"an independent online kurdish website

“عەلی لاریجانی” سەرۆکی پەرلەمانی ئێران:” 200 میلیۆن یورۆ بە بودجەی دوو مانگی کۆتایی ساڵی “سپای قودس” زیاد کرا.” تەنیا زیاد کراوە و ئەمەش واتە بودجەی ئەو ھێزە خەیاڵییە.

بێجگە لەمەش، فەرماندەی سپای قودس، چەکی سپی واژۆکراوی لەبەردەستە و ھەر کاتێ، ھەرچەندە پارەیان پێویست بێ، ئەتوانن بێ دەرنگ کەوتن، لە لقی ھەر بانکێکی ئێران، رایکێشن.

ھەندێ سەرچاوە پێیان وایە ھێزی قودس زیاتر لە 50.000 کەسی لە خزمەت دایە. ھاتوچوی فەرماندە پلە نزمەکانی ئەو سپایە، زۆر بە نھێنی و بە تەواوی پارێزراوە. ئەوان تەنیا لە وڵاتانی دۆستیانا ھاتوچۆ ئەکەن و ناوێرن بڕۆن وڵاتی نەیار یان دوژمن.

تەنانەت فەرماندە پلە نزمەکانیشیان راستەوخۆ بەشداری عەمەلیات نابن و لە ریزەکانی پشت پشتەوەی بەرەکانی شەڕ و عەمەلیات، یان لە ژوورە نھێنییەکانی پلانداڕشتن ئەمێننەوە و زات ناکەن تەنانەت شوێنی مانەوەشیان ئاشکرا بکەن، چ بگات بەوەی جورئەتی ئەوەیان ھەبێ پێشمەرگانە بڕۆنە مەیدان شەڕە فیشەکەوە.

قاسم سلێمانی کە فەرماندە باڵای ئەو سپایە بوو، لە کاتی سەفەرەکانیا بە تەواوی نھێنیانە و بە سەدان ھێز پارێزراو ھاتوچوی ئەکرد و تەنانەت لە پشتی بەرەکانی شەڕەوە،  لە ئاسمان و زەوییەوە ھەماھەنگی و گارانتی پارێزراو بوونی لە لایەن ھاوپەیمانانیشەوە ئەکرا.

سپای قودس لە دەرەوەی وڵات، بەتایبەت رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتتر لە ناوچەکانی دۆست، رۆڵی وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی ئیتلاعات، وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی دارایی، وەزارەتی بازرگانی، وەزارەتی پەروەردە و… بە تەواوی دەوڵەتی ئێران دەبینی و دەسەڵاتێکی زۆر و زەوەند و ئیمکاناتێکی خەیاڵیی لەبەردەستە.

بەڵام ھەندێ لە رێپۆرتێری مێدیا کوردییەکانی باشووری کوردستان کە عاشق و دڵبراو و کوژراو و مردووی قاسم سلێمانی و ھاکان فیدان و سەرجەم گۆپاڵ بەدەستە بێگانەکانی دیکەن، ئەوانمان وەک فسفس پاڵەوانەکانی ناو شانامە درۆیین و گاڵتەجاڕییەکەی فێردەوسیی ئێرانچی، بە زانیاریی خۆدەرھێنراو، رێسراو، خەیاڵیی ھەڵەوە لێ ئەکەنە خودا و قارەمان و پاڵەوانی ئەفسانەیی و ئۆستورەیی.!

بێ ئاگا لەوەی ئێمەی کوردی چەوساو و خەێرلەخۆ نەدیو، ھەزاران قارەمانمان ھەن و ھەبوون لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە و خەبات و خۆڕاگری و بەرەڤانی ئەم نیشتمانە بندەستەدا کە ھەزاری وەک قاسم سلێمانی و ھاکان فیدان، حەدیان نەبوو ببنە خۆڵی بن پێڵاوە دڕاو و پینەکراوەکانیان.

ئەوان نازانن کە ئەگەر ئەو ھێز و پارە و ئیمکان و چەک و پاڵپشتییە زۆر و زەوەند و زەبەلاحەی لە پشتی قاسم سلێمانی تیرۆریست و ھاوچەشنەکانیەتی، لە بەردەست پێشمەرگە و فەرماندە شەھید و زیندوە بێ نازەکانی کوردا بووبان، قاسم سلێمانییەکان و ئەربابەکانیان ئەبوا کونە مشک بکەنە حەشارگەی خۆیان!

بەڵێ، ھەزاران فەرماندەری پێشمەرگە کە بە خۆیان و کڵاشنیکۆفێک و چوار مەخزەن فیشەکەوە، لمبۆزی گەورەترین ژنڕاڵەکانی بەعسی عێراق و سوپا و ئەرتەشی ئێرانیان دەشکاند و لە خاک و خۆڵی پیرۆزی کوردستان دەخشاند.

شەرم لە خۆم ئەکەم کاتێ پەیامنێر و راپۆرت و ھەواڵداڕێژی تلوێزیۆن، رادیۆ، رۆژنامەکانی ھەرێمی کوردستان ئەبینم، ئەبیسم و ئەخوێنمەوە کە گەمژانە و و نازانانە و سادەمێشکانە “قاسم سلێمانی” تیرۆریستی ترسەنۆک ئەکەنە پاڵەوانی ئەفسانەیی لە میلەتەکەیان. نازانن بەم جۆرە سووکایەتی بە خۆیان، ئێرادەی دوژمن شکێکنیی میلەتەکەیان و نەبەزی و کۆڵنەدەری و لەشکان نەھاتوویی و قارەمانیی راستەقینەی ھەزاران پاڵەوانی فەرمانە و پێشمەرگەیان ئەکەن کە لە مەیدانەکانی شەڕی بەرگری و پاراستنی میلەتە ئەنفال و کیماباران کراوەکەیانا، سەدان ژنڕاڵی فسفس پاڵەوان و ترسەنۆکی وەک قاسم سلێمانییان خۆڵی ژێرپێیان حیساب نەدەکرد!

بەس بیر لە حەماسەی ئەفسانەیی “مامە ریشە” و ١١ پێشمەرگە ھاوڕێیەکەی بە کڵاشنیکۆفە شڕەیەکەوە لە تێکشکاندانی سوپایەکی پڕچەکی زیاتر لە دە ھەزار جاش و جەیشی تا ددان پڕچەک و یازدە ھەلیکۆپترەکەدا بکەنەوە، کە سەرئەنجام سەریش کەوتن و بەو قارەمانەتییە دونیایان سەرسام کرد. دڵنیام لەو پێدا ھەڵگوتنانە بە قاسم سلێمانی ترسەنۆکدا خەجاڵەتباری نەتەوەکەتان  شەھیدانمان، پێشمەرگە و فەرماندەکان، بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدانمان ئەبن و شەرم لە خۆتان ئەکەنەوە. ھەڵبەتە ئەگەر تێبگەن و تۆزقاڵێ دەرک و شعورتان ھەبێ، کە دڵنیا نیم!

ئیدی با بەناو نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە ئێران”نازم دەباغ” بوەستێ کە داغی ئەو داغی سەر داغانە.

لەگەل رێزم بۆ زورینەی گەلی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەری ئەو بەشەی نیشتمانەکەمان.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی