"an independent online kurdish website

خەیانەت کە لە کوردیدا یەکسانە بە ناپاکی، وشەیەکی عەرەبییە کە چاوگەکەی(خَوًن)ە و ئاماژەیە بۆ(خيانة) کە زیاتر بە مانای بەڵێن و پەیمان شکێنی نھێنی و ژێربەژێر

و پەنامەکی و لەپشتەوە وەرسووڕان و زەبر لێدان لە لایەن کەس یان لایەنێکەوە دێ بەرامبەر کەس یان لایەنێکی دیکە کە لەو پێوەندییەدا ئەو دوو کەس یان لایەنە بە ھاوپەیمان دۆست و ھاوڕێ و ھاوئامانج و ھاوبەرژەوەندیی بەحیساب دێن. جۆرەکانی خەیانەت بە رادەی جۆرەکانی رەھەندی ژیانی مرۆڤەکانن، بەڵام زقترین جۆرەکانی خەیانەت، کۆمەڵایەتی، خێزانی، ھاوڕێیەتی، و بەرچاوترینیان نیشتمانی و نەتەوەیین.

خەیانەت یان ناپاکی شکاندنی بەڵێن و پەیمانە بە شێوەیەکی یەکلایەنە و نابەرپرسیارانە و کردنە قوربانی بەرژەوەندیی گشتە بۆ بەرژەوەندی تاک یان لایەن و بەش. قۆناغی پاش ئەو کردەوەیە ھەمیشە بە بونیاتنانی دوژمنایەتی و دڵشکان و نیگەرانی و دڵگرانی و تووڕەیی و بێزاریی لایەنی خەیانەت لێکراو دەست پێ ئەکات.

لە کولتووری تەواوی نەتەوەکانی جیھانا خەیانەت بە کردەوەیەکی نەشیاو و دوور لە ئەخلاق و دژەبەھا ناسراوە. خەیانەتی نیشتمانی و نەتەوەیی زقترینیانە کە لە زۆربەی کۆمەڵگا و نەتەوەکانا بە دوژمنکاری دائەنرێ و سزاکەشی مردنە و رووەکەی دیکەشی کە ھەر دژ بە نەتەوە و نیشتمانە، بە کردەوەی دژەئاسایشی و ئەمنیەتی نەتەوە دێتەھەژمار و نمونەشی لە ھەموو وڵاتانا ھەبووە و ھەیە.

ئەم دیاردەیە لە ناو میلەتی ئێمەدا بەرامبەر بە نەتەوە و نیشتمان شتێکی زق و دیارە. ریشەی خەیانەت لە ناو نەتەوەی ئێمەدا زۆر قووڵ رۆچووە، بە ئاستێ کە ھەزاران پەند و چیرۆک و شێعر و بەند و گۆرانی و رۆمان و…ی لەسەر بونیات نراوە.

زقترین خائینان لە ناو میلەتی ئێمەدا ئێستا جاشەکانن. ھێڵی سووری سنووری خەیانەت و ناپاکی جاشایەتییە. بەڵام خائینتر لەوان ئەو کەس و لایەن و ھێزانەن کە وانیشان ئەدەن لە خزمەت نەتەوە و نیشتمانەکەیانان، بەڵام بۆ بەرژەوەندییەکی کورتبینانەی ھێزیی و لایەنیی خۆیان لەگەڵ دوژمنانی نەتەوەکەیانا، خەیانەت بە نەتەوە ۆ نیشتمانەکەیان و ھێز و لایەنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی دیکە ئەکەن.

بۆ ئەم جۆرە خەیانەتە نمونەی دوور و نزیکمان زۆرن و دەبێ راشکاوانە و روون ئاماژەیان پێ بکەین و بیانخەینەڕوو بۆ ئەوەی ببنە وانە بۆ داھاتوانی نەتەوە و نیشتمانەکەمان و ببنە پەند بۆ ئەوانەی کە بیری خەیانەت و خەیانەتکاریی لە مێشک و باوڕیانا گەرا ئەکات.

بابەتی تیرۆرەکەی ١٧ی سەرماوەزی دەروازەی کۆیە کە تێیدا سێ کادری رێبەری و دوو پێشمەرگەی حیزبی دیمۆکرات بە دەست کوردان بۆ داگیرکەران تیرۆر کران، نمونەی زقی بابەتی خەیانەتی نەتەوەیی و نیشتمانییە و ھیوادارم لەم پێوەندییەدا ئەوانەی ئاگاداری رووداوە نەشیاوەکانی ھاوچەشنی ھاوچەرخی بزاڤی کوردین، ھەر لە خەیانەتی سەرۆک عەشیرەکانەوە بە کۆمار و رێبەرایەتییەکەی تا کوشتنی رێبەرایەتی حیزبی دیمۆکرات و تەسلیم کردنەوەی تەرمەکانیان بە ساواک و شەڕی قیادە موەقەتە دژ بە ھێزە رزگاریخوازەکانی رۆژھەڵاتی پاش روخانی رێژیمی پاشایەتی ئێران تا ئەگاتە تیرۆری بەرفراوانی شۆڕشگێڕانی رۆژھەڵات بە ئاشکرا و نھێنی بۆ کۆماری ئیسلامی لە ژێردەسەڵاتی یەکییەتی نیشتمانیدا و قۆڵ و چاوبەست کردنی کادرو پێشمەرەگەکانی حیزبی دیمۆکرات لە سەر خوانی میوانداری لە لایەن تیرۆریستانی بزوتنەوەی ئیسلامییەوە و تەسلیم کردنەوەیان بە ئیتلاعاتی ئێران و تۆپبارانی ١٢ سەعاتیی بارەگاکانی حیزبی دیمۆکرات لە کۆیە بە چاوساغیی یەکییەتی نیشتمانی و….ھەر ھەموو دەبێ بکرێنە بابەتی لێکۆڵینەوەیی و بە روونی بخرێنە بە دیدی نەسڵی ئێستاو داھەتوومان.

ئەمە بەرپرسایەتییە و ئەکەوێتە سەرشانمان. شان خاڵی کردن لە ژێری، چاوپۆشییە و ئەمانکاتە شەریکی خائینان.

_تێبینی یەکەم: ھەرکام لەو لایەنانەش کە ئاماژەیان پێ کراوە، ئەتوانن بۆ پاک بوونەوەیان لەو تۆمەت و تاوانانە، بەجێی رووگرژ کردن و ھەڵبەزینەوە و ھەڕەشە ۆ گوڕەشە و بێڕێزی، دان بە تاوانەکانا بنێن و داوای لێبوردن لە نەتەوەکەیان و لایەنی خەیانەت لێکراو بکەن و تاوانبارانی زیندوو بکێشنە پای یاسا و دادپەروەرانە دادگاییان بکەن و ماف بگێڕنەوە بۆ مافخوراوەکان، بەتایبەت حکومەتی ئێستای ھەرێم کە دەسەڵاتی دادی ھەیە و بەپایبەتیتر یەکییەتی نیشتمانی کە نزیکەی ٥٠٠ شۆڕشگێڕی رۆژھەڵاتی کوردستان لە زۆنی ژێردەسەڵاتی ئەواندا بۆ حەز و بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامی تیرۆر کران.

_تێبینی دووھەم: ئەم نووسینە را و بۆچونی تایبەتی خۆم وەک تێکۆشەرێکی نەتەوەخوازی کوردە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی