"an independent online kurdish website

لەسێدارەدانی ئاشکرا و بەبەرچاوی خەڵکەوە، ناچارکردنی خەڵک بۆ ئامادەبوون لە رێورەسمەکانی لەسێدارەدان و هەڵواسینی ئەوانەی لە دژی حکومەتی ئێران دەوەستنەوە،

کارێکە لە دەیان ساڵی رابردووی تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەردەوام دووبارە بووەتەوە و ئاسانترین رێگاشە کە دەسەڵاتداران پەنای بۆ دەبەن، لەپێناو تۆقاندنی خەڵکدا.

ئەو کردارەی هەفتانە لە شار و ناوچە جیاوازەکانی ئێراندا دووبارە دەبێتەوە و تێیدا ‘کرێنەکانی مەرگ’ لە گۆڕەپانە گشتییەکاندا ئامادە دەکرێن و بەهۆیانەوە رێوڕەسمی بەمەرگ سپاردنی حوکمدراوانی وڵاتەکە بەڕێوەدەچن، نیگەرانی و ترسی قووڵی لەو وڵاتەدا لای خەڵک دروستکردووە، بەتایبەت کە ئێستا دۆخەکە سەریکێشاوە بۆ ئاسایی تەماشاکردنی کارەکە و بەنۆرماڵ سەیرکردنی هەڵواسینی خەڵک، لەلایەن منداڵانەوە.

منداڵانی ئێران ئێستا تەنیا بەدەست ئەو گرفتەوە گیرۆدە نین، بەڵکو ژیانی بەشێکی زۆری منداڵانی ئێران، بەپێی سەرچاوە و راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، لە فرۆشتنەوەی سەر ئینستاگرامەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەربەدەربوون لە زبڵخانەکانی وڵات و هاوسەرگیری بەزۆر لە تەمەنی خوار دە ساڵیدا. چیرۆکەکانی ئەوێ، چیرۆکی تەنگژە و کێشەی قووڵ و چەوساندنەوەی منداڵانە بە چەندین شێوازی جیاواز.

سێدارەی ئاشکرا و خۆکوشتنی بەنهێنی

مستەفا ئەگلیمە، سەرۆکی کۆمەڵەی زانستی کاری کۆمەڵایەتی لە ئێران، دەڵێت بینینی پڕۆسەکانی لەسێدارەدان لەلایەن منداڵانەوە کە رژێمی ئێرانی بەئاشکرا ئەنجامی دەدات، رۆڵی گەورەی هەبووە لە هاندان و رێگەخۆشکردن بۆ ئەوەی منداڵان پەنا بۆ خۆکوشتن ببەن.

ماڵپەری ‘رووانگەی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران’ لە زاری ئاگلیمەی گواستووەتەوە، دیاردەی خۆکوشتنی منداڵان و هەرزەکاران لە وڵاتەکەدا زیادیکردووە، ئەوەش بەبڕوای ئەو چونکە “کۆمەڵگە نزیکە لەوەی لەژێر گوشاردا، بتەقێتەوە”.

ئەو پێیوایە هۆکارەکانی خۆکوشتن بەبێ لەناوبردنی پاڵنەرەکانی ئەو کارە لەناوناچن، پاڵنەرەکانیش بریتین لە هەژاری، بێکاری و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا.

مستەفا مستەفا سەری لە بێباکی حکومەت سوڕماوە و دەڵێت: “ئەگەر ژمارەی منداڵە خۆکوشتووەکانی ناو ئێران، لە وڵاتێکی دیکەدا روویان بدایە، دەسەڵاتداری ئەو شارە یان سەرۆکەکەی دەستیلەکاردەکێشایەوە، لەبەرئەوەی ئەوان هۆکاری ئەو خۆکوشتنەن، چونکە ئەوان بەرپرسن لە بێکاری، هەژار و کارەساتە کۆمەڵایەتییەکان”.

میدیاکانی ئێران، بەردەوام هەواڵەکانی خۆکوشتنی منداڵان و گەنجان و مێردمنداڵان بڵاودەکەنەوە، هۆکارەکەی بۆ گوشارە کۆمەڵایەتییەکان و تێکچوونی دۆخی ئابووری و پاشەکشەی هەلی ژیانێکی سەربەرزانە دەگێڕنەوە.

رووداوەکانی خۆکوشتن

مانگی رابردوو، منداڵێکی دیکە بەهۆی هەژاری و نەبوونی مۆبایلی زیرەکەوە بۆ بەشداریکردن لە وانەکانی قوتابخانە لە رێگەی ئینتەرنێتەوە، خۆی کوشت.

رووانگە ئێرانییەکە ئاشکرایکردووە، پەرەستۆ جەلیلی عازار، تەمەن 13 ساڵان، بەهۆی نەبوونی مۆبایلێکی زیرەکەوە کە بتوانێت لە رێگەی ئینتەرنێتەوە وانەکانی قوتابخانەی پێ بخوێنێت، خۆی کوشتووە، لە کاتێکدا بەهۆی کۆرۆناوە، قوتابخانەکانی وڵات داخراون.

مانگی ئەیلولی رابردوو، منداڵێکی دیکەی تەمەن 11 ساڵ بەناوی محەممەد موسەوی زادە، خۆی کوشت. محەممەد لە شاری ‘بوشەهر’ی باشووری رۆژئاوای وڵات لە 10ی مانگی پێشوودا بەهەمان هۆکاری نەبوونی مۆبایلی زیرەک بۆ بەردەوامبوون لە خوێندن لە سەردەمی کۆرۆنا، خۆی خنکاند.

دایکی ئەو منداڵە گوتوویەتی، هەرچەندە مامۆستاکانی بەڵێنیان پێدابوو، قوتابخانەکە مۆبایلێکی بۆ دابین بکات، بەڵام بەڵێنەکەیان نەبردە سەر و ئەویش خۆی خنکاند.

رووداوەکە نیگەرانیی خەڵکی بەدواداهات، دواتر حکومەت گوشاری لەسەر دایکی منداڵەکە دروستکرد و ناچاریکرد بەوەی قسەکانی لەبارەی هۆکاری خۆکوشتنی کوڕەکەی بگۆڕێت، ئەو ئەمجارەیان گوتی، قوتابخانەکە پشتگیری زۆری کوڕەکەمیان کردووە.

ئاژانسی دەنگوباسی ‘رکنا’ی حکومی، لە زاری دایکی محەممەدی گواستەوە “ماوەی دوو تاوەکو سێ مانگ کێشەمان هەبوو، نەماندەتوانی مۆبایلێکی نوێ بۆ منداڵەکەمان بکڕین”. ئەو مۆبایلەی هەمانبوو کێشەی زۆری تێدابوو.

ئەو زیاتر گوتوویەتی: “ژیانمان باشنەبوو، ئێمە لە خانوویەکی کرێدا دەژین لەگەڵ باوکێکی نەخۆشدا”.

منداڵەکە وەک ئەوەی دایکەکە گوتوویەتی نەیتوانیوە ئەو تۆمارە ڤیدیۆیانە بنێرێت بۆ مامۆستاکەی، کە داوای لێکردووە، چونکە مۆبایلەکەی خراپ بووە. دایکەکە دەڵێ، کاتێک محەممەد ئەو کێشانەی بۆ مامۆستاکەی باسکردووە، ئەو پێیگوتووە “بڕۆ ئەو کێشانە بۆ باوکت باس بکە”.

لە ئێران و لە ماوەی نزیکی رابردوودا، زۆر نموونە لەسەر خۆکوشتنی منداڵان بەهۆی هەژاریی تاقەتپڕوکێنەوە هەن. وەک رۆژانی 14 ساڵ، هەروەها سنەی تەمەن 17 ساڵان کە لە ‘عەبادان’ لە ئەیلوولی ئەمساڵدا خۆی کوشت.

لە تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، عەسەلی 16 ساڵان لە ناوچەی ریبات کەریم خۆی کوشت، دواتر زەهرەی 16 ساڵان لە کەنجان بوشەهر و پاشان مورتەزای 10 ساڵان لە ئیلام، ئەمە جیا لە مۆبینای 11 ساڵان لە تاران.

رۆژی 14ی تشرینی یەکەم، مێردمنداڵێکی 16 ساڵان لە پارس ئابادی ئەردەبیل کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا، هەرچەندە هۆکاری خۆکوشتنەکەی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام بەپەرەسەندنی هەژاری لە وڵاتەکەدا دەبەسترێتەوە.

رووانگە ئێرانییە مافپارێزەکە دەڵێ ئەوەی باسیدەکەین، تەنیا نموونەیەکی کەمی قووڵیی ئەو کارەساتە مرۆییەیە کە لەسایەی حکومەتی ئێراندا، بەرۆکی خەڵکی گرتووە.

رووانگەکە روونیکردووەتەوە، حکومەت بەڵێنیدابوو پێداویستی خوێندن لە رێگەی ئینتەرنێتەوە بەخۆڕایی دابین بکات، لە نێویدا مۆبایلی زیرەک و ئینتەرنێتی بەخۆڕایی بۆ قوتابییەکان، بەڵام بەرپرسانی حکومی پێشبینیدەکەن ئەم سیستمە نوێیەی خوێندن لەسایەی کۆرۆنادا، ببێتە هۆکاری کەوتنی 36٪ی کۆی خوێندکارە ئێرانییەکان، ئەمەش بەهۆی هەژاری و بێتوانایی لە دابینکردنی مۆبایل بۆ خوێندن و تابلێت، بەتایبەت لە ناوچە گوندنشینەکاندا.

رۆژنامەی جەوان کە دەوڵەت دەریدەکات، لە 1ی ئەیلوولی ئەمساڵدا لەزاری بەڕێوەبەری گشتی فێرکردنی شاری کرمانی گواستەوە، زیاتر لە 240 هەزار قوتابی لە سنووری شارەکەدا، مۆبایلی زیرەکیان نییە.

لە 13ی هەمان مانگدا، رۆژنامەی ‘حمدلی’ نووسی “ئەوە یەکەمجار نییە هەژاریی پاڵ بە منداڵانی دەوڵەتێکی دەوڵەمەندی وەک ئێرانەوە بنێت بەرەو خۆکوشتن”.

نموونەی منداڵە خۆکوشتووەکانی بە زەینەب هێناوەتەوە کە لە ئاداری رابردوودا لە ئیلام خۆی کوشت، چونکە جلوبەرگی نوێی نەبووە بیپۆشێت.

رۆژنامەکە دەڵێ دوا خۆزگەی زەینەب، کڕینی جلوبەرگی نوێ بوو بۆ جەژنی نەورۆز. هەمان رۆژنامە باسی ئارمینی 11 ساڵانی کردووە کە لە ناوچەی جەعفەر ئابادی کرماشان خۆی کوشتووە. کارەکەی بەهۆی خواردنی حەبی دژە منداڵبوونەوە ئەنجامداوە، چونکە “برسی و هەژار” بووە.

ئاگلیمە زۆر لەوە بەداخە کە وێڕای بەردەوامبوون و پەرەسەندنی خۆکوشتن و خۆخنکاندنی منداڵان و زیادبوونی ژمارەکان لە ساڵانی رابردوودا، بەڵام هێشتا حکومەتی وڵات لە لەسێدارەدانی ئاشکرای بەرهەڵستکارەکانی بەردەوامە، لە کاتێکدا مرۆڤایەتی لە ساڵی 2020دا دەژی.

ژمارە تۆقێنەرەکانی هەژاری

بەهۆی بێبەهابوونی دراوی ئێران لەبەرامبەر دراوی بیانی و تێکچوونی دۆخی ئابووریی وڵات، لە ئەنجامی سزاکانی ئەمریکا بەسەر ئەو وڵاتەدا، رێژەی هەژاری لە وڵاتەکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، داتاکان دەڵێن خێزانێکی چوار کەس، داهاتی مانگانەی بۆ 10 ملیۆن تمەن دابەزیووە، کە بەرامبەر 314 دۆلارە.

ئەو پشێوییە ئابوورییە، نزیکەی 60 ملیۆن لە دانیشتووانی وڵاتەکەی هەژار کردووە، لەکاتێکدا هەژاریی تاقەتپڕوکێن، بەشی نزیکەی 50٪ی کۆی دانیشتووانی وڵاتە.

بەرزبوونەوەی بەهای کەلوپەل، بێگومان کاڵا ئەلیکترۆنییەکانیشی گرتووەتەوە، بەتایبەت مۆبایلی زیرەک کە خواست لەسەری لە بازاڕدا بەرەو بەرزییە، ئەمە وایکردووە زۆر خێزان نەتوانن ئەو جۆرە مۆبایلە بۆ منداڵەکانیان بکڕن، یان تابلێتیان بۆ دابین بکەن، لەپێناو درێژەدان بەخوێندن بەپێی سیستەمی سەردەمی کۆرۆنا.

هۆکارەکانی خۆکوشتن زۆرن

بەپێی داتا راگەیێندراوەکان، زۆرینەی ئەوانەی خۆیان دەکوژن، تەمەنیان لە نێوان 10 تا 15 ساڵانە. وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەڵێ ساڵی 1997 زیاتر لە 100 هەزار کەس هەوڵی خۆکوشتنیانداوە، رێژەکە دەریدەخات لە هەر 100 هەزار کەسی دانیشتووی وڵاتەکە، 125 کەس ئەو هەوڵە دەدات، لەکاتێکدا تەنیا 6 کەسیان سەرکەوتوو دەبن لە کۆتاییهێنان بەژیانی خۆیان. دەزگای دادپزیشکی ئێران گوتوویەتی 7٪ی حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە وڵاتدا، منداڵان و مێردمنداڵانن.

کیانۆش هادی شەریعەتی، پسپۆری بواری مافەکانی منداڵان لە ئێران دەڵێ، تووندوتیژی، گوشارەکان و ناچارکردن بەخوێندن و بە زۆر بەشوودان و لاساییکردنەوەی دیمەنەکانی لەسێدارەدانی ئاشکرا و نادادپەروەری، بەتایبەت لە شارە سنوورییەکانی وڵات، هۆکاری راستەقینەی بەرزبوونەوەی خۆکوشتنی نێو تازەپێگەیشتووانی وڵاتە.

ئەو  دەڵێ: “خۆکوشتنی منداڵان لە وڵاتەکەدا، جێگەی مەترسییە و گەیشتووەتە دۆخی هۆشداری”. پێیوایە پاڵنەری سەرەکی لەوەی منداڵان و گەنجان پەنا بۆ ئەو کارە ببەن، بەردەوامبوونی لە سێدارەدانی ئاشکرای خەڵکە لەسەر شەقامەکان، لەلایەن حکومەتەوە.

رۆژنامەی ‘عەرەب’ دەڵێ بەرزبوونەوەی خۆکوشتنی گەنجان و منداڵان لە ئێران بووەتە رووداوێکی رۆتینی، وەک باسکردن لە ژمارەی مردووان بەکۆرۆنای لێهاتووە.

ئەو رۆژنامەیە پێیوایە ژمارە ئاشکراکراوەکان لەلایەن حکومەتی وڵاتەوە، دوورن لە راستییەوە، چونکە حکومەت ژمارە راستەقینەکان دەشارێتەوە و کەمیان دەکاتەوە.

تۆمارەکان ئاشکرایانکردووە بەربڵاوترین ناوچەکانی خۆکوشتن لە ئێراندا، شارە سنوورییەکانن لە وێنەی ناوچەکانی وەک هەمەدان، کرماشان، کوردستان، لوڕستان و پارێزگای کەهکویلیە و بۆیر ئەحمەد. لە کاتێکدا شارەکانی دیکەی وەک گەیلان، مازەندەران، ئازەربێجانی رۆژهەڵات، خوزستان، ئەردەبیل، قەزوین و بوشەهریش، بەرزبوونەوەی رووداوەکانیان بەخۆوە بینییوە.

نادر مەنسوور کیانی، بەڕێوەبەری بەشی چاودێری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی پەروەردەی ئێران، گوتویەتی هۆشبەر و کاریگەرییە عەقڵییەکان و خۆکوشتن بوونەتە دیاردەی باوی نێو منداڵانی ئێران.

پەرەسەندنی دیاردەی کارکردنی منداڵان

ئەوە تەنیا خۆکوشتنی منداڵان نییە کە لە ئێراندا، رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر پەرەدەسەنێت، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئێران، هەڵوەستە لەسەر دیاردەی کارکردنی منداڵان لە وڵاتەکە و پەرەسەندنی ئەو دیاردەیە دەکەن، ئەوان دۆخەکەیان بەجۆرێک ناوبردووە، کە بووەتە دیاردەیەکی باوی سەر شەقام و شوێنە گشتییەکانی وڵاتەکە.

ماڵپەری ‘خانە ملت’ی ئێرانی، دەڵێت کەڵەکەبوونی دیاردەکە بەهۆی پەرەسەندنی هەژاری و شکستی دامەزراوە بەرپرسەکانە لە پاراستنی منداڵان. پێیوایە ئەو دامەزراوانەی دەبوو منداڵان بپارێزن، تەنیا زانیاری کۆدەکەنەوە و داتاکان ئاشکرا دەکەن.

ماڵپەرەکە لە ئەیلوولی 2019دا راپۆرتێکی لەسەر دۆخی منداڵانی کارکردوو لە ئێران بڵاوکردووەتەوە، تێیدا دەڵێ دیاردەکە بەپێی جوگرافیا و کولتووری شارەکان دەگۆڕێت، لە تاراندا 530 هەزار منداڵی ئیشکەر لەسەر شەقام هەن، لە تەبرێز ژمارەکە 14 هەزار کەسە، لە کرمان ساڵی پێشتر  1063 منداڵ لەسەر شەقام بوون، لە کاتێکدا لە شاری ئاستان ئالبرز، داتاکانی ساڵی 2017 و 2018 و سێ مانگی یەکەمی 2019، باس لە 930 منداڵی ئیشکەر دەکەن، کە خراونەتە ژێر چاودێری کۆمەڵایەتییەوە، هەرچی شاری یەزدە 759 منداڵ و ئەهوازیش 560 منداڵی ئیشکەری لەسەر شەقام هەیە.

مەرزیە جەلیلی، رۆژنامەڤان، باسی لە سیمای ئازاربەخشی منداڵانی ئیشکەری کردووە، دەڵێ ئەوان زۆر ماندوو دیارن، هەندێکیان بەخێوکردنی خێزانی چەند کەسییان لە ئەستۆیە.

لەبەردەم مەترسیی بازرگانیی بە ئەندامەکانی لەشەوە

زەهرا ساعی، سیاسەتڤان و توێژەری ئەکادیمی، لەسەر هەمان بابەت هەڵوەستەی کردووە و دەڵێ دیاردەکە بەرەو زیادبوونە، رێوشوێنەکانیش بۆ رێگریکردن لێی لاوازە و بێکاریگەرییە. ئەو هەڵوەستەی لەسەر لێکەوتەکانی دیاردەکە کردووە و دەڵێ ئەو منداڵانە، زۆرینەیان ناخوێنن، فێری تاوان بوون و بەکاردەهێنرێن، ژمارەیەکی بەرچاویان بوونەتە بەردەستی قاچاخچییانی هۆشبەر، چەتەکانیش منداڵەکان بەکاردەهێنن و لەبەردەم مەترسی بازرگانی بە ئەندامەکانی لەشی مرۆڤدان.

حوسێن موسەوی گەلک، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئێران بۆ پسپۆرانی کۆمەڵایەتی، دەڵێ بەپێی مادەی 79ی یاسای وڵات، نابێ منداڵی خوار 15 ساڵ کاربکات، بەڵام تەنگژە داراییەکانی ئێران، بووەتە هۆکاری پەرەسەندنی کارکردنی منداڵان و ئەوەش بێگومان سەرئەنجامی خراپی بەشوێندا دێت.

ئەو هۆشداریداوە لەوەی دۆخەکە لە ئێراندا رۆژ لە دوای رۆژ خراپتر دەبێت، ئەمەش بەهۆی تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتی و تەنگژەکانی وڵاتەکە.

منداڵانی ناو زبڵخانە

مەینەتییەکانی منداڵان لە ئێران، تەنیا لە بینینی دیمەنەکانی لەسێدارەدان و ژیان لە دۆخی ترس و فرۆشتنی کۆرپەلەدا کورتنابنەوە، مەرگەساتەکان لەوە زۆر زیاتر دێتە بەرچاو، بەتایبەت ئەو راپۆرتانەی تیشکدەخەنە سەر دۆخی منداڵان. ئێستا ژمارەیەکی زۆری منداڵانی ئێران لە نێو زبڵخانەکاندا ژیان بەسەردەبەن.

ئاژانسی ‘ئیسنا’ لە 14ی حوەزیرانی ئەمساڵدا بڵاویکردەوە، پێشبینییەکانی شارەوانیی تاران دەڵێن لە شارەکەدا، نزیکەی 4 هەزار منداڵ، لە زبڵخانەکانی پایتەختدا دەژین.

محەمەد رەزا جەوادی، جێگری پارێزگاری تاران گوتوویەتی: “کارکردنی منداڵان بابەتێکی ئاڵۆز و فرە رەهەندە، هەر بۆیە زۆر لەو رێوشوێنانەی لە ماوەی ساڵانی رابردوودا گیراونەتەبەر بێ کاریگەربوون. لەبری کەمبوونەوە ژمارەی منداڵانی کارکردوو و دەرزۆکەر زیادیان کردووە”.

بەرپرسە ئێرانییەکە، هۆکاری تەشەنەسەندنی منداڵانی زبڵخانەی بۆ مامەڵەی خراپ و پشتگوێخستن گێڕاوەتەوە، لە کاتێکدا دانی بەوەداناوە ئەو ژمارە زۆرەی منداڵانی ناو زبڵخانەکان هۆکاری جیاوازیان لە پشتەوەیە.

ئەو دەڵێ شارەوانییەکانی پایتەخت لە بەکارهێنانی ئەو منداڵانەوە گلاون، چونکە “هەر ناوچەیەک بەڵێندەرێکی هەیە بۆ خاوێنکردنەوەی گەڕەکەکان، توێژینەوەکانمان دەریانخستووە هەر بەڵێندەرێک پێنج بۆ شەش شەقامی پایتەخت بەچەند منداڵێک دەدات، ئەو منداڵانە لە بەرامبەر وەرگرتنی کارتێکدا کە خاوەنداریەتییان بەسەر پاشەڕۆی ئەو شەقامانەدا دەستەبەر دەکات، مانگانە 2 ملیۆن و 800 هەزار تمەن بە بەڵێندەرەکان دەدەن”.

جەوادی دەڵێت: “ژمارەی دروستی منداڵانی ناو زبڵخانەکانمان لەلا نییە، بەڵام بەپێی هەڵسەنگاندنەکانمان و بەپشت بەستن بەتوانای لەکۆڵنانی قورسایی هەر منداڵێک بەبەرارورد بە پاشەڕۆی شارەکە، تاران 4 هەزار منداڵی کارکردووی لە نێو زبڵخانەکانی هەیە”.

مونیکا نادی، ئەندامی رێکخراوی پاراستنی مافەکانی منداڵان لە ئێران، رەخنەی لەو کارە گرتووە، وایداناوە پاڵنەری منداڵەکان بۆ ژیان لەناو زبڵ و پاشەڕۆدا، نەبوونی و هەژارییە. ئاژانسی ‘ئیرنا’ وایداناوە کۆی ئەو منداڵانەی لە هەموو ئێراندا لەسەر ئەو جۆرە کارەی گەڕان بەناو زبڵ و خاشاکدا ژیان بەسەردەبەن و ئەو کارە دەکەن، لە نێوان 15 هەزار تا 7 ملیۆن منداڵدایە.

جیاکردنەوەی پاشماوەکان

رۆژنامەی ‘ئەخبار ئەلخەلیج’ لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەهەمان بابەتی کارکردنی منداڵان و ژیان لە نێو زبڵخانەکاندا کردووە. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەداوە کە منداڵان لە ئێراندا چەندین کاری جیاواز دەکەن، لە فرۆشیاری گەڕۆک، تاوەکو کارکردن لە کێڵگەکانی پەلەوەر، یان کورەکانی دروستکردنی خشت، بەڵام لە هەموویان قورستر ژیانی ئەو منداڵانەیە کە لە بواری زبڵخانەدا کاردەکەن، بەگواستنەوە و بەجیاکردنەوەی پاشەڕۆکانەوە.

بەپێی رۆژنامەکە، گەشتێکی کورتی شەقامەکانی پایتەختی ئێران مرۆڤ بەدۆخەکە ئاشنا دەکات، “دەبینی چەندین منداڵ سەریان بەناو تەنەکەی خۆڵ و سەبەتەی زبڵەکاندا شۆڕکردووەتەوە و سەرقاڵی بەتاڵکردنین.. ئەوان شەو تاوەکو بەیانی کار لە جیاکردنەوەی پاشماوەکاندا دەکەن، لە گەراجەکانی جیاکردنەوەی پاشماوەکان و بەڕۆژیش تاوەکو ئێوارە، لە شەقامەکان بەشوێن کۆکردنەوەی زبڵەکاندا دەگەڕێن”.

رۆژنامەکە ئاماژەی بە منداڵێک داوە بەناوی ‘عەزیز’ کە تەمەنی 12 ساڵە و رۆژانە نزیکەی 19 کاژێر کاردەکات، ئەو ناخوێنێت و مانگانە 300 تاوەکو 400 هەزار تومەن پەیدا دەکات.

ئەو رۆژنامەیە لە زاری سەرۆکی شارەوانیی تارانەوە ئاشکرایکردووە، بازرگانیی نێو پاشماوەکان بۆی هەیە ساڵانە 400 ملیار تومان قازانج بەخش بێت. رۆژنامەکەن دەڵێ هەندێک لە ئەندامانی شارەوانیی تاران، لەگەڵ بەڵێندەرەکانی پاشەڕۆکاندا هاوبەشن و قازانج لەو کارە دەکەن.

یاساکانی پاراستن و رای رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان

جیا لە کارکردن و چەوسانەوە و ژیان لە نێو زبڵخانەکاندا، بەشێکی دیکەی منداڵانی ئێران بەتایبەت کچان، رووبەڕووی کوشتن بەبیانووی شەرەفەوە دەبنەوە. رووداوەکانی هاوینی ئەمساڵ کە چەندین کچی تەمەن جیاوازی سەروو 18 ساڵ و خوار 18 ساڵ تێیدا بوونە قوربانی، گوشارێکی زۆریان لەسەر حکومەتی تاران بەئاراستەی هەنگاونان بۆ چارەسەری یاسایی ئەو کێشانە دروستکرد.

‘ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور’ رۆژی 7ی حوزەیرانی ئەمساڵ، یاسای ژمارە 15ی بۆ ‘پشتگیری منداڵان و روواڵان’ پەسندکرد. یاساکە سزای نوێی تێدایە بۆ ئەوکەسانەی زیان بەسەلامەتی منداڵ دەگەیەنن، لە نێویاندا دەستدرێژی جەستەیی و رێگرتن لە فێربوون.

‘رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ’ پەسندکردنی یاساکەی بە هەنگاوێکی بچووک ناوبرد، گوتی بەڵام ناگاتە ئاستی چاکسازییە پێویستەکان بۆ پاراستنی منداڵان. گلەیی ئەوەشی لە بڕیارەکە کردووە “باسی مەترسییە گەورەکانی وەک هاوسەرگیریی منداڵان و سزای لەسێدارەدان نەکردووە”.

تارا سپهەری فەر، توێژەری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە گوتویەتی: “یاساکە منداڵان ناپارێزێت، ساویلکەییە پێمانوابێت ئەو چاکسازییانە بەتەنیا دەتوانن سەلامەتیی منداڵ دابین بکەن، لە کاتێکدا هێشتا یاسا رێگەدەدات بەسزای جەستەیی، هاوسەرگیریی منداڵان، شێواندنی جەستەی منداڵانی مێ و سزای لەسێدارەدانی منداڵان”.

گلەییەکانی رێکخراوەکە لە یاسا نوێیەکە، لە چەندین بڕگەی جیاوازدا وردکراونەتەوە، لە راپۆرتی ئەو رێکخراوەدا لەبارەی یاسا نوێیەکە هاتووە “هاوشێوەی یاسای 2003، یاسا نوێیەکە بەسەر هەموو ئەوانەدا جێبەجێدەبێت کە لە خوار تەمەنی 18 ساڵین. بەڵام بەپێی یاسای ئێران، تەمەنی بەرپرسیاریەتی یاسایی بۆ کچان بە 8،7 ساڵ و بۆ کوڕان بە 14،6 ساڵ دانراوە، ئەم یاسایە نەک هەر تەنیا جیاکارییە، بەڵکو رێگە بە دادوەرەکان دەدات بڕیاری لەسێدارەدان لە دژی ئەو کەسانە دەربکەن کاتێک منداڵبوون”.

هیومان رایتس وۆچ دەڵێ تەنیا لە ساڵی 2019دا ئێران چوار کەسی بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوان لە تەمەنی خوار 18 ساڵیدا لەسێدارەداوە. لە کاتێکدا یاسای شارستانیی ئێران رێگە بەهاوسەرگیری کچانی تەمەن 13 ساڵ دەدات، بەمەرجی رازیبوونی باوانیان و بۆ کوڕانیش تەمەنی 15 ساڵی دەستنیشانکردووە، دەکرێ منداڵان لەو تەمەنەش کەمتر هاوسەرگیری بکەن، ئەگەر قازی رازی ببێت.

سەرژمێرییە فەرمییەکان دەڵێن دەوڵەتی ئێران لە مارسی 2017 تاوەکو 2018 کۆی 217 هاوسەرگیری کچانی خوار تەمەنی دە ساڵانی تۆمارکردووە، لەگەڵ 35 هەزار هاوسەرگیری بۆ کچانی خوار تەمەنی 14 ساڵان و 107 هەزار و 926 کچیش کە تەمەنیان لە نێوان 15 تاوەکو 19 ساڵدایە.

لە ئەیلوولی 2018دا، ژمارەیەک پەرلەمانتاری وڵات پڕۆژە یاسایەکیان بۆ بەرزکردنەوەی تەمەنی هاوسەرگیری بۆ 16 ساڵ و مەرجی رەزامەندبوونی دادوەر، بۆ هاوسەرگیری منداڵانی نێوان 13 تاوەکو 16 ساڵان بەرزکردەوە، بەڵام لیژنەی دادوەریی پەرلەمان پڕۆژەکەی رەتکردەوە.

پێشتر ‘لیژنەی نێودەوڵەتی مافەکانی منداڵ’ کە سەرپەرشتی جێبەجێکردنی ‘رێکەوتنەکانی مافەکانی منداڵ’ دەکات و ئێران ئەندامە تێیدا، داوای لە دەوڵەتانی ئەندامی کردبوو، تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری بە 18 ساڵ دەستنیشان بکەن و رێوشوێنی لەناوبردنی هاوسەرگیریی منداڵان و شێواندنی ئەندامەکانی زاوزێ بگرنەبەر.

تارا سپهەری فەر، لە کۆتایی راپۆرتەکەی ‘هیومان رایتس وۆچ’ دا دەڵێ، چاوەڕوانی بۆ رەتکردنەوەی ئەو یاسایانەی مافەکانی منداڵانی ئێران لە یاساکاندا پێشێلدەکەن زۆری خایاند، بۆیە ئەم یاسا نوێیە هەرچەندە پۆزەتیڤە، “بەڵام بۆ وەبیرهێنانەوەیە لەوەی یاساکانی دیکەی ئێران، بەردەوامن لەسەر درێژبوونەوەی ئازارەکانی منداڵانی ئێران و پێویستە رابگیرێن”.

سەرچاوە: رووداو دیجیتاڵ

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی