"an independent online kurdish website

ئەو سەردەمەی ئەڵمانەکان  ، بەھۆی پارچە پارچەیی و فرە میرنشینی و بوونی ھەرێمی سیاسی جیاواز جیاوازەوە، لەدۆخێکی خراپدا بوون لەچاو ئینگلیز و فەرەنسیدا دواکەوتوو بوون لە بوونە دەوڵەت.

 بۆ خۆ قوتارکردن لەم دۆخە بە دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو، کە بۆسەردەمی خۆی بەھێزترین ئامڕازی خێرای لێتێگەشتن و گەیەنەر بووە، بیریان بۆ وتنی سروودێکی نەتەوەیی  چووە. ھەربۆیە دواتر سروودێکیان داڕشت لەژێر تایتڵی «ئەڵمانیا لەسەروو ھەر شتێکەوە» . ئەم بانگاشە و دروشم و سروودە یاخود مارشی نەتەوەییە،  کە ھەڵقوڵاوی واقعی پارچەپارچە بووی ئەڵمان و ڕاستگۆترین وەڵام بوو، بۆ ئەو دێفاکتۆیەی لە ئەڵمانیا بەرقەرار بوو کاریگەرێتی خۆی نواند. ئەم مارشە زووبەزوو بەنێو سەرتاسەری ئەڵمانیا و دەڤەرە جیاوازەکانی میرنشین و دەسەڵاتە ناوچەییەکاندا بڵاو بۆوە.-  خۆ گەر بھاتایە کوردیش!  بۆنموونە پێشەکی دێباچەکەی مەم و زینی خانی بکردایە بە سروودێک/ یان ھەر دەقێکی تر لەو شێوە، ئەم پەیامە بە چاکترین شێوە دەگەیشتە گشت دەڤەرێکی کوردستان و ھوشیاری خۆی دەبەخشییە  میللەت و دەبووە ھەوێنێکی بەسوود بۆ پتەوکردنی ھەستی ھاوبەشی کوردبوون-…

ئەڵمانەکان  بە توندی و پەرۆشەوە وابەستەی ئەم بانگەواز و داواکارییە بوون و   گورجوگۆڵانە دەستبەرداری حەزی کەسی و بەرژەوەندی دیاریکراوی ناوچەیی و ھەرێمی خۆیان بوون. ھەموو بە تێکڕا  بۆ ئەڵمانیا تێکۆشان و  بەرژەوەندی باڵای وڵاتیان خستە سەروو ھەموو شتێکەوە.

لەوەش گرنگتر  کەس  ئەم بانگەوازەی ئەڵمانیای بە خەوش دانەدەنا و ئەڵمانیش لایان جێی شەرم نەبوو بە دەنگی دلێر  بیچڕن….

بەڵێ ئەم ئەڵمانیایەی ئێستا، کە جێی بایەخ  و ستایشی زۆرینەمانە و حەز دەکەین تێیدا بژین و سبەی کوردستانی ئێمەش بەم ئەزموونەدا تێپەڕێ و بگاتەوە بە ئەڵمانیا، بەرھەمی ئەو  ئاوەز و ڕۆح و گیان و پرنسیپەیە…

        کەواتە کاتێ پارتێکی نەتەوەیی وەک  پاسۆک دەڵێ:  «پێش ئەوەی ھەر شتێ بین دەبێ کورد بین»  پێویستە بەچاوێکی واقعیی و ھەستێکی پاکەوە وەریبگرێ . چونکە دیسان ئەم دروشمە دوای خوێندنەوەیەکی ورد و بە دیقەتی  مێژووی کورد و شۆرش و ڕاپەڕین و دامرکاندنەوە و شکستەکانی ڕسکاوە. بە کورتی زادەی واقعی بندەستی و زوڵملێکراوییە. بەڵێ کوردبوون لەسەر و بەرایی گشت ناسنامە بچووک و ھەرێمییەکان و سەرتاپای ھزر و ئایدۆلۆژی و بیروباوەڕی مەزھەبییەوەیە.ھاوکات ئەم دروشمە  چ ئاماژە و نیشانەیەکی بۆ پیرۆزی و گرنگی نەتەوەی کورد بەسەر ئەوانی دیکەدا تێدا نییە!. کەواتە دوور و بێبەرییە لە تۆمەتی ڕەگەزەکانی شۆڤێنێتی و ڕەگەزپەرستێتی. ئەم دروشمە داوایەکە بە ئاڕاستەی پرۆسەی ئینتگراسیۆنی ناوخۆدا و بەرجەستەکردنی بیروباوەڕێکە، کە تاکە سەرچاوەی کۆکەرەوەی لێکنەچووەکانی چەمکی کوردبوونە.

ھەر بۆیە تا نەتەوەی کورد  و خاکی کوردستان داگیر و دابەش کرابێت، دەبێت ھەموو بیر و ئایدۆلۆژی و مەزھەب و ڕێباز و ئامڕازی خەبات و تێکۆشان و ڕزگاری ھەیە، بکەوێتە دامێن و خزمەتی ئەم دروشمەوە…. دوای سەربەخۆبوون،  ھەم زەمینە باشتر لەبارە و ھەمیش سەرکەوتن مسۆگەرترە، دەکرێ خەبات بۆ داوا و دروشمەکانی تر گەرمتر بکرێن. ئەمەش نیشانەی لۆژیک و واقعبینی دروستە.

 بۆئەوەی کوردستانیش بێتە دەوڵەت و ھەر نەبێت جێی شانازی نەوەکانی ئایندەمان.  دەبێت ئێمەش ھەروا بکەین.خۆ گەر نموونەکەی  کورد سەرکەوتوو و جوانیش بوو، با جیھان سوودی لێوەرگرێ…

برالە…تۆ ئاماژە بە نموونە جوانەکانی جیھان دەکەیت، دە ھەوڵ بدە پەڕۆیەکی خێریان بۆ قازانجی نەتەوە و خاکەکەت لێ دادڕە… بەسە خۆخۆری و ڕک لەیەکتربوون و خۆفرۆشی بە بێگانە و ناپاکی لە نیشتمان…

با ئەم سەدەیە بکەینەی سەدەی کورد و کوردستان… ئەمەش مەحاڵ نییە، بەس چەکی یەکگرتن و ویست و ئیرادەی پۆڵاینی و بیر و ڕێبازی ڕاستەقینەی کوردایەتیکردنی گەرەکە…

دڵنیابە میللەتانی تریش ھەروایان کردووە. کاتێ سەرەتای سەدەی ١٩ ئیتالیا یەکی گرتەوە و لەژێر ٣ دەسەڵاتی بێگانە ڕزگاری بوو، لە ٢٥ ملیۆن ئیتالی ١٨ ملیۆنیان خوێندن و نووسینیان نەدەزانی، زمانی یەکگرتوویان نەبوو! فرە دیالێکت بوو، بەزمانی فەرەنسی لەگەڵ یەکتر دەدوان، کەچی ئێستا لەسایەی خەباتی درێژخایەنی چەندین ساڵەی : «ماتزینی و گاریباڵدی و کافور»، ئیتالیا یەکێکە لە وڵاتە ھەرە پێشکەوتووەکانی جیھان…

بۆ نموونە لە قۆناغی  یەکەمی تێکۆشان بۆ یەکگرتنەوەی و سەربەخۆیی ئیتالیا « گاریبالدی و ماتزینی » پرۆگرام و دروشمی « کۆماری ئیتالیای دیموکرات» یان ھەبوو. بە پێچەوانەوە «کافور » باوەڕی بە ئیتالیایەکی پادشایەتی ھەبوو. کەچی ھەردوولا سووربوون لەسەر یەکگرتنەوەی نیشتمانەکەیان بە کولتوور و رۆحی ئیمپراتۆرێتی رۆما و دەرپەڕاندنی ھێزە بێگانەکانی فەرەنسی و نەمساوی و ھابسبۆرگی باربۆنی… ئیتالیاییەکان سەرەتا ئیتالیایان لە ئەنجامی یەکگرتنەوە ، جوگرافی سیاسی وڵاتەکەیان دروست کرد،  دواتر کەوتنە پەروەردەکردنی ڕۆڵەکانیان و ھاوڵاتی ئیتالیان بە  ھەست و نەست و باوەڕ و خۆشەویستییەوە بۆ نیشتمان ھێنایە مەیدان… بە کورتی  ئیتالیا گەرچی خاوەنی کولتووری دێرین و گەورەی ئیمپراتۆری رۆماش بوو، کە بوونە  دەوڵەت ئیتالیای سیاسی ئیتالیای ناسنامەی  نەتەوەیی  دروست کرد.  ئەم مێژووی پرۆسەی بە ئیتالی بوونە لای ئەڵمانەکانیش ھەمان شێوەیە… دوای یەکخستنی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی نەتەوەییدا، بە ھۆی زمان و کولتوورەوە، توانراوە ئەم ئەڵمانیایەی ھەنووکە بێتە سەر شانۆی جیھان.

ئەرکەکانی بەردەم کوردیش ھەروا قورسن.لەمێژووی داگیرکراوی و دابەشکراوی خۆیدا، زۆر دەرفەتی بۆ ھەڵکەوتووە، نەیتوانیوە وەک پێویست بۆ بەرژەوەندی باڵای دۆزەکەی بیقۆزێتەوە. ھۆکاری ئەمەش بیرنەکردنەوە و نەبوونی بەرنامە و میکانیزمی  پرسی یەکگرتنەوە و سەربەخۆییە…

لەمێژووی  نوێدا شەڕی عێراق و ئێران بۆ 8 ساڵ و ناکۆکییەکانی ئێستای نێوان  ھەر 4 داگیرکەرەکەی کوردستان.

 کەواتە پرسێکی حاشاھەڵنەگرە،کەوا تەنھا ئەو گیان و باوەڕ و دروشم و پرنسیپەی کوردبوون  دەتوانێ لە ڕۆژگارێکی وەک ئێستادا سەرکەوێت بەسەر گیانی حیزب حیزبێنەی  سەقەت کە بۆتە جێی مەترسی و ھەڕەشەیەکی بەرچاو بۆ سەر چارەنووسی نەتەوایەتیمان.

بەم شێوەیە تا  کورد بە گیان و ئیمانی کوردبوونەوە  نەگات بە دوا ئامانجی کە بە دەوڵەتبوونە، وا لەم مەرگەساتەی ژیان و مردن نایەتە دەرەوە…  واتە بێ دەوڵەتی ماکی کوشندەی ھەرە ھەرە زۆری دەرد و کێشە و دیاردە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوورییەکانی کوردە.

بە کورتی و کرمانجی ئاخر کە دەوڵەتت نەبوو :

*ناسنامەت نییە، لە کۆڕە نێونەتەوەییەکاندا ئامادەییت نییە، دەنگ و ڕەنگت نابینرێ و نابیسترێ، خاوەن دەستوور و یاسا نابیت، جوان پەروەردە نابیت و ژیانت پارێزاو نییە.

*جیھان ناتناسێ و  لەسەرئەتڵەس نەخشەت نییە و  خاوەن دراو و پوول و پەساپۆرت  و سیمبۆلەکانی تری نەتەوەیی نیت و  لێت قەدەغەن و لە لیستی  میللەتانی جیھاندا بەرچاو ناکەویت… ھەر دواکەوتوو و بندەست دەژیت.

*ھەڕەشە لەسەر بوون و جوگرافیا و فەرھەنگ و چارەنووست ھەیە… بێگانە حوکمت دەکات و بێبەریت  لە خۆشگوزەرانی ژیان.

*ڕوومەت و ئابڕووی مرۆڤبوونت نییە و ھەمیشە پلیشاوە و شەق تێھەڵدراوی گۆڕەپانیت.

*بوون و ھەبوونت ھەڕەشەی لەسەرە  و کۆمەڵێ دەرد و گرفتاری تریش…

دەبا ھەموو پێکەوە، بەخەباتێکی ڕەوا و  دڵسۆزانە بۆ سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوون  تێبکۆشن، ھەر ھیچ نەبێت، ئەو ھەموو شوناس و بەھا و نرخە پیرۆز و گرنگانەی ئێمەی لێ بێبەشین، بۆ نەوەکانی ئایندەیان مسۆگەریان بکەین… تاوەکو ئەوان  وەک کورد بە سەربڵندی و وەک مرۆڤێکی بە ڕوومەت بتوانن بژین … بوون و ھەبوونیان پارێزراو بێت.

         Berlin

28.10.2020

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی