"an independent online kurdish website

ئەزموون و وانەیەک، بۆ لێوە فێربوون..   

ئەو ئیتالیایەی ئێستا لەسەر نەخشەی جیھان دەیبینن، مێژووەکەی بریتییە لە:

بیرۆکەی ژیانەوەی ئیتالیایەکی یەکگرتوو. ڕەنگە باشتر بێت چەند ھەنگاوێ بچینەوە دواوە بۆ ساڵی 1815، کە بە سەرەتای Risorgimento/ ژیانەوە و یەکگرتنەوەی ئیتالیا دادەنرێت. بەڵام بەتێکڕا لە ساڵی1848 ھەوڵەکان بۆ یەکگرتنەوە چڕ بوونەوە و ھاوشانی شۆڕشەکانی تری ئەوروپا بەتایبەت ئەڵمانی ڕەوتی کرد. یەکێ لە سەرکردە ئیتالییەکان دەڵێ: ” میللەتێکی  20 ملیۆنی ناتوانرێ بچەوسێندرێتەوە،گەر یەگکرتوو خاوەن خۆی بێت”. ھەڵبەت ھیچ نەتەوە و میللەتێک ڕازی نییە بێگانە حوکمی بکات و ژیانی بندەستی بەسەر بەرێت.. لە ھەر قۆناغ و بە پێی توانا و شیاوبوون، ئامادەبوون بۆ قوربانیدانیش، ھەوڵی سەربەخۆیی و ئازادی دەدەن.

ئیتالیاش دوای نەمانی ئیمپراتۆرێتی ڕۆمانی، بەسەر چەند ناوچەیەکی دابڕاو لە یەکتردا نزیکەی 10 نیمچە دەوڵەتۆکەی پاشانشین دابەش بوو. ئیتالیا بووە تەنھا چەمکێکی جوگرافیایی. ئەم وڵاتە دەوڵەمەند بوو بە سەرمایەی کەلوپەل و کار و شوێنەواری تەلارسازی و ھونەریی و کەسایەتی ئەدیب و وێنەکێش و موزیکزان و نووسەری دیار و ھەڵکەوتووی خاوەن فیکر و ھزرمەندیی، بەڵام لە ڕووی پیشەسازییەوە زۆر پێشکەوتوو نەبوو. جگە لە کولتوور و شانازییەکانی سەردەمی ئیمپراتۆرێتی ناوبراو، ھیچ شتێ پێکەوە کۆینەدەکردنەوە…

یەکێ لە ھۆکارەکان ئەو گورزە کوشندە جەرگبڕە بوو کە فەڕەنسییەکان لە ساڵی 1796 لە ئیتالیان دا و چەند حکومەتێکی جیاجیای ئیتالییان بۆ مەرامی سیاسیی و سەربازی خۆیان دروست کرد. ھاوکات تاڵان و بڕۆی ئیتالیا لەلایەن فەڕەنساوە کرا و باجی قورس لەسەر ئیتالییەکان دانرا.

فەرەنسا ئەم ھەموو مامەڵە خراپەی لەتەک ئیتالیا کردووە، لە گەڵ ئەوەشدا کاتێ ناپلیۆن ساڵی 1805 ئیتالیا داگیر دەکات و پاشا «مالزی» تاجی وڵاتەکەی بۆدێنێ ناپلیۆن پێی دەڵێ: «ھەمیشە ئاواتم ئەوەبووە نەتەوەی ئیتالی ئازاد و سەربەخۆ بێت. من ئەم تاجە وەردەگرم و پارێزگاری لێ دەکەم تا ئەو کاتەی بەرژەوەندییەکانم مەیسەر دەبن»

گرفتی ئیتالیا ھەر پارچەپارچەبوون نەبوو، بەڵکو داگیرکاریش بوو. ئیتالیا بەلانی کەمەوە لەلایەن 3 ھێزی بێگانەوە- نەمسا/ ھابسبۆرگ، بوربۆنەکان/ئیسپانیا و فەرەنساوە– بەڕێوە دەبرا.

لەسەردەمی شەڕەکانی ناپلیۆن دا، زۆرینەی باکووری ئیتالیا لەلایەن فەرەنساوە بەڕێوە دەبران.. باشووریش بە ھەمان شێوە پاشانشینی Neapel ناپۆلی. لێرە دوو دەوڵەتی پاشانشین دروست کرا، ھەردووکیان پاشکۆ و سەر بە دەوڵەتی فەرەنسا بوون. ئەم دوو پاشانشینە ڕاستەوخۆ لەلایەن ناپلیۆنی سێیەم و زۆربەی کەسوکاری تری خودی ناپلیۆنەوە بەڕێوە دەبران.

لەگەڵ ئەمەشدا ھەر لەم دوو دەڤەرەدا ویست و خواست و باوەڕی نەتەوەیی ئیتالی بۆ یەکگرتنەوە تا دەھات بەرزتر دەبۆوە… ھەڵگرانی ئەم بیرۆکەیەش خەڵکانی لیبەڕاڵی ناسیۆنالیستی و  ھاوڵاتی مافپارێز بوون. بەڵام بەداخەوە واقعی تاڵی سیاسی شتێکی تری دەنواند.

دوای کۆنگرەی ڤییەنا لەسەر بنچینەی بەدەستھێنانەوە و نوێکردنەوە و ڕەوایەتی Restauration&Legitimität  ئیتالیا دۆخێکی تری وەرگرت. زۆربەی باکوور کەوتە ژێر دەست ئیمپراتۆرێتی ھابسبۆرگLombardo,Venetien لە باشوور,Parma,Modena,Taskana  بەھەمان شێوە لە لایەن دەستوپێوەندەکانی ھابسبۆرگەوە حوکم دەکرا. لە ھەردوو بەشی حوکمڕانی پاشایی Sizillienسیسیلیا، واتە لە شانشینی سیسیلیا و باشووری ئیتالیا لەلایەن Bourbonen کە لە فەرەنسا و ئیسپانیاوە ھاتبوون بەڕێوە دەبرا. لە ناوەڕاستی ئیتالیادا، دەوڵەتی کڵێسا کە سەر بەدەوڵەتی پاپا بوو، دەسەڵاتی ھەبوو. ئەم دەسەڵاتە خۆماڵی بوو،لە لایەن پاشا و میرەکانی بنەماڵەی ساڤۆیانەوە حوکم دەکرا لەژێر چاودێری فەرەنسادا. بەمجۆرە تەواوی ئیتالیای پارچەپارچەکراو لەلایەن دەسەڵاتی بێگانەوە حوکمی لێ دەکرا..

وەک ئاماژەمان پێدا تەنھا شوێنێ کە لە لایەن ماڵی / بنەماڵەیەکی میرنشینی بەگزادەی ئیتالییەوە بەناوی Savoyen بەڕێوە دەبرا Piemonto-Sardinien بوو..

لەم سەردەمەدا لەنێوان کۆنگرەی ڤییەنا و شۆڕشی 1848دا، لە ئیتالیا تەنھا خەباتی نھێنی و ژێرزەمینی ھەبوو. ئەوانەی ڕۆڵی سەرەکی و کاریگەریان لەم مەیدانەدا دەگێڕا:-

١- Guisseppe Mazzini /ماتزینی نەتەوەپەروەر و دیموکرات کە ئەندامێکی ھەڵکەوتووی Carbonari / خەڵووزخوازی بوو. – لای خۆشمان ڕێکخراوی دارکەل لەسەر ئەم شێوازە ھاتە کایەوە-. لەگەڵ Garibaldi کە بە پاڵەوانی داستانی یەکگرتنەوە ناودەبرێت. دواتر ماتزینی 1831 بزاڤێکی نھێنی دروست دەکات کە ناسراو بوو بە ئیتالیای لاو/ La Giovine Italia  و ساڵی 1833 گاریباڵدش دەبێتە ئەندامی ئەم بزاڤە و پێکەوە خەبات و ڕاپەڕین لەتەواوی ئیتالیادا ڕادەگەیەنن.

ئاڕاستە و ئامانجی ئەم بزاڤە بریتی بوو لە ھەوڵ و خەبات و تێکۆشان بە شێوازی جۆراوجۆر لە پێناوی « یەکگرتنەوە و دامەزراندنی کۆماری ئیتالیای دیموکرات» دا بێ پاشا. بە واتای ئەوەی خەبات لە ژێرەوە بۆ سەرەوە، La Italia fará da sel  یەکگرتن لەناو گەلەوە بۆ لای سەرکردە و بەپرس و سیمبۆڵەکان و خەباتی یەکگرتنەوە ئەرکی تەنھا خودی ئیتالیاییەکانە. ماتزینی لە ڕێگای دەرکردنی ڕۆژنامەیەکەوە Lagovien Italia بووە نوێنەر و قسەکەری ئەم بزاڤە نەتەوەییە. ئەم گرووپانە خەریکی ڕێکخستن و سازدانی ڕاپەڕین و چالاکیی بوون و زۆربەی لەدژی دەسەڵاتی بێگانە بوو. ماتزینی و گاریباڵدی زۆر چالاک بوون و کاری گەورەیان لە رێکخستن و ھوشیارکردنەوە و ڕاپەڕین و شۆڕشی ئیتالیادا گێڕا.

٢-  ھەوڵی یەکگرتنەوە بە دروشمی لەسەرەوە بۆ خوارەوە لەلایەن ماڵی Savoyen کە پاشای ئیتالیا بوون.ئەمانە باوەڕیان بە ئیتالیایەکی پاشایی ھەبوو. دیارە پێکھاتەی خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان لەپێشچاو گرتبوو، لەگەڵ ئەوەشدا، دوایش دەردەکەوێ ڕۆڵێکی زۆر گرنگ لە پرۆسەی یەکگرتنەوەکەدا دەگێڕن. بەسەرکردایەتی سەرەک وەزیرانە ھەڵکەوتووەکەی Camillo Benso Graf von Cafvour / . کافور و دەرکردنی ڕۆژنامەی بەناوبانگی II Risorgimento…لە ساڵی 1847 دا. ئەمانە دەسەڵاتیان ھەر لە ھی کۆنەوە بۆمابۆوە لە سنووری دەوڵەتی کڵێسادا بوو، فەرەنسییەکان پاڵپشتیان لێ دەکردن. بەکورتی ناوی ئەم رۆژنامەیە بووە ناوی سەرجەم بزاڤی یەکگرتنەوەی ئیتالیا لە مێژوودا…Risorgimento ژیانەوە و یەکخستنەوە..

کەواتە دوو ئاڕاستەی جیاواز لە بزاڤی ڕزگاری ئیتالیدا ھەبووە، لێ ھەردوو تەوژمەکە ئامانجیان یەکگرتنەوە بووە و ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی بێگانە.

+  جەنگی یەکەمی یەکگرتنەوە1848-1849

لەم ساڵەدا تەواوی ئەوروپا بووە شانۆی کۆمەڵی شۆڕشی سەربەخۆیی. بەھەمان شێوە لە شارە گەورەکانی ئیتالیاش و نێو میرنشینەکان دا داوا کرا، ڕێگە بە ھەبوونی دەستوور بدرێ و ئازادی زیاتر فەراھەم بکرێ . پاشای ناوبراویش کارل ئەلبەرتینۆ دەچێتە پاڵ ڕاپەڕیوەکان و پاڵپشتیان لێ دەکات.

 Statut Albertino  کە بەناوی پادشا Karl Albertino ەوە ناونراوە و لە Piemont-Sardininien بۆ یەکەم جار دەبێتە بنچینەی دەستووری ئیتالیا و تا ساڵی 1946 دەمێنێتەوە.

ئەوەی جێی بایەخپێدانە، تەواوی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی ئیتالیا لە دەڤەرە جیاجیاکاندا ئامانجێکی ھاوبەش و ناوکۆییان ھەبوو، ئەویش دەڕپەڕاندنی ھێزە بێگانەکان بوو لە وڵاتەکەیاندا.

لە Mailand, Florenz,Venedig,Rom تا -Neapel -Palermoواتە میلان، فلۆرێنس،ڤێنێدیگ، رۆما تا نیئاپل/ ناپۆلی و پالێرمۆ ، دەسەڵاتی داگیرکەری ئۆتۆکراتی Habsburg/ ھابسبۆرگ و بوربۆرن و پاپا ڕاماڵن. پاشا Karl Albertino لە Piemot- Sardinien چووە پاڵ ئەم شۆڕش و ڕاپەڕینانە و پشتیوانی لێ کردن و کۆمەڵێ سەرکەوتنیان بەدەست ھێنا.

دەسەڵاتی ئاوستریا/ نەمساوی دژ بەم ڕاپەڕینە وەستایەوە و ئیتالییەکانیان لە شەڕێکی سەخت دا بەسەرکردایەتی رادیسکی لە Lissa&Custozze 1848-1849 تێکشکاند. ئەوە بوو پادشا Karl Albertino  وازی ھێنا و کوڕەکەی Viktor Emanuel.II بووە جێگرەوەی.

شایانی ئاماژە پێدانە کەوا کوڕەکەیشی لە ڕێبازی باوکی لای نەدا و بەدڵ و گیان بۆ ئیتالیا تێکۆشا و ئەمیش بەردەوام پاڵپشتی لە شۆڕش و ڕاپەڕینەکان دەکرد.

کڵپەی شۆڕش ھەر دانەدەمرکایەوە و لەم ھەلومەرجەدا ھەردووک سەرکردەی لێھاتوو ماتزینی و گاریباڵدی سەر بە ئیتالیای لاو، توانییان لە دەوڵەتی کڵێسا ھێزە بێگانەکان دەرپەڕێنن و ڕۆما ئازاد بکەن و لەوێوە بە دەنگێکی دلێرەوە بانگەوازی کۆماری دیموکراتی ئیتالی ڕابگەیەنن.
لەماوەیەکی کورتدا توانرا کۆمەڵێ  دەستکەوتی مەزن بۆ ئیتالیا لە بواری نەتەوەیی و سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتی و خزمەتگووزاریدا ئەنجام درا. مامۆستا و ئەندازیارەکەش ماتزینی بیرمەند بوو،بە هاوکاری هاوڕێکانی. هەر سێ دەوڵەتە زلهێزەکەی ئەوکاتە فەرەنسا و نەمسا و ئیسپانیا تەنانەت ئەڵمانیاش چاویان بەم گۆڕانکارییەی ناوەی ئیتالیا نەدەهات و هەموو چاویان بڕیبووە سەر داگیرکردنەوەی دەوڵەتی کڵێسا و بیخەنەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان.

ئەمجارەیان فەرەنسا لە هەموویان زیاتر بەم دۆخە نیگەران بوو.. ساڵی 1849 خۆیان ئامادە کرد بۆ ھێرشکردنە سەر ماتزینی و لایەنگرانی و بۆ پشتیوانی لە کلێسای رۆما . ئەوە بوو فەرەنسا زوو ھاتە سەر ھێڵ و پەلاماری ھەردوو سەرکردە، ماتزینی و گاریباڵدی و ھێزەکانیانی دا و تێکی شکاندن و ھەردوو سەرکردەی و زۆرێک لە لایەنگرانیان ناچاری ھەڵاتن بۆ دەرەوەی ئیتالیا کرد.

«سەرنج:لە وتارێکی سەربەخۆدا، بەجیا باس لە ژیاننامە و تێکۆشان و ھزری ماتزینی دەکەم».

بەم شێوەیە قۆناخی یەکەمی ھەوڵی یەکگرتنەوەی ئیتالیا لە ساڵانی شۆڕشی 1848/1849 شکستی ھێنا.

+ قۆناغی دووەم..

لە ئاکامی ئەم تێکشکاندن و قۆناخە نوێیەی ئیتالیا ڕووبەڕووی بۆوە، پاشا ئیمانوێل ئەلبێرتینۆ و کافور پەند و وانەیەکی باش فێربوون و بوونە خاوەنی ئەزموونێکی نوێ و تەواو ھوشیار بوونەوە.. ئیدی خۆیان بۆ قۆناخی دووەمی ئاواتەکانیان ئامادە کرد..

وەک ئاماژەمان پێدا تێکشکان لە ھەوڵ و شۆڕشی یەکەمدا ، زانیاری زۆر لای ئیتالییاییەکان کۆبۆوە… یەکێ لە ئەزموون و وانەکان ئەوە بوو، کە ئیتالییەکان تێگەیشتن بەتەنھا ناتوانن ھێزەکانی ئاوستریا/ نەمسا ڕاماڵن. بۆیە بەناچاریش بێت، پێویستیان بە کۆمەک و ھاوکاری دەرەکی ھەیە.

کافور و ئەلبەرتینۆ ھەردوو پێکەوە دوای ڕاو ڕاوێژ ،نەخشە و پلانێکی ژیرانەیان داڕشت تا لەنێوان نەمسا و فەرەنسا بتوانن یارییەکی باش بکەن و یەکێکیان بکەنە دۆست و خەریکی شەڕی ئەوی تریان بن. کافور لەسەرەوە نزیکی فەرەنسیییەکان بوو، لێ لەبنەوە پشتیوانی لە بزاڤە ئاتالییەکانی ناوخۆ دەکردو ئارەزوویشی بوو خۆی بێتە سەرۆکی ئیتالیای ئایندە. سیاسەتی بریتی بوو لەوەی فەرەنسا نەوروژێنێ و بەنەرمی و دبلۆماسی مامەڵەی لەگەڵدا بکات. ئەوە بوو بەختی ئەوان لە ساڵی 1853-1856 شەڕی Krim/ قرم ،سەڕی ھەڵدا،کە ڕووسیا دەیویست لاوازی دەوڵەتی عوسمانی بقۆزێتەوە و باڵادەستی تەواو بەسەر بالکاندا و گەرووی دەردەنیلدا بەدەست بهێنێ. فەرەنسا و ئینگلیزیش دژی ئەم هەوڵەی رووسەکان وەستانەوە. ئەم ھەلە زێڕین بوو ھاتە بەردەم دەوڵەتی کلێسا، کە ماڵی ساڤۆیان بەپشتیوانی ڕاستەوخۆی فەرەنسا تێیدا حاکم بوون و جێی پاپا PuisIX بوو واتە ڤاتیکان. فەرەنسا کەوتە شەڕەوە، ئەوە بوو لە Piemont-Sardinien/ کافور توانی لەگەڵ ناپلیۆنی سێیەمدا 1858ڕێکبکەوێ و پێشنیازیان کرد بۆ فەرەنسا لەم شەڕەدا ئەوان پاڵپشتی فەرەنسا دەکەن. وا ڕێکەوتن کافور یارمەتی فەرەنسا بدات لە شەڕیان دژ بە دەسەڵاتی نەمساوی بۆ رزگارکردنی ناوچەکانی Lombardo-Venetiens بەرامبەر بەمە ھەردوو دەڤەری Nizza&Savoyen کە لەلایەن دەوڵەتی کڵێساوە بەڕێوە دەبران و فەرەنسا پاڵپشتی لێ دەکردن، ئارام و سەقامگیر بخرێنە ژێر ڕکێڤی فەرەنساوە…

لە مانگی گوڵانی 1859 دا ، ئیتالییەکان دەسەڵاتی نەمسایان ورووژاند. چونکە لەم چرکەساتەدا نەمسا لە کێشەی گەورەدا بوو لەگەڵ پروسیای تازە هەڵکەوتووی بەهێزدا. باشتر بڵێم شەڕیان پێ فرۆشتن، و شەڕێکی قورس ڕووی دا لە Solferino و ئیتالییەکان بە پشتیوانی فەرەنسییەکان لەشەڕەکەدا سەرکەوتن . بەڵام ئەوە بوو فەرەنسا بە ھۆی گوشاری نێودەوڵەتییەوە زوو لە شەڕەکە کشایەوە. بەم ھۆیەوە لەدوو ناوچەکە توانییان تەنھا لۆمباردۆ بخنەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. واتە تەنھا نیوەی ناوچەکە بەدەست بھێننەوە. دیارە ئەمەش بۆ خۆی ھەر سەرکەوتنە بۆ ئیتالیا…لە ڕێکەوتنامەی ئاشتی Zürich زوریخ 1859 تەنھا لۆمباردۆ درا بە فەرەنسا، چونکە ڤێنیسیا ھێشتا لەژێر چنگی نەمسادا مابۆوە..

جێی بایەخە ئاماژە بەوە بدەین بۆ یەکەمجار بەھۆی ئەم شەڕەوە ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی ساڵی  1864لە لایەن هاوڵاتی سویسری Henri Dunantدروست دەکرێت .

1860ڕاپرسییەک/ ڕیفەڕاندۆم لەم ناوچانەی ژێر دەستی دەسەڵاتی نەمساوی ھابسبۆرگ/ بۆربۆردییەکاندا ئەنجام درا. واتە لە ناوچەکانی پارما، مۆدێنا، تۆسکانا، کە بە ئاشکرا داوایان دەکرد، بچنە سەر شانشینی پیمۆنت- ساردینی. دواجار ئەم ناوچانە چوونەوە سەر شانشینی ناوبراو.

گاریباڵدی و لەشکرە10,000 کەسییەکەی…

لە باشووری ئیتالیاوە Pama,Modena,Toskan گاریباڵدی بوو لە ساڵی 1860 دا بەخۆیی و  10,000  هەزار لایەنگرییەوە ھاتوو لە دورگەی سیسیلیاوە دەستی بەسەر باشووری ئیتالیای گرت و دەسەڵاتی ھابسبۆرگی دەرپەڕاند . کەوتە دەرپەڕاندنی پاشای بۆربۆمییەکان . بەم شێوەیە سیسیلیا و باشووری ئیتالیا ساڵی1860 کەوتەوە ژێردەسەڵات گاریباڵدی. بەڵام پیمۆنت- ساردینین ھەر زوو ترسی لێ نیشت ،کەوا گاریباڵدی بەڕاگەیاندنی کۆمار لە باشووردا بەرەو باکووریش بجمێ و دەوڵەتی کڵێساش داگیر بکات.

لەم دۆخەدا کە دەترسان کێشە و ھەراکانیان لەگەڵ فەرەنسا جارێکی تر سەرھەڵبداتەوە و پرسی یەکگرتنەوی ئیتالیا زیانی پێ بگات . لە ھەموویشی زیاتر دەسەڵاتی ناوبراو ترسی خۆیان بوو، کەوا ڕاستەوخۆ لە 1849 ەوە فەرەنسا پاڵپشتی لێ دەکردن، ئێستا لەلایەن کەسانی ترەوە کەوتوونەتە بەردەم مەترسییەوە ، ڕەنگە دەسەڵات لەدەست بدەن.

لەم چرکە ساتەدا کافور پێویستی بە بیکردنەوە و ھەڵسەنگاندنی دۆخەکە بوو. کافور میتۆدی گفتوگۆی ھەڵبژارد و لە ناپلیۆنی سێیەم مۆڵەتی وەرگرت، دوو ناوچەی سەر بە کڵێساMarken&Umbrion  داگیر بکات، تا بتوانێ ڕێگری دروست لە پێشڕەوی گاریباڵدی بکات.. بەرامبەر بەمەش Latium بە پایتەختەکەیەوە Rom کە لەژێر دەسەڵاتی فەرەنسادا بوو واز لێ بھێنێ و ئارامی تێک نەدات.

بەڵام ھەموو ئەمانە گاریباڵدییان نەسڵەماندەوە. بێگومان ھەڕەشە و گوڕەشەکانی گاریباڵدی بە کۆتایی نەدەگەیشتن و تا دەھات پێشڕەوی دەکرد. بەڕاستی لەمەیداندا گاریباڵدی پاڵەوانی سەرەکی چیرۆکی ریسۆرگیمێنتۆیە. ئەوە بوو لەھەمان ساڵ 1860 دا، لە دەنگدانێکی ڕاپرسیدا/ ڕیفەراندۆم لە سیسیلیای باشووی ئیتالیا زۆرینەی ھەرە زۆری خەڵک دەنگیان دا بە یەکگرتنەوە لەگەڵ پیمۆنت- ساردینین دا.

ئیدی گاریبالدی چ ئەلتەرناتیڤێکی بۆ نەمایەوە و بەم جۆرە ، ئەم بڕیارەی قبوڵ کرد و وازی لە لەشکرکێشی ھێنا بۆسەر ناوچەکانی کافور و شوێنەکانی دیکەی ئیتالیا. واتە ئەم میتۆدەی خەباتی پەسەند کرد، ئاخر لای ئیتالییەکان بە ھەردوو شێواز ھەوڵ بۆ یەکێتی و یەکگرتنەوە دەدرا، « لەناوەوە بە میتۆدی ریفەڕاندۆم و بەرامبەر بە بێگانە، بە شۆڕش و ڕاپەڕین». بۆیە گاریباڵدی ناکۆکی بەرامبەری ئاکامی ڕیفەراندۆم نیشان نەدا. دەرئەنجام لە ڕووداوێکی زۆر سەرنج ڕاکێشدا، لە ساڵی 1861 لە Turin بانگەوازی کۆماری ئیتالیای ڕاگەیاندرا، پەرلەمان ھەڵبژێردرا ، بەسەرۆکایەتی پاشای ساڤۆیانViktor Emanuel، پیمۆنت- ساردینی. زۆر سەرکەوتووانە ئەم ھەنگاوە بەڕێوە چوو.

بەم شێوە قۆناخی دوومی خەبات بۆ یەکگرتنەوە ئامانجێکی پێکا و لێ بە ھاوکێشەی ، لەسەرەوە بۆ خوارەوە لەنێو لایەن و کاراکتەرەکانی وڵاتدا لە سەرکردە و پاشا رێکەوتن کرا. بەڵێ لە سەرەوە ڕێک کەوتن و خوارەوەش ڕەزامەند بوون.

دوای ئەم ھەموو ھەوڵ و تێکۆشان و بڕینی ڕێگای سەختی یەکگرتنەوە، ھێشتا ئەرکی قورس و گران لەبەردەم ئیتالییەکاندا مابوو بگەنە دوا ئامانج… یەکێ لەوانە بریتی بوو لە ھەردوو ھەرێمی ڤێنیسیا، لەژێر دەسەڵاتی نەمسا و لاسیۆم کە پایتەختەکەی ڕۆما بوو ، ھەموو ئیتالییەکیش بە پایتەختی خۆی دەزانی ، سەر بە حوکمڕانی دەوڵەتی پاپا/ کڵێسا بوو، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن فەرەنساوە بەڕێوە دەبرا. ھەتا ئێرە ھەموو شت لە ڕووی سیاسی و جوگرافیاییەوە بە ئاڕاستەی دروستدا دەڕۆیشت. ماسیۆ داسێلیۆ لەم بۆنەیەدا دەڵێ: ئێمە ئیتالیامان دروست کرد، ماوەتە ھاوڵاتی ئیتالیایی دروست بکەین..

شایانی ئاماژە پێدانە،کە بزاڤەکەی ماتزینی، دروشمی یەکگرتنەوەی هەموو ئیتالیا بوو، لەم داویەش یەک سەنتیمەتر نەدەهاتنە خوارێ. ئیدی ئیتالیایەکی بێ ڕۆما و ڤێنیسیا، هەرگیز جی قبوڵکردن نەبوو.  ئیتالییەکان بە ھۆی فرە دیالێکتی و کاریگەرێتی زمانە بێگانەکان لەسەر زمانەکەیان نەیان دەتوانی پێکەوە قسە و ئاڵوگۆڕی بیروباوەڕ بکەن. 18 لە25 ملیۆن ئیتالیایی ئەوسەردەمە تەنانەت خوێندن و نووسینیشیان نەدەزانی. تا ساڵی 1861زمانی ئیتالی ڕێژەیەک لە دەستەبژێرەکان دەیانتوانی قسەی پێ بکەن کە بریتی بوون لە 600,000 ھەزار کەس واتە تەنھا 2,5%. ئەمەش ڕێژەیەکی یەکجار کەمە.تەنانەت کە یەکەم پەرلەمان لە Turin ھەڵبژێردرا وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، نوێنەرەکان بە فەرەنسی وتاریان پێشکەش دەکرد. دانتێ بە نووسینەکانی بەشێوەزاری تۆسکانی کاریگەرێتییەکی گەورەی دروست کرد بەسەر زمانی ئیتالییەوە. بۆنموونە Alessandro Manzoni کاتێ رۆمانی مێژوویی I Promessi Sposi دەنووسێ بە دیالێکتی بۆمباردی، دواتر خێرا دەیگۆڕنە سەر شێوەزارەکەی تۆسکانی کە دانتێ شتی پێ نووسیوە. ئەمەش ھەنگاوێکی گرنگە بۆ لێکنزیکردنەوە و تێگەیشتنی زمانی نەتەوە. دواتر بووە بناخەی زمانی یەکگرتووش.

لەسایەی ئەم دۆخەدا باکووری ئیتالیا لە ڕووی پیشەسازییەوە زۆر بەرەو پێش چووبوون، بەپێچەوانەی باشوورەوە کە ھەر خەریکی کشتوکاڵ و زەویوزار بوون. سیمایەکی دەرەبەگی دواکەوتوویی پێوە دیار بوو. ئەم دیاردەیە تا ئیمڕۆش کێشەیە و بە نەخشەی ئیتالیاوە دیارە. قۆناخێکی تری خەبات بۆ یەکگرتنەوە:

+ قۆناغی سێیەم و دوا وێستگەی یەکگرتنەوە..

ئیتالیاییەکان وەک میللەتێکی تینووی ئازادی، زۆر باش کاریان بۆ ئامانجی سەربەخۆیی و یەکگرتنەوە دەکرد. زرنگ بوون و ھەر دەرفەتێکیان بۆ ھاتبێتە پێشەوە ھەوڵیان داوە بیقۆزنەوە و بایی قەبارەی خۆیان لە زەمینەی خەباتدا کار بۆ ئامانجە ڕەواکانیان بکەن.. بۆیە ھەر لە دەرفەتێک دەگەڕان تاوەکو ئەو ناوچانەی تریش رزگار بکەن و پرۆسەی یەکگرتنەوە بە ئامانج بگەیەنن. ساڵی 1866 کاتێ شەڕ لەنێوان ھەرێمی ھەڵکەوتوو و بەھێزی پروسیای ئەڵمانیا و دەسەڵاتی ھابسبۆرگ دا سەری ھەڵدا، ئیتالیا دەستبەجێ ھاوپەیمانێتی لەگەڵ پروسیادا کرد. ئەوە بوو ئیتالیا لە Lissa &Custozza ئەگەرچی شەڕەکەیان بە نەمساوییەکان دۆڕاند، بەڵام ڤێنیسیایان دەستکەوت، لەبەرئەوەی نەمسا شەڕەکەی لەئەنجامدا بە پروسیا دۆڕاند.

ساڵی 1870-1871 ئەمجارەیان شەڕ لەنێوانی پروسیا و فەرەنسادا پەیدا بوو. لەم کاتەدا شوێنێکی گرنگی وەک لاتسیۆ کە بەدەست فەرەنساوە بوو.فەرەنسا ناچار بوو بۆ شەڕکردن لەگەڵ پروسیای بەھێزدا، ھێزەکانی لەم دەڤەرە بکێشێتەوە. ئا لەم ھەلە زێڕینەدا ساڵی 1870 مانگی سێپتەمبەر، ئیتالییەکان گورجوگۆڵانە پەلاماری لاسیۆ و رۆمایان داو رزگاریان کرد و خستیانەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان…

1871 پایتەخت لە فلۆڕەنساوە ھێنرایەوە بۆ ڕۆما و وەک پایتەخت ناساندییان.. بەم شێوەیە چیرۆکی 53 ساڵەی خەباتی یەکگرتنەوەی ئیتالیا دەستی پێکرد و کۆتایی ھات. چیرۆکێک کە پێمان دەڵێ: لە کاروانی ئەم خەباتە دوورودرێژەدا، تەواوی چین و توێژ و دەستە و گرووپە جیاوازەکان لە پاشا و میرەوە بۆ بیرمەند و قوتابی جوتیار و کرێکار و ڕەنجبەر و وردەبۆرژوای ناوەند بەشداری تێدا کردووە.

سیمایەکی تری گەشاوەی ئەم خەباتە، دوو میتۆدە جیاوازەکەی یەکگرتنەوەیە: ڕیفەڕاندۆم لە ناوخۆ و شۆڕش دژ بە بێگانە. لەمەش بەرچاوتر، سەرلەبەر باوەڕیان بە سەربەخۆیی و ڕزگاریی ئیتالیا و ڕاماڵینی بێگانە تێدا ھەبووە. خەسڵەتێکی تری گرنگ و چارەنووسساز ئەوەیە، چەند فاکتی شەڕ و کەوتنە شەڕی ھێزە داگیرکەرەکانی ئیتالیا وەک دەرفەت و چانس دەقۆزنەوە، خەباتی ڕزگاریخوازی و یەکگرتنەوە/ ریسۆرگیمێنتۆ بگەیەننە ئامانج و ھێنانەدی خەونی پیرۆزیان. ئا بەم ھۆیەوەیە کە Eugen Lembergی مێژوونووسی ئەڵمانی دەڵێ: «ئەو یەکەم چرکەساتەی وریابوونەوە، مانای ڕابوونی ئیتالی و دەستکەوتە مرۆییەکانی ئیتالیاییەکانە».
لەسەرەتاکانی سەدەی 19 ەوە، ئیتالیا مەودای داخوازییەکانی فراوان کردووە و وەک دەڵێن مەرامێکی کۆلۆنیالیستی تێئاخنیوە، داوای ناوچەکانی Terre irre dento دەکات، کە سەر بە ھەنگاریا و نەمسا بوون/ ھابسبۆرگ.

Trentino,Südtirol,Triest,Frioul,Istrien  کە زۆربەیان بە ئەڵمانی قسە دەکەن و ئیتالی و بەشێکی زۆری کرواتی و سلۆڤێنین. کەچی ئیتالیا بە بەشێکی جیانەبووەی جوگرافیای ئیتالیان دادەنێن.. ئەم کێشەیە ھەر ماوە و ھەتا ئێستاش بەو شێوە چارەسەر نەکراوە، مرۆ بەزەقی ھەستی پێنەکات.دوای شەڕی جیھانی یەکەم بەشێکی ئەم ناوچانە درا بە ئیتالیا

Hagen Schulze  ی مێژوونووس دەڵێ: “مرۆ دەتوانێ دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی ئیتالیا، وەکو مێژووی « کوولتوریی و سیاسی و لیبەڕاڵی» دەستەبژێری ھاوڵاتی – ئەرستۆکراتی بنووسێتەوە

شایانی ئاماژە پێدانە، یەکگرتنی ئیتالیا و ئەڵمانیا زۆر شتی ھاوبەشیان ھەیە و لێک دەچن و قۆناخی شۆڕشەکانیشیان ھاوکاتە. تاکە خاڵێکی جیاوازی نێوانیان ئەڵمانیا لە ڕووی پیشەسازییەوە زۆر لەپێش بوو، ئیتالیا ھێشتا سەرەتای بوو، وە بە وڵاتێکی کشتوکاڵی مابۆوە. ئەگەرچی پرۆسەی یەکگرتنەوە کەمی بەری ڕەنجی جوتیاران بوو.

خاڵێکی تریش بریتییە لەوەی کەسانی وەک ماتزینی لە پشت شۆڕشی ریسۆرگیمەنتۆی ئیتالییەوەن بە فکر و هزری گەشی نەتەوەیی دیموکراتی ،لێ لە ئەڵمانیا هێزی پرووسیای هەڵکەوتوو و کاریزمایی بسمارکی لیبەڕاڵ،زەمینەخۆشکەری یەکگرتنەوەی ئەڵمانیان.

ئیتالیاییەکان لەبەرئەوەی خاوەن ئەقڵێت و کولتوورێکی لیبەڕاڵ بوون، وڵاتەکەیان مەڵبەندی سەرەکی ڕێنیسانس بوو، دوا یەکگرتنەوە بە خێرایی لەژێر کاریگەرێتی دەستووری پەرلەمانی ئینگلیز و فەرەنسیدا، کە دەستوورێکی کراوە و دیموکرات بوو. ھەروەھا پرسەکانی سەروەرێتی گەل و مافی مرۆ و ئازادییە کەسییەکانی لەخۆ گرتبوو، دەستوورەکەی خۆیان نووسییەوە.

جێی خۆیەتی بڵێین لە ئینگلتەرا و فەرەنسا لە ڕێی دروستبوونی دەوڵەتەوە نەتەوەسازی کامڵ بوو و شۆڕشیان لە خوارەوە بۆ سەرەوە کردووە. لە ئیتالیا و ئەڵمانیا بەپێچەوانەوە نەتەوە دەبێتە دەوڵەت شۆڕش لە سەرەوە بۆ خوارەوە ئەنجام دراوە.

دوای ئەو ھەموو ھەنگاو و دەستکەوتە گرنگانە ، ئیتالیاییەکان دەستیان کرد بە ژیانێکی نوێی ئازاد، لەسایەی یەکێتی جوگرافی و سیاسی و نەتەوەیی خۆیان دا. ئاخر ئەوان شیرمژی بیروباوەڕی دەیانی وەک ماتزینی کە ڕوو لە کرێکارانی وڵاتەکەی دەکا و دەڵێ:« برایینە .. نیشتمانەکەتان خۆش بوێت، نیشتمانەکەمان ھەوارگەمانە..ھەوارگەیەکە خوا پێی بەخشیوین و تێیدا یەک خێزانمان دروست کردووە». و مەکیاڤیللی بوون کە ئەویش دەڵێ:«نیشتمانتان لە گیانی خۆتان خۆشتر بووێت»!!.

 

ئاکامگیریی:
+  ئیتالییاییەکان بەتێکڕا یەک ھیوا و ئامانج و ستراتیژیان ھەبوو، ڕزگاری نیشتمان و دەرپەڕاندنی ھێزە بێگانەکان…

+  تەواوی دەستەوتاقم و گرووپەکان بەشداری شۆڕش بوون و ڕۆڵیان گێڕاوە، لە خاوەن موڵک و بەگزادە و بەتایبەت دەستەی خوێنەوار و دەستەبژێری ئاکادیمیستەکان و لیبەڕاڵەکان..

+  ھەر دەرفەتێک ھاتبێتە بەردەم ئیتالییەکان بە وریایی و ئاقڵانە و خێرایی بە سوودی پرسە ڕەواکەیان قۆستوویانەتەوە.

+  سێ سەرکردە، ماتزینی باوکی ڕۆحی ڕیسۆرگیمەنتۆ و جەنەڕاڵ گاریباڵدی سەرکردەی مەیدانی درەوشاوە و کافوور وەک سیاسییەکی واقعبینی ریال پۆلەتیکی،لە سێ کایەی جیاوازەوە ئەرکی ژیانەوە و یەکگرتنەوەی ئیتالیایان لە ئەستۆ گرت و بەئەنجام گەیاند.

+  یەکگرتن یاخود یەکگرتنەوە لە سەرەوە بۆ خوارەوە سەرکەوت…

+  ئیتالییەکان شۆڕش و ڕاپەڕینیان کرد بەرامبەر داگیرکەرەکانیان و لەچەند وێستگەیەکیشدا لە ناوخۆیاندا ، بە ڕاپرسی یەکیان گرتوو و دەستکەوتی نەتەوەییان بەدەست ھێنا.

+ ئاکامی 3 شەڕ کە داگیرکەرەکانیان تێی کەوتن بوونە فاکتی ھەرە گرنگی سەرکەوتن و یەکگرتنەوەی تەواوەتییان. بەشداری فەرەنسا لەشەڕی کریم دا، شەڕی فەرەنسا دژی پروسیا ، شەڕفرۆشتنی خۆیان بە پشتیوانی فەرەنسا بە نەمسای ھابسبۆرگی..

+ جوگرافیا و ، کولتووری ھاوبەشی سەردەمی ئیمپراتۆرێتی رۆمانی و بیری نەتەوایەتی ئەقڵێتی لیبەڕاڵێتی لەم پرۆسەدا ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕا .

+ دەنگی ناڕەزایی ناوخۆ بەرامبەر بە ریسۆرگیمەنتۆ کز و نەبوونی دیاردەی براکوژی…ڕێژەیەک لە خەڵکی سیخوڕ و خۆفرٶش هەبووە،لێ کاریگەریی کردەییان لە پرۆسەکەدا نەبووە.

+ هەر لەسەرەتاوە داوای کۆمارێکی دیموکراسی بەتایبەت بزاڤەکەی ماتزینی،دروشمێکی نەگۆڕ بووە.

+ لە ئیتالیا هەموو بنەماکانی بیری نەتەوەیی هەبوو،بەڵام کاتێکی دوورودرێژی دەوێت تا دەبێتە ویست و ئیرادەی کۆ و هێزێکی گۆڕاندروستکەر.بەسەرکردەی لێهاتوو و سیاسەتی حەکیمانەوە کار بۆ یەکگرتنەوە بکات. هەموو هێزەکان داوای یەکگرتنەوە/ وحدة یان کردووە نەک یەکێتی/ اتحاد.

+ هەرچی ئامڕاز و وزەیەکی لەتوانای ئیتالییەکاندا بوو، بۆ یەکگرتنەوەی خستیانە گەڕ.

………

سەرنج: ئەم نووسینەی زادەی بینین و گوێ لێگرتن و خوێندنەوەی کۆمەڵێ سەرچاوەی جۆراوجۆرە و پوختەیەکە، لە مێژوویەکی دوورودرێژ.

نووسین و ئامادەکردنی  , ھەڵۆ بەرزنجەیی

2020-12-01

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی