"an independent online kurdish website

نیکۆل جێمس بار کچۆڵەیەکی ته‌مه‌ن (١٢) ساڵانی جوان و رووخۆش و خوێن شیرینە. لەدایکبووی ئینگـلتەرایە. لە خێزانێکی قەرەجی کۆچەرییە. باوکیشی هەر لە ئینگـلتەرا لەدایکـبووە. بە ڕەسنیش هـیندین و زۆر لە مێـژەوە بنەماڵەکـەیان هـاتوونەتە بریتـانیا.

نیکـۆل بـار لەگەڵ دایک و باوکی خوشکە بچووکەکەیـدا، لە کەرەڤانەیەکدا، لە کەمپێکی قەرەجەکـان لە (هـارلـۆ) لە (ئیسیکـس) لە بـریتانیـا دەژیـن، کە بەشێکە لە کۆمەڵـگـای قـەرەج و کۆچەرییەکـان. خێزانەکەی نیکۆل لەناو بـرتانیادا بۆ گەلێ شوێن کۆچ دەکەن.

نیکۆلـیش لەگەڵ ئەم ژیانە سەختە و هاتوچۆیە زۆرەدا راهـاتـووە و ئاساییە بەلایـەوە.

نیکۆل بار، وەک هەر منداڵێکی قەرەجەکان، درەنگ چووە قوتابخانە. لە چاو هاوڕێیانی هاوپۆلییەوە زۆر درێژ بوو. بەڵام لە هەموو قوتابییەکانی پۆلەکەی زیرەکتر و زۆرزانتر بـوو. هەر لە یەکـەمین رۆژی قـوتابخـانەیـدا، مامۆستاکـان بۆیـان دەرکەوت، کە نیکـۆل قوتابییەکی زیرەک و چالاکە. زۆر بە پەرۆش و چالاکانە، ئەرک و کارەکانی بە جوانی و بە خێرایی ئەنجام دەدان، گەرچی زۆر لە قوتابخـانە دوادەکەوت و ئامادە نەدەبوو، بەڵام زیرەک بوو. پێش ئەوەی کە تەمەنی بگات بە (١٠) ساڵان لە ئەنجامدانی راهـێنانەکانی (جەبـر) دا زۆر زیرەک و خێرا ئەنجامدەر بوو. جێی سەرسووڕمانی مامۆستاکانی بوو.

نکیۆل بار، هەردەم گەشبین بوو، متمانەیەکی زۆری بەخۆی هەبوو، زۆر سەرسەخـتانە هەوڵی دەدا و سووربوو لەسەر ئەوەی، کە خۆی بسەلمێنێ و تواناکانی خۆی دەربخـات و سەرنجی مامۆستاکـان و هـاوڕێکانی بەلای خـۆیـدا رابکـێشێت. کێ بـڕوای دەکـرد کە کچۆڵە قەرەجێکی هەژار، کە لە کەمپـدا بژی، هەڵـدەکەوێت و دەبێت بە یەکێک لە هەرە بلیمەتەکـانی جیهـان و تێکڕای پلەی زیـرەکی لە ئەنشـتاین و لە هـۆکینگ باڵاتر دەبێت.

نیکۆل باری تەمەن (١٢) ساڵان، لە پۆلی حەوتەم لە ئاکادیمیای (بیرنت میـل) وەرگيرا، ئەمەش هـیوای دایکی بوو کە لەم قوتابخانەدا وەربگیرێت، ئەم قوتابخـانەیە بە تەواوی ژیانی نیکۆلی گـۆڕی. بەڕێوەبەر و مامۆستاکان بە ئەوپەری رێـزەوە پێشوازیان لێکرد.

سەرۆکی ئاکادیمیای (بیرت میل) خاتوو (هێلینا میلز) دەڵێت:”نیکۆل قوتابییەکی زیرەکی بـاڵایە، هەر لە یەکەمین ساڵی خوێندنـدا، لە زۆربەی چالاکییە جیاوازییەکانـدا بەشـداری دەکرد. بە گـوڕ و تینێکی ئەوتۆوە، لەو بڕوایەدا نەبـووین وابێت. بۆ نموونە بەشـداری لە خێوەتگای دیدەوانی و بەشداری لە پێشبڕکێی نووسینی قورسی بیرکاری و هەر کار و چالاکییەی تری قورسدا دەکـرد” کاتێک کە مامۆستاکـان بەهـرە و لێهاتـوویی نیکۆل باریان لە چارەسەری کێشەکان زانی، هەموویان یارمەتیان دا و هـانیان دا بۆ ئەوی کە زیاتـر هـەست و بەهـرە و تـوانـاکـانی خـۆی دەربخـات.

نیکۆل بار، بە بڕوابەخۆبوونەوە بەشداری لە تاقیکردنەوەکانی (مینسا) کرد، بۆ زانینی تێکـڕای پلەی زیـرەکی. وەڵامی هەموو پرسیارە قورسەکانی دانەوە. توانی (١٦٢) پلە بە دەستبهـێنێت کە لە پلەی بلیمەتـیش زیاتـرە. ئەمـەش گەورەتـرین ئەنجـامە، بە (٢) پلـەش بەسـەر هـەردوو زانـای فـیزیـاوی (ئەلـبێرت ئەنشـتاین) و پـرۆفـیسۆر (ستـیڤـن هـۆکینگ) دا باڵاتـر بێت. تێکـڕای پلەی بلیـمەتی ئەنشـتاین و هـۆلینگ (١٦٠) پلـەیە.

بەم ئەنجامە نیکـۆل بـار بوو بە یەکێک لە هەرە بلیمەتەکـانی جیهـان. بوو بە ئەنـدامی (مینـسا) و چـووە ریـژی لە (١%)، کە رێـژەی زیـرەکەکانی هەمـوو جیهـانە. ناوەنـدی تێکـڕای زیرەکی (١٠٠) پلەیە. هەر کەسێک تێکـڕای پلەی زیـرەکی لە سەرووی پلەی (١٤٠) پلـەوە بێت. دەچـێـتە ئاسـتی بلـیمەتی. مینـسا تا ئێـستا (١١٠) هـەزار ئەنـدامی زیرەکیان لە هەموو جیهاندا هەیە. کە (٢٠) هـەزاریان لە بـریتانیا دایە. لە (٣٥%)ی ئەندامەکانی مینسا مێینەن. تەنیا لە (٨%) ی ئەندامەکانی تەمەنیان لەژێر (١٦) ساڵان دایـە. بەڵام نیکـۆڵی تەمەن (١٢) وایکـردووە، کە لـەو یاسـایە بەدەربێـت.

(ئـان کلاکـسۆن) وتەبێـژ بە ناوی (مینسا)ەوە، وتی:”تەنیا منـداڵان دەتوانن پلەی زیاتر لە (١٦١) پلە بەدەستبهێنن” چونکە ئەم پلەیە ئەوپەڕی پلەی بلیمەتی کەسێکی کامڵە.

(مینـسا) ئەوەشـیان وت:”منـداڵە بلـیمەتـە ئـەکـادیمـیەکـان، لـە رووی تـەمـەنیـانـەوە پێگەیشـتوون. شارەزاییـەکی باشـیان لە بابەتێکی دیـاری کـراودا هـەیە. بیرتیـژییـەکی ئەوتۆیـان هـەیە، کە رەنگە جـێی بـڕوا نەبـن. ئەو منـداڵانە حەزیش دەکـەن کە لەگـەڵ گەورەکانـدا گـفـتۆگـۆ بکـەن و کـات بەسەربـەرن”.

نیکـۆل بـار، لە لێدوانێکـیدا بۆ رۆژنـامەی (ویسـترن دێـلی)  وتی:”کـاتێ کە زانـیم ئـەم پلەیـەم بەدەستهـێـناوە، سەرسـام بـووم، ئەنجـامـێکی چـاوەڕوان نـەکـراوبـوو”

نیکۆل بار، بۆ رۆژنامەی (دێـلی میـل) دوا و وتی:”لە قوتابخانەی سەرەتاییدا، بە رێکی دەوامـم نەدەکرد. هەر لە یەکەمین رۆژەوە، دایـکم هـەوڵی ئەوەی دەدا، کە بمگەیەنێـتە ئەکـادیمـیای (بـیرنـت میـل) ئـەم قـوتـابخـانەیە ژیـانی گـوڕیـم”.

نیکـۆل بـار وتیـشی:” لـە بیـرمە کە لە قـوتـابخـانەی سەرەتـاییـدا بـووم، بەشـداریـم لـە شانـۆیەکـدا کـرد، رۆڵـی فـریشـتەیـەکم دەنـوانـد، کچـێکی تر، رۆڵـی فـریشـتەیـەکی تری پێ درابـوو، لە کـاتی نمـایـشـدا ئـەو نەهـاتبـوو. رۆڵـەکـەی ئەویـش هـەر مـن نـوانـد”

نیکۆل بار، ئـارەزووی خوێنـدنەوە و گۆرانی و شانـۆیە، هـۆگری شانۆکانی شکـسپیرە. چـێژێکی زۆریـش لە یـاری تـۆپی پـێ وەردەگـرێ. خەونیش بەوەوە دەبینێ، کە بچـێتە زانکـۆی ئـۆکسفـۆرد و کۆلـێژی پـزیشکی تەواو بکات و ببـێت بە پـزیشکی منـداڵان و خۆبـەخـشانە چـارەسەری ئـازارەکـانی هـەژاران بکـات.

کە لە نیکـۆل بـار بـڕوانیـت، کچـۆڵـەیەکی ئاسـایی و خـاکی و سـادە و رووخـۆشە، زۆر حـەزی لە قـسەی خـۆش و سوعـبەت و پێـکەنیـنە.

نیکۆل لەسەر داوا و خەرجـیی پەرلەمانی ئەوروپا، بۆ کۆنگرەی رۆمـا بۆ لاوان بانکرا و بەشداری کرد و بە گەرمی پێشوازییان لـێکرد. لەو کۆنگرەیەدا قسەی بـۆ لاوان کرد.

نیکۆل بار، دوای بەدەستهـێنانی ئەو پلە باڵایە لە زیرەکی و بلیمەتیدا، بوو بە مانشـێتی گەلێ لە رۆژنـامە و گۆڤـار و میدیـا و راگەیانـدنەکانی بـریتانیا. بووش بە وێـردی سـەر زمـانی کۆمەڵگـەی قـەرەج و کۆچـەرییـەکـان و بە مایـەی شـانـازی بـۆیـان.

لە راستیشدا، تا ئەمڕۆش گەلێ لە خەڵکی رەگەزپەرست و خۆ بە باڵازانتر و جیاواز، لە ئەوروپا و لە هەموو کێشوەرەکـانی تریش، بە چاوێکی کەمتر لە قەرەجەکـان دەڕوانـن، بە شێوازێکی ناشیرین رەفـتاریان لەگەڵـدا دەکەن و سووکایەتیان پێدەکەن. بە نـاڕەواش گەلێ قسەی نەرێنی دوور لە راستی دەدەنە پاڵیان. تەنانەت لە هەنـدێ لە قوتابخانەکاندا جیاوازی لەگەڵ منداڵەکانیان دەکەن و بە ئاشکرا پەراوێـزیان دەکـەن. ئەم رەفـتارانـەش پەڵەیەکی قـێزەوەن و ناشـیرینن بە نێوچـەوانی رەگەزپەرستان و نـازییەکـانی ئەمـڕۆە.

زۆر لە قەرەجەکان و کۆچەرییەکان، بە هەژاری و کوێرەوەری ژیان بەسەر دەبەن. بە کەمیـش دەرفـەتی چـوونە قـوتابخـانە بـۆ منـداڵەکـانیـان دەڕەخـسێ. لەبـەر جیـاوازی و مـووبەکـردن، بەشـێک لە منـداڵە قـوتابییەکـانیان وازیـان لە خـوێنـدن هـێناون و کـاری قـورس دەکەن، یا کەوتوونەتە سەر شەقـامەکان و خەریکی درۆزەکردنن. بۆیە سەختە  کە منـداڵانی قەرەجـەکـان بتـوانـن خـۆڕاگـربـن و درێـژە بە خـۆێنـدن بـدەن.

با بـزانین دایک و باوکی نیکۆل  لە بارەی ژیان و زیرەکی کچـۆڵەکەیانەوە چی دەڵـێن.

دایكی نیكۆل، خاتوو (دۆللی بوکلانـد)ی تەمەن (٣٤) ساڵ، یاریـدەدەری سەرپەرشتیاری هـوتێـلە و بە شەوانیـش  خەریکی جـوانکاری ئارایشـتی ژنـانە. تا قـۆنـاغی سەرەتـایی خوینـدووە. دەرباری نیکۆلی کچی دەڵێ:”کچێکی منـداڵی کۆششکەری زیـرەکە، زۆر بە پەرۆشەوە کاردەکا، لە دوای  قوتابخانە لە یانەی قوتابخانەکەیدا دەمێنێتەوە، ئەرکەکانی ماڵەوەی جێـبەجێ دەکا. هـیچ رۆژێکیش بە فـێڕۆ لە دەست نادا” خاتوو دۆللی  وتیشی:

” لە منداڵـییەوە بـژاری هەڵەکانی ئەو پەرتووک و گۆڤارانەی دەکرد. کە دەیخوێندنەوە. کچـێکی رووخـۆشە و حەزی لە خۆشییە. هەمیشە داوای ئەرکی ماڵەوەی زیـاتر دەکا”

دۆللی بوکلاند وتیشی:”لە قـوتابخانەدا، رووبەڕووی جـیاوازی رەگەزی  بوومەوە. زۆر لە هاوڕێ کچەکانم لە تەمەنی (١٢) ساڵاندا، بە هۆی جیاوازی و دڕندەییەوە وازیان لە قوتابخانە هـێنا. بە داخەوە کە نیکـۆلیش لە قـوتابخـانەی سەرەتاییـدا، بە هەمان دۆخـدا تێـپەڕی و دەردی مووبەکـردن و جـیاوازی چـێشت، لـە پـۆلـدا پەراوێـز کـرابـوو.. هـیچ هـاوڕێیەکی لە پـۆلـدا نەبـوو”

دایکی وتیشی:”ئەوپەڕی شانازی بە نیکۆلی کچمەوە دەکەم.. سوورە لەسەر ئەوەی کە قوتابخـانە تـەواو بکـات و لە زانکـۆدا وەربگـیرێت و کۆلـێژی پـزیشکی تـەواو بکـات و ببـێت بە پـزیـشکی منـداڵان”

باوکی نیکۆل، نـاوی (جـێمـس) ە و نازناویان (بـار)ە، تەمەنی (٣٦) ساڵە، تـا قـۆنـاغی سه‌ره‌تـایی خوێنـدووە. لە تەمـەنی (١٢) ساڵیـیەوە، کرێکـاری پـاکـردنەوەی ئـاوەڕۆگە (زێـراب) و رێـڕەوەکانە. هەستی بە تەگەژەیی دەکـرد کە نیکۆلی کچۆڵەکەی بۆ ماوەی پێـنج سـاڵ لە تـاقـیکـردنـەوەدا بـوو.

جـێمس وتی:”چـیرۆکەکە ئەوەبوو، کە باس لە کۆمەڵێک قەرەج دەکرا، بە تایبەتیش لە بەشداریکـردنی نیکـۆل لە تاقـیکردنەوەکانی (میـنسا) دا. بەلای ئێمەوە مایـەی خۆشی و شادییە، کە بچینە تاقیکردنەوەوە بۆ بەدەستهێنانی شتێک کە سوودمەن بێت بۆ گۆڕیـن. ئەمەش ئەوە دەردەخـا، کە هـیچ جیـاوازییەک لەوەدا نییە کە لە کوێ لەدایک بـوویتە و پێـگەیشـتوویت. دەشـێ هـەرکەسێک لە خـوێنـدنـدا هـەڵکـەوتـووبێـت”

جێمس بـار وتیشی:” نیکـۆل پرسیاری زۆری لێدەکـردم و پرسیارەکـانی تەواو نابـوون. زۆر جـاریـش دەیبـەزانـدم”

جـێمس بار وتی:”هەردەم حـەزی لە ژمـارە و مەتـەڵ بوو، لە بیرکاریـدا زۆر زیـرەکە. لە تـەمەنی دوو ساڵیدا، زۆر بە ئاسانی و خێرا کاری بیرکاری ئەنجام دەدا. بە ئاسانیش مامەڵەی لەگەڵ هەرشتێکی تەکـنیکیدا دەکرد” باوکی نیکۆل هـێشتا هەر سەرسامە، کە ئەوەی زانی کچەکەی خاوەنی ئەقـڵێکی ئەوتـۆیە، کە بلـیمەترە لە (٩٩%) ی خەڵکی.

جێمس بار شانازی بەوەشەوە دەکا، کە کچۆلە بلیمەتەکەی، بووە بە وێـردی سەر زاری کۆمەڵـگەی قـەرەج. رێـز و پێـگەی بەرزکـردوونەتـەوە.

حەزدەکەین ئەوەش بزانن، کە خودی (جێمس بار)ی باوکی نیکۆل، لە تاقیکردنەوەکانی (مینسا) دا بۆ پلەی زیرەکی، بەشداری کرد، توانی ئاستی (زۆر باشە) بەدەستبهـێنـێت.

نیکـۆل بـار، ئەقـڵییەتێکی بازرگـانیـشی هـەیە. هـەردەم بیـر لە قـازانـجکـردن دەکـاتەوە.

نیکۆڵ دەڵێت:”پێـش ئەوەی کە بچـم بۆ پێشانگایەکی ناوخۆیی، راپۆرتی کەش و هەوام شیکـردەوە، ئەوەم زانی کە بـاران دەبارێ. لە فرۆشگایەکدا چەتـرێکی هەرزانکراوم بە (٢٠) جونەیهـ کڕی. دوایی فـرۆشتم بە (٦٠) جونـەهـ . (٤٠) جونەیهـم قـازانج کرد”

بێجگە لە نیکـۆل بـار، هەر لە هەمان هەرێمـدا لە (ئیسیکـس) لە بریتانیا، کچـۆڵەیـەکی بلیمـەتی تری (١٢) ساڵان هـەیە، کە نـاوی (لیـدیا سیـباستیان) ە. لیدیا لە تەمەنی (٦) مانگانـدا قسەی دەکـرد. لـە تەمەنی (٤) ساڵانـدا ئامـێری مـوزیکی کەمـانجـەی لێـدەدا. لیـدیا سیباستیان هـەموو بەرگەکانی پەرتـووکی رۆمانی (هـاری پوتـه‌ر)ی خوێندۆتەوە. شایـەنی باسیشە، لیـدیـا سیباستیان و نیکـۆل بـار، دوو هـاوڕێی دڵسـۆزی یەکـترین. لە تاقـیکردنەوەکانی (مینسـا) دا، لیـدیا سیباستیان تـوانی (١٦٢) پلـە بەدەستبهـێنـێت. بەم ئەنجامەش لیـدیـا دوو پـلە لـە سەرەوەی پلەی بلیمەتی دایە. لیـدیاش بـوو بە ئەنـدامی میـنسا و بە یـەکـێک لە هـەرە بلیـمەتـەکـانی جـیهـان.

(*) بۆ نووسیـنی ئەم بابـەتە، سـوودم لە چـەنـد سایتـێکی ئینگـلـیزی وەرگـرتـووە.

رەزا شـوان

٤/ نۆڤـەمبـەر/٢٠٢٠

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی