"an independent online kurdish website

هۆکاری هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر مالی مام “خۆرشید” گوندی “وارگەنمـ”ـی باکووری کوردستان چ بوو؟

بەڵێ دێموکرات بوون و هەتا سەر وەفادار مانەوە بە رێبازی دێموکرات شانازییەکی گەورەیە، بەڵام تێچوو و فیداکاری دەوێت. مام خۆرشید ئەو تێچوویەی داو فیداکاریشی کرد و هەر بۆیە کۆچی دوایی بوو بە غەمێکی قۆرس بۆ تێکۆشەرانی دێموکرات.

بەرێزان ئەم بابەتە هەلگری دوو رووداوی مێژووییە کە لە هەر دووکیاندا بە هۆی دێموکرات بوون و هاوکاری  مام خۆرشید شەن بە حیزبی دێموکرات و پێشمەرگەکانی، مام خۆرشید و هەتا هەموو بنەماڵەکەی رووبەرووی مەرگ دەبنەوە و بەڵام هەتا سەریش هەر دێموکرات دەمێننەوە.

مام خۆرشید لە ساڵی 1994 لە سەر تۆمەتی بێ بنەما لە لایەن پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە گیراو گۆیا سەرەتا رەوانەی زیندانی خواکۆرک کراو بۆ ماوەی چەند مانگ دادگایی و لێپرسینەوە و لە کۆتایدا بریاری ئێعدامی مام خۆرشید درا! دیارە هەر لە سەرەتایی گیرانی مام خۆرشید لە لایەن پەکەکەوە، بەرپرسانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران لە ناوچە چەندین جار سەردانی بنکەکانی پەکەکەیان کردو و داوای رۆنکردنەوەیان لە پەکەکە کرد کە بۆچی مام خۆرشیدیان گرتووە، چۆنکە تەنیا و تەنیا هۆکاری گرتنی مام خۆرشید لە لایەن پەکەکەوە هاوکاری لە گەڵ حیزبی دێموکرات بوو و هەموو ئەو تۆمەتە بێ بنەمایانەی نووسرابوون هیچ بەڵگە و راستییەکیان نەبوو، هەر بۆیە حیزب هەوڵی زۆری دا بۆ ئازادکردنی مام خۆرشید و سەرئەنجام گۆتیان مام خۆرشید لە خواکۆرکەوە بەرێکراوە بۆ ناوچەی شەمزینان (چیای شەهیدان) و گۆتیان دەبێ لە لایەن گەڵەوە دواجار دادگایی بکرێ!  هەر بۆیە خەڵکی ناوچە بە تاک و بە کۆمەڵ سەردانی بنکەکانی پەکەکەیان لە ناوچەکە کرد و داوای ئازاد کردنی مام خۆرشیدیان کرد و سەرئەنجام لە ژێر فشاری خەڵکی ناوچە مام خۆرشید بە زەمانەتی دوورکەوتنەوە لە هاوکاری کردنی حیزبی دێموکرات ئازاد کرا. بەڵام مام خۆرشید خۆی دێموکرات بوو و چۆن دەیتوانی لە دێموکرات دوور بکەوێتەوە؟

 دوای ئازاد بوونی مام خۆرشید کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکڕات لە هاتوو و چووی ماڵی مام خۆرشید خۆیان دەپاراست، ئەوە بۆ مام خۆرشید جێگای قەبوول کردن نەبوو و هەر بۆیە بە ئاشکرا گۆتی من بە پەکەکەشم گۆتووە ئەگەر دەمکوژن بمکوژن بەڵام بەو شێوەیەی ئێوە دەلێن من ناتوانم لە دێموکرات دوور بکەومەوە، هەر بۆیە بەردەوام بوو لە هاوکاری و دلسۆزی خۆی لە گەڵ حیزبی دێموکرات.

 مام خۆرشید هەمیشە ئامادە بوو بۆ هەر ئەرکێکی حیزبی و زۆرن ئەو ئەرکە حیزبیانەی کە پێی دەسپێردران و ئەویش بەو پەری دلسۆزیەوە بەرێوە دەبردن و سەرکەوتووش دەبوو، لە لایەکی دیکەش ماڵی مام خۆرشید شوێنی مانەوەی پێشمەرگە نەخۆش و هەتا پێشمەرگە بریندارەکان بوو، کام کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکڕات لە مەلبەندی شیماڵ و هێزی ئاگری هەیە کە دەرگای ماڵی مام خۆرشیدی نەکردبێتەوە و لە لایەن رەوان شاد دایە “ئەمینە” هاوژینی مام خۆرشید کە بە دایکی پێشمەرگەش دەناسرایەوە بە وشەی (ئەز قۆربانا کورێ خۆبم) بە گەرمی وەرنەگیرابێ؟ بەراستی مالی مام خۆرشید وەک بنکەی حیزب دەچوو هەتا وەک ماڵی شەخسی، هەر بۆیە ئەوجار رێژیمی ئاخۆندی کەوتە پیلانگێران بۆ زەربە لێدان لە مام خۆرشید و بنەماڵە سەربەرزەکەی.

 هاوینی ساڵی 1996 بوو لە سەر بریاری کومیتەی شارستانی ئورمیە  “عەزیز مورادپەرەست” (خۆم) کە ئەو کات ئەندامی کۆمیتەی شارستان بووم، بۆ ئەنجامدانی ئەرکی حیزبی بە شەو گەیشتمە ماڵی مام خۆرشید، خەڵکی گۆند ئاگاداریان کردینەوە کە دوو کەسی چەکدار هاتوونەتە ناو گۆند و پڕسیاری پێشمەرگە یان کردووە و دوای گۆندیان بەجێ هێشتووە، پێویستە ئەوەش بڵیم پایگایەکی هێزەکانی رێژیم لە چەند سەد مێتری گۆند واتە لەو بەری چووم بوو.

ساعەت نێزیک بە یەکی شەو بوو، من و مام خۆرشید شەو خۆشیمان بە یەکتر گۆت و ئەو دەرگای ژوورەکەی منی پێوەدا و رۆیشت، من هێشتا نەخەوتبووم و بەڵام بنەماڵەی مام خۆرشید بێجگە لە خۆی، هەموویان لە خەوێکی شیرین دابوون، بێ خەبەر لەوەی کە تیرۆریستەکانی رێژیم بەرنامەی قەتل و عامی بنەماڵەکەیان هەیە، بەڵی شەوێکی بێدەنگ و تاریک بوو، تیرۆریستەکانی رێژیم لە پەنجەرەی ژوورەکەوە 2 نارنجۆکی دەستی کە پێیان دەگۆت چل تیکە فرێیان دایە ناو مالی مام خۆرشید! بەڵی گرمەی تەقینەوەی نارنجۆکەکان یەک لە دوای یەک، بێدەنگی شەوی شکاند و هاواری منداڵەکانی مام خۆرشید و بۆنی دووکەڵ و وێران بوونی بەشێکی زۆر لە نێو ماڵەکەی هەواڵێکی ناخۆشی دەگەیاند، کەس ئاگای لە کەس نەما، هاوار و گریانی منداڵەکان و شکانی شووشەی پەنجەرە و دەرگا و وێران بوونی ناو ماڵەکە، تەنیا لە تیرۆریستانی ئاخۆندی چاوەروان دەکرا.

بەڵی مام خۆرشید پێش ئەوەی بزانێ منداڵەکانی چیان بەسەر هاتووە، بانگی منی کرد و گۆتی توو سڵامەتی؟ هاوکات کەلاشینکۆفەکەی هەڵگرت و چووە ناو گۆند و هاواری دەکرد و دەیگۆت هەی ترسەنۆکینە بۆ هەڵدێن؟ وەرن ئەوە من لێرەم، وەرن بمکوژن، وەرن من دێموکراتم، من پێشمەرگەم، هەروەها یەک خەشاب گوللەی روو بە پایگای رێژیمدا (کۆماری ئیسلامی) تەقاند و دوای بە زۆر هێنامانەوە ژوور، بەڵێ دیارە من لەو پیلانەی رێژیم  بە سڵامەتی رزگاریم بووم، بەڵام بەداخەوە وێرای زەرەر و خەسارەتێکی زۆری ماڵی، کورە گەورەی مام خۆرشید کاک ئیحسان کە لاوێکێ تازە پێگەیشتوو بوو و ماوەی کەمتر لە دوو مانگ بوو،  ببووە باوک، بریندار بوو و خوێنی رژایە ناو ماڵەکەیەوە.

رۆژی دوایی هێزێکی زۆری رێژیمی ئێران بە سەرپەرەستی حاجی موستەفا (مستوی عەمێ) هاتنە ناو گۆند و هاوکات هێزێکی زوڕیش لە عەسکەری تورک هاتن و لە ناو گۆند یەکتریان دیت و بەرەو ماڵی مام خۆرشید دەهاتن، من هێشتا هەر لە ماڵی مام خۆرشید بووم و ئەو نەیدەهێشت بۆ هیچ شوێنێک بڕۆم، بەڵام هەر چۆنێک بوو بە لیباسی شەخسی لە گەل چەند کەسێکی دیکە کە لەوێ بوون وەدەرکەوتم و لە گەل کەسێک لە پشت ماڵەکانەوە بەرەو ماڵی کاک موستەفا چووم، هەر دوو هێزی داگیرکەر گەیشتنە ماڵی مام خۆرشید و فیلم و وێنەیان لە ئەو وێرانییە یان گرت کە دوای ئەو هێرشە بەجێ مابوو و دوای گۆندیان بەجێ هێشت.

منیش هەر لە ماڵی کاک موستەفا مامەوە و هەر کە شەو داهات لە گۆند وەدەرکەوتم و بەرەو شوێنی دیاری کراو واتە ئەو شوێنە کە هاورێیانی کومیتە چاوەرێم بوون ڕویشتم.

پێویستە ئەوەش بڵێم بەهۆی زەڕەر و زیانێکی زۆر کە وەبەر ماڵی مام خۆرشید کەوتبوو، بە بریاری کۆمیتە و بە دیاری کراویش هاورێم کاک مەلا عەبدولا عەبدی کە ئەو کات بەرپرسی بەشی ماڵی کومیتە بوو بە پێی ئیمکان یارمەتی ماڵی مام خۆرشید کرا.

دوای ئەو کردەوە ترسەنۆکانەیەی تیرۆریستەکانی رێژیم مام خۆرشید هەر وەک جاران و بگرە زیاتریش هاوکار و پشتیوانی حیزب و پێشمەرگەکانی بوو.

جێگای ئاماژەیە ئەو دوو تیرۆریستەی رێژیم بە ناوەکانی حاجی ئاسیابان خەڵکی گۆندی گێسیان لە ناوچەی مەرگەوەر و قۆتبەددین کوری حاجی موستەفا (حاجی مستێ) حەڵکی گۆندی کۆلە لە ناوچەی شەمزینانی باکووری کوردستان دانیشتووی شاری ئورمیە بوون. دوای ئەو کردەوە تیڕۆریستیە هەر دوو کەسەکە لە لایەن رێژیمەوە خەڵات کڕان و لە باری ماڵیشەوە هاوکاری باشیان لە رێژیم وەرگرت.

پێویستە ئەوەش بڵێم برایەکی قۆتبەددین بە ناوی داود لە گەڵ تیرۆرستێکی دیاری ناوچە بە ناوی مەنسوور خەڵکی گۆندی نێرگی لە بەهاری ساڵی 1368ی هەتاوی بە پیلانێکی نامەردانە کادری بەوەجی حیزب مام عەلی پاوەری لە ماڵەکەی خۆیان واتە لە ناو ماڵی حاجی مستێ لە گۆندی کۆلە  دایانە بەر دسترێژی گۆللە و شەهیدیان کرد و دوایش چوونە شاری ئورمیە و خەڵاتیان وەرگرت.

بەداخەوە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، مام “خورشید شەن” کەسایەتیی خۆشناو و نیشتمانپەروەر لە گوندی “وارگەنمـ”ـی کوردستانی باکوور، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

نەمری بۆ شەهیدانی کوردستان و روورەشی بۆ تیرۆریستانی رێژیمی ئاخۆندی.

رۆحی مام خۆرشید شاد و جێگای لە ناو دڵی تێکۆشەرانی دێموکرات دا هەمێشە بە زیندووی دەمێنێتەوە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی