"an independent online kurdish website

ئێوارەی ئەمڕۆ 2020/10/31  جەلال مەلەکشای شاعیری بە توانای کورد لە تەمەنی 69 ساڵیدا بە جەڵتەی دڵ  لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆچی دوایی کرد.

روحی ئەم شاعێرە بەرزە خۆش بێ و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کار دۆستانی دەکەین. 

سالی 1951 لە گوندی مەلەکشا سەر بە شاری سنە لەدایک بووە. ھەر لە شاری سنە خوێندوویەتی و پەروەردە کراوە. لە مناڵییەوە ھۆگری شیعر و نووسین بووە.

جەلال وەکوو مروڤێکی ئاشتیخواز نەیتوانی لە ھەمبەر زوڵم و زۆردا چاو بنووقێنی و ئەسپی قەڵەمی لە مەیدانی خەبات دژ بە زوڵمدا تاو داوە و لە سۆنگەی ئەم گەرناسییەوە تووشی دەردیسەر و ئازاری زیندانی زۆر بووە.

لە سەرەتاوە بە فارسی شیعر و پەخشان و چیرۆکی نووسیوە و لەبەر ھێز و پێزی لە نووسیندا بە بێ ئەوەی کتێبی چاپکراوەی ببێ، دەبێتە ئەندامی کانوونی نووسەرانی ئێران.

پاش ساڵی ١٩٧٨ لەغاوی قەڵەمی دەگێڕێتەوە بۆ نێو زمانی کوردی و لە کوردیشدا سەرکەوتنێکی بەرچاوی دەبێ. بۆ ماوەی ١٤ ساڵ وەکوو نووسەر و ڕۆژنامەوان دەبێتە ئەندامی گۆڤاری سروە و پەرە بە زمان و ئەدەبی کوردی ئەدات.

ماوەیەک لە شاری هەولێر لە گۆڤاری پرشنگ سەرقاڵی کاری رۆژنامەڤانی بووە، لە شاری سنەش لەگەڵ چەند هەفتەنامە و گۆڤارێکدا کاری کردووە.

شیعرەکانی جەلال تا ئێستا بە زمانەکانی فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی، لیبیایی، سوێدی و… وەرگێڕدراون.

دوو شیعری «ھەتا لووتکە چەندی ماوە؟» «داستانی دارە پیرە» لە شیعرە بە ناوبانگەکانی جەلالن کە لە کتێبەکەی زڕەی زنجیری وشە دیلەکان چاپ کراوە.

بەرهەمەکان

٭ زڕەی زنجیری وشە دیلەکان. (کۆشێعر)

٭ کارەسات (کۆمەڵە چیرۆک)

** مێژوو دەڵێ

سەدان کەڕەت

گۆڕەپانی منیان کردە جەهەندەم و

وڵاتێکیان تیا هەڵقرچان

بەڵام هەرگیز نەیانتوانی

دوو دیاردە

لەسەر سینگم بسڕنەوە

یەکەمیان کورد و

ئەوی تریان

وشەی پیرۆزی کوردستان

**

یەکێک لە کورتەشیعرە بەناوبانگەکانی جەلال مەلەکشا ئەم کۆپلەیەیە:

ئاخۆ بڵێی ئەو رۆژێ بێت

کاوە کوڕم

جانتای سەفەر کاتە شانی

دەلالانی دەم گەراجی شاری سنە

هاوار بکەن: سلێمانی سلێمانی

پێشتر رووداو چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ جەلال مەلەکشا ئەنجامدابوو و گوتبووی، شیعر ژیانی منی بە قوڕدا کرد.

چەند هۆنراوە بە دەنگی خۆی

1   جەلال مەلەكشا – من خوای ئێوه ناپه‌ره‌ستم ، بۆ کوردانی ئێزیدی

2  ئێوارەی غەریبستان ـ جەلال مەلەکشا

جەلال مەلەکشا – کاروان

4  کوردستانم بۆ بینەوه ، جەلال مەلەکشا

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی