"an independent online kurdish website

لای ئێمەی کوردیش وەک جۆرەکانی تری مرۆڤ، مرۆڤ گرینگە. گرینگ بە مانای (ئەشرەفی مەخلوقات) واتە بڕیاردەر لە سەر خۆی، ژینگەی و ھەرچی زیندەوەری دەوروبەریەتی!

مرۆڤ باش لەم ناسناوەی خۆی کەڵکی وەرگرتووە. باش بەو مانایەی کە خۆی کردووە بە ناوەندی کائینات، ژیان، ژینگە و بەرژەوەندی و سەرپاکی بوونی دیکەی دەوروبەری، بە پێی ویست و بەرژەوەندییەکانی خۆی، بە سەر سودبەخش و زیانبەخشا دابەش کردووە.

بۆ نمونە ئەوەی من لە مناڵیمەوە لە کۆمەڵگای خۆمانا دیگمە بەم جۆرە بوگە:

لە گژو گیاو دار و درەخت، ئەوانەی بەر و مێوەیان دابا خزمەت ئەکریان و ئەوانیتر ئەبڕدران، ریشەکێش ئەکریان و لەناو ئەبریان.

گیاندار و زیندەوەرەکانینش دابەشی سێ دەستە ئەکریان:

١_ئەوانەی بۆ خزمەتی بەشەر(ئەشرەفی مەخلوقات) بەکاریان ئەخوارد، وەک گا و مانگا و مەڕو و ماڵات و رەشەوڵاخ کە بۆ شیر و گۆشت و پێست و توک و بار و جووت بەکەڵک ئەھاتن.

٢_ئەوانەی تەنیا بۆ گۆشت بەکاریان ئەخوارد وەک باڵندەکان، کەروێشک و مامز و تەنانەت ریوی و چالەکە و…کە لە لایەن دینیشەوە (تێخ)یان بۆ ھاتگە و حەڵاڵن بۆ مرۆڤ (ئەشرەف مەخلوقات).

٣_ئەو گیانلەبەرانەی بە زیانبار بۆ جەنابی (ئەشرەف مەخلوقات) دانریاگن وەک گورگ، شێر، پڵینگ، مار و مشک و…شایانی مردنن چونکی ھەڕەشەن بۆ سەر ژیانی ئەو.

ئێمەش وەک مناڵانی جەنابی (ئەشرەف مەخلوقات) وامان ئەزانی ئەوەی گیانی ھەس و ئەجوڵێ و ناجوڵێ، گشتی بەم پێوانە ھەڵئەسەنگێنرێ بڕیاری لەسەر ئەدریەت. ئیتر باسی پاراستنی ژینگە و پاراستنی مافی زیندەوەران و گیانلەزەران و ئاژێڵان و باڵندەکان لە کولەکەی تەڕیچا نەو.

حەزم ئەکرد ئێمەیچ لە مناڵیا لەم وانەگەلانەمان بوایات. دەی بەو ھیوایەی رۆژێ دابێ مرۆڤی کۆمەڵگای ئێمە بەگشتی بگاتە ئەو ئاستەی رێز لە ژینگە و ھاوبەشەکانی تری لەو ژینگەیەدا بنێ و حەساوی ھاوژین و شەریکە ژیانیان لەو ژینگەیەدا بۆ بکات.

بەو ھیوایەی.

_ تێبینی: ئەم وێنە لاپەڕەیەک لە وانەکانی کتێبی (ئەلفوبێی زمانی کوردی)ی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی، لە داڕشتنی مامۆستا “ئیبراھیم ئەمین باڵدار”ە کە با پێی پلانی وەزارەتی پەروەردەو فێرکردن، لە قوتابخانەکانی ھەرێمی کوردستان ئەوترێتەوە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی