"an independent online kurdish website

رووداو دیجیتاڵ: مانگێک زیاترە چالاکڤان و ژینگەپارێزانی کوڕ و کچی خەڵکی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیردەکرێن.

یەکێک لە دەستگیرکراوەکان عەزیمە ناسرییە کە ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانی ئێران “بەبیانووی گۆڕینی بۆری گازی نێو ماڵ” لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیریان کردووە. کەسێکی نزیکی عەزیمەش بە رووداوی راگەیاند: دوای هەفتەیەک زانیویانە کە بۆکوێ بردراوە و تاوەکو ئێستاش دوو جار پەیوەندی کردووە و گوتویەتی “نیگەرانم مەبن.”

دەستگیرکردنی چالاکڤان و ژینگەپارێزانی رۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە باسێکی گەرمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێستا کەمپەینێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بە تایبەت لە توویتەر بۆ پشتگیرکردن و ئازادکردنی ئەو چالاکڤانانە پێکهێنراوە.

رێبین رەحمانی، دامەزرێنەری تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند “ئێستا ژمارەی دەستگیرکراوانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی مانگی رابردوودا گەیشتووەتە 65 کەس، کە تەنیا دووانیان تاوەکو ئێستا ئازادکراون. بەشێک لە دەستگیرکراوانیش تاوەکو ئێستا نازانرێ لەکوێن.”

“پێنج کچ و ژن لەنێو دەستگیرکراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندان”

دامەزرێنەری تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەبارەی دەستگیرکراوەکان کە تاوەکو ئێستا ناوەکانیان بڵاوکراونەتەوە گەیشتووەتە 65 کەس کە لەنێویاندا 5 کچ و ژن هەن بەناوەکانی:

– دەریا تاڵەبانی خەڵکی مهاباد

– نەسرین محەممەدی، خەڵکی سنە

– رۆژین محەممەدپوور خەڵکی بۆکان

– فەریبا ئەحمەدی خەڵکی بۆکان

– عەزیمە ناسری خەڵکی بۆکان

کەسێکی نزیک لە عەزیمە ناسری لەبارەی چۆنییەتی دەستگیرکردنەکەی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، “کاژێر 09:30 خولەکی بەیانی رۆژی شەممە 20 بەفرانبار (09-01-2021) تەلەفۆنیان بۆ عەزیمە کردووە بە بیانووی ئەوەی کە بۆری گازی ماڵەوەیان خراپ بووە، دوای ئەوەی چوونەتە ماڵەوە کە خۆی و دوو منداڵەکەی [کچێک و کوڕێکی هەیە و کچەکەی لە زانکۆیە و کوڕەکەیشی 10 ساڵە] لە ماڵەوە بوون. پێیان گوتووە کە ئێمە بۆ چاککردنی بۆری گازی ماڵەوە هاتووین، سەرەتا سەیری بۆری گازی خوارەوەی ماڵەکەیان کردووە و دواتر گوتوویانە دەچینە سەرەوە، بەڵام لە بەشی سەرەوەی ماڵەکەیان بە ژوورەکاندا گەڕاون و دواتر داوای مۆبایلەکەیان کردووە و گوتوویانە کە ئێمە ئیتڵاعاتین و دەبێت لەگەڵمان بێت.”

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کەسە نزیکەکەی عەزیمە ئاماژە بەوە دەدات، کە بە کچەکەیان گوتووە دایکت لەگەڵ ئێمە دێت چەند پرسیارێکی لێدەکەین و دوای کاژێر 11:00 دەیگەڕێنینەوە بۆ ماڵەوە. بەڵام “تاوەکو ئێستا عەزیمە لای ئەوان دەستبەسەرە و تەنیا دوو جاریش پەیوەندی کردووە و ئەوەندەی بە هاوژین و منداڵەکانی گوتووە، کە لە ورمێ دەستبەسەرم و نیگەرانم مەبن.”

سەبارەت بەوەی کە بۆچی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە بیناوی “گۆڕینی بۆری گازی ماڵەوە” چوونەتە سەر ماڵی عەزیمە و دەستبەسەریان کردووە؟  دامەزرێنەری تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات “ئەم کارەیان ئەوە نیشان دەدات کە دەیانەوێت دەست بەسەر بەڵگە و مۆبایلی ئەو کەسانەدا بگرن کە گوومانیان لێدەکەن. چونکە ئەگەر لەسەرەتادا خۆیان بناسێن رەنگە بڵێن کەسە مۆبایلەکەی یان ئەوەی هەیەتی بیشارێتەوە یان لەنێوی بدات.” دەشڵێت ” هێزە ئەمنییەکان دەیانەوێت دەسەڵات و هێزی خۆیان زیاتر پیشان بدەن و خەڵکەکە تووشی شۆک بکەن بەم کارانەیان، هەرچەندە ئەوە خۆی شۆکێکە کە بەرامبەر بەو ژنە کراوە لە بۆکان.”

بە بیانووی “کاری بانکی” چالاکڤانێک دەستگیرکراوە

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رێبین رەحمانی ئاماژە بەوە دەدات، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەسانی نزیک لە ماڵباتی یەکێک لە چالاکڤانەکان باسی ئەوەکراوە کە یەکێک لەو کەسانەی لە ماوەی رابردوودا دەستگیرکراوە “لەلایەن بانکێکی ئێرانەوە تەلەفۆنیان بۆ کردووە و گوتویانە کە هەندێک کار هەیە دەبێت قسەی لەسەر بکەین، بەڵام دوای ئەوەی دەچێتە نێو بانکەکە لەوێ قسەی لەگەڵ دەکەن و دواتر دەستگیری دەکەن.”

دەستگیرکردنی چالاکڤانانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەکاتێکدایە، بەپێی راپۆرتی بەلووچ کەمپەین، کە زانیاریی لەبارەی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە سوننەنشینەکانی ئێران بڵاودەکاتەوە لە ماوەی مانگی رابردوودا 15 هاووڵاتی بەلووچی ئێران بە تۆمەتی جیاواز لە سێدارەدراون. ئەمەش ئێستا لەنێو خەڵکدا وەک ناڕەزایەتییەکی زۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسی لێوەدەکرێت. هەرچەندە لە ساڵانی رابردووش دەستگیرکردنی چالاکڤان و ژینگە پارێز هەبووە، بەڵام کاردانەوەی خەڵک لەبەرامبەر ئەو دەستگیرکراوانە ئێستا لە جاران گەرمترە و داوای ئازادکردنیان دەکرێت.

 لە بۆکان چالاکڤانی دیاری کورد مستەفا ئیلخانیزادە دەستگیرکرا.

مستەفا ئیلخانیزادە لە کەسایەتییە ناسراوە کولتوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، کە رۆژی سێشەممەی رابردوو لە شاری بۆکان دەستبەسەرکرا.

مستەفا ئێلخانیزادە، بەرپرسی ناوەندی کولتووری و فێرکاری، ئەدەب و نووسەر، وەرگێڕ و شاعیریشە، دەگوترێت بەبیانووی رێوڕەسمێک بەبۆنەی دووی رێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستانەوە گیراوە.

زۆر کەس گیرانی ئێلخانیزادە، وەک نوسەرێکی میانەڕەو، بە نیشانەی گۆڕانێکی ستراژیک لە روانگەی حکومەتدا دەبینن.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا 78 کەس گیراون، کە شەش کەسیان ئازادبوون. گیراوەکانیش خەڵکی پارێزگاکانی کرماشان، سنە و ورمێن. تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانیش تاوەکو ئێستا دەستگیرکردنی 65  کەسی پشتڕاست کردووەتەوە لەوانە دووانیان ئازادکراون.

شەممە 9ـی کانوونی دووەم 9-01-2021

 ئەسرین محەممەد لە تاران

ئارام یوسفی لە سنە

سوهەیب بادروج  و فەرزاد سامانی لە کەرەج

شەپۆل خزری، دەریا تاڵەبانی، سالار رهووی، سیروان نووری، ئەفشین مام ئەحمەدی، سیروان حسێنزادە و ئیمان عەبدی لە مهاباد.

بەهمەن ئوسفزادە، فەرهاد موساپوور، فەرەیدوون مووساپوور لە رەبەتی ورمێ

عەزیمە ناسری لە بۆکان

دانا سەمەدی، سیروان کەریمزادە، کاروان مینویی، زانیار محتەمەدی و سلمان ئادوایی (ئازادکراوە) لە مەریوان

یەکشەممە 10ـی کانوونی دووەم 10-01-2021

جەبار پیرۆزی لە مەریوان

دووشەممە 11ـی کانوونی دووەم 11-01-2021

حسێن گردشی لە بۆکان

فرامرز محەممەدی لە تاران

سێشەممە 12ـی کانوونی دووەم 12-01-2021

عادل پەروازە و شیرۆکۆ پائاهاو لە مەریوان

سیماک ئادوایی و ئەکرەم ئادوایی لە سەوڵاوا لە رێگەی نێوان مەریوان – سنە

پێنجشەممە 14ـی 14-01-2021

سۆران محەممەدی لە مهاباد

شەممە 16ـی کانوونی دووەم 16-01-2021

ئەمیر بایزیدی لە مهاباد

دووشەممە 18ـی کانوونی دووەم 18-01-2021

فەردین ئادوایی لە سەوڵاوا لە رێگەی نێوان مەریوان – سنە

فردین ادوایی در سروآباد

سێشەممە 19ـی کانوونی دووەم 19-01-2021

فریا ئەحمەدی، رۆژین محەممەدپوور، فوئاد محەممەدپوور، سەردار محەممەدپوور، سیروان محەممەدپوور، هێرش رەسوولپوور، محەممەد حاجی رەسوولپوور، حامد رەسوولپوور، ئەیوب رەسوولپوور، حسین رەسوولپوور، ئیدریس رەسوولپوور، سەلاح حاجی رەسوولپوور، عەلی زولفی، محێدین شامە و حسێن میهرەبانی لە بۆکان.

پشتیوان نەبیزرگتن، کەریم خەلیفانی، سەلام خەلیفانی، حیسامەدین خزری، رەحمان ئیبراهیمی و رەسوول لاوازە لە پیرانشار.

دیاکۆ زەردەشتی، تالب ریحانی و رەشید ریحانی لە نە‌غەدە.

رشید ئەحمەدی، محەممەدەمین ئەحمەدی، رەزا زەندی، فەرهاد زەندی و محەممەد زەندی لە بۆکان.

چوارشەممە 20ـی کانوونی دووەم 20-01-2021

قادر رەسوولپوور لە بۆکان

پێنجشەممە 21ـی کانوونی دووەم 21-01-2021

عەتا رەحمانزادە لە سەقز (ئازادکراوە)

شەممە 23ـی کانوونی دووەم 23-01-2021

سیروان ئەمینی لە سنە

ئەفشین ئیلاهی لە سەقز

یەکشەممە 24ـی کانوونی دووەم 24-01-2021

بابک بابایی لە سەقز

جەمیل ئەحمەدی لە سنە

سەرچاوە: راوچی حەسەن،  روداو

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی