەی کتێبی لە بری بیرەوەری مەلا بەختیار 

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

   2020-10-11     

لەگەڵ بڵاوکردنەوەی کتێبی ” لە بری بیرەوەری” مەلا بەختیار، هەرایەکی گەورەی ئیعلامی هەموو هەرێمی کوردستانی گرتەوە، هیچ کاتێک هێندەی ئەمجارە هەستم بە ترسناکی ئەو دەنگە نەشازە نەکردووە، کە هەڵگری تۆنێکی فاشیستی و توندڕەویی ترسناکە. من دەڵێم ترسناک چونکە ئەمە ترسێکی گەورەی خستۆتە ناو مەیدانی رۆشنبیری ئەم هەرێمەوە، هیچ کەسێک نەوێرێت بچووکترین رەخنە لە سەرۆکی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان بگرێت، یەکسەر هەواداران بەمشێوە ترسناکە پەلاماری لایەنی بەرامبەر بددەن، لە کاتێکدا یەکێک لە خاڵە جوانەکانی زۆنی سەوز، بوونی ئەم ئازادییەیە کە هەیە، گەر ئەم ئازادییە لە سلێمانیدا هەیە نەمێنێت، ئەوا هەرچی جوانیی هەیە نامێنێت، لەکاتێکیشدا کە گۆڕان گەورەترین سوودمەندبوون لەم هەوا ئازادەی کە لەم زۆنەدا هەیە.

ئەو هەرا ناشیرین و ترسناکە، وایلێکردم کە بە دوای ئەم کتێبەدا بگەڕێم و بیخوێنمەوە و دواتریش هەندێک سەرنج و تێبینی خۆم بنووسم.

یەکەمجار نییە

پێش هەمووشتێک ئەمە یەکەمجار نییە نووسەران و پێشمەرگە و سەرانی جووڵانەوەی کورد لە باشووری کوردستاندا، رەخنە لە شێواز و سیاسەت و مامەڵەکردنی ئەم جوڵانەوەیە دەگرن، لێ ئەمە هیچ لە مەزنیی و رەوایەتی ئەو جوڵانەوەیە کەم ناکاتەوە، بگرە من ئەوە بە کارێکی باشی دەبینم تاوەکو بتوانین بە چاوێکی رەخنەگرانەوە بۆ مێژوومان بڕوانین، چونکە گەر واناکەین، چاومان بە هەڵەکانی خۆمان ناکەوێت و ناشتوانین رێگای راست و دروست بۆ کێشەکان بدۆزینەوە.

30 ساڵ زیاترە کە یەکەمجار هەر لە شاخ عەلی بچکۆل، رەخنەی لە کارو هەڵسووکەوتی پێشمەرگە گرت و بڵاویکردەوە، بەداخەوە هەر زوو فەرمانی کوشتنی لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە بۆ دەرچوو. ئەویش ناچار کوردستان و ئێرانی بەجێهێشتوو روویکردە پاکستان. پاشئەویش شەهید رێباز لە کتێبی ” قەندیل بەغدای هەژاند” رەخنەی توندی گرتووە، دواتریش “پشکۆ نەجمەدین، هەڤاڵ کوێستانی، مامۆستا جەعفەر، برایم جەلال، ئاوات قارەمانی، سەید کاکە، سالار رەشید، حەمەی حاجی مەحمود” چەند کەسێکی تریش رەخنەی توندیان ئاڕاستەی سیاسەتی شاخی کۆمەڵە و یەکێتی کردووە. کاک بەختیاریش مافی خۆیەتی هەم بیرەوەرییەکانی بنووسێتەوە، هەمیش بەرگری لەخۆی بکات، بەرامبەر بەو تۆمەت و تاوانانەی کە ئاڕاستەیان کردووە. تەنانەت لەناو دادگای دیکتاتۆرەکانیشدا گەر بە رەمزیش بێت، تاوانبار مافی داکۆکیکردن لەخۆی هەیە.

لەلایەکی ترەوە ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا روو دەدات، درێژەدانە بە هەمان سیاسەتی سەردەمی شاخ و بەرەنگاری، ئەوانەی لە شاخ بوون ” فریشتە” نەبوون بگرە ئەوانیش هەمان ئەو کەسانەن کە ماوەی سی ساڵە حوکمی ئەم هەرێمە دەکەن.

گرنگی بیرەوەری

لە ناو گەلانی پێشکەوتودا بیرەوەری رۆڵی گرنگی لە رووی مێژووییی و فەرهەنگی و رۆشنبیریشەوە هەیە. بیرەوەری سەرکردەکان، دەبێتە کتێبێکی سپی، بۆئەوەی خاڵە لاوازەکان دیاری بکرێت و جارێکی تر ئەو هەڵانە نەکرێتەوە کە کراون. لەرووی ئەدەبیشەوە بیرەوەری بە ژانرێکی گرنگی ئەدەبیاتی جیهان دادەنرێت. کەسێکی وەکو ویسنتۆن چرچل سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا ، لەبەر بیرەوەرییەکانی ساڵی 1953 خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاداب وەرگرتووە. بەڵام بەداخەوە بیرەوەری لە هەرێمی کوردستاندا، هێندە خراپ کراوە، لەجیاتی ئەوەی خزمەتی لایەنی مێژوویی و فەرهەنگیمان بکات، زەرەری پێگەیاندووە.

مەلا بەختیار و مێژووی یەکێتی و کۆمەڵە

مەلا بەختیار یەکێکە لە سەرکردە دیار و دێرینەکانی یەکێتی، ئەو هەر لەسەرەتای خەباتی نهێنی و پاشانیش چەکداری، رۆڵی بەرچاوی هەبووە. لەپاش دەستگیرکردنی خاڵە شەهاب و هاوڕێکانی، لەگەڵ شەهید ئارام و چەند تێکۆشەرێکی تر، رۆڵی سەرەکی گێڕاوە، لە دروستکردنی کۆمیتەی هەرێمەکان و رزگارکردنی یەکێتی و کۆمەڵە لە ناوچوون.پاشانیش لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی تری، هەستیان کردووە، کە کۆمەڵە و یەکێتی لە بنەما فکریی و سیاسییەکانی خۆی دوورکەوتۆتەوە، هەربۆیە بڕیاری دروستکردنی رێکخراوی ئاڵای شۆڕشیان داوە، ئەمەش لەو کاتەدا لەلایەن سەرانی یەکێتییەوە بە خیانەت دانراوە، هەربۆیە سزای توندیان بەسەردا سەپاندوون.

مەلابەختیار ئاگاداری وردەکاری سیاسەتەکانی یەکێتی بووە، هەر لەسەرەتای دروستبوونییەوە تاوەکو ئەمڕۆ. ئەمەش یارمەتی زۆریداوە، تاوەکو بتوانێت کتێبەکەی دەوڵەمەند بکات. نووسەر لەم کتێبەیدا هاتووە، باسێکی وردو درێژی چۆنێتی دروستکردنی کۆمیتەی هەرێمەکان و رەوشی گشتی کۆمەڵە و یەکێتی لە پاش هەرەس و دەستگیرکردنی خاڵە شەهاب و هاورێکانی و چۆنێتی دروستکردنی مەفرەزە سەرەتاییەکان کردووە. لە پەنا ئەمەشدا باسی لایەنی فکری و سیاسی و لە هەمووشی گرنگتر، سایکۆلۆژیی و کۆمەڵایەتی ئەو کەس و لایەنانە کردووە، کە لەم بزووتنەوە جەماوەریەدا بەشداربوون. ئەمەش لایەنێکی جوان و گرنگە چونکە پێشتر هیچ نووسەرێکی تر باسی ئەم لایەنەی نەکردووە.

لە هەمانکاتیشدا ئەم کتێبە پانۆرامایەکە بە سەر رووداوە گرنگ و حەساس و گەورەکانی خەباتی چەکداری لە کوردستانی عیراق، لەوانە: ‘ سەرەتاکانی خەباتی چەکداری و کێشە تەکنیکی و سەربازییەکانی، خلافاتە فکریی و سیاسییەکانی ناو کۆمەڵە و یەکێتی، چۆنێتی دورستکردنی یەکێتی، خلافاتی بزووتنەوەو کۆمەڵە، کارەساتی هەکاری و کاریگەرییە خراپ و گەورەکانی، جەنگی عیراق و ئێران، شێوازی ئیدارەدانی خەبات لەناو کۆمەڵە و یەکێتی بەتایبەتی لەسایەی نەوشیروان و مام جەلال دا، خاڵە باش و خراپەکانی ئەم دوو سەرکردەیە. هەڵە و زۆرجاریش تاوانەکانی پێشمەرگەی یەکێتی، چۆنێتی رزگارکردنی بێتواتە. جەنگی ناوخۆ، بەتایبەتی جەنگی بەرەی جود. شێواز و هەڵسووکەوتی پارتی و بنەماڵەی بازرانی لەگەڵ کۆمەڵە و یەکێتی. پاشتریش دانوستان لەگەڵ رژێم، کۆنفرانسەکانی کۆمەڵە و خلافاتە سیاسی و فکرییەکانی ناو کۆمەڵە و پاشتریش جیابوونەوەو لێکرترازان لەگەڵ یەکێتی و دروستکردنی ئاڵای شۆڕش و کۆمەڵێک بابەتی گرنگی تر، بەگشتی دەتوانین بڵێین ئەم کتێبەش دەبێتە یەکێک لەسەرچاوە باشەکان بۆ ئەوانەی کە لە مێژووی یەکێتی و کۆمەڵەی مارکسی لینینی دەکۆڵنەوە.

رەگوریشەی توندوتیژی

نووسەر لە سەرەتای کتێبەکەیدا باسی توندتیژی دەکات و لە سەرچاوەی فکری و مێژوویییەکانی ئەم توندتیژییە سیاسییە لە هەرێمی کوردستان دەکۆڵیتەوە، ئەوەش بە پشت بەستن بە کۆمەڵێک سەرچاوەی مێژوویی و فکریی و فەلسەفی، جگە لەوەش تێڕوانینی خۆی لەمبارەیەوە باسکردووە.

نووسەر دەڵێت:

– کەم کەسم دیووە ، یەک هەناسە، وەکو هەندێک سەرکردەو کادری کۆمەڵە، نوقمی ڕقی شەخس بن و شەخسیەتی خۆشیان لەسەر بنەمای ڕق رشتن بونیات نابێ. ل ٢٥

دواتر مەلا بەختیار هەرخۆی پێمان دەڵێت، ڕق تەنها زادەی کەسایەتیی نییە، بگرە کۆمەڵێک هۆکاری تر لە پشت دروستبوونی ڕقەوەن :

– دەبێ بگەڕێین بە دوای رەگو ریشەی کۆمەڵایەتی-ئابووری – دیاردەکانی سیاسی و سایکۆلۆژی، نەک وەکو خویەکی تاکەکەس سەیر بکرێ. ئەمەش پەیوەندیان بە گەلێ مەسەلەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوریی و دابونەریتەوە هەیە، هەروەها ئایین و مەزهەبیش پەیوەندی توندوتۆڵیان هەس؟ل٢٥

کوردایەتیی و زەبرو زەنگ

مەلابەختیار پێی وایە توندوتیژی مێژووییەکی دوورودرێژی لەناو کوردستاندا هەیە، لەمبارەیەوە دەڵێت:

– هێزە سیاسییەکان هێندەی دەسەڵاتیان هەبووە، لەکاتێکدا خۆشیان قوربانی ستەمکاری بوون، بەناوی پاراستنی کوردایەتی و دژایەتی داگیرکەرانەوە، ئەوەی لەدەستیان هاتووە، لە کوردستاندا بۆ پاراستنی هەژمونیان بە زبرەو زەنگ کردوویانە.ل ٣٧

نووسەر بۆئەمەش پشتی بە مێژووی ئیمارەت و میرنشینە کوردییەکانی سەدەی پێشوو بەستوەو دواتریش باسی شۆڕشی ئەیلول و نوێشی کردووە.

جەنگی ناوخۆ

خاڵێکی تر کە پانتایی گەورە لەم کتێبە داگیر دەکات، جەنگی نێوان پارت و لایەنە کوردییەکانە لە شاخ، بەتایبەتی جەنگی یەکێتی و بەرەی جود کە پێکهاتبوو لە ” پارتی، حسک، شیوعی، پاسۆک” . دیارە پێش مەلا بەختیاریش زۆربەی سەرکردەکانی یەکێتی و پارتەکانی تریش، باسی ئەم مەسەلە گرنگ لەهەمانکاتیشدا کارەساتبارەیان کردووە. لە زۆر بیرەوەریشدا پەنچەی تۆمەت بۆ مەلا بەختیار درێژکراوە، کە رۆڵی خراپی هەبووە لەم جەنگەدا. ئەویش لەم کتێبەدا وەڵامی ئەو تۆمەتانە دەداتەوە.

تیرۆری سیاسی

خاڵێکی گرنگی تر کە مەلا بەختیار لەم کتێبەدا پانتایی باشی بۆ تەرخانکردووە، مەسەلەی ” تیرۆری سیاسی” بووە. ئەمەش وەکو بەشێک بووە لە سیاسەتی سەردەمی شاخ . ناوی کۆمەڵێک کەسایەتی دەهێنێت، کە بە ناڕەوا تیرۆر کراون لە پێش هەمووشیانەوە ” وریای وەستا وەهاب، عەبدوڵڵا سوور و کۆمەڵێک پێشمەرگەی تر” کە بەداخەوە ئەمانە قووربانی دەستی هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی خۆیان بوون. وەکو هەمیشەش دەنگی قووربانیان کەمتر دەبیسترێت تاوەکو جەلاد، تەنانەت قووربانییەکان لەناو قەبرەکانیشدا، نابێت باسی جەلادەکانیان بکەن، ئەمەش بە بیانووی ” با برینەکان نەکولێنەوە” با هەمووشتێک زیندەبەچاڵ بکەین ، بۆئەوەی وێنە راستەقینەکەی جەلادەکان ئاشکرا نەکرێت. هەربۆیە ئێمە نەمانتوانی سیستەمێکی دیموکراسی و یەکسانی و لێبوردەیی دروست بکەین. هەتا دێتیش ناعەدالەتی و ستەم و زوڵم لەم هەرێمەدا زیاتر دەبێت .

خاڵێکی جوان و شاراوەی کۆماری مهاباد

کۆماری مهاباد یەکێکە لە ئەزموونە جوانەکانی حوکمڕانی کورد، هەرجارەو شتێکی نوێم لەبارەی ئەم ئەزموونەوە بۆ دەردەکەوێت. نووسەر پێی وایە تەنها لە سەردەمی کۆماری مهابادا، توندوتیژی سیاسیی لەبەرامبەر خەڵکی نەکراوە، دەنا لە تەواوی مێژوویی سیاسی حوکمڕانی کوردیدا، توندوتیژی سیاسی بەرامبەر بە نەیارانی کراوە. ئەمەش یەکێکە لە خاڵە جوانەکانی ئەم ئەزموونە سیاسییەی کورد، کە مایەی شانازیییە.

کادری لاواز

پاشان نووسەر باسی خاڵێکی گرنگی سیاسی تر دەکات، ئەوەش پەیوەندی بە ژیانی حزبیایەتییەوە هەیە کە ئەویش مەسەلەی ” کادری سیاسی” . لەمبارەیەوە دەڵێت:

– کادیرە هەلپەرسەتە لاولاوەکان زوو دەستەمۆ دەکەن و لەناو هەلپەرستەکانیشدا ، پاساوی باسکردنی سیاسەتی میلیتاریستی و سەرکوتکردنی بیری ئازاد، وردە وردە دەبێتە سیاسەتی باو. ئەگەرە دەسەڵاتە عەسکەریەکەش، مەترسی بکەوێتە سەر، پەنابردن بۆ سەرکەوتکردن تا ڕادەی تاوانکردن، ئاساییە لایان.ل ٤٦

وەڵامدانەوەی دۆست و نەیار

ئەم کتێبە زیاتر وەڵامدانەوەی هەموو ئەو کەسانەیە کە پێشتر لە دژی مەلا بەختیاریان نووسیوە، لە پێش هەمووشیانەوە: برایم جەلال، نەوشیروان موستەفا، ئەرسەلان بایز، ئاوات قارەمانی،هۆمەر شێخ مووس، فەرەیدون عەبدولقادر. هەرچەندە بەلای منەوە سەیرە کاک بەختیار رەخنەی زۆری لە کاک فەرەیدون گرتووە، لەکاتێکدا ئەو تاکە سەرکردەی یەکێتییە، کە دانی بە سیاسەتی هەڵەی خۆیاندا ناوە لە هەمبەر سەرکردە و ئەندامانی ئاڵای شۆڕش دا.

هەروەها وەڵامی هەندێک قسەی مام جەلالی داوەتەوە، کە لە کتێبی ‘دیداری تەمەن’ بڵاوکراوەتەوە، ئەم کتێبە لە لایەن سەلاح رەشید ئامادەکراوە. هەرچەندە ئەم کتێبە هەتا مام جەلال لە ژیاندا بووە بڵاونەکراوەتەوە بەڵکە لەکاتی نەخۆشکەوتنیدا بڵاوکراوەتەوەو نووسەرەکەشی کەسێکی نزیکی نەوشیروان مستەفا بووە، زیاتریش لە ئەڵمانیا ژیاوە، بۆیە جگە لە مەلا بەختیار، خەڵکانێکی زۆر رەخنەیان لەم کتێبە هەیە.

دەستەی دامەزرێنەر

نووسەر بە وردی باسی مێژوو چۆنێتی دروستبوونی یەکێتی نیشتمانی دەکات، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە دامەزرێنەرانەوە هەیە. نووسەر پێی وایە، کە رۆڵی کۆمیتەی هەرێمەکان لە لایەن دامەزرێنەرانەوە فەرامۆشكراوە.

نووسەر دەڵێت:

– دامەزرێنەرە راستەقینەکانی شۆڕش و رێکخستنەکانی یەکێکی لەناو وڵاتدا، سەرکردایەتی ناو وڵات بوون، نەک ئەوانەی دەرەوە. ل ٤٨

بە بڕوای منیش تا ڕادەیەک لەمەدا راست دەکات، چونکە گەر رێکخستن و مەفرەزە سەرەتاییەکانی کۆمەڵە نەبوایە، هیچ کاتێک یەکێتی نەدەبووە هێزێکی سیاسی گەورەی کوردستان. پاشان منیش لەو باوەڕەدام کە چەند کەسێک بە دووری هەزاران کیلۆمەتر لە چایخانەیەکی دیمەشقدا، ناتوانن بڕیاری شۆڕشێک بددەن، چونکە گەر کۆمەڵە و رێکخستنەکانی نەبوایە، هیچ چالاکییەکەی سیاسی و سەربازی لە کوردستاندا رووی نەدەدا. جێگەی ئاماژەیە جگە لە مەلا بەختیار، کاک فەرەیدون عەبدولقادریش هەمان رەخنەی لە بارەی دامەزرێنەرانی یەکێتییەوە هەیە.

مام جەلال

نووسەر یەکێکە لە تێکۆشەرە دێرینەکانی یەکێتی و ساڵانێکی زۆر لەگەڵ مام جەلال کاریکردووە،هەروەها لەرووی خێزانیشەوە خزمایەتیان هەیە، لەبەرئەوە زۆر بە باشی ئاگاداری کاروچالاکیی و کەسایەتی مام جەلالە، لەم کتێبەشدا پانتایی باشی بۆ مام جەلال داناوە.

مەلا بەختیار لەپەنا ئەوەدا کە لە زۆر شوێندا وەسفی مام جەلال دەکات، بەڵام لەهەمانکاتیشدا رەخنەی زۆری لە سیاسەت و کارەکانی گرتووە.

تارمایی نەوشیروان مستەفا

هەر لەسەرەتای کتێبەکەیەوە هەتا دوا وشەی، تارمایی نەوشیروان مستەفای بەسەرەوەیە، من وەکو خوێنەرێک هەست بەمە دەکەم، نووسەر تەلیسکۆپێکی گەورەی خستۆتە سەر هەموو جووڵەیەکی ئەم کەسایەتییە، رەخنەی توند لە هەموو جوڵە و کارو چالاکییەکانی نەوشیروان دەگرێت، ئەو پێی وایە نەوشیروان مستەفا ” کەسێکی دیکتاتۆر، تاکڕەو، قسە رەق و رووشکێن بووە بەرامبەر بە هاوڕێ و دۆست و ئەندامانی کۆمەڵە و یەکێتی، جگە لەوەش کەسێکی توندوتیژ بووە ، دیلکوژ بووە، هەڵگیرسێنەری جەنگی براکوژی بووە. لەپەنا ئەمەشدا ترسنۆکیش بووە، لە چەند حاڵەتێکدا زۆر ترساوە، بەتایبەتی لەکاتی بەدیل گرتنی لە لایەن حسکەوە.

تارمایی برایم جەلال

کەسێکی تر کە تارماییەکی زۆری بەسەر ئەم کتێبە و نووسەرەکەیەوە هەیە، برایم جەلالە. هەر لەسەرەتاوە تا کۆتایی، برایم جەلال دەبێتە تارمایی بۆ ئەم کتێبە، بە چەپ و راست نووسەر رەخنەی لێدەگرێت. لە زۆر شوێندا وەڵامی کتێبەکەی برایم جەلال دەداتەوە، کە پێشتر لە بارەی مێژوویی کۆمەڵەوە نووسیویەتی. ئەمەش بە بڕوای من لە جیاتی هێز، خاڵی لاوازی بەم کتێبە بەخشیوە.

خاڵی باش و لاوازی کۆمیتەی هەرێمەکان

نووسەر بە حوکمی ئەوەی خۆی یەکێک بووە لە ئەندامە چالاکەکانی کۆمیتەی هەرێمەکان، زۆر بە جوانی باسی خەبات و تێکۆشانی کۆمیتەی هەرێمەکانی کردووە. بەڵام لەپەنا ئەوەشدا باسی هەڵەکانی کۆمیتەی هەرێمەکانی کردووە. دیارە نووسەر باسی کۆمەڵێک هەڵەی کردووە، لەپێش هەمووشیانەوە وەکو خۆی دەڵێت:

– ” بە بێ رێکەوتنی هەمەلایەنە بۆ دیاریکردنی ئەرک و مافەکان، کۆمەڵە چووە ناو یەکێتی ل٥١’

واتە نووسەر چوونە ناوەوەی کۆمەڵەی مارکسی لینینی بۆ ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەهەڵە دادەنێت.

هەڵەیەکی تری کۆمیتەی هەرێمەکان بەلای نووسەرەوە: ” کۆنەبوونەوەی کۆمیتەی هەرێمەکان، گەرچی دۆخی سەرەتای شۆرش سەخت بوو، لایەنی کەم، هەر وەرزێک جارێک، یەکێکە لە هەڵە کوشندە سیاسی و رێکخراوەییەکانی کۆمەڵەل ٥٤

جگەلەوەش دانانی نەوشیروان مستەفا وەکو سکرتێری کۆمەڵە بەهەڵە دادەنێت، چونکە لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئەم کەسایەتیە، باڵی راستی کۆمەڵە بەهێز دەبێت و لە بنەما فکریی و سیاسییەکانی دوور دەکەوێتەوە. جگەلەوەش رێگا خۆش دەکات، بۆ لەناوبردنی کۆمەڵە و بەهێزکردنی هەژموونی مام جەلال و خەتی گشتی.

شۆڕشی گەلانی ئێران و پارتی و یەکێتی

نووسەر باسی کۆمەڵێک رووداوگەلی مێژوویی گرنگی کردووە، کە لێرەدا بوار نییە باسی هەمووی بکەین، بەڵام هەندێک رووداوی مێژوویی تایبەتی شۆڕشی ئێرانی گێڕاوەتەوە، کە پێشتر من نەمخوێندۆتەوە یان ئاگاداری نەبووم، ئەمەش مایەی سەرنج بوو لام. بۆ نموونە زۆر بە جوانی باسی چۆنێتی سەرهەڵدانی شۆڕش ئێرانی کردووە و رۆڵی یەکێتی و کۆمەڵە و سیاسەتی حدکا و کۆمەڵەی ئێران و رۆڵی خراپی پارتی و پشتیوانیکردنی شۆڕشی ئێران لەلایەن یەکێتییەوە و کۆمەڵێک بابەتی تر. خاڵی نوێ لەمەدا بۆمن ئەوەیە، کە سەرەتا حدکا” حزبی دیموکراتی ئێران” پشتگیری زۆری پارتی و بنەماڵەی بارزانیان کردووە، کەچی دوایی ئەوان لەجیاتی پاداشت، دەچنە پاڵ سوپای ئێران و دژی کوردی رۆژهەڵات دەوەستنەوە.

لە ل ٣٠٦ دا مەلا بەختیار دەڵێت:

– بیستمان ” عەبدولوەهاب ئەتروشی” لە پاوەیە و بەتەمایە هێز بۆ پارتی دروست بکات، ناوبراو لە هەڵەبجە و هەوراماندا، ئامر هێز بووەو خەڵکەکە لێی ناڕەزا بوون، ئێمە بە پەلە چوینە ناو پاوە، پێش ئێمە بە دوو سێ سەعات، عەبدولوەهاب خۆی تەسلیم بە رژێمی عیراق کردبوو. دواتر مەفرەزیەکی دیموکرات بە رابەرێتی “سەروان شاهۆ” پەیدا دەبن و رێگایان ناددەن لە پاوە بمێننەوەو دەریان دەکەن. سەروان شاهۆ وتویەتی: هاتون عەبدلوەهاب ئەتروشی بکوژن، دیموکرات رێی تاوانی وا نادات. بەڵام ئەم سەروانە بەڕێزە، پاشان کاتێک پارتی و پاسداران پەلاماری شارە کوردییەکان دەدەن، هانا بۆ یەکێتی دەهێنێت.

_ ” دوا سێ ساڵ لەو روورادوە، بێ چەک ، تێكشکا و دڵشکاو، سەروان شاهۆم بینیمەوەو پەیتا پەیتا دەیویت: بەراستی هەر ئێوە پارتیتان دەناسی.

سەرکردە و شکستی سیاسی و سەربازی

نووسەر لە زۆر شوێندا هەوڵیداوە شرۆڤەی تایبەتی خۆی بۆ رووداوەکان بکات، لە کاتی باسکردنی شکستی شۆڕشی کوردانی ئێراندا، شرۆڤەیەکی جوانی کردووە، کە بە رای من یەکێکە لە دێرە جوانەکانی ئەم کتێبە کاتێک دەڵێت:

– ئەفسەری گەورەی حکومەتەکان کە دەشکێن، نابووت دەبن، بەڵام سەرکردەی سیاسی کە لە شەڕدا دەشکێ، خۆشەویست دەبێت. ل ٣٠٣

ئەمە بەتایبەتی لە وڵاتە دیکتاتۆرەکاندا وایە، ناسر لە پاش شکستی جەنگی حەوت رۆژە لە ساڵی ١٩٦٧ دا، دەست لەکاردەکێشێتەوە، بەڵام بە ملیۆنان خەڵکی میسر دێنە سەر شەقامەکان و دژی ئەم بڕیارەی ناسر دەوەستنەوەو داوای مانەوەی لێدەکەن. هەروەها پاش چەند رۆژێک سەردانی سودان دەکات، بە ملیۆنان کەس دێنە پشێوازی، لە کاتێکدا ئەو هۆکاری سەرەکی شکستی جەنگەکە بوو. بەڵام ئەم تێزە بۆ وڵاتە دیموکراتەکان پەسەند نییە.

مەسعود بەرزانی و راپەڕین

خاڵێکی مێژوویی تر کە مایەی سەرنجم بوو، هەڵوێستی مەسعود بەرزانییە لە بارەی راپەڕینەوە. لە ساڵی 1991 لەکاتی کۆڕەو دانوستان لەگەڵ رژێمی سەدام، مەسعود بەرزانی 48 رۆژ لە بەغدا دەمێنێتەوە، دوایی کە دەگەڕێتەوە مەلا بەختیار سەردانی دەکات، لەو دیدارە مەسعود بەرزانی وتویەتی، پەلاماردانی شارەکانی کوردستان کارێکی هەڵە بوو دەشڵێت، مەسعود بەرزانی زۆر بێهیوا بووە و وتویەتی : بەهەرشێوەیەک بووە ، رێکەوتنم لەگەڵ حکومەتی بەعس پێ باشە. . ڵ347.

داهاتووی یەکێتی

لە بەشی کۆتاییشدا نووسەر تیشکی خستۆتە سەر پەیوەندی نێوان یەکێتی و گۆڕان و گەڕانەوەی بەرهەم سالح و کۆنگرەی چواری یەکێتی. نووسەر کۆمەڵێک رەخنە و پێشنیازی خۆی لەمباریەوە باسکردووە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتییەوە هەیە.

لەمبارەیەوە دەڵێت:

– یەکێتی بەهۆی هەڵە بنچینییەکانی کانی شاخ و شاری،لەناو بازنە داخراوەکەیدا قەتیس مایەوە، هەربۆیە ساڵەهایە ، هێندەی رەخنە لەسەر یەکێتی هەیە، کەمتر ستایش دەکرێ. ئەم دۆخەی یەکێتی تێیکەوتووە، بە پروپاگەندە، میدیا، سایتی ساختە و قەبەکردنی کێشە سیاسییەکانی نەیارەکانی دەرباز نابێ، ل٤٣٦

رێگاچارەش لەدیدی مەلابەختیارەوە بۆ کێشەکانی یەکێتی:

– ئەگەر یەکێتی فریای چارەسەرکردنی هەڵە بنچینییەکانی لە : هزر، فەلسەفە، پێکهاتە ، بەرنامەی گۆڕاکاری و دادپەروەری کۆمەڵایەتی نەکەوێ، ئەوا دۆخی خراپتر دەبێت. ل٤٣٦

چەند سەرنجێک

دیارە نووسەر لەم کتێبەیدا کۆمەڵێک خاڵی جوان و گرنگی باسکردووە، وشە و دێری زۆر جوانی تێدایە، لێ ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئەم کتێبە دوورە لە هەڵە و کەموکورتی. لێرەدا هەوڵ دەدەم چەند سەرنجێک باس بکەم:

لەسەرەتای کتێبەکەدا باسی توندتیژی دەکات، زیاتر هۆکاری ئەم توندتیژییەش بۆ سیستەمی کۆمەڵایەتی و ئابووری دەگەڕێنێتەوە بەتایبەتی دەرەبەگایەتی. دیارە ئەوە یەکێکە لە هۆکارەکان، بەڵام هۆکارگەلی زۆر هەن بۆ توندوتیژی، بۆ نموونە ” نەرجسیەت” هەر ئەم نەرجسیەتەش کۆمەڵگا بەرەو فاشیزم و جەنگ دەبات. ئەمەش فەیلەسووفی ناوداری ئەمریکی/ ئەڵمانی ئەریک فرۆم لە کتێبی ” جەوهەری مرۆڤ” دا زۆر بە جوانی باسیکردووە. بەپێی تێڕوانینی فەیلەسووفی فۆکۆیاماش بێت، هۆکاری سەرەکی دروستبوونی دەوڵەت ” جەنگ و توندوتیژییە”، هەروەها زۆرجاریش جەنگ بۆ دەستکەوتی ماددی و تاڵانی بووە، لەپەنا ئەوەشدا مەسەلەی شكۆمەندیش، بەشداری لە جەنگەکان لای زۆر خێڵ، مایەی شكۆمەندی بووە، بەهەمانشێوەش بۆ تاکەکاکانیش هەر وابووە.

هەروەها توندوتیژی تەنها پەیوەندی بە رۆژهەڵاتەوە نییە، بگرە بەپێچەوانەوە هێندەی لە رۆژئاوادا جەنگ و توندوتیژی هەبووە، مێژووی مرۆڤایەتییان شەرمەزارکردووە بەتایبەتی لە سەدەی بیستەمدا.

دوورکەوتنەوە لە زمانی ئەکادیمی

پێش هەموو شتێک بیرەوەری بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت، پێویستە بە زمانێکی ئەکادیمی و زانستییانە و دوور لە ڕق و کینەوە، باسی رووداو کەسایەتییەکان بکات. چرچڵ کە دوژمنێکی سەرسەختی هیتلەر بووەو رۆڵێکی بەرچاویشی هەبووە لە جەنگ لە دژی نازیەت و ئەڵمانیا ، لەتەواوی بیروەرییەکانیدا، هیچ جنێو یان زمانێکی ناشیرین بۆ هیتلەر و دوژمنەکانی بەکارناهێنێت، بگرە بە شێوەیەکی ئەکادیمی باسی رووداوەکان دەکات، بەڵام بەداخەوە زۆرجار مەلا بەختیار لە زمانی ئەکادیمی دوورکەوتۆتە، بەتایبەتی کاتێک باسی کاک برایم جەلال دەکات، پێی دەڵێت: ترسنۆک، دووڕو، جەلاد، درۆزن،فشەکەر،راپۆرتنووس،،، کۆمەڵێک جنێوی تر.

دیارە لەپشت وشەکانەوە مانای شاراوە هەیە، کاتێک کە کتیبەکە دەخوێنیتەوە هەست بەو ڕقە ئەستوورە دەکەیت، کە نووسەر لە دژی برایم جەلال و نەوشیروان مستەفا هەیەتی، ئەمەش لە زمانی نووسینەکەیدا دەردەکەویت. ئەمەش لە کاتێکدا نووسەر بەشێکی کتێبەکەی بۆ مەسەلەی رق و کینە داناوەو بە کارێکی خراپی وەسفی دەکات، بەڵام بەداخەوە خۆشی نەیتوانییوە لەم دیاردە خراپە دەربچێت.

لەلایەکی ترەوە من هەتا کۆتایی کتێبەکە لە هەڵوێستی نووسەر تێناگەم، لەکاتێکدا تۆ نەوشیروان مستەفا بە ” دیلکوژ، تاکڕەو، توندتیژ” دادەنێیت، کەچی هەر خۆشتان داواتان لێکردووە ببێتە سکرتێری کۆمەڵە و لەهەموو کۆنفرانسەکانی کۆمەڵەشدا، دەنگتان پێداوە. بەهەمانشێوە لەگەڵ مام جەلالیش، لەکاتێکدا رەخنە و گلەیی زۆرتان لێی هەیە، کەچی هەر لە سەرەتاوە ئەوتان بەسەرۆکی خۆتان قبووڵ بووە.

نەوەی کۆن و نەوەی نوێ

جەنگی نەوەکان بەتایبەتی لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکاندا، پانتایی باش لەم کتێبە داگیر دەکات، مەلا بەختیار زۆر داکۆکی لە نەوەی خۆیان دەکات کە نەوەیەکی گەنج بوون، دژی ئەوانەش دەوەستێتەوە کە بە ” مراهیق و توندڕەو بێ ئەزموون ” وەسفیان دەکەن، کەچی بەداخەوە ئێستا خۆی دژی نەوەی نوێی سیاسی یەکێتییە.

ناڕوونی لە هەڵوێستی سیاسی

لەلایەکی ترەوە لە زۆر شوێندا نا ڕوونی لە هەڵوێستی سیاسیدا هەست پێدەکەم، بۆ نموونە لەکاتی باسکردنی شۆڕشی ئێراندا، بەشداریکردنی یەکێتی لە جەنگی بەرەنگاری خەڵکی رۆژهەڵات لە دژی سوپای ئێران و چەکدارانی پارتی، بە سیاسەتێکی ” عاتفی” نا لۆژیکی دادەنێت،رەخنەی توندیش ئاڕاستەی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا دەگرێت چونکە ئەوان ئەم بڕیارەیان داوە. کەچی هەر خۆشی رەخنە لە برایم جەلال دەگرێت کە نەیتوانیوە باش بجەنگێت و بەرگری لە هاوڕێکانی بکات، لەهەمانکاتیشدا شانازی بە بەشداریکردنی خۆیەوە دەکات لەو جەنگەدا. تۆ دەبێت یان دژ بیت یان لەگەڵ بیت، لەمەشدا من وەکو خوێنەرێک لە هەڵوێستی نووسەر تێناگەم.

لە بارەی هەڵوێستی بەهادین نوریش کە بەشداری جەنگی دژ بە یەکێتی نەکردووە، راستە ئەمە کارێکی جوامێریی و مرۆڤانەش بووە، ئێوەش رۆڵی باشتان لەمەدا هەبووە، بەڵام زیاتر پەیوەندی بەوەوە هەبوو، کە ئەو کێشەی شەخسی لەگەڵ سەرانی حزبەکەی هەبوو، هەربۆیە لەلایەن هاوڕێیانی حزبی شیوعییەوە رەخنەی ئەوەی لێدەگیرێت، بۆیە بەشداری جەنگی یەکێتی نەکردووە، چونکە ئەو هیواخوازبووە یەکێتی تەواوی سەرانی حزبی شیوعی بکوژێت و ئەمیش دواتر ببێتە تاکە سەرۆکی حزبەکە.

دوا قسە

پێدەچێت من لەگەڵ راوبۆچوونەکانی کاک بەختیاردا نەبم، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە مافی قسەکردن و نووسینی نەبێت. هەڤاڵانی هێژا، وشە بە وشە وەڵام دەدرێتەوە نەک بە فیشەک و سزادان، هەروەها هیج پێویستیشی بەم هەموو هەراو هەڵمەتە نەگریسە ئیعلامییە نەدەکرد. بەداخەوە لەناو یەکێتیشدا خەڵکانێک کەوتنە ژێر کاریگەری ئەم هەڵمەتەوە، هەرچەندە بەشێکیشی پەیوەندی بەوەوە هەیە، کە لە ئێستادا کاک بەختیار ئەو پلەو پۆستەی جارانی نەماوە، بۆیە وا دژایەتی دەکرێت. دەردی نالی دەڵێت: “دڵم ئەڵێی حاکمی مەعزولە قووربان.”

بەدڵنیاییەوە ئەم کتێبە باسی زۆر بابەتی گرنگ و حەساسی ناو یەکێتی و بزووتنەوەی چەکداری کوردستانی کردووە، لێرەدا ناتوانین باسی هەموویان بکەین، تەنها ویستم تیشکێک بخەمە سەر ئەم کتێبە و چەند سەرنجێکی خۆم باس بکەم.

لە کۆتاییدا دەستخۆشی لەکاک بەختیار دەکەم بۆ ئەم کتێبە و هیوای لەشساخی و بەردەوامی لە نووسین و چالاکی بۆ دەخوازم.

سەرچاوە:

/1مەلا بەختیار. لەبری بیرەوەری. چاپی یەکەم. لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی چاودێر. 2020

/2 فرانسیس فۆکۆیاما. رەگو ڕیشەی سیستەمی سیاسی. لە سەردەمی پێش مرۆییەکانەوە تا شۆڕشی فەرەنسا. وەرگێڕانی : ئاوات ئەحمەد سوڵتان. چاپی یەکەم. دەزگای دواڕۆژ بۆ روناکبیری و راگەیاندن. سلێمانی. 2016.

/3ئەریک فرۆم. جەوهەری مرۆڤ. وەرگێرانی : ئەردەڵان عەبدوڵڵا. دەزگای موکریان بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی. هەولێر. 2013

*****

کتێبی ” لە بری بیرەوەری” بۆ داگرتن ئێرە کلیک بکەن

*****

لەبری بیرەوەری  ، مەلا بەختیار

مەلا مەختیار لە وتووێژ لە گەڵ روداو دا دەڵێ:

نازانم کەی دەکوژرێم بۆیە کتێبی لەبری بیرەوەریم نووسی

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کتێبێکی نوێی بەوزووانە بڵاودەبێتەوە بەناوی “لەبری بیرەوەری”، کە 465 لاپەڕەی نووسینە و زیاتر لە 200 بەڵگەنامە و دۆکۆمێنتیشی تێدایە. لەو کتێبەدا فۆکووس دەخاتە سەر چەند رووداوێکی مێژوویی ژیانی سیاسیی خۆی، هەر لە دروستبوونی کۆمەڵە و دروستبوونی ئاڵای شۆڕش و دواتریش چوونە نێو یەکێتی.

مەلا بەختیار قەڵەمی خستووەتە سەر چەند رووداوێک کە گوتن و نووسینەوەیان ئاسان نییە. بەڵام خۆی دەڵێت “دەبوو ئەو رووداوانە بۆ مێژوو بنووسم، چونکە نازانم کەی دەکوژرێم”. ئەو لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی رووداو، کە شەوی شەممە 12-9-2020 لەگەڵ رەنج سەنگاوی ئەنجامی دا، وردەکاریی کتێبەکەی باسکرد و هێشتا دەڵێت لە زۆر کەس و رووداو چاوپۆشی کردووە و هەندێکی هەڵگرتووە بۆ کتێبی بیرەوەرییەکانی، کە لە داهاتوودا دەینووسێت.

رووداو: چۆن دەڕوانیتە دۆخی سیاسیی ئێستای باشووری کوردستان، ئێستا لە هەرێمی کوردستان ناکۆکی سیاسی و حیزبی، کێشەی دارایی هەیە، ئەمانە پێمان دەڵێن کورد بەرەو کوێ دەچێت؟

مەلا بەختیار: زۆر سوپاس بۆ دیدارەکەتان، سوپاس بۆ ئەوەی کتێبەکەی منتان کردووە بە باکگراوند، من دەمەوێ بە روونکردنەوەیەک بچمە ناو وەڵامەکان، ئەویش ئەوەیە من بە کوردساتیشم گوتووە کە کتێبێکی لەو شێوەیەم هەیە و کەی دەتانەوێ ئەگەر ریکلامی بۆ دەکەن یان چی بۆ دەکەن من ئامادەم، لە کوردستان تەلەفۆنم بۆ کاک ئامانج کرد و لە گەلی کوردستانیش بۆ کاک بورهان، بەهەمانشێوە بۆ ئێوەش (رووداو)م کرد، ئێوە بە پیر منەوە هاتن و سێ جار داوای دیدارتان کرد بۆ قسەکردن لەسەر کتێبەکە. بەداخەوە ئەوان دیارە جارێ بایەخی کتێبەکە نازانن، دڵنیام لە داهاتوودا ئەوە دەزانن کە دەبوو بەرنامە لەسەر کتێبەکە بکەن. سوپاس بۆ ئەوانیش، ئومێدەوارم ئەم بەرنامەیە بە دڵی ئەوانیش بێت.

دوو ساڵە وردە وردە هەرێمی کوردستان بەرەو پاشەکشە دەچێت

سەبارەت بەو دۆخەی باشووری کوردستان، من بە دوو شێوە وەڵامدەدەمەوە. شێوەیەکی ئەوەیە کە هەموو کێشە و قەیرانەکان نابێ ئەوەمان بیر بەرێتەوە کە تاوەکو پاریش ئەزموونێکی سەرکەوتوومان هەبوو لە ئاوەدانی، خۆشگوزەرانی، بونیادنان، جۆرێک لە دیموکراسی و لە جۆرێک لە ئازادی. هەتا رووبەڕووی قەیرانی دارایی نەبووینەوە، کێشەی بازاڕمان نەبوو، کێشەی مووچەمان نەبوو، کێشەی فرۆشگاکانمان نەبوو و متمانەیەکی باشمان لە دەوروبەرمان هەبوو، بەڵام ئەمە بۆ دوو ساڵ دەچێ وردە وردە هەرێمی کوردستان بەرەو پاشەکشە دەچێت، پرۆژەکانی وەستاون، قەیرانی بودجە تەنگێکی زۆری بە خەڵک هەڵچنیوە و خەڵکیش حەقیەتی و مافێکی رەوایە ناڕەزایی هەبێ بەرامبەر بە حکومەت. هەرچەندە ئێستا هەموو رەخنەکان لەم حکومەتە چڕبووەتەوە، بەڵام ئەو رەخنانە پێشینەیان هەیە، ئەو تەنگ و چەڵەمەیەی ئێستا تووشی ئەم حکومەتە بووە لە حکومەتەکانی دیکەوە رەگ و ریشەی هەڵهێناوە و وردە وردە بووە بە میرات بۆ ئەم حکومەتە. ئێستا ئەم حکومەتە بە کردەیی بەرپرسیارە لە چارەسەرکردنی ئەم کێشانە.

پەیوەندیی یەکێتی و پارتی ناسرووشتییە

24ی مانگی رابردوو دیدارێکم هەبوو کۆمەڵێک هاوڕێ و سیاسەتمەدار دانیشبوون لەوێ، من گوتم مەترسییەک دەبینم لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، مەترسییەک دەبینم لە سیاسەتی عەرەبیدا. وای دەبینم کە دەوڵەتە گەورەکان لەدوای جەنگەکان چارەسەریان بۆ کێشەکان و بەرژەوەندییەکانیان پەیدا کرد، لەدوای جەنگی ساردەوە ئاڵۆزییەک لە سیاسەتی نێونەتەوەیی کە پەیوەندی بە ئیقلیم و وڵاتانەوە هەیە، من پێموایە کە کاتی ئەوە هاتووە دەوڵەتە گەورەکان جۆرێک لە بۆچوونی هاوبەش بۆ چۆنیەتی دابینکردنی بەرژەوەندییەکانیان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتانی ئیقلیمی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدۆزنەوە.

من لێرە جارێکی تر ئەو زەنگە لێدەدەم، هەرێمی کوردستان و حزبەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان، کەی بەرژەوەندی دەوڵەتە گەورەکان بخوازێت بۆ ئەمنیان، بۆ ئابوورییان، بۆ سیاسەتیان، بۆ هەژموونیان، لەگەڵ دەوڵەتە ئیقلیمییەکانی ئێستا رێکدەکەون و گوێ بەو بەڵێنانە نادەن کە بە ئێمە و هەندێ لە حزبەکانی دیکەی کوردستانیان داوە، کەی بەرژەوەندییان بگاتە ئەو لێوارەی پێویست بەوە بکات لەگەڵ ئەم دەوڵەتانە رێکبکەون، رێکدەکەون.

رووداو: ئێستا بۆنی شتی وا دەکەی؟

مەلا بەختیار: بۆنی دەکەم. ئێران و تورکیا رێککەوتن، کە تورکیا لە پەکەکە بدات و ئێران لە پژاک بدات. ئەم جۆرە رێککەوتنە ناوەستێت، هەر دەوڵەتێکی زلهێزی دنیا ئێستا بێت لەگەڵ دەوڵەتێکی ئیقلیمی رێکبکەوێت، لەدوای 12 ساڵ لە پشێوی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پاراستن و دەعمی ئەم دەوڵەتە ئیقلیمییانەیان قبووڵ دەبێت و مەرجەکانیشیان تا راددەیەکی زۆر قبووڵ دەکەن.

رووداو: لەدوای ساڵی 1975ـەوە باشی و خراپی دۆخی هەرێمی کوردستان پەیوەست بووە بە پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتییەوە، پێتوایە ئێستا دۆخی پەیوەندییەکانی ئەو دوو حزبە بەرەو کوێ دەڕوات؟

مەلا بەختیار: زۆرجار ئەو قسانەم کردووە و ئێستاش دەیڵێمەوە، من پەیوەندی یەکێتی و پارتی بە چارەنووسسازی سیاسیی قۆناخەکە دەبینم، لە پاڵیشیاندا گۆڕان زۆر گرنگە، ئەم حیزبانە ببن بە سێکوچکەی تەحەموولکردنی مەسئوولییەتی ئەم هەرێمە. ئەمە بە چارەنووسساز دەزانم. پەیوەندیی ئێستای یەکێتی لەگەڵ پارتی پەیوەندییەکی ناتەبیعییە، ناگونجێ لەگەڵ هاوکێشەکان.

رووداو: پرسیارەکەم ئەوەبوو ئەم پەیوەندییە بەرەو کوێ دەڕوات؟

دەستم دامێنی یەکێتی و پارتی بەجیددی دانیشن

مەلا بەختیار: ئەگەر چارەسەری نەکەن و رێککەوتنێکی تازە لەنێوان یەکێتی و پارتی دروستنەبێ، کەی لەناوخۆدا خەڵکەکەمان بتەقنەوە فریا ناکەوین. کەی دەوڵەتانی ئیقلیمی فشارمان بۆ بێنن فریا ناکەوین. کەی دەوڵەتانی ئیقلیمی لەگەڵ دەوڵەتە گەورەکانی دنیا رێکبکەون بەپێی بەرژەوەندییە تازە هاوبەشەکانیان فریا ناکەوین. بۆیە کاتێکی زۆرمان لەدەستداوە و کاتێکی زۆرمان لەبەردەمدا نەماوە، دەبێ یەکێتی و پارتی لەخۆیان ببوێرن، تکایە! دەستم دامێنیان، بە جیددی دانیشن. لەسەر ئەمەی لە فەیسبووک چی گوتووە و پەیجی نهێنی چی دەڵێ، فڵان مەسئوول چ موزایەدەیەک دەکات، فڵان مەسئوول چۆن بە رەقی وەڵامی پارتی دەداتەوە. واز لەمانە بێنن، چارەنووسی کورد زۆر زۆر گەورەترە لە یەکێتی و پارتیش، چارەنووسی کورد زۆر زۆر گەورەترە لە هەموو مەسئوولینی یەکێتی و پارتی.

رووداو: فۆڕمێکت لەلایە کە بیرت لێکردبێتەوە چۆنیەتی چارەسەرەکان چین؟

چارەنووسی کورد زۆر زۆر گەورەترە لە هەموو مەسئوولینی یەکێتی و پارتی

مەلا بەختیار: باشترین پێشنیاز کە کردوومە و دەیکەمەوە ئەوەیە کە، دەبێ کۆنگرەیەک ببەسترێت، لەم کۆنگرەیە هەرسێ حیزب کە ئێستا لە حکومەتن و حیزبەکانی دیکە کە لە ئۆپۆزسیۆنن، لەگەڵ هەموو رێکخراوەکان، کارشناسەکان، پسپۆڕان، شارەزایانی دەرەوە و ناوەوە و دڵسۆزەکان، دابنیشن کۆنگرەیەک ببەستن، لەو کۆنگرەیە نابێ پشکی پارتی و یەکێتی و گۆڕان لە 35٪ تێپەڕێت، زۆرترین موعارەزە و زۆرترین خەڵکی شارەزا بێننە کۆنگرەکە، جومگە بە جومگەی ئەم دەسەڵات و سیستمە، ئەم قەیران و کێشانە چارەسەربکەین و بڕیارەکانیش پابەندی تێدابێت. تکا دەکەم، ئەمە بە جیددی وەربگیرێت. دوو هەفتە لەمەوبەریش گوتم: جەنابی کاک مەسعود لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان کۆببێتەوە و ئالیەتێک بۆ دانیشتنی ئەم حزبانە دابنێن، ئینجا سەرۆکی حزبەکان کۆبکەنەوە بۆ ئەوەی پرۆژەیەک تاوتوێ بکەن و بیکەن بە بنەما بۆ ئەو کۆنگرەیەی کە هەر ناوێکی لێدەنێن. لەو کۆنگرەیە هەموومان ئەرک و مافمان دیاری بکەین. ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات و هەموو جومگەکان لێکبدەینەوە.

رووداو: لە رابردوودا کۆنگرەی نەتەوەیی نەیتوانی ئەمە بکات؟

جەنابی کاک مەسعود لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان کۆببێتەوە و ئالیەتێک بۆ دانیشتنی ئەم حیزبانە دابنێن

مەلا بەختیار: کۆنگرەی نەتەوەیی شتێکی دیکەیە، ئەو بۆ نەتەوەی کورد و بۆ هاوکاری حیزبەکان بوو، ئەوە پەیوەندی بەم قەیرانانەی ئێستاوە نییە، پەیوەندی بەو مەترسییانەشەوە نییە کە من پێشبینییان دەکەم.

رووداو: یەکێتی و پارتی لەوە تێدەگەن کە لەم قەیرانەدان و پێویستیان پێیەتی؟

مەلا بەختیار: بە سوپاسەوە کاک وشیار زێباری پەیوەندی پێوەکردم و لێی پرسیم ئالییەتی ئەو کۆنگرەیە چییە؟ وەڵامم دایەوە. تائێستا یەکێتی هیچ پرسیارێکیان نەکردووە، بەڵام رەتیان نەکردووەتەوە.

رووداو: کاک وشیار کەسێکی بڕیار بەدەستە، پێدەچوو پارتی بە پەرۆشبن بۆ ئەم کۆنگرە و ئاشتەواییەکی قووڵتر؟

مەلا بەختیار: گوتی: مەکتەبی سیاسیی بە جیددی بیر لەمە دەکاتەوە.

رووداو: ئێستا وای لێهاتووە کە قسە لەسەر هەرێمی کوردستان دەکەیت، دەبێ قسە لەسەر عێراقیش بکەیت. عێراق نوقمی ململانێیەکی تووندی تائیفی بووە (پێشووتر زۆر قسەت لەسەری کردووە)، دەستی دەرەکی لەناو عێراقدا زۆرە، زۆر کەسیش پێیانوایە لوبنان پێشنەکەوتووە، بەڵام نەبووە بە سیستمی تائیفی و پێیانوایە عێراق لەوە خراپتریشی بەسەردێ، لەو باوەڕەدای ئەوە راست دەربچێت؟

دەبێ ئەو خەیاڵانە لە مێشکمان دەرکەین کە عێراق بەمنزیکانە یان لە ساڵانی داهاتوو دەبێتە سیستەمێکی سیاسی

مەلا بەختیار: با لە لوبنانەوە دەستپێبکەین، ئەو عەقڵییەت و قاڵبە تائیفیانەی کە جاران لە لوبنان هەبوون و سیستمێکی تەوافوقیان بۆ دروست دەکرد، سەرکەوتوو بوو، ئەوەی کە ئێستا چووەتە ناو لوبنانەوە کێشەی دیکەیە. کێشە ئیقلیمییەکان و سیاسەتە ئیقلیمییەکان و سیاسەتی نێودەوڵەتی چووەتە ناو لوبنانەوە و ئەو تەوافوقە تائیفی و هاوسەنگییەیان تێکدا. با بە روونی لەسەر عێراق قسەبکەم و ئەمڕۆش کورتە وتارێکم لەسەر سەردانی بەڕێز کازمی نووسی. پێموایە دەبێ ئەو خەیاڵانە لە مێشکی خۆمان دەرکەین کە عێراق بەمنزیکانە یان لە ساڵانی داهاتوو دەبێتە سیستمێکی سیاسیی، ئەمە مەحاڵە. عێراق لە ساڵانی ئاییندەش نابێ بە دیموکراسی، چونکە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی دیموکراسی نییە، کولتووری دیموکراسی نییە، فەلسەفەی تێگەیشتنی دیموکراسی لە عێراق نییە، زۆرینەی هەرە زۆری حیزبە عێراقییەکان نادیموکراتن. ئەوەی دەستووری عێراقی نووسییەوە پەیمان و فەلسەفەی دیموکراسی نەبوو، بەڵکو هاوسەنگییەک هەبوو لەم وڵاتە، سوننە و پشتیوانەکانی، کورد و و پشتیوانەکانی، شیعە و پشتیوانەکانی. سێگۆشە بووین، هاتووین هاوسەنگییەکمان دروستکردووە، بەم هاوسەنگییە ئەم دەستوورەمان نووسی و ئەم عێراقەمان پێکهێنا و کەوتینە کار. لە لێدانی سوننەکانەوە گۆشەیەکی هاوسەنگییەکە تێکچوو، کە لە کوردیش درا گۆشەی دووەمیش لاوازکرا. بەڵام بە پشتیوانی نێودەوڵەتی ئێمە هاتینەوە مەیدان و ئێستا زۆر وەزعەکەمان باشە. کەواتە هەرێمی ئێمە لە بەغدادا پشتی نەبەستووە بەوەی کە ئاستی تێگەیشتنی دیموکراسی دەستەبەرە بۆ ئێمە، شتی وا نییە! ئەم تێگەیشتنە زۆر زۆر سەقەتە دەستەبەرێک هەبێ بەناوی مەبادیئی دیموکراسییەوە و لێی بخەوین! هەمیشە دەبێ وریابین، هەمیشە لەسەر هەست و هەڵوێست بین، هەمیشە دەبێ بیر لەوە بکەینەوە کە ئەمڕۆ نا سبەی، سبەی نا دووسبەی مەترسیمان لەسەرە لەم عێراقە. چونکە دەستەبەر لە عێراقدا نییە.

رووداو: پشتیوانەکانی کورد و سوننە لەکوێن؟

مەلا بەختیار: خۆت دەزانی پشتیوانی کورد لە سیاسەتی بڕیاری 688 و ناوچەی 36 و هەموو ئەو رێکخراوانەی لە دنیا هاتن لە کوردستان پشتیوانیان کردین، ئەمریکا، بریتانیا، یەکێتی ئەوروپا، فەرەنسا و هەندێ لە دەوڵەتانی ئیقلیمی وەکو جاری جاران دژمان نەبوون، ئێران لە ساڵی 1991 فیدراڵییەتی قبووڵکرد، ئەمە بۆ ئێمە گۆڕینێکی گەورەبوو لە هاوکێشەکان، ئەمریکا رێککەوتنی جەزائیری رەتنەکردەوە، بەڵام لەگەڵ فەرەنسا هێڵی 36یان دیاریکرد.

رووداو: سێ خولەک لەمەوبەر گوتت: لەبەردەم مەترسیی گەورەداین تا ئاستی لەناوچوون!

مەلا بەختیار: من باسی ساڵی 1991 و بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش دەکەم، ئێستا 29 ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، لەو 29 ساڵە کۆمەڵێک پرۆژە و بەرنامەی سیاسیی دەوڵەتان هەبوون، بەناوی پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە، دواتر کردیان بە رۆژهەڵاتی بچووک. خۆپیشاندانەکانی چەند ساڵی رابردووی توونس، جەزائیر، سوودان، مەغریب، میسر، سووریا و لوبنان، ئەمانە هەموو سەریانهەڵدا بۆ ئەوەی دیموکراسییەت بێتەدی، جگە لە توونس کە نیمچە سەرکەوتنێکی مەدەنی بەدەستهێنا، لە باقی وڵاتانی دیکە شکستی خواردووە.

رووداو: باسی پشتیوانەکانی سوننەم کرد.

مەلا بەختیار: هەموو دەوڵەتانی سوننە پاڵپشتی سوننەی عێراقن.

کازمی ناتوانێ بەبێ سوننە عێراق بەڕێوەببات

رووداو: کازمی هیچی پێیە بۆ سوننە؟

مەلا بەختیار: کازمی خۆی شیعەیە، خێزانەکەشی شیعەیە. ناتوانێ بەبێ سوننە عێراق بەڕێوەببات، رەنگە باشتر لە سەرۆکوەزیرەکانی دیکەش بە حوکمی رۆژئاوا و هەندێ وڵاتانی عەرەبی تەفاهومی تەتەلوعاتی سوننە بکات، بەڵام ئایا کازمی دەتوانێ کێشەکانی عێراق لە رووی دەستووریی، دیموکراسیی، کۆمەڵایەتی و تائیفەگەرییەوە چارەسەر بکات و گوێ بە ئەملاو ئەولا نەدات؟ من ئەمە بە قورس دەبینم!

رووداو: ئەمڕۆ موسڵاوییەکان ناڕەزایەتییان لە بازنەی هەڵبژاردن دەربڕی، پێتوایە ئەمە تەنیا بە ناڕەزایەتی دەمێنێتەوە یان پەلوپۆی لێدەبێتەوە و چیتر سوننەکان بە دەنگی نزم قسە ناکەن؟

مەلا بەختیار: لە ئەنجام، ئەگەر لایەنە سیاسییەکان هەڵبژاردن رەتبکەنەوە، هەڵبژاردن بۆ کێ دەکرێ؟ ئایا کازمی دەتوانێ بەتەواوی ئەمانە پەراوێز بخات؟ ناتوانێت!

رووداو: لە سەردانەکەی کازمیدا بۆ کوردستان، لیستی داواکارییەکانیان لە پارێزگاکان پێشکەش بە کازمی کرد، پێتوایە ئەمە دروستە یان دەبوو لە رێگەی دامودەزگا فەرمییەکانەوە بوایە؟

مەلا بەختیار: من لەگەڵ هەموو داوکارییەکانم، رەوان. بەڵام باسی ئەتەکیەتم کرد، چونکە حکومەتی هەرێم و پارێزگاکان دەیانزانی بەڕێز کازمی بە چ ئەجێندایەک هاتووە، کەمترین کاتی داوە بە کۆبوونەوە لەگەڵ پارێزگاری هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک. هەر کاتی نەبوو بۆ کۆبوونەوە لەگەڵیان بۆ ئەوەی قسەبکەن لەسەر ئەو بابەتانە. ئەو هاتبوو بۆ ئەوەی بڵێ کە من چۆن لە باشووری عێراق شکۆی دەوڵەت بەسەر دەروازە سنوورییەکاندا دەسەپێنم، لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانیش دەیسەپێنم.

کازمی هات پەیوەندیی هەرێم و بەغدا بکاتە پەیوەندییەکی شیاوتر

رووداو: ئەمە ئەجێندای ئاشکرای بوو، ئەی ئەجێندا نهێنییەکەی چی بوو؟

مەلا بەختیار: هاتبوو لەسەر مەسەلەی هەڵبژاردن و یاساکەی قسە بکات، پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا بکات بە پەیوەندییەکی شیاوتر، ئەگەر بکرێ چارەسەرێکی شیاوتری بۆ بدۆزرێتەوە.

رووداو: سەبارەت بە مێرگەپان، جگە لە سەرۆککۆمار، بووە شوێنی بینینی سەرکردەکانی یەکێتی، گۆڕان و یەکگرتووش، تەنانەت وا دیاربوو کە کاک کۆسرەتیش لە شێوازی دانیشتنەکان نیگەران بووبێ، چونکە شەڕێکی فەیسبووکی دروستببوو، ئایا ئەوە ئاسایی بوو حیزبەکان بچن، چونکە سەرۆککۆمار خوانی بۆ کازمی رێکخستبوو، لە رووی ئەتەکیەتەوە ئاساییە، یاخود دەبوو ئەو حیزبانە کاتی تایبەتییان لە بارەگاکانیان بۆ دانرابا؟

مەلا بەختیار: من ئەو هەموو دەعوەت و رێزگرتنە بە شتێکی باش دەزانم و لاریم لەوە نییە. بە نیسبەت جەنابی کاک کۆسرەتەوە، من پێموایە دەبوو ئەو جەنابی کازمی دەعوەت بکات، ئەگەر بۆ دەعوەتەکەی نەیەت، ئەویش نەچێ بۆ دەعوەتی کەس. دەبوو نەچێت.

رووداو: واتە لەگەڵ چوونیدا نەبووی؟

نەدەبوو کاک کۆسرەت بچێتە دەعوەتەکەی کازمی

مەلا بەختیار: دەبوو خۆی دەعوەتی بکات، خۆی بەرپرسی یەکەمی ئەنجوومەنی باڵای یەکێتییە، وەکو سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای یەکێتی دەبوو لە سەرەتاوە دەعوەتی بکات و بڵێ: جەنابی کازمی لە فڵان سەعات دەعوەتی ئێمەی. ئەگەر دەعوەتەکەی کاک کۆسرەتی قبووڵ نەکرد، بە رای من باشتربوو کاک کۆسرەت بۆ هیچ دەعوەتێکی دیکە نەڕۆیشتایە.

رووداو: نزیکەی 2000 پرسیار و 1000 کۆمێنتت لە خەڵکەوە بۆ هاتووە، دەپرسن ئایا مەلا بەختیار دەعوەت کرابوو؟ ئەگەر دەعوەت بکرایە هەمان هەڵوێستی دەبوو؟

مەلا بەختیار: یەکێتی دەعوەت کرابوو، کاک لاهوور و برادەران دەعوەت کرابوون، لە مەزاری مام جەلال برادەرانی مەکتەبی سیاسیی لەوێ بوون، چ پێویست دەکا من دەعوەت بکرێم؟ ئەمە ناکرێ هەر لەبەرئەوەی مەلا بەختیارم دەعوەت بکرێم. سوپاس کە دەعوەتیان نەکردووم.

رووداو: دەعوەتیان کردبای دەچووی؟

مەلا بەختیار: سوپاسیان دەکەم کە دەعوەتیان نەکردم.

سوپاسیان دەکەم کە دەعوەتیان نەکردم

رووداو: کەواتە نەدەچووی؟

مەلا بەختیار: سوپاسیان دەکەم کە دەعوەتیان نەکردم.

رووداو: باشە بۆچی لە بەشداریکردنەکەی کاک کۆسرەت نیگەرانی؟

دەکرا لەولاوە کورسییەکیش بۆ کاک کۆسرەت دابنێن

مەلا بەختیار: لەمەیاندا با کەمێک بە روونی قسە بکەم، ئەگەر سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیرانی دەعوەت کردووە و حیزبەکانیشی بانگکردووە، ئاساییە دەبێ سەرۆککۆمار لە تەنیشت سەرۆکوەزیرانەوە دابنیشێت، بەڵام دەکرا لەولاوە کورسییەکیش بۆ کاک کۆسرەت دابنێن. ئەتەکیەت ئەتەکیەتە. سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران دوو کەسی یەکەمی دەستووریی عێراقن، ئەمە بەدەستی کەس نییە. دەبوو رەچاوی ئەوە کرابا کە کاک کۆسرەتە، کورسییەکی لە تەنیشت کازمی بۆ دانرابا شیاوتر و جوانتر دەبوو، پێشموایە حزبەکانی دیکەش ئەمەیان قبووڵدەکرد.

رووداو: دەمەوێ کاتێکی باش بدەم بە کتێبی (لەبری بیرەوەری)، کتێبەکە هەم رەخنە، هەم لێکدانەوە و هەمیش توێژینەوەیە. پێموایە ئەم کتێبە لێکەوتەی دەبێ. گلەییت لە هەڤاڵەکانت زۆرە، هەندێ لە هاوڕێکانت تۆمەتبار دەکەی بەوەی کە ئەگەر راستیشیان لەسەر رووداوەکان نەبووبێ لەمەودوا بوێری ئەوەیان هەبووبێ، لە کتێبەکەدا بە فەرەیدوون عەبدولقادر دەڵێی: تۆ لە دەسەڵات دوورکەوتوویتەوە و منیش هەڵوێستم وەرگرتووە. هەڵوێستت لە چی وەرگرتووە؟

ئەم حکومەتە وەکو پڵنگەکانی ئاسیای لێدێت

مەلا بەختیار: ئەو کتێبە خۆی هەڵوێستە، جگە لەوەی من کاتی خۆی پرۆژەم پێشکەشکردووە، لەسەر کۆنگرە قسەم کردووە، لە وتارەکان بەردەوام رەخنەم هەیە لەسەر حکومەتی هەرێم، 11-12 ساڵە من وتار دەنووسم و دەڵێم: ئەم حکومەتە وەکو پڵنگەکانی ئاسیای لێدێت و دەڕووخێ! لە کۆبوونەوەی رەسمی کاک نێچیرڤان، بایز تاڵەبانی، مەکتەبی سیاسیی ئێمە و پارتی کە کاک بەرهەمیش لەوێ بووە گوتوومە: ئەم تەنگ و چەڵەمە ئابوورییەی ئەم حکومەتە هەیەتی رێک وەکو پڵنگەکانی ئاسیامان لێدێت و لەپڕ حکومەتەکە دادەتەپێت و بەرگەی ئەم قەیرانە ئابوورییە ناگرین. ئەوکاتە باسیان دەکرد کە داهاتمان لە مووچە کەمترە!

رووداو: من باسی شرۆڤە ناکەم، هەڵوێستی فیزیکی و کردەییت وەرگرتووە؟

مەلا بەختیار: ئا! گۆڤارەکانی کۆمەڵە بخوێنیتەوە، سیاسەت و نامیلکەکانی من بخوێنیتەوە، دامەزراندنی ئاڵای شۆڕش، کۆنفرانسی یەک و دوو و سێی کۆمەڵە ببینی، ئەگەر بەڵگەنامەکان ماون و لای هەر کەسێکە بچن بپرسن بزانن لەسەر زۆربەی جومگەکان وەستاوم یان نا، رەخنەم هەبووە یان نا؟ بیرکردنەوەم جیاوازبووە یان نا؟ من هەمیشە هەڵوێستی جیاوازم هەبووە.

رووداو: تۆ بە کاک فەرەیدوون دەڵێی: تۆ لە دەسەڵات دوورکەوتوویتەوە و منیش هەڵوێستم وەرگرتووە. یانی باسی ئێستا دەکەی.

من و یەکێتی ساڵێکی دیکە مەرحەبایی یەکتر دەکەین

مەلا بەختیار: ئێستاش هەڵوێستی سیاسیی، فیکری و حیزبیم هەیە، من 24ی مانگ لەو دیبەیتە قسەمکردووە، لە مەقالەکانیش قسەمکردووە و لەو کتێبەش باسمکردووە، کە یەکێتی پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی سەرتاپاییە، هەمیشە وام گوتووە.

رووداو: جا بە قسەت دەکەن؟

مەلا بەختیار: نا! تا ئێستا بە قسەیان نەکردووم! من پەیامی خۆم دەگەیێنم، بە قسەم دەکەن مەمنوونیانم بە قسەم ناکەن، من و ئەوان ساڵێکی دیکە مەرحەبایی یەک دەکەین. رووداوەکان نیشانی دەدەن کە قسەم راستە یان ناڕاستە، ئێمە لەناو رووداودا سیاسەت دەکەین (بەپێکەنینەوە) ئێستاش لەناو تەلەڤیزیۆنی رووداو قسە لەسەر رووداوەکان دەکەم.

رووداو: لەو کتێبەتدا باسی ئەوە دەکەی لە یەکەمین کۆنفرانسی کۆمەڵەوە تاوەکو گیرانت، هەروەها لە دوو کۆنگرەی یەکێتیدا خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا (من دەڵێم خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا) ئەگەرنا تۆ ئەو دەستەواژانەت بۆ کەس بەکارنەهێناوە. کاک نەوشیروان هەوڵیداوە تۆ بۆ سەرکردایەتی کۆمەڵە دەرنەچیت، هەست دەکەی ئەوەی ئەوکات نەتوانرا بەرامبەرت بکرێت لە دوایین کۆنگرەی یەکێتیدا بە شێوەیەکی دیکە بەرامبەرت کراوە؟

کاک نەوشیروان لە هەرسێ کۆنفرانسەکەی کۆمەڵە پێی خۆش نەبوو من دەرچم

مەلا بەختیار: کاک نەوشیروان لە هەرسێ کۆنفرانسەکەی کۆمەڵە پێی خۆش نەبوو من دەرچم، ئەوە مەعلومە و هیچ تەمومژ هەڵناگرێت. کاک نەوشیروان و خەڵکی دیکەش بە ئاشکرا پیلانیان دەگێڕا بۆ ئەوەی من دەرنەچم، لە کتێبەکەشم باسمکردووە.

دوایین کۆنگرە کەسی وا دەرچووە خوای خوای بووە رەسمم لەگەڵ بگرێت، ئەگەر مەسەلەکە بۆ هەڵبژاردن بێت، چەندین کەس دەرچوون پاسەوانی من بوون، دەرچوون و دەرنەچوون پێوەر نەبووە لەناو ئەو کۆنگرەیە، بەڵکو من خۆم هەڵنەبژاردووە تاوەکو بڵێم پیلانگێڕییەک سەری گرتووە لەسەر من، ئەسڵەن خۆم هەڵنەبژاردووە.

ئەنجوومەنێکی باڵا پێشنیارکراوە، بە هەیبەتە ئەنجوومەنێکی باڵا لەگەڵ من باسکراوە. هەفتەیەک پێش کۆنگرە رازیبووم بچمە ناو ئەنجوومەنی باڵاوە، ئەگینا قابیلە هەندێک لەوانەی دەرچوون… کەسی وا هەیە دەرچووە لەگەڵ رێزم عەیبەی وای هەیە لە مێژووی ئێمە پیاو پێی شەرمە هەر باسی بکات.. دەریشچووە. ئێ منیش لە 120 کەس دەرنەدەچووم؟ (بە پێکەنینەوە) 120 کەس..

کەسی وا لە کۆنگرە دەرچووە پیاو پێی شەرمە باسی مێژووی بکات

رووداو: جیاوازی ئەم کۆنگرەیە لەگەڵ ئەو کۆنفرانس و کۆنگرانەی کە باسی کاک نەوشیروان مستەفا دەکەی لە کتێبەکەتدا چییە؟ کە ئەوکات هەوڵیان دەدا دەرنەچیت.

مەلا بەختیار: بە رای من با بە راشکاوی بیڵێم ئەوە کۆنگرە نەبوو، کۆنگرە دەبێت گفتوگۆی تێدابێت، دەبێت پەیڕەو و پرۆگرام لێکبدرێتەوە، دەبێت راپۆرتی سیاسی شیبکرێتەوە بەتەواوەتی ئینجا بکرێتە بنچینەی ئەو سیاسەتە. ئێمە کە چووینە ناو کۆنگرە بۆ ئەوە چووینە ناو کۆنگرە، بەڵام لەناو کۆنگرە ئەو دەرگایانە هەمووی داخران، رەخنەی تێدا نەبوو، گفتوگۆی تێدانەبوو، دیالۆگی تێدا نەبوو، هەندێک تێبینی لەلایەن ئەم و ئەوەوە گوترا لەسەر فڵان بڕگەو فڵان بڕگە، بەڵام هەڵسەنگاندن بە مانای هەڵسەنگاندنی کۆنگرەیەکی سۆسیال دیموکرات نەبوو.

من تەحەدا دەکەم لە تەواوی دنیادا یەک حیزبی سۆسیال دیموکرات یان دیموکراتی کۆنگرەی بەستبێت دیالۆگی تێدا نەبووبێت، رەخنەی تێدا نەبووبێت، سزای تێدا نەبووبێت، سکاڵای تێدا نەبووبێت، پێداچوونەوەی تێدا نەبووبێت، داڕشتنەوەی سیاسەتی تێدا نەبووبێت، دەستکاری فەلسەفەی سیاسی و ئایدیۆلۆجی تێدا نەبووبێت و پەیڕەوی ناوخۆ دەستکاری نەکرابێت. ئەمانە هیچی لەناو کۆنگرەدا نەبوونە.

رووداو: ئەگەر کۆنگرە نەبوو، چی بوو؟

مەلا بەختیار: وەکو قۆناخێکی راگوزەر بوو، یەکێتی تووشی قەیرانێکی قووڵ هاتبوو. ئەو برادەرانەی کە لە کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرە بوون، لە پشتی پەردەوە لەگەڵ خەڵکی دیکە رێککەوتبوون بەو شێوەیە تێیپەڕێنن.. تێیانپەڕاند و پیرۆزیان بێت.

رووداو: تۆ خۆت هەڵبژاردایە باشتر نەبوو لەوەی خۆت هەڵنەبژاردووەو گلەیی لە ئەنجامەکەی دەکەی؟

مەلا بەختیار: من نەخێر، شانازی دەکەم کە خۆم هەڵنەبژارد.

رووداو: بەڵام ئەگەر خۆت هەڵبژاردایە زیاتر لەناو ئۆرگانەکاندا کاری زیاترت پێنەدەکرا بەوەی لە دەرەوە رەخنە بگریت؟

مەلا بەختیار: شانازی بەوە دەکەم کە ئێستا هیچ بەرپرسیاریێتیەکی دیاریکراوم نییە، ئەگەر ئەو برادەرانە سەرکەوتووبن شانازییان پێوە دەکەم، سەرکەوتووش نەبن منی تێدا نیم.

رووداو: بەڵام چۆن بەرپرسیارێتی دیاریکراوت نییە؟ ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی چییە؟

مەلا بەختیار: کەی دەسەڵاتەکەی دیاریکرا و بە دڵی ئەنجوومەنی باڵابوو، منیش لەناو ئەنجوومەنی باڵا بە دڵم بێت، ئەوکاتە دەڵێم ئەمە بەرپرسیارێتیەکەم و ئەوە ئیشکەم. تاوەکو دەسەڵاتەکەی دیاری نەکرێت، ئێمە هێشتا لە گفتوگۆداین.

رووداو: کەواتە دەپرسمەوە ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی چییە؟ ئۆرگانێکی بە دەسەڵاتە یان ئەگەر نەشڵێم فێڵکردن بۆ وەلانانی ئێوە دانراوە. تاوەکو ئێستا هیچ پێگەو دەسەڵاتێکی دیار نییە؟

مەلا بەختیار: تا ئێستا لەسەر دەسەڵاتەکانی گفتوگۆ هەیە، کە من بە راشکاوی دەیڵێم کاک کۆسرەت دەیتوانی باشتر لەمە سەرکردایەتی ئەنجوومەنی باڵا بکات بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکانی زووتر و باشتر دەستنیشان بکرێت.

رووداو: ئێستا بۆشایی ئەو دەسەڵاتانە هەیە؟

مەلا بەختیار: بۆشایی ئەو دەسەڵاتانە هەیە، بۆشایی هاوسەنگی هەیە لە ئۆرگانەکانی یەکێتی و دەسەڵاتەکانی یەکێتی، بۆشایی گفتوگۆی باش هەیە لەسەر ئەو سیاسەتانەی کە یەکێتی پەیڕەوی دەکات لە عێراق لە هەرێم و لە دونیا، لە بەرامبەر پارتی، گۆڕان و لایەنەکانی دیکە، ئەو بۆشاییە هەیە لە چۆنیەتی گەڵاڵەکردنی باشترین رێباز و سیاسەت و بڕیار بۆ یەکێتی لە دوای کۆنگرە.

رووداو: بۆچی پێتانوایە ئەوەی ئەو هاوسەنگییە دەپارێزێت بەس بۆ نموونە جەنابت و کاک کۆسرەت و کۆمەڵێک سەرکردەی دیکەن کە رۆژگارێکی زۆر لەناو یەکێتیدا قەت بێ پلەو پایەو پۆست نەبوون؟

مەلا بەختیار: من نەمگوتووە بەس ئێمە، دەڵێم ئەو هاوسەنگی و هاوئاهەنگیەی لەناو ئۆرگانەکاندا بە ئەنجوومەنی باڵاشەوە کە پێویستە هەبێت، ئێستا نییە.

رووداو: کاریگەرییەکەی چی بووە لەسەر یەکێتی؟

نەدەبوو کاک کۆسرەت دواخستنی دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی باڵا قبووڵ بکات

مەلا بەختیار: ئەگەر زووتر دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی باڵا دەستنیشان بکرایە، هەڤاڵ کۆسرەت هیمەتێکی باشتری بکردایە و ئەمەی قبووڵ نەکردایە کە تاوەکو ئێستا دەسەڵاتەکانی ئەو ئەنجوومەنە دوا بکەوێت.. من پێموابێت هاوسەنگیەکە بۆ ناو یەکێتی باشتر دروست دەبوو بۆ چۆنیەتی بڕیار وەرگرتن و لە دەرەوەی یەکێتیش جوانتر رەنگی دەدایەوە.

ئێمە ئەزموونمان هەیە، قەڵەممان لە هەر 120 کەسەکە تیژترە، ئەزموونمان لە هەموویان زیاترە. کە ئێمە پێشمەرگەبووین ئەو 120 کەسە یەک کەسیشی پێشمەرگە نەبووە، باسی 1976 دەکەم، کە ئێمە هەندێکمان سەرکردایەتی یەکێتی بووین، ئەو 120 کەسە یەکێکی سەکردایەتی نەبووە، ئێستا دەیانهێنم لێرە تاقیکردنەوەی زیاتر لە 90 کەسیان دەکەم لەسەر مێژووی یەکێتی قسە بکەن، ناتوانن بە باشی قسە بکەن. لەسەر مێژووی خودی یەکێتی بە باشی نازانن قسە بکەن، چونکە غائیبن لەو مێژووە، کە غائیب بن ناحەقیان نییە نەیزانن. بۆیە ئەو بۆشاییانە بەچی پڕ دەکرێتەوە؟ بە خەڵکی ئەزمووندیدە پڕدەکرێتەوە.

رووداو: خۆت لێپرسراوی رێکخراوە دیموکراتییەکان بوویت، یەکێک لە قەڵەمە دیارەکانی یەکێتی بوویت، ئەوانەش رۆژگارێک زۆربەیان یەکێتی بوون، خەتاکە هی ئێوەیە باش پەروەردەتان نەکردوون و گۆشتان نەکردوون بە رێبازو بەرنامەی یەکێتی؟

مەلا بەختیار: ئەگەر بۆ خەتا بگەڕێینەوە، زۆرە. وازی لێبێنە بەڕاستی حەز ناکەم ئەو لاپەڕانە هەڵبدەمەوە، ئەمە بابەتێکی زۆر حیزبی و نێوخۆییەو رۆژێک دێت باسی کۆی ئەو خەتایانە دەکەین.

رووداو: بەڵام تۆ لە شۆڕشی ئەیلوولەوە تاوەکو شۆڕشی نوێ و تاوەکو راپەڕینت هەڵداوەتەوە، بۆچی تەحەفوزت هەیە لەسەر دۆخێک کە رەنگە ئێستا بینەر و خوێنەرەکانت ئارەزوو دەکەن رای تۆ بزانن؟

مەلا بەختیار: ئەوە نییە هەڵمداوەتەوە، ئەوە ئەو حەقیقەتانەیە کە لە مێژوودا روویداوە. بەڵام ئەوەی ئێستا حەقیقەتێکە کە تازە سەریهەڵداوە، پێویستی بە کات هەیە بۆ ئەوەی باشتر هەڵیبسەنگێنین.. کێ دەڵێ قسەکانی من راست دەردەچێت؟ کێ ناڵێ ئەوانە زۆر سەرکەوتوو نابن و من 6 مانگی دیکە پەشیمان نابمەوە؟ بۆیە دەبێت کات بەو پرۆسەیە بدرێت تاوەکو هەموو لایەنەکانی دەربکەوێت و من بتوانم هەڵسەنگاندنێکی وردتری بۆ بکەم.

رووداو: ئەمە قەناعەتە یان خەتی رەجعە دادەنێیت بۆ قسەکانت؟

مەلا بەختیار: تۆ خۆت دەمناسی خەتی رەجعەم نییە لە قسە.

رووداو: بە راشکاوی تاوەکو ئێستا ئەو پرسیارەم لێنەکردووی، ئەو سیستەمی هاوسەرۆکییەت پێباشە کە ئێستا لە یەکێتیدا هەیە؟

مەلا بەختیار: تەجرووبەیەکی تازەیە، من تەئیدم نەکردووە تاوەکو بڵێم پێم باشە. پرسیشیان پێ نەکردووم.. من کاتێک هاوسەرۆکایەتیم پێ باشبوو، کە بۆ 5 کەس بێت، واتە کارگێڕییەکە لابچێت و هاوسەرۆکایەتیەکە لەجیاتی دابنرێت و وەکو قۆناخێکی ئینتقالی سەیری ئێرە بکات. من تەئیدم نەکردووە، ئەوەی تەئیدی کردووە و ئەوەی لە بەرامبەر تەئیدکردنی چ بەڵێنێکی دراوەتێ با ئەو بچێت هەڵیبسەنگێنێت.

رووداو: ئەگەر بە قسەی تۆ بکرایە، کێت پێشنیاز دەکرد بۆ ئەو 5 کەسە؟

مەلا بەختیار: ئەوکاتە کە من پێشنیازم کرد، ئەو دوو هەڤاڵە بوون بافڵ و لاهوور، کاک بەرهەم بوو، خۆم بووم لەگەڵ یەکێک لە کوڕەکانی کاک کۆسرەت یان یەکێک لە ژنەکان.

رووداو: بەڵام تۆ پێشتر گوتووتە بڕوات بە سیستەمی بنەماڵەیی نییە، بەڵام ئەوەی داتناوەتەوە جگە لە خۆت لە بنەماڵەوە نەهاتووی دیسان هەر باڵانس پاراستن بوو.

مەلا بەختیار: ئەو هاوسەرۆکایەتیە بنەماڵە نەبوو، 5 کەس دەبووین ئەو 5 کەسە دەمانتوانی رۆڵێ کارگێڕ ببینین و باشتریش لە جاران رۆڵ ببینین و لەگەڵ ئۆرگانەکانی دیکە هاوئاهەنگییەکی باش بکەین.

رووداو: بچینە سەر باس و نێوەڕۆکی کتێبەکەت، دەزانی یەکەم پرسیار کە بەرامبەر ئەو کتێبە لەلایەن لایەنگرانی نەشیروان مستەفا و زۆر لە هاوڕێکانت لە سەرکردایەتی ئەوکاتی یەکێتی و زۆر لێکۆڵەر دروست دەبێت، ئەوەیە؛ ئەو کتێبانەی نەشیروان مستەفا نووسیونی و لە کتێبی (لەبری بیرەوەری) وەڵامیان دەدەیەوە، لە ساڵانی نەوەدەکان بڵاوکراونەتەوە. بۆچی ئەوکات وەڵامی ئەو کتێبانەی نەوشیروان مستەفات نەداوەتەوە؟ ئێستا بەو شێوەیە پەلاماری نەوشیروان مستەفا دەدەیت لە کتێبەکەتدا، بۆچی واتکرد؟

مەلا بەختیار: من پەلاماری نادەم، من ئێستاش رێزی لێدەگردم لە قەبرەکەیدا. مافی خۆشیەتی و پیاوێکی گەورە بووە لە مێژووی ئێمەدا، بەڵام ئەو دەستپێشخەری کردووەو زۆر شتی نووسیوە، لە مێژووشدا کۆمەڵێک بڕیار هەیە سەبارەت بە من و هاوسەنگەر و هاوڕێکانم و سەبارەت بە ئاڵای شۆڕش و سەبارەت بە کۆنفرانسەکان. هەر من لەسەری نانووسم دەبینی لەمەودوا خەڵکێکی ئێجگار زۆر لەسەری دەنووسێت.

ئەو بڕیارانەی کەسی یەکەم لەناو کۆمەڵە کاک نەوشیراون بووە، ئەمە یەک. دووەم؛ ئەو پرسیارەی تۆ نازانم هۆکارەکەی چییە؟ نازانم کتێبی (چەپێک و کام چەپک و کام مێژووی کۆمەڵە)ت خوێندووەتەوە؟

رووداو: زۆربەی کتێبەکانم خوێندووەتەوە لە بیرەوەرییەکان.. خۆشت لە کتێبەکەتدا دیسان ئاماژەت بەو نووسراوانەی پێشوو کردووە.

گوتوومە مام جەلال تۆ هەڵەی کە هەر باسی دەستەی دامەزرێنەر دەکەی

مەلا بەختیار: ئەگەر ئەو کتێبەی منت خوێندبێتەوە، ئەوکاتە من بەر لە 8 ساڵ لە کۆمەڵێک وێستەگەدا وەڵامی کاک نەوشیروانم داوەتەوە. کتێبی (یاخیبوون لە مێژوودا) کۆمەڵێک بۆچوونم هەیە لە بۆچوونی کتێبەکانی کاک نەوشیروان ئەسڵەن یەک ناگرێتەوە. وتارەکانم لە چاودێر و کوردستانی نوێ بخوێنیتەوە، 4 ئەڵقە چاوپێکەوتنم هەیە لە تەلەڤزیۆنی NRT هەرچوار ئەڵقەکە لەو وێستگانەی کە هاتووەتە سەر ئاڵای شۆڕش و شۆڕش و قرناقەو پشت ئاشان و هاتووەتە سەر مەڵبەندی یەک. من پێچەوانەی کاک نەوشیروان قسەم کردووەو رای خۆم بە روونی گوتووە، رەخنەم گرتووە. زۆر کەس لە کۆمێنیتیش بۆم دەنووسێت و دەڵێت مام جەلال و کاک نەوشیروان مردوون بۆیە ئەو کتێبە دەنووسی.. ئێ من چی بڵێم کە تۆ خوێنەر نیت؟ ئەوانەی وایان نووسیوە.. تۆ مێژووی من نازانیت و وتارەکان و کتێبەکانی منت نەخوێندووەتەوە، دانیشتوویت لەخۆتەوە کۆمێنتێک دەنووسی.. من بەشبەحاڵی خۆم ئێستاش خۆم بە زێوانی قەبرەکەی مام جەلال دەزانم ئەگەر مەسەلەکە رێز بێت، بەڵام لە کاتێکدا کە مام جەلال زیندوو بووە وتارم نووسیوەو زۆر بە روونی وتوومە مام جەلال تۆ هەڵەی کە هەر باسی دەستەی دامەزرێنەر دەکەی، ئێمە لەناو وڵاتدا شۆڕشەکەمان کردووە دەستەی دامەزرێنەر هەر ئامادە نەبوونە بێنە ناو وڵات، تەنها مام جەلال و کاک نەوشیروان هاتوونەتە ناو وڵات. لە ساڵی یەکەم و دووەم و سێیەم و چوارەمیشدا.

بۆیە ئەو برادەرانەی کە پێیانوایە من لە دوای وەفاتی ئەو دوو جوامێرە مام جەلال و کاک نەوشیروان شتم نووسیوە، ئەمە مانای ئەوەیە کە پێشتر شتی منیان نەبینیوە.

لەوپەڕی دەسەڵات و وشیاری مام جەلال و کاک نەوشیرواندا من هەڵوێستی خۆم دەربڕیوە، رەخنەکانی خۆم گوتووەو جیاوازییەکانیش بەرامبەر بە هەردووکیان گوتووە.

رووداو: وەکو خۆت گوتت هەمیشە قەڵەمەکەم تیژە، بەڵام قەت وا بەو تیژییە قەڵەمەکەت لەسەر پەڕەکانت دانەناوە. بۆ نموونە لە پێشەکی کتێبەکەتدا سایکۆلۆژیەتی تووندوتیژی زادەی چ کلتوورێکە؟ نزیکەی 40 پەڕە شرۆڤەت کردووە، شرۆڤەی سایکۆسۆسۆلۆژیت کردووە، بەڵگەو ئارگۆمێنتی هەندێک فەیلەسووف و دەروونناسی کۆمەڵایەتیت هێناوەتەوە بۆ ئەوەی کە پێمان بڵێیت بەشێکی زۆری هەڵوێستەکانی نەوشیروان مستەفا زادەی ئەو رقە سایکۆلۆژیەیە کە مرۆڤی رۆژهەڵاتی پێی ئالوودەیە. ئایا راست ناکەم لەو قسانەمدا؟

مەلا بەختیار: نا راست دەکەی خۆ من نووسیومە.

رووداو: پێشتر کەی وات گوتووە؟

مەلا بەختیار: جیاوازی هەیە، بابەت بۆ بابەت جیاوازی هەیە. من نووسەرم، دەزانم ستوون چۆن دەنووسرێت، وتار بۆ رۆژنامە چۆن دەنووسرێت، توێژینەوە بۆ گۆڤار چۆن دەنووسرێت، وتاری تەحریزی لە تەلەڤزیۆن و ئیزگە چۆن دەنووسرێت.. ئەمانە دەزانم، بابەت دەستنیشانی رەخنەکە دەکات، من کاتی خۆی وتارم نووسیوە بە قەد وتارەکە رەخنەکانم گرتووە، بەڵام ئێستا کتێب دەنووسم لە بری بیرەوەری، 465 لاپەڕەی کتێبەکە نووسینی خۆمە، باقییەکەی دۆکیۆمێنتە. لەو 465 لاپەڕەیە دەبێت هەموو ئەو رستانەی نووسیومە تێری بکەم، بە مەنتق و زانستیانە بتوانم روونی بکەمەوە، لەبەر ئەوە لەسەری رۆیشتووم.

رووداو: ئێستا ئەگەر بە کتێبەکەتدا بچیتەوە، خەت بە هیچ رستەیەکیدا دەهێنێت بۆ ئەوەی لای ببەی؟

مەلا بەختیار: زیادی دەکەم، دڵنیابە رەخنەکانم زیاد دەکەم.

رووداو: دوای ئەم کتێبە بیرەوەری دەنووسیت؟

مەلا بەختیار: بیرەوەریش دەنووسم، بۆ بیرەوەری کەرەستەی زۆرم هەڵگرتووە.

رووداو: هەست ناکەی ئەو کتێبە دەبێتە هۆی ئەوەی نەک بە تەنها گۆڕانەکان، یەکێتییەکان و ئەوانەی مام جەلالیان خۆش دەوێت زۆر لێت توڕە ببن؟ چونکە مام جەلال بە چاوپۆشیکەر لە هەموو کەموکورتییەکانی سەرەتای دامەزراندنی یەکێتی دادەنێیت تاوەکو دەگاتە کۆنترۆڵکردن و لاوازکردن و تواندنەوەی کۆمەڵەو جیابوونەوەی بزووتنەوەی سۆسیالیست و گوێنەدانە خودی خۆت و هاوڕێکانت و تەنانەت گرتنیشت. بە راشکاوی ئەمە سەرەتای رێگەیەکی سیاسی تۆ نییە؟

یەکێتی گەورەترین زەرەری کرد کە کۆمەڵەی هەڵوەشاندەوە

مەلا بەختیار: نا، من لەسەر گرتنەکە هەڵوێستی مام جەلالم بەجوانی هەڵسەنگاندووە. مام جەلال نەبووایە تاوانەکە گەورەتر دەبوو، ئەمە با زۆر روونبێت لە کتێبەکەش نووسیومە، بەڵام ئایا هەڵوەشانەوەی کۆمەڵە، کە مام جەلال لە وڵاتیش نەبووە بڕیارەکە دراوە، ئەگەر مام جەلال رازی بووە کارێکی دروستبوو یەکێتی ئێستا دوو باڵ بووایە سێ باڵ بووایە باشبوو یان زیاتر لە 15 ساڵە ئێمە لە کێشەی تەکەتولداین.. هەر ئێستا نییە ئاخر ئێمە هەموو عەیب و عارەکان بە چوارەمین کۆنگرە هەڵنەواسین. بۆ 16 ساڵ دەچێت ئێمە لەناو تەکەتولداین، هەر تەکەتولێک مینبەری خۆی هەبووایە، کۆمەڵە هەبووایە، شۆڕشگێڕان هەبووایە، وردە وردە یەکێتی ببووایە بە بەرەیەکی کوردستانی فراوان باشتر نەبوو لەوەی کە هەیە؟ بۆ ئاگاداریت یەکێتی گەورەترین زەرەری کرد کە کۆمەڵەی هەڵوەشاندەوە..

رووداو: بەڵام کە زەمینەی واقیعی نەبووایە بە بان بڕیار بە قەراری فەوقی هەڵدەوەشایەوە؟ لە کاتێکدا کە مام جەلال و سکرتێری کۆمەڵە کە کاک نەوشیروان بووە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی بوون.

مەلا بەختیار: تۆ بەمن بڵێ بۆ لە ئەنفالدا هەموو حیزبە بچووک و گەورەکان هەڵنەوەشانەوە بۆ کۆمەڵەیان هەڵوەشاندەوە؟ پارتی بۆ هەڵنەوەشایەوە، حیزبی گەل بۆ هەڵنەوەشایەوە، شیوعی بۆ هەڵنەوەشایەوە، پاسۆک بۆ هەڵنەوەشایەوە، سۆشیالیست بۆ هەڵنەوەشایەوە، ئاڵای شۆڕش بۆ هەڵنەوەشایەوە، بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ هەڵنەوەشایەوە؟

رووداو: دەزانی لە کتێبەکەتدا ئەو پرسیارەت نەکردووە تاوەکو وەڵامەکەی بزانم.

مەلا بەختیار: پێویستیم بەوە نەبووە ئەو پرسیارە بکەم.

رووداو: وەڵامەکەی چییە؟ بۆ ئەو حیزبانە هەڵنەوەشانەوە بۆ کۆمەڵە هەڵوەشایەوە؟

مەلا بەختیار: من پێموابێت هەڵوەشانەوەی کۆمەڵە دەمێک بوو ئیشی بۆ دەکرا، لە کتێبەکەشدا ئاماژەم پێداوە.

رووداو: لەلایەن کێوە؟

کەسی یەکەم کە بەرپرسە لە هەڵوەشانەوەی کۆمەڵە کاک نەوشیروانە

مەلا بەختیار: لەلایەن هەموو ئەوانەی دەیانویست کۆمەڵە هەڵوەشێننەوە، کەسی یەکەمیش کە بەرپرسە لە هەڵوەشانەوەی کۆمەڵە کاک نەوشیروانە، لەگەڵ هەموو سەرکردایەتی کۆمەڵە کە رازیبوون بە هەڵوەشانەوەی کۆمەڵە و بەرپرسیاریێتی هەڵوەشانەوەی کۆمەڵە هەڵدەگرن. پێش مام جەلال پێش هەموو کەسێک سەکردایەتی کۆمەڵەو کاک نەوشیروان بەرپرسیاریێتیەکەی هەڵدەگرن. کاک نەوشیروان خۆی لە گۆڤاری گوڵان دان بەوەدا دەنێت کە هەڵەمان کردووە کە کۆمەڵەمان هەڵوەشاندەوە. ئەوە گۆڤاری گوڵان بچن بیخوێننەوە. لەبەر ئەوە هەلومەرجی خراپ نابێت ببێت بە پاساو.

رووداو: هەڵوەشانەوەی کۆمەڵە لە بەرژەوەندی کێ بوو؟

مەلا بەختیار: لە بەرژەوەندی یەکێتی بوو بە شێوەیەکی گشتی، بەڵام لە بەرژەوەندی یەکێتی نەبوو وەکو فەلسەفەی یەکێتی. یەکێتی لەسەر بنچینەی فەلسەفەی نیمچە بەرە دامەزرا، کە خەبات بکەین ئەم نیمچە بەرەیە پەرە پێبدەین بەرەو بەرەی کوردستانی. ئەمە فەلسەفەی یەکێتییە.. بچن نامیلکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بخوێننەوە، هەموو ئەدەبیاتی یەکێتی لە رۆژنامەکانی یەکێتی بخوێننەوە، هەموو ئەدەبیاتی کۆمەڵەش بخوێننەوە.

رووداو: هەڵوەشانەوەی کۆمەڵە لەوکاتدا لەسەر ئاستی کەسی لە بەرژەوەندی کێ بوو؟

مەلا بەختیار: کەسایەتی یەکەمی یەکێتی مام جەلال بوو. مام جەلال کۆمەڵێک لە کێشەکانی ناو کۆمەڵەو نێوانی کۆمەڵەو شۆڕشگێڕانی بەلانرابووین، یەکێتی کەوتەوە بەر دەستی بووە سکرتێری گشتی یەکێتی دوور لە ململانێی باڵەکانی ناو یەکێتی.

رووداو: ئەگەر لە بەرژەوەندی مام جەلال بوو، کاک نەوشیروان بۆ ئەوها پەرۆشبوو لەسەر هەڵوەشانەوەی کۆمەڵە؟

کاک نەوشیروان هەڵە ستراتیژیەکەی کرد

مەلا بەختیار: ئاخر کێشەکەمان ئەوەیە کاک نەوشیروان هەڵە ستراتیجیەکەی کردووە، گفتوگۆیەکەشمان لە کتێبەکە لەسەر ئەوەیە. خۆ مام جەلال نەهاتووە بە کۆمەڵە بڵێت هەڵوەشێنەوە.. کۆمەڵە خۆی خۆی هەڵوەشاندووەتەوە.

رووداو: مام جەلال بەس وەبەرهێنانی تێدا کردووە؟

مەلا بەختیار: تۆ هەڵیوەشێنیەوە مام جەلال قبووڵی ناکات؟ لەسەر سینیەکی سەوز چوویت کۆمەڵەت هەڵوەشاندووەتەوەو ناهێڵیت ئەو حیزبە بمێنێ و تۆش وەرە ببە بە سکرتێر و فەرماندەی گشتی و چی ئەمر دەکەی قبووڵمانە. . مام جەلال بۆ قبووڵی ناکات؟

رووداو: ئەمانەت بە مام جەلال گوتووە؟

مەلا بەختیار: لە راستیدا ئەو گفتوگۆیە لەنێوانماندا لەسەر کۆمەڵە بەم وردیە نەهاتووەتە پێشەوە، بەڵام کاتی خۆی دوو بۆ سێجار ئەو مەسەلەیەمان هێناوەتەوە پێشەوە لەسەر هەڵوەشانەوەی کۆمەڵە، ئەویش وایدەگوت کۆمەڵە خۆیان بڕیاریانداوە کۆمەڵە هەڵوەشێننەوە. واتە زۆر نەدەچووە نێو وردەکارییەکەی و باسی کەسەکانیشی نەدەکرد بۆ ویژدان، دەیگوت خۆیان بڕیاریانداوە هەڵیوەشێننەوە.

رووداو: کۆتایی پرسیارەکەمت بە هەند وەرنەگرت، گوتم هەرگیز وا بە راشکاوی قسەت نەکردووە، رەنگە یەکێتییەکان و هەڤاڵەکانت لە یەکێتی لە تۆ توڕە بکات، ناشڵێم نیگەران، بەڵکو توڕە. چونکە ئەوانەی کە کتێبەکە دەخوێننەوە دواتر دەزانن بۆچی وادەڵێم. پرسیم ئەوە سەرەتای رێگایەکی نوێی سیاسی تۆ نییە؟

گۆڕان کە جیابووەتەوە 80٪ لەناو بەرپرسەکاندا دژی من قسەیان کردووە

مەلا بەختیار: من قۆناخەکە سەرپا جیاواز دەبینم لەو قۆناخانەی رابردوو. ئەم قۆناخە قۆناخی سۆشیال میدیاو شەفافیەت و راستگۆیانەو راشکاوانە قسەکردنە. من بۆیە دواکەوتم لە نووسین چونکە نەمدەویست شتێک بنووسم کەل بێت و پڕبێت لە کەموکوڕیی، بەڵام ئێستا هەلومەرجەکە لەبارتر دەبینم، گوێگرتن لەبارتر دەبینم.. کاردانەوەکەش چی دەبێت با ببێت. هیچ کێشەم نییە، من لەو کەسانە نیم لە رەخنە و کاردانەوە بترسم. گۆڕان کە جیابووەتەوە 80٪ لەناو بەرپرسەکاندا دژی من قسەیان کردووە.. کۆڵم نەداوەو لە کاتی کۆبوونەوە بە ئسوڵیش قسەمان کردووە، ئەرکم چیبووە بەرامبەریان جێبەجێم کردووە. گوێم نەداوەتە ئەوەی رەخنە دەگرن.

هاوپەیمانی کاک بەرهەم جیابووتەوە، تەنها من لە بەرامبەری قسەمکردووە، بە مەترسی و بزووتنەوەیەکی پۆپپلیستی مەترسیدارم بۆ سەنگی یەکێتی زانیوە. گوێشم نەداوەتە ئەوەی چی دەڵێن و چی ناڵێن.

رووداو: بە ئێستاشەوە؟

مەلا بەختیار: ئێستاش گوێی نادەمێ، من خۆم کەم بەرپرسیاریێتیم هەبێت لەناو حیزبەکەم، بەرپرسی حیزبەکە ئەوە نییە چەند ئۆتۆمبێل و پاسەوانی هەیە و مانگانە چەند دۆلار وەردەگرێت؟ چەند گومرگی هەیە؟ بەرپرسیارێتی بەرگریکردنە لە حیزبەکەت لە کاتی ناخۆشی و ململانێدا. من هەمیشە لە دەرەوەی یەکێتی ململانێم بۆ یەکێتی کردووە. لە ساڵی 9319وە کە یەکمان گرتەوە لەگەڵ یەکێتی کەمترین ململانێم لەناو یەکێتیدا کردووە و زۆرترین ململانێشم لەگەڵ نەیارەکانی یەکێتیدا کردووە.

ئەوەی دەیەوێت بنووسێت لەسەر کتێبەکە با بینووسێت. بەڵام نووسین تا نووسین هەیە زۆر موبتەزەلە، ئێستاش دەبیستمەوە لە فەیسبووک و کۆمێنت و ئەوانە، بەڕاستی زۆر موبتەزەل دەنووسن پیاو شەرم دەکات لەناو میللەتەکەی ئێمە کۆمەڵێک قەڵەمی تێدایە ئەوەندە ناشرین دەنووسن.

رووداو: ئەمانە تۆ بەڕێوە نابەن؟ کاریگەریان لەسەر تۆ نییە؟

ئەوەی بیەوێت بوختانم بۆ دروستبکات هەرچی لەو کتێبەش نەمگوتووە دوایی دەیڵێم

مەلا بەختیار: هەرگیز، وەڵڵاهی مێش میوانم نابێت. بەڵام ئەگەر هەبێت بیەوێت بوختانم بۆ دروستبکات، بوختان لە مێژوودا، بوختانی کەسیم بۆ دروست بکات لە مێژوودا، دڵنیابە ئەوەی لەو کتێبەش نەمگوتووە دوایی دەیڵێم. چ لەسەر کەسەکان چ لەسەر کۆی سیاسەتی یەکێتی، ئەوەی نەمگوتووە دەیڵێم. زۆر شت هەیە نەمگوتووە چ لەسەر کەسەکان و چ لەسەر سیاسەتی یەکێتی.

رووداو: لەسەر ئەوانەی لە ژیان نەماون، هیچ شتێکت پەردەپۆش کردووە؟

مەلا بەختیار: بەڵێ.

رووداو: ئەی لەسەر ئەوانەی لە ژیاندا ماون؟

مەلا بەختیار: لەسەر ئەوانەی لە ژیاندا ماون هێشتا زۆرم ماوە بیڵێم.

رووداو: بەڵگەو دۆکیۆمێنتت هەبووە و رەحمیشت پێکردبن و نەتدرکاندبێت؟

مەلا بەختیار: هەندێک بەڵێ.

رووداو: زۆرێک لەو رەخنانەی لێت دەگیرێت لەسەر ئەوەیە، دەوترێت نەوشیروان مستەفا، کە مام جەلال هێشتا لە ژیاندا مابوو زۆر لە رەخنەکانی خۆی لەسەر یەکێتی و خودی مام جەلال گوت و نووسیشی. بۆچی تۆ ئەو رەخنانەت لەشێوەی بەڕێوەبردنی ئەدای مام جەلال لە بەڕێوەبردنی کارەکانی یەکێتی. با بەتایبەتی لەسەر مام جەلال بپرسم، بۆچی خستتە دوای کۆچی دوایی ئەو؟

بە مام جەلالم گوت نامەوێت وەک کاسترۆ و جەمال عەبدولناسر بڕۆیتە مێژوو

مەلا بەختیار: مام جەلال و کاک نەوشیراون لە دنیادا مابوون، کەسی یەکەم و دووەمی یەکێتی بوون، ئێمە ئاڵای شۆڕشمان دروستکردەوە، لە دانوستاندنی 1984ـەوە هەڵوێستمان لێوەرگرتوون. رەخنەمان هەبووە، سیاسەتی جیاواز و ئایدیۆلۆجیەتی جیاوازمان دەربڕیوە. لەدوای یەکگرتنیشمان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان زۆر بە رۆشنی من قسەی خۆم کردووەو چ لەو وتارانەی لە کوردستانی نوێ نووسیومە، چ ئەوەی لە چاودێر نووسیومە.

لە وتارەکە بە مام جەلالم گوتووە فریای یەکێتی بکەوە، نامەوێت تۆ وەکو کاسترۆ و جەمال عەبدولناسڕ بڕۆیتە مێژوو. دەمەوێت بە بونیادنەری دیموکراسی و حیزبی زۆر زیندوو بمێنیت لە مێژوودا.

رووداو: بەڵام رەخنەی بونیادیت لە پێکهاتەی یەکێتی لە سەرەتاوە تاوەکو ئێستا نەگرتووە؟

مەلا بەختیار: لە پێکهاتەی یەکێتیشم گرتووە، بە روونی بە یەکێتیم گوتووە، گەندەڵی گەیشتووەتە بینەقاقا، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان تاوان هەیە لە ناوچەی ئێمە، مەرجەعیەت نەماوە لە ناوچەی ئێمە، مەرکەزیەت نەماوە لە ناوچەی ئێمە، کەسوکاری شەهیدان لێمان ناڕازین، گوتوومە فەردە دۆلارەکانی ژێرزەمینتان دەرکەن و دابەشی بکەن. گوتوومە کەم بدزن کەمێک یارمەتی ئەو بەشمەینەت و بەدبەختانە بدەن. گوتوومە لە نەوتەوە بۆ جەوت دەدزن، هەموو ئەو دەستەواژانە قسەی منن، ئەمانە کێن کە دەڵێن تۆ هیچت نەگوتووەو تازە قسە دەکەی؟

رووداو: فەردە دۆلارەکان بوونە سلۆگانی سەر دەمی خەڵک، پێتوایە ئەو فەردە دۆلارانە ئێستاش لەو قەیرانە هەر دەرنەهاتن؟

مەلا بەختیار: ئێستا نازانم، بەڵام ئەوسا دەمزانی فەردە دۆلار لە ژێرزەمیندا هەیە.

رووداو: هەر دەرنەهاتن؟

مەلا بەختیار: نازانم، زانیاریم نییە.

رووداو: جەنابت لە کتێبی “لەبری بیرەوەری”دا هەموو مێژووی یەکێتی دەخەیە ژێر گومانەوە. دەڵێی یەکێتی درێژکراوەی باڵی جەلالی و درێژکراوەی یەکەمین جیابوونەوە بوو لە شۆڕش لەلایەن مام جەلال و مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدەوە، دەڵێی دەستەی دامەزرێنەر هەر بەناو دەستەی دامەزرێنەربوو تەنیا دووانیان مام جەلال و نەوشیروان مستەفا هاتنەوە کوردستان، دەڵێی ئەوانەی دامەزرێنەری راستەقینەبوون کاری راستەقینەی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشیان کرد بە دەستەی دامەزرێنەر دانەنران. خۆت ئاماژەی پێدەدەی لە زمانی خەڵکانی دیکەوە بە راستەوخۆ دەڵێی مۆدێلی یەکێتی مۆدێلی نا سەرکەوتووی بەرەی میللی فەلەستینی بوو، یەکێتی دواییش نەبووە بەرەیەکی کوردستانی بەڵکو بووە حیزب. ئەو گومان دروستکردنە بەهۆی دۆخی هەڵوێست وەرگرتنی خۆتەوەیە ئەگەر ئێستا لە پلەو پۆستێکدا بووی کە هەستت کردبوو شایستەی خۆتە. ئەو گومانە چەند ساڵەیەت ئێستا دەردەبڕی یان هەر وەک سەر وتارەکەی چاودێر دەریشت ببڕیبایە بە هێمنی دەتگوت؟

مەلا بەختیار: ساڵی 1981 وتارم نووسیوە، کە یەکێتی بەداخەوە وەکو نیمچە بەرە نەبوو بە بەرە، بە داخەوە کۆمەڵە نەبوو بە حیزبی پێشڕەو، بەداخەوە هێزی پێشمەرگەی ئێمە نەبوو بە لەشکری گەل، وتارەکەم لە کتێبەکەم چاپکردووەتەوە. تەنانەت مام جەلال بە ئامادەبوونی کاک فەرەیدوون کاک حەمە تۆفیق گوتی مەلا بەختیار کاتی ئەو وتارەی تۆیە؟ بۆ وجودی یەکێتی دەخەیتە ژێر پرسیارەوە؟ من باسی ساڵی 1981 دەکەم.

من نەمگوتووە یەکێتی درێژەی جەلالی و مەلاییە، بەڵکو گوتوومە ئاسەواری جەلالی و مەلایی لەو شۆڕشەی ئێمەش ماوە، چ لەناو یەکێتی چ لەناو پارتی.

رووداو: تاوەکو هەنووکەش؟

مەلا بەختیار: بەڵێ، تاوەکو هەنووکەش.

رووداو: ئێوە رۆژگارێکی زۆر بۆ نموونە رەخنەتان لە پارتی هەبوو، ئێستا لە چیدا لە پارتی دەچن؟ لە چیدا جیان؟

ئێمە و پارتی بەردەوام دوو قوتابخانەی جیا بووین

مەلا بەختیار: بەردەوام ئێمە دوو قوتابخانەی جیا بووینە و ئێستاش جیاوازین. ئایدیۆلۆجیەتمان جیاوازە، سۆشیال دیموکراتین، ئێمە چەپترین، ئێمە لە دوای 1975 بەڕاستی سیاسەتی هەرەسپێهێنانی شۆڕشی ئەیلوولمان رەتکردووەتەوە و هاتووینەتە مەیدان، فرەییمان هێناوەتە کوردستان، ئێستاش کە دەڵێم پەیوەندی یەکێتی و پارتی چارەنووسسازە، بەڵام لەسەر ئەساسی یەکێتی و ناکۆکی نەک لەسەر ئەساسی توانەوەو نەهێشتنەوەی هەموو ناکۆکییەکانمان. رێککەوتن لە نێوانی ئێمەو پارتی لەسەر مەسەلە سیاسییە هاوبەشەکان، ناکۆکیش لەسەر ئایدیۆلۆجیەتی جیاواز، چۆنیەتی خزمەتکردنی خەڵک، چۆنیەتی پێشکەشکردنی پرۆژەکان، لەسەر خەباتی مەدەنی و مافی ژنان و لەسەر خەباتی چینایەتی لەسەر ئەمانە ئێمە ناکۆکین لەگەڵ پارتی.

رووداو: ئێوە یان تۆ، چونکە ئەم مەسەلە فکری و فەلسەفیانە خۆت رەخنە لە یەکێتی دەگریت و دەڵێی یەکێتی ئێستا لە مەسەلەی روانگەو ستراتیژ و فەلسەفەییەکەی دوورکەوتووەتەوە، کوا ئەو جەدەلانە؟

مەلا بەختیار: لە بنچینەدا ئەوە یەکێتییە کە من دەیڵێم، ئەوەی ئەو فەلسەفەیەی یەکێتی کاڵ بکاتەوە خزمەتی پارتی دەکات. ئەوەی ململانێ لەسەر خەباتە چینایەتی و کۆمەڵایەتییەکە، مافی ژنان و هەموو ئەو چەمکانەی لەسەر مەدەنیەت و سیکۆلاریزم ململانێ لەگەڵ پارتی نەکات لەنێو یەکێتی، لەگەڵ هەموو حیزبەکانی نەیکات یەکێتی کاڵ دەکاتەوە.

جیاوازییەکانی یەکێتی لەگەڵ پارتی کە کاڵ بووەوە، جیاوازییەکانی یەکێتی لەگەڵ حیزبەکانی دیکە کە کاڵ بووەوە، ئەوکاتە کاریگەرییەکانی یەکێتیش لەناو جەماوەر کەم دەبێتەوە.

رووداو: باشە بۆ نموونە مەسەلەی سیکۆلاریزم و بەرگریکردن لە مافی ژن تاپۆ دەکەی لەسەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان؟ من چاوپێکەوتن لەگەڵ یەکێتییەک دەکەم دەبم بە پارتی، لەگەڵ پارتییەک دەبم بە یەکێتی، بەڵام تۆ لەو کتێبەی خۆتدا باسی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەکەی کە کچ و کوڕێکی عاشق کە هانایان بۆ شۆڕشەکەی ئێوەو ناوچەی ئازاد هێناوە، رادەستتان کردووەتەوە بە عەشیرەتەکەی و کوشتوویانن. ئەم جیاوازیانەی تۆ باسی دەکەی کوا؟

لە شۆڕشی ئەیلوول دەیان ژن کوژراون

مەلا بەختیار: لە شۆڕشی ئەیلوول دەیان ژن کوژراون، لەسەر نامووس، لەسەر ئەمە… کوا مارگرێت؟ کوا ئەوە و کوا ئەوە؟.. یەکێتیش ئەو هەموو هەڵانەی کردووە، بەڵام پرەنسیپی یەکێتی، پرەنسیپی یەکسانی ژن و پیاوە، من قسە لەسەر پرەنسیپ دەکەم. قورئان پیرۆزە بەڵام سەیری دەسەڵاتەکانی ئیسلام بکە لە مێژوودا، عەباسییەکان، ئومەوییەکان، سەفەوییەکان، قرمەتییەکان… تاد، هەمووی تاوانە، بەڵام ئەمە لە پیرۆزی دیانەتەکە کەمناکاتەوە.

رووداو: بەڵام پێشووتر جۆرێکی دیکە لەسەر ئەو مەسەلانە قسەت کردووە، لە هەندێک کۆڕ و سمینارتدا، پێتوابوو ئەمە جۆرێک لە بیانوو هێنانەوەی نالۆژیکییە کە هەر کەسێک بە شەریعەت حکوم دەکات لە ناوچەیەکی دیاریکراو…

مەلا بەختیار: باسی شەریعەت ناکەم، باسی قورئانم کرد. ئێستا باسی شەریعەتم نەکرد، باسی چۆنیەتی دەسەڵات بەڕێوەبردنی ئیسلام ناکەم. من لەسەر دەسەڵاتەکانی ئیسلام بە درێژایی مێژوو رەخنەم هەیە.

رووداو: یەکێتی هەمیشە شانازی بەوە کردووە کە ناوچەکانی دەسەڵاتی شوێنی بیرورای ئازاد و فرەیی سیاسی بوون، کەچی تۆ لە کتێبی “لە بری بیرەوەری”دا بە رووداوەکانی تیرۆرکردنی کادرەکانی شۆڕشی ئەیلوول لەناو سلێمانیدا، لە دروستکردنی کەشێکی نەگونجاوی رادەربڕین و دروستکردنی ناوو ناتۆرە دژی ئەوانەی بیرورایەکی جیاوازیان دەربڕیوە ناوی دێنی. وەک نموونەی وتارەکەت بەناوی باوکی ئاوارەو کۆنفرانسەکانی کۆمەڵەو سەرئەنجام هێرشکردنە سەرتان بە هێزێکی 300 پێشمەرگەیی و گرتن و ئەشکەنجەدانتان لە زیندانەکان و وتنی ئەوەی “لە بری بیرەوەری”دا کە هیچ گرووپێکی سیاسی چەکدار فرەیی راستەقینە لە ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەسەڵاتیاندا ناداتە ئەوانی دیکە. تۆ بەوە هەموو ئەو وتارە یەکێتی دەخەیە ژێر رەخنەیەکی زۆر دوورودرێژی مێژووییەوە. لەو بڕوایەدایت ئەوەت هەروا بەبێ رەخنەلێگرتنێکی تووند بەسەردا تێدەپەڕێت؟

هەتا دەمرم یان یەکێتی دەبم یان بێلایەن دەبم

مەلا بەختیار: هەر ئەو قسەیە دەلیلی ئەوەیە کە من هەڵوێستم هەبووە. پارتییەکان لە سلێمانی کوژراون، ئێمە لە کۆمەڵە من و کاک سالار بە تووندی دژی بووین، مام جەلالیش لە ئێمە تووندتر دژی بوو، من لەوێش گوتوومە مام جەلال گوتوویەتی لەسەر کوشتنی پارتییەکان بەردەوامبن بەیاننامە دەردەکەم. لە کتێبەکەشمدا ئەمەم نووسیوە. ئەمەش بەشێکە لە هەڵوێستەکانی من بە درێژایی مێژووی یەکێتی، کە من بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ کوشتنی نووری حەمەعەلی، عەبدولی حەمە سۆران و ئەمانە نەبووم. لەلایەکی دیکەوە چەند کەسم هێناوەتەوە، من ئەمە بەرتیل نادەم بە کەس، هەتا دەمرم یان یەکێتی دەبم یان بێلایەن دەبم، بەرتیل بە هیچ لایەک نادەم. پیاوی گەورە هاتووە بۆلای من، ئەوکاتە لە شەڕی گەرمدابووین لەگەڵ پارتی، خۆم سەرکردایەتی شەڕەکانم کردووە دژی پارتی، مەحموودی عەزیز بەگ هاتووە بۆلام، پیاوێکی زۆر بەڕێز بووە ویستوویانە بیکوژن من نەمهێشتووە بیکوژن. عەلی خڕە هاتووە بۆلام ئامر بەتالۆیۆن بووە لەلای پارتی، من نەمهێشتووە ئەمانە بکوژن. شایەتم هەیە لەسە ئەمانەو لە کتێبەکەش ناوی شایەتەکانم نووسیوە.

تۆ باسی جیاوازی دەکەی، ئەمەیە جیاوازی ئەخلاقی ئێمە مانانی چەپ لەناو کۆمەڵە، کە وردە وردە باڵێکی راستڕەو لەناو کۆمەڵە زاڵ دەبێت.

رووداو: نوێنەری راستەقینەی ئەو باڵە راستڕەوەی ناو کۆمەڵە کێ بوو؟

مەلا بەختیار: نووسیومە ئەو باڵە راستڕەوە کاک نەوشیروان و فەرەیدوون و ئەوانەن.

رووداو: بەڵام هەست ناکەی جۆرێک لە ئیجحافی تێدا نییە بە حەقی ئەوانەی کە کۆی ناشرینییەکانی ناو شۆڕش تاپۆ دەکەی لەسەر خودی نەوشیروان مستەفاو هەڤاڵەکانی کە بە درێژایی ئەو مێژووە دوورو درێژە دژی تۆبوون؟ بەڵام جوانییەکان یان لانیکەم خودی جەنابی مام جەلال تەبریئە دەکەی لە زۆرێک لە رووداوەکان؟ بۆخۆت دەزانی مام جەلال کەسێکی بێئاگا نەبووە لە پرۆسەی سیاسیدا و ئاگای لە حیزبەکەی خۆی بووە. بەڵام لە هەندێک لە رووداوەکان وا دەریدەخەی یان ئاگای لێنەبووە یان کاری تێکراوە؟

من پێشنیازم کرد کاک نەوشیروان ببێتە سکرتێری کۆمەڵە

مەلا بەختیار: نا، من ئیجحافم نەکردووە، لە زۆر شوێن گوتوومە کاک نەوشیروان لە هەموومان بە قابیلیەتتربووە. من پێشنیارم کردووە کاک نەوشیروان ببێت بە سکرتێری کۆمەڵە پێش ئەوەی کەس ئەو پێشنیارە بکات. باسمکردووە کە لە دووەمین کۆنفرانسی کۆمەڵە دەنگم پێداوە، فیتنەچی چوونەتە لای کاک نەوشیروان و گوتوویانە دەنگیان پێنەداوی، لە پشتی کارتەکە واژۆم کردبوو مام جەلال بێتاقەت ببوو دەیگوت چۆن دەنگت نەداوە بە کاکە نەوە؟ منیش گوتم مام جەلال کارتی دەنگدانەکان بێنەو سەیری بکە لە پشتەوە واژۆم کردووە، کە هێنایان کابرایان هێناو رەزیلیان کرد ئێستاش ماوە پێم خۆش نییە ناوی بهێنم.

کاک نەوشیروان لەدوای کۆنفرانسی یەک بووە کەسێک کە خەڵکی تەسفیە دەکرد

من گوتوومە لە زۆر وێستگە لە کاک نەوشیروان فێربووین، بەڵام کاک نەوشیروان لە کۆنفرانسی یەک بەدواوە، لە مێژووی ئێمە کاک نەوشیروانێکی دیکە دەخوێنمەوە. لە دووەمین کۆنفرانس بەدواوە کاک نەوشیروانێکی دیکە دەبینمەوە، کەسێک دەبینم کە خەڵک تەسفیە دەکات، کە سێک دەبینم کە خەڵک دەردەکات، کەسێک دەبینم کە وەکو پێویست رێزی هاوڕێکانی ناگرێت.

رووداو: تەسفیەی فیزیکی یان فیکری و دوورخستنەوە؟

مەلا بەختیار: لە مێژووی ئێمە هەردووکی هەیە، وریا بۆچی دەکوژرێت؟ لەسەر چی؟ لەسەر نامەیەک لەلایەتی نایدات دەیکوژن، بەبێ دادگاییکردن و هیچ شتێک. ئەمە لە کوێ هەیەو بەچی دادەپۆشرێ؟ بە سۆز دادەپۆشرێ؟ یان بە رق دادەپۆشرێت؟ بەچی دادەپۆشرێت کابرایەک دەبەی و لەتوپەتی دەکەی؟ لەسەر ئەوەی خەڵکت پێ کوشتووە. دەڵێ نامەکە نادەم.. خەڵکی دیکە، 14 ئەندامی ئاڵای شۆڕشم هێناوە هەموویان کوشتووە، 3 کەسی خانەقینیان کوشتووە هەر لەبەر ئەوەی مەلا بەختیاریان خۆشویستووە کوشتوویانە.. هەرسێکیم بە وێنەوە بڵاوکردووەتەوە.

رووداو: بەڵام رەنگە ئێستا خەڵکانێک بڵێن کە هەڤاڵەکانتیان کوشتووە لەبەر ئەوەی تۆیان خۆشویستووە، بەڵام خۆتیان گرت بۆ نەیانکوشتی؟

مەلا بەختیار: مام جەلال نەیهێشت، شۆڕشگێڕان و مام جەلال نەیانهێشت.

شۆڕشگێڕان و مام جەلال نەیانهێشت بمکوژن

رووداو: چۆن پاداشتی مام جەلالت داوەتەوە؟

مەلا بەختیار: زۆرم پاداشتی مام جەلال داوەتەوە، ئەو پەیوەندییەی من و مام جەلال باشترین پاداشت بوو، خۆی دەزانی من چی بووم بۆ مام جەلال لە دوای راپەڕینەوە.

رووداو: ئەمە ئەنانیەت نییە هەڤاڵەکانت لەسەر تۆ و فکرە و بیروڕاکانی تۆ کوژراون، لەسەر دەستی حیزبێک کە مام جەلال و کاک نەوشیروان رابەرو سەرکردەین لەبەر ئەوەی لەگەڵ خۆت باشبوون، دەست دەکەی بە پاکانەو پاداشت دانەوە.

لە مێژووی بزووتنەوەی کوردی هەرگیز بەقەد جەلالی و مەلایی لە یەکیان نەکوشتووە

مەلا بەختیار: لە مێژووی بزووتنەوەی کوردی هەرگیز بەقەد جەلالی و مەلایی لە یەکیان نەکوشتووە، تراجیدیا بوو. لەگەڵ ئەوەشدا مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدو مام جەلال و کاک عەلی عەسکەری ئەو پیاوە گەورانە هەموویان ساڵانە دەچوون بۆ لای مەلا مستەفا ئاشتیش بوونەوەو داشنیشتن. حیزبی گەل و پارتی زۆریان بەیەک گوت و ئاشتبوونەوە، سۆشیالیست و یەکێتی زۆرمان لە یەک کوشت ئاشتبووینەوە. من بەش بە حاڵی خۆم ساڵی 92 و 93 پێداچوونەوەیەک هەیە بە سیستەمی ئایدیۆلۆجی مندا. لە نێوانی یەکێتی و پارتی من دەبووایە سەنگەرێک هەڵبژێرم، دەستم ناوە سەر برینەکانی خۆم و ئازاری قەتماخەکانی خۆم داوە کە بووم بە یەکێتی. وەنەبێت بۆ هیچ بەرژەوەندییەک بووم بە یەکێتی. ئێستاش منەتی هیچ یەکێتییەک نازانم یەک گەندەڵی لەسەر من بڵاو بکەنەوە. من یەکێتیم وەکو پرەنسیپ، مێژووی هاوبەش، رێزێکی زۆریشم بۆ مام جەلال هەبووە، تەنانەت کە ئاڵای شۆڕش بووم رێزم بۆ مام جەلال هەبووە، هەموو خەڵک ئەو راستیە دەزانێت.

کاک مەسعود وەرەقەیەکی سپی ناردبوو گوتبووی مەلا بەختیار چی دەنووسێت من ئامادەم، بەس لەگەڵ یەکێتی رێکنەکەوێت

من ئێستا بۆیەکەمجار قسەیەک دەکەم، ساڵی 1993 گفتوگۆ بۆ ئاڵای شۆڕش لەگەڵ یەکێتی دەهاتە پێشەوە، ئەوکاتە یەکێتی و پارتی زۆر ناکۆک بوون و لە لێواری شەڕدابوون. ئەمە بۆ مێژوو دەڵێم بۆ ئەوەی ئەوانەی موزایەدە دەکەن باش لە دنیای سیاسەت و دنیای پرەنسیپ تێبگەن. جەنابی کاک مەسعود، کەمال قەرەداغی و بەکری زراعی نارد بۆلام، ئەوکات پارتی بوون ئێستا هەردووکیان یەکێتین. وەرەقەیەکی سپی ناردبوو گوتبووی بە ئارەزووی خۆی مەلا بەختیار بنووسێت، چی دەنووسێت من ئامادەم بەس لەگەڵ یەکێتی رێک نەکەوێت. منیش وەڵامم دایەوە گوتم کەمال و بەکر ئەوانە هەردووکیان ئاڵای شۆڕش بوون لەگەڵ من ئەوکاتە چووبوونە ناو پارتی، گوتم کەمال و بەکر بچن عەرزی کاک مەسعود بکەن من قەت ئەوەم لەبیر ناچێتەوە ئەوەشم لەبیر ناچێتەوە کە لە زێوێ خزمەتی ئاڵای شۆڕشیان کردووە، بەڵام سەنگەری من سەنگەری یەکێتییە من ناتوانم لەناو پارتی هیچ خزمەتی کورد بکەم، چونکە ئایدیۆلۆجیەتم ناگونجێت لەگەڵیان، سەنگەری من سەنگەری یەکێتییە دەچمەوە ناو مێژووەکەی خۆم، پێ لە برینەکانی خۆم دەنێم. من ئاوا یەکێتیم قبووڵ بووە، جگە لەوەی ئەوکاتە بزووتنەوەی چەپ هەمووی کەوتبووە ژێر پرسیارەوە. ئێستاش خۆم بە چەپ دەزانم، بەڵام چەپی ئاڵای شۆڕش نیم. چەپێکی دیموکراتم، مەدەنیم، سیکۆلارم، ئێستا چەپێکی رۆشنگەر و دادپەروەرم. یەکێتیم لەسەر ئەو بنچینەیە قبووڵ بووە.

ساڵی 1995 یەکێتی و پارتی و بزووتنەوەی ئیسلامی کۆمەڵێک دیلیان کوشت، رێکخراوی مافی مرۆڤ لە دنیا لە راپۆرتی ساڵی 1995یاندا هەرسێ حیزبەکە بە دیلکوژ دەباتە نێو مێژوو. لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی لە هەولێر گوتم مام جەلال من باوەڕم بە دیلکوشتن نییە چ گوناهێکم هەیە محەممەد حەلاق لە بازگە بە دیلی دەکوژن؟ من چ گوناهێکم هەیە کە باوەڕم بەو رەفتارە نییە؟ جیاوازیمان هەبووە، رەخنەم هەبووە، بەڵام سەنگەری مێژوویی من سەنگەری یەکێتییە.

رووداو: بەڵام خۆ ئەمە شتێکی نوێ نەبووە لەدوای راپەڕین وا پێی شۆک بووی، خۆت باسی چەندین کەس دەکەیت، باسی ئەوە دەکەی پێشمەرگەیەکی شیوعی گیراوە، کادرێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هێشتا کابرا زیندووە بۆ ئەوەی زوو بمرێت دەیخاتە نێو گوێنیەکەوە لەگەڵ بەردێک بۆ ئەوەی لە زێکە ژێرئاو بکەوێت.

تاوانێک کرابوو چوومە لای کاک نەوشیروان کەچی دیفاعی لێکرد

مەلا بەختیار: ئەم رووداوە لە گەرمەی ململانێکانی ناو کۆمەڵە بوو، چووم بە کاک نەوشیروانم گوت گوتم ئەو تاوانە کراوە، وەڵامەکەی نەگەتیڤ بوو دیفاع بوو لە تاوانەکە، من بەشبەحاڵی خۆم لەسەر ئەو تاوانە هەڵوێستم زۆر تووندبوو. قەت لەسەر کوشتنی دیلێک، تێکۆشەرێک، جووتیارێک، ژنێک، لەسەر کوشتنی هیچ هاووڵاتییەک قەت بێدەنگ نەبوومە لەناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

رووداو: کە بە کاک نەوشیروانت گوت ئەم شتانە هەیە چی گوت؟

مەلا بەختیار: کاک نەوشیروان نەیگوت وانییە، گوتی ئەمە شۆڕشە و ئەمەشی تێدا دەکرێت، قسەی دیکەشی کرد، بەڵام نایگێڕمەوە.

رووداو: کەواتە لەم بیرەوەریانەتدا وەنەبێت هەموو شتێکت گوتبێت.

مەلا بەختیار: بەداخەوە، من پێمگوتی هەندێک شتم هەڵگرتووە بۆ بیرەوەرییەکانم، ئەمە لەبری بیرەوەرییە، وێستگەی جیاواز جیاوازە، وەڵامە، رەخنەیە، رەخنەیە لە رەخنەکان، کۆمەڵێک شت لە مێژوودا کۆبووەوە زهنیەتی خەڵک تێکچووبوو لەسەر ئەو وێستگانە لە مێژوودا.

رووداو: تۆ بۆچی بەو شێوەیە هێرش دەکەیتە سەر رەفتارەکانی نەوشیروان مستەفا و ئیبراهیم جەلال؟ کە راستەوخۆ ئیبراهیم جەلال بە نەخۆشی دەروونی دادەنێی؟ هەروەها بە شیکارییەکی سایکۆلۆژی 40 پەڕەیی نەوشیروان مستەفاش بە خاوەن نەخۆشی دەروونی و خاوەن رەفتاری دەستەمۆکردن و سەرکوتکردن دادەنێی؟ ئایا لێکدانەوەی ململانێی سیاسی و تەنانەت ناکۆکی سیاسی بەو شێوەیە رەوایە؟

مام جەلال بوو دەیگوت من لەشکری رزگاریم نییە، لەشکری هۆلاکۆم هەیە

مەلا بەختیار: من ئەوەی نووسیومە، بە قەناعەتی تەواوەوە نووسیومە. کە کتێبەکە دەردەچێت کێ لەسەری دەنووسێت با بینووسێت،پێویست بکات ئامادەم دیداری راستەوخۆ بکەم لەسەر کتێبەکە. ئەوە قەناعەتی موتڵەقی منە، من نەبووم 1983 لە زیخان دوای شەڕی بێتواتە، من نەبووم ئەوە مام جەلال بوو دەیگوت من لەشکری رزگاریم نییە، بەڵکو لەشکری هۆلاکۆم هەیە. لە کتێبەکەش نووسیومە، من نەبووم ئەوە مام جەلال بوو لە زیخان لەناو میوانەکانی دانوستاندنێک دەیگوت ئاگری فاشیەت لەناو یەکێتی بەربووە، ئەگەر نەیکوژێنینەوە هەموومان دەسووتێنێت.

رووداو: بەڵام ئاگری فاشیەت بۆ بەس بریتییە لە نەوشیروان مستەفا؟

مەلا بەختیار: باسی نەوشیروان ناکەم، مام جەلال دەڵێ لەناو یەکێتی، باسی شەڕی بێتواتە دەکات، دەڵێ لە بێتواتە هەڤاڵەکانی یەکێتی تاڵان کران.

رووداو: چەخماخەی ئەو فاشیزمە هی کێ بوو؟

مەلا بەختیار: زۆربوون، نامەوێت ناو بهێنم، زۆربوون پیاوکوژ، زۆربوون دیلکوژ. بچن وتارەکەی عەلی بچکۆل بخوێننەوە کە لە کوردستانی نوێ بڵاویکردووەتەوە لە ساڵی 1990. 30 ساڵ لەمەوبەر بەشێک لەو قسانەی نووسیوە کە من ئێستا دەینووسم. ئەو بیرەوەریانە بخوێننەوە کە لەدەرەوەی وڵات هەندێک پێشمەرگە نووسیویەتی لەسەر هەموو بەرپرسەکان بە منیشەوە. زۆر حەقیقەتیان نووسیوە کە لای خەڵک ئەو حەقیقەتانە غائیب بوون.

رووداو: لە کتێبەکەدا باسی رووداوێکی زۆر ترسناکتر باس دەکەی لەسەر کاک نەوشیروان مستەفا، کە نووسیوتە (ن – م) مەبەستت نەوشیروان مستەفایە. دەڵێی لەدوای کۆڕەوی ساڵی 1991 بە فەرمانی تایبەتی نەوشیروان مستەفا چەندین تۆن دینامیت نێردرا بە هێزێکدا بە سەرپەرشتی (ش – ح – م) بۆ تەقاندنەوەی بەنداوی دەربەندیخان، کە تەقێندرایەوە تەنیا دوو تۆڕبین تێکچوون و بەنداوەکە نەرووخا، ئەگەر بڕووخایە ئەوا تەواوی کەلار و باوەنوور تاوەکو خوار بەعقوبەی رادەماڵی و دەوروبەری 400 بۆ 500 هەزار کەس دەخنکان. وتراویشە قیروسیا چەندین کورد تێدا دەچن، گرنگ ئەوەیە زۆرینەی عەرەب دەخنکێن و تۆڵەی ئەنفال دەکەینەوە. ئەمەش کۆمەڵکوژی و کارەساتێکی ژینگەیی دروست دەکرد، چۆن ئەوکات و دواتر لەلایەن سەرکردایەتی یەکێتییەوە لێپرسینەوە لەو کردارە نەکرا؟

مەلا بەختیار: ناوی کەسم نەهێناوە. خۆم دەزانم کێ بووە کێ رۆیشتووە، مەفرەزەکە کێ بووە، بەڵام ناوی کەسم نەهێناوە. بەڵام ئەو رووداوە روویداوە. ئێستاش بچن سەیری ژێر بەنداوەکە بکەن و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن بزانن ئاسەواری تەقینەوەکە هەیە یان نا. تەحسین قادر، کە لە ئیدارەی سلێمانی جێگری وەزیری کارەبا بوو کۆمپانیایەکی جیهانییان هێنا، پارەیەکی زۆری داواکرد، کاک کۆسرەت سەرۆکوەزیران بوو، کاک تەحسین بە ئەندازیارەکانی خۆمان بە پارەیەکی زۆر کەم چاکی کردەوە. بڕۆن سەیری بکەن بزانن تەقێندراوەتەوە یان نا.

رووداو: کە دەڵێی ناوی کەسم نەهێناوە، بەڵام لە کتێبەکەتدا نووسیوتە (ن – م)، مەبەستت لە کێیە؟

مەلا بەختیار: من ئەگەر بمویستبایە ناوەکەم دەنووسی، بەڵام دیارە نەمویستووە، چونکە ئەمە بەڕاستی دەچێتە قاڵبی تاوانێکی نێونەتەوەییەوە، ئەوە مەترسیدارە.

رووداو: (ن – م)، کێیە؟

مەلا بەختیار: نایڵێم، ئێستاش نایڵێم، رەنگە 5 ساڵی دیکە بیڵێم.

رووداو: (ن – م)، کێیە!؟

مەلا بەختیار: هەزار (ن – م) هەیە (بە پێکەنینەوە) نەسرین محەممەد هەیە، هەزار (ن – م) هەیە.

رووداو: دوایین بەشی پرسیارەکەم ئەوبوو چۆن ئەوکات و دواتر لەلایەن سەرکردایەتی یەکێتییەوە لێپرسینەوە لەو کردارە نەکرا؟

مەلا بەختیار: بەداخەوە کە نەکرا، بڵێم چی. من ئەوکاتە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیش نەبووم، من ئەوکات لە ئاڵای شۆڕش بووم. کە نەکراوە نەکراوە. . لەو یەکێتییانە بپرسە کە ئەوکاتە مەکتەبی سیاسی بوون.

رووداو: نەوشیروان مستەفا خۆی نووسیویەتی کە باوەڕی بە مارکسیزم نەبووە و نەشیویستووە ببێتە سکرتێری کۆمەڵە، بەڵام لەسەر داوای مام جەلال رازی بووە. ئێوەش دەڵێن مام جەلال بۆ ئەوەی بووە کۆمەڵە کۆنترۆڵ بکات و دواتر لە 1990 نەوشیروان مستەفا لە کۆبوونەوەیەکدا کۆمەڵەی سڕکرد. ئایا ئەمە نیشانەی ئەوە نییە ئێوە خۆتان وەک سەرکردایەتی کۆمەڵە توانایەکی ئەوتۆتان نەبووە بۆ بەڕێوەبردنی رێکخراوەکەتان، کە 5 ساڵ بەر لە کۆمەڵە دامەزراو پێویستیتان بە وەسییەک هەبوو بۆتان بەڕێوەببات؟ ئیدی بۆچی هەر گلەیی لە کاک نەوشیروان و جەنابی مام جەلال دەکەن؟

مەلا بەختیار: دوو کارەسات لە مێژووی ئێمە روودەدات دەرگا دەکاتەوە بۆ ئەوەی کە کاک نەوشیروان ببێتە سکرتێر، کارەساتی یەکەم شەهید شەهاب ئیعدام دەکرێت، کارەساتی دووەم کاک ئارام شەهید دەکرێت. کاک نەوشیروان ساڵی 1978 هاتە سەرکردایەتی کۆمەڵە، ئەوکاتەش سکرتێر نەبوو، لە دوای کۆنفرانسی یەکەم بووە سکرتێر.

رووداو: ئێوە 5 ساڵ پێش ئەوە دامەزرابوون، دیارە خۆتان نەخەمڵیون بۆیە کەسێک هاتووە رابەرایەتیتان بکات؟

مەیدانەکە بۆ کاک نەوشیروان چۆڵ بوو ببێتە سکرتێری کۆمەڵە

مەلا بەختیار: کاک شەهاب سکرتێر بووە، شەهید کراوە، کاک ئارام سکرتێر بووە شەهیدکراوە. ئێ مەیدانەکە چۆڵ بوو، کاک سالار لە دەرەوەی وڵات بووە، کاک عەبدولڕەزاق نەهاتبووە دەرەوە، من و ئازاد هەوارمی مابووینەوە. ئەوکاتە پێشنیارمان کرد کۆبوونەوەیەکی فراوانکراوە لە نۆکان، کە بە کۆبوونەوەی نەورۆز بەناوبانگە، کاک نەوشیروان دەنگی یەکەمی هێناوە بووە بە کەسی یەکەم. بە فەرمیش نەبووە سکرتێر، بەڵکو لە یەکەمین کۆنفرانس بە فەرمی بوو بە سکرتێر.

رووداو: لە چ کۆنفرانس و کۆنگرەیەکدا خۆت زۆرترین دەنگت هێناوە؟

مەلا بەختیار: من لەو کۆبوونەوەیەی شێنێ کاک نەوشیروان 21 دەنگی هێنا من 20 دەنگم هێنا.

رووداو: پێش ئەو بۆشاییە بۆچی خۆت، ئازاد هەورامی یان سەکردەیەکی دیکە نەبوو بە سکرتێر؟

مەلا بەختیار: نەماندەتوانی. . با راستگۆبین لەگەڵ مێژوو، لەگەڵ مێژووی خۆشمان. . نەماندەتوانی. تەمەنمان، ئەزموونمان، قەڵەممان، ئەقڵمان، نووسینمان و ناوبانگمان هی ئەوە نەبوو سکرتێری کۆمەڵە بین. ئەگینا ئەوکاتەش ئەو پێشنیازە هەبوو، بەڵام من رەتمکردەوە.

رووداو: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بابەتی تەقاندنەوەی بەنداوی دەربەندیخان، جیا لە مام جەلال و کاک نەوشیروان کەس دەیتوانی بڕیارێکی وا هەستیار بدات، کە خەڵکێکی زۆری عەرەب و کورد تێدا دەچوون؟

مەلا بەختیار: شڵەژانی کۆچ (کۆڕەوەکە) وابوو، ئامر مەفرەزەیەک دەیتوانی هەموو بڕیارێک بدات، کەس بەکەس نەبوو. بە فەرمانی کێ لە کەرکووک پاشەکشە کرا؟ کەس نازانێت، بە فەرمانی کێ لە ناوچەکانی دیکە پاشەکشەکرا؟ کەس نازانێت. بە فەرمانی کێ کۆچ روویداوە؟ کەس نازانێت.

قسە لەسەر کاک نەوشیروان و مام جەلال و هەموومان هەیە

رووداو: لە بیرەوەرییەکانتدا زیاتر لەسەر ئەو بابەتە دەوەستیت؟

مەلا بەختیار: بەڵێ لەسەر ئەو بابەتە دەچمە بنج و بنەوانی.

رووداو: روونی دەکەیتەوە کە (ن – م) کێیە؟

مەلا بەختیار: زۆر شت روون دەکەمەوە، (بە پێکەنینەوە) زۆر.

رووداو: ڤیدیۆیەکی کاک نەوشیروان هەیە دەڵێ هەر کەس قسەی هەیە لەسەم با ئێستا بیکات؟

مەلا بەختیار: نەمبیستووە. کاک نەوشیروان کەسی دووەمی یەکێتی بووە خۆی دەزانێت قسە زۆرە لەسەری، لەسەر مام جەلال هەیە، لەسەر هەموومان هەیە.

رووداو: بەڵام ئەوکات کەمی ئەو قسانەت کرد.

مەلا بەختیار: کەمم نەکردووە، قۆناخەکەم وابووە پێویستییەکانی ناکۆکی و ململانێیەکە هەر ئەوەندەی ویستووە. ئەگینا ئەدەبیاتی ئاڵای شۆڕش کۆبکەیتەوە ئێمە هەزار لاپەڕەمان نووسیوە لەسەر ئەو ململانێیە، کەمی چیم کردووە؟ 95%ی لەسەر کۆمەڵە و کاک نەوشیروان و سەرکردایەتی کۆمەڵەیە، هەمووشی ماوە بە دۆکیۆمێنێت.

رووداو: باسی هێرشی قرناقەو پشت ئاشان و کوشتنی 56 دیل لە کادر و پێشمەرگە ژن و پیاوەکانی حیزبی شیوعی لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە دەکەی، تۆ رازی نەبووی بە فەرمانی نەوشیروان مستەفاو بە پەیوەندیکردن بە مام جەلالیش بۆ نەشکاندنی دڵی نەوشیروان مستەفا شەڕی حیزبی شیوعی بکەی و لە مەڵبەندی یەک هێرش بکەیتە سەر حیزبی شیوعی. بۆچی پێتوایە جێبەجێنەکردنی بڕیاری هێرشکردنە سەر حیزبی شیوعی راستبوو؟ بەڵام دوو دڵی لە شەڕکردن لەگەڵ قیادە موئەقەتە لە پێش شەڕی هەکاری هەڵەبوو؟

یەکەمین تەقە پارتی کردوویەتی بەرامبەر بە یەکێتی

مەلا بەختیار: تاوەکو حەسەن خۆشناویش شەهید دەکرێت، ئێمەی کۆمەڵە لەناو وڵات لەگەڵ شەڕ نەبووین لەگەڵ پارتی، کە پارتی شەڕەکەی هەڵگیرساند، یەکەمین تەقە پارتی کردوویەتی بەرامبەر بە یەکێتی، یەکەمین قوربانی شەڕی ناوخۆ برایم عەزۆ و هەڤاڵەکانیەتی. حەمە غەفوور ئاغجەلەری شەهید دەکرێت، ئێمە هەر گوتوومانە قەیناکە بە تایبەتی کاک عەلی عەسکەری زۆر پێداگری دەکرد کە نابێت ئەو شەڕە رووبدات، کە خۆی بوو بە قوربانی پێداگرییەکەی خۆشی. حەسەن خۆشناو و مەفەرەزەکەی تیادەچن تا ئەوکاتە کە مام جەلالیش هاتبووەوە ئێمە دەمانگوت دەبێت ئەوە شەڕە بووەستێت. من لەگەڵ شەهید رەسول مامەند، شەهید داود، عەلیکۆی رەحمەتی و عادلی قیادەی موئەقەتە شاندێک بووین بچین شەڕەکە رابگرین لە تەمموزی 1977.

20-7-1977 ئەم شاندە بەڕێوەبووین بچین بۆ هەکاری، ئێمە لە هەکاری مام جەلالمان بینی کە گەڕاوەتەوە، ئێمە بۆ سوڵح چووین. سێ کۆبوونەوەش لە نێوان شاندێکی یەکێتی و شاندێکی پارتی بووە، شاندی یەکێتی شەهید سەعدی گچکە سەرکردایەتی کردووە، سەید کاکە و من بووم لەگەڵ رەسوڵ مامەند چووین بۆ کۆبوونەوە، لەگەڵ پارتی کە ئەوکاتە ناوی قیادە موئەقەتەبوو کاک جەوهەر نامیق و ملازم عەلی و ملازم یونس و سەربەست بامەڕنی و سەربەست بەراوری بوون، گفتوگۆمان کردووە شەڕەکە رابگرین، لەگەڵ شەڕ نەبووین. بەڵام دوای حەسەن خۆشناو دۆخەکە ئاڵۆز دەبێت لەنێوانمان، ئێمەی کۆمەڵەش بڕیارماندا دەستبکەینەوە.

بۆ لێدان لە حیزبی شیوعی بە قسەی کاک نەوشیروانم بکردایە دەبوو تا هەتایە کوردستان جێبهێڵم لە شەرمەزاریدا

لەبەر ئەوە شەڕی شیوعی لەسەر ئەساسی ئەوە نەکراوە، کە ئێمە و شیوعیەکان لە مەڵبەندی یەک رێککەوتووین کە شەڕی یەک نەکەین، ئێمە کە کەوتینە شەڕ لەگەڵ جووت پارتی و سۆسیالیست و پاسۆک، حیزبی شیوعی شەڕی نەکردووین.  جوامێر بوون و کاک بەهائەدین نووری و کاک مەلا عەلی و ئەو برادەرانەی کە لەوێ بوون قسەکانی خۆیان بردە سەر. ئێ چۆن لەدوای ئەوە بچم لێیان بدەم. پەیمانشکێنی و شەرمەزارییەکی زۆر دەبوو بچم لێیان بدەم، لە کاتێکدا ئەوان شەڕی ئێمەیان نەکردووە چۆن بچم شەڕیان لەگەڵ بکەم؟ قسەو پەیمانی خۆیان بردە سەر.

من ئەگەر دوای ئەوەی حیزبی شیوعی پەیمانی خۆی بردەسەر و شەڕی لە دژی یەکێتی نەکرد، بە قسەی کاک نەوشیروان و هەر کەسێکی دیکەم بکردایە و لە حیزبی شیوعیم بدایە، دەبووایە تا هەتایە کوردستان جێبهێڵم لە شەرمەزاریدا. دەبوو بە تاوانێکی گەورە بەرامبەر بە من، بەڵام من ئەمەم نەکرد.

رووداو: لەسەر شیوعی وا هەڵوێستت تووندبوو یان هەڤاڵەکانی دیکەش کە شەهیدکران، وەکو شەهید وریا و شەهید ئاراس؟

مەلا بەختیار: هەڵوێستم تووندبووە، لەسەر وریا لە سێیەمین کۆنفرانسی کۆمەڵە گوتوومە شەهید وریاتان لەسەر چی شەهیدکرد؟ لەناو کۆنفرانس وامگوتووە لە مێرگەپان. لەسەر مام ئاراس من ئاگام لە وردەکارییەکەی نییە، بەڵام ئێستا کە وردەکارییەکەی دەخوێنمەوە بەڕاستی حەپەساوم.

رووداو: باشە کاتێک یەکێک ئەو کتێبە دەخوێنێتەوە وا دەزانێت بۆ نموونە هەر چەند ناوێک لکێندراوە بە ناوی کاک نەوشیروانەوە کە بەبێ تاوان شەهیدکراوە. ئایا خۆت گوڵبژێری ئەوانەت کردووە کە لە رابردوودا بە دڵی خۆتن یان خەڵکی دیکەش هەیە دەستی لە کوشتندا هەیەو چاوپۆشیت لێکردووە.

مەلا بەختیار: نا، من ئەوەی زانیومەو لە سیاقی کتێبەکەم هاتووەتە پێشەوە باسمکردووە، باسی ئەوانەی پارتیشم کردووە کە بەناحەق کوژراون، خۆ ئەوان ئاڵای شۆڕش نەبوون پارتی بوون.

ئەمانەی ئاڵای شۆڕش زۆر غەدرلێکراوو بەدبەختبوون لە مێژوودا. بەداخەوە من یەکەمین کەسم بەرگری لە 44 شەهیدی ئاڵای شۆڕش دەکەم، کە 13 بۆ 14 کەسیان بە دەستی یەکێتی شەهیدکراون، گوناهبوون زۆر گوناهبوون، ئەو شەهیدانە هیچ گوناهێکیان نەبووە. ئاڵای شۆڕش دەستی نەکردووەتەوە، ئاڵای شۆڕش نەچووەتە ناو جووت و شەڕی یەکێتی بکات، ئاڵای شۆڕش ئامادە نەبووە بەشێک بێت لە شەڕی ناوخۆ.

رووداو: کتێبەکەت پێشکەش بە گیانی ئەوان کردووە؟

مەلا بەختیار: بەڵێ، باسی هەموو شەهیدەکانم کردووە.

رووداو: ئێوە لەو کتێبەدا زۆر باسی سایکۆلۆژیای کەسی رقهەڵگر دەکەن، ئایا ئەو کتێبەی ئێوەش بەهەمان سایکۆلۆژیا نەنووسراوە؟ ئەگەر جارێکی دیکە بیخوێنیتەوە هەست ناکەی رق هەڵگرتنتە لەوەی رۆژگارێک چەکیان کردووی، دەستبەسەریان کردووی، زیندانییان کردووی، ئەشکەنجەیان داوی وەک سکرتێری ئاڵای شۆڕش و لەنێو دڵ و دەروونت پەنگی خواردووەتەوە و ئێستا لەو کتێبە دەرتبڕیوە؟

مەلا بەختیار: هەموو ئەوەی کە کراوە بەرامبەر بەمن و ئاڵای شۆڕش تاوانێکی گەورە بووە، قەت ناتوانم پاساوی بۆ بهێنمەوە. بەڵام پێمگوتی من لەدوای ئەوەی لە ساڵی 1993 لەگەڵ یەکێتی رێککەوتووم پێم لە برینی خۆم ناوە، کە رێککەوتووم رۆیشتووم بۆلای مام جەلال لە دیمەشق، لە دیمەشقەوە چووم بۆ لەندەن بۆلای کاک نەوشیروان بۆ ئەوەی بڵێم بابە ئەوە رێککەوتووین و لاپەڕەیەکی تازە هەڵبدەینەوە، کە لەوێش مەوقیفی سلبی بوو زۆر تووندبوو بەرامبەر بە مام جەلال، قسەکانی هی گێڕانەوە نییە.

رووداو: بۆ هی گێڕانەوە نییە؟

مەلا بەختیار: هی گێڕانەوە نییە، چونکە قسەکانی زۆر تووندبوون. قسەکانی ئەوەندە تووندبووە بەرامبەر بە مام جەلال ئەسڵەن پیاو ناتوانێت بینووسێت.

رووداو: بەڵام هەموو ئەمە ناکاتە ئەوەی کاریگەری سایکۆلۆژیت لەسەر نەبووە. .

مەلا بەختیار: من فریشتە نیم، من 3 ساڵ و 9 مانگ گیراوم، ئەشکەنجە دراوم، هەزاران پڕوپاگەندە لە دژی من کراوە. دەبوو بێم بۆ مێژوو باسی ئەو راستیانە بکەم، بەڵام بە رقەوە باسم نەکردووە.

رووداو: لە کتێبەکەتدا لەوەدەچێت لە کاک ئیبراهیم جەلالیش زۆر توڕەبیت. .

مەلا بەختیار: توڕە نیم، ئەو ئەو کتێبانەی نەنووسیایە هەر جوان نەبوو لە کتێبەکەم باسیشی بکەم. بەڵام بڕۆ بزانە چی نووسیوە؟ بزانە کێ لە کتێبەکەی رازییە؟ وەکو نووسەر وەکو یەکێک لە مێژوودا شارەزابێت.

رووداو: خۆ ئەو نەهاتووە میتۆدی مێژوو ریز بکات، ئەویش پێتوانییە کەسێکە لەوانەیە بۆیە کەیفتان بە کتێبەکەی نایە لە ئێوە زیاتر بوێرانەتر دەستی خستووەتە سەر برینەکان؟

مەلا بەختیار: من لە پێشەکی کتێبەکەم باسم کردووە، دەڵێم ئەو بوێرانە نووسیویەتی، بەڵام هەموو رقەکانی خۆی تێکەڵی کتێبەکە کردووە، هەرئەوەندە.  حەزناکەم لەسەر ئەو بڕۆیت. چونکە ئەو کارەکتەرێکی زۆر گرنگ نەبووە لەناو یەکێتی، ئەو بڕیارانەی دراوە ئەو چووە جێبەجێی کردووە، رۆڵی هەبووە قسە بێنێت و قسە بەرێت، بەڵام ئەو بەراورد ناکرێت بە کاک نەوشیروان و کاک فەرەیدوون و سەرکردەکانی دیکە.

رووداو: بەڵام زۆر کۆتەیشنی نووسینەکانیت کردووە. .

مەلا بەختیار: لەبەر ئەوەی باسی ئاڵای شۆڕش و عێراقچێتی و کاک ئارامی کردووە، زۆر رەخنە لە کاک ئارام و شەهید ئازاد و هەموومان دەگرێت. کاک ئارام پەپوولەی خەبات بوو، شتێکە دروست نابێتەوە بە ئاسانی. کێشەکە ئەوەیە ئێوە مانان نازانن چ پیاوێک بوو چ هەڵکەوتوویەک بوو لە مێژوو، نازانن ئەگەر بمابووایە چۆن هاوکێشەکانی دەگۆڕی.

رووداو: لە هەموو نووسینێکدا کە باسی شەهید ئارام دەکەی، حەسرەتێک لەلای تۆ هەستی پێدەکرێت. ئەویش ئەوەیە کە تۆ پێتوایە ئەگەر لێی نزیکبوویتایە شەهید نەدەکرا. . هەندێکجاریش وا نیشان دەدەی کە رووداوی کوشتنەکەی هێشتا تەواو روون نییەو تەمومژاوییەکی پێوەیە. بۆچی ئەو هەستە نیشان دەدەی؟

ئەوکاتەی شەهید ئارام بڕیاری هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێی دا مام جەلال و کاک نەوشیروان لە دەرەوە بوون

مەلا بەختیار: من ئێستاش دەزانم شەهیدبوونی کاک ئارام ئاسەوارەکەی بەسەر کۆمەڵەو یەکێتی و بەسەر مێژووماندا چەند ناخۆش و جەرگبڕە، ئێستاش دەزانم. چونکە لەگەڵی ژیاوم یەکساڵ موختەفی بووین بە یەکەوە، پێش ئەوەی ئیختیفا بکەم لە سلێمانی لە مێژووی خۆمدا دووجار بینیومە، زۆرم نەدیوە، دووجارەکە دوو سێ رۆژ لە کۆنگرەی لاوان بووین، جارێکیش لە چۆمان بینیومە. ئەوەندە زۆر تێکەڵاویمان نەبووە. ئەو ساڵ و دوو سێ مانگەی کە موختەفی بووین بە یەکەوە من دەزانم ئەو پیاوە چۆن بیری کردووەتەوە، ئەدەبیاتی دەزانم، ئەو شۆڕشی دروستکردووە ئەوەی پێی دەڵێن شۆڕشی نوێ لەناو وڵات. ئەندازیاری بەرپاکردنی شۆڕش لەناو وڵات رابەرێکە بەناوی شاسوار جەلال. یەک ساڵ لەدوای ئەوەی کاک ئارام شۆڕش دەکات و رابەرایەتی دەکات، مام جەلال و کاک نەوشیروان و خەڵکەکەی دیکە لە دەرەوەی وڵات دێنەوە. بڕیاردان لە شۆڕش گاڵە نییە، نەخشەدانان بۆ شۆڕش لە نەبوونیدا گاڵە نەبووە، ئەمە جوانترین قۆناخی مێژووە بۆ شۆڕشگێڕەکانی کۆمەڵە.

رووداو: بۆ هەمیشە ئەو بەشەی پرسیارەکەم وەڵام دەدەیتەوە کە خۆت زۆر بە دڵتە؟ چونکە پرسیاری ئەوەشمکرد زۆر وا نیشان دەدەی کە رووداوی کوشتنەکەی هێشتا تەواو روون نییەو تەمومژاوییەکی پێوەیە؟

مەلا بەختیار: من لە NRTیش باسمکرد، لێکۆڵینەوەم لەسەر شەهیدکردنەکەی کردووە، لە لێکۆڵینەوەکە بۆم دەرکەوت یەکەم شت خۆی هەڵەی کردووە لە قەرەداخ ماوەتەوە، ئەمە هەڵەیەکە بە هیچ شێوەیەک داپۆشین هەڵناگرێت، بەڵام کە وردەکاری شەهیدبوونەکەی دەخوێنمەوە بە گوناهێکی گەورەی دەزانم پێشمەرگەیەک لەگەڵی بووبێت ئەو شەوە بەجێی هێشتبێت.

رووداو: گومانت بۆچی دەچێت؟

مەلا بەختیار: گومانێکی بەهێزم نییە، بەڵام دەزانم کاک ئارام لە پێشمەرگەیەکی داواکردووە ئەوشەوە لەگەڵی بێت، بەڵام لەگەڵی نەماوەتەوە. من ئەمەم لە خەڵکەکە بیستووە. . ئەمە بۆ من زۆر قورسە قبووڵی بکەم.

رووداو: خۆت لە بیرەوەرییەکاندا کە باسی ماو تسی تۆنگ و کاسترۆ و چێ گیڤارا دەکەی، بۆ نموونە کە باسی ماو دەکەی رابەڕی ئەو شۆڕشە گەورەیە بوو، بەڵام رەنگە کەسی خۆی فیشەکێکیشی نەتەقاندبێت. باشە کە دەتانزانی ئەم سەرکردە بیرتیژە هزرمەندە دووربینە سیاسییەی هەیە و بەڵام هیچ سەربازیی نییە و رەنگە پلانی گرتنی رەبیەیەکی پێ دانەنرێت.  بۆچی بەجێتان هێشت؟

مەلا بەختیار: لە راستیدا ئەو ئێمەی بەجێهێشت. لەمن زیاتر کاک سالار عەزیز تکای لێکرد لە دۆڵی جافایەتی بووین بۆ ئەوەی نەچێتەوە قەرەداخ. من لە بەهاری 1977 بینیمەوە کاک سالار پێی گوت مەچۆ بۆ قەرەداخ، لەو دۆڵی جافایەتی و شارباژێڕە بە بەشی زۆری هێزەکانی یەکێتی لەوێبوون، بەڵام بە قسەی نەکردین. خۆم ئاخر جار کە بینیم گوتم کاک ئارام تکایە بڕۆ تۆش ئێرە بەجێبێڵە، کۆمەڵێک تێکۆشەری هەولێر هاتبوون بۆلای وەکو شەهید عەلی ساڵح، شەهید رێباز و شەهید شاخەوان هاتبوون بۆلای، گوتی با ئەوانە بەڕێ بکەم تۆ بڕۆ بزانم چۆن دەبێت، خۆم دەپەڕمەوە چاوەڕێ دەکەم، ئەم چاوەڕوانییە و هەر خۆی دواخست، کە هەڵەیەکی کوشندەبوو مایەوە لە قەرەداخ. ئەگینا ئێمە هەموو کۆمیتەی هەرێمەکان ئەوکاتە شەهیدبوونی خۆمان پێ خۆشبوو نەک شەهیدبوونی کاک ئارام، من خۆم ئامادەبووم پاسەوانی بم، ئەندامی کۆمیتەی هەرێمەکانیش بووم.

بیرمە دوایینجار چووم بۆلای شەهید عەلی حەمەخان و شەهید جەمالە رەش منیان برد بۆلای قاتێکی جلی کوردیم بۆ برد، تاقم تراشم بۆ برد، قەڵەمێکی پارکەری 21م بۆ برد، زۆر حەزی لە قەڵەمی پارکەری 21 بوو، زۆریش دڵخۆشبوو. گوتم باشە کاک ئارام چی دەکەی لەو قەرەداخە ئەی هاوار وەڵاهی ئێرە مەترسیدارە، گوتی هەندێک ئیشم هەیە و ئاڵای شۆڕش دەردەکەم ئەوانە تەواو بێت دەچمەوە بۆ دۆڵی جافایەتی تاوەکو ئێوە دێنەوە لە پێشوازی مام جەلال.

رووداو: ئەو چی لە تۆدا چاند؟ بیری ئاڵای شۆڕش؟

کاک ئارام بمایە نە ئاڵای شۆڕش دروست دەبوو نە کۆمەڵە هەڵدەوەشایەوە

مەلا بەختیار: من ناوەکەی ئاڵای شۆڕشم لەو وەرگرت، ئەگینا بیری ئاڵای شۆڕش ئەوکاتە کاک ئارام بمایە نە ئاڵای شۆڕش دروست دەبوو نە کۆمەڵە هەڵدەوەشایەوە. . زۆر شت دەگۆڕا. کاک ئارام ئەخلاقی شۆڕشگێڕانەو خۆڕاگری و خۆشویستنی هاوڕێیەکانی لەمن چاند.

رووداو: زۆر کەس خۆی کردووە بە پاڵەوانی گرتنی تۆ، لەو رۆژانەی لەسەر ئاڵای شۆڕش دەستگیرکرایت، لە راستیدا کێ تۆی دەستگیرکرد؟ یەکەم کەس کێ هاتە سەرت بۆ ناو ماڵەکە؟

مەلا بەختیار: مام رۆستەم و حامید و وەهاب هاتن، بە پیاوەتی خۆیان هاتن، من مەمنوونیانم هیچ گلەییەکم لێیان نییە، زۆریشیان پێناخۆشبوو کە دۆخەکە وابوو.

رووداو: میلیان لێ هێنابوویەوە؟

مەلا بەختیار: ئەوان نا، خوا هەڵناگرێ ئەوان هەر چەکیشیان پێنەبوو. زۆر جوامێربوون.

رووداو: لەو ساتەدا ترسای؟

مەلا بەختیار: نەخێر، مامۆستا پشکۆ نووسیویەتی، هەرگیز نەترسام.

رووداو: زۆربەی سەرکردە سیاسییەکانی کورد و پێشمەرگەکانی ئێمە کە بیرەوەری دەنووسنەوە هەر هەمووی قارەمانە، کەسی تێدا نییە بڵێت لە فڵان رووداودا ترسام. بە نموونە بیرەوەرییەکان مارلین ئۆلبرایتم خوێندەوە باسی ئەوە دەکات جارێکیان لە ناجی سەبری ترساوە.

مەلا بەختیار: ترس و گریان عەیب نییە.

رووداو: چ ترسێک هەیە کە رۆژێک ترسابی بەڵام لەو کتێبە باست نەکردبێت؟

مەلا بەختیار: باسی ئەوەم نەکردووە، بەڵام با جارێ لە رووی فەلسەفییەوە باسی ترس و گریانت بۆ بکەم. ترس و گریان عەیب نییە، ئەوەی نەگری عەیبە، ئەوەی نەترسێ عەیبە. تۆ پرسیارێکی دیاریکراوت لەمن کرد دەڵێی لەو ساتەی ئەوان هاتنە سەر سەرت ترسای؟ من نا مۆستا پشکۆ لە کتێبەکەیدا نووسیویەتی دەڵێ زۆر موسەیتر بوو لەسەر ئەعسابی خۆی.

رووداو: ئێوە کێ و کێ بوون کە ئەوانە هاتنە لات؟

مەلا بەختیار: کاک عیماد بوو، ئاسۆ عەلی بوو، کاک دلێری سەید مەجید بوو من بووم لەگەڵ مامۆستا پشکۆ.

رووداو: کامیان دەترسان بتانکوژن؟

مەلا بەختیار: من لە هیچ یەکێکیان ترسم نەبینی، بە پێچەوانەوە عیماد دڕبوو من نەمهێشت گوتم ئارامبە، قسەی دەکرد خۆی و ئاسۆ عەلی قسەیان دەکرد و بەرگرییان لەمن دەکرد خودا هەڵناگرێ. منیش گوتم بێدەنگ بن.

رووداو: تۆ باسی هەڵەکانی یەکێتی دەکەی هەر لە دروستبوونیەوە تاوەکو دەگاتە راپەڕین، باسی قوتدانی کۆمەڵە دەکەی کە پێتوایە ئێوە لە کۆمەڵە شۆڕشتان هەڵگیرساندووە. بەڵام دوای راپەڕین چوویتە ناو زەحمەتکێشان و دوای ئەوەش چوویتە ناو یەکێتی، کەواتە شوێنە راستەکە بۆتۆ هەر ناو یەکێتی بووە. ئەی ئەو هەموو رەخنە بنچینەییانەی ئەوکات و ئێستات لە یەکێتی لە چی؟

یەکەم هەڵە لە مێژووی سیاسیمدا کە زۆر لێی پەشیمانم ئەوەبوو کە چوومە ناو زەحمەتکێشان

مەلا بەختیار: رێزم بۆ زەحمەتکێشان هەیە، قسەیەکم نییە ئێستاش حیزبی زەحمەتکێشان ماوەو رێزم هەیە بۆیان. لە کتێبەکەشمدا باسمکردووە ئەگەر سەرەتای جیابوونەوەی ئەوان، رەوتی ئێمەیان ببینیایە و گفتوگۆمان بکردایە رەنگبوو زۆرشت بتوانین بە یەکەوە بگۆڕین. بەڵام یەکەم هەڵە لە مێژووی سیاسی خۆمدا کە زۆر لێی پەشیمانم ئەوەبوو کە چوومە ناو زەحمەتکێشان. .

رووداو: بۆ؟

مەلا بەختیار: لە رووی فیکر و فەلسەفەوە لە پێکهاتەو هەموو شتێکدا زۆر لە یەکەوە جیاواز بووین، پەروەردەکردنی من جیاوازبوو، هەموو ئەوانەی لەگەڵ ئێمە بوون لە ئاڵای شۆڕش جیاواز بوون.

من لە دانیشتنێکدا بە هەڤاڵێکی خۆشم گوت، گوتم قەت لەوەیاندا لێتخۆشنابم کە رۆڵت هەبوو لەو یەکگرتنە.

رووداو: ئەو کەسە کێ بوو؟

مەلا بەختیار: نایڵێم. هەندێک ئینتهازیش لەناو ئاڵای شۆڕش پەیداببوون، زەحمەتکێشان لەبەرەی کوردستانی بوو، گومرگی هەبوو، هەندێک ئینتهازی ناو ئێمە ئاڵای شۆڕش پەیدا ببوون ئەوانیش تۆزێک بەرەو چەورییەکە دەڕۆیشتن.

رووداو: زۆرترین شت کە نیگەرانی دەکردی لەناو زەحمەتکێشان ئەو ماوەیە چی بوو؟

مەلا بەختیار: لە رووی فیکرییەوە شتێک کۆی نەدەکردمەوە. دووشت زۆر ئازاری دام. شتێکی تایبەتی بچووک و دوو شتیش کە دەمەوێت بە راشکاوی پێت بڵێم. . بۆ مێژوو ئەوان دەیزانن بۆیە دەیڵێم ئەگەر نهێنی ئەوان بووایە باسم نەدەکرد.

یەکەمین شەڕ کە لەگەڵ پەکەکە کرا، من لە سوید بووم. کاک حەمە ئاواتی رەحمەتی بەرپرسی لقی زەحمەتکێشان بوو لە سوید، زەحمەتکێشان زۆر ئیدعای چوار پارچەکەی کوردستانیان دەکرد، لەگەڵ ئاڵای شۆڕش لەوەدا ناکۆک بوون کە ئێمە دەمانگوت کێشەی کورد لەم قۆناخە بەشێکە لە مەسەلە دیموکراسییەکانی عێراق. زەحمەتکێشان لەو خاڵە لەگەڵ ئێمە ناکۆک بوون. لەسەر سۆڤیەت و لەسەر ئەو خاڵە ناکۆک بووین.

کە شەڕی پەکەکە کرا من لە سوید بەیانێکم دەرکرد گوتم ئێستا زەحمەتکێشان قەت ئەوە قبووڵ ناکات، بەیانێکم دەرکرد گوتم حیزبی ئێمە ئەمە قبووڵ ناکات، ئەمە شەڕی کورد و کوردە و شەڕێکی ئاواو ئاوایە. لەدوای 24 سەعات مەکتەبی سیاسی لە هەولێر روونکردنەوەیەکیان دەرکرد لەسەر من گوتیان ئەمە رای خۆیەتی و رای حیزبی ئێمە نییە. هیچ قسەیەکم نەبوو کاک جەوهەر نامیق بە رەحمەت بێت لە سوید گلەیی لە زەحمەتکێشان کردبوو. کاک حەمە ئاوات دانیشتبوو، گوتبووی ئێوە چۆن بەیاننامەی ئاوا دەردەکەن، حەمە ئاواتیش زۆر بە جوانی وەڵامی دابووەوە گوتبووی مەلا بەختیار ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئێوەیە من بەرپرسی لقم ئەو ئەمری کردووە من جێبەجێی دەکەم.

هاتینەوە ئیشمانکرد، بزووتنەوەیەکی جووتیاران پەیدابوو لە ناوچەی پشدەر. دوو جووتیار شەهید ببوون، من دەمویست بەیاننامەیەک بنووسم بڵێم دوو جووتیار شەهید بووە برادەران گوتیان بنووسە 5 قوربانی هەیە، چونکە ئاغاش کوژرابوو جووتیاریش کوژرابوو. منیش گوتم بابە ئێمە حیزبێکی چینایەتین هیچ رقێکم لە ئاغاکان نەبووە، بە پێچەوانەوە پەیوەندییەکی زۆر باشم لەگەڵ ئاغاکانی پشدەر تاوەکو ئێستاش هەیە. بەڵام ئێمە حیزبێکی چینایەتین پێگەکەمان وا داوادەکات بەرگری لە جووتیاران بکەین، ئەویشیان قبووڵ نەکرد. ئەمە لای من بووە راچڵەکین.

رۆژێکیان دایکی شەهیدێک هات بۆ لام، داوای یارمەتی کرد، شەهیدێکی یەکێتی بوو. منیش لەخۆم رابینی نامەم نووسی بۆ دارایی زەحمەتکێشان 200 دیناری بۆ خەرج بکەن، ئەوکاتە 200 دینار هیچ نەبوو. 200 دینارەکەیان خەرج نەکردبوو گوتبوویان هەتا سکرتێری حیزب رەزامەند نەبێت پارەکە خەرج ناکەین. من ئەوەم زۆر پێناخۆشبوو. گوتم بەشەرەفم ئێستا ئەو نامەیە بۆ مام جەلال بنووسم 20 هەزار دیناری بۆ خەرج دەکات. ئاخر 200 دینار چییە بۆ دایکی شەهیدێک. ئەمانە وردە وردە لەلای من کۆبوونەوە.

غەدرێکیش کرا، لە لیستی ئەندام پەرلەماندا یان دەبوو من ئەندام پەرلەمان بم، یان ئەوەی ببووە وەزیر یەکێکیان بەر من بکەوێ. پیلانێکیان گێڕا کە هیچم بەرنەکەوت، ئەمەشم پێناخۆشبوو ئەمەم بە پیلان زانی. ئیتر تێگەیشتم کە ناتوانین بە یەکەوە بین بە خۆشیش خودا حافیزیمان لەیەک کرد، نە بەیاننامەی تووندمان دەرکرد نە جنێومان بەیەک دا، بەڵکو بەیاننامەیەکی هاوبەشمان دەرکرد گوتمان کاکە ئێمە لەگەڵ ئێوە بە یەکەوە ناتوانین هەڵبکەین، چووین بۆخۆمان پەیڕەوی یەکگرتنمان دروستکرد و لەگەڵ یەکێتی یەکمان گرتەوە.

رووداو: کەواتە یەکێتی ئەو سەنگەرەبوو، کە لەنێوان باشترینەکانت هەڵبژارد یان لەناو خراپترینەکاندا باشترینت هەڵبژارد، بە رای ئەو کاتەت؟

مەلا بەختیار: ئەوکاتە لە منیان پرسی گوتیان بۆ یەکێتی؟ گوتم لەبەر ئەوەی پیلانگێڕییەک هەیە لەدژی ئەو ئەزموونە دیموکراسییەی کە لە کوردستاندا هەیە، من دەمەوێت ئەو ئەزموونە دیموکراسییە لە رێگەی یەکێتییەوە بەهێز بکەین. ئەوە رای ئەوکاتەم بوو، برادەرانی ئاڵای شۆڕش هەموویان ئەمە دەزانن.

رووداو: سڕینەوەی پەڵە چڵکنەکانی فەرەیدون عەبدولقادر، لە کتێبەکەتدا خستووتە سەر بەرگەکەی. ئەم پەڵە چڵکنە چییە ئەوەندە لێی نیگەرانی؟ پێتوایە دەبێت کاک فەرەیدون و هاوسەنگەرەکانت هەڵوێستیان چی بێت بەرامبەر هەندێک رووداوی مێژوویی کە گوایە غەدر لەتۆ کراوە؟

مەعلوومە فەرەیدوون عەبدولقادر بەکێ دەڵێت دیکتاتۆر

مەلا بەختیار: کتێبەکەی کاک فەرەیدون 700 لاپەڕەیەکە، من پێموابێت ئەوەندەی نووسیوە بەشێکی کتێبێکی باشە، بەشێکیشی پێویستی بە وردبوونەوەی زۆربوو. کاک فەرەیدون غەدری لە مێژووی خۆی کردووە کە کتێبەکەی لەوە باشتر نەنووسیوە، چونکە کاک فەرەیدون زۆر گەورەتربوو لە مێژووی یەکێتی و کۆمەڵە لەو یادەوەرییەی کە نووسیویەتی. کاک فەرەیدون رۆڵی زۆری هەبوو لە دامەزراندنی کۆمەڵە، دوای کۆمەڵە لە زینداندا جوامێربووە. ئەمانە راستییەکن پیاو ناتوانێت ئینکاری لێبکات، بەڵام بۆمنی ئاڵای شۆڕش بۆ منێک کە کاری زۆر نەشیاو بەرامبەرم کراوە یەکەمین ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، یەکەمین سەرکردەی کۆمەڵە کە دانی بە هەڵەکانیدا ناوە بەرامبەر بە ئاڵای شۆڕش، کاک فەرەیدون عەبدولقادرە. کە دەڵێ ئەمە پەڵەیەکی چڵکنە ناومانە بە ناوچاوانی خۆمان. ئەمە وشەکانی خۆیەتی بەکاری هێناوە و منیش بەکارمهێناوە. دەشڵێ بەداخەوە ئێمە لەجیاتی ئەوەی خەباتی چینایەتی بکەین، ئێمە وابووین و وابووین ئێمە بەرەو دیکتاتۆریەت رۆشتین. مەعلومیشە بەکێ دەڵێت دیکتاتۆر.

رووداو: بەڵام لە کتێبەکەتدا دەڵێی زیاتر لەوەش دەزانێت، بەڵام پەردەپۆشی کردووە. .

مەلا بەختیار:منیش وادەڵێم، دەڵێم غەدری کردووە کە ئەوەندەی نووسیوە. کاک فەرەیدون لە ساڵی 1979وە کە هاتووەتە دەرەوە، تاوەکو ئەو رۆژەی کۆمەڵە هەڵوەشاوەتەوە، تاوەکو راپەڕین کە هاتووینەتەوە، بڕیارێک نییە کاک فەرەیدونی تێدا نەبووبێت. گفتوگۆیەک لە بەغدا و بەرەی کوردستانیدا نەبووە کاک فەرەیدونی تێدا نەبێت. زۆر شت هەیە کاک فەرەیدون زۆر باشتر لەمن دەتوانێت لەسەر ئەو ماوە مێژووییە بنووسێت.

رووداو: ئەم کتێبە زەرورەتی هەبوو یان پەرچە کردارە؟

نازانم بەیانی و دوو بەیانی کێ دەمکوژێت، بۆیە دەبوو ئەو کتێبە بنووسم

مەلا بەختیار: پەرچە کردار نییە، من نازانم بەیانی و دوو بەیانی کێ دەمکوژێت. منداڵەکانم چی بڵێن. بڵێن کە باوکمان زیندوو بوو بۆ ئەو هەموو رەخنەیەیان لێگرت نەیتوانی وەڵام بداتەوە، هەڤاڵەکانم بڵێن چی؟ مێژوو چیم پێ دەڵێت؟ من تاوەکو ئێستا 7 جار هەوڵی کوشتنم دراوە. ئێستاش گومانم هەیە دیسان هەوڵی کوشتنم بدرێت. بۆیە دەبوو جارێ ئەمە بڵێم تاوەکو بیرەوەرییەکەم دەنووسم، نازانم فریای بیرەوەریم دەکەوم یان ناکەوم .

رووداو: پێتواتە لە کتێبی لەبری بیرەوەری دادگاییکردنی ویژدانی هەندێک لە هاوسەنگەرەکانتە یاخود روونکردنەوەی راستیەکانە بۆ نەوەی ئێستاو داهاتوو لەسەر قۆناخێکی هەستیاری گرنگی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان؟

کە بیرەوەرییەکەم دەنووسم ئینجا دەزانن چیم لایە لەسەر رووداوەکان

مەلا بەختیار: هەموو ئەو تۆمەتانەی کە ئێمەیان لەسەر گرت، تۆمەتی ئەوەی دەمانەوێت جیا ببینەوە، دەمانەوێت هێز جیابکەینەوە، دەمانەوێت بچینە پاڵ پارتی دژی یەکێتی. هەموو ئەو تۆمەتانە کە منیشیان لەسەر خستە زیندانەوەو بڕیاری کوشتنیان دام، هەموو ئەو تۆمەتانەم بە بەڵگەوە هەڵوەشاندووەتەوە، بە دەستخەتی خۆم کە نووسیومە وانییە، بە وتارەکانی خۆم کە ئەوکاتە نووسیومە، سەلماندوومە کە ئەمە وانییە.

هەوڵمداوە هیچ شتێک بەبێ بەڵگە نەڵێم، هیچ شتێک بەبێ شایەد نەڵێم، شایەدەکانیشم زیندوون. بڕوات هەبێت حەز دەکەم هەموو خوێنەرێک دڵنیابێت کە بیرەوەرییەکەم دەنووسم ئینجا دەزانن چیترم لایە لەسەر رووداوەکان و کەسایەتییەکان و رابەرەکان و سیاسەتەکان، لەسەر شەڕە نێوخۆییەکان. ئێستا هەر ئەوەندەم پێ باشبوو بنووسم.

رووداو: ئەمەی لەو کتێبەی نووسیوتە چەند لە سەتی ئەوەیە کە دەیزانیت؟

مەلا بەختیار: 20%ی ئەوەش نییە کە دەیزانم.

رووداو: بۆچی ئیقتیسادی دەکەی؟

مەلا بەختیار: (بە پێکەنینەوە) لەبەر ئەوەی زۆر دەزانم. لەبەر ئەوەی راستیم زۆر لەلایە.

رووداو: هەندێک راستیت داناوە بۆ لێدانی پەرچەکردارەکان؟

مەلا بەختیار: نەخێر، نامەوێت بیرەوەرییەکەم لە “لەبری بیرەوەری” لاوازتر بێت. پێموابێت کاتێک بیرەوەرییەکەم دەنووسم لە ئێستا زۆر باشتر زەمینەی نووسینی بیرەوەری و وەرگرتنی راستییەکان دەڕەخسێت بۆم، بۆ خەڵکی دیکەش دەڕەخسێت.

رووداو: هێشتا بۆ ئەم کتێبەت ئێستاش زووە بۆ هەزمکردن؟

مەلا بەختیار: رەنگە وەکو خۆت گوتت پەرچەکردار دەبێت، رەتدانەوە هەبێت، بنووسن، رەخنە بگرن. ئەو رەخنەیەی رەخنەبێت بێگومان وەڵامی دەدەمەوە، ئەو قسانەشی دەبێت بە شەڕە جنێو و بوختان و توڕەبوون، ئەوە دەسپێرمە رۆژگار.

رووداو: چ شتێکی تایبەتیت هەیە لەسەر ئەم کتێبە بۆ ئەوەی بە خوێنەرەکانتی بڵێیت؟

مەلا بەختیار: من سوپاست دەکەم کاک رەنج، سوپاسی رووداویش دەکەم، هیوادارم هەر رۆژنامەو گۆڤارێک و هەر ئۆرگانێکی میدیایی دەیەوێت لەسەر کتێبەکەم قسەم لەگەڵ بکات، قسەی یەکلایەنە نەکات، بە بەڵگەکانمەوە قسە بکات.

بە دڵنیاییەوە منیش وەکو یەکێک لە کارەکتەرەکانی سەرکردایەتی ئەم بزووتنەوەیە، یەکێتی، کۆمەڵە، ئاڵای شۆڕش لە رووانگەی خۆمەوە شتەکانم نووسیوە، بە تەواوی مافی خۆم بووە بەرگری لە مێژووی خۆم بکەم، بەرگری لە مێژووی هاوڕێکان و هاوسەنگەرەکانم بکەم، ئەو غەدرەی لێمانکراوە، ئەو غەدرەی لە خەڵکی دیکەش کراوە، من لە رووانگەی خۆمەوە لەسەری بنووسم و توێژینەوەی لەسەر بکەم.

ئەوەش رەتدەکەمەوە کە من فرسەتم هێنابێت لەدوای جەنابی مام جەلال یان لەدوای کاک نەوشیروان ئەمەم نووسیبێت، وەکو گوتم من لە سەردەمی ئەواندا لە رووی گەورەیی ئەواندا هەر ئەدەبیاتی ئاڵای شۆڕش کە 1000 لاپەڕە زیاترە لەبەرامبەر یەکێتی و کۆمەڵەو سەکردایەتی کۆمەڵەو یەکێتی نووسیومە. ئەمە جیا لەوەی زیاتر لە 40 وتار و چاوپێکەوتنم هەیە، بەهەمان ئەو هەناسەیە قسەم کردووە کە لە کتێبەکەدا نووسیومە، بەڵام لەو کتێبە بەڵگەنامەم زۆر هێناوەتەوە.

مێژوو ئەمەیە، مێژوو دەریایەکە، تۆ دەتوانی بەقەد خۆت مەلەی تێدابکەی و خەڵکی دیکەش بەقەد خۆیان دەتوانن مەلەی تێدابکەن، بەڵام لە دوا ئەنجامدا هەموو ئێمەی کە ئەو شتانەمان گوتووەو دەنووسین، لە دوا ئەنجام ئەوە پسپۆڕەکانی مێژوون کە دەتوانن بێن راستییەکان بڵێن، راستییەکان هەڵبهێنجن لە قسەی هەموومان.

رووداو: ئەو پرسیارە زۆر کراوە دەڵێن باسی 22 کۆپتەرەکەی روونکردووتەوە؟

مەلا بەختیار: کاک نەوشیروان لە کتێبەکەدا باسی 50 کۆپتەر دەکات، ئیبراهم جەلالیش باسی 54 کۆپتەر دەکات. با ئەو برادەرانە لەمن نەپرسن کە باسی 22 کۆپتەر دەکەم. با بچن لە ئازادی سەرگرمە بپرسن کە یەکێکە لە پاکترین و راستگۆترین سەرکردە سەبازییەکانی ئێمە، بچن لە سامان گەرمیانی بپرسن، بچن لە ئاوات قارەمانی بپرسن، کە گۆڕانە بزانن 22 کۆپتەرەکەی من راستە یان راست نییە. ئەگەر یەکێک لەمانە بە دلێری سەید مەجیدیشەوە کە لەگەڵمان بووە، ئاوات، سامان، ئازاد کە هەرسێکیان سێ فەرماندەی سەربازی گەورەی یەکێتی بوون دژی ئاڵای شۆڕشیش بوون، ئەگەر ئەمانە وتیان ئەو 22 کۆپتەرە راست نییە، من بەشبەحاڵی خۆم ناچار دەبم بڵێم موبالەغەم کردووە لە قسەکانم.

رووداو: برادەرێک دەپرسێت، هەندێک کەس 22 کۆپتەری مەلا بەختیاریان پێ زۆرە، بەڵام 54 کۆپتەری خەڵکیان پێ کەمە.

مەلا بەختیار: لوتفی نواندووە، (بە پێکەنینەوە) چونکە لەبەر ئەوەی دوو بەرامبەرو شتێکە بۆیە پێیان کەمە.

کتێبی ” لە بری بیرەوەری” بۆ داگرتن ئێرە کلیک بکەن

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی