"an independent online kurdish website

بەداخێکی گرانەوە رۆژی دوشەممە 2020/12/14  کاک مەلا محەممەد دوای چەند حەوتوو بەربەرەکانی لە گەڵ نەخۆشی کۆرۆنا، لە شاری لینشۆپینگ لە وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد.

کاک مەلا محەممەد لە ساڵی ١٩٤٨ی زائینی لە گوندی گۆمانی ناوچەی نەڵێنی ڕەبەت لە دایک بووە، هەر لە هەڕەتی مێرمنداڵیدا دەستی بە کاری وەرزێری کردووە و دواتریش بۆ خوێندن نێردراوەتە حوجرەی فەقێیان و ئەوەندەی توانای هەبوو لە حوجرە و لە مزگەوتەکان دا درێژەی بە خوێندنی فەقێ‌یایەتی داوە و هەر لەو شوێنە لەگەڵ کۆمەڵێک مامۆستای ئایینی و کەسایەتی شۆڕشگێر و دێموکرات ئاشنا دەبێ و لە نزیکەوە دەبێتە یار و یاوەری شۆرشگێرانی دێموکرات.

پێشمەرگەکان:  سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی کوڕ و کچ و هاوسەری ژیانی و خوشک و براکانی و تێکرای خزمانی  کاک مەلا محەممەد  گۆمانی لە دەرەوەی وڵات و نێوخۆی کوردستان دەکەین.

ڕووحی شاد و رێگای خەباتی بەردەوام بێ.

هەواڵ لەم بارەوە:

کاک “محەممەد محەممەدی” ئەندامی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوئید کۆچی دوایی کرد

13:00 – 25 سەرماوەز 2720

پێشمەرگەکان: ڕێکەوتی ٢٤ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی، مامۆستا “محەممەد محەممەدی (گۆمانی)”، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆنا، لە تەمەنی ٧٢ ساڵیدا لە وڵاتی سوئید ماڵاوایی لە ژیان کرد.

مەلا “محەممەد” ڕێکەوتی ١٠ی سەرماوەزی ١٣٢٧ی هەتاوی لە گوندی “گۆمانیـ”ـی ناوچەی نەڵێنی ڕەبەت لەدایک بووە و لە تەمەنی ٧ ساڵیدا بۆ خوێندن نێردراوەتە حوجرەی فەقێیان و درێژەی بە خوێندنی فەقێیاتی داوە و هەر لەو شوێنەدا لەگەڵ کۆمەڵێک مامۆستای ئایینی و کەسایەتیی شۆڕشگێڕ و دێموکرات ئاشنا بووە.

ناوبراو هەر لە تەمەنی مێرمنداڵییەوە دەستی بە کاری وەرزێڕی کردووە. بەهۆی ئەوەی مامۆستا لە ناوچەیەک ژیانی کردووە کە هەستی نەتەوایەتی زۆر لە سەرەوە بووە و لەگەڵ لاوانی کوردستان بەردەوام لە خەبات دژی ستەمی نەتەوایەتیی ڕێژیمی پاشایەتی و دواتر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە خەبات و تێکۆشاندا بوون.

مامۆستا دواتر تێکەڵ بە کاروباری سیاسی بووە و لە ساڵی ١٣٤٢ هەتا ١٣٤٧ی هەتاوی وەک ئەندامێکی حیزب لە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات دەستی کردووە بە تێکۆشانی سیاسی دژ بە دیکتاتۆریەتیی حەمەڕەزا شا. هەڵسووڕانی مەلا “محەممەد” لەو سەردەمەدا هێندە بەرچاو بووە کە لەلایەن ساواک و ئەرتش گیراوە و ڕەوانەی زیندانەکانی ئەو کاتی ڕێژیمی پاشایاتی کراوە.

مەلا “محەممەد” لە زینداندا لەگەڵ پۆلێک تێکۆشەری دیاری گەلەکەمان ئاشنا بووە و لەوێ زیاتر لەگەڵ مێژووی گەلەکەی و حیزبەکەی و هەروەها زوڵم و زۆری ڕێژیم لە خەڵکی کوردستان ئاشنا بووە.

دوای ئەوەیکە ماوەیەکی زۆر لەژێر ئەشکەنجە و ئازاردا بووە، دواتر لە دەرفەتێکدا توانیویەتی دەرگای زیندان بشکێنێت و خۆی لە زیندان ڕزگار بکات. مامۆستا لە ماوەی تەمەنیدا زۆر جار دەسبەسەر کراوە و زیندانیی درێژماوەی بەسەردا سەپێندراوە، ئەشکەنجە و ئازاری زۆری ژاندارم و جاشە خۆفرۆشەکانی چێشتووە، بەڵام قەت نەیانتوانیوە ئیرادە و ورە و بیروباوەڕی بە ڕێبازی شەهیدان و کۆمار تێک بشكینن.

مامۆستا لە تەواوی ژیانیدا چ وەک پێشمەرگە و چ وەک کادر لەسەر ڕێبازەکەی بەردەوام بووە و لە ماوەی ژیانی لە تاراوگەشدا تا کاتی کۆچی دوایی وەک ئەندامێکی دڵسۆز و چالاکی حیزبی لە زۆربەی کۆڕ و کۆبوونەوە و خۆپیشاندانەکان دژ بە زوڵم و زۆرداریی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەشداریی کردووە.

لەگەڵ ڕاپەڕینی شۆڕشی گەلانی ئێران، ناوبراو بووەتە کەسێکی دیاری نێو کۆڕ و کۆبوونەوەکان و دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایاتی لە یەکەم پێشمەرگەکانی کۆمیتەی سەردەشت و ڕێکخراوی میراوێ بووە و لە دەورەی بەشی دادوەری و کۆمەڵایەتیدا بەشداریی کردووە و ساڵانێکی زۆر وەک کادر و پێشمەرگەی حیزب لە کۆمیتەکانی میراوێ و کۆمیتەی دم چۆم لە ناوچەدا خزمەت بە گەل و نیشتمانەکەی کردووە و لە چەندین شەڕی ناوچەی سەردەشتدا بەپێی توانای خۆی بەشداریی کردووە.

دوای ئەوەیکە بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە باشووری کوردستان و سەر سنوور ئاوەدان کرانەوە، مەلا “محەممەد” لە تەنیشت بنکەکانی حیزب ماڵی داناوە و لەگەڵ هەر ئاڵوگۆڕێکی بنکەکان ماڵی مەلا محەممەدیش ئاڵۆگوڕی بەسەردا هاتووە و دواتر لە شاری ڕانیەی هەرێمی کوردستان گیرسایەوە و خەریکی کار و کاسبی بووە و ئەرکی ئەندامەتیی خۆی بەچاکی بەڕێوە بردووە و ماڵ و دووکانی بووەتە شوێنی بەیەکگەیشتنی خەڵک و کادرەکانی حیزب.

مەلا “محەممەد” لە کۆتاییەکانی دەیەی نەوەدی زایینی لە ڕێگای یوئێنەوە لە وڵاتی سوئید وەرگیراوە و لەوێشەوە وێڕای سەدان کەسی دیکە وەک ئەندامی حیزب خزمەتی بە گەل و نیشتمانەکەی کردووە و لە زۆربەی کۆڕ و کۆبوونەوەکانی حیزبیدا بەشداریی کردووە.

ئەو ئەندامە دڵسۆزە هەتا دواساتەکانی ژیانی وەک ئەندامێکی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوئید ئەرکی ئەندامەتیی خۆی بەجێ گەیاندووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری مەلا “محەممەد محەممەدی” دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.

……

وەرگیراو لە لاپەرەی فەیسبووکی دۆستان

مەلا موحەمەد خۆی بۆی گێڕاومەتەوە، تەیمور مستەفایی

ئەم ئێوارەیە چاوم بە فەسبووکدا دەگێڕا بەداخەوە چاوم بە هەواڵێک کەوت کە نووسرابوو مەلامحەمەد ناسراو بە “مەلاچەتە “بە هۆی نەخۆشی کورۆناوە لە سوئید کۆچی دوایی کردووە، ویرای بەداخبوونم بۆ کۆچی دوایی ئەم بەڕێزەوسەرەخۆشیم لە بنەماڵە بەڕێزەکەیان بیرەوەرییەکیم وەبیر هاتەوە کە خۆی بۆی گێڕاومەتەوە .بیرەوەرییەکەم ئەوکات و ئیستاش پێ سەرنجڕاکێش بوو هەربۆیە پێم حەیف بوو باسی نەکەم.

ساڵی ۱۳٥۹ من و کاک خوسرەو بارامی بە مەئموریەتێک من بۆ بەشداری لە سیمینارێکی تەشکیلاتی و کاک خوسرەو بۆ سێمیناری نیزامی لە هەورامانەوە بەرەو دەفتەری سیاسی کە ئەوکات لە ناوچەی مەهاباد نیشتەجێ بوو وەڕێکەوتین ، لە گەڕانەوەدا لە شارۆچکەی ڕەبەت چەند ڕۆژێک ماینەوە، مەلاچەتە ئەوکات بەرپرسی کۆمیتەناوچەی ڕەبەت بوو، پیاوێکی مشرف خۆش و پێکەنینێکی جیاوازی لە گەڵ هەمووان هەبوو ،لەوکاتەوە یەکترمان دەناسی،ئەرکی شۆڕەش وای خواست من جارێکی دیکە وەک کادرێک لە دەفتەری سیاسی ئەرکی حیزبیم پێ بسپێردرێ .لەو ماوەیەدا کە لەدفتەری سیاسی بوم لەگوندەکەیاندا گۆمان کە لەشوێنی دەفتەر نێزیک بوو دوو جارمیوانداری کردم.

لە جەریانی مەئموریەتێکی حیزبیدا بەرەو گوندەکانی ، ئاڵواتان، دیواڵان و…..بە هەڵکەوت لەگەڵ مەلاچەتە بوینە هاوڕێ ، کە لە گوندی دیواڵان نێزیک کەوتینەوە مەلا بە پێکەنینە تایبەتییەکەی ڕوی تێکردم و وتی داستانێکی خۆمت لەم گوندە دا بۆ بگێڕمەوە و منیش وتم فەرموو و ئاوای دەست پێکردو وتی:

لە دەورانی ڕێژیمی شا دا ئەندامی حیزب بووە کەلە جەریانی کاری حیزبیدا لەلایەن ڕێژیمەوە گیراوە و لە زیندانی سەردەشت بۆ ماوەیەکی زۆر لە زینداندابووە، لەوماوەیەدا لە گەڵ سەرباز و دەرجەدارە زیندانوانەکاندا ئاشنایەتی پەیدا کردووە ، لە نێویاندا دەرەجە دارێکی کرماشانی زیاتر لەهەموویان پەیوەندی پێوە گرتووە و بەڕێزەوە لە گەڵی هەڵسووکەوتی کردووە .زۆرجار پرسیاری جۆراۆجۆری لێ کردووە.ئەم نێزیکایەتییە وای کرد داوای لێ بکەم بۆ دەربازبوونم لە زینداندا یارمەتیم بکات . بەکورتی بەڵێنی یارمەتی بۆ دەرباز بوونی پێدام بە مەرجێک لە ئەگەری گیرانمدا ناوی نەدەم ، منیش سوێندم بۆ خوارد کە ئەگەر لە سێدارەشم بدەن ناوی نەدەم و بەڵێنیشم دا قەت ئەو هاوکارییەی لە بیرنەکەم.

بەڵی بەپێی پلانی داڕێژراو بەهاوکاری ئەو دەرەجەدارە کرماشانییە لە زیندان هەڵهاتم، ڕۆژی دواتر ڕێژیم ناو و وێنەی منی لە ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاو کردبووە و جایزەی دەهەزارتمەنی بۆ هەرکەسێک کە من بگرێت و بمداتە دەستی ڕێژیم دیاری کردبوو . لە ڕێگای ژاندارمەرییەوە کیخوای گوندەکانیشی لەهەڵاتنی من و ئەو جایزەیە کە بۆ بەدەستەوەدانم دیاری کرابوو ئاگادار کرد بووە.

زستان بوو پاش چەند ڕۆژ گەیشتمە دیواڵان وکیخوای دێ بە بوونی منی زانی و لە گەڵ یەک و دووکەسێ هاتن گرتمیان و بە ڕاکێش ڕاکێش لە دێ بەرەو تەحویلدانیان دەبردم و خەڵکی دێ بەم هەڵویستەی کیخوا زۆر ناڕەحەت بوون ، پیرە ژنێک هاتە بەر دەمی کیخوا و ووتی بۆ خوا مەی بەن دەیگوژن من پێنج هەزار تمەنم هەیە دەتاندەمێ مەیبەن ، بەڵام فایدەی نەبوو ژنە زۆر پاڕاوەبەڵام هەر فایدەی نەبوو وبەکورتی تەحویلیان دامەوە.

 پاش تەحویل درانم بردمیانەوە پادگانی سەردەشت و داوایان لێکردم   و گوتیان ئەگەرهاوکارییان بکەم و بڵێم بۆ دەربازکردنم لە زینداندا کێ هاوکاری کردوم ئازادم دەکەن. منیش بەڵێنم پێدان کە هاوکارییان بکەم .

پاش ئەم داخوازە لێم وتم من بە ناو ئەو کابرایە ناناسم بۆیە هەموو پرسنلی نیگابانی زیندانیان ڕیز کردن و پێیان ووتم پێمان بڵێ کام لەمانە بووە؟ گروبانێک هەبوو لە کاتی زیندانی بوونمدا زۆری ئەزیەت و ئازار دەدام ، لە دڵی خۆمدا دامنا کە گەیشتمە لای بڵێم ئەو بووە ، چاوم بە درەجەدارە کرماشانییەکە کەوت ڕەنگ بە ڕویەوە نەمابوو ، لە گەڕان بەناو ڕیزەکەدا لەو تێپەڕیم ، کە گەیشتمە لای ئەو گروبانە کە بەردەوام ئەزیەتی دەکردم  دوو سێ جار چاوم بە قیافەی دا خشاند ڕۆحی لە بەردا نەمابوو ،قامکم لە سەر دانا و ووتم ئەم بەڕێزە هاوکاری کردم ،هەرچی هاواری کرد و پاڕاوە کە ئەو نەبووە فایدەی نەبوو، بردیان و منیش بۆ جارێکی دیکە ڕەوانەی زیندان کرامەوە کە تا شۆڕەشی گەلانی ئێران سەرکەوت هەر لە زینداندا مامەوە .

پاش ئازاد بوونم لە زیندان خەڵک داوایان لێکردم کیخوابدەمە دادگا یا بیکوژین ،بەڵام قەبووڵم نەکرد . گووتم ئەو دەبێ هەر لەم دێیە بێت بۆ ئەوەی هەرجارە لە گەڵ هەرکەس دێم بۆ ئەم گوندە هەم ئەم داستانەی بۆ بگێڕمەوە ،هەم ئەو کیخوا و پیرەژنەشیان پیشان بدەم تا هەموو جارێ چاوم بە سەری شۆڕی کیخوا و سەری بەرزی دایە پیرەم  بکەوێ.

…….

مەجید خەلیفە زادە : روحی شاد بێت. رۆژێک لە بەر دەرگای مقەری حیزب لە رانیە نیگابان بووم. . مەلا محەمەد هات و سلاوێکی کرد و ویستی راست برۆتە ژۆرەوە . جاری ئەوەل بوو ئەم جەنابە ببینم و قەتیش هەتا ناویشم نەبیستبوو. هەر بویەش دەست بەجێ پێشم پێ گرت و گوتم کاکە ئێرە دەورازەی بێ دەرگا نیە هەر کەس بێت و راست برۆتە ژۆرە وە. گوتی من مەلا چەتەم. گوتم ببوورە ئێرە مقەری حیزبە و جیگای چەتان نییە. دەست بە پێکەنینی کرد و گوتی بروو بە کاک محەمەد وەلەدبەگی بلێ مەلا چەتە لە بەر دەرگایە و ئیجازە دەدا چەتەش بێنە ناو مقەری حیزب دا. گوتم باشە کاکە لێرە راوەستا و چوومە ژۆرە و کاک محەمەدم لە هاتنی ماموستا ئاگادار کردووە گوتم کاک محەمەد کەسێک هاتووە دەلێ مەلا چەتەم و دەیهەوێ بێتە ژۆرەوە. کاک محەمەد گوتی ئەو کەسێکی بەڕێزە و پێشتر کادری حیزب بووە و بخوی لە گەلم هاتە بەر دەرگای مقەری حیزب پێشوازی لێ کرد و لە گەل خوی بردە ژورەوە.

….

کاکەبرا ئەلیاسی: بەداخێکی گەلێک گرانەوە ئەو ڕۆ مامۆستا موحەممەد موحەمەدی (گۆمانی) ناسراو بە مەڵا چەتە تێكۆشەری دێرینی ڕیگای ئازادی و کادری بە وەج و دڵسۆز و فیداکاری حیزبەکەمان بەهۆی نەخۆشینی کرۆنا بۆ هەمیشە بە جێی هێشتین. وەک خوم بۆ کۆچی ئەو مامۆستا ئازیز و دڵسۆزە زۆر بەداخم ، مامۆستا یەکیک لە ئەو کادرە هەرە فیداکار و دڵسوزە حیزبیانە بوو کە  لەهەموو کۆڕ و کۆبوونەوەکانی حیزبی لە سوید بەشداری دەکرد. ئەو بە ڕاستی کادرێکی پێگەیشتوو و زانا بوو کە زۆر ڕووداوی مێژووی حیزبەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە باشی دەزانی و ئاگاداری زۆرێک لە ڕووداوەکانی میژووی حیزب بوو.

لە تەمەنی خوم دا زۆر کەسم لە نزیکەوە ناسیووە و دەناسم بەڵام یەکیک لە ئەو کەسانە کە بە ڕاستی بۆ لە دەست چوونی  خەمبارم کۆچی دوایی  مامۆستایە.

مامۆستا گیان زۆر شتت لە لام باس کردوە و نووسیووە هەمووی وەک یادگاری جەنابتان لام پارێزراو دەمێننەوە. یادت هەموو کات دەکەین. ڕۆحت ئارام ئینسانە ڕۆح سووک و هەتا سەر ئیسقان کوردپەروەر و دڵسۆزەکە،جێگات لە كۆڕی یاران بەتاڵە بەتاڵ……….

……..

مەلا ڕەسووڵ مێرگەپان:   بەداخەوە دوێنێ یەک شەممە رێکەوتی 20/12/14 ھەواڵی مەرگی ھاوسەنگەرێکی ڕۆژە سەخت و دژوارەکانم پێگەیشت کە زۆری خەمبار کردم، ئەوەی ڕاستی بێ نەدەچوو دە عەقڵمەوە کە ھەر ئاوا کتوو پڕ کاک فەقێ ئەحمەد فەوتی کردبێ. چونکە لەو ماوەیەدا چەند جارمان بەیەکەوە بە تەلەفۆن قسە کردو قەرار بوو بێت بۆ سەردانم.کاک فەقێ محەمەدی بە ئەسڵ سەرمێرگی و ناسراو بە فەقێ محەمەدی گۆمانی و مەلا چەتە، یەکێک لە کادرە چالاکوو پیتۆڵ و گورجوو گۆڵی ڕۆژی تەنگانەو دەورانی کاری نەھێنی حیزبی دێموکرات بوو. لە جوڵانەوە ناکام و بەسەر داسەپاوەکەی ٦٧ و ٦٨ ی زاینی گۆچانی دەستی شەھیدان سولێمانی موعێنی و مەلا ئاوارەو سمایلی شەریفزادە بوو. نامەی شەھید سولێمانی موعێنی و مەلا ئاوارەی بەسەر ئەو ھەموو  مەترسیەیانەی پایەگاکانی ئێران و ئێراق  و پێشمەرگەکانی پاڕتیدا بۆ منوو شەھید عەبدوڵای موعێنی ھێناوە بۆ گوندی داری کەلی لە ناوچەی بازیان کە کاتی خۆیی  پێتەختی پادشای کوردان مەلیک مەحمود بوەو ھەروەھا بۆ گوندی سیتەک کە شوێن و ئارامگای نەمر شێخ لەتیفی شێخ محمود بوە. ئەو پیاوە ھێندە نەترسانە خەبات و تێکۆشانی دەکرد ببوە چقڵی چاوی داگیر کەرانی کوردستان. ئەوەی ئێستا لەبارەیدا دەنوسم چەند مانگ پێش ئێستا و لە یاد کردنەوەی ھاوسەنگەرانم دا بەدرێژی بابەتێکم لەسەر نوسی  کە دوێنێ دیسان دامناوە بۆ ھاورێیان، کە دوای بیستنی کۆچی. چونکە زۆر لەمێژ بوو گازندەی دەکرد لەوەی کە حەقی خۆیی پێ نادەن و ئاووڕ لە ڕابردوی نادرێتەوە، فەقێ محەمەدو شەھیدی زیندوو کاک مەلا حەسەنی شیوەسەڵی تەنیا کەسانێکی چالاکوو ھەڵسوڕاوی جوڵانەوەی ٦٧و٦٨ بوون کە بەدوای بە ئاکام نەگەیشتن و پەڕشوو بڵاو بوونی جوڵانەوەکە سنوریان نەبەزاندو لە ناوخۆیی وڵات مانەوەو ھیچ حسابیان بۆ ڕژیمی حەمە ڕەزا شای گۆڕ کراو نەدەکرد.

دوای ئەوەی دەوران گۆڕانی بەسەرداھات و تەمی نەھامەتی و نەگبەتی لەسەرمان وەلاکەوت و لەژێر چەتری بەیانە مێژوویەکەی یازدەی ئازار دا ئێمەش ھەموو لایەک یەکمان گرتەوەو کۆنفرانسی ٣ مان لەشاری کۆیە گرت و دەستمان کردەوە بە تێکۆشانی نەھێنی و ئاشکرا، کاتێک منوو نەمر کاک کەریم حیسامی و کاک حەسەنی ڕستگار تەشکیلاتی حیزبمان بەرێوەدەبرد، لە یەکەم کەسە ناسراو خاوەن ڕابردوەکانی کە لە ناوخۆی وڵاتڕا پەیوەندیان بە ئێمەوە گرت کاک مەلا حەسەنی شیوەسەڵی و  نەمر فەقێ محەمەد بوون. بەتایبەتی فەقێ محەمەد لێکدا لێکدا دەھاتە قەڵادزێ ماڵێ نەمر کاک کەریم حەداد و منوو نەمر کەریمی حیسامیش لە بەغداو کۆیەوە کارمان پێ دەسپارد. زۆر بابەتی دیکە ماون و لە زەینم دان لەبارەی زیندوو یاد فەقێ محەمەد بەڵام ئێرە جێگای نیەو ڕایدەگرم بۆ مەودایکی لەبارتر چون بۆخۆشی بەدەست خەتی خۆی کورتەیەک لە ژیانی خۆی بۆ  نوسیوم  دوای ئەوەی کە من یادم کردەوەو لەسەرم نوسیبوو.  لێرەدا ڕوودەکەمە خزمان، بنەماڵە، خێزانی و منداڵەکانی لەگەڵ ئەوەی سەرەخۆشی و پرسەیان لێ دەکەم دڵنیاشیان دەکەمەوە کە ئەوان کەسێکیان لەدەست داوە کە ھەموو وجودی خەبات و تێکۆشان بوە بۆ ڕزگاری و سەرکەوتنی گەلە  داماوەکەیو لەجیاتی ئەوەی کە خۆیان نارەحەت و دڵ شکاوکەن دەبێ ھەتا ھەن شانازی پێوە بکەن و پێوەی سەربەرز بن. ھاو دەردی خۆم ڕادەگەینم بۆ ھەموو دۆستان و ھاوسەنگەرانی و بە ھیوام کاکە فەقێ محەمەد ڕوحی شاد بێ و ئاواتە وەدی نەھاتوەکەی دوای خۆی وەدی بێ.        

مەلا ڕەسووڵ مێرگەپان   ٢٠/١٢/١٤

مەلا ڕەسووڵ مێرگەپان:   یادێک لە دوو تێکۆشەری زۆر ماندونەناس نەمر خاڵە  ئۆمەر گۆڕەشێری ناسراو بە ئۆمەرە سوتاوو وە فەقێ مەحەمەدی سەر مێرگان ناسراو بە فەقێ محەمەدی گۆمانی…٢

فەقێ محەمەد سەرمێرگان ناسراو بە فەقێ محەمەد گۆمانی مەلا چەتە

تێبینی: چەتە دەستەواژەیەک بوو کە دوژمن بەکاری دێنا بۆ ئینسانە شۆڕشگێرەکان یانی وەک چەتە و دزوو ئینسانی خراپی دەناساندن.

ئەو تێکۆشەرە بە خۆشیەوە دەحاڵی حەیات داماوە و پێم وایە زۆرتر لە شاری ڕانیە دەژی. بۆیە بە پێویستم زانی لەسەری بنوسم چونکە ھەتا ئێستا نەمدیوە لەو بەرنامەی تێکۆشەرە دێرینەکان بانگیان کردبێ بۆ وتوو وێژ، چونکە ئەو ئینسانە لە جوڵانەوەی١٩٦٧ و ٦٨ و پێشتریش دەورێکی زۆر بەرچاوی گێڕاوە و نمونەی ئینسانێکی ئازاو چاوو نەترس بوە، بۆ پەیوەندی لە نێوان ڕۆژهەڵاتو باشوردا. نمونەی ھەرە بەرچاوو ئەوکاتە کە من شەھید عەبدوڵای موعێنیم بە برینداری گەیاندە داریکەلی و گوندی سیتەک ماڵێ شێخ لەتیفی شێخ مەحمودی نەمر، دوای زیاتر لە دوو مانگ بێ خەبەر ی لە شەھیدان مەلا ئاوارەو سمایلی شەریفزادەو کاک سولێمان موعێنی یەکەم کەس فەقێ محەمەد بوو لەلایەن  شەھید سولێمانەوە ھات بۆ لای  ئێمە و نامەی بۆ ھێناین. ئەو ڕۆژەی کە فەقێ محەمەد ھات بۆ لای ئێمە لە کەپرەکانی ماڵێ شێخ لەتیف، شەفیق لایەن وەک نوێنەری بارزانی بە ١٢٠ پێشمەرگەوە میوانی شێخ بوو، ھێندە بە زیرەکی و بە وەستایانە ھات لە پشت منوو شەھید عەبدولا دانیشت لەو ھەموو عالەمە یەک کەس ھەستی پێ نەکرد تەنیا شێخ لەتیف نەبێ کە ڕوبەروی ئێمە بوو یەک دوو جار چاوی لێ کردین و ھەستی کرد ئەو ئینسانە نامۆیەو دەبێ لە برادەرانی ئێمە بێ. پاشان کە جەماعەت ڕۆیشتن شێخ لەتیف یادی بەخێر گوتی ئەرێ کاکە مەلا ئەمە لە کوێ ھەڵقوڵی؟ عەرزم کردوو گوتم کاکە شێخ ئەو کورەسەری لە ڕژیمی شاش شێواندوە ھێندەیان گرتووەو ڕای کردوە دەنگۆیان دواخستوە کە ئەو کوڕە عیلمی غەیبی ھەیە و وەک نەسیمی عەیار ھەزار پارچەشی کەن ھەر زیندوو دەبێتەوە.  ھاتنی فەقێ محەمەد بۆ لای ئێمە و خەبەری برادەرانمان مزگێنێکی   زۆر دڵ خۆشکەر بوو بۆمان و شەھید عەبدوڵاش  بەرەو چاک بونەوە بوو، منیش نامەی مەلا حەسەنم بۆ ھاتبوو کە سەرێکی منداڵەکان بدەمەوە ئیدی لێرەدا ئەو باسە واز لێدێنم و دێمەوە سەر باسی ڕابردووی فەقێ محەمەد، ئەو پیاوە جگە لە خەبات و تێکۆشانی لە جولانەوەی ٦٧ و ٦٨ دا لەگەڵ شەھید مەلا ئاوارە و ھەڤاڵان وەک ڕابیت دەبەینی ھەمولایەک دا لە ڕۆژە ھەرە تەنگوو چەڵەمەو دژوارەکاندا دەورێکی زۆر بەرچاوی گێڕاوە. زۆر جاران گیراوە و ئەشکەنجەو تازیب کراوە و بەشێوەی خۆڕزگار کردن ھەلاتوە. ھەروەک لە پێشەوە باسم کردوە لە زۆر پاسگاکانی ژاندارمەری دەورانی شادا وا باوو بوو کە فەقئ محەمەد دەتوانێ بە کونی لولە سۆبە (کورە) شدا ھەڵێ و ڕابکا. ئەوکاتە لە سیتەک لای شەھید عەبدوڵا من  بەجێم ھێشتن و ھاتمەوە گوندی ھێرۆ پاشان لە سەنگەسەر لای حەسۆ میرخان وەک دەست بەسەر منیان ھێشتەوە، پاش ماوەیەک کە عەبدوڵا چاک بۆوە لەگەڵ فەقئ محەمەد ھاتبوون بۆ گوندی ھێرۆ ماڵی ئێمەو خەنجەری عەبدوڵاو ھێندێک کەلو پەلیان لە ماڵێ ئێمە ھەبوو ھەڵیان گرتبوون و بە کوێستانی جەماڵەدین دا فەقئ محەمەد شەھید عەبدولای گەیاندەوە لای برادەران، بەڵام بەداخەوە من نەمتوانی بیانبینم چونکە لە سەنگەسەر دەست بەسەر بووم. فەقئ محەمەد بەدوای  جولانەوەکەشدا ئاودیوی باشوری کوردستان نەبوو سەنگەریشی چۆل نەکردو زۆر ئازایانە مایەوە. بەدوای کۆنفرانسی ٢ کە لە بناری قەندیل گرتمان و کومیتەیک بە ناوی کومیتەی مەلا عەزیز بە یادی شەھید شەریفزادە پێک ھاتوو بەرپرسەکەی من بووم بە ئەندامەتی شەھید سەید ڕەسوڵی بابی گەورەو نەمر کاک کەریم حەداد و نەمر مەلا خدری دۆڵە گەرمی و کاک مەلا عەزیزی ئەحمەدی، وە لە کومیتەی ناوەندی بەسەر پەرستی کاک مەلا عەبدولا ی حەسەن زادە ئەو کومیتەیە بەرپرسی ھەموو تەشکیلاتی حیزب و لە دەرەوەو ناوەوە پەیوەندیەکانی زۆرتر بوو لە مەڵبەندی سەردەشت و مەھاباد بوو کە منو  کاک کەریم حەداد لێیان بەرپرس بوین و لەو رابیتەدا فەقێ محەمەد یەک لەو کەسانە بوو کە زۆر ئازایانە بە بەردەوام دەھاتۆ چۆدا بوو، سڵی لە ھیچ مەترسیەک نەدەکردەوە و نێوە نێوەش چاوی بە نەمر کاک کەریمی حیسامی دەکەوت. حەق وایە ئەو برادەرە بەقەدەر تێکۆشانی خۆی ڕێزی لێبگیری، فەقێ محەمەد جگە لەو شتانەی کە باسم لەسەر کردوە دەورو بەری ساڵەکانی ١٩٦٣ ماوەیکی زۆر  لەگەڵ برادەرانی ئێمە لە بنکەکانی سونێ و ئەو ناوە ماوەتەوە لە جولانەوە ناکامەکەی ١٩٦٧و ٦٨ دا باشترین پەیوەندی بوێرانەی بە بنەماڵەکانی شەھیدان مەلا ئاوارەو سولێمان و عەبدوڵا موعێنی و سمایلی شەریفزادەو زۆری دیکەوە بوەو بە بەردەوام  دەھاتوو چۆو نامە ئاڵووگۆرکێ دابووە کە ئەوکارە مەترسیدارە لەوکاتو زەمەندا کەم کەس دەتوانایدا ھەبوو بیکا.

لەکاتی ئازاد بوونی حیزبی دێموکرات و گەرانەوەشمان لە کومیتە شارستانی سەردەشت وەک ئەندامی کومیتە و بەرپرسی بەشی قەزایی و زۆر کاری دیکەی کە پێیی سپێردرابێ ڕایپەڕاندونو بە خۆشیەوە لە حاڵی حەیاتدا ماوەو داوای تەمەن درێژی و ساغو سەلامەتی بۆ بە ئاوات دەخوازم و رێزوو پیزانینم بۆ ئەرک و خەباتی کە کردویەتی ھەیە.

مەلا ڕەسووڵ مێرگەپان  

……..

…..

ئاگاداری بنەماڵەی کاک محەممەدی کۆچ کردوو، روحی شاد بێ

کۆستێکی دڵهەژێن و ماڵئاوایی گەورەپیاوێک

بە دڵێکی غەمبار و تاسەباروە بە ئاگاداری هەموو لایەک ڕادەگەیەنین کە ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی ١٤/١٢/٢٠٢٠ کاتژمێر  ١٣:٣٠ی دوانیوەڕۆ ، دوایی بەربەرەکانیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی نگریسی کڕۆنا محەممەد محەممەدی ناسراو بە مەلا چەتە لە نەخۆشخانەی شاری لینشۆپینگ لە وڵاتی سوئێد بۆ هەمیشە دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی یەکجاری لە بنەماڵە و کەسوکار و دۆستان و ئاشنایانی کرد.

وەک هەموو لایەک ئاگادارن دۆخی ئێستای کۆمەڵگا بەهۆی پەرەسەندنی نەخۆشی کڕۆناوە زۆر هەستیار و مەترسیدارە و ڕۆژ نیە کەسێکی ئازیز لە دۆستان و ئاشانایانمان نەبنە قوربانی ئەو نەخۆشیە نگریسە ، هەربۆیە ئێمەش وەک بنەماڵە ، دۆست و خزمانی خوالێخۆشبوو بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتی هەموو لایەک و بەلەبەرچاوگرتنی ڕێنوێنیە تەندرووستیەکان بۆ پێشگیری لە پەرەسەندن و نەهاتنەپێشی هەر ڕوداوێکی نەخوازراو بڕیارمان داوە کە خۆمان لە دانانی کۆڕی پرسەو سەرەخۆشی ببوێرین.

لەدەستدانی یەکێک لە خۆشەویستترین کەسانی بنەماڵەکەمان ئێمەی تاساند  و برینێکی سارێژنەکراوی خستە سەر دڵ و جەستەمان هەربۆیە هاوخەمی  و هاودەردی ئێوەی بەڕێز دەبێتە مایەی دڵگەرمی و سوکنایی دڵی ئێمە و خەمی ئەو کۆستە گەورەی بنەماڵەمان لەسەرشان سووکتر دەکات.

بە سوپاسەوە

لەلایەن بنەماڵەی خوالێخۆشبوو و خزمانی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی