"an independent online kurdish website

ئەگەر کولتور و ئیرادەی میللی و نەتەوەیی لەنێو نەتەوەدا  جێگیر نەبێ، بەرژەوەندی گشتی لەسەر ھەموو بەرژەوەندییەک دانەنرێ و ستراتەژییەکی درێژخایەن بۆ گەشەکردن و پێشوەچون نەبێ، ئەو نەتەوەیە نابێتە نەتەوەیێکی زیندو و پێشکەوتوو.

ئەم ئیرادە و کولتورە میللیە دەبێ ھێزی سیاسی و پارتی و رێکخراوە مەدەنی و سنفییەکان لە نێو گەل و کۆمەلگەدا پێک بێنن.

ئێمەی کورد  پێویستیمان بەم ئیرادە و کولتورە میللیە ھەیە، چونکە وەلاتمان ئازاد نییە، سنوری جۆگرافیای کوردستان بە رەسمی دیاری نەکراوە، ئیدارەی خۆمان بە دەست خۆمان نییە.

لێرەدا پرسیار ئەمەیە،گەلۆ ھێزە سیاسییەکانی کورد و کۆمەلە مەدەنیەکانی خۆمان ئەم ئەرکە نەتەوەیەیان بە باشی و تەکمیلی بەڕێوە بردوە یان نا؟ بە بۆچوونی من نەخێر کەم و کوڕیمان زۆرە.

ئەگەر ئاورێک لە سەر وەزعی ئێستای کوردستان بە گشتی و وەزعی ھێزە سیاسیەکانی کوردستان بەتایبەتی بدەینەوە، ئەم راستیە دەبینین کە ھێزە سیاسیەکانی کورد زۆر پرش و بلاون، لەناوخۆدا تەبا نین، پاش دەیان سال خەبات و قوربانی دان، زۆر بە ئاسانی یەکتر بە خاین و خۆفرۆش نیشان دەدەن، بۆ شکەست دانی یەکتر چیان لە دەست دێ دەیکەن.

  ئایا  لێرەدا ئەرکی ھێزە سیاسییەکانی کوردستانە تەحلیلێکی راست و گونجاو لە سەر وەزعی ئێستای کوردستان، دیالۆگ و ھاوکارییەکی کوردانە لەبەین خۆیاندا دامەزرێنێن  و بۆ ئەوە لە ھەر فرسەت و  روداوێک کەلک وەرگرن، بۆ دامەزراندنی کیانێکی کوردی لە وەلات دا.

مێژو نیشانی داوە ھیچ رێژیمێکی دیکتاتۆر ماندەنی نییە تا ئەبەد.

ھەمومان باش دەزانین نەبوونی ئیرادە و کولتورێکی بە ھێزی میللی زەربە لە یەکرێزی و دەسکەوتەکانی گەل دەدا. تەماشە بکەن پاش سەد سال خەبات و قوربانی دان، باشوری کوردستان لە سالی ١٩٩١ دا ئازاد بوو، ھەلبژاردنی ئازاد کرا و پارلەمانی کوردستان دامەزراو و نیوچە سەربەخۆییەک لەم بەشەدا بە دەست ھاتووە، ئەم وەزعە بوو بە مایەی دڵخۆشی و بەرزبوونی ھەستی نەتەوەیی لە چوار پارچەی کوردستاندا، هەروەها لە رۆژئاواش لە سالی ٢٠١١ دە پێشھات، رێژیمی ئەسەد لە کوردستان نەما رۆژاوای کوردستان ئازاد بوو، ئەمە فرسەتێکی زێرین بوو بۆ کورد.  ئەرکی سەرەکی ھێزە سیاسیەکانی باشوری و رۆژئاوای کوردستان دەبوا خەبات بۆ رزگاری و سەربەخۆیی یەکجاری بویا نەک ململانەی ناو خۆیی ھێزە سیاسیەکان، دەبوایا فەرھەنگ سازی نەتەوەی و گەلیان بۆ ئارمانجی نیھایی ھوشیار و ئامادە کردبایە. ئەرکی حیزبەکانی باکور و رۆژھەلاتیش ھاوکاری و پشتیوانی لە حیزبەکانی باشور و رۆژئاوا بوایا و ئەم دەسکەوتانەی لەم دو بەشەی کوردستان دا ھەن پاراستبا.

بە داخەوە ھێزە سەرەکیەکانی باشور و رۆژئاوا ئەرکی مێژویی و سەرەکی خۆیان لە بیری خۆیان بردۆتەوە. وەھا کاریێکیان کردوە کە گەل لێیان بێزار بووە. پاش سی سال دەبینین بەناو پارلەمەنتەری کورد لە بەغدا پروژە ئامادە دەکەن چۆن جاریێکیتر پەت بکەنە ملی کورد و سەرەکەشی بدەن بە دەستی عەرەب، ھەموو رۆژێک دەبینین لە سەر شاشەی تێلەڤیزیۆن لایەن و کەسانێ بە ناوی سەرۆک کوتلە و بە ناوی سیاسەتمەدار  و رۆشەنفکر تەبلیغی ژەھراوی دەکەن و بێ شەرمانە داوا لە بەغدا دەکەن وەرن ھەموو دەسەاتێک لە دەست حکومەتی ھەرێم بستێنن و خەلک فێر دەکەن چۆن پشت لەم دەسکەوتانە بکەن و خوێنی رۆلەکانی بفرۆشن و دیسان رو لە بەغدا بکەن. پێم سەیرە چ زو لە بیریان چووە بەغدا بە درێژایی مێژو چ بەلایەکی بە سەر کورد و کوردستاندا ھێناوە، چ زوو ئەنفال و کیمیابارانیان لە بیریان چۆتەوە، ئەم بێ ئەقلانە لە خۆیان ناپرسن گەلی کورد یەک دەریا خوێنی لە پێناوی چیدا رشتووە.

بەداخەوە لە رۆژئاوا کور و کچی کورد دەکرێتە قوربانی بۆ دێمۆکراتیزە کردنی سوریە و تورکیە، بۆ دامەزراندنی کۆنفەدرالی لە رۆژھەلاتی ناوین دا. بەداخەوە دیسان خەریکە شەری براکوژی لە سەر خاکی ھەرێمی کوردستان دەست پێدەکا لە ناو پارتی و پ ک ک دا.

ئەگەر گەلی کورد و ھێزە سیاسی و نیشتیمان پەروەرەکانە ئەگەر پێش لەم رەوتە چەوتە نەگرن و بەخۆدا نەچنەوە و باش بیر لەم وەزعە نەکەنەوە زەرەر لە ئارمانجی شەھیدان و گەل و نشتیمان دەدەن. لە بیرمان نەچێ دوژمن و ناحەزانی کورد دەلێن کورد ناتوانێ ئیدارەی خۆی بکا، کەس نالێ کورد ناتوانێ شەر بکا. پێموایە وەختی ئەوە ھاتووە کورد جارێ کلاوی خۆی لە پێش خۆی داینێ و بلێ گەلۆ ئەم وەزعە بەرەو کوێمان دەبا، بۆچی ئێمە یەکتر قەبول ناکەین وە بۆ دەرس لە مێژو  وەرناگرین.

لە دونیادا گەورەترین بەدبەختی ئەوەیە کە تەسلیمی دوژمنی خۆ ت بی.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی