"an independent online kurdish website

یەکیک لە سەرهەنگە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان دوای تەمەنێک خزمەت بە گەل و نیشتمانەکەی کۆچی دوایی کرد.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی خەزەڵوەر، سەرهەنگ “ئیسماعیل عەلیار”، یەکێک لە کادرە نیزامییەکانی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تەمەنی ٧٩ ساڵیدا لە وڵاتی سوئێد کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی پەیوەست بە ڕیزەکانی حیزب بووە و ساڵانێکی زۆر یەکێک لە فەرماندەرانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوو.

سەرهەنگ “عەلیار” براگەورەی شەهید شەهید سەرگورد “کەریم عەلیار”، ئه‌ندامی‌ كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندی ‌‌و بەرپرسی كۆمیسیۆنی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ حیزبی‌ دێموكراتی کوردستان بووه کە ١٠ی پووشپه‌ڕی ساڵی ١٣٦٤ له‌ شه‌ڕێكی‌ قاره‌مانانه‌ لە ناوچەی بانە شەهید بوو.

سەرهەنگ سمکۆ عەلیار یەک لەو فەرماندە شوێندانەرانەی حیزبی دێموکرات بوو کە لە ڕێگای پێکھێنانی دەورەی پەروەردەی نیزامی خزمەتی زۆری بە حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی حەقخوازانەی گەلی کورد کرد.

سەرهەنگ “عەلیار” سەرهەنگی دووەمی پیادەی شیراز و خەڵکی بۆکان بوو. ناوبراو توانایی و لێهاتوویەکی زۆری هەبوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ لەدەستدانی ئەو تێکۆشەرە مەزنە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی سەرهەنگ “سمکۆ عەلیار” پەیامێکی هاوخەمیی بڵاوی کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:​

پەیامی هاوخەمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی کۆچی دوایی کەسایەتیی ناسراوی کورد سەرهەنگ “سمکۆ عەلیار”

بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە کەسایەتیی ناسراوی نەتەوەکەمان سەرهەنگ “سمکۆ عەلیار” ڕۆژی ٢٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی بەهۆی نەخۆشییەوە لە وڵاتی سوئید کۆچی دوایی کرد و دۆستان و نزیکان و خزمانی لەگەڵ خەمێکی نوێ بەرەوڕوو کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو پێوەندییەدا وێڕای بەداخبوون بۆ کۆچی دوایی ئەم کەسایەتییە ناسراوە و خۆشەویستە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم ئەندامانی بنەماڵەی گەورەی “عەلیار” دەکات و بە چاوی ڕێز و ئەمەگناسییەوە سەیری ژیان و تێکۆشان و ڕابردووی کاک “سمکۆ” دەکات. بەتایبەت کە ئەو کەسایەتییە لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران ئەو پلە و پایەبەرزەی کە لە ئەرتشی ئێراندا بە لێهاتوویی و لێوەشاوەیی خۆی پێی گەیشتبوو وەلانا و بە ئۆگری و هەستی نیشتمانپەروەرییەکی تەواوە ڕیزی پێشمەرگایەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەشداری لە بزووتنەوەی ڕەوای نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی هەڵبژارد و و وێڕای کاک سەرگورد “کەریم عەلیار”، برای شەهیدی کاک “سمکۆ” لەسەر داوای ڕێبەری مەزن دوکتور قاسملوو لە فەرماندەیی و سازماندانی هێزی پێشمەرگەدا دەوری بەرچاویان گێڕا.

سەرهەنگ “سمکۆ عەلیار” بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی بنەماڵەیی لە ساڵانی پێشوودا لە وڵاتی سوئید نێشتەجێ بوو، لەو حاڵەشدا هەروا جێگای ڕاوێژی حیزب لە بوارە جوراجۆرەکانی کاروباری پێشمەرگە بوو و نەمانی بە خەسارێکی بەرچاو دەزانین.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی دووبارەی داخ و کەسەری خۆی بۆ لەدەستدانی کاک سەرهەنگ “سمکۆ عەلیار” هاوخەمیی خۆی لەگەڵ بنەماڵە و دۆستان و خزمانی ڕادەگەیەنێت و خۆی به بەشداری ئەم خەمەیان دەزانێت.

ڕۆحی شاد و هیوای سەبووری بۆ بنەماڵەی بەڕێزیان

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نووسینگەی کارگێڕی

٢٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی

سەرچاوە:  کوردستان مێدیا.

ئێمەش وەک بەڕێوەبەرانی سایتی پێشمەرگەکان، سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی نەمر کاک سمکۆ  و هەموو بنەماڵەکانی عەلیار و خزم و دۆستانیان دەکەین و روحی کاک سمکۆ شاد بێ.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی