"an independent online kurdish website

ئەو کوردانەی سۆڤییەت که لە کۆتایی ساڵەکانی دەیەی ٣٠ی سەدەی ڕابردوو بە زۆر لە ناگۆرنی قەرەباغەوە بۆ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست (کازاخستان، ئوزبەکستان، قرقیزیا) دوورخرابوونەوە،

 [بەردەوام] خوازیاری دادگەریی بوون و بۆ ماوەیەکی دور ودرێژ هیوای گەڕانەوە بۆ زێدی مێژووییان لەدەست نەدا.

ئەوەی ئاشکرا و ڕوونە، کوردەکان بە چەشنێکی فەرمی وەکو یەکێک لە گەلە ڕەسەنەکانی ڕووسیا پێناسە کرابوون و چەندیین سەدە لە باشووری قەفقاز ژیابوون. هەرێمی کوردستان که ناوەندی بەرێوبەرایەتییەکەی شاروچکەی آبدالیار (دواتر کرایە لاچین) بوو، لە ساڵی ١٩٢٣ زایینی لە چوارچێوەی کۆماری ئازەربایجانی یەکیەتی سۆڤییەتی سۆسیالیستی و لە سەر سنووری کۆماری ئەرمەنستانی یەکیەتی سۆڤییەتی سۆسیالیستی پێکهێندرا.

ئەم ناوچەیە بە شێوەیەکی بەربڵاو وەک”کوردستانی سوور” بەناوبانگ بوو و، ڕۆڵی لە بەرزبوونەوەی بزووتنەوەی نەتەوەیی – ڕزگاریخوازی کورد له تورکیا و ئێران، ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی فەرانسە(سوریا) و بریتانیای گەورە(عێراق) هەبوو. یەکێک لە هۆیەکانی درووستکردنی کوردستانی خودموختار لەم ناوچەیە، هەوڵی حکوومەتی سۆڤییەتی بۆ کەمکردنەوەی ئاستی توندوتیژی له بەرەنگاربوونەوەی ئەرزیی ئەرمەنستان – ئازەربایجان، لە ڕێگای پێدانی چەند ناوچەی کێشە لەسەر بە لایەنی”سێهەم” و درووستکردنی “ناوچەی ناوبڕە” لە نیوان ئەرمەنستان و هەرێمی خودموختاری ناگۆرنی قەرەباغی ئازەربایجان بوو. ناوی کوردستان ئیتر لە ساڵی ١٩٢١ وە، واته دوو ساڵ پێش دامەزراندنی فەرمی هەرێمی کوردستان بەکاردەبرا. کوردە موسڵمانەکان بە گشتیی بە چەشنێکی چڕ لە هەرێمی کوردستان دەژیان، هوسی حوسێن‌عەلی ئوغلی حاجیڤ یەکەم سەرۆکی کومیتەی بەرێوەبەریی هەرێمی کوردستان بوو. ئەو هەرێمە ناوچەکانی(دایرەی) قەرەقشلاق، کەڵبەجار، قۆتورلو، قوباتلی، کورد – حاجی و مورادخانلی لە خۆی دەگرت. ڕێژەی دانیشتووانی ئەو هەرێمە ٥١،٢ هەزار کەس بوو و، کوردەکان ٣٧،٤٧٠ کەس(٧٣،١%)، تورکەکان ١٣،٥٢٠ کەس(٢٦،٣%) و ئەرمەنییەکان ٢٥٦ کەس(٠.٥%) لەم دانیشتووانەیان پێک دەهێنا. لە تەواوی ناوچەکان بێجگه لە تورک‌زمانەکانی قوباتلی، کورد زۆرینەی دانیشتووانی پێک دەهێنا. بە پێی زانیارییەکانی ساڵی ١٩٢٥، هەرێمی کوردستان بریتی بوو لە ٦ ناوچە و ٣٣٠  ئاوایی که له نێو ٦٣ شوورای دێ‌دا یەکیان گرتبوو. پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ئەم خەڵکه بە ڕادەیەکی زۆر خەسڵەتی عەشیرەیی خۆیانی پاراستبوو، شێوەی ژیانی بەشێک لە کوردەکان لە چەشنی نیوەکۆچەریی بوو، بەشێکی زۆریش لە ئەشکەوت و خێوەتەکاندا دەژیان.

به هۆی دروستکرانی فێرگە و خوێندن بە زمانی کوردی، هەروەها فێرگە پیشەیی ناونجییەکان له لایەن حکوومەتی سۆڤییەتەوە، دەیان کورد دەرفەتی خوێندن لە زانستگاکانی یەکیەتی کۆمارەکانی سۆڤییەتی سۆسیالیستیان وەدەست هێنا،  ڕۆژنامه و گۆڤار بە زمانی کوردی چاپ و بڵاوکرایەوە و ڕادیۆی خۆجیی دەستی بەکار کرد. لەو سەردەمەدا لەو کۆمارانه‌ی سۆڤییەت وەک ئازەربایجان، ئەرمەنستان، گورجستان و تورکمەنستان کە خەڵکی کوردی تێدا دەژیا، ناوەندەکانی کولتوری کوردی و فێرگه و فێرکاریی بە زاراوەکانی زمانی کوردی سازکرا. ئەو بارودۆخ و ڕەوشەی دەرفەتی گەشەسەندنی به کورد وەکو گرووپێکی ئەتنیکی لە ساڵە سەرەتاییەکانی حکوومەتی سۆڤییەت دابوو، لە ساڵانی دەیەی ١٩٣٠دا گۆڕا. کاربەدەستانی کۆمارەکان دەستیان بە سیاسەتی تواندنەوەی ئیجباریی گەلە کەمینەکان کرد. لە کۆماری ئازەربایجانی یەکیەتی سۆڤییەتی سۆسیالیستیدا ڕێبازی بە تورک کردنی کوردان دەستی پێکرد. لەو کاتە بەدواوە کۆتایی ناوی بنەماڵەتی خێزانێکی زۆری کورد پاشگری” ئوغلی”، “ئیڤ”، “ئۆڤ”، “یان”، ” شویلی”، “دزی” و لەم چەشنە‌ی بەخۆیەوە گرت. هەر بە هەمان شێوە، مانەوەی هەرێمی کوردستانیش ئیتر زۆری نەخایاند و بە پێی بڕیاری شەشەمین کۆنگرەی سەراسەری شووراکانی ئازەربایجان لە ٨ ئاوریلی ١٩٢٩ ئەم هەرێمه هەڵوەشێندرا. وێرای ئەوەش کوردستانی خودموختار لە یەکیەتی کۆمارەکانی سۆڤییەتی سۆسیالیستی لە ساڵانی ١٩٢٩-١٩٢٣ چووە نێو مێژووی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد و بڕگەیەکی گرینگی یادەوەری مێژوویی کوردی پێکهێنا.

لە ساڵانی ٤٠-١٩٣٠ کوردەکانی سۆڤییەت هاوچارەنووسی زۆربەی گەلە سەرکوتکراوەکانی تر بوون. بەشێکی زۆریان که بە گشتی موسلمان بوون لە شوێنی ژیانی هەمیشەییان بۆ ناوچەگەلێک له کازاخستان، ئوزبەکستان و قرقیزیا دوور خرانەوە کە بۆ ژین شوێنێکی گونجاو نەبوون. تەنیا دانیشتووانی کوردی ئیزیدی لە ئەرمەنستان و گورجستان، هەروەها کۆمەڵگای کوردەکانی تورکەمەنستان لە شوێنی خۆیان مانەوە.

کاربەدەستانی سۆڤییەت ئەگەری هەڵوێستی لایەنگری کردن لە تورکیا و ئێرانیان لە کاتی سەرهەڵدانی شەڕێکی نوێ یان تێکهەڵچوونی چەکداری لە لای باشووری[سۆڤییەت] یان وەکو بیانوو بۆ دوورخستنەوەی کوردان بۆ قەفقاز دەهێناوە. ستالینیستەکان مێژوویان باش نەدەزانی، کاتی شەڕی ڕووس و تورکەکان، تابوورەکانی کورد لە ژێر ڕێبەرایەتی ژنراڵی کورد عەلی ئەشرەف ئاغای شەمسەدین و پاڵەوانییەکی بێ‌وێنەیان لە خەبات لەگەڵ تورکەکان پیشان دابوو. کوردە گیانبەدەربردووەکان وێرای دوورکردنەوەی بە زۆر و سەرکوت کرانیان لە سەردەمی یەکیەتی کۆمارەکانی سۆڤییەتی سۆسیالیستی، ئازایانه دژ بە داگیرکەرانی هیتلێریی لە ساڵانی شەڕی گەورەی نیشتمانی بەشداریان کرد و، سێ لەوان عینوانی  بەرزی قارەمانی یەکیەتی سۆڤییەتیان پێ بەخشراو و هەزاران کەس لەوان بە پێدانی پلە و مێدالیا خەڵات کران.

باوەڕیی پێدانەوە بەو کوردە ئازار پێ‌گەیشتوو و بێ‌تاوانانه‌ی کە پاش مردنی ستالین لە ساڵەکانی دەیەی ٥٠ی سەدەی ڕابردوو دەستی پێکرد، بە داخەوە نەبوو بە هۆی بووژاندنەوەی دادگەرییەکی مێژوویی. کاربەدەستانی کۆماری سۆڤییەتی ئیزنی گەڕانەوە  بە ماڵ و زێدیان بە زۆرینەی کوردەکان نەدا. هەتا ئێستاش کۆمەڵگای کوردە دوورخراوەکان لە کازاخستان، ئوزبەکستان و قرقیزیا دەژین و، تەنیا کوردە ئیزیدییەکان توانیویانە لە ئەرمەنستان و گورجستان بمێننەوە. پتر لە سەد هەزار کوردی باوەڕپێدراوە هاتنە ڕووسیا و بوون بە شارومەندی تەواو مافی فدراسیۆنی ڕووسیا.

کاربەدەستەکانی ئازەربایجانی سۆڤییەتی بە چەشنی جۆراوجۆر دژایەتیان لەگەڵ گەڕانەوەی کوردەکان بۆ لاچین و ناوچەکانی نزیک بە ناگۆرنی قەرباغ کرد و، پاش هەڵوەشانی یەکیەتی کۆمارەکانی سۆڤییەتی سۆسیالیستی، ناسیۆنالیزم بوو بە بەشێک له سیاسەتی حکوومەتیی دەوڵەتی نوێی ئازەربایجان. کوردەکانی ئازەربایجان لەو سەردەمەدا ئیتر بە ڕاستی‌‌ ئاسیمیلە ببوون و باکو ڕێی نەدا کوردە دەرکراوەکانی پێشووی کوردستانی سوور بگەڕەنەوە بۆ ناگۆرنی قەرباغ.

کاربەدەستانی کۆماری خؤ بە ناگۆرنی قەرەباغ(ئارساخ) ناسێنراو و حکوومەتی ئەرمەنستانیش سەبارەت بە کوردە باوەڕپێدراوەکانی لاچین هەتا رادەیەکی زۆر هەر ئەو هەڵوێستەیان هەبوو. ئەوان پێیان وایە، کوردەکان بە هۆی باوەڕی ئیسلامییان لە کێشەکانی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان ئەگەری ئەوەیان هەیە ببن بە ستوونی پێنجەم.

هەوڵی تازەی حکوومەتی ئازەربایجان بۆ گەڕاندنەوەی کۆنترۆڵی خۆی لە ناگۆرنی قەرەباغ هیچ هیوایەک بۆ کوردە میراتبەرەکانی کوردستانی سوور ناهێڵێت بۆ گەڕانەوەیان بۆ لای گۆڕی پێشینیان و زێدی خۆیان. لە بارودۆخی خراپتربوونی ڕەوشی ناوچە و خۆتێوەردانی تورکیا لەم کێشەیەدا شانسی کوردەکانی لاچین بۆ بووژاندنەوەی دادگەرییەکی مێژوویی دەگاته سیفر.

نووسەر: ستانسیلاڤ میخایلۆویچ ئیوانۆڤ 

وەرگێڕ لە ڕووسییەوە: د.کامران ئەمین ئاوە

سەرچاوە:

 Иванов Станислав Михайлович، Война за Нагорный Карабах не оставляет шансов курдам восстановить историческую справедливость

https://riataza.com/

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی