"an independent online kurdish website

خۆی١  دەبێژێ، ” خەڵکی بۆکانم، کوردی خوێن پاکم”! بە گوێرەی گوتنی بنەماڵەکەی و پێناسەی ژمارە ٧٣٥ ی ئیدارەی “سەبت و ئەحواڵ”ی بۆکان لە ٢٩/١١/١٩٢١ لە گەڕەکی سەر قەڵا


لە شاری بۆکان لە دایک بووە. پەنجا و یەک ساڵ ژیا،  چل ساڵ گرێدراوی مۆسیقا، وێژە و زمانی خۆماڵی کوردی بوو. جگە لە زمانی کوردی، ئاشنا بە زمانی فارسی، ئازەری و هێندێک عەرەبی بوو.. 

لە نێوان سەردەمی کۆن و نوێ بوو بە یەکێک لە دانیشتووانی سەر گۆی زەوی، شەڕی یەکەمی عالەمی کۆتایی پێهاتبوو، ئیمپراتوری پارس و عوسمانی ڕمیا بوو، کوردستان کرابووە چوار پارچە. لە سەردەمی لە دایکبوونی  ئەو برسیەتی و نەخۆشی بەرۆکی خەڵکی گرت و گەلێک منداڵ سەریان نایەوە، ئەو زیندوو مایەوە. کۆمەڵگا و سیستەمی کۆنی سیاسی، فەرهەنگی لە ڕێگای مودێرنیزمی سەردەم بەرەو گۆڕان کێشرا، کەرەسەی نوێ، سەنعەت، زانست گەیشتە ناوچەکە و هەموو ئەو گۆڕان و  گۆڕانکاریانە شان بەشانی بوونی کۆمەڵگای کۆن، لە ئارادا بوون..

ئەو منداڵی کۆمەڵگایەکی داخراو بوو، کە ژیان و کەسەکان تێیدا دووبارە دەبوونەوە،  بەڵام ژیانی ئەو  وەک کەسانی تر دووبارە نەبووە. ژیان و کەسایەتی ئەو، مۆری تایبەت بە خۆی وەرگرت. مۆری کەسێک کە نازناوی زیرەکی پێبەخشرا. زیرەکی ئەو، لە ناتەبابوون لە گەڵ پرۆسەی ژیانی ئاسایی سەردەم، خۆی دەرخست. ئەو لە ژیان و کردەوە و تێگەیشتنی باو دەرباز بوو، ڕێگای خۆی گرت، ڕێگایەکی  سەخت و ناهەموار و قاقڕ.!

   بەر لە زیرەک، هەرچی  کورد هەیبوو، سینگاوسینگ دەگێڕدرایەوەا، سەربووردە، مێژوو، ڕاز، حەکایەت، بەیت و باو، فەرهەنگ، داب و نەریت، شێوەی ژیان و کار و ئاکار و زمان، لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر ڕادەگوێزدرا.  زیرەک گوند بە گوند و شار بەشاری باشوور و ڕۆژهەڵاتی زێدەکەی گەڕا، ڕێک وەک زۆربەی هونەرمەندە گەڕۆکەکانی جیهان، وەک ئەو نووسەر و شاعیرانەی کە بوون بە سیمای نەتەوەیی بواری ئەدەبیات و هونەر و زمانی  میللەتەکەیان.

 زیرەک لە سەردەمی نوێ لە ڕێگای ڕادیۆ، تۆمارکردنی دەنگ بەشێکی بەرچاو لە مێلۆدی، ئاواز و گۆرانی و کەلام و وشەی کوردی لە فەوتان ڕزگار کرد. لە لای نووسەر ئەم دێڕانە ٧٥٠ گۆرانی تۆمار کراو و  نووسراوەی گۆرانییەکان هەیە، کە زیاتر لە ٣٥ هەزار وشەی ڕەسەنی کوردی لەخۆ دەگرن.  کاری زیرەک سەرەتایەک بوو بۆ تۆمارکردن و پاراستنی سەرمایەی مانەویی  نەتەوەیەک کە زۆری لە ناوچووە. ئەمڕۆ  پاش  تێپەڕینی چل و هەشت ساڵ لە مەرگ و نەود ونۆساڵ لەدایکبوونی زیرەک،  کەسان و ناوەند دەبیندرێن کە درێژە بە تۆمارکردنی ئەو پاشخانە زەنگینەی کورد دەدەن و هونەری نوێی لێدەخوڵقێنن و زمان و ئەدەبیات و فەرهەنگ و هونەری پێدەوڵەمەند دەکەن. 

زیرەک لە سەردەمێکدا کتێبی بە زمانی کوردی لە پایتەختی ئێران لە چاپ دا، کە نووسین و خوێندن و چاپکردنی کتێب بە زمانی کوردی زیندان و هەڵپەساردن لە کار و ژیانی لە دوا بوو، ئەو شیعری یاساخی شاعیرانی کوردی لە ڕێگای گۆرانییەکانی و ئیزگەکانی ڕادیۆی ئێران بردە ناو خەڵک. بوونی  زیرەک لە ئیزگەکانی ڕادیۆ لە تاران، کرماشان، سنە، تەورێز بوو بە هۆی لە یەک نزیک بوونەوەی شارەزایانی مۆسیقا، ئەدەبیات و هونەر  لە دەوری. کارە بێوێنەکانی زیرەک ئەو کاتە تۆمارکراون، کە دەرفەت بۆ ئەو شارەزایانە لە ڕێگای بوونی زیرەکەوە ڕەخساوە.

  زیرەک یەک ناو و  تاکە کەس بوو، کە توانی ببێتە ڕۆڵەی سەردەمی خۆی و لە سەردەمەکانی دوای خۆیدا بمێنێتەوە.  مخابن کار و بەرهەمەکانی، هێشتا لە دەرەوەی لێکۆڵینەوە و توژینەوەکان ماونەتەوە و شوێنی خۆیان لە زانستگاکان و شوێنەکانی زانستی نەگرتووە، ئەوەش کەمتەرخەمی و تێنەگەیشتن لە زیرەک و بەرهەمەکانی پاش مەرگی دەگەیینێت. زیرەک بە پانتای کوردستان لە ناو خەڵکدا ماوەتەوە، بەڵام هێشتا دەرگای زانستگا و یانە زانستییەکانی بە ڕوودا نەکراوەتەوە.

حەسەن زلە بۆکانی کە دواتر بە حەسەن زیرەک ناوبانگی لە کوردستان دەرکرد،  کەسێکی ئاسایی بوو کە ژیانی لە کۆڵانەکانی بۆکان لە گەڵ منداڵانی هاوتەمەنی دەستی پێکرد و جیاواز لە منداڵانی تر بە هۆی دەنگخۆشی و لێهاتوویی خۆی و بارودۆخی ژیان و سەردەمەکەی و بارودۆخی بنەماڵە و ژینگەکەی، چارەنووسی جیاواز لە منداڵانی هاوتەمەنی پەیدا کرد. هەر بە منداڵی  بە هۆی “شایەر”ەکانی  ناو شار ڕێگای کەوتە ناو شایی و زەماوەند لە ناو شاری بۆکان و دێهاتی دەوروبەر و ماڵە دەوڵەمەند و ئاغاواتی ناوچە. .

 مردنی باوک و شووکردنەوەی دایک لە سەردەمی منداڵی، لە لایەک حەسەنی هەتیو هێشتەوە و لە نازی دایک و باوک و پەروەردە و پێڕاگەیشتن بێبەشی کرد، لە لایەکی تر ئازادییەکی بەربڵاوی پێبەخشی و لە هەمان کات لە گەرمی و خۆشەویستی بنەماڵە بێ بەری کرا و جێگای دایک و باوک و موونسی ژیان لە لایەن کەسانی ترەوە لە سەردەمی لاوەتی و دواتریش پڕ نەکرایەوە و دڵداری و خۆشەویستییەکانیشی ڕووبەڕووی ناکامی و دابڕان و ترازان بوو. هەمووی ئەوانە لە گۆرانییەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە و کۆی گۆرانییەکانی ڕۆمانی نەنووسراوی ژیانی زیرەک لە خۆی دەگرێ، کە بە چەشنێک لە چریکەی کوردستان ڕەنگی داوەتەوە.

  بە هۆی ئەوەی زیرەک  نەخرابووە بەر خوێندن و دەرگای فێرگەکانی بە ڕوودا نەکراوە،  دەرفەتی  تاقیکردنەوەی ژیان لەناو سیستەمی ئەو کاتی ئێرانی پەیدا نەکرد، ئەو  لە دەرەوەی سیستەمی فێرکردن و بارهێنانی حکوومەت، لە دەرەوەی بنەماڵە و ناکۆک لە گەڵ کۆمەڵگا و بەربەستەکانی، خۆی خۆی پێگەیاند و لەم ڕێگایەدا تووشی گرفت و ئاڵۆزی لە ناوخۆی و کەسانی دەوروبەر و کۆمەڵگا و دام و دەزگاکان بوو.

زیرەک پەروەردەی ناو فەرهەنگ، خوو و خدە، زمان و شێوەی ژیان و داب و نەریتی زاڵی ناو کۆمەڵگا بوو، هاوکات مرۆڤێکی بزێو و بگرە سەرەڕۆ و ناساز لە گەڵ هەمان کۆمەڵگا بوو.  ئەو بە پێچەوانەی بۆچوونی بنەماڵەکەی وەشوێن حەز و خوزیای خۆی کەوت و پیشەی گۆرانیبێژی بەرنەدا و لە شوێنێک دانەمرکا و نەکەوتە شوێن ژیان و کار و پێکهێنانی بنەماڵەی ئاسایی باوی ناو کۆمەڵگا.

  بە پێچەوانەی داب و نەریت جوڵایەوە و دڵدارەکەی هەڵگرت و خۆی شاربەدەر کرد.  بە پێچەوانەی باوی کۆمەڵگای ئیسلامی کوردستان سەری بە مزگەوتدا نەکرد و ڕۆژێک لە ڕۆژان بەرەو پەیڕەوی لە ئیسلام نەچوو، هەرچەند بەردەوام هاتوچۆی شێخانی زەمبیلی دەکرد و دۆستایەتی لە گەڵ بنەماڵەی شێخەکان  هەبوو. زیرەک لە کۆمەڵگای داخراوی سەردەمی خۆی باکی لەوە نەبوو مەستی کات و بێتە سەر جادە، باکی لەوەش نەبوو  کە مەلا و ویشکە سۆفی و ویشکە موسڵمان و خەڵکی توواوە لە ناو ئیسلام و فەرهەنگی ئیسلامی ، چی پێدەڵێن و چۆنی دەدوێنن.  ئەو ئەوەشی باش زانیبوو کە لە ناو قووڵای کۆمەڵگا و لە ناو خەڵک، گوێی لێدەگرن و قسە و گۆرانی و شیعر و ئاواز و مەقامەکانی  ڕەنگدانەوەی هەست و ویست و خوزیا و ڕەنج و ئازاری تاکەکانی ناو کۆمەڵگایە. پاڵپشتی زیرەک  ئەو داوە نادیارانە بوو کە ئەوی لە گەڵ مێژوو و کۆمەڵگا و خەڵک گرێ دەدا.

زیرەک لە درێژەدا بەو ئاکامە گەیشت سەری خۆی هەڵگرێ، بە بێ ئەوەی بەرچاوڕوونییەکی لە داهاتوی خۆی هەبێ. ئەو بە بێ ئەوەی بزانێ چی لێ بەسەر دێ، سەری لە شارەکانی کوردستان، ئازەربایجان و ئێران دەرهێنا و گەلێک پیشەی تاقی کردەوە و لە هیچ پیشەیەکدا خۆی نەدیتەوە.  ئەو ناڕازی، نەحاواوە، جێگیرنەبوو، مایەوە  و تووشی قۆرتی گەورە هات و بووە هۆی مردنی کەسێک لە ڕێگای پیشەی شۆفیری و شاگرد شۆفیری!

 هەتا ئەو ڕۆژەی تووشی ئەو قۆرتە هات، کەسێک بوو  وەک هەر لاوێکی هاوتەمەنی خۆی . دوای ئەو کارەساتە، دەبوو بە تاوانی مرۆڤ کوشتن خۆی لە بەندیخانەدا ببینێتەوە، بەڵام  ملی نادا و بە قاچاخ  سنووری بەزاند، کارێک کە پاش ئەو  بوو بە ڕێگای زۆر لە شاعیر و نووسەر و سیاسی و کەسی ئاسایی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

 لە  گەرمین گوند بە  گوند و شار بە  شار گەڕا  و تێکەڵ خەڵک و فەرهەنگ و زمان و داب و نەریت و مۆسیقا و هەست و نەستی خەڵک بوو و سەرئەنجام ئەو منداڵە بێ دایک و باوکەی کۆڵانەکانی بۆکان، لە تەمەنی ٣٤ ساڵی، سەری لە ڕادیۆی بەغدا  دەرهێنا و لێرەبەدوواوە،  حەڤدە ساڵی باقی ژیانی،  بوو بە ڕۆمانێکی نەنووسراو، کە دەورگێڕەکانی تارماییان بە سەر ڕووداو و ڕاستییەکانی ژیانیدا کێشاوە.

برایم فەڕشی

٢٥/١١/٢٠٢٠

 ١- کتێبی “چریکەی کوردستان” دووهەمین کتێبی چاپکراوی سەردەمی پەهلەویی بوو، کتێبی یەکەم”دیوانی شیعر” لە لایەن حەسەن سەلاح سۆران  بەزمانی کوردی لە چاپخانەیەکی شاری تەورێز   لە چاپ درا.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی