"an independent online kurdish website

(ئه‌لـبێرت ئەنیشـتاین) دەڵێ:” گەر دەتـەوێ منـداڵەکەت زیـرەک بێ، چـیرۆکی خەیـاڵی بۆ بخـوێنـەوە. گەر دەتـەوێ زیرەکـتر بێ، چـیرۆکی خەیـاڵی زیاتـری بۆ بخـوێنـەوە..”

زاراوەی “چیرۆکی ئەفسانەیی” و “چیرۆکی خەیاڵی” لە زمانی کوردی و لە زمانەکانی زۆربەی گـەلانی جیهـانیشدا، بە دوو زاراوەی هـاومان دادەنرێـن، بە زۆریـش لە جـێی یەکتری بەکـاردەهـێنرێن. لەم نووسینەمـدا هـەردوو وشەکەم بەکارهـێناون. هەنـدێ لە نووسەرانی بواری فۆلکـلۆر، ئەوەیان پێ باشە، کە بۆ چیرۆکە ئەفسانەییەکان، زاراوە ئەڵمانییەکە (مارچـین) یا (چـیروكه‌ سه‌یـره‌كـان) بەکاربهـێنرێ.

چـیرۆکە ئەفسانەییەکان، چـیرۆکی خەیـاڵئامێزن، بەشێکی دیاریکـراون لە چـیرۆکە میللییەکان. ئاسان نییە کە بتوانین جیاوازی لە نێوان ئەم دوو جۆرە چیرۆکەدا بکەین. هەردوو جۆرەکەش بەشێکـن لە فـۆلکـلۆر. هەر نەتەوەیەکیش لە نەتەوەکانی جیهان، خاوەنی چـیرۆکی ئەفـسانەیی تایبەت بە خۆیانن و شانـازی پێوە دەکـەن. کـۆمەڵـێک چـیرۆکی ئەفـسانەییش هـەن، بـوونە بە چـیرۆکی گـلۆباڵـیزمی، هەر نەتەوەیـەک بە چـیرۆکی خۆیـانی دەزانـن.

چیرۆکە ئەفسانەییەکان، جۆرێکن لە چیرۆکی کورت. بە زۆریش تایبەتن بە منداڵانەوە.

جیاوازی ئەم چیرۆکانە لەوەدایە، کە بە زۆری لە چوارچێوەیەیەکی جـادوویی دان و بە بە گـشتی جـادوو بنەمـای سەرەکی و بەشـێکە لـەم چـیرۆکە ئەفـسانەییانە، پاڵـەوان و کەسایەتی و کارەکتەرەکانی خەیـاڵی و ئەفـسانەیین، وەکو:”جـنۆکە، شـەوە، جادوگـەر، دیـۆ و درنـج، ئەژدیها، رمـۆزن، مەڕنەمووکە، لـۆژەنـد، ئەرژەنگ، چەتەوڵ، شۆمقار، سیمرخ، ئەسپی باڵـدار، گۆڕنەتـەڵە، مـاری حەوت سەر، پەنجەبـاڵا، چەرخ و فەلـەکی ئەفسووناوی، قەقنەس، چەندین دەعبای خەیاڵی تر” یا دەربارەی رووەک و هێزەکانی سرووشتین وەکو:”باران، بەفر، بروسکە، رەشەبا و زریان، لافاو، گەرما، گەردەلوول،  داربـەڕوو، دارگوێـز، گـوڵ، سـیۆ،…هـتد” هەموو ئەم رەگەزانەش، تایبەتمەندییەکانی مرۆڤـیان هەیە، باوە کە لە چـیرۆکە ئەفـسانەییەکاندا، ئاژەڵان قسە دەکەن، دار دەڕوات، باڵنـدە بە زمانی کوردی قسەدەکـا. شاخ دەتـۆرێ، گـوڵ زیـزدەبێ، پەپوولە گلەیی دەکـا، هەتـاو پێـدەکەنێ، ئاژەڵەکـان بۆ سەرکەوتن بەسەر کێشە و کۆسپەکـان و نەیارەکـانیادا یەکدەگـرن، فریشەکان دەبن بە فریاڕەسی لێقەوماوان، سیمرخ دەبێ بە تاکسی ئاسمان، چەرخ و فەلەک دەبێت بە کەشتی ئاسمانی و لەسەر ئەستـێرە گەشەکـان دەنیشێتەوە. منـداڵانیش ئەمانەیـان پێ سەیـر نین و ناشـپرسن، کە چـۆن ئـاژەڵ دەدوێ، یا چـۆن باڵندە فـێری زمانی کوردی بووە، یا چـۆن ئەسپ باڵی هەیە و دەفـڕێت، چـۆن مانگ سەردانی زەوی دەکـا؟

   بەشێکی زۆریش لە چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان، پاڵەوان و کارەکتەرەکـانیان کەسایەتی مـرۆڤ، وەک (شا، شاژن، شازادە، میـرزادە، جـووتیار، شـوان، لاو، منـداڵ، پیـرەژن، ریش سپی، فاڵـچی، جـادووگەر،…هتـد).

ئەم چیرۆکانە پـڕن لە کاری جادوویی، سەرکێشی، جەربەزەیی، ملهوڕی، شەڕانگێزی، پێکەنین، گریـان، خۆشەویستی، تـرس، ئیرەیی، هەڵخەڵەتـاندن، کـاری لە توانابـەدەر.

زۆر جـار پاڵەوانەکـانیان، لە شەڕێـکی دژواری دەستەویەخـەدان، بـەڵام لە کۆتـاییدا، بەسەر هەمـوو مەترسیـیەکانـدا، زاڵـدەبن و نەیارەکـانیان دەبەزێـنن و سەردەکـەون و ئاهەنگی خۆشی دەگێڕن. سەرکەوتن هەردەم یاوەری ئازایانی کۆڵنەدەر و پیاوباشان و چاکەخوازان و ژیر و داناکانن. بە زۆریش کچـانی جـوانی شاکان، دەبـن بە دەزگـیرانی کوڕانی ئازا و سەرکێش و براوەی گرەو و مەرجەکانی شاکان، یا میرزادە جوانەکانی و رزگـاربووی جادوولێکـراوەکـان.

پەنابردن بۆ جادوو لەم چیرۆکانەدا ناچارییە، چونکە ئامانجەکـان بە رێگـای ئاساییەوە نایەنـەدی، دامـان و رامـان و بێ دەسـەڵاتی پاڵـەوانەکـانیش دەگـەنە لـووتـکە، لە رێی جـادووە و ئامانجەکـان دێنـەدی، بە خـۆشی و شـادی کۆتـاییان دێ.

هەنـدێ جـاریش جـادوو بۆ نیاز و مەبەستی خراپ بەکاردەهـێنرێ، بەڵام بە زۆری ئەم جـادووە خـراپانە، لە کۆتـاییدا بە کـارێکی چاکە و خـێرخوازی، بەتـاڵ دەکرێنەوە. وەکو لە چـیرۆکی (بەفـرین) و (شـازادە و بـۆق) و چەنـدین چـیرۆکی تـردا.

تەنـانەت بەشـێکی زۆر لە چـیرۆکنووسان و رۆماننوسانی ئەم سەردەمەش، پەنایان بۆ جـادوو بردوون. بۆ نموونە، خاتوو (جـوان رۆلینگ: ١٩٦٥ـ لە ژیان دایە) نووسه‌ری چـیرۆكی (هـاری پـوتـه‌ر)، کە بە شاکـاری بـەرزی جـیهـانی ئـەدەبی منـداڵان دادەنـرێ. جـوان رۆلـینگ بۆ ئەنجامـدانی کارێکی لە تـوانابەدەر و سەرکەوتن و زاڵـبوون بەسەر تەگەرەکان و نەیاری پاڵەوانی سەرەکی چـیرۆکەکەی (هـاری پوتـەر) پەنـای بـۆ جادوو بـردووە، نەیتـوانیوە لـە چـوارچـێوەی چـیرۆکی ئەفــسانەی کـلاسـیکی دەربچـیت.

لە چـیرۆکی ئەفسانەیی کوردیشدا، چیرۆکی (پیرەژن و چەرخوفەلک) کە پیرەژن لە رێی جادووەوە بە چەرخوفـەلکێک دەفـڕێت. شاعـیری گەورەی گەلەکەشمان ئەحمەدی خانی (١٦٥٠ـ١٧٠٧) لـە شاکـارە جیهـانییە نەمـرەکەیـدا (مـەم و زیـن) پـەنـای بـۆ جـادوو بـردووە. لە (ئیـنجـیل) و (قـورئـان) یشـدا، چـەنـد چـیرۆکـێکی ئەفـسانەیی هـەن.

لە دوای هەموو شتێک هەروەکو چیرۆکنووسی بەناوبانگ (هانز كریستیان ئه‌نده‌رسین) جـارێکـیان وتی:”ژیـان خـۆی نایـابتـریـن چـیرۆکـی ئەفـسانـەییـە “

مێـژووی چـیرۆکی ئەفـسانەیی:

ئەستەمە کە بتوانین بە شێوەیەکی کۆنکـریتی، رەسەنـایەتی و مێـژوو و کات و شوێنی سەرهەڵدانی چیرۆکە ئەفسانەییەکان دیاری بکەین. بە تایبەتیش ئەو چیرۆکانەی کە بە زارەکی گـێڕاویانەتەوە. بەڵگە نووسراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە مێـژووی چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە. ئەم چیرۆکانە بە زارەکی و بە شـێوازێکی درامی، نـەوە لە دوای نـەوە گـێڕاویانەتـەوە و گواسـتوویانەتـەوە، تا بە ئەمـڕۆ گەیشـتوون. ئـەو دەقـە چـیرۆکە ئەفـسانەییانەی کە لە ئەمـڕۆدا دەیـانبـینین، بە درێـژایی ساڵانی رابـردوو دەستکـاری کـراون و گـۆڕانکـارییان تێیانـدا کـردوون. بـۆیە سەیر نییە کە بە چەند شێوازی جیاواز، چیرۆکە ئەفسانەییەکان بەرچاومان دەکەون، یا بۆمان دەگـێڕنەوە. لەگەڵ ئەوەشـدا،  بەشێک لە چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان لە فۆلکلۆری گەلان و وڵاتانـدا لەیەکـدەچـن، گەرچی جیاوازی لە کات و شوێنیانـدا هـەن. بۆ نموونە:

چیرۆکی ئەفسانەیی (کۆڵـوانەسوور) لە ئێستا وەکو یەکـێک لە چـیرۆکەکانی نووسەری فەرەنسی (چـارلـز پیـرۆ: ١٦٢٨ـ ١٧٠٣) دەخوێنـرێتەوە. بەڵام لە راستـیدا، مێـژووی ئەم چـیرۆ بۆ زیـاتر لە هـەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتـەوە.

چـیرۆکی کۆڵـوانـەسوور لە دەقـە کۆنەکەیـدا، دەربارەی کچێکی بچووکە، کە زەمبیلێک کـێکی  پێـیە، کە بیـبات بـۆ داپیـرەی، رێگـاکە کەوتـۆتە نـاو دارسـتانێکەوە. گورگـێکی نەگـریس رێ لە کۆڵـوانەسوور دەگرێت، ئەوەی لێبیست کە بۆ مـاڵی داپیـرەی دەچـێت، کە لە ئەوپـەڕی دارستانەکەدایە.. لەم دەقـە کۆنـەدا، گوورگـە داپیـرەی دەخـوات.

بەڵام لە دەقەکانی دواییدا دەستکاری کراوە، داپیـرەی خۆی دەشارێتەوە، گورگةەش لە جێگـای داپیـرە راکـشاوە و چـاوەڕێی کۆڵـوانەسوور دەکـات، کە بێـت و بیخـوات. بەڵام (دارەکەرێک) لە هەندی دەقی تردا (راوكه‌رێک) دەبێت بە فـریاڕەس و کۆڵوانەسوور و داپرەی رزگـار دەکـا. چـیرۆکەکە بە مـەرگی گـورگـەکە و بە خـۆشی کـۆتـایی دێـت.

لە دەقـی ئەم چـیرۆکەدا بۆ منـداڵان، لە ئـەدەبی فـۆلکـلۆری (چـین) دا، کە مێـژووی بۆ زیاتر لە (١٢٠٠) سال پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، لە جیاتی گورگەکە، پڵنگێکی نەگریسە.

لە دەقە کۆنەکەیدا، چیرۆکی ئەفـسانەیی (بەفـرین)دا، بەفـرین وانە و پەنـد لە هەڵەکەی فـێردەبێت، بەڵـێنی ئـەوەش دەدا، کـە دووبـارە سەرپێـچی لـە ئامـۆژگـارییەکانی دایـکی نەکات. کە دەچـێت بۆ مـاڵی داپیـرەی پلانێکی پاراستـنی بۆ دانـراوە، لە گـورگ نزیـک نابێتەوە، نیـاز و رازی خـۆی بۆ گـورگ بـاس ناکـات.

لە چیرۆکی (بەفرین) دا، کە داهێنەری فیلمی کارتۆن و سینەماکاری ناسراوی ئەمریکی و جیهـانی (واڵـت دیـزنی: ١٩٠١ـ١٩٦٦) کردوویـە بـە فـیلمی کـارتـۆنی ئەنیـمەیـشن، دەستکاری دەقـەکەی کـردووە، زۆری لێ گۆڕیـوە. بۆ نموونە لە پێشەکی ئـەم فـیلمەدا، واڵت دیزنی نووسیوێتی:”جارێکیان شازادەیەکی جوان، ناوی سنۆوایت (بەفرین) بوو، قژێکی رەش وەکو شەو، لێوەکانی سووربوون وەکو گوڵ، پێستی سـپی وەکو بەفـر”.

بەڵام لە دەقـە کلاسیکییەکەیـدا، پێشـەکی ئـەم چـیرۆکە، بـەم شێوەیـەیە:” جارێکـیان لە ناوەڕاستی زستانـدا، کە بەفـر وەک پـەڕی سپی لە ئاسمانەوە دەهـاتە خـواروە، شـاژن لای پەنجەرەیەکی کۆشکەکەوە دانیشتبوو، خەریکی دروومان بوو، داری پەنجەرەکەیان لە داری ئەبەنـۆسی رەش بـوو. شـاژن لـە دیمـەنی بەفـر بـارینیەکـەی دەڕوانی، خـەیاڵ بـردییەوە. لە پڕێکـدا دەرزییەکە چوو پەنجە تووتەی دەستە چەپیدا، خوێنی لێهات، سێ تنۆک خوێنی ئاڵ کەوتنە سەر بەفـرەکە. شاژن لەبەر خۆیەوە وتی: ئایا منداڵێکم دەبێت، سپی بێت وەکو بەفر، سوورە بێت وەکو خوێن، قـژی رەش بێت وەکو داری چوارچێوەی پەنجـەرەکە؟”. دەبینین ئەم پێشەکییە دەوڵەمەنـدە بە وشـەی جـوانی زمـان، منـداڵان بە خوێندنـەوەی یا بە بیستـنی ئەم پێشەکییە، چـێژ لەو وشـە جوانـانە وەردەگـرن.

دوو تیۆر هەوڵی ئەوەیان داوە، کە رەسەنایەتی و رەگەزە هاوبەشەکانی نێوان چـیرۆکە ئەفـسانەییەکـان لێکبـدەنەوە. کە لەنـاو گـەلانی هەمـوو کێـشوەرەکانـدا بڵاوبـوونـەتەوە.

تیـۆری یەکـەم، دەڵێ: هـەر چـیرۆکێکی ئەفـسانەیی دیاریکـراو، لە رەسەنـایەتی یـەک سەرچاوەوە سەری هەڵـداوە. دوایش بە درێژایی ساڵان بڵاوبۆتەوە و لە کولتوورێکەوە بـۆ کولتـوورێـکی تر گوێـزراوەتـەوە.

تیۆری دووەم: ئاماژە بەوە دەکا، کە چیرۆکە ئەفسانەییەکان، بەری ئەزموونی هاوبەشی مـرۆڤـایەتیـن، کە لـە دوییـدا بـە شـێوازێـکی رەسەنـایەتی جیـاواز دەرکـەوتـوون.

تا ئەمڕۆش چەنـدوچـوون دەربـارەی لێکـدانەوەی ئەم دوو تیۆرە هەیە، ساغ نەبۆتەوە کە کامیـان راسـتە.. دەشێـش لە تـێکـەڵی هـەردوو تیـۆرەکە پێکهـاتـبن.

چـیرۆکەکـانی، ئەفـسانەنووسی بەناوبـانگی یۆنـانی (ئیـزۆپ : ٦٢٠-٥٦٠ : پ. ز) لە نێوان یەکەمین چیرۆکە ئەفـسانەییە نووسراوەکانە، کە لە هـەموو جـیهانـدا ناوبانگـیان دەرکـردووە. بەشێکی زۆریشیان بۆ سەر هـەموو زمانەکانی گەلانی جیهان وەرگێڕاون.

نووسەری رۆمـانی (فـویـدرۆس) لە ساڵی (٣٢٠) ی پێش زایینی، بەشێک لە چـیرۆکە ئەفـسانەییەکـانی ( ئیـزۆپ) ی وەرگـێڕانەتە سـەر لاتیـنی.

ئیـزۆپ، زیـاتـر لە (٦٠٠) چـیرۆکی ئەفـسانەیی نـووسـیوە.

چـیرۆکنووسێکی تـری یۆنـانی، بە نـاوی (هـیزیـۆدۆس) لـە پێـش ئیـزوپ، لـە سـاڵی (٨٠٠) ی پێش زاینی کۆمەڵـێک چـیرۆکی ئەفـسانەیی نووسـیوە.

چیرۆکە ئەفسانەییەکانی، فەیلەسووفی هیندی (به‌یده‌با) ‌ له‌ژێر ناوی (كلیله‌ و دیمنه‌) دا،

مێـژووی ئەم چـیرۆکە ئەفـسانەییانەش بۆ سـاڵانی پێـش زاینی دەگـەڕێنەوە.

نووسەری بە ناوبانگی فەرەنسی (جان دی لافـۆنتین : ١٦٢١-١٦٩٥) لە پەرتووکێکی دوانـزە بەرگـیدا (٢٤٣) چـیرۆکەشیعـری ئەفـسانەی نووسیون و چـاپی کـردوون.

(چارلـز پـیرۆ: ١٦٢٨ـ ١٧٠٣) نووسەرێکی فەرەنسی بە ناوبانگە و بە کەڵەنووسەری چـیرۆکە ئەفـسانەییەکانی منـداڵان دادەنـرێ، کۆمەڵـێک چـیرۆکی ئەفـسانەیی بۆ منـداڵان نووسـیووە، کە هەنـدێکـیان بە شاکـاری جیهـانی ئـەدەبی منـداڵان دانـراون. لەوانـەش: سانـدرێـلا، یا (سانـدرێلا و پێڵاوە شووشەییەکە)، کۆڵـوانەسوور، شۆخـە نووستووەکە، ریش شیـنەکە، پشـیلەی چەکمـەلـەپێ.

برایانی ئەڵمانی (یاكـوب كـارڵ گریـم : ١٧٨٥- ١٨٦٣) و (ولیـه‌م كارڵ گریـم: ١٧٨٦-١٨٩٥) لە ساڵی (١٨١٢) دا (١٥٦) چـیرۆکی ئەفـسانەییان، کۆکـردنەوە ودووبـارە نووسییاننـەوە و لەژێـر نـاوی (چـیرۆك بـۆ منـداڵان و مـاڵان) لە بەڕلـین چاپکـراوە.

هەر لە شێوازی برایانی گریمی ئەڵمانی، دوو چـیرۆکنووس و فـۆلکلۆریستی نەرویجی، ناویـان (پیـتەر کـریستین ئـاسبیورنسن: ١٨١٢ـ ١٨٨٢) و ( یـۆرگـن ئینگـبریتسن مـۆ: ١٨١٣ـ ١٨٨٥) لـە نێـوان سـاڵانـی (١٨٤١-١٨٤٤) یەکـەمیـن کۆمـەڵـە چـیرۆکی ئەفسانەیی نەرویجییان کۆکردنەوە و نووسییانەوە و لەژێـر ناوی (چـیرۆکە نەرویجـیـیە میلـلییەکـان) دا چـاپیان کـرد، کە بەشـێکی زۆریـان بۆ منـداڵان دەشــێن.

کەڵە چـیرۆکنووس و شانـۆنووسی بەناوبانگی دانیـمارکی و جیهـانی، (هـانـز كریسـتیان ئه‌نـده‌رسن: ١٨٠٥-١٨٧٥). هـانز ئەنـدەرسن بە بـاوکی چـیرۆکی منـداڵان لە جیهـانـدا دانـراوە ، هـانز لە ساڵی (١٨٣٥) دا یەکـەمین پەرتـووکی خـۆی لەژێـر ناوی (چـیرۆكه‌ ئەفـسانەییەکـان بـۆ منـداڵان) چاپکـرد و بـڵاوی کـردەوە. لەوانـەش ( پێـڵاوی سـوور، تۆمالیزا، کچە شقارتەفـرۆشەکە، کاڵای باڵای ئیمپراتـۆرە تازەکە، جـووچـکە مراوییەکی ناشیرین، شازادەی بەفـر، کچە شـوانەکە، قـازە کێوییەکان، سەربازێکی تەنەکە، پەرییە بچکۆلەی دەریـا، شازادە و دەنکە فاسۆلیا، چـیرۆکی دایکـێک، رۆژنامەنووس،… هتد) تێکـڕا هـانـز ئەنـدەرسـن (١٥٠) چـیرۆکی ئەفـسانەیی بـۆ منـداڵان نووسـیوە. ژمـارەی پەرتـووکە چاپکـراوەکـانیشی (١٦٨) پەرتـووکـن.

چـیرۆکنووسی بەناوبـانگی ئینگـلیزی (لـویس كـارۆل: ١٨٣٢- ١٨٩٨)، کە چـیرۆکی (ئەلـیس لە وڵاتی عـاجـباتییەکـان) ی نووسیوە، کە بە شاکـارێکی چـیرۆکی ئەفسانەیی منـداڵان لە جیهانـدا دادەنرێ. پاڵەوانی ئەم چـیرۆکە کچێکی بچـووکی (١٢) ساڵانە، بە ناوی (ئەلـیس) ەوە. دەکەوێتە وڵاتـێکی ژێـر زەوییـەوە، کە خەڵکـییەی لەگـەڵ مـرۆڤی سەرزەویدا زۆر جیاوازن، شتی عاجباتی وسەیرلە وڵاتەکەیاندا هـەن. لە دواییدا ئەلیس بە هـۆی جادووگـەرێکەوە، دێتـەوە سەر زەوی و دەگـەڕێتەوە بـۆ مـاڵی خـۆیـان.

جـوانی لە چـیرۆکە ئەفـسانەییەکانـدا:

زاناکـان دەڵێن چیرۆکە ئەفسانەییەکان، جەخت لەسەر جـوانی دەکەن، نموونەی جوانی مێـینە و گرنگـیدان بە بـەژنی جـوان پانتـاییەکی زۆریـان لە چـیرۆکە ئەفـسانەییەکـاندا، گرتوونەتـەوە، ئاماژە بەوە دەکـرێ کە جـوانی و ناشێرینی لە (٩٤%) چیرۆکەکانن. لە چـیرۆکی (سانـدرێـلا) دا (١١٤) جـار ئامـاژە بە جـوانی مێـینە کراوە، بەڵام (٣٥) جـار ئاماژە بە جـوانی نێـرینە کـراوە.

لە پەرتووکەکەی برایانی گریمی ئەڵمانی (جاكوب و ولیەم) کە چیرۆکەکانیان خەیاڵی و ئەفـسانەیین، کە سەرەتای لەسەدەی حەڤـدەیەمـدا بە زمـانی ئەڵمانی نووسیویانە و لە ساڵی (١٨٥١) دا وەریـان گـێڕاوە بـۆ ئینگـلیزی، بـە زۆری کەسایـەتییە شەڕخـواز و بەدکـارەکـان، کەسانی ناشـیریـن و بـەدن. کارجوانەکـانیش کەسانی بـاش جـوانـن.

زۆربەی پاڵەوانەکانی چیرۆکە ئەفسانەییەکان، لە کچە شۆخ و جوانەکانن، کە گوزارشت لە دڵپـاکی و چـاکە و کارجـوانی و خۆشی و سـۆزداری و خۆشەویستی و ژیـان دەکەن. ناشیرینەکانیش کە لە (١٧%) ی چیرۆکە ئەفـسانەییەکانن، گوزارشت لە شەڕخوازی و بەدکاری و ستەمکاری دەکەن. جوانی و ناشیرینی، وەکو توانـای هـەر کەسایەتییەک بۆ بـاشی و خـراپی بەکـاریان هـێناون. بـەڵام بەدەریـش لـەم یاسـا و بۆچـوونـەدا هـەیە بۆ نموونە: باوەژنەکـەی بەفـرین ژنێکی جـوان بوو، بەڵام نیاز و رەفـتاری بەد و ناشیرین و خراپ بوون. لە چیرۆکە ئەفـسانەییەکاندا، زەحمەتە کەسانێکی ناشیرین بـدۆزرێنەوە، کە دلـۆڤـان و دڵپـاک بـن.

کەواتە پەیـوەندییەکی گـەورە لە نێـوان جـوانی و چـاکەدا هـەیە، بە پێچـەوانەشەوە، لە نێـوان ناشةیرینی و تەمـەڵی و خـراپە و شـەڕدا هـەیە.

لە بەشـێکی زۆر لە چـیرۆک بۆ منـداڵان، کچـێکی بچـووک و ژیـر و زیـرەک و جـوان  بـووە بە پاڵـەوان یا کەسایەتی سەرەکی چـیرۆک.

لە زۆر زنجیرە دراما و فیلمی سینەماییدا، رۆڵی سۆزداری و خۆشەویستی و جوانکاری و دلۆڤـانی، دراوە بە کچێکی جـوان یا کوڕێکی شـۆخ و شەنگ یا پێکەوە رۆڵیان هەیە. رۆڵی شەڕخوازی و دڵڕەقی و بەدکاری و خـراپە، بە زۆری دراوە بە کچێک یا کوڕێکی رووخسار ناشیرین. وەکو وتمـان بـەدەر لەم یاسایەشـدا هـەن.

لە زۆربـەی چـیرۆکە ئەفـسانەییەکـانـدا، کـات و شـوێـن دیـاری نەکـراون. بە زۆری، بە پەرگـرافی جارێکـیان دەست پێـدەکەن. چیرۆکە ئەفـسانییە کوردییەکان بەم دەستەواژانـە دەستپـێـدەکـەن: (هـەبـوو نـەبـوو) یاـ ( جـارێـک لە جـاران) یاـ ( سـاڵـێک لـە سـاڵان). کۆتـاییەکـانیشیان: بە: (چەپـکی گـوڵ و چەپـکی نـێرگـز.. مـەرگـتان نەبـیـنم هـەرگـیزاو هـەرگـیز) یا (منیش هـاتمەوە.. کەوشـەکەم یا ـ كـڵاشه‌كه‌م ـ دڕا.. هـيچـیشم پـێ نەبـڕا).

من پێموایە کە جوانترین سەرەتا و جوانترین کۆتایین، لە هـیچ چـیرۆکێکی ئەفـسانەیی گـەلانی تـردا، سەرەتـا و کۆتـایی جـوانی وام بەرچـاو نەکـەوتـوون.  

گرنگییەکانی چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان بۆ منـداڵان:

هـیچ لە لێکۆڵینەوەکان، لەگەڵ ئەوەدا نین، کە چیرۆکە ئەفسانەییەکان لە لیستی چیرۆک بۆ منـداڵان لابـدرێن. لیکۆڵـینەوەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکـەنەوە، کە چیرۆکە خەیاڵی و ئەفـسانەییەکان، ســوود و گرنگـییەکی زۆریـان بۆ منـداڵان هـەیە. منـداڵانی ئەمڕۆش چـێژ و خـۆشی لەو چـیرۆکە ئەفسانەییانە وەردەگـرن. کە چەنـدین سەدە پێـش ئێستا بە زارەکی بۆ منـداڵانیان گـێڕاونەتەوە. بە کورتی ئەمانە بەشێکن لە گرنگییەکـانی چیرۆکە خەیـاڵی و ئەفـسانەییەکـان بـۆ منـداڵان:

١ـ زۆربەی چیرۆکە ئەفسانەییەکان، هـیوا بە منداڵان دەبەخـشن. ئەوەیان فێردەکەن کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، پێویستیان بە هەوڵ و تێکۆشان و کۆڵنەدانە، فـێری ئەوە دەبن، کە چۆن بەسەر ئەو کۆسپ و تەگەرانەدا سەربکەون کە دێنە رێیان. چۆن گرفت و کـێشەکانیان چـارەسەربکەن. چـۆن لەگـەڵ هەڵـوێستە تـرسناکەکـاندا مامەڵە و رەفتار بکەن. چـۆن رووبـەڕووی هەمـوو ئەو مەتـرسییانە ببـنەوە کە رووبـەڕوویان دەبنەوە. تێدەگەن کە جیهان تەنیا لە گەزۆ و لۆکە و گوڵ و تیشکی خۆر و پەلکەزێڕینە و بەهار دروست نەبـووە، بە گـوژاڵک بـەردی رەق و دڕک و شەوزەنگ و بروسکە و زسـتانی سەخـتیش دروست بـووە. 

٢ـ چـیرۆکە ئەفـسانییەکان، رووڵـێکی گرنگـیان لە رۆشنبیریکـردنی منـداڵاندا هـەیە. لە رۆشنبیریی سەردەمەکـانی کـۆن، بەڵام راستییەکان هـێشتا پەیوەنـدییان بەم سەردەمەوە هـەیە. گـەلێ چـیرۆکی ئەفـسانەیی هـاوبەش لە نێوانی کولتووری گەلانـدا هەیە. چونکە کێشەکان هەمان کێشەن کە رووبەڕوویان بوونەتەوە و دەبن. لە هەر شوێنێکی جیهانـدا بـژین، هـەمـووان بـۆ زاڵـبوون بەسـەر هـەژاری، سـتەم، زۆرداری، چـەوسـانـەوە، کوێرەوەری و بۆ لە ناوبـردنی ئەژدیهـاکـانی (دیکتاتـۆرەکانی) ئەمـڕۆ تیـدەکـۆشـن. 

٣ـ لە دیدی زانستییەوە، منداڵانی خوێنەرانی بچووکی ئەمڕۆ، رۆشنبرانی داهاتوون، بە گوێگـرتن و خوێنـدنەوەی چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان. بە شـێوازێکی بابەتیـانە، بنەماکانی چـیرۆک فێردەبن ( ئامادەکردن، کەسایەتی، پاڵـەوان، کارەکتەر، گـرێ، بڕیـار، جـووڵەی بۆ سـەرەوە، لووتـکە، وردبیـنی و چارەسـەر، کۆتـایی) جیـاوازیش لە نێـوان چـیرۆکی خەیـاڵی و راستـیدا دەکـەن. کە منـداڵان لەو چـیرۆکـانە تێـبگـەن، دەبـنـە پاڵـپشـت بـۆ پێشبیـنیکـردن و تێگـەیشتن لە چـیرۆکەکانی تـر کە دەیـانخـوێنـنەوە.

٤ـ چیرۆکە ئەفسانەییەکان، خەیـاڵی منـداڵان فـراونتر دەکەن و زیاتر گەشەی پێدەکەن و پێشیدەخەن. خەیـاڵیش گرنگە. (ناپـلیۆن) دەڵێ:”ئەوە خەیاڵە کە جیهـان بەڕیـۆە دەبـا”

٥ـ چـیرۆکە ئەفـسانەییەکـان، ئەوەیـان سەلمـانـدووە کە خـۆشـەویستی شتـێکی بـاشە، هەمیشەش باشی و خۆشی لێدەکەوێتەوە. لە چیرۆکی (بەفـرین) دا کە لەژێر کاریگەری جـادوویی باوەژنـەکـەیـدا سڕببـوو، بە هـێزی ماچـکـردنێکی خۆشـەویستی، لە لایـەن میـرزادەیـەکی لاوەوە، جـادووەکە بەتـاڵ بـۆوە و بەفـرین هـاتـەوە هـۆش خـۆی. خۆشەویستی دڕندەیەک دەکات بە میـرزادەیکی نـەرم و نیـان و چاکەخـواز. لە سایەی خۆشەویستیدا، هەمـوو شتـێکی نەرێـنی دەگـۆڕێـن بـۆ ئەرێـنی.

٦ـ چیرۆکە ئەفـسانەییەکان ئەوەیان سەلماندووە، کە باشی باشترین خەسڵەتی مرۆڤە، بـاشی و چـاکە لەگـەڵ کەسانێک کە پێویستیان بە چـاکە هـەیە، رۆژگـار و ژیـانیان لە تەنگـانە و بێ ئومێـدی و رەشبینی و ناخۆشییەوە، دەگـۆڕێت بۆ هـیوا و بۆ گەشبینی و خۆشی و شـادی.

٧ـ چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان، گرنگی هـاوڕێی دڵسـۆز بۆ منـداڵان دەسەلـمێنن، کە کەس بە تەنیا نـاژی، هـاوڕێی دڵسۆز لە تەنگانـەدا دەبێت بە فـریـاڕەس و یارمەتی هـاوڕێی دامـاوی دەدات و لە تەنگـانە رزگـاری دەکـات.

٨ـ  چیرۆکە ئەفسانەییەکان، ئەوە فێری منداڵان دەکەن، ژیان هەمیشە لە لە گۆڕانگاری و نـوێبـوونەوە دایە، هـەردەم بە هـیوای ژیـان و داهـاتوویەکی باشتر و گەشترەوە بن.

٩ـ چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان ئـەوە فـێری منـداڵان دەکـەن، کە وانـە لـە شکستییەکـانیان وەربگرن و کۆڵنەدەن و .. ئەوەش بزانن کە ئەستەم بـوونی نییە، لە سایەی خـەبات و خـۆڕاگـری و کۆڵـنەدانـدا، هەمـوو خـەون و خـۆزگە و هـیوایەک دێنـەدی.

١٠ـ چیرۆکە ئەفسانەییەکان، بنەمـای گـرنگ فـێری منـداڵان دەکەن، فـێریان دەکەن کە هەمیشە هـیواخـواز و گەشبـین و لێـو خـەنـدە و پێـکەنین و چاکـەخواز و لێـبووردە و دڵ پڕ لە خۆشەویستی بـن. خۆڕاگـر و متمـانە بە خـۆبن.

١١ـ گوێکـرتن یا خوێندنەوەی چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان لایەن منـداڵانەوە، دەرفـەتێکی باشـە بۆ فـێربـوونی وشە و رسـتەی تـازەی زمـان.

١٢ـ چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان، کـارتێکـردی درامـی باشـیان لەسـەر منـداڵان هـەیە. بە کەرەستەیەکی زۆر باش دادەنرێن، گەر بە شێوەی یـاری کردن، یا بەشـێوەی نمایشی بووکـەڵانـەی بـزوێنی دروستکـراو بۆ منـداڵان پێشکەشیان بکـرێن.

١٣ـ چیرۆکە ئەفسانەییەکان، گەشە بە سۆزداری و نیانی دەروونی منداڵان دەکەن. لە چـیرۆکە ئەفـسانەییەکاندا، کێشە راستییەکانی ژیان دەردەکەون، لە سیناریۆی خەیاڵیدا، بە زۆری پاڵەوانەکان نابـەزن و بەسەر هەمـوو کێشەکانـدا سەردەکەون. بەڵام منداڵان پێویستییان بەوە هـەیە، کە بـزانن لە ژینـگەی ئارامیشـدا، خـراپە و کارەسات دێنەرێی هەمـووان. کەس لە بەرهەڵستییەکان پارێـزبەنـدی نییە. بۆیـە پێویستیمان بـەوە هـەیە کە سۆزداری لە دەروونی منـداڵان دا بنیادبنێین، تابتوانن لە کاتە دژوار و قورسەکاندا، رووبـەڕووببـنەوە و خۆڕاگـربن. ئـەوە هـەڵـەیە کـە هـەردەم منـداڵەکـانمان بپارێـزین، خۆیان بە لاواز و بێ دەسەڵات بـزانن، بەرەگەی هـیچ گرفت و رووبەرووبوونەوەیەک نەگـرن کە پێویستیـیان بە هـێز بێت.

١٤ـ چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان، زمـانێکی هـاوبەـشن بۆ رۆشنبیریکـردنی منـداڵان، کە پێدەڵـێن (نەهێشتنی نەزانینی رۆشنبیری). بەڵکو ئەم چـیرۆکانە سنووری رۆشنبیری دەبەزێنن، گـەلێ لە کولتوورەکـان هـاوبەشن لە چـیرۆکە ئەفسانەییەکـانـدا. منداڵان لە رۆشنبیری گـەلانی تر کەڵـک وەردەگـرن. 

١٥ـ چیرۆکە ئەفسانەییەکان، هـەلی فـێربوونی، شارەزایی بیرکردنەوەی رەخـنەیی بە دایکـان و باوکـانی منـداڵان دەبـەخـشن.

١٦ـ چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان، وانـەن بۆ منـداڵان، بۆ فـێربـوونی رەوشـت و رەفـتاری دروست و پەنـد وەرگرتن وانە فـێربـوون. بۆ نموونە: فـێری ئەو مەبەست و پەنـدانە دەبـن، کە لە چـیرۆکی ئەفسانەیی (ساندرێلا) و (کچە بچـووکەکە ـ گۆڵدیلۆکس ـ و سێ ورچ) و (به‌فـرین) و چەنـدین چـیرۆکی تـردا هـەن.  

١٧ـ منـداڵان بـە خوێنـدنەوەی چـیرۆکە ئەفـسانەییەکـان لـە پەرتـووکی وێنـەداری رەنگاوڕەنگی جواندا، خۆشەویستییان بۆ پەرتووک دەبێ و دەبن بە پەرتووکدۆست.

چیرۆکە ئەفسانەییەکان، دەروازەیەکن بۆ چوونە ناو جیهانی ئەفسووناوی پەرتووک. باشتر وایە لە منداڵییەوە، مەیـلی منـداڵان بۆ گرنگـیدان بە لای پەرتووکدا رابکێشین.

١٨ـ گێڕانەوە یا بۆ خۆێندنەوەی چیرۆکە ئەفسانەییەکان بۆ منداڵان، کاتێکی پەیوەندی زۆر باش لە نێـوان دایکـان و باوکـان و منداڵانـدا دەڕەخـسـێنن. دەتـوانن لە رێی ئـەم چـیرۆکانەوە، ئیلهـامی خوێنـدنەوەی هەمیشەیی بە منداڵەکـانتان ببەخـشن. تا بـبێ بە خوویەکی جوانیان. ئەم راستییەشتان بۆ دەردەکەوێـت، کە منـداڵان چەنـد تامـەزرۆی چـیرۆکی خەیـاڵی و ئەفـسانـەیی خـۆشـن.

 ١٩ـ چیرۆکە ئەفـسانەییەکان، منـداڵان فـێری رەخـنە دەکەن، لە میانەی روانینیان لە هەڵوێستەکانی کەسایەتی سەرەکی بۆ هـەموو ئەو سەرکێشییانەی کە ملی پێوە دەنێ. دەتـوانن هەڵـوێستی خۆیـان دیاری بکەن، گەر ئـەوان لە شوێنی ئەو کەسایەتیـیانەی چیرۆکەکـان بن، بە شێوازێکی جیاوز چیـدەکەن؟ بۆ نموونە لە چـیرۆکی (بەفـرین) دا،

گەر ئـەوان لە شوێن بەفـرین بوونـایە، سێوەکەیـان لە (پیـرەژن) ەکە وەدەگرت؟ یا لە چیرۆکی (کۆڵوانەسوور) گەر ئەوان بوونـایە، ئامۆژگارییەکەی دایکیان لەیـاد دەکرد؟ راز و نیازی خۆیـان بۆ گـورگە دەگـێڕایەوە؟ دەیـان وت: دەچـم بـۆ لای داپیـرەم؟

٢٠ـ چیرۆکە ئەفـسانەییەکان، ئەوەش فـێری منداڵان دەکەن، بە رەواڵـەت و رووخسار لە کـەس نەڕەوانـن، پیـرەژنێک جـوان و بێتـاوانە لە رووخسـاردا، بەڵام لـە چـیرۆکی بەفـرین دا، شـەڕانی و خـراپە و بـەدکـارە، ئیـرەیی بـە جـوانی بەفـرین دەبـات.

بەڵام دەشێ گۆرێـلایەکی گەورە و ترسناک، دلۆڤـان بێت و دڵی لە زێڕ بێت، منداڵێکی ئادەمـیزاد بەخـیوبکا. وەک لە چـیرۆکی (تـەڕەزان و مەیمـوونەکـەی) دا دەبیـنین.

٢١ـ زانای دەروونناسی منداڵان (بـرۆنۆ بتیلهـایم) کە پسپۆرە لە گرنگییەکانی چیرۆکە خەیاڵییەکان لە قۆناغی منداڵیدا، پێیوایە:”دەشێ چـیرۆکە خەیاڵییەکان یارمەتی منداڵان بـدەن لە رەواندنەوەی دڵەڕاوکێدا، کە هـێشتا ناتوانن لێکدانەوەی بۆ بکەن”. بە زۆری لە چیرۆکە خەیـاڵییەکاندا، منداڵانی کارەکتەر و کەسایەتی سەرەکی چیرۆکەکان، بەسەر شەڕدا سەردەکـەون.

٢٢ـ چیرۆکە ئەفسانەییەکان یا خەیاڵییەکان، گەر سەرکێشییان تێیانـدا نەبێ، پاڵەوانەکان ئامادەیی ئەوەیان تێدا نەبێت، لە ناوچـە و چوارچـێوەی خۆیان دەرنەچـن و شتێکی تـازە تاقینەکەنەوە، ئەو چیرۆکانە چێژێکی ئەوتۆ نابەخشن. گەر منداڵەکانتان ویستیان مل بە کارێکی سەرکێشییەوە بنێن و خۆیان تاقیبکەنەوە، بۆ فـێربوونی شتێکی تـازە، رێگریان لێ مەکەن، هەمـوو داهـێنانەکـان لە ئەنجـامی تاقـیکردنـەوەدا هاتـوونـەتـەدی. بـەڵام بۆ ئەنجامدانی هەر تاقیکردنەوەیەک، پێویستە لە پێشا بە وردی بیری لێبکرێتەوە و پـلانی بۆ دابنرێـت و پێشبینی ئەگەر و گریمانەکان بکرێن. بۆ نموونە لە چیرۆکی خەیاڵی (سێ به‌رازی بچووک) دا، گرتنە بەری رێگای ئاسان، هەڵـبژاردنێکی زیـرەکانە نیـیە. بـەرازە بچکۆلەکە، پـلانی داڕشتبوو، پێشـبینی ئەگەرەکانی کردبـوو. بۆیە خـانووەکەی لە خـشت دروست کرد، کە شوێنێکی دڵنیایی بـوو. بەڵام دووانەکەی تر خانووەکانیان لە پـووش و لە زەل دروست کردن، بۆیـە گـورگـەکە بە فـووکردن هـەردوو خـانووەکەیانی رووخانـد، هەردووکیان رایان کرد و چـوونە ناو خـانووی ورچـۆلە بچـووکەکـەوە. گورگە نەیتوانی نە بە فـوو و نە بە پاڵانـان خانووکـەی بـڕووخـێنێ.

دایکـان و باوکـانی خۆشەویست، مامۆسـتا دڵسۆزەکان، سـوود و گرنگییەکانی چـیرۆکە ئەفـسانەیی و خەیـاڵییەکان لەبەرچاوتان بگـرن. پێویستە حەز و تامـەزرۆیی و متـووی منـداڵـەکـانتان بـۆ چـیرۆک بقـۆزنـەوە، بـە پـێی تـەمـەن و قـۆنـاغـەکـانی گەشـەکـردنی منـداڵەکـانتـان، ئەو چـیرۆکە ئەفـسانـەیی یا خەیـاڵییانەیان بـۆ هەڵـبژێـرن کە گونجـاون بۆیـان، بـە دەنگـێکی ناسـک و بە شـێوازێکی شـیرین و بـە چـێژەوە بۆیـان بگـێڕنەوە یا بۆیـان بخوێینـنەوە. ئەوەش بۆ یەکجاری مەخـەنە دڵی منداڵەکـانتـانەوە، کە چیرۆکە ئەفـسانەییەکـان هـەردەم ترسناکـن، هـەر لەبـەر ئـەوەی کـە هەنـدێکـیان تـرسناکـن یـا دروست نین. بەڵام لە چاپکـراوە تازەکانی ئەمـڕۆدا، دەستکاری بەشێکی ئەو چـیرۆکە ترسناکـانە کـراون. کۆتاییەکـانیان بە خـۆشی و سەرکـەوتن کۆتـایی پێ هـێناون.

(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە، بێجگە لە پەرتـووکەکە چاپکـراوەکەی خـۆم، سوودیشم لە چەنـدین نـووسین، کە لە سایتـە ئینگـلیـزییەکـانـدا بڵاوکـراونەتـەوە، وەرگـرتـوون:

١ـ چـاوپـێخـشانـێک بە مێـژووی ئـەدەبی منـداڵان . رەزا شـوان . کەرکـووک. ٢٠١٥

٢ـ حیکـایەت و چـیرۆک بۆ منـداڵان . لـۆرا مایـزەر . ٢٠١٧

٣ـ مێـژووی چـیرۆک . سـۆزی مـاکـچی

٤ـ رەسەنی چـیرۆکە ئەفـسانەییەکـان . سـارا گـراسـاد و جـەمشـید تەهـرانی . ٢٠١٦

٥ـ سوودەکـانی چـیرۆکە ئەفـسانەییەکـان. نیـپـیان توتـۆرینگ.

٦ـ چـیرۆکە ئەفـسانەییەکـان، جەخـت لەسەر جـوانی دەکەن . ئـیرین هـاتـفی . ٢٠٠٦

رەزا شـوان

نەرویـج: ٢٨/ئـوکتـۆبـەر/٢٠٢٠

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی