"an independent online kurdish website

ڕێکەوتی ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ڕبـیع ألأول ( بـەهاری یـەکەم ) ساڵی فـیل محەممەدی پێغەمبەر لەدایک بووە. ڕۆژی ٢ شەممە لە لای پێغەمبەر زۆری ڕێز لێگیراوە چونکە { هەر لەو ڕۆژەدا لەدایک بووە و هەر لەویشدا وەحی بۆ هاتووە}

مانگەکە بۆیە لەپایزدا ناوی بەهاری لێنراوە، چونکە بە ناردنی ئەو زاتە پاکە دەرگای خێرو بەرەکەت و ڕوحمی خوا بەسەر مرۆڤایەتی دا کراوە، وەک چـۆن وەرزی بەهار دەسپێک و دەروازەی ژیانەوەی زەوی و بەرهەم و ڕۆزی گیـان لەبەرەکانە.

ئەو جێژن و وەبیر هێنانەوەیە بێگومان قازانجی زۆرن وەک ( ١ ) خۆشەویستیـ و نیزیکی ئەو لە دڵەکان و باسکردن لە خوو خدە بەرزەکانی . (٢) ڕیزگرتن لـە زەحـمەت وتێکۆشانـەکان و ڕێنوێنیە بـەنـرخـەکانی ( ٣ ) ڕەچـاو کردنـی خەسڵەت و تایبەتمەندیە بـەرزەکانی وەک سەبـر و خـۆڕاگری و سور بون لە سەر ڕێبازو ئامانجەکانی، بە هێمنی و بە لێزانی .( خوا فەرمویـە : پێیان بـڵێ ئەگەر خواتان خۆش دەوێی وەشوێن من بکەون خوا خۆشی دەوێن و لـە گوناحانو خۆش دەبێ ، خوا دەهندەی دلۆڤانە ) ( ٤ ) سەداقەت دەسگیرۆیی هەژاران . ( ٥ ) وەبیر هێنانـەوە بـۆ بـەردەوامی . ( ٦ ) نـیشانـدانی خۆشی و شادی بۆ ئەو لەدایکبونە .

هۆکارەکانی خۆشەویستی ئەو پەیامبەرە زۆرن ، بەکورتی یەک : فەرمانی خوایـە. دوو: نیشاندانی دروستی ئیمانـە. سێ : رێـنوێنی دروستی کۆمـەڵگای ئینسانە. چوار: ڕووکردن لە گشت خەسڵەتی بەرزی مرۆییو ڕێزو حورمەت وپاراستنی مافەکانی کۆمەلگای مرۆڤەکانە . پێنجەم: ڕەچاو کردنی شێـوەکارو هەڵسوکەوتەکانی ئەو ڕێبەرە مەزنەیە . بـە ڕای من هـەر کەس بۆی هەیە و دەبێ ڕیزلە ڕێبەر خۆی چ ئایینی و چ سیاسی وهیتر بگرێی، چونکە هەرکەس بێحورمەتی بەڕێبەرەکەی خۆی بکا لە پێشدا بیحورمەتیە بەخۆیو ڕێبازەکەی. واتە تۆنازانی چ ڕیگایەک گرتوەو بەشوێن چ کەس و ئامانجێک دا دەڕۆی! ئەگەر حورمەتی ڕێبەری خەڵکانیتر نەگری ، هەم دەستت بـۆ ماف و ئـازادی کەسانیتر درێژ کردوە وهەم دەبێ چاوەڕوانی دژکردەوەش بکەی ! با ئەوەش بزانی ڕێبەرانیش هەڵەیان هەیەو هەموو شتێک نازانن . پێغەمبەران لەکارو باری دینەکەیان دا بۆیە هـەڵـەیـان نـەکردوە ، چونکە ئـەوەی وەک دیـن بـە خەڵکی دەڵێن لە خۆیانەوە نیە بەڵکو بەدەق لـەخواوە پییان دراوەو کراونـە مەعموری گەیاندنی ، جوانتر بڵێم : داهێنەر نین ڕاگەێینەرن. ئـەوەی وەک ئەرکی ئایینی بۆ ئێمە دیاریکراوە بۆ ئەوانیش هەمان شتە ، بێ زیادو کەم. من ڕوم لە گەلی کوردە و دەڵێم : با ئێمە هەموو شتێک نەکەینە ڕەش و سپی بەڵکو ڕەنگیتریش زۆرن ، کەوابـوو کوردستان شـوێـن و جـێـگای هـەمـوو ڕەنگەکانو دینەکان و بێدینەکانە . باشترین و جوانترین ئیدە یان ئایین ئەوەیانە کە بتوانێ وڵاتەکەی بەهەموو ڕەنگەکان بڕازێنەتەوە . خۆ موسوڵمانان دەبێێ بزانن ئەگەرهەڵە نەبم زیاترلە ( ١٦) ئایەتی قورئانی بە وشەی ( یاآیهاآلناس) دەست پێدەکا. با خوشک و برا موسوڵمانەکان بزانن ئەو جێژنە تەنیا شەربەت خواردنـەوەو خورما خواردن نیە ، بـە ڵکو چـاوخشانـدنـەوەیـە بـە ئـاکـارو کردەوەکانت لە یـەک ساڵ ڕابـردودا ، چەنــدەت لـە فـەرمانـەکـانی خـوا بـە ڕێنوێنیەکانی پێغەمبەر ئەنجام داوە. هەڵیان سەنگێنە ئەگەر تای تەرازوەکەت بەلای چاکە دا قورستر بوو ئەوە جێژنەیە ، ئەگەر بەلایەکەی دیکە قورستر بوو ئەوە جیژن و شادی نیە بەڵکو پەشیمانی و گریانە . هیوادارم بتوانین لەو بۆنە پیرۆزانە دەسکەوتی ڕوحی و ئەخلاقیمان هەبێ .

بەو بۆنە مەزن و بایخدارەوە پیرۆزبایی لەسەرجەم موسوڵمانان بە تایبەبەت خۆشکو بـرا کوردەکانم دەکەم و ئاواتـە خوازم بەڕەچاوکردنی ڕیبازی ئەو خۆشەویستە ئێمەش بـەئـاواتـە مەزنـەکەمان کـە ڕزگاری نـیشتـمان و گەلـە بگەین .

 جـــــێـــــژنـــتـــان  پــیــرۆز

 براتان مەلا برایمی مەجید پور ٧ خەزەڵوەری ٢٧٢٠ کوردی

     ٢٨ / ١٠ / ٢٠٢٠ زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی