"an independent online kurdish website

لەسێدارەدانی روحوڵڵا زەم لە ئێران و رفاندنی چالاکڤانێکی ئەهوازی لە تورکیاوە، لە ماوەی رابردوودا، تیشکیان خستە سەر شێوازە باوەکانی ئێران،

 بۆ پەلکێشکردن و راکێشانی بەرهەڵستکار و دژەکانی دەسەڵاتی تاران، لەپێناو لەداونانی ئەو کەسانە و بردنیان بۆ بەردەم دادگاکانی وڵاتەکە.

رۆژی 12-12-2020 روحوڵڵا زەم، رۆژنامەڤانی ئێرانی لە تاران لەسێدارەدرا. زەم ماوەیەکی کەمبوو لە پاریسەوە بەفێڵ پەلکێشی عێراق کرابوو، ئەو بێئەوەی بەخۆی بزانێت، خۆی لەنێو دەستی هەواڵگریی ئێراندا بینییەوە پاشان برایە بەردەم دادگا. دادگا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بڕییەوە و دواتر سزاکەی بەسەردا جێبەجێکرا.

لەگەڵ لەسێدارەدانیدا، بابەتی کەوتنەداوی زەم لە میدیاکاندا سەریهەڵدایەوە. بەتایبەت ئەو هەزاران کیلۆمەتر دوور لە سنوورەکانی ئێران دەژیا. بەڵام ئەوە تەنیا خستنەداوی زەم نییە لای میدیای جیهانی جێگەی سەرنجە، بەڵکو کەوتنەداوی حەبیب ئەسیود، کە سەرۆکی پێشووی بزووتنەوەی ‘تێکۆشانی عەرەبی بۆ رزگارکردنی ئەهواز’ بوو، بەهەمانشێوە جێگەی سەرنجە. تورکیا هەندێک وردەکاری لەبارەی شێوازی رفاندنی ئەو چالاکڤانە لەسەر خاکی وڵاتەکەیەوە بۆ ئێران، ئاشکراکردووە.

هەردوو رووداوی لەداونانی زەم و ئەسیود، سەرچاوەکانیان دەچێتەوە سەر کارەکانی هەواڵگریی ئێران، لە هەردوو رووداوەکەشدا، ئافرەتان رۆڵیان هەیە، ئەو ئافرەتانەی لە ئەدەبیانی سیاسیی ئێرانیدا بە ‘پەڕەسێلکەکان’ ناودەبرێن، وشەکە لە نێو ئێراندا بە ‘پەرستوو’ ناودەبرێت. لە رووداوی پەلکێشکردنی هەردوو بەرهەڵستکارەکەدا، ئافرەتان بەجۆرێک لە جۆرەکان لە بابەتەکەوە گلاون، ئەوان رۆڵیان هەبووە لە رازیکردنی گەشتکردنی زەم لە پاریسەوە بۆ عێراق و ئەسیود لە ستۆکهۆڵمەوە بۆ ئیستەنبووڵ.

مێژووی پەڕەسێلکەکان

ماڵپەری ‘هیرالد ریپۆرت’ مێژووی بەکارهێنانی ‘پەڕەسێلکەکان’ لە کاری هەواڵگری و سیخووڕیی ئێراندا، بۆ بەر لە دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی 1979 دەگێڕێتەوە. ماڵپەرەکە لە بابەتێکدا بەناونیشانی “دروستکردنی پەڕەسێلکەکان، لە نێوان فێڵ و مەرگەساتدا’، بڵاوکردووەتەوە، ئاماژە بەسەرەتاکانی بەکارهێنان و پێناسی ئەوان دەکات.

لەپێناسی پەڕەسێلکەکاندا، ماڵپەرەکە دەڵێ، ئەوان “ئافرەتانی جوانی سەرنجڕاکێشن، دەزگا ئاسایشییەکان بۆ سیخوڕیکردن بەسەر کەسایەتییە دیارەکانەوە بەکاریاندەهێنن، بۆ لەداونانیان. دەزگا هەواڵگرییە جیهانییەکان لە سەردەمانی زووەوە، ئافرەتان و پارە وەک دوو چەکی بنچینەیی کارەکانی خۆیان بەکاردەهێنن”.

بەپێی راپۆرتەکە بەر لە شۆڕشی ئیسلامی، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی ئێران (ساواک) ئەو چەکەی لە دژی زۆر لە بەرهەڵستکارەکانی بەکارهێناوە، بەتایبەت پیاوانی ئاینی دیار، کە بەهۆیەوە ناچاریکردوون بە وازهێنان لە بەرهەڵستیکردنی خۆیان. سەرنجدەدرێت لە دوای شۆڕشی ئیسلامییەوە، ئەو چەکە بەردەوامبوو لە کارپێکردن”.

ماڵپەڕەکە زیاتر باس لە رەوتە مێژووییەکەی بەکارهێنانی پەڕەسێلکەکان دەکات: “لە قۆناخی چاکسازییەکان و سەرۆکایەتی خاتەمیدا، پەڕەسێلکەکان بەشێوەیەکی فراوان بەکارهێنران، بە ئامانجی مینڕێژکردنی کەسایەتییە سەرەکییەکانی باڵی دژبەر، دیارترین ئەو کەسایەتییانە، عەتائوڵڵا موهاجیرانی و محەممەد عەلی ئەبتەحی بوون”.

ماڵپەرەکە ئاماژەی بەدەستلەکارکێشانەوەی لە ناکاوی چەندین کەسایەتی دیار و وەزیری ئێرانی کردووە، کە سکانداڵیان لەرێگەی ‘پەڕەسێلکەکان’ەوە لێ ئاشکرابووە، لەوانەش محەممەد عەلی نەجەفی، سەرۆکی شارەوانیی تاران، کە دۆسێیەکەی گەیشتە بەردەم رای گشتی ئێران، دوای ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ میترا ئستاد ئاشکرابوو، بەرلەوەی بەفەرمی مارەی بکات.

ئەسیود لە تورکیاوە بۆ ئێران

رۆژی یەکی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران، موجتەبا زو نوری، دەستگیرکردنی حەبیب ئەسیود کەعب، سەرۆکی پێشووی ‘بزووتنەوەی عەرەبی بۆ رزگارکردنی ئەهواز’ راگەیاند. ئەو ئاشکرایکرد “دەستگیرکردن و پەلکێشکردنی سەرکردەی گرووپێکی ئەهوازی بۆ تاران، سەرکەوتنێکی گەورەی دیکەی دەزگا هەواڵگرییەکان و ئاسایشی وڵاتەکەمانە”.

موجتەبا یوسفی، پەرلەمانتاری ئێران، هاوکات هەمان هەواڵی پشتڕاستکردەوە و گوتی، ئەندامانی وەزارەتی هەواڵگریی ئێران، ئەسیودیان گواستووەتەوە بۆ تاران.

ئەسیود تەمەنی 47 ساڵە و وڵاتینامەی سوێدی هەیە، تەلەڤزیۆنی سوێد ئاشکرایکرد وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە، زانیاری هەیە لەبارەی دەستگیرکردنی ئەسیود لە تورکیا و رادەستکردنی بە تاران.

بەرلەوە، ‘بزووتنەوەی تێکۆشانی عەرەبی بۆ رزگارکردنی ئەهواز’، رفاندنی حەبیب فەرەجەڵڵا کەعبی ناسراو بە ‘حەبیب ئەسیود’، لەلایەن هەواڵگریی ئێرانەوە لەسەر خاکی تورکیا، ئاشكراکردبوو.

بزووتنەوەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، ئەسیود: “دوای پڕۆسەیەکی پەلکێشکردن، کە دەوڵەتێکی کەنداویش تێیدا بەشداربووە، کەوتووەتە دەست تاران”. هەرچەندە بزووتنەوەکە ناوی هیچ وڵاتێکی نەهێناوە، بەڵام چالاکڤانە ئەهوازییەکان دەڵێن قەتەر لە کارەکەوە گلاوە.

دواتر هودا هەواشمی، هاوسەری حەبیب ئەسیود، لە میانی چاوپێکەوتنێکی کەناڵی ‘عەرەبییە’دا گوتی، لە رێگەی میدیای ئێرانییەوە هەواڵی دەستگیرکردنی هاوسەرەکەی بیستووە، ئەوەشی دووپاتکردەوە، هاوژینەکەی لەلایەن قەتەرەوە پەلکێشکراوە، دواتر قەتەر ناردوویەتی بۆ تورکیا، کاتێک بۆ ترانزێت لە باڵەفڕخانەکەی دابەزیووە، پاشان ئەنقەرە رادەستی هەواڵگریی ئێرانی کردووە.

سابرێن و ئەسیود و ئیستەنبووڵ

کردەی دەستگیرکردنی ئەسیود لە میدیای ئەمریکیشدا قسەوباسی لەسەرکرا، رۆژنامەی ‘واشنتن پۆست’ ئاشکرایکرد ئەسیود لە ئیستەنبوڵ، رفێنراوە و بێهۆشکراوە، دواتر لەرێگەی بارهەڵگرێکەوە بەهۆی قاچاخچییانی سەر سنوور براوەتە ئێران .

بەرپرسێکی تورکی بە رۆژنامە ئەمریکییەکەی راگەیاندبوو، هەواڵگریی ئێران ئەسیودی رفاندووە، پاشئەوەی رۆژی 9ی تشرینی یەکەم، گەیشتووەتە ئیستەنبووڵ و چاوی بە ئافرەتێک کەوتووە بەناوی سابرێن، ئەو ئافرەتە بۆ هەواڵگریی ئێران کاریکردووە.

رۆژنامە ئەمریکییەکە لە زاری سەرچاوەیەکی تورکییەوە، ئافرەتەکەی بە (سابرێن .س) ناوبردووە، ئەو ئافرەتە رۆژێک بەرلە گەیشتنی ئەسیود بۆ ئیستەنبووڵ، بە پاسپۆرتێکی ساختەی ئێرانییەوە گەیشتووەتە شارە تورکییەکە.

بەپێی زانیارییەکان، بەر لە گەیشتنی ئەسیود بۆ ئیستەنبووڵ، ئەندامانی تیمە ئێرانییەکە، کێبڵی پلاستیکییان لە کۆمپیوتەرفرۆشییەک کڕیوە لە ئیستەنبووڵ. کاتێک ئەو گەیشتووەتە شارەکە، ئێوارەی هەمان رۆژ ژووانی لەگەڵ سابرێندا هەبووە، لە وێستگەیەکی سووتەمەنی لە ناوچەی بیلیک دۆرۆز لە ئیستەنبووڵ، لەوێ بارهەڵگرێک چاوەڕێی کردووە.

لەپاش گەیشتنی بۆ وێستگەکە، کەعب بێهۆشکراوە و پەلبەستکراوە، پاشانیش وەک بەرپرسە هەواڵگرییەکەی تورکیا ئاشکرایکردووە، ئەسیود براوەتە ناوچەی وانی رۆژهەڵاتی تورکیا، لەوێوە دراوەتە دەست قاچاخچییانی سەر سنوور، رۆژی دواتر بەسنووری نێوان هەردوو وڵاتدا پەڕێنراوەتەوە، لەوێ دراوەتە دەست بەرپرسانی ئێرانی و رۆژی دواتریش سابرێن گەڕاوەتەوە بۆ ئێران.

بەرپرسە ئاسایشییەکەی هەواڵگریی تورکیا ئەوەشی گوتووە، پۆلیسی تورکیا 11 پیاویان دەستگیرکردووە، و تێوەگلاون لە بابەتەکانی هاوشێوەدا و دراونەتە دەست دادگا، بەتۆمەتی ‘بەکارهێنانی چەک و رفاندن و فێڵکردن’.

لە دۆسیەی ئەسیوددا ناوی گەورە مافیایەکی کوردیش دەهێندرێت کە دەستی هەبووە لە رفاندنیدا، ئەویش ناجی شەریفی زیندەشتییە. بەڵام زیندەشتی لە هەڤپەیڤێنێکدا لەگەڵ رووداو رەتیکردەوە دەستی لە رفاندنی ئەسیوددا هەبووبێت.

سابرێن و چالاکڤانە قەرزارەکە

هاوڕێکانی ئەسیود، بە رۆژنامەی ‘واشنتن پۆست’یان راگەیاندووە، ئەوان گومانیان لە ئافرەتێک هەیە لە کردەی رفاندنەکەی چالاکڤانەکەی هاوڕێیانەوە گلابێت، ئەوان ئافرەتەکەیان بە ناوی سابرێنەوە ناساندووە.

هاوڕێیەکی ئەسیود بەرۆژنامەکەی راگەیاندووە، ئەسیود، پێشتر لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە، ئەوان ماوەی چوار ساڵ بەنهێنی هاوسەربوون، ئەمە جیا لەوەی ئەسیود نوقمی ناو قەرز بوو بوو، پێشتر سابرێن نزیکەی 100 هەزار یۆرۆی پێدابوو.

دوای دیارنەمانی ئەسیود، هاوڕێکانی بۆیان ئاشکرابووە، ئەو ئافرەتە (واتە سابرێن)، دەستپێشخەری بۆ کردووە تاوەکو بڕێکی دیکە قەرزی بداتێ، پلانی یەکەمیش ئەوە بووە ئەسیود بچێت لە قەتەر قەرزە نوێیەکە وەربگرێت، بۆیە هاوڕێکانی بەلایانەوە سەیرە، “نازانین چۆن سابرێن ئەوی رازیکردبوو بچێتە تورکیا”.

تەلەڤزیۆنی ئێران، پاش سێ هەفتە لە دەستگیرکردنی ئەسیود، دانپێدانانەکانی ئەوی بڵاوکردەوە، کە باس لە کارکردن بۆ دەزگای هەواڵگریی بیانی و ئەنجامدانی کردەی سەربازی و تەقینەوە دەکات، ئەوەشدەخاتە روو، ئەو لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی بزووتنەوە ئەهوازییەکەدا، بەشداربوون لەو هێرشە چەکدارییەی کرایە سەر نمایشی سەربازیی ساڵانەی ئێران لە 22ی ئەیلوولی 2018 لە شاری ئەهواز.

وردەکاری زیاتری کردەی رفاندنەکە

حکومەتی تورکیا، لەبەردەم رووداوی بێسەروشوێنبوونی ئەسیوددا لەسەر خاکەکەی، رووبەڕووی هەندێک لەڕوودامان بووەوە، بۆیە هەواڵگریی تورکیا وێنەی کامێراکانی چاودێری وڵاتەکەی بۆ میدیاکان دزە پێکرد.

گرتە ڤیدیۆییەکان و وێنەکان، دەریدەخەن ئەسیود لەڕێگەی ئافرەتێکی ‘پەڕەسێلکە’ەوە، کە کار بۆ هەواڵگریی ئێران دەکات و ناوی سابرێن سەعیدییە، پەلکێشی تورکیا کراوە.

زانیارییەکان ئاشکرایانکردووە، سابرێن سێ ساڵە بۆ هەواڵگریی ئێران کاردەکات، پێشتر وەک چالاکڤان و هۆزانڤان لەگەڵ هاوسەرەکەیدا رووی لە بەریتانیا کردووە.

زانیارییەکان دەریانخستووە، سابرێن لە ماڵباتێکی عەرەبی ئەهوازە، بەتۆمەتی کارکردن لەگەڵ گرووپە بەرهەڵستکارە ئەهوازییەکاندا، چەندین کەسی نزیکی لەسێدارەدراون. ماڵباتەکەی لەرۆژانی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، روویان لە عێراق کردووە، سابرێن لەوێ لەدایکبووە و گەورە بووە.

سابرێن دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران، هاوسەرگیری لەگەڵ ئامۆزایەکی خۆیدا کردووە، بەڵام پاش چەند ساڵێک جیابوونەتەوە، دواتر هاوسەرگیری لەگەڵ نزیکێکی خۆیدا کردووە و ساڵی 2017 رووی لە بەریتانیا کردووە. لەوێ پەیوەندی لەگەڵ چالاکڤانە ئەهوازییەکانی ئەوروپادا دروستکردووە، لەنێویاندا ئەسیود و سەرکردەی دیکەی بەرهەڵستکارە ئەهوازییەکان. ئەو کاریکردووە بۆ وەرگرتنی زانیاری لە ئەهوازییەکان.

سابرێن لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆن

هەندێک گرتەی تەلەڤزیۆنی ‘ئەهوازنا’ی سەر بە بزووتنەوە ئەهوازییەکە، دەریدەخات سابرێن لەمیدیای بزووتنەوەکەدا دەرکەوتووە، دوای ئەوەی متمانەی سەرکردەکانی بەدەستهێناوە. ئەو لە پڕۆگرامەکانی تەلەڤزیۆنەکەدا بەناوی هۆزانڤان ‘ئوم محەممەد تەرفی’، بە یاوەریی هاوژینەکەی دەرکەوتووە. ئەوان لە سێ ساڵی رابردوودا، بەشداریی کارایان لە چالاکییە سیاسییە جیاوازەکانی بزووتنەوەکەدا هەبووە، لەگەڵ سەرکردەکاندا دەردەکەون و هۆزان و دروشمی نیشتمانی دەڵێنەوە.

چالاکڤانە ئەهوازییەکان گوتوویانە، سابرێن بەبیانووی تەواوکردنی رێوشوێنەکانی بەیەکگەیشتنەوە لەگەڵ منداڵەکانیدا، سەردانی ئێرانی کردووە. بەبیانووی بینینی کەسوکارەکەشیەوە چووەتە عێراق، بەڵام دەسەڵاتدارانی بەریتانیا لەرێگەی سەرچاوەکانی خۆیانەوە، پەیوەندییە گوماناوییەکانی ئەویان ئاشکرا کردووە، بۆیە رێگەیان پێنەداوە جارێکی دیکە، بگەڕێتەوە لەندەن بۆ لای هاوژینەکەی.

سەعید حەمیدان، سەرۆکی ئێستای ‘بزووتنەوەی تێکۆشانی عەرەبی بۆ رزگارکردنی ئەهواز’ لە چاوپێکەوتنی تەلەڤزیۆنی ‘عەرەبیە’دا ئاشکرایکردووە، سابرێن لەگەڵ هاوژین و کوڕەکەیدا لە لەندەن دانیشتووە، ساڵی 2018 لەلایەن حکومەتی بەریتانییەوە لە وڵاتەکە دەرکراوە.

هاوڕێکانی ئەسیود، باس لە ‘پەڕەسێلکە’یەکی دیکە دەکەن بەناوی شەهلا زوبەیدی، دەڵێن ئەو هاوسەرگیری لەگەڵ ئەسیوددا کردووە لە سوێد، دوای جیابوونەوەی لە هاوژینەکەی پێشووی. ئەوان دەڵێن شەهلا زانیاری زۆری لەسەر بزووتنەوەکە دەستکەوتووە، دواتر بزووتنەوەکەی بەدزی تۆمەتبارکردووە و لە سۆشیالمیدیاوە هێرشی کردووەتە سەریان و گووتوویەتی، ئەوان پارەکانیان دزیم. شەهلا پاشان لە ئەسیود جیابووەتەوە بۆ ماوەیەک، بەڵام دواتر گەڕاوەتەوە بۆ لای و بەوەش ناکۆکی لەنێوان ئەسیود و سەرکردەکانی بزووتنەوەکەدا دروستبووە.

تەلەڤزیۆنی ‘سکای نیوز’ ئاشکرایکردووە، حەبیب ئەسیود، لە 9ی تشرینی یەکەمی رابردوودا، گەشتی ئیستەنبوڵی کردووە، ژووانی عاشقانەی لەگەڵ سابرێندا هەبووە، دواتر لە ژووانەکەدا، گرووپێکی هۆشبەرفرۆش، ئەویان بێهۆشکردووە و بەپەلبەستکراوی لە سنووری ئێران پەڕاندوویانەتەوە.

ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و تورکیا لە ماوەی رابردوودا، لەبارەی تێڕوانینی جیاوازیان بۆ کێشەی هەرێمی قەرەباخ، بووە هۆکار بۆ ئاشکراکردنی هەندێک زانیاری لەسەر کردەی رفاندنەکەی ئەسیود، لەلایەن هەواڵگریی تورکیاوە.

دەسەڵاتدارانی تورکیا، لە هەوڵێکدا بۆ رەتکردنەوەی تێوەگلانیان لە رفاندنەکەی ئەسیود، ژمارەیەک دۆکۆمێنت و بەڵگەیان خستە بەردەم ‘سکای نیوز’ی بەریتانی، تێیدا هاتووە، وێنەی فەرمانگە داخراوەکانی تورکیا، ئاشکرایدەکەن سابرێن لەگەڵ ئەندامێکی دیکەی ئێرانیدا، گەیشتووەتە باڵەفڕخانەی ئیستەنبوڵ.

ئەندامانی باندە هۆشبەرەکە، رۆژێک بەرلە گرتنی ئەسیود، لە ئیستەنبوڵ کۆبوونەتەوە، دوو لەوان سەردانی کۆمپیوتەرفرۆشییەکیان کردووە، بۆ کڕینی کێبڵی قەبارە جیاواز. دەسەڵاتدارانی تورکیا دەڵێن، ئەو کێبڵانە بۆ پەلبەستکردنی ئەسیود بەکارهێنراوە، کاتێک رفێنراوە و خراوەتە ناو بارهەڵگرێکی بچووکەوە بەبێهۆشی.

وێنە بڵاوکراوەکانی ‘سکای نیوز’ دەریدەخەن، ئەسیود بەرەبەیانی 9ی تشرینی یەکەم دەگاتە باڵەفڕخانەی ئیستەنبوڵ، دواتر بە ئۆتۆمبێلێکی کرێ چووەتە وێستگەیەکی سووتەمەنی بۆ بینینی سابرێن، دواتر لە ئۆتۆمبێلە کرێیەکە دێتە خوارەوە و سواری بارهەڵگرێکی بچووک دەبێت. بەرپرسانی تورک دەڵێن، لەگەڵ گەیشتنی بۆ ناو بارهەڵگرەکە، بێهۆشکراوە و بەدووری 1600 کیلۆمەتر بۆ رۆژهەڵاتی تورکیا گواستراوەتەوە بۆ شاری وان، لە نزیک سنووری ئێران و لەوێوە بەقاچاخبراوەتە ناو خاکی ئێرانەوە.

رۆژنامەی ‘کەیهان’ی ئێرانی هەڕەشەی هاوچارەنووسیی لە هەموو ئەوانە کردووە کە دژی کۆماری ئیسلامی کاردەکەن. دووپاتیکردووەتەوە تاران چاوپۆشی لەوانە ناکات کە لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکە ئەو کاردەکەن. رۆژنامەکە، کردەی رفاندنی ئەسیود و زەمی بە “قۆناخیکی نوێ لە راوەدوونانی خیانەتکاران لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران” ناوبردووە.

روحوڵلا زەم.. لە پاریسەوە بۆ تاران

رووداوێکی دیکەی سەرنجڕاکێش کە سەرچاوەکان دەستهەبوونی ‘پەڕەسێلکە’کانی تێدا دووپاتدەکەنەوە، دۆسێی روحوڵڵا زەم، رۆژنامەڤانی ئێرانییە.

زەم نیشتەجێی پاریسی پایتەختی فەرەنسا بوو، بەناوی نووسینگەی عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعەکانی عێراقەوە، بانگهێشتی بەغدا کرا و لەوێوە، لە تاران بەگیراوی دەرکەوت و دواتر لەسێدارەدرا. زەم پێشتر لەلایەن کەسە نزیکەکانییەوە پێیگوترابوو بانگهێشتکردنی بۆ عێراق لەپێناو چاوپێکەوتنی عەلی سیستانی، تەنیا تەڵەیەکە، بەڵام ئەو گوێی لە هاوڕێکانی نەگرت.

راپۆرتێکی رۆژنامەی ‘تایمز’ی بەریتانی باسی لە ژیانی زەم کردووە. ئەوەی خستووەتە روو، زەم لەگەڵ هاوژین و هەردوو کچەکەیدا لە باشووری فەرەنسا لە ژێر چاودێری پۆلیسدا ژیاوە، لەوێ سەرپەرشتی کەناڵی ‘ئامەدنیوز’ی سەر تۆڕی تێلیگرامی دەکرد، کەناڵێک کە بەرهەڵستی حکومەتی تارانی دەکرد.

رۆژنامە بەریتانییەکە زەمی بە کەسایەتییەکی سەر بەگۆبەندی خاوەن تۆڕی فراوانی پەیوەندی لەسەر ئاستی ئێران ناوبردووە. رۆژنامەکە دەڵێ، هاوڕێکانی زەم شۆک بوون، “چی وایلێکرد، لە تاراوگە ئارامەکەی خۆی لە فەرەنسا بێتە دەرەوە و رووبکاتە شوێنێک کە ئاشکرایە تەڵەیەکی ئاسایشی ئێرانییە بۆی؟”.

رووداوەکە پرسیاری لەبارەی رۆڵی تەمومژوای دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی فەرەنساشەوە وروژاندووە، ئەو دەزگایە ئێستا تۆمەتبارە بە بەکارهێنانی دوورخراوە ئێرانییەکان، وەک قەڵغان بۆ کردە تایبەتەکانی خۆی.

هەندێک راپۆرتی رۆژنامەڤانی فەرەنسا ئاشکرایانکردووە، سەرکردەکانی هەواڵگریی فەرەنسا، لەوانەیە ئاگاداری پیلانەکانی ئێران بووبن بۆ رفاندنی زەم، تەنانەت بەتێوەگلاو ناودەبرێن، ئەمەش بۆ رێگەخۆشکردن لەپێناو ئازادکردنی مامۆستایەکی زانکۆی فەرەنسی و هاوبەشەکەی کە لە ئێران گیرابوون.

گومان لە تێوەگلانی ‘پەڕەسێلکە’یەکەوە

دۆسێی رفاندنی روحوڵڵا زەم، هەروەها گومانی لەسەر ‘شیرین نەجەفی’ دروستکردووە، ئەو هاوکاری زەم بووە، هەندێک لە هاوڕێکانی زەم دەڵێن، ئەو رۆڵی هەبووە لە هاندانی زەم بۆ چوونە عێراق. شیرین هاوشێوەی زەم، لە تارانەوە هەڵهاتووە بەرلە چەند ساڵێک، بەڵام ئەو لەکاتی هەڵهاتنیدا لە تاران، کچەکەی خۆی لەوێ بەجێهێشتووە، سەرچاوەکان دەڵێن حکومەتی ئێران، کچەکەی شیرین بۆ گوشارکردنە سەری بەکاردەهێنێت، لەپێناو هاوکاریکردنی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران و هاندانی ئەوانەی ئێران بەشوێن دەستگیرکردنیانەوەیە، بۆ گەڕانەوە بۆ ئێران.

ڤاڤا نیکڤار، بزنسمان و هاوڕێی نزیکی زەم، بە گۆڤاری ‘لو پووان’ی فەرەنسی گوتووە: “پێمانوایە ئەو روحوڵڵا زەمی هانداوە بۆ کەوتنە ناو ئەو داوەوە”.

زەم کەسایەتییەکی ئاسایی جیابووەوە لە حکومەتی تاران نەبوو، باوکی ئەو کەسایەتییەکی دیاری حکومەت بووە، خۆی دەرچووی قوتابخانەیەکی تایبەتی تارانە، کە منداڵانی بەرپرسە ئێرانییەکان لێیدەخوێنن، کاتێک ساڵی 2012 لە تاران رایکرد، دەستبەجێ روویکردە فەرەنسا وەک زۆر بەرهەڵستکاری دیکەی ئێرانی، دواتر مافی پەناهەندەیی لەوێ پێدرا.

سەرچاوە فەرەنسییەکان ئاشکرایانکردووە، زەم چەندینجار رووبەڕووی هەڕەشەی کوشتن بووەتەوە، هەربۆیە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا، دوو پاسەوانی پۆلیسی فەرەنسایان بۆ دابینکردووە، پاسەوانەکان چەکدار بوون، دواتریش ئەو و ماڵباتەکەیان بۆ ناوچەی مۆنتۆبان گواستووەتەوە، کە شارۆچکەیەکی بچووکی باکووری شاری تۆلۆزە.

زەم، ساڵی 2015 کەناڵی ‘ئامەد نیوز’ی لەسەر تێلیگرام دامەزراندووە. بەهاوکاریی چەندین سەرچاوەی جیاواز، دەستیکرد بە بڵاوکردنەوەی سکانداڵە دارایی و سێکسییەکان -هەندێکیان هەڵبەستراون- لەسەر تێوەگلانی کەسایەتییە دیارەکانی حکومەتی تاران، ئەوە وایکردبوو ئەو فۆڵۆوەرێکی زۆری هەبێت لە ئینتەرنێتدا.

خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2017

کاتێک ساڵی 2017 خۆپێشاندانە نارەزایەتییە میلییەکانی ئێران بەرپابوون و زۆرینەی وڵاتەکەی گرتەوە، لەدژی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، کەناڵەکەی زەم بووە تابلۆی دروشمە شۆڕشگێڕییەکانی دژی حکومەت، بۆ راگەیاندنی کات و شوێنی کۆبوونەوە جەماوەرییەکان و خۆپێشاندانەکان و بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەکانی ناو خۆپێشاندانەکان. زەم رێنوێنییەکی لەبارەی دروستکردنی بۆمبە سووتێنەرەکانەوە، لە کەناڵەکەدا بڵاوکردەوە.

هەندێک لە هاوڕێکانی ئەو گوتوویانە، ژمارەی فۆڵۆوەرەکانی گەیشتووەتە 1،8 ملیۆن کەس، سەرکەوتنی لەو کارەدا جۆرێک لە هەستی خۆبەگەورەزانینی تێدا دروستکردووە، ئەو چالاکڤانە وا لەخۆی دەڕوانی، کە تاکە کەسە توانای خستنی دەسەڵاتی ئێرانی هەبێت.

ئەو رۆژێک نووسیبووی “روحوڵڵا شۆڕشی لە ئێراندا دەستپێکرد و هەر روحوڵڵاش کۆتایی پێدەهێنێت”، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ روحوڵڵا خومەینی، هەڵگیرسێنەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە 1979دا.

دەسەڵاتدارانی ئێران، لە کۆتاییدا پێگەکەی سەر تێلگرامی زەمیان هاککرد، ئەویان تۆمەتبارکرد بە هاندانی تووندوتیژی، بەڵام زۆری پێنەچوو کەناڵێکی دیکەی کردەوە.

ئەو ویستی زۆری بۆ فراوانبوونی کارەکانی هەبوو، خەونی بەکردنەوەی تەلەڤزیۆنێکەوە دەبینی هەمان کارەکانی ‘ئامەد نیوز’ی بۆ بکات، بەڵام بۆ ئەو کارە پێویستی بەپارە هەبوو، ئەو خەونە زەمی گەیاندە بەردەم نەجەفی، کە  لە دروستکردنی ‘ئامەد نیوز’دا هاوکاری بوو.

پەیوەندییەکانی نەجەفی لە عێراق

هەر لە سەرەتای رفاندنی زەمەوە لە عێراق، گومانی ئەوە لەلای زۆرینەی نزیکەکانی ئەو رۆژنامەڤانەوە سەریهەڵدا لەوەی شیرین نەجەفی، رۆڵی کارای هەبووە لە هاندانی بۆ ئەوەی لەپێناو بەدیهێنانی خەونەکەیدا روو لە عێراق بکات.

گۆڤاری ‘لوبوان’ی فەرەنسی ئاشکرایکردووە، رۆژنامەڤانەکانی لەلایەن چەندین کەسەوە ئەوەیان بۆ دووپاتکراوەتەوە، نەجەفی پەیوەندی لەگەڵ ژمارەیەک بزنسمان و خاوەن سەرمایەدا هەبووە لە عێراق. ئەوان بایەخدەربوون بەوەی پڕۆژەکەی زەم بۆ کردنەوەی کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی ئاسمانیی دژ بە حکومەتی ئێران، پارەدار بکەن و ئەویان بانگهێشتی عێراق کردووە.

گۆڤارەکە دەڵێ لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا، شیرین بە پاسپۆرتێکی ساختە، سەردانی عێراقی کردووە، لەوێ، وەک نیکڤار دەڵێ، زەمی رازیکردووە بەوەی بچێتە پاڵی و دووجار 5 هەزار یۆرۆی بۆ ناردووەتە سەر ئەژمارە بانکییەکەی لە فەرەنسا.

ڤاڤا نیکڤار، بزنسمان و هاوڕێی نزیکی زەم، کە لە ئوسترالیا دەژی، ئەوەشی ئاشکراکردووە، هاوڕێ کچەکەی زەم “پەڕەسێلکەکە”، وێنەی چەردەیەک 500 یۆرۆیی لەسەر پێخەفێک بۆ زەم ناردووە، بەڵێنی ئەوەشی پێداوە یەکەم هەواڵی بڵاوکراوەی تەلەڤزیۆنەکەی، چاوپێکەوتن دەبێت لەگەڵ ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق.

حەسەن فیریشتیان، پارێزەری زەم بووە لە پاریس، ئەو هاوکاری بووە بۆ ئەوەی لەگەڵ ماڵباتەکەیدا لەوێ سەقامگیر ببێت. رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، هەلی بینینەوەی زەمی بۆ نەڕەخسا، چونکە ئەوکات زەم بەڕێگەوەبوو بەرەو عێراقی دراوسێی ئێران.

ئەو پارێزەرە هەفتەی پێشوو ئاشکرایکرد: “هاوارمکرد بەڕوویدا، پێمگوت، ئەگەر بچیتە ئەوێ، جارێکی دیکە ناگەڕێیتەوە، لە نووسینگەکەی خۆمدا لەگەڵی قسەمکرد و بە تووڕەییەوە کێشام بەمێزەکەی بەردەممدا، پێمگوت، روحووڵڵا، ئەمە هەمووی.. هەمووی تەڵەیە”، لە گێڕانەوەکەی بەردەوام دەبێت: “ئەو گوتی “نا نا من بەهەموویدا چوومەتەوە، پێمگوت، نەخێر، ئەمە هەمووی تەڵەیە، ئەمە فێڵێکە تۆ رازیبکەن بەوەی بچیتە ئەوێ، بەڵام لەوێوە یەکسەر دەتبەنە ئێران”.

تەنانەت بەرلەوەی زەم پلانەکانی بە فیریشتیان بڵێت، پارێزەرەکە گەیشتە ئەو بڕوایەی، کە زەم ئامۆژگارییەکانی لە گوێ ناگرێت: “پێیگوتم، ئەگەر کاتت هەیە بابچین لە جێگایەک نان بخۆین، من پێکەنیم، پێمگوت، روحووڵڵا، من لەگەڵت نایەم بۆ نانخواردن، دەترسم لەگەڵتدا رێبکەم، ئەگەر بەکرێگیراوەکان هاتن بۆ کوشتنت، ئەوکات پاسەوانەکانت چیدەکەن؟”

زەم قسەکانی پارێزەرەکەی پشتگوێخست، رۆژی دواتر کە هەینی دەکرد، سواری فڕۆکەیەک بوو، بەرەو ئوردن و لەوێوە بۆ عێراق، ئەوەی لەدوای ئەوە روویدا، جێگەی ناکۆکییە.

لە نێوان بەغدا و نەجەفدا

لەدوای گەیشتنەوە بۆ بەغدا، دەنگوباسێک لەبارەی زەمەوە نامێنێت، چی روویداوە و چیکراوە؟ ئەوەیان دەکەوێتە ناو دوو گێڕانەوەی جیاوازەوە.

شیرین نەجەفی گووتوویەتی، ئەو لە باڵەفڕخانە لەگەڵ هاوڕێیەکی زەمدا بەناوی ریرا، کە لە تارانەوە هاتبوو، گەشتی شاری نەجەفیان کردووە. نەجەفی لە نەجەف ریرا و زەمی بەجێهێشتووە و بۆ بینینی هاوڕێیەکی چووەتە شارێکی دیکە. لەدوای ئەوەوە هەواڵێکی لەسەر زەم نەبیستووەتەوە.

بەڵام فیریشتیان چیرۆکەکە بەشێوەیەکی دیکە دەگێڕێتەوە، ئەو دەڵێ هیچ گومانم لەوە نییە، کە لەگەڵ گەیشتنیدا بۆ باڵەفڕخانەی بەغدا، لەلایەن کرێگرتە ئێرانییەکانەوە رفێنراوە. ئەوان پێیانگوتبوو دەیبەن بۆ بینینی سیستانی. بۆ چەندین کاژێر ئۆتۆمبێلیان لێخوڕیووە، چەند جارێک ئۆتۆمبێلیان گۆڕیووە و بەبەردەوامی چاوی زەمیان بەستووەتەوە، پێیانگوتووە، هەموو ئەو رێوشوێنانە لەپێناو پاراستنی ئەودان. بەدرێژایی ئەو رێگایە، زەم لە هیچ تێنەگەیشتووە، کاتێک گەیشتووەتە سنووری ئێران، لەوێ پێیانگووتووە، (ئێستا تۆ لە ئێرانیت)، کارەکە تەواو بوو.

ئێران دەستگیرکردنی زەمی بەسەرکەوتن ناوبرد، میدیاکانی حکومەتی ئێران وایاندانا سوپای پاسداران، رێنوێنی زەمی کردووە بۆ ناو وڵات: “لەپڕۆسەیەکی ئاڵۆزدا بەبەکارهێنانی فێڵی هەواڵگرییانە و شێوازە هەواڵگرییە نوێیەکان و تەکتیکی داهێنراو”.

بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک، زەم رووبەڕووی لێپرسینەوەی تووند کرایەوە، ناچارکراوە بەداننان بە ئەنجامدانی ژمارەیەک تاوان لەسەر تەلەڤزیۆنی حکومیی، بەرلەوەی بدرێتە دادگا و رووبەڕووی 17 تۆمەتی جیاواز بکرێتەوە، لە نێویاندا سیخوڕی و هاوکاری حکومەتە ‘دژەکان’.

لەسێدارەدانی زەم لە گەرمەی ململانێی هەڵچووی نێوان هێزە میانڕەو و تووندەکانی ئێراندایە. حکومەتی حەسەن رووحانی چاکسازیخواز، هەوڵدەدات بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان، لەبارەی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا، بەر لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئێران لە ساڵی داهاتوودا، پەڕگیرەکانی وڵاتەکەش دژی ئەو هەوڵانەن.

دۆسێی رفاندنی زەم، یەکێکبوو لە چەندین نموونەی رفاندنی تاراوگەنیشنانی ئۆپۆزیسیۆن، لەلایەن ئەندامانی هەواڵگریی ئێرانەوە، پاش پەلکێشکردنیان بۆ وڵاتی سێیەم. رویا هاکاکیان، نووسەری کتێبی ‘بکوژانی کۆشکی فەیرووز’، کە کتێبێکە باس لە کردە تیرۆرییەکانی ئێران دەکات لە دەرەوە دەڵێ، “ژمارەکان زیاد دەبن، هەموو کات ئەوە روودەدات، کەسیش سەرنجنادات. کاتێک ساڵی 1989 فەتوا بۆ کوشتی سەلمان روشدی دەرچوو، هەموو جیهان گوێی لێبوو، ئێستا ئامانجەکان نەناسراون یان هێندە بەناوبانگ نین، سەرنجی دونیا رابکێشن”.

فەرەنسا تێوەگلاوە؟

فەرەنسا بە تووندی هەر تیوەگلانێکی لە کردەی رفاندنی زەمدا رەتکردەوە، لو بوینت، گوتەبێژی حکومەتی فەرەنسا گوتی، “ئەوەی رووداوە پێچەوانەی ئەوەیە کە باسدەکرێت، بەرپرسەکانی ئاسایش بە توەندی هۆشدارییان دابووە ئەو بۆ گەشتنەکردن، بەڵام نەمانتوانی رێی لێبگرین”.

لە چاوپێکەوتنێکی ساڵی پێشوودا، یەکێک لە کچەکانی زەم کە ناوی یازە و تەمەنی 16 ساڵە، بە رادیۆی ‘فرانس ئینتەر’ی گووتبوو، “چەندینجار پێیگوترابوو مەترسیدارە ئەگەر ئەو گەشتە بکات”.

لەگەڵ ئەوەشدا، میدیای فەرەنسا سەرەداوی نێوان دۆسێی زەم و هەوڵەکانی فەرەنسایان بۆ ئازادکردنی رۆلان مارشال (64 ساڵ)، خستە روو. ئەو مامۆستای زانکۆی سۆربۆنە لە پاریس، لە حوزەیرانی ساڵی رابردوودا لە تاران لەگەڵ فەریبا عادلخا دەستگیرکراوە، کە پێکەوە لە “سەنتەری پاریس بۆ توێژینەوە نێودەوڵەتییەکان” کاریان کردووە.

جۆرج مالبرۆنۆ، پسپۆری ‘کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست’ لە رۆژنامەی ‘لوفیگارۆ’ی فەرەنسی، کە پێشتر بەئاشکرا لەگەڵ سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆندا دەمەقاڵەی کردبوو دوای رفاندنی زەم، نووسیوویەتی، “لەوانەیە فەرەنسا ئاسانکاری کردبێت بۆ گرتنی زەم، لەڕێگەی هاندانییەوە بۆ چاوپێکەوتنەکەی شاری نەجەف”.

لە هەمان وتاردا، ئەو لە سەرچاوەیەکی گواستووەتەوە، گرتنی زەم: “بڕێک لە تێوەگلانی دەزگای هەواڵگریی فەرەنسا”ی تێدایە، چونکە لەوانەیە ئەوکارە دانوستاندنەکان لەپێناو ئازادکردنی مارشال و عادلخا کارا بکاتەوە.

مالبرۆنۆ، پاش دوو مانگ هەمان بۆچوونی دووپاتکردەوە، ئەو نووسی، پاریس “لەوانەیە ویستبێتی ئاماژەیەک بدات بەڕێگەدان بە سەرکێشییەکەی زەم بۆ چوونە ناو عێراق”.

مارشال لە ئاداری رابردوودا و لەمیانی دیل بەدیلێکدا ئازادکرا، فەرەنسا جەلال روحوڵڵا نەژادی ئازادکرد، کە نزیکبوو لەوەی رادەستی ئەمریکا بکرێت، بەتۆمەتی پێشێلکاری ئابڵووقەی سەپێنراو بەسەر ئێراندا، لەرێگەی هەناردەکردنی تەکنەلۆژیا بۆ ناو ئێران. هەرچی عادلخای زانای ئەنترۆپۆلۆجی، فەرەنسی-ئێرانییە، ئێستا لەژێر نیشتەجێی زۆرەملێدایە لە تاران، دوای ئەوەی لە تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا ئازادکرا.

کردەکانی پێشووی پەلکێشکردنی بەرهەڵستکاران

کردەی پەلكێشکردن و دەستگیرکردنی کەسانی دژ بە حکومەتی ئێران لەنێویاندا ئەسیود و زەم، یەکەمجار نییە روودەدەن، ئەوە سێیەم پڕۆسەی هاوشێوەیەیە لە نزیکەی ساڵێکدا روویانداوە. یەکەمیان روحوڵڵا زەم، دووەمیان جەمشید شارمەهد، سەرۆکی ‘کۆمەڵەی مەملەکەتی ئێران’، کە رێکخراوێکی ئۆپۆزیسیۆنە و بەناوی ‘تەندەر’ ناسراوە. سەرەتای مانگی ئابی رابردوو، ئێران دەستگیرکردنی ئەوی راگەیاند، پاش پەلکێشکردنی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە. ئاماژەی بەوەدا کۆمەڵەکە، ‘کاری تیرۆریستی’ لە ئێراندا ئەنجامداوە، بەنیازی کاری دیکەش بووە، بەڵام رێی لێگیراوە.

سەرچاوە میدیاییەکان ئاماژە بەچەندین کاری دیکەی هاوشێوەی دەستگیرکردنی ئەسیود، زەم و شارمەهد دەدەن، کە لە چەند دەیەی رابردوودا روویانداوە، بەناوبانگترینیان دەستگیرکردنی عەبدولمەلیک ریگی، دامەزرێنەری کۆمەڵەی ‘جوندوڵڵا’ی چەکداری ئۆپۆزیسیۆن، لەلایەن وەزارەتی ئاسایشی ئێرانییەوە. ئەو گرووپە لەسەرسنووری نێوان ئێران و پاکستان چالاکبوو. دواتر ناوی خۆی گۆڕی بۆ کۆمەڵەی ‘سوپای دادوەری’.

دامەزرێنەری گرووپەکە لە 23ی شوباتی 2010 دا دەستگیرکرا. راپۆرتە میدیاییەکان گوتیان، ئەوکات ریگی لەنێو گەشتی فڕۆکەیەکی بۆینگ 737ی سەر بە هێڵی ئاسمانیی کیرگیزستاندا بووە، لە دوبەیەوە بەڕێگاوەبووە بەرەو بیشکک، بەڵام کاتێک فڕۆکەکە بەئاسمانی ئێراندا فڕیووە، سێ فڕۆکەی سەربازیی ئێران رێیان پێگرتووە و ناچار بەنیشتنەوەیان کردووە، لە باڵەفڕخانەی بەندەر عەباس لە باشووری وڵات، دواتر پیاوانی ئاسایشی ئێران ریگییان دەستگیرکردووە و لە فڕۆکەکە هێناویانەتە خوارەوە.

لەکردە هاوشێوەکانی دیکەی گرتنی بەرهەڵستکارە ئێرانییەکان، دەستگیرکردنی عەلی تەوەسوولی، فەرماندەی رێکخراوی ‘فیداییانی گەل’ ساڵی 1995، دوای گەیشتنی بە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان. ئەو لە باکۆوە برایەوە ئێران و سزای بەندکردنی بۆ بڕدرایەوە.

سەرچاوە: روداو

بابەتی پەیوەندی دار

صابرین سعیدی پرستویی که فعال اهوازی را به دام ایران انداخت، بیشتر بشناسید.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی