"an independent online kurdish website

چەند ڕۆژی پێش یەکێک لە دۆستان بابەتێکی بەم دەقە کە لەم بڕگەدا دەیخوێنیتەوە لە کاناڵێکی دیکە وەریگرتبوو لەو گرووپەدا کە منیش ئەندامانی بووم بڵاوی کردەوە.

“معاون آقای رئیس جمهور و رئیس بنیاد شهید و ایثارگران حکومت گفتە کە تا پایان برنامە ششم توسعە 30 هزار از فرزندان شهید و جانباز بە استخدام دولت گماشتە خواهند شد”

 منیش بە بابەتی خوارەوە بە زمانی فارسی بەشداریم کردو لە چەند کاناڵی نێوخۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو کردەوە، لێرەش بڵاوی دەکەمەوە چونکە بە پێویستی دەزانم.

پێش لە هەر باسێک دەبێت بڵێم کە من دژبە دامەرزاندنی کەس نیم و وەک مافی هاووڵاتی و هۆکارێکی بژیوو و گەشەی ژیانی مرۆڤەکان چاو لە کارو دامەرزاندن دەکەم بەڵام دادمەندی، هەڵسەنگاندی بەها مرۆڤییەکان بناغەی باسەکەم لە خۆ دەگرێت، با ئەوەش بڵێم کە ئەمە هەڵکەوتێکی تازە نییە بەڵکو هەرساڵ ڕادەیەکی زۆرتر لەم ڕادە دامەرزاون کە بەبێ لێهاتوویی و زانستی پێویست کلیلی کۆمەڵگایان دراوەتە دەست.

لە زۆربەی وڵاتانی دادمەندی ئەمڕۆکە کە بە تێگەشتینی لە بواری تێئۆری و پراکتیکدا دەستکەوتووە دەڵێین بازاڕی کار ئاڵۆزەو مرۆڤەکان پێویستیان بە پەیداکردنی تێچووی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیانن و کارو پیشە لە ئیستیسنایەکەوە بووە بە رێسایەک کە ئەرکی گەل پەروەری وا دەڵێت کە دەبێت بەشێوەی لەبارو دروست ئەم پێویستیی سەرەکیی لە بەرچاو بگرین و خۆ لە هەڵاواردنی پێوەندیدار بە بەرژەوەندی دەسەڵات یان تایبەتمەندی وەک هەڵاواردنی ڕەگەزی، ئینیکی، کۆمەڵایەتی و هاوفکری بەپێچەوانەی لۆژیک بپارێزین، لە ڕاستیدا ئامانجی من لێرە شیکردنەوەی ژێرپێکردنی مافی یاسایی و مڕۆڤی کۆو (جمع) هەڵاواردنە کە دەتوانین وەک ئامێرێکی تێک شکاندن و سەرکوتی کۆمەڵگا هەڵسەنگاندی لەسەر بکەین کە شیاوترین ڕێگا ڕەدکردنەوە ئەم نادامەندییەیە لە لایەن هەمووانەوە چونکە بەرژەوەندی گشتیی ئێمە پێکەوە گرێدراوەو پێشنیاری وا دەدات، لە نووسینێکدا بیروبۆچوونی یەکێک لە ڕێبەرانی کریس دیموکراتەکانی سوئێدم بۆتان نووسی کە وتەبووی زۆر خۆشحاڵم کە لە وڵاتێکدا دەژیم کە خەڵکەکەی یەکتریان لە بەرچاوەو ئەم لە بەرچاوبوونە وەک ئامانجێک لە ئەولەوێت دایە.

لە باسێکی دیکەدا نووسیم کە یەکێک لە تایبەتمەندیی گرنگەکانی یاسای مڕۆڤی یاسایەکە کە بە گوێرەی ئەو یاسایە، یاسا دەبێت لە هێندێک یاسا کە کارتێکردنی دەروونی یان ئایینی و … هەیە جیاکرێتەوە تا شێوە بناغەیەک بەمەبەستی خۆبواردنی بە وەقار ناتەبایی و مەترسی تێکدانی پلەی ئەرێنی یاسای مڕۆڤی دووری بکرێت، دەبێت کاری یاسایی بدرێت بە تیمە یاسازانەکان تا کۆمەڵانی خەڵک جێگای سەرنج و بەها مڕۆڤییەکان نەکەونە ژێر پرسیارەوەو مافی خەڵک پێشێل نەکرێت.

 کاتێک کە باس لە یاسای مڕۆڤی یان دادمەندی کۆمەڵایەتییە نابێت ئەوە لە بەرچاو نەگرین کە داکۆکی لە ماف لە لایەن کۆمەڵانی هەراوی خەڵکەوە یان تاکەوە گرنگی تایبەت بەخۆی پەیدا دەکات کە دەبێت وەک ویستێکی پێویست چاوی لێ بکەین، سەرچاوەی ئەم شێوە تێگەیشتنە ڕێگریکردنە لە هێندێک تایبەتمەندی مڕۆڤی ئێمە کە دەسەڵاتخواز، پاوانخواز، سەرکوتگەرو بەرژەوەندیخوازین و ئەگەر بەرهەڵستکاری بەشێوەی دروست و پێویست لە ئارادا نەبێت هەرچی زیاتر بۆڵای کردەوەی دژی مڕۆڤی دەچین کە لە ئاکامدا باری مرۆڤی خۆمان لە دەست دەدەین و دەگوڕێن بە هەیولایەکی دژی مڕۆڤ و ستەمکار، لێرەیە کە ئەرکی ئەرکداری ڕزگاری یاسای بەرژەوەندی کۆمەڵگا دەبێت بەشێوەی تایبەتی کاراو وەگڕکەوێت تا ستەم سنووردار مڕۆڤ نرخی مڕۆڤی و یاسایی خۆی ڕاگرێت، بەکورتی و کراوەیی بێدەنگی لە ئاست ناتەبایی هەڵەیەکی گەورەیە.

لە کۆبوونەوەیەکی دەسەڵاتدارانی ئێرانیدا کە ئاغەی خامنەیی بەشداربوو خوێندکارێک وێرای پرسی کار لە گەڵ ئاغەی خامنەیی بێنێتەگۆڕێ و منیش لە ڕێگای تەلەفزیوونەوە چاوم لەو کۆبوونەوە دەکرد کە ئاغەی خامنەیی بەتووڕەییەوە وتی “بێکاری ئێوە بە ئێمە چی، بڕۆن بۆخۆتان کار پەیدا بکەن” دەتوانین کتێبێک بە تیرەی ١٠٠ لاپەڕە لەم بوارەدا بنووسی بەڵام چونکە پێشتر بەشێوەی کورت بابەتێکم لە پێوەندی لە گەڵ مافی ئەرێنی و نەرێنی کۆمەڵانی خەڵکی وڵاتێک و ئەرکی دەسەڵاتی بەڕێوەبەری وڵات نووسی چاوپۆشی لە باسی مافی ئەرێنی و نەرێنی دەکەم و سەرنجی خۆم دەدەمە هەڵاواردن و ناتەبایی.

ئیستاکە کە بڕیار وایە کە ٣٠ هەزار کەس تایبەت (دانسقە) دامەرزێن و کاریان بۆ پەیدا بکەن لە گەڵ وتەکەی ئاغەی خامنەیی کە وتیان بێکاری ئێوە پێوەندی بە ئێمەوە نییە بەشێوەی ڕوون ئەوەمان وەبەرچاو دەکەوێت کە تاقمێک خەڵک بەشێوەی تایبەتی باڵادەست و کۆمەڵگایەک دۆڕاوە یانی هەڵکێشو داکێشێکی نەرێنی باڵی بە سەر کۆمەڵگاکەدا کێشاوە! باڵادەستان یان زاڵ بووان بە کەمترین بەڵگە یان بێ بەڵگەی پێویست بەرێوەبەرو چاوساغی گەنجانێکن کە دایکوبابی داماویان بە بەدبەختی و چەرمەسەری زۆرەوە خەرجی خوێندنی زانکۆی ئەوانیان دابین کردەوە بەڵام ئیستاکە بەڵگەکانی واقیعی خوێندنی ئەوان لە بەرابەر بەڵگەی پێشکەشی یانی ساختەیی ئیستیسنایەکانەوە بایی نییە، یەکێک لە کێشەکانی کۆمەڵگای ئیستاکەی ئێران هەمان کەیسی تایبەتی (باڵادەست) و دانی کارە بە کەسانی بێ لیاقەت و کارنەزانە.

ئەگەر کارزانێکی بواری کۆمەڵایەتیی لە سەر بەخشینی کار بە کەسانی تایبەتی و ئیستیسنایی، بەڵگەی پێشکەشی و ساختەگی شیکاری بکات نەتیجەی کارتێکردنی ئەم هەڵسوکەوتە بەپێچەوانەی یاسای یاسایی و ڕەوشتی مرۆڤییە لە سەر کۆمەڵگا ئاکام زۆر نەرێنی دەداتە دەست کە دەتوانین بە لەنێوچوونی پێوەندی هاوئاستیی و ڕەوایی پێوەندی دروست و کار بەپێوڕی زانستیانە ناودێری بکەین، بەداخەوە کە ئێمە ئیستاکە ئیمکانی شیکردنەوەی زیاترمان نییە کە بەناچار لێرەدا کورتی دەکەمەوە.

لەم بزنگادا کە پاوان (ئیستیسنا) مافی تاقمێکی کەمە بەسەر کۆمەڵگایەکدا دەتوانین بڵێین کە بێئیعتباری گربەستی گەشتیی کۆمەڵایەتیی بە ئامانج کراوە کە خواستی ڕزگاری دۆخی یاسایی یاسا پێویستییەکی حاشا هەڵنەگرەو هەموو مڕۆڤە پێگەیشتووەکان (بالغ) کە شکیان لە مڕۆڤ بوونی خۆیان نییە دەبێت لە سەر مافی هاووڵاتی هەڵسوڕبن، لە ڕاستیدا ئێمە لە کۆمەڵگای ئیستاکەی ئێراندا هاووڵاتی خودی و ناخودیمان هەیە، ئەرکی ئەم خودیانە یان سەرچاوەی ئەم دابەشکردنە چ بێت گرنگترە لە خودی دابەشکردنەکە چونکە لە مێژە بەشێوەی سیستەماتیکی و بەگوێرە پرۆژەیەکی ریئال پۆلیتیک بۆ مەبەستێکی ستەمکارانە کاری لەسەر کراوە کە ئاکامەکەیان وەک ئەولەوێتی دووهەم قبووڵکردەوە.

لە کۆتایی دا ئەگەر بابەتی ئەرکی ڕزگاری مافی هاووڵاتی یان هەمان بواری یاسایی دەستپێکردێکی نەبێ لە داهاتوویەکی نە چەندان دووردا ئێمە دەبینە ساحیبی شێوە کۆمەڵگایەکی مۆدێرنی کۆیلەداری، داواکاریی هەوڵی تایبەت بۆ یەکسانی دۆخ پێویستییەکە کە سەرنجی هەر تاکێکی بەشەرەف بۆ کۆتایی پێهێنانی هەڵاواردن وەک پێویستییەکی مرۆڤی دەخوازێت کە سازش و ڕێکەوتن بەشێوە خەیانەتێک لە مافی مڕۆڤیی دەگۆڕێت، لە دۆخی ئیستاکەدا دەتوانین پرسیار لە ڕیزپەڕ (ئیستیسنا) بەکەین و بەپرسین داخۆ ئیستیسنا بوون کە سەرچاوەکەی تەنها سەرکوتی مڕۆڤایەتی و بابەتی یاساییە پێت قبووڵە یان هەوڵ دەدەیت بۆ بەتاڵکردنەوەی فاکتەرەکانی بناغەی کۆمەڵگایەکی خراپ کە خۆت حاکم و جیلی داهاتووت کۆیلە بێت؟.

داخۆ دەزانیت کە خۆتیان دامەرزاند تا بەشێوەیەک لە شێوەکان ئێمە سەرکوت بکەیت و ئیستاکە کار بە منداڵەکەت دەدەن تا منداڵاکانمان سەرکوت بکات؟! بەڵام ئاگاداربە کە ڕۆژێک دێت کە کار بە کەسێکی دیکە بدەن تا نەوەکانت سەرکوت بکات، داخۆ ئەم کردەوە بە دروست دەزانیت یان لەگەڵ کۆمەڵانی هەراوی سەرکوتکراوی خەڵک دژی دەوەستیتەوە تا هەموومان وەک یەک لە کۆمەڵگایەکی دادپەروەرو دور لە هەڵاواردن پێکەوە بژین.

                           

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی