"an independent online kurdish website

کۆمەڵێ رۆژھەڵاتیمان ھەن، لە راستیدا زۆربەیان ھەم شۆڕشگێڕن، ھەم نیشتمانپەروەر و نەتەوەخواز. ھەیانە خاکەڕایانە ، بۆ خەباتە لە پێناو رزگاریی نەتەوەکەیا ھەرچیی خۆشی ویستووە جێی ھێشتووە.

بەڵام ھەر لەوانە جاروبارە لە کێشەی پارچەکانی دیکەدا ئەبنە کوچکی داختر لە ئاگر و دایەنی دڵسۆزتر لە دایک! ئەمەشنخراپ نیە ئەگەر بەویژدانەوە بێ.

ئەوان پێیانوایە ھەر لایەنێ نەتەوەیی بوو، ئەبێ بە ھەر جۆرێ بلوێ پاڵپشتیی بکرێ. بۆ ئەم مەبەستەیان زۆرجار زۆرێ پرنسیپی ئەخلاقی، ئینسانی و شۆڕشگێڕانە بنپێ ئەکەن، بەمجۆرەش پاڵپشتییەکانیان وەک پاڵپشتیی ستەمکارە لە ھەمبەر ستەم دیتووی لێ دێ.

دڵنیام ئەگەر سبەی رۆژێ رۆژھەڵات رزگار ببێ و خەباتکارانی ئێستای دیمۆکرات و کۆمەڵە و کۆمۆنیست و خەبات وەک یەکییەتی و پارتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ و بەرپرسەکانیان بگەن، دستیان نەچێ ھیچیان بەرامبەر بکەن، دیسان وڵات بەجێ دێڵن و لە ھەندەران رۆژێ ھەزار جار بە جنێو ئەیانشۆرنەوە. واتە لێیان قەبوڵ ناکەن. مەگەر ئەوەی ببنە پیاویان و کوێرانە خزمەتیان بکەن و بۆیان لە لامەل بدەن و ئەشھەدویان بۆ بێژن. ئەشزانم ئەوە لە کەسایەتیی زۆرێ لەو کەسانە دوورە من ئەیانناسم.

وێنەی نوێ:

عەرەبی شێعە و سوننە، واتە دوو تا سەر ئێسقان ناتەبا، بەڵام وەک نەتەوە گرتووە دژ بە ھەرێمی کوردستان. ئەوان بیانویان ئەوەیە ، ھەتا کوردستان نەوت و داھاتەکانی ھەرێم تەسلیم ناوەند نەکا، بودجە و قەرزیان بۆ نانێرین.

 ھەندێ لە باشوورییەکان، لە حیزبی و لە بێ وەزع و ژیان و نان و ماڵ و داھات بەمە دڵخۆشن، چونکی ھەندێکئان تەواوەتی دەسەڵات و حیزبەکان و ھەندێکیشیان پارتی بە ئامانج ئەزانن. وەک ئەوەی بێژن ناو بەلەمەکەدا ژێر ئەو کون بووە و کارمان بەسەریەوە نیە، با نوقم بێ.

جەماعەتی رۆژھەڵاتیی مەبەستیش، ویڕای کۆمەڵێ باشووری ھەڵئەکوتنە سەر ئەوان و بە خائینیان لە قەڵەم ئەدەن، بێ ئەوەی ویژدانیان بکەنە قازی و جارێکیش بێژن: ئەرێ پارتی و یەکییەتی، ئێوە ھیچ نەبێ لە ٢٠٠٣وە داھاتی سەر و بن خاکی ئەو نیشتمانە ئەخۆن، ئەیخەنە خەزێنەی کەس و بنەماڵە و حیزبەوە، ئەدی بۆ نایێن ھەندێکی لەگەڵ خەڵکەکەتان دابەش بکەن؟!

ئاخر خۆ مەبەستی راستەقینەی بەغدا لەم گوشارانە، تەسلیمی پارە و داھات بە بەغدا نیە، تەسلیمی نەوت و گاز و ئەم شتگەلە نیە. مەبەستی ئەوان تەسلیمی ئێرادەی نەتەوەی کوردە، راست وەک سەردەمی بەعس و لەوە بەولاوەتریش ، ئامانجی سەرەکی روخاندنی ئەو ھەرزاڵە ھیوایەیە کە لە باشوور بە خوێن و خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەی نەتەوەیەک سازیان کردووە.

دە خەڵکینە، دە دڵسۆزینە، دە ناسیونالیست و نەتەوەخوازینە ئێوەش جارێ ویژدانتان خەبەر بکەنەوە و بە بەرپرسانی پارتی و یەکییەتی و حیزبەکانیتر لەو ھەرێمە بێژن: “تکایە ئەوەی لە سامانی گشتی کردووتانە بە سامانی خۆتان و بنەماڵە و دەوروبەرەکەتان، نەگشتی، باشێکی بۆ ھەستاندنەوەی ئێرادەی نەتەوەیی ئەو خەڵکە  دابین بکەن.

بڕوا بکەن بەم کارە ھەم رووی راستەقینەی دڵسۆزیتان ئەسەلمێ و ھەم ویژدانتان ئاسودە ئەبێ و ھەمیش خەڵک بە چاوی بەکرێگیراوی لایەنێ ناتانبینێ و ھەمیش ناچار نابن لە جنیونەدان پێتان لە ژێر ستاتوسەکانتان، خەڵک لە دۆستی دەرخەن، بلۆک بکەن و رێگای کۆمێنت نووسین بەسەر خەڵکا داخەن.

ئەنجام:

بەغدا داوای تەسلیمی ئێرادە لە کوردستان ئەکا. ئەزانێ ھەم کەلێن لە نێوان حیزبەکانا ھەس، ھەمیش لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتا. ئەشزانن کە حیزب و دەسەڵات و بەرپرسانی کورد گەندەڵ و ناروونن لەگەڵ خەڵکەکەیان، ئەشزانن خەڵکی کوردستان دەسلایەز و برسییە. بۆیە پێیانوایە ھەموو ئەم فاکتۆرانە لە پاڵ بەغدا گوشار بۆ سەر ھەرێم دێنن و ھەرێم بۆ رازی کردنی لانیکەمی خەڵکەکەی، ناچار ئەبێ باج بدات و ئەم باجانەش بەس نابن، بۆیە سەرئەنجام ناچار ئەبن ئێرادەی نەتەوەیی تەسلیم بکەن.

جا بۆیە ئەگەر دڵی خەڵکی کوردستان بەدەست نەھێنن، لەوانەیە بەغدا سەرکەوێ. چونکی مێژوو پڕە لەو رووداوانەی کە نەتەوەیەک بەرگەی ھەموو شتی گرتووە، بەڵام نەیتوانیوە بەرگەی ناموس فرۆشتنی دایک و خوشک ژن و کچەکانی و خەوزڕانی ساواکانی لە تاوی گریان و برسیەتی بگرێ.

منیش ئەمەم بۆ ویژدانم نووسی و مەبەستم بەردەنگ یان بەردەنگ گەلێکی تایبەت نیە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی