"an independent online kurdish website

بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە  ئێوارەی شەممە 2020/11/14  مام “عەزیز عەزیزی” پێشمەرگەی کۆمار و باوکی دوو شەهیدی رێگای رزگاری کوردستان، شەهیدان “محەممەد عەزیز” و ” رەسوڵ”

 هەر وەها باپیری خاتوو “نەسیم عەزیزی” کە ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەزبەری 1399 کۆچی دوایی کرد و مامی شەهید “خدر عەزیزی”،  لە نەحۆشخانەی شاری سالا لە  وڵاتی سوید چاوەکانی لە سەر یەک دانا و مالئاوایی یەکجاری لە بنەماڵە، خزم و کەس کار و حیزبە خۆشەویستەکەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد.

بەو بۆنەوە پرسە و هاوغەمی خۆمان بە بنەماڵەی گەورەی عەزیزی، درەختی و بایەزیدی و هەموو ئازیزانی مام عەزیز  رادەگەیەنین و خۆمان بە شەریک و هاو بەشی غەمیان دەزانین.

رۆحی مام عەزیز شاد و جێگای بەهەشت بێت.

وتووێژێکی کورت لە گەڵ مام عەزیز سەبارەت بە لە دایک بوونی بەڕێز مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی

….

پرسەی کاک مەلا حەسەن شیوەسەڵی 

دەقی هەواڵ وەرگیراو لە کوردستان میدیا

پێشمەرگەیەکی سەردەمی کۆماری کوردستان لە سەردەشت کۆچی دوایی کرد

مام “عەزیز عەزیزی” کە لەنێو خەڵکدا زۆرتر بە “عەزیزی فەقێ ئەحمەدی بێوران” ناسرابوو ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ لە نەخۆشخانەی شاری “سالا” ی سوئێد کۆچی دوایی کرد.

“مام عەزیز” وەک زۆربەی منداڵانی سەردەمی خۆی لە زانینی ڕێکەوتی دروستی لەدایکبوونی خۆی بێبەش بوو. بە پێی کارتی پێناسی ئەودەم ساڵی ١٢٨٩ی هەتاوی لەدایک بووە و پێی ناوەتە ژیانی پڕ لە کوێرەوەری گوندنشینانی کوردستانەوە.

 ژیانی پڕ لە چەرمەسەریی “مام عەزیز” هەر زوو لە سۆزی باوکایەتی بێبەری کرد و بابی لە تەمەنی منداڵیدا و لە ئاوارەییدا لە چۆمی “گەرمکانـ”ـدا خنکا و گۆڕ غەریب بوو.

براگەورەی “مام عەزیز” بە ناوی “فەقێ ئەحمەد” ئەرکی پەروەردەکردنی “مام عەزیز” و برا و خوشکەکانی دیکەی وەئەستۆ گرت. هەر لەوێڕابوو کە “عەزیز” وەک “عەزیز فەقێ ئەحمەدی” ناوبانگی دەرکرد.

کاک فەقێی براگەورە و عەزیز و برایم لە چەرمەسەری و هەژاریدا گەورە بوون و ئەستەم بوو بەرامبەر زوڵم و زۆرداری بێدەنگ بن. لەهەر کوێ بەرهەڵستی دژی زۆرداری هەبووایە ئەوانیش لەوێ بوون.  بەیەکەوە لە ڕاپەڕینی “مەلا خەلیلی گۆڕەمەریـ”ـدا(ساڵی ١٣٠٧) بە دژی بڕیاری پۆشینی جلوبەرگی زۆرەملی و ڕاپەڕینی “ئۆمەر پاشای قەلەڕەشێ” بە دژی سەربازی زۆرەملی (ساڵی ١٣١٧) بەشدار بوون.

ساڵی ١٣٢٤، لە گەڵ دامەزرانی کۆماری کوردستان بوونە پێشمەرگە و تا دوایین سات بەرگریان لە کۆمار کرد. مام عەزیز دوایین پێشمەرگەی کۆمار بوو کە لە “گردی غەوزەی”قەراخ شاری سەردەشت دوایین فیشەکی بەرەوڕووی دوژمن تەقاند.

سێ برا بوونە پاڵپشتی بە هێزی جوڵانەوەی چەکدارانەی ٤٦-٤٧. دوای سەرکوتکرانی ئەو جوڵانەوە و شەهیدکرانی ژمارەیەکی زۆر لە بەشدارانی ئەو جوڵانەوە، هەستی کوردایەتی زیاتر لە جاران لە نێو دڵی ئەو سێ برایەدا پەنگی خواردەوە و چاوەڕوانی دەرفەتی دیکە بۆ دەربڕینی مانەوە. ئەوجار کوڕانی ئەو سێ برایە پێگەیشتبوون و ئەوان لەسەر ڕێبازی باوکانیان بەردەوام بوون. ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی گەرمەی ڕێپێوانەکان دژی ڕێژیمی شا گەیشتە شاری سەردەشت. ڕۆژی ١٤ی سەرماوەزی ئەو ساڵە، پۆلێک شۆڕشگێڕ لەو شارە کەوتنە بەر دەستڕێژ و شەهید و بریندار بوون. “خدر عەزیزی” برازای مام عەزیز یەکێک لە شەهیدەکان بوو.

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بنەماڵەی مام عەزیز تێکڕا بوونە یەکەم پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات. ساڵی ١٣٦٤ شەهید “حەمە عەزیز” کوڕە گەورەی مام عەزیز دوای شەڕێکی قارەمانانە شەهید بوو. ساڵی ١٣٧٠‌، شەهید “ڕەسوڵ” دووهەمین کوڕی پێشمەرگەی مام عەزیز تێکەڵ بە کاروانی نەمران بوو. مام عەزیز لە کاتی شەهیدبوونی شەهیدان حەمە عەزیز و ڕسوڵی کوڕیدا دڵخۆشی پێشمەرگەکانی دەدایەوە و ئەوانی بە کوڕانی خۆی و درێژەدەرانی ڕێبازی کوڕەکانی لە قەڵەم دەدا.

ورە و هیوای دڵی مام عەزیز بە چوونە سەری تەمەن ئاڵوگۆڕی بەسەردا نەهات و هەردەم ئامادەی وەئەستۆگرتنی ئەرک بوو. ساڵی ١٣٧٥، لە کاتی هێرشی هێزەکانی سپای پاسداران بۆ سەر دەفتەری سیاسی حیزب ئامادەبوو وەک باقی پێشمەرگەکان لە بەرپەرچدانەوەی هێرشی زەمینی دوژمندا بەشدار بێت و یخۆی لە چوون بۆ شوێنی ئەمن پاراست.

لە تەواوی ماوەی دەربەدەری بنەماڵەی مام عەزیزدا، ئەو ماڵە وەک شوێنی حەسانەوەی پێشمەرگە پێشوازی لە هەزاران پێشمەرگە کردووە.

 ساڵی ١٣٧٧(١٩٩٨) بنەماڵەی مام عەزیز وەک زۆرێک لە دانیشووانی ئاوارە لە هەرێمی کوردستان، بە ناچاری ڕوو لە دەرەوەی وڵات دەکەن و لە وڵاتی سوئێد نیشتەجێ دەبن.

لە تەواوی ماوەی دوورەوڵاتیدا، نیگاکانی مام عەزیز بەرەو گەڕانەوەی سەربەرزانە بۆ زێدی باب و باپیرانی بوو، تا لە دوایین ساڵ و ساتەکانی تەمەنیدا لەوێ چاوەکانی لێک نێ و لە دڵی خاکی پیرۆزی کوردستاندا ئارام بگرێت. بە داخەوە ئەو ئاواتەی مام عەزیز وەک زۆر کەسی دیکە وەدی نەهات و لە دوورەوڵاتیدا بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لێکردین.

مام عەزیز باوکی شەهید محەممەد عەزیز و شەهید ڕەسووڵ عەزیزی یە دەبێتە مامی شەهید خدر عەزیز و باپیری ئەندامی کۆچکردووی حیزبی دێموکرات خاتوو نەسیم عزیزی کە ماوەیەک پێش ئێستا لە وڵاتی سوئێد کۆچی دوایی کرد.

چەندین تێکۆشەری دیکەی بنەماڵە و ئازیزانی بنەماڵەی مام عەزیز ئێستا لە ناو ڕێزەکانی حیزبی دێموکراتدا بەوپەڕی دڵسۆزییەوە درێژەدەری ڕێبازی پڕسەروەریی شەهیدانی کوردستانن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ئەو تێکۆشەرە دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.

نەمر مام عەزیز رۆژی چوارشەممە 2020/11/18  لە وڵاتی سوید بە خاک سپێردرا ، روحی شاد بێ.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی