"an independent online kurdish website

ئەگەر زوانی نەتەوەیەک دارێ بێ، ئەشێ رەگ و ڕیشەکانی زار و بن زارەکانی بن. یانێ زمانێ ناتوانێ بەھێز بێ، ئەگەر زارو بن زارەکانی لاواز یان وشک بن.

بۆ ئەوەی زار و بن زارەکان بەھێز بن، پێویستە خزمەتیان بکرێ. پێویستە نوێ بکرێنەوە. پێویستە وشە کۆن و تەمەندارەکانی ، ئەو وشانەی تۆزی کارپێ نەکردنیان لەسەر نیشتووە، وەک یاقوتی بەنرخ چاویان لێ بکرێ، لە زوانا رێزیان لێ بگیرێ.

ئەو یاقوتگەلە ویڕای سەرجەم ئەو وشەگەلەی زوانیان پێ پێکدەھێنرێ، شیرازەی زوانن. بە گوم بوون یان لەناوچوونی ھەرکامەیان، کونێ ئەبێتە شیرازەی زوان.

زوانی ستاندارد کە بەردەوام دروشمی بن و سەر زاری زۆرێ لە زوانزانەکانە، بەبێ کار پێکردن و خزمەتکردن و پارێزگاریی لە زار و بن زارەکان، مانای نابێ.

یاقووتە شیرین و بەنرخەکانی زار و بن زارەکانن کە ئەبنە بەردی بناخەو سەرخان و ژێرخانی قەڵای زوانی ستاندارد. ئەگەر ئەوانە نەپارێزین و کاریان پێ نەکەین، قەڵای زوانی ستاندار چە بێژم، ھەرزاڵێکی لەرزۆکمان لە زوان ئەبێ کە نەک بەرگەی تۆفانی ھێرشی زوان و کولتورە زەبەلاح و ھێرشبەرەکانی دەروبەرمان ناگرێ، نە تەنیا بەرگەی گەردەلولی ھێرشەکانی سەردەمی مۆڵتی مێدیا ناگرێ، بەڵکوو بە سووکەڵەبایێ لێک ھەڵدەوەشێ و تەفروتونا ئەبێ.

بویەش کارکردن ، واتە نووسین بە زار و بن زارەکان، دویین و گفتوگۆ بە زار و بن زارەکان، گورانی وتن بە زار و بن زارەکان و رێزگرتن لە زار و بن زارەکان ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەییە و نیشانەی وردبینیی ئەو کەسانەیە کە ئەو لایەنە بەگرینگ وەردەگرن.

با پێش لەوەی بەشێکی زۆر لە زار و بن زارەکان لەناوبچن، پێش لەوەی خەرمان خەرمان یاقوتی رووت و بەنرخی وشە لە کێڵگە و بێستانی زار و بن زارەکان لەناو بچن، فریابکەوین و ئەو یاقووتە جوان و درەوشاوانەی وشە ، ملوانکە ملوانکە بھۆنینەوە و بیانکەینە گەردنی زوانەکەمان. بەڵکوو لە داھاتوودا ببنە بەردی بناغەی زوانێکی بەھێزی ستاندارد، زوانێ کە شان لە شانی زوانە بەھێز و خەوەن شکۆوەکانی ھاوچەرخ بدات.

با ئەمە وەک ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی لەبەرچاومان بێ.

_وێنەکە ھی ئینتێرنێتە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی