"an independent online kurdish website

کۆچی دوایی تێکۆشەرێکی سەنگەری کەرامەت پارێزی نیستمان لە ئەوپەڕی بێدەنگیدا خۆڵقێنەری هەندێ پرسیارو هۆکار بوو بۆ گەران و ئاوڕدانەوە لە لاپەڕە پڕ لە بیرەوەریەکانی سەردەمی هەمبەر وەستانی پەلاماری دوژمنی داپڵۆسێنەری کورد بە  شێوازی بەرینی چەکداری.

مەڵبەندی پیرانشار،  زەنگیاوێ،  بادیناوی، مەنگوڕایەتی [مانکورد. ماد کوڕ. مەنگوڕ. کورمانژ. کوڕ ماد. کورد ماد. کرمانج. کورمانژ]. ئەگەر کەمێک سرنج بخرێتە سەر نێوەرۆکی وشە گۆکراوەکان لە هەر سەردەمێکدا، ڕەنگە خۆی هەڵگری حەگایەتگەلێکی دوور و درێژی سەربردەی ئەم خەڵکە بن کە دەتوانێ رەنگدانەوەیان لە دەسپێکی خۆنواندنی سەرلەنوێ سەردەمی ئێمەدا،  دیسان تێکەڵی بووژاندنەوەی سەرفرازی بۆ خاوەندارەتی لە هۆز و نیشتمانی کورد بن. ڕەگەزی ئەم خەڵکە بە گوێرەی ناوە بە جێ ماوەکانی ئاماژە پێدراو بۆ سەر مادە کۆنەکان (جەدی کورد) دەگەڕێتەوە کە تا هەنووکەش هەر بە ئەم ناو گەلە [ مەنگوڕ ـ کورمانژ ] گۆ دەکرێن.

پیر

 وشەی پیر موبد، ڕێنماو ڕێبەری متمانە پێکراوی زانا و خاوەن ئەزموون لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا [وەک پیران شار] دەمانگێڕێتەوە بۆ کات و ساتێک کە خەڵکی ئێمە لە سێبەری زانایی تاکەکانیدا بناغەی پارێزگاری لە خۆی دامەزراندوە.

بەهدین. بادین. بادیناوێ

بەهدین، بادین، و بادیناوێ وەک بەڵگە و نازناو ڕابردویەکی پڕ لە  ڕمزوڕاز و ئازایەتی بەرئەنگاری و داکۆکی لە باوەڕی نیشتمانیانە بەرانبەر پەلاماری لێ ئەستاندنەوەی هزرر و باوەڕی خۆماڵی. بادیناوێ بەڵگە و قەبالەی چاک باوەڕانی رابردووی دوور و درێژی ناوچەکە وەک ماباقی بەشە لەت و پەت کراوەکانی وڵاتە کە بیر و کرداری پیرۆزی خۆیان پارراستووە.

زەنگیاوێ (ناوی گوند)

لە ئەوێستادا، زەنگیاو Zanigaw, لە پاڵەویدا Zenigav   لە فارسیدا زنگیاب و لە ئاخاوتنی ناوچەکەدا زەنگیاو هاتووە.  ئەو دوژمنی خەلکی ناوچەکە  بوو کە لە سەردەمی کەیکاوسی کیانی بە دەستی ئەفراسیاو دەکوژرێت.

یوستی بە خاوەنی گاوی زیندووی ناو دەبات. سەرچاوە ـ اساطیرو فرهنگ ایران ص ٥٤٧، فرهنگ نامهای اوستا.٢ـ ٥٧١ـ ٥٧٥.

ڕوایەتی تر ئەوەیە زەنگیاو سەرۆکی ئاشووریەکان پەلاماری ناوچەکە دەدات بەڵام خۆی لە ئەم شوێنە دەکوژرێ، بۆیە گوندەکە بۆ هەتا هەتایە بە ناوی ئەو ناودێر دەکرێ.

ئەمە خۆی ترجمانی  ڕابردویەکی پڕ لەئازایەتی، بەرابەر وەستان و پێداگری لە پاراستنی خاکی نیشتمان بەرانبەر نەیاری کوردە.

تۆرەمەی ئەم مێژوە دێرینە (لاجانیەکان، نەمران قادر  و ساڵح)، هەمزە بێهنام سەدان و هەزارانی ترن کە هەر ئێستا دیسان پارێزگاری لە کەرامەتی نەتەوەی خۆیان بە بەخشینی گیان و ژیانیان دەکەن.

کاک مەحمود خدر نەبی ( مامزێ)

یەک لەو پێشمەرگانە بوو کە ساڵانی بەرئەنگاری دەوری ئازایانەی خۆی  لە چوارچێوەی پێشمەرگەی ئاسایی تا جێگری هێزی بە هێزی ئاوارە  ١٣٥٨ تا  ١٣٦٤ گێڕا.

 بەشێکی زۆری خەڵکی ناوچەی پیرانشار بە تایبەت مەنتەقەی نەڵێن، گەدە و بەری مێرگان بەسەر چەند بنەماڵە یا خۆیان وتەنی عەشیرەدا دابەش کراون. مەحمود سەر بە عەشیرەتی سوێسنی بوو کە بە هۆی ناو بە دەری دایکی ڕەحمەتی (مامزێ) بە مەحمودی مامزێ دەناسرا.

وەک زۆر کەس ئاگادارن ڕژیمی ئێسلامی دژبەری هەموو پێکهاتەکانی کورد لە سرۆشتەوە بگرە تا کان و کانزا و مرۆڤ و تەنانەت باڵەندەکانیشە،  ئەم سیستمە خۆفناکە تەنیا توانا و ئازایەتی و نیشتمان خۆشەویستی  پێشمەرگە و تاکە کانی بە لە نێوبردنی جەستەیی بە نیشانە نەگرتووە،  ئەو لە کانگای زێڕی ئاوایی خراپە ڕا بگرە تا مەعدەنە پڕ باییەکانی تر وەک بەردی مەڕمەڕ و دەیان چەشنی هاوشێوە ڕۆژانە تالان دەکات، بە هەمان شێوە حەولی لێ ئەستاندنی ڕۆلە دڵسۆزەکانی نێو سەنگەری خەبات لە بوارە جیاوازە کاندا. نەیاری کورد پلانی زۆری بۆ بە چۆکدا هێنانی مەحمودەکان و جیا کردنەوەیان لە ڕیزی شۆڕش تاقی دەکاتەوە، ئەگەر بە تێرۆری بەربڵاوی هەوسار پساو سەرنەکەوت، هێرشی زەمینی و ئاسمانی تاقی دەکاتەوە، قووتی خەڵکی ئاسایی سەر بە دامودەزگای خزمەتکاری شارەکان بۆ پلانە دزێوەکانی بە ئاکام نەگەیشتنی خواستی کورد تەرخان دەکا. زۆر جار دیتراوە بۆ دوژمن هەر ئەو سەرکەوتنە بەس زانراوە کە تاکە نێو بەدەرەوەکان لە ڕیزەکانی شۆڕش داببڕێنێت و ئیتر حوکم نەبووە ئەگەر تەسلیمی پلانە دزێوەکانی تری نەبوون تەنگیان پێ هەڵچنێ، بگرە حەولی ئەوتۆ کە لە ڕیزی شۆڕش نەمێنن بە تاکتیک قەناعەتی پێکراوە.

پەلاماری تێکدانی ژیانی خاو و خێزانی پڕ حەشیمەتی مەحمود لە لایەن دوژمن و گوشارە بەر بڵاوەکان بەشێک لەو هێرشە نگریسانە بە حساب دێت کە ئاخرەکەی تاقەتی خۆڕاگری لەم پێشمەرگە ئازایە سەند .

مەحمود بە ڕاشکاوی هەموو گرفتە خوڵقێندراوە بەرە و ڕوو کراوەکانی دوژمنی لە گەڵ بەرپرسانی خۆی هێنایە بەرباس لە سەر ئەو ئەساسە کە لەو کاتەدا توانای هێز و سیاسەتی شۆڕشەکەی دابڕاندنی بنەماڵەکانی پێشمەرگە لە نێوخۆی وڵات و ئاوارە کردنی زیاتریان نەدەسوورا،  لە گەل مەحمود بە ناچاری هاودەنگی کرا بۆ پاراستنی کەرامەتی بنەماڵە و چارەسەری ژیانی دژواری خاو و خێزانی واز لە ئەرکی ڕاستەوخۆی بەرپرسایەتی لە ڕیزی شۆڕش بهێنێت.

کەسایەتی مەحمود لە نێو بنەماڵە  و عەشیرەکەی نەک هەر کەمی نەکرد  بەڵکوو دواتر وەک سەرۆکی سوێسنیەکان بە پێی نەریتی عەشیرە هەڵبژێردرا.

ئاساییە ئەو لایەنە سیاسیە کە مەحمود سەردەمێک وەک بەرپرس لە ئۆرگانێکی گرنگیدا دەوری فەرماندەیی کارسازی دەگێڕا دەبێ زیاتر ئاگاداری چۆنیەتی هەڵسوکەوتی ئەو بەرانبەر پیلانەکانی دوژمن بە دژی جووڵانەوەکەی بن، بۆیە لێرە دا قەزاوەت لە سەر ژیانی پاش بە جێ هێشتنی ڕیزی ئاشکرای پێشمەرگە بە ئۆرگانی پێوەندی دار و هاوسەنگەرانی لە ناوچەکەی خۆی دەسپێردرێت.

بەلام ئەوە کە دەکرێت پەنجەی ئاماژەی بۆ رابکێشرێ متمانەی مەحمود بە خۆی و دەوامی هاتووچۆی بۆ ناوچەکانی بندەستی پێشمەرگە و تەنانەت پاراستنی شێوازێک لە پێوەندی بوو کە خۆی دەست و دڵپاکی ئەوەی بەرانبەری شۆڕشەکەی دەر دەخست.

خۆزگە لایەنە سیاسیە بەرپرسەکەی کاک مەحمود کاتی پێشمەرگایەتی ئەم مرۆڤە وەک وەفا وڕێز پارێزی رابردووی تێکۆشەرانی دێرین  لە بەرچاو ون نەکەن و ئەوەندە ئاگاداری و خاوەندارەتی فێداکاری تێکۆشەرانی دێرین بکەن کە ڕێگە لە کورد وتەنی “تێکەڵ بوونی دۆ و دۆشاو” بگرێت.

لە کۆتاییدا سەرە خۆشی لە بنەماڵە و هاوسەنگەرانی دێرینی مەحمود و خەڵکی پێشمەرگە پەروەری پیرانشار دەکەم.

دەقی نووسراوەی هاوسەنگەرێکی ناوبراو لە ڕابردوودا وەک خۆی:

کاک مەحمودی خدرنەبی ساڵی ١٣٥٨ دەبێتە پێشمەرگە، دوای پێک هێنانی هێزی ئاوارە لە لکی ٢ سازمان دەدرێ. بە هۆی لێهاتوویی، بە نەزمی و ئازایەتی و ئەخلاقی شۆڕشگێڕانە لە نێو پێشمەرگە و خەڵکی ناوچەی، نەڵێن، گەدە و بەری مێرگان دەبێتە جێگای متمانە هەر بۆیە لە ساڵی ١٣٦١ وەک سەر دەستەی دەستەی شەهید مەحمود زەینی دیاری دەکرێت. بە هۆی زۆری پێشمەرگە لە ناوچەی پیرانشار ئەم دەستەیە لە لکی دووی هێزی ئاوارە جیا دەکرێتەوە و وەک پەلی فەرماندەری هێز دیاری دەکرێ و دەبێتە پشتیوانی کۆمیتەی بەری مێرگان و حەوزەی تێکۆشانی لەو ناوچە یە دەبێت.

دیارە هێزی ئاوارەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، چوار لکی هەبوو لکی 1 بە فەرماندەهی حەسۆ عەلیپوور (شەهید  کراوی دەستی تێرۆری تاران)، لکی 2 بە فەرماندەهی حاجی گوڵاوی، لکی 3 بە فەرماندەهی موحەممەدە ڕەشە، لکی 4 بە فەرماندەهی  هەمزە بێهنام (شەهید)،  هەڵبەت ئەو فەرماندەرانە شارەزای ناوچەکانیان بوون و جێگای خۆیان گرتبوو.

دواتر کاک مەحمودی خدری نەبی لە پلەی سەردەستەیی وە  بە جێگری هێزی ئاوارە کە سەید رەسوڵ سەید ئەحمەدی فەرماندەهی دەکرد،  دیاری کرا و  لە ساڵی ١٣٦٣ تا ١٣٦٤ی هەتاوی واتە کاک مەحمود یەک ساڵ لەو پۆستە دا مایەوە. ساڵی ١٣٦٤ بە هۆی فشاری ڕژیم بۆ سەر بنەماڵەکەی و نەبوونی سەرپەرەست کاک مەحمودی ئازا،  بە نەزم و ئێنزبات  ناچار چۆوە ناوخۆ بۆ سەرپەرەستی بنەماڵەکەی. کاک مەحمود  لە زۆربەی شەڕەکانی ناوچەی پیرانشار بە تایبەتی ناوچەکانی  نەڵێن، گەدە و بەری مێرگانی بەشدار بوو و جارێکیش بریندار بوو.

کاک مەحمود بەداخەوە لە رێکەوتی 1399/8/17 بە هۆی پەتای کرۆنا لە  پیرانشار گیانی لە دەست دا و لە گوندی کەوپەڕ لە نێو ئاپۆڕای خزم و دۆستانی دا بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.

 ڕۆحی شاد و ئاسوودە بێت.

سدێق بابایی ١٣/١١/٢٠٢٠

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی