"an independent online kurdish website

ئەگەرچی تره‌مپ تەنها دوو مانگی ماوە لە کۆشکی سپی، بەڵام هێشتا خۆی وەک (کابوسێک) لە بەرامبەر ئێران نمایش دەکات، چونکە:

لەلایەک بەردەوامە لە شەڕی ئابووری و جێبەجێکردنی ستراتیژیەتی ئەوپەڕی فشار (Maximum Pressure) لە بەرامبەر ئێران، لەم چوارچێوەیەشدا دوێنێ وەزارەتی گەنجینەی ئه‌مه‌ریكا سزای ئابووری بەسەر چەندین کەسایەتی و کۆمپانیا و دامەزراوەی ئێراندا سەپاند، سزاکان بە جۆرێک گشتگیرن، لە لوتکەی دەستەڵاتی ئێرانەوە بگرە تاکو جەنەڕاڵەکانی خوارەوەی سوپای پاسدارانی گرتۆتەوە.

لەلایەکی تر هەندێک هەواڵ و زانیاری هەستیار دزه‌یان پێکراوە سەبارەت بە هاندانی ئیسرائیل بۆ تره‌مپ بە مەبەستی وەشاندنی گورزێکی سەربازی لە ئێران پێش بەجێهێشتنی کۆشکی سپی، لەم چوارچێوەیەدا هەندێک زانیاری و پلان و بژاردە لە بەردەم تره‌مپدا هەن بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی بۆ سەر پێگە و بنکە مووشەکی و ناوەکییەکانی ئێران، بۆ ئەم مەبەستەش تره‌مپ کۆمەڵێک جێگۆڕکێی لە ناو جەنەڕاڵەکاندا ئەنجام داوە و هەندێک سەرکردەی سەربازی دژ بە ئێرانی هێناوەتە پێش، ئەمەش مەترسی وەشاندنی گورزی سەربازی دژی ئێران زیاتر کردووە.

لەبەرامبەریشدا ئێران دەستەوەستان نەبووە، بەڵکو:

ئێران لە ڕێگه‌ی پڕۆکزییەکانی لە عێراق (بەتایبەت حەشدی شەعبی) هەندێک پەیام بۆ تره‌مپ دەنێرێت، وەک ئەو هێرشەی لە دوو رۆژی رابردوو لە ڕێگای (7) مووشەکەوە کرایە سەر ناوچەی سەوز و باڵیوزخانەی ئه‌مه‌ریكا لە بەغدا، ئەم هێرشە مووشەکییانە (پەیام)ی ئێران بوون بۆ تره‌مپ، ناوەڕۆکی پەیامەکەش بریتی بوو لە: “ئەگەر گورزمان لێ بوەشێنن، گورزتان لێ دەوەشێنین!”.

ئیران دەتوانێت لە رێگه‌ی پرۆکزییەکانی لە (یەمەن و سووریا و لوبنان) لەمپەر لەبەردەم هەوڵ و بەرژەوەندییەکانی ئه‌مه‌ریكا دروست بکات، بەمەبەستی تۆڵەکردنەوە لە تره‌مپ و (رەشکردنی ئەو دوو مانگەی کە لە کۆشکی سپی ماویەتی) بۆ ئەوەی تره‌مپ لە کۆتا رۆژەکانیدا وەک (سەرۆکێکی ئاخیر شەڕ) وێنا بکات. لەم چوارچێوەیەشدا لیوا (حەسەن سەلامی) سەرکردەی گاردی كۆماری ئێرانی گوتی: “ئێران پەیوست نیە بە جوگرافیایەکی دیاریکراو بۆ بەرگریکرن لە بەرژەوەندیەکانی”.

ئاماژەکان نیشان دەدەن کەوا لە دوو مانگی داهاتوودا چاوەڕوان دەکرێت ئەم پەیامانەی (تره‌مپ بۆ ئێران) و (ئێران بۆ تره‌مپ) دۆخێکی مەترسیدار و نەخوازراو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بکەن.

ئەگەرچی تره‌مپ تاکو ئێستا خۆی بە براوەی هەڵبژاردنەکان لەقەڵەم دەدات، بەڵام لە کۆتاییدا تره‌مپ بە هەر شێوەیەک بێت، دان بە دۆڕاندنی خۆیدا دەنێت لە بەرامبەر بایدن، چونکە سکاڵاکانی تره‌مپ لە دادگا و بەڵگەکانی لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەوەندە بەهێز نین، ببنە فریادڕەس بۆ کورسییەکەی لە کۆشکی سپی، لەگەڵ ئەوەشدا تره‌مپ لەم ماوەیەی کەوا لە کۆشکی سپی ماویەتی هەوڵدەدات بە هەر نرخێک بێت، مانگی هەنگوینی بایدن لە کۆشکی سپی تاڵ بکات و نەهێڵێت ئەجێنداکانی لەگەڵ ئێراندا جێبەجێ بکات و بە ئاسانی رێکكەوتننامەی ئەتۆمی (5+1) زیندوو بکاتەوە، چونکە تره‌مپ ساڵی (2016) ئەم رێکكەوتنەی بە خراپترین رێکكەوتن لە مێژووی ئه‌مه‌ریكادا ناوزەد کرد، هەر بۆیە لە ئایاری (2018)دا تاک لایەنە لە رێکكەوتنەکە کشایەوە.

٭کارۆخ خۆشناو

سەرۆکی ئینستیتیوتی توێژینەوەی (ئەمریکی-کوردی)

سەرچاوە: کوردستان مێدیا

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی